بۆ یەکێتی و سەرکردایەتی توشبونی سکرتێرەکەی جەنابی تاڵەبانی بە جەڵتەی مێشک ئەگەرێکی خۆبۆئامادەکراو نەبو .
دیارنەمانی سەرکردەیەکی کاریزمایی لە سەر گۆڕەپانی سیاسی و دیپلۆماسی لە لایەک بۆشاییەکی گەورەی فرەڕەهەندی لە ناو خودی حیزبە پێشەنگەکەیدا دروستکرد، یەکێتیەکان بەر موچرکێکی ستاتیکی کەوتن.بەدیوەکەیتردا دیارنەمانی ئەم سەرکردە بوێر و دەستکراوەیە لە گۆڕەپانەکە، دەرگای لە بەردەم ئەو دەست و دەمانەدا ئاواڵە کرد کە پێشتر جوڵە و گەڕانیان لە لایەن تاڵەبانیەوە سنوردارکرابو، تا بە ئارەزوی خۆیان بای باڵایان بدەن و ئەسپی دەسەڵاتەکانیان هەم لە ناو سەرکردایەتی و هەم لەو شوێنانەش کە پێشتر بە هەوادارانی خۆیانیان تەنیبو تاوبدەن، ئیتر فڕکان فڕکانی باڵەکان دۆخی نهێنیان شکاند، یەک وتاری خستە بەر ڕەشەبای فرە وتاری، تۆوی دوودڵی و بێمتمانەییان لە ناخی یەکێتیەکاندا چاند، هەر کەسە و کەوتە حەلوەلای ئەوەی چۆن خەرمانی دەنگی کوتلەکەی بەرزبکاتەوە، بەرژەوەندیە باڵاکانی حیزب ژێر باری قورسی بەرژەوەندیە تایبەتەکان خران، پێگەی حیزبی و دەسەڵاتەکان خرانە خزمەتی هەڵاوسانی گیرفانە کونەکان، ئەمانە جیا لە ماڵوێرانی بۆ یەکێتی و سەرگەردانی بۆ یەکێتیە ساغڵەمەکان هیچیتری لێ بەرهەم نەهات و نایات.ئەو یەکێتیەی کە لە دوێنێیدا بوبو بە تای تەرازوی هێز، مەخابن بەهۆی ئەم فرەکوێخاییەی نێو کەسە سیاسیە باڵادەستەکانەوە، باڵانس و کێرڤی قورسایی حیزبەکەمان بۆ ئەم ئاستەی داکشان دابەزێنرا کە هەرگێز لە ئاستی خواستی یەکێتیەکان و ئەو خەبات وقوربانیە بێشومارەی یەکێتی نەبون .
بومەلەرزەکەی ١٨/١٢ / ٢٠١٢ کە بەرماڵی یەکێتی کەوت و هەژانی، شەبەق و درزی گەورەی تێکرد، ڕەنگە بەم دۆخەی ئێستایەوە و بەم نزیکانە، هیچ فریادڕەسێ نەتوانێ بە عەسای سیحری ئەو درزە گەورانە ساڕێژ بکات، چونکە ململانێ تۆخەکان بە ئاستێک گەێنراون کە ئەوەی توانەیەکیشی بەبەرەوە هەبێ ئەوا مقەسی ئەم ڕقەبەرایەتیە باڵی ئەوانەشی قرتاندوە !
ناکرێ دیار نەمانی مام جەلال چ وەک سەرۆک کۆماری عێراق و چ وەک سکرتێری گشتی ی.ن.ک بەهەند وەرنەگیرێت و حیسابی ورد بۆ کاریگەریەکانی لە سەر ڕێڕەوی کۆی پرسە سیاسی و دیبلۆماسیە ناوخۆیی و دەرەکیە ئیقلیمی و جیهانیەکان و پرۆسەکانی ئاشتەوایی و پێکهێنانی حکومەت وگەڕانەوەی ناوچەدابڕێراوەکان و کێشە و قەیرانەکانی هەرێم نەکرێت .
یەکێتی لە کاتێکدا ڕۆژ بەڕۆژ لە کاتی بەستنی کۆنگرە نزیک دەبێتەوە، کەچی بەپێچەوانەوە، جەمسەرەکانی ناو سەرکردایەتی بەردەوام سەرقاڵی ململانێ و دورکەوتنەوەن لە گەیشتن بە بڕیارێکی دلخۆشکەر بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە .
لە ئێستادا وەک هەنگاوی یەکەمی چاکسازی و نوێبونەوە، دەست بە جێگۆڕکێپێکردنی ژمارەیەک لە سەربازانی داماوی شەترنجەکە لە هەندێ لە ئۆرگانە سادەکانی حیزبدا کراوە، ئەمەش لە ڕواڵەت و بنەڕەتدا خزمەت بەو ئاراستەیە ناکات، ئەمەی بەسەر یەکێتیدا هێنرا لە سەر دەستی جەنابی وەزیر و ئەسپ و فیل و قەڵاکان بوو نەک سەربازەکان، دانانی ژمارەیەک لیژنەی باڵا ( لە پیاوان ) بۆ ئامادەکاری بۆ کۆنگرە و دانوسانی پێکهێنانی کابینەی هەشتەم، بەدەرلە پراکتیزەکردنی سیستەمێکی سەقەت کە بەهۆیەوە ڕێگری لە ڕۆڵبینینی ژنان دەکات، هیچ لێکدانەوەیتر هەڵناگرێت، هەمو کاتێکیش بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم ڕاستیە، پەنا دەبرێتە بەر دانانی چەند ژنێکی کەم لە چەند لیژنەیەکی دەست کەروێشکیدا .
ئەبێ وابێ ؟؟؟ مشتومڕ و کێشمەکێشە ئاشکرا و نهێنیەکانی نێو سەرکردایەتی
ئاماژەن بن بەوەی بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی خوازیاربن دەستاودەستکردنی پۆستەکانیان بە هەندێ مەرجەوە ببەستنەوە کە ڕەنگە ئەوەش بەسودی ئایندەی یەکێتی نەشکێنەوە .
من وتەیەکی بەڕێز مام جەلال بیری ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بەڕێز و سەرکردایەتیەکەی دەهێنمەوە کە بەڕێزیان لە کۆبونەوەیدا لە گەڵ بەرپرسی کۆمیتەکان و نوێنەرانی ی.ن.ک لە دەرەوەی وڵات لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لە سەرەتای ٢٠٠٠ دا بەڕێوەچو، کە جگە لە ژمارەیەک کادیران، خۆشبەختانە دوو لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان حزوریان بوو لە ژیاندان کە بریتی بون لە جەنابی کاک کۆسرەت ڕەسوڵ و جەنابی کاک دکتۆر فواد مەعسوم، لەوێدا لە زاری جەنابیانەوە کە باسی کاک کۆسرەتی کرد، وتی ( ئەم کۆسرەتە خۆی بە ئازایەتی خۆی گەیشتۆتە ئەم ئاست و پلەیە، کەس خێری پێنەکردوە ) ئەمە دەکرێت لەمڕۆدا بۆ هێنانەپێشەوەی کەسەکان سودی لێوەربگیرێت، ئەمە هێمایە بۆ ئەوەی یەکێتی نابێت خێر بە کەس بکات بۆ هێنانە پێشەوەیان بۆ ژوری بڕیارەکان، بەڵکو دەبێت کەسەکان خۆیان خۆیان بهێننە پێشەوە، ئەمەش بەومانایە نا کە ڕێگری لە هێناپێشەوەی گەنجان بکرێت، بەڵام گەنجان بۆ ئەوەی زوو تێکنەشکێن و سەرکەوتوبن دەبێت خۆیان بە پلە پلەی پەیژەکەدا سەربکەون و چاو نەبڕنە دەستی خێری هیچ کەسێک تا خێریان پێ بکرێت .
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
