شکەست سەرەتایەک بۆ بەخۆداچونەوە ... مەهدی خالید خەمبار - بەشی ( ١ )

گومان لەوەدا نیە کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەڕلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆی و بەم شێوەیەی کە بەڕێوە چو ( بەدەر لە شەڕە پەڕۆی بێ ئاڵای کوردستان !! ) ناکرێ نادیدە بگیرێت و بە دەستکەوتێکی میژویی و سیاسی گەورە بۆ گەلی کورد و هەرێمی کوردستان هەژمار نەکرێت، لەمساڵدا پانتایی ئازادی دەربڕین و شێوەی پیادەکردنی دیمکراسی بە بەراورد بە خولەکانی پێشوتر، هەر لە دەسپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە تا چونی دەنگدەران بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان و هەزمکردنی ئەنجامەکانی بە ڕوحێکی وەرزشی شارستانیانە لە لایەن لایەنە سیاسیەکانەوە وە بە تایبەتی ( سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ) وە بە هەنگاوێکی ئەرێنیانەی گەورە و دڵخۆشکەر بەرەو چەسپاندنی دیمکراسی و قبوڵکردنی یەکتری و دورکەوتنەوە لە زمانی زبر و پەنابردن بۆ کارتەکانی توندوتیژی و خۆچەسپاندن و ناشرینکردنی سیمای نەتەوەکەمان و ئەزمونە نیمچە سەربەخۆکەی ( بەومانایەش نا کە بوترێ پرۆسەیەکی ١٠٠% بێگەرد و تەندروست بوە ) بەڵام ڕەنگە چاوەڕوانی کاردانەوەی زۆر مەترسیدار کرابێت لە لایەن پارتە دەسەڵاتدارەکانەوە لە کاتی ڕوبەڕوبونەوەیان لە گەڵ شکست و دۆڕاندا .

ئەنجامە بەراییەکانی ئەمڕۆ و فەرمیەکانی سبەیی خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان کە لە ڕۆژی ٢١ / ٩ / ٢٠١٣ بەڕێوەچو بۆ هەر یەک لە لایەنێکی بەشداربوی نێو کێبڕکێی گرتنە دەستی دەسەڵات پەیامێکی تایبەت بوو، لەوانەش( یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیمکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنە ئیسلامیەکان ) وەک ڕکەبەرە سەرەکیەکان کە لە نێوئەم ململانێ سیاسیە گەرمو گوڕەدا دەبینران، بۆ سەرکەوتوەکان پەیامی شادی و خۆشی و بۆ ئەوانەشی کە دۆڕان و توشی شکستخواردن هاتن پەیامێکی تا بڵێ تاڵ و تفت بو .

لێرەدا مەبەستی سەرەکیم یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیە وەک یەکێک لە دوو کۆڵەکە سەرەکیەکەی دەسەڵاتی چەند ساڵی ڕابردو، کە لەم هەڵبژاردنەدا ڕوبەڕوی شکستێکی گەورەی سیاسی و ئیداری بەرچاو بوەوە و بەمەش یەکێتی و یەکێتیەکانی توشی جۆرێک لە ڕاچڵەکین کرد .

ڕەنگە ئەمەی کە ڕویدا، شتێکی چاوەڕوانکراو بوبێت بە تایبەت بە لای خودی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئەم حیزبەوە ( چونکە خۆیان بەدگومان نەبون لەوەی کە چیان چاندوە و بۆیە ناکرێ نەزانن چی دەدورنەوە ! )

کۆمەڵێک فاکتەر و لەوێشدا هەندێ فاکتەری سەرەکی هەن کە بە دوری نابینم پێشوەختە پێشبینیکردنی ئەم شکستخواردنەی ( یەکێتی ) لە سەر هەڵچنرابێت، لەوانە پەتای گەندەڵی و تێوەگلانی کەسانێکی زۆر لە بەرپرسە حیزبی و حکومیەکان بە گەندەڵی و گەندەڵکاری و بەکارهێنانی یەکێتی لە خزمەتکردنی بەرژەوەندە تایبەتەکان، بونی تەکەتولاتی بەهێز و دەستەگەری، قایل بون بە داماڵینی کەرکوک و کەرکوکیەکان لە هەرێمی کوردستان، توشبونی مام جەلال سکرتێری گشتی بە جەڵتەی مێشک و ونبونی ئەم لە گۆڕەپانی سیاسەتی یەکێتی، لە غیابی تاڵەبانیدا، سەرکردایەتی یەکێتی پاشگەز بوەوە لە ڕێکەوتننامەی لوتکەیی دەباشان، بردنە پێشەوەی کەسە نزیک و خزمەکان بە بێ گوێدانە تواناو و شیاوی و کارایی کەسەکە، پاڵاوتنی کاندیدەکانی یەکێتی لە سەر کۆمەڵێک بنەما و بنچینەی ناشارستانی خزم خزمێنە و ناوچەگەری و باڵ باڵێنە، کە خەڵکانێکی زۆری توڕەکرد، بایەخ نەدان بە هەندێ ناوچە بە تایبەت لە ڕوی ڕوماڵکردنی هەواڵ و چالاکیەکانیانەوە لە لایەن میدیاکانی یەکێتیەوە و زۆر خاڵی تر لە داهاتودا بە درێژی تیشکیان دەخەمە سەر . چاوەڕوان بن !!

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر