دوێنێ شەڕی ناخویی لە ڕۆژئاوا و ئەمڕۆ لە پەڕلەمانی کوردستان ... مەهدی خالید خەمبار

 نەیاران و دوژمنانی کورد بە بێ جیاوازی هەم لە عێراق و هەمیش لە تورکیا و ئیران و سوریا ئەوەندەیان بۆیان کرابێت لە گرتنە بەری دڕندانەترین شێوازی قڕکردن سڵیان نەکردۆتەوە، ڕۆڵی ئەو کوردانەی کە ( بونە و دەبنە کەواسوری بەرلەشکری داگیرکەران ) لە سەرکوتکردنی شۆڕش و شۆڕشگێڕاندا نادیدە بگیرێت . ئەم شەڕی ناوبردنەش هێشتا ناتوانێت تینوێتی نەیاران بشکێنێت بۆیە هەردەم ویستویانە تۆوی دوبەرەکییش لە نێوان لایەنە سیاسیەکاندا بچێنن و ئەوەش وای کردوە کە گەلەکەمان ببێت بە خاوەنی میژویەکی تاڵ و ئەزمونێکی خوێناوی لە یەکتر کوژیدا، بە هەزاران هەزار خوێنی ڕۆڵە جوامێرەکانی کراوەتە باراشی ئەم ئاشی یەکتر کوژیە .

چەند ڕۆژێکە شەڕێکی براکوژە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردوە و ژمارەیەک لە ڕۆڵەکانی ئەم گەلەمانی کردۆتە قوربانی، شەڕێک لەم کاتە هەستیارەدا، کە گەلەکەمان زۆر بە تاسەوە لە چاوەڕوانی دامەزراندنی کیانێکی نەتەوەیی سەربەخۆ دان، بەڵام بە داخەوە بە فیت و هاندان و پشتیوانی لایەنێک یان دەستێکی دەرەکی لە گروپ و حیزبێک دژ بە حیزبێکی تر ئەوەتا خەریکە ئەم ئاگرە تەشەنە دەکات . کورد بەدبەختیەکەی لەوەدایە کە کاتێ دەستی چوە خۆی، ئاوا بە ئاسانی کەف و کوڵی یەکتر کوشتنی نانیشێتەوە و وەک ئاگری ژێر کا هەر جارە لە شوێنێکەوە دەگەشێتەوە، بەڵام لە ئاشت بونەوەدا زۆر چیڕین . داوام لە هەموو لایەنە تێکۆشەرەکانی ڕۆژئاوای وڵات و ڕێکخراوە و کەسایەتیەکان ئەوەیە بەر بەم شەڕە ماڵوێرانکەر و پاشەڕۆژ بە هەدەر کەرە بگرن، ئەزمونە تاڵەکانی شەڕی برا کوژی پارچەکانی تری نیشتیمان و بە تایبەتی کوردستانی باشور بهێننە بەرچاو .

قسەم لە سەر ئەوە نیە کە ئاخۆ هەق بە کام لایە ؟ ئایە ئەمەم بۆ پشتیوانیە لەو دوو بڕیارەی کە پەڕلەمان بە پەلەپزورکێ و ڕاکەڕاک چواندی، نەخێر، بەڵام من لە ڕوی ئەداوە تێبینیم لە سەر ئەو پەرچە کردارەی نێو هۆڵی پەڕلەمانی کوردستان هەیە، بە بڕوای من کارێکی ناشایستە و ناشارستانی بوو کە نەدەبو فراکسیۆنی گۆڕان لە ڕێگەی بەڕێز پەڕلەمەنتار ( عەبدوڵای مەلانوری ) وە بیری لەم شێوە هەڵوێستە بکردایەتەوە و ئەم پشێویەی بنایەتەوە و ڕەنگە بەمە کارتەکان تێکەڵ کران، دواتریش بردنە ژورەوەی ( فیتە، صافرە، فیقە، فیتفیتە ) بۆ نێو پەڕلەمان بەو شێوە نایاساییەی کە بینیمان ئەوەندەیتر شتەکانی ئاڵۆزتر کرد و وای کرد کەس ئاگای لە بڕیارەکان نەمێنێ و زوومی کامیراکانیش کەوتنە سەر ( شەڕە بۆکس ) !

پەڕلەمەنتار مادام کە نوێنەرایەتی خەڵکانێک دەکات، دەبێت هەمیشە نە وەک خود بجوڵێتەوە و نە وەک خۆدیش بڕیار بدات و پێویستیشە هەمیشە پشودرێژ بێت و زوش هەڵنەچێت و دەبێت لە ئەرک و مافەکانی شارەزا بێت ! ئەوەی ئەمڕۆ بەڕێز کاک عەبدوڵا نواندی، جیا لە هەڵچونێکی هەرزەکارانەی دور لە پێناسی پەڕەلەمەنتاری سەرکەوتو بەولاوە پێناسەی تر هەڵ ناگرێتو پێشم وایە مەبەستی یەکەمی لەم ڕەفتارە، دەرخستنی خۆی وەک کەسێک،  دوەمیش فراوانکردنی ئەو پێگەیەی کە هەیەتی تا لە ڕێگەی ئەزمونی لاساییکردنەوەی خەڵکانێک لە نەتەوەکانی تر بیەوێت پێی بگات، کە بەڕای من نابێت کاک عەبدوڵا هەوڵی ئەم جۆرە لاسایی کردنەوانە بدات چونکە زەرەر لە کەسایەتی خۆی دەدات .

هیوادارم، ئەوەی ئەمڕۆ لە ناو پەڕلەماندا ڕوی دا، پەل نەهاوێت بۆ دەرەو و نەبێتە فاکتەری خوڵقانی کەشوهەوایەکی بارگرژاوی لە شەقامدا، چونکە ئێستاش بە هۆی قوڵی و سارێژنەبونی زامەکانەوە ئەگەری کولانەوەیان بە بەرکەوتنێکی کەم هەیە، دەستە دەرەکیەکان بەردەوامن لە هەناردەکردنی شەڕانگێزی و گروپە ئاژاوەگێڕ و توندڕەوەکان بۆ هەرێمی کوردستان، بەردەوامن لە ڕەخساندنی زەمینە بۆ تێکدانی ئاشتی و هێمنی لە باشوری وڵاتەکەمان، بازرگانانی شەڕێش لە ناوەوەی هەرێم چاویان بڕێوەتە ئەو ساتە وەختەی کە یەکەم گولەی ( سەعاتی سفر ) دەتەقێنرێت !

 وتارەکەی مەکتەبی سیاسی ی. ن. ک یش کۆمەڵێک نهێنی درکاند و هەمو کەس بە ئاسانی لێان تێ دەگەن،  بۆیە لە سەر هەموو لا پێویستە لە هۆڵی بەرژەوەندیە گشتیکاندا بین و پیرۆزیەکان نەکەینە قوربانی بەرژەوەندیە تاک و حیزبیەکان، هەم کورد و هەم کوردستانیش بە بەریانەوە نەماوە بەرگەی ئەوە بگرن کە ئەمڕۆ لە وڵاتانی میسر و سوریا و لوبنان و لە باشور و ناوەڕاستی عێرقدا ڕودەدەن .

ئاراستەیەکی ناتەندروست و نالۆجیکە کە ئەگەر هەر کام لە ئۆپۆزیسیۆن و حیزبانی فەرمانڕەوا بیانەوێت هێڵی چەپ و ڕاست بە سەر یەکتردا بهێنن و کار لە سەر سڕینەوەی یەکتر بکەن، بەڵکو دەبێت هەردولا هەم گوێ بۆ یەکتر بگرن و هەم بەرژەوەندی باڵای میللەت و نیشتیمان لەبەرچاو بگرن و هەمیش هەردولایان بە گرینگیەوە گوێ بۆ داوا و داخوازیەکانی شەقام شل بکەن .


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.