گوێی شەیتان کەڕ بێت ! ... مەهدی خالید خەمبار

بیرمە داپیرە ودایکانمان ڕۆژانە، چەندین جار لێیانەوە گوێبیستی ( گوێی شەیتان کەڕ بێت ) دەبوین، ئەم دەستەواژەیە لەو کاتەدا بەکار دەهات کە خەونێکی ناخۆش و نائومێد بەخش یان هەندێ خەونی تر( بەمە وا هەستیان دەکرد شەیتان قوڕقۆشمی دەکرایە گوێ ) .

لەم ئان و ساتەشدا ئێمەش دەڵێین ( گوێی شەیتان کەڕ بێت نەبا گوێی لەم داخورپانەی دڵمان بێت ) ! لەم مەملەکەتە پڕ خێر و بێرەی ئێمەدا، سەرباری هەمو شتێک، ئەمڕۆ بە پێچەوانەی خواست و ئاواتی خەڵکی کوردستان، بە پێچەوانەی ئەرکە نیشتیمانی و نەتەوەیی و ئەخلاقیەکانی سەرشانی باڵادەستانی مەملەکەت و ئەگەرە چاوەڕوانکراوە ئەرێنیەکان، ئەوەتا ( بایەکە خەریکە لەو لایەوە هەڵدەکات کە کەشتی بە کەناری ئارام گەیاندنی گەلەکەمان نایخوازێ تا وەکو کەشتیەکەی نوح لە سەر چیای جودی بگیرسێتەوە) ! . بەڵکو گوێبیستی زەنگێکی مەترسیدارین !

ماوەیەکە و لەو کاتەوەی کە ( ڕێکەوتننامەی ستراتیجی ) یەکێتی و پارتی کردۆتە دوو جمکانە، هەر کات باس لە هەر جورە دورکەوتنەوەیەکی بچوکی ئەم دوو جمکانەیە بکرێ، توشی ڕاچڵەکین و دڵەکوتکێ دەبم ( هەرچەندە ناشوکری نەبێ ڕەنگە منیش و زۆر زۆری تریش جیا لە هەندێ شتی زارەکی بەولاوە،  هیچیتی تری لێ نەزانین ) هەر بۆیە کە دورکەوتنەوەیەک بێتە ئاراوە ئەوا دەستمان لە سەر دڵمان دادەنەینەوە، چونکە لەو کاتە ( بۆنی خوێن ) دەکەین، بۆنی مالوێرانی و لەدەستدانی چارەنوسی نەتەوەیەک دەکەین ! لە مێژوماندا زۆر مۆرنامە و ڕێکەوتنن کاڵ کراونەتەوە و سوتێنراون . هەرچەندە لە سیاسەتدا زۆر جار ئەم شێوازە بۆ ( دیزە بە دەرخۆنەکردن،  نیشاندانی بازو،  کارتی فیشار ) لە بەرامبەر ڕکابەردا بەکار هێنراون .

ئەمڕۆ ٢٦ / ٥ لە هەولێری پایتەخت پارتی یادی ٣٧ ساڵەی هەڵگیرسانی شوڕشی گوڵانی حیزبەکەی کردەوە، جێی ئاماژەیە، ڕێکخەرانی ئاهەنگ نەدەبوو گۆشەگیرانە کاریان بکردبایە، هەرچەندە ئەوە حیزب مافی خۆیەتی چۆن یادی خۆی دەکاتەوە و کێ بانگهێشت دەکات، بەڵام لە بەر پیرۆزی و گەورەیی ( ئاڵای کوردستان ) دەبوو لە گەڵ دابەشکردنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاڵای پارتیدا کە پێم وایە زیاتر مەبەست ( زەرداندنی ) بۆنەکە و پەیامەکە بوو، دەبو ( ئاڵای کوردستانیش لە هاوشانیدا دابەش بکرابایە ) تا بوار لە بەردەم ڕەخنەی بابایەکی وەکو منی کۆڵەوار نەمابایەوە، نەبونی ( ئەندامانی باڵای سەرکردایەتی خۆدی پارتی و میوان و نوێنەری لایەنە سیاسیەکان و بیانیەکان ) ڕەنگە بۆ زۆرینە جێگای پرسیار بن !؟ ئەم زەرداندنە، ئەگەر سبەی لە یادی ٣٨ ساڵەی دامەزراندنی حیزبەکەی خۆشمدا ( سەوزاندنێکی بێ ئاڵای کوردستان ) ببینم، ئەوا هەمان ئەم هەڵوێستەم دەبێت .

بەر لە خوێندنەوەی ووتارەکە لە لایەن بەڕێزیانەوە، بینینی ئاگاداریەکە زۆر پێشبینی گەشی ئەرێنی لام گەڵاڵە کرد، پێشبینی دانانی پلانی زیاتر ڕیکخستنەوەی ناوماڵی کوردی، پێشبینی چارەسەری ئەو گرێکوێرانە کە خەریکن دەبن بە کێشە و قەیران لە کوردستان و زۆر شتی ئەرێنی تر !

بەڵام ( گوێی شەیتان کەڕ بێت )، سەرەتای دەرکەوتی سەرۆکی پارتی دیمکراتی کوردستان، لە سەر سەحنە، ماندوبون و بێزاری و توڕەییەک بە سیمایەوە بەدیدەکرا ! لە کاتی خوێندنەوەی ووتارەکەدا ئەمانە زیاتر بەرجەستە بون، ئەوەی بیستمان دەقاو دەق پێچەوانەی پێشبینیەکانی من بون، عەرەب دەڵێت ( العکس صحیح، پێچەوانەکە ڕاستە ) زۆر لەو بابەتانەی کە ئاماژەی پێدان و کردیە وەڵامێکی ( مطلق ) بۆ لایەنەکانی تر، دەشیا ( حەکیمانە تر و وردبینانە تر ) خاڵی بخستایەتە سەر پیتی چارەسەرەکانیان و بە ( نەفەسێکی درێژتر و بەرپرسیاریەتێکی گەورەترەوە ) بەرخوردی بکردبایە، ئەو ئەگەر خۆی لە بەرگی ( سەرۆکی حیزب ) دابماڵیبایە و وەک سەرۆکی هەرێم لە تەک کێشەکاندا مامەڵەی بکردبایە، ئەوا ئەم هەڵا و ئاڵۆزیەی بە دوای خۆدا نەدەهینا و ئایندە و چارەنوسی گەلەکەشمان بەم ئاراستە نەخوازراوە نەدەڕۆیشت .

mehdi. mm@wmail. fi

 

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر