سەرۆكەكان باوكی هەندێكمانن ، نەك هەموومان ...ئامانج ناجی نەقشبەندی
دوابەدوای ئەو كارە سەرنج ڕاكێشەی كە بەڕێز (لێوژە جلال ) بێژەرو راگەیاندكاری كەناڵی كوردسات ئەنجامیداو تیایدا سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بە(باوكمان) وەسف كردبوو، لەزۆرێك لە ئۆرگانە فەرمیو نیمچە فەرمیەكانی یەكێتی نیشیمانیی كوردستان و بەتایبەت لە هەندێك لاپەرەی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكی هەوادارانی ئەم حزبەوە ڕووبەڕووی رەخنەیەكی زۆر بۆوە ...تاوەكو لە هەڵوێستێكی جوامێرانەدا وەك پشتگیریەك بۆ بۆچوونی ئەو هاوكارە بەڕێزەی، راگەیانكاری ناسراو (بەهێز حسین) لە لاپەڕەی تایبەتی فەیسبووكی خۆیدا ووتارێكی بڵاوكردەوە بەناونیشانی (بەڵی مسعود بارزانی باوكمانە) كە بەداخەوە ئەمیش كۆمەڵێك ڕەخنەی تووندی لێگیرا ...كاك بەهێز لە بەشێكی ووتارەكەیدا دەڵێت (لەهەموو وڵاتێكدا پادشاو سەرۆك هەروەك باوك ناودەبرێن) كە بەش بەحاڵی خۆم هاوڕام لەگەڵیدا چ سەبارەت بە هەڵوێستی بەرامبەر (لێوژەخانی)هاوكاری چ سەبارەت بە رۆڵی باوك بینینی پادشاو سەرۆكەكان ..
سەرۆكی هەرێمی كوردستان نزیكەی 70%ی هاوڵاتیان متمانەی خۆیان پێ بەخشیوە جا پێمان خۆشبێت یان نا ئەمە بابەتێكی دیكەیە ...دواتر چی ؟ وشە بەناوبانگەكەی زمانی كوردی دێتە پێش كە ئەویش (بەڵام) ە ..هەربۆیە پێویستە بڵێم كاك بەهێز دەست خۆش بۆ هەڵوێستت، بـــەڵام وەكو خۆشت ئاماژەت پێكردووە كە دەبێت سەرۆك (ئەركی باوكێتی میللەتیش بگێڕێت ) كە عەرەب واتەنی (تلك هی المشكلە) كە دەكرێت ئێمە لەخۆمان بپرسین ئاخۆ سەرۆكەكانی ئێمە ئەو ئەركەیان گێڕاوە بەرامبەر بەكوڕەكانیان(هاوڵاتیان) لە هەرێمو وڵاتدا ؟!!ئاخۆ دادپەروەی بنەمای ئەم سەرۆكایەتیەیە ؟ ئاخۆ سەرۆكەكان بەیەك چاو تەماشای هەموو كچو كورەكانیان دەكەن ؟ بێگومان نا ...
كوڕو كچی ئەم نیشتیمانە كاتێك سەرۆكەكان بەباوك دەزانن كە ئەوانیش بتوانن وەك ئەندامانی خانەوادەی سەرۆكەكان خۆیان لە ئەوروپا و ئەمریكا بخوێنن، نەك لەسایەی سیستمی سویدیدا دیوار بەسەریاندا بڕوخێت، بەرهەڵستكارەكانی حكومەتیش (مەبەستم ئۆپۆزسیۆنە پەپێی وەسفی قاموسی سیاسی ئەمرۆی كوردستان) تیمساح ئاسا فرمێسكیان بۆ بڕێژنو لە پێناوی هێنانەدی سوودێكی سیاسی كاتیی، یاخود ئافەرینێكی جەماوەرەكەیان بیكەنە تەپڵ لێدان)...كوڕی هەژارێكی بناری قەندیل بۆمبی تۆرانیەكان وەك باران بەسەریدا ببارێت ...كوڕی سەرۆكەكان بۆ سەرفكردنی پارەی میللەت بۆ گەشت وگوزار ڕوو دەكەنە ئەستەنبول وئەنكەرە ...كچ وكوڕی چاوگەشی بابەگوڕگوڕ بەبۆمبی هاوردەی ئوسامەو ئەبو قەتادەكانی كەنداو ڕۆژانە خەڵتانی خوێن بكرێن لە كەركوك، كوڕانی سەرۆكەكان تەنها بۆ تەوەنوس، نانی بەیانی لە بورج لعەرەب لە دوبەی بخۆن بۆ نانی نیوەڕۆ سەردانی ئەبو زەبی بكەن و بۆ نان وخوان وحەوانەوەی شەو ڕێبكەون بۆ دەوحەكەی كەناڵی ئەلجەزیرە ...ببورن دەوحەی قەتەر، سەدان كچ وكوڕی ئەم شارەشم تاكو ئیستا نەتوانن تەنها بۆ گەشتێك بەدیداری دهۆكی دەلال شاد بن، منداڵە چاوگەشەكانی خانەقینەكەی كوردان نەتوانن تینوێتیان بەئاوی ئەڵوەن بشكێنن لەبەر ئەوەی ئێرانیان بەنداو بۆ خۆیان دروست دەكەن لەودیو سنوور، سەرۆكەكانی باوكیان بانگهێشتی كۆمپانیاكانی دوژمنانی سنووری رۆژهەڵات دەكەن بۆ وەگەرخستنی سەرمایەكانیان لە كوردستاندا، كوڕی شەهیدێكی سەنگەر، یاخود كچە هەژارێك نە خانویەك نەشوقەیەك ..تەنانەت سەقفێك شك نەبات لەبەفرو سەرمای زستان و گەرمای هاوین بیانپارێزێت ...كوڕانی ڕاستەقینەی باوكە سەركردەكان لە تەلاری هەزار دۆنمیدا جێگەیان نەبێتەوە، كوڕانی چارە ڕەشی شارەكە رۆژانە بەقامچی كامێرای چاودێری هاتووچۆ فەلاقە بكرێن بەڵام سەرانی حوكمەتەكەی سەرۆكەكان بەجامی ڕەش و بە ماشێنی ئاخر مۆدێلی دوو جۆر ژمارە بەشارەكەدا گەشت بكەن .كوڕە نازدارەكانی حزب بەپارەی میللەت بەسەیارەی جاگوار و فیراری وئەستون مارتن شەقامەكان جەنجاڵ دەكەن، هەژارانی ئەم هەرێمەش بۆ بژێوی تەنها ماتۆڕێكی سێ تایی شك دەبەن .سەرۆكەكانمان شایەرو گۆرانی بێژی عەرەب وعەجەم نەما پێشوازی لێنەكەن، بەڵام كام دایكە شەهیدی جەرگ سووتاوت رۆژێك بینی سەركردەكانمان تەقە بدەن لە دەرگایان، شوێنو پێگەو پلەو پایەی هەستیاری ئەم حكومەتە نەماوە بە ئەندامانی خانەوادەی سەرۆكەكان نەسپێردرابێت، دەرچووی كۆلیژیش فۆرمی دامەزراندن پربكاتەوە وكوڕی هەژاری بێ بروانامەش دەكرێتە پاسەوانی بەردەرگاكان .
كە ئەم جیاوازیە مەزنانە دەبینین بۆمان دەردەكەوێت كە باوكەكان ...سەرۆكەكان ئەركی باوكێتیان بە ئەنجام نەگەیاندووە و بەیەك چاو سەیری كوڕانی خۆیانیان نەكردوە ئەوكاتە دەبێت بڵێین ببورن سەرۆكەكان بەڕێزتان نەماندیلای دەم بەخەندەكەی ئەفەریكای باشورن و نە گاندیە ئێسك سوكەكەی هندستانن ...ئێوە باوكی هەموومان نین، بەڵام دەكرێت باوكی هەندێكمان بن .
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
