پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی نیلسۆن ماندێلا لە ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا ..ماندیلا ئەو سەرکردەیەی هەموو ژیانی تەرخانکرد بۆ سەربەخۆیی و ئازادی و سەرفرازی نەتەوەکەی ..ئەو سەرکردەیەی کە ٢٧ ساڵی تەمەنی لە زیندانیی دڕندانەترین ڕژێمی جیاکاری ڕەگەزی (ئاپارتایت) ئەوکاتی باشووری ئەفریقا بەسەربرد کە بیست ساڵیان لە دورگەی ڕۆبن (ڕۆبن ئایلاند) زیندانی بوو، پاش ئەم هەواڵە لە سەرانسەری جیهاندا بە شێوازی جۆراوجۆر ڕێز گیرا لە هەڵوێست و بەرخۆدان و ماندووبوونی ئەم شۆرشگێڕە مەزنە ...یەکێک لەو نموونانەش بۆ ئەم ڕێزلێنانە ئەو هەڵوێستە بوو کە هەریەک لە دیدیە درۆگبای کابتن وهێرش بەری هەڵبژاردەی کۆت دیڤوارو ئیمانوێل ئیبویە بەرگریکاری هەمان هەڵبژاردە نواندیان ...کە وەک ئاشکرایە هەردووکیان لە خولی پیشەگەری تورکیا لە یانەی گلاتەسرای یاری دەکەن، کاتێک کە یاریەکەیان کۆتایی هات درێسەکانیان لابرد و لە فانیلەی ژێر درێسەکەیاندا وەک وەفایەک هەریەکەیان دێڕێکی ماڵئاواییان ئاراستەی ماندیلای سیمبولی مرۆڤایەتی وبەرخۆدان و لێبوردەیی کردبوو لە تی شێرتەکەیی درۆگبا نوسرابوو( سوپاس مادیبا ) کەیەکێکە لە نازناوەکانی نیلسۆن ماندیلا جگە لە کۆمەڵێک نازناوی وەک (باوکی میللەت، باوکی دامەزرێنەری دیموکراتیەت )کە گوزارش لە خۆشەویستی باشوری ئەفریکا بەتایبەتی وسەرجەم ئەفریکاییەکان دەکات بەرامبەر یەکەمین سەرۆکی ڕەش پێست لەو ووڵاتەدا ..ئیمانوێل ئیبوێش نوسیبووی (بەئارامی سەربنێرەوە ماندیلا)، لێرەشدا تورکەکان ڕق و کێنە و شۆڤێنیەتی خۆیان بۆ کۆنتڕۆل نەکرا و لە کاردانەوەیەکی ناڕەوادا وبە تۆمەتی بەكارهێناني دروشمی سیاسی هەردوو یاریزانیان ڕووبەڕووی لێژنەی ئینزیباتی وەرزشی کردەوە ..کە ئەمەش زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە مەبەستی سیاسی لە پشتەوەیە و ئەگەر کەمێک بگەڕێنەوە بۆ مێژوو دەبینێن کە کە ماندیلا جگە لە خەڵاتی نۆبلی ئاشتی نزیکەی ٢٥٠ خەڵاتی جیهانی پێشکەش کراوە بۆ نموونە خەڵاتی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ ئازادی و خەڵاتی لینین (لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتی جارانەوە) کە ئەمەش دوا خەڵات بوو کە بەو ناوەوە پێشکەش بکرێت وهەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤێتی بەدوادا هات ...جگە لەمانەش نیشانی کەنەدای پێ بەخشراو لەلایەن هەردوو حکومەتی هیندستان و پاکستانیشەوە بەهەمان شێوە ڕێزی لێنرا و لەلایەن ئەلیزابیتی شاژنی بەریتانیاوە خەڵاتی پێبەخشراوە، لە کۆی ئەم گشت خەڵاتانە تەنها و تەنها خەڵاتی ئەتاتورکی قبوڵ نەکرد کە تورکیا لە ساڵی ١٩٩٢دا پێشکەشیان کرد هۆکارەکەشی ناڕەزایی ماندیلا بوو لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافی کورد لەو ووڵاتەدا ..دواتر پاش تێپەربوونی حەوت ساڵ و لەساڵی ١٩٩٩دا دوبارە خەڵاتەکەیان پێشکەش کردەوە و ئەم جارەیان قبوڵی کرد، ئەمەش دەریدەخات کە هێشتا تورکەکان ئەم هەڵوێستەی ماندیلایان لەبیرماوەو ئەمڕۆ بەم شێوەیە تۆڵەی دەکەنەوە باجەکەشی ئەم دوو یاریزانە ئەفریکاییە دەبێت بیدەن .بەڵام سەیر لەوەدایە سەرەڕای مێژوویەکی تاڵ و پڕ لەنەهامەتی و دوژمنایەتی وتاوان بەرامبەر بە گەلی کورد هێشتا هەندێک سەرکردەو هێزی سیاسی کوردستانی نگرۆی ئەو وەهمەن کە لە لایەک لە ڕێگەی بازرگانی هاوردەکردن و وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریەوە، ولە لایەکی دیکە بەناوی ئاشتی وبێدەنگ کردنی تفەنگەکان وکشانەوەی هێز لەسنورەکان تورک بەبێ هیچ دەستکەوتێکی ڕاستەقینە لە بەرامبەردا لەو بیروباوەڕو کلتورە چەقبەستوەی دەیان وسەدان ساڵەیەیان بهێنینە دەرەوە تاوەکو کورد بە براو بە شەریک بناسن و ووڵات ببێتە شامی شەریف و تورک و کورد پێکەوە ئاو بخۆنەوە .
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
