Open menu
  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە
  • WhatsApp -Viber - 00964770768123
  • Contact - kurdistannet@hotmail.com Omar Faris Aziz

ڕه‌زا شوان

مێژووی ئەدەبی منداڵان ـــــ رەزا شوان ـــ نەرویج - ( بەشی یەکەم )

ڕه‌زا شوان 21 July 2013

لەگەڵ بوونی مرۆڤ لەسەر زەویدا ..لەگەك پێکهێنانی شیرازەی خێزانی و، بنیاتنانی ماڵدا ..منداڵانیش بوونیان هەبووە و، لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، منداڵان زۆرینەی هەموو گەلان پێکدەهێنن ..بە رێژەی لە سەدا چلی هەموو دانیشتوانی جیهانن .

لەگەڵ داهێنانی زمان و، توانای دەربڕین و گوزارشتکردن لە زادەی بیر و هۆش و ئەندێەشە و، لە سۆز و خرۆشی ناخی دەروون، بە وشە و بە رستە ..لەگەڵ لە یەکتری گەیشتن و پەیوەندی و پێکەوە ژیاندا ..لەگەڵ پێکهێنانی کۆمەڵگا و بنیاتنانی شارستانی و، داهێنان و پێشکەوتن و، گەشەکردن لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ..ئەدەب و هونەریش سەریان هەڵدا و، چەندین لق و پۆپیان لێ بوونەوە ..لەوانەش ئەدەبی منداڵان هاتە کایەوە، ئەگەرچی ئەدەبی منداڵان، ئەدەبێکی ـ نەنووسراو و تۆمارنەکراوبووە ـ بەڵام نەوە لە دوای نەوە، دەماودەم ( بە زاری ) بۆ یەکتریان گێڕاونەتەوە، بە تایبەتیش لە شەوانی درێژی زستاندا، لە شەوارە و لە دانیشتنەکانی گوێی ئاگرداندا ..لەگەڵ خواردنی شەوچەرەدا، باپیرە یا داپیرە گیان، بە تام و چێژەوە چیرۆک و مەتەڵ و ئەفسانە و داستانیان بۆ گوێگرەکانیان گێڕاونەتەوە .

دایکانی میهرەبان و دڵسۆزیش، لەگەڵ راژەنینی لانک و بێشکدا، بۆ ژیرکردنەوە و خافڵاندن و خەوبردنەوەی جگەرگۆشەکانیان، بە دەنگی خۆش و ناسک بەسۆزیان، لای لایە و گورگانە شەوێ و گۆرانی و بەستەیان بۆ وتوون ..یا بەر لە نووستن، چیرۆکی خەیاڵئامێز و ئەفسانە و داستانیان بۆ منداڵە چاوگەشەکانیان گێڕاوەنەتەوە ..کە پاڵەوان و کارئەکتەرەکانی ئەم چیرۆکانە، بە زۆری ( ئاژەڵ و باڵندە ) یا ( شتی بەرجەستەی گەردوون) یا شتی ئەفسانەیی بوون، وەکو: خێو و دێودرنج، ئەرژەنگ، سیمرخ، ئەژدیها، حەزیای حەوت سەر، ئەسپی باڵدار، پیرێژنی جادووکەر، بووکی دەریا، چەرخوفەلەکی ئەفسووناوی، پاڵەوانی بازیبەند لە قۆڵ، گۆڕنەتەڵە، چەتەوڵ، گەشتی حەوت ساڵەی مان و نەمان بۆ هێنانی ئاوی ژیان، پاڵەوانی سەرکێشی لە توانابەدەر، فریشتەی تەنگانە، ...هتد .هەموو ئەم مەتەڵ و چیرۆکە ئەفسانەییانە و ئەم داستانانە، بەشێکی رەسەنن لە کەلەپووری دێرینی گەلان و ..بەشێکی گرنگیشن لە ئەندەبی منداڵان و، لە ئەدەبی گەورەکانیشدا .

ئەدەبی منداڵان بەو شێوە سەرەتاییە دێرینە ناوبراوەی، رەگ و ریشە و بوونی لە فۆلکلۆر و لە کەلەپووری زۆربەی گەلانی جیهاندا هەیە ..چەندین بەڵگەی مێژوویی و پاشماوەی دێرینی بەجێماو، ئەم راستییە دەسەلمێنن .

لە راستیشدا، هەندێ سەرچاوە و کتێبی مێژوویی کۆن هەن، کە باسیان لە ئەدەبی منداڵان، لە سەردەمەکانی کۆندا کردووە، بەڵام بە شێوەیەکی ساکار ئاماژەیان بە هەندێ چیرۆک کردووە، کە لە ناو گەلاندا باوبووە ..هەموو ئەم چیرۆکانەش پشتیان بە داب و نەریت و بە بەهاکانی کۆمەڵ و بە ئایین پەروەری بەستووە ..پاڵەوانی زۆربەی چیرۆکەکانیش ئاژەڵ و باڵندەن یا شتی خەیاڵی و ئەفسانەیین، بە زۆریش گوزارشت لە هێز و ئازایەتی و بەرگری و سەرکەوتنی تاک دەکەن .

لە شارستانییەکانی کۆندا، لە میانەی ئەو نەقش و نیگار و وێنانەی، کە لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان و، دیواری پەرستگاکان و، کۆشک و تەلارەکانی پاشاکاندا دۆزراونەتەوە، یا لەسەر تاشەبەرد دا هەڵکۆڵراون، یا لەسەر خشتی سوورەوەکراودا یا لەسەر گەڵای پانی رووەک نەخشێنراون ..لە ناو ئەو وێنەکاندا، وێنەی منداڵ و چیرۆکی منداڵانیشیان تێدایە ..ئەم بەڵگە بەجێماوانە ئەوە دەسەلمێنن، کە ئەو گەلانە منداڵ و ئەدەبی منداڵانیان فەرامۆش نەکردوون ..لەوانەش فەرعەونییەکان ( میسرییە کۆنەکان)، سۆمەرییەکان، یۆنانییەکان، رۆمانییە کۆنەکان، چینییەکان، هیندییەکان، کوردەکان، فارسەکان، عەرەبەکان، ئینگلیزەکان، فەرەنسییەکان، ئەڵمانییەکان، روسسییەکان، ئیتالییەکان، یابانییەکان، گەلانی ئیسکندناڤیا، ...هتد .کە هەریەکە لەم گەلانە زۆر یا کەم، شۆێن پەنجەیان لە ئەدەبی فۆلکلۆری و منداڵاندا دیارە .

لەو چیرۆکە ئەفسانەییانەی کە لە فەرعەونییەکان بەجێماون و تا ئەمڕۆش بایەخ و خۆشییان کاڵ نەبوونەتەوە و، منداڵانی ئەمڕۆش چێژیان لێ وەردەگرن، ئەفسانەی :

( دوورگەی مار ) و ( هەڵۆی جادوولێکراو ) و ( تاجی فەیروز ) ن .

سۆمەرییەکانی نیشتەجێی میزەپۆتانیاش، یاسایەیەکی پێشکەوتووی پەروەردە و فێرکردنی منداڵانیان هەبوو، کە تا رادەیەک لە پەروەردەکردنی منداڵا نی ئەمڕۆوە نزیک بوو ..هۆی ئەم پێشکەوتنەشیان، بۆ داهێنان و بڵاوبوونەوەی ( نووسینی سۆمەری) دەگەڕێتەوە ..کە شۆڕش و وەرچەرخانێکی زۆ گرنگ بوو لە مێژووی مرۆڤدا ..سۆمەرییەکان خاوەنی کۆنترین ئەدەبن لە جیهاندا، گرنگترین شاکاری ئەدەبیشیان ( داستانی گەلگامیشە ) ـە ..منداڵ و ئەدەبی منداڵان، لە چەند شوێنێکی ئەم داستانەدا، بە زمانێکی ساکارتر ناویان هاتووە ..باس لە شتە تایبەتمەندییەکانی منداڵانی تێدا کراوە .

 بەڵام ئەمە راستییەکە و ناپۆشرێت، کە لە کۆنەوە تا ئەمڕۆش، گرنگیدان و بایەخدان بە گۆشکردن و پەروەردەکردنی دروست و، ئاراستەکردنی پێویست و ئاوڕدانەوەیەکی جدی لە ژیانی منداڵان و، لە ئەدەبی منداڵانیش، بە رادەی پێویست نەدراوەنەتەوە ..وەکو پێویستیش ئەوە لەبەر چاو نەگیراوە، کە چارەنووسی داهاتوو دەکەوێتە دەستی منداڵانی ئەمڕۆوە، ئەم مرۆڤە بچکۆلانەی ئەمڕۆن ..کە سبەینێ جیهان بەڕێوەدەبەن .

ئەدەبی منداڵان لە چاو ئەدەبی گەورەکانەوە، تا ئەمڕۆش شانس و هەلی پێویستی گەشەکردنی بۆ نەرخساوە ..بەڵکو تا سێ سەدە لەمەوەبەر،  ئاوڕدانەوە و خوودانە ئەدەبی منداڵان، شەرمەزاری و پایەنزمی و دابەزین بووە ..تا سەردەمێکی نزیک و تا رادەیەکیش ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، لە زۆر شوێنی جیهاندا، بە تایبەتیش لە سایەی رژێمە دیکتاتۆری و سەرکوتکەرەکاندا، منداڵان پەراوێز کراون و، بە ناڕەوایی دەچەوسێنرێنەوە و ..چێژی خۆشی منداڵێتی و ئازادی و ژیان نازانن و، لە سادەترین مافەکانیان و، لە سۆز و خۆشەویسی بێبەش کراون، کوێرەوەری و، نەبوونی و، برسێتی، ناچاریان کردوون کە کاری قورس و نەشیاو بکەن ..لە ئەمڕۆدا زیاتر لە دووسەد و پەنجا ملیۆن منداڵ لە جیهاندا، رۆژانە بەبێ نازی و برسێتی سەردەنێنەوە .

بۆیە کۆردڤاڵدهایم دەڵێ : " سەرلەبەری دنیا قەرزاری منداڵن " ..بەڵام بەداخەوە، کە تا ئەمڕۆش زۆربەی گەلان و وڵاتانی جیهان، ئەم قەرزەی منداڵانیان ئادا نەکردوون .

مێژووی ئەدەبی منداڵان، بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە، لە قۆناغە سەرەتاییە کۆنەکاندا، مەتەڵ، چیرۆکی ئەفسانەیی، تەلیسم و جادوویی، داستانی ئازایەتی، سەرکێشی، ئایینڕەوی، ئامۆژگاریی تەڵقین ئاسایی، رێنمایی، رێز و گوێدێری، شاسواری،  شمشێربازی و تیربازی، خەیاڵکاری، باڵیان بەسەر ئەدەبی منداڵاندا کێشابوو ..تا دەگاتە قۆناغەکانی ئەدەبی منداڵان لە سەردەمی نوێدا، کە لە سایەی گۆڕانکاری و داهێنان و پشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و، پەروەردەیەکی نوێ و، پسپۆری و، مۆدێرن و، جیهانگیریدا، پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە ..زیاتر لە هەموو سەردەمێک، لەم سەردەمەدا پێویستیمان بە ئەدەبی منداڵان و بە گەشەکردنی هەیە، چونکە پەروەردەی نوێ و، رۆشنبیری و ئەدەبی منداڵان، بوونەتە دووانە و، بە تەواوکەری یەکتری .

ئەدەبی منداڵان، بەر لە هەموو شوێنێکی تری جیهاندا، لە وڵاتانی ئەوروپادا گەشەی کرد و پێشکەوت، بە تایبەتیش لە وڵاتانی فەرەنسا و ئینگلتەرادا ..ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە کۆمەڵێک نووسەری بە توانا، ئاوڕیان لە ئەدەبی منداڵان دایەوە و، چەندین بەرهەمی خۆش و بەسوودیان بۆ منداڵان نووسی و چاپیان کردن ..هۆیەکی گرنگی تریش، دەگەڕێتەوە بۆ داهێنای ئامێری چاپکردن و، دامەزراندنی چاپخانە و، دەزگای بڵاوکردنەوەی و چاپکردنی کتێبی منداڵان و، کردنەوەی کتێبخانەی تایبەت بە منداڵان ..سەرەڕای ئەمانەش حەز و پەرۆشی خودی منداڵان، بۆ خوێندنەوەی کتێب و ئەو بابەتانەی تایبەت بوون بە ئەدەبی منداڵانەوە .

یەکەمین کتێب کە بۆ یەکەمین جار بۆ منداڵان چاپکرا کتێبێک بوو کە کۆمەڵێک چیرۆکی لەخۆ گرتبوو ..ناوی کتێبەکەش ( ئەفسانەکانی ئێسوب ) ـە کە لە ساڵی ( ١٤٨٤) دا، لە لایەن ( ولیام کاکستۆن : ١٤٢٢ـ ١٤٩١) ـەوە، چاپکرا ..ئەم کارەی کاکستۆن بە دەستپێشکەری و بەهەنگاوێکی گرنگی مێژوویی لە بواری ئەدەبی منداڵاندا دادەنرێت، ئەو ( ئێسوب )ەش، کە ولیام کاکستۆن ئەم چیرۆکە ئەفسانەییانەی داونەتە پاڵ ..وەکو دەگێڕنەوە کە کۆیلەیەکی یۆنانی بووە، لە نێوان ساڵانی (٦٥٠ ـ ٦٢٠) ی پێش زایینی ژیاوە، لەبەر زیرەکی و بلیمەتی، گەورەکەی ئازادی دەکات ..ئێسوب زۆر حەزی بە گەڕان و گەشتکردن دەبێت، بە گەڕان و گەشکردن و، بە نووسنی چیرۆک بە ناوبانگ بووە ..دەتوانین بەوە دایبنێین کە یەکەمین کەس بووە، کە چیرۆکی بۆ منداڵان نووسیوە ..ئەمەش یەکێکە لە چیرۆکەکانی ئێسوب ( قەلەڕەش و گۆزە ) :

" لە دەشتێکی چۆڵدا، قەلەڕەشێک زۆر تینووی دەبێت، زۆر بە دوای ئاودا گەڕا ..تا گۆزەیەکی دۆزییەوە، کەمێک ئاو لە بنەکەیدا بوو ..بەڵام دەنووکی نەدەگەیشتە ئاوەکە ..قەلەڕەشەکە خەریک بوو لە توینیا بمرێت ..دەیڕوا نییە ئاوی ناو گۆزەکە ..لە دواییدا بیرۆکەیەکی باشی بۆ هات ..بە دەنووکی یەک لە دوای یەک چەوی هەڵدەگرت و دەیخستنە ناو گۆزە ئاوەکەوە ..ئاوەکە بەرەبەرە سەرکەوت ..تا گەیشتە لێواری گۆزەکە ..ئەوسا قەلەڕەشەکە، دەنووکی تێنا و تێر ئاوی خواردەوە ."

ئەو مەبەستانەی کە لەم چیرۆکەدان : هەوڵدان و کۆڵنەدان، بیرکردنەوە، سەرکەوتن بەسەر تەنگانەدا .

ئەگەرچی كاکستۆن، کتێبەکانی بەو نیازەوە نەنووسیبوون، کە ئارەستەی منداڵانیان بکات ..بەڵام سێ لە کتێبەکانی بە درێژایی ساڵان ..بوون بە بابەتی منداڵان ..ئەو چیرۆکانەی کە لەم سێ کتێبەیدا بوون و، بۆ منداڵان لەباربوون و، منداڵانیش بە کتێبی خویانیان دەزانین و، تام و چێژیان لە خوێندنەوەیان وەردەگرت ..ئەم سێ کتێبە بوون: ( رێوی رینارد ) و ( ئەفسانەکانی ئێسوب ) و ( مردنی ئارسەر ) .

لە ساڵی ( ١٦٥٧) دا، پەروەردەکاری چیکۆسلۆڤاکی ( جان ئامۆس کۆمینۆس ) کتێبێکی گرنگ و بەسوودی بۆ منداڵان لەژێر ناوی ( جیهانی وێنەدار ) دا، چاپکرد .ئەم کتێبە کتێبێکی زانیاری بوو، وەک لەوەی کە کتێبێکی ئەدەبی بێت ..بەڵام لەو سەردەمەدا هەر بابەتێکی تازە بۆ منداڵان بنووسرایە، بایەخ و سوودی خۆی هەبوو.

 

( ئورئیل ئۆفیک) گەشەکردنی ئەدەبی منداڵان، بەسەر پێنج سەردەمدا دابەش دەکا :

سەردەمی کۆن : دەقە ئەدەبییەکانی ئەم سەردەمە، منداڵانیان بە گیانی ئازایەتی و، سەرکێشی و، شاسواری و، رەوشت بەرزی و، شەڕ و رووبەڕووبوونە و، ئینتیما بۆ هۆز و گەورەکانیان پەروەردە دەکردن ..لەسەر دیواری تەلار و پەرستگاکان و، لەسەر گەڵای رووەکدا، نموونەی ئەدەبی منداڵانی ئەم سەردەمە دۆزراونەتەوە .

سەردەمی ناوەراست : لەم سەردەمەدا، قەشەکانی کەنیسەکان، لە شوێنە دوورەکاندا، دەستیان بە کۆکردنەوەی چیرۆکە کۆنەکان کرد و، بە جوانی و رێکی نووسییاننەوە و، پاراستیانن ..بە هۆی ئەمانیشەوە، ئەو چیرۆکان لە زۆر شوێندا بڵاوبوونەوە .

سەردەمی چاپخانە : ئەم سەردەمە لە نیوەی سەدەی یانگزەمیندا دەستی پێ کرد، واتە لە دوای داهێنانی ئامێری چاپکردن، کە لە لایەن ئەندازیاری ئەلمانی (گۆتەمبەرگ)ەوە داهێنرا ..دامەزراندنی چاپخانە و کتێب چاپکردن ..شۆڕشێکی رۆشنبیری و ئەدەبیی پەرپاکرد ..ئەوەبوو لە ساڵی ( ١٥٥٠) دا لە ئینگلتەردا کۆمەڵێک چیرۆک چاپکران .

سەردەمی زانیاری : ئەم سەردەمە، لە دەرچوونی کتێبی ( ئیمیل) لە نووسینی مامۆستا و فەیلەسوفی فەرەنسی ( جـان جاک رۆسـۆ ) وە دەستی پێکرد ..ئەم کتێبەشی لە ساڵی ( ١٧٦٢) دا چاپکرد .

دوا بە دوای کتێبکەی رۆسۆ، چەند کتێب و لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی منداڵ و ئەدەبی منداڵان چاپکران، لەم سەردەمەدا ئەدەبی منداڵان، پشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی .رابەری ئەم ئاراستەیەش ( جۆن نیوبەری ) بوو .

سەردەمی نوێ ( سەردەمی زێڕین) : ئەم سەردەمە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەمینەوە دەستی پێکرد ..لەگەڵ دەرچوونی کتێبی ( ئەلیس لە وڵاتی سەیر و سەمەرەدا ) کە لە نووسینی ( لویس کارول ) ـە ..بە دوای ئەم کتێبەشدا چەند کتێبێکی تریش چاپکران .

بەڵام دکتۆر ( عەلی ئەلحەدیدی ) لە کتێبەکەیدا ( لە ئەدەبی منداڵان دا ) مێژووی نوێی ئەدەبی منداڵان، بە سێ قۆناغی سەرەکی دەستنیشان دەکات :

قۆناغی یەکەم : لە ساڵی ( ١٦٩٧) ەوە دەست پێدەکا، بە دەرچوونی یەکەمین کتێبی ئەدەبی بۆ منداڵان، لەژێر ناوی ( چیرۆکەکانی دایە قازم ) لە نووسینی نووسەری فەرەنسی ( چارلز پیرۆ ) ..چارلز، بوو بە دەستپێشکەر و ریچکەشکین ..بە دوای ئەمدا چەند نووسەرێکی تر هاتنە بوارەکەوە و، دەستیان بە نووسین بۆ منداڵان کرد ..هەر لەم سەردەمەشدا، لە نێوان ساڵانی ( ١٧٠٤ـ ١٧١٤) دا، رۆژهەڵاتناس و، نووسەر ( ئینتیوان گالان ) بۆ یەکەمین جار چیرۆکەکانی ( هەزار و یەک شەو )ی گۆڕییە سەر زمانی فەرەنسی، کە چەند چیرۆکێکی شیاویان بۆ منداڵان تێدایە .

هەر لە فەرەنسادا لە ساڵی (١٧٤٧) دا، لە لایەن نووسەرێکی مەزنی منداڵدۆستەوە، یەکەمین رۆژنامە بۆ منداڵان لەژێر ناوی ( هاوڕێی منداڵان ) هاتە کایەوە .

بێجگە لە فەرەنسا، رەوتی ئەدەبی منداڵان لە ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، رووسیا، ئەمریکا، لە وڵاتانی ئیسکندناڤیا و، میسر، سەری هەڵدا و بەرەو پێشەوە هەنگاوی نا .

قۆناغی دووەم : ئەدەبی منداڵان لە دوای ( جەنگی جیهانی یەکەم ) ەوە دەست پێکرد ..لە هەموو ئاستێکدا زیاتر بایەخ بە پەروەردەکردن و گەشەکردنی منداڵان درا و، بە شیوەیەکی نەخشەداڕێژراوی ئەکادیمیش بایەخ بە ( زانیاری دەروونناسیی منداڵا ن) و بە سایکۆلۆژیای گەشەکردن درا ..وەکو مرۆڤێکی سەربەخٶش لە منداڵیان دەڕوانی .

قۆناغی سێیەم : لە دوای ( جەنگی جیهانی دووەم ) ەوە دەستی پێکرد ..تا دەگاتە قۆناغی ئێستای، کە بە ( سەردەمی زێڕینی ئەدەبی منداڵان ) ناودەبرێت ..گۆڕان و وەرچەرخانێکی نوێ هاتنە کایەوە و، بایەخدان بە منداڵان و بە ئەدەبی منداڵان، بوو بە پێویستییەکی گرنگی ئەم رۆژگارە ..بە تایبەتیش لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، کە هەل و مەرجێکی باش بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵان رەخسا و ..چەندین کتێبخانەی منداڵان و، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی منداڵان دامەزران، بە ملێۆنان ژمارەی کتێب و گۆڤاری منداڵان چاپکران و بڵاوکرانەوە ..دەستوور و بنەما و ئاراستەی ئەدەبی منداڵان دیاری کران ..چیرۆک بوو بە وانەیەکی تایبەتی و، وەکو وانەکانی تری خوێندن، لە قوتابخانەکانە بنەڕەتییەکانی ئەمریکادا دەخوێنرێ .

لەم قۆناغەدا هەموو هەوڵەکان بەو ئاراستەیەدان، کە نەوەیەکی نوێ بۆ داهاتوویەکی باشتر پەروەردە بکرێن ..نەوەیەک کە ئاشتیخواز و مرۆڤ دۆست و چاکەخوازبن ..نەوەیەک تاکەکانی رێز لە یەکتری بگرن و، پێکەوە ژیان و خۆشەویستی لە هۆش و دڵیاندا بڕوێن ..نەوەیەیەکی باوەڕبەخۆبن ..داهێنانخواز و پێشکەوتووخوازبن ..

بێگومان ئەدەبی منداڵان، لە چوارچیوە کلاسیکییەکەیدا نەماوەتەوە، رۆژ لە دوای رۆژ، زیاتر پيشکەوتن و داهێنان بە خۆیەوە دەبینێت ..تا لە گەڵ هیوا و خواست و خولیا و خەونە شیرینەکانی منداڵانی زۆرزانی ئەم سەردەمەدا بگۆنجێت .

( فیلیپ ئاریس ) دەڵێ : " لە سەردەمەکانی پێش ئەم سەردەمەدا، بە چاوی ئێستاوە لە منداڵیان نەدەڕوانی ..منداڵێتی دیاردەیەکی تازەیە ..چونکە سەردەمەکانی کۆن، بەوە ناودەبرێن کە منداڵانیان پەراوێزکردبوون ..بایەخێکی ئەوتۆیان پێ نەداون ..بەڵکو دەشیان چەوساندنەوە .."

حەزدەکەین لێرەدا ئاماژەش بەوە بکەین گەلێ دەق و بابەتی ئەدەبی هەن، بە تایبەتی بۆ منداڵان نەنووسراون و، بۆ گەورەکان نووسراون .بەڵام دوای دەستکاری کردن و کورتکردنەوە و دووبارە داڕشتنەوەیان، بە زمانێکی ئاسانتر، وایان لێ کردوون کە بۆ منداڵان بگونجێن و، منداڵان بە ئەدەبی خۆیانیان بزانن، تا ئەمڕۆش منداڵان لە هەندێ لەو دەقە دەستکاری کراونە بێزار نەبوونە و تام وچێژیان لێ وەردەگرن، بە تایبەتیش دوای ئەوەی کە کراون بە فیلمی کارتۆن یا بە فیلمی سینەمایی ..بۆ نموونە : رۆمانی ( رۆبنسون کروزۆ ) لە نووسینی ( دانیال دیڤۆ ) و، رۆمانی ( گەشتەکانی گۆلیڤەر ) لە نووسینی ( جۆناسان سویفت : ١٦٦٧ ـ ١٧٤٥) ..کە نووسەر و سیاسەتمەدارێکی (ئینگلیزی ـ ئیڕلەندی ) بوو ..کە نووسەری ناسراوی ئینگلیزی ( جۆن نیوبەری ) ئەم دوو رۆمانەی دەستکاری کردوون و، کورتیانی کردوونەتەوە و، بە زمانێکی ئاسانتر و گونجاوتر بۆ منداڵان، دووبارە دایڕشتوونەتەوە و،  چاپی کردوون .

داستان و ئەفسانە و مەتەڵ و چیرۆکە میللیەکانیش بەشی منداڵانیان تێدایە، یا هەندێ لە چیرۆکی گەورەکان دوای کورتکردنەوە و ئاسانتر داڕشتنەوەیان، بۆ منداڵان دەشێن.

من لەم رۆژانەدا، بەشێکی زۆری چیرۆک و شانۆگەرییەکانی ( ولیام شکسپیر ) م بینی کە بە زمانی نەرویجی، بەبێ شێواندنی ناوەڕۆک و بیر و مەبەستی چیرۆکەکان، کورتر کراونەتەوە و، بە زمانێکی ئاسانتر دووبارە بۆ منداڵان دایان رشتوونەتەوە .

پیویستە ئەوەش بڵێین کە ( کتێبەکانی خوێندنەوە ) بۆ پۆلەکانی قوتابخانە بنەڕەتییەکان ..زۆربەی دەق و بابەتەکانیان بەشێکن لە ئەدەبی منداڵان و، کتێبەکانیش بە کتێبی منداڵان دادەنرێن .

چیرۆکەکانی کتێبی ( کەلیلە و دیمنە ) ش، کە لە بنەڕەتدا هیندین و، بە زمانی هیندی نووسراون ..( عەبدوڵڵا کوڕی موقەفەع ) یش لە ساڵی (٦٥٩ ) ی زایینیدا لە زمانی فارسییەوە گۆڕیویەتە سەر زمانی عەرەبی ..چیرۆکەکانی ئەم کتێبە بە زمانی ئاژەڵەوە نووسراون ..بەشێکی زۆریان بۆ منداڵان دەشێن ..( کەلیلە) و ( دیمنە) ناوی دوو چەقەڵی بران ..کە کراون بە سەر ناوی کتێبەکە ..چیرۆکەکانی ئەم کتێبە گەلی بەهای رەوشت بەرزی و، وانە و پەندی بەسوود و، گاڵتەئامێزی خۆشیان تێدایە .مێژووی چیرۆکەکانی ئەم کتێبە بۆ ( ١٠٠ تا ٥٠٠) ساڵ پێش زایینی دەگەڕێنەوە .فەیلەسووفی هيندی( بەیدەبا ) چیرۆکەکانی بۆ شا ( دبشەلیم )ی هیندستان گێڕاونەتەوە ..کتێبی ( کەلیلە و دیمەنە ) بە شاکارێکی نەمری جیهانی دادنرێ ..گۆڕیویانەتە سەر زۆربەی زمانەکانی جیهان .

شایانی باسیشە، ژمارەیەکی زۆریش لە نووسەرە گەورەکانی جیهان ( شاعیران، رۆماننووس و چیرۆکنووسان ) بەشێک لە نووسینەکانیان، بە زمانێکی ئاسانتر و شیرین، بۆمنداڵان نووسیون، وەکو : تۆڵستۆی، تشیخۆف، چارلز دیکنز، ڤیکتۆر هۆگۆ، ئۆسکار وایڵد، بۆشکین، تاگوور، لە شاعیرە خوالێخۆشبووەکانی خۆشمان : پیرەمێرد، بێکەس، زێوەر، هەژار، گۆران، قانع، ...هتد .

 

ئەدەبی منداڵان لە فەرەنسا دا :

لە ( سەدەی سیانگزەمین و چواردەمین ) دا، ناوەڕۆکی دەقەکانی ئەدەبی منداڵان بریتیبوون : لە رێنمایی و ئامۆژگاری و چاکەخوازی و رەوشت باشی و شاسواری و پاڵەوانبازی و ئایینڕەوی .

هەر لەو سەردەمەدا، کۆمەڵێک نووسەر دەستیان بە نووسینی ( ئەدەبی گەڕۆک ) کرد ..لە شوێنە گشتییەکاندا چیرۆک و هۆنراوە و نووسینەکانیان بۆ خەڵکی دەخوێندنەوە ..بە هۆی دێوەرە و فرۆشیارە گەڕۆکەکانیشەوە، مەتەڵ و چیرۆک و هۆنراوەکانیان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بڵاودەبوونەوە .

بەڵام ئەدەبی منداڵان، وەکو ( ئەدەبێکی سەربەخۆ ) و، لە سەردەمێکی تازەدا، لە (سەدەی حەڤدەمین ) دا بەر لە هەموو وڵاتانی جیهان، بە شێوەیەکی فەرمی لە وڵاتی فەرەنسادا دەرکەوت و، گەشەی کرد و، هەنگاوی باشی بەرەوپێشەوە نا .

لەو سەرەمەدا، نووسەرە بە توانا و بەناوبانگەکان، شەرمیان دەکرد کە بە ناوی راستیی خۆیانەوە بۆ منداڵان بنووسن، لەوە دەترسان کە لە ناوبانگ و پایەیان بێتە خوارەوە و، رووبەڕووی لۆمە و تانە و رەخنە ببنەوە ..تا شاعیری بەناوبانگی فەرەنسی ( چارلز پیرۆ : ١٦٢٨ـ ١٧٠٣)، لە ساڵی ( ١٦٧٩) دا، کتێبێکی بۆ مندڵان چاپکرد لە ژێر ناوی ( چــیرۆکەکانی دایــــە قـــــازم ) ..کە کۆمەڵێک چیرۆکی خۆشی لەخۆگرتبوو، لەوانە : ( ســاندرێلا ) و ( ریـش شــین ) و ( شـۆخە نووســتووەکە ) و ( جنۆکە ) و ( پشیلەی جـزمە لەپێ ) ..بەڵام چارلز هێشتا ترسی نەشکابوو، ئەم کتێبەی بە ناوی خۆیەوە بڵاونەکردەوە، لە ترسی ناوبانگ و، پایە نزمبوونەوەی ..بۆیە بە ناوی کوڕە بچووکەکەیەوە بڵاوی کردەوە کە ناوی ( بیرودار مانکور ) بوو .

ئەم کتێبە ناوبابگی دەرکرد و، پایەی ئەدەبی منداڵانی بەرزکردەوە ..بە یەکەمین کتێبی ئەدەبیی تایبەت بە منداڵان دادەنرێ ..دەرچوونی ئەم کتێبە بە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی رەوتی ئەدەبی منداڵان دادەنرێ .ناودەرکردنی ئەم کتێبە، بوو بە مایەی دڵخۆشی و بە هاندەر بۆ چارلز، بە دوای ئەم کتێبەدا، کتێبێکی تری چاپکرد، بە ناوی ( مەتەڵ و چیرۆکەکانی سەردەمی رابردوو ) بەڵام ئەم کتێبەی بە ناوی خۆیەوە بڵاوکردەوە .

نووسین بۆ منداڵان لە فەرەنسادا، تا ( سەدەی هەژدەمین ) هێشتا رەگ و ریشەی بە تەواوی دانەکوتابوو ..تا فەیلەسوف و مامۆستای فەرەنسی ( جان جاک رۆسۆ ) کە لە ساڵی ( ١٧١٢ـ ١٧٧٨) ژیاوە ..رۆسۆی خاوەن ( بیردۆزی پەروەردەی سروشتی ) بیر و بۆچوونەکانی دەربارەی فێرکردنی منداڵ و پەروەردەکردنیان، لە کتێبێکدا چاپکرد بە ناوی ( ئیمیل ) ..ئیمیل ناوی کوڕەکەی بوو .رۆسۆ جەختی لەسەر ئەوە دەکردووە ..کە نابێت رێ لە منداڵ بگیرێت، با بە ئازادی و سروشتی گەشە بکات و پەروەردە ببێت ..ناشبێ بە تۆبزی فێربکرێت، با فێرکردنی کەمێک دوابکەوێت ..با منداڵ خۆی تاقیبکاتەوە و، سوود و پەند و وانە لە تاقیکردنەوەکانی وەربگرێت، کتێبی ( ئیمیل ) لە شێوازی چیرۆکێکە بۆ منداڵان، چیرۆکەکەش لەگەڵ بوونی ( ئیمیل) ی کوڕی دەست پێدەکا تا دەگاتە تەمەنی ( ٢٥ ساڵان ) کە هاوسەرگیری دەکات ..رۆسۆ داوای لە ئمیل ی کوڕی کرد کە یەکەمین کتێب، کتێبی ( رۆبنسون کروزۆ ) بخوێنێتەوە ..چونکە بە رای ئەو، ئەم چیرۆکە باشترین تاقیکردنەوەی پەروەردەیی بە ئیمیل دەبەخشێت ..تا ماوەیەکی زۆر، کتێبی ( رۆبنسون کروزۆ ) تەنها کتێب بووە لە کتێبخانەکەی ئیمیل دا .

گەورەترین و بە ناوبانگترین نووسەری فەرەنسی، لە بواری نووسین بۆ منداڵان، شاعیری مەزن ( لافۆنتین : ١٦٢١ـ ١٦٩٥ ) بوو ..کە لە جیهاندا بە شای چیرۆکی ئەفسانەیی بۆ منداڵان ناسراوە ..شای شاعیرانی ئەدەبی عەرەبیش (ئەحمەد شەوقی ) کە ـ بە رەگەزکوردە ـ هۆگر و سەرسامی شیعرەکانی لافۆنتین دەبێ و، کاریگەریی هەبووە لەسەر نووسیناکانی بۆ منداڵان .

لە ساڵانی ( ١٧٤٦ـ ١٧٩١) دا، لە لایەن نووسەرێکی گەورەی تری فەرەنساوە، بۆ یەکەمین جار یەکەمین رۆژنامەی بۆ منداڵان دەرکرد ..لە ژێر ناوی (هاوڕێی منداڵان ) دا، کە لە نووسینی بابەتەکانیدا، زمانێکی شیرین و ناسک و ساکاری بەکاردەهێنا .سەرنووسەری ئەم رۆژنامەیە، لە جیاتی نووسینی ناوی راستیی خۆی، لەژێر نازناوی( هاوڕێی منداڵا ن ) دا دەینووسی ..ئەم رۆژنامەیە سەرەڕای خۆشی و شادی خستنە دڵی منداڵانەوە ..سوود و خزمەتێکی زۆریشی پێ بەخشین ..لە هەمان کاتیشدا، تەوژمێکی باشیشی بە گەشەکردنی ئەدەبی منداڵانی فەرەنسا دا .

گۆڕینی چیرۆکەکانی ( هەزار و یەک شەو ) یش، کە لەلایەن رۆژهەڵاتناسی فەرەنسی ( ئینتیوان گالان ) ـەوە، کە لە ساڵی (١٧٠٤) دا، گوڕییە سەر زمانی فەرەنسی ..خوێندنەوە و بڵاوبوونەوەی چیرۆکەکانی ( هەزار و یەک شەو ) بوونە مایەی ناوبانگ و دەستخۆشی لێکردنی لە فەرەنسادا، هەروەها بوون بە هاندەریش بۆ ئینتیوان گالان، سوودێکی زۆری لێیان بینی و، بوون بە ئیلهام بەخش، بۆ ئەو چەند چیرۆکەی کە بۆ منداڵانی نووسییانی .         نووسینی چیرۆکەکانی ( هەزار و یەک شەو ) بەم شێوەیەی ئێستای، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٥٠٠) ی زایینی ..بەڵام لە راستیدا تا ئێستا نەزانراوە، کە نووسەری راستیی چیرۆکەکانی ( هەزا و یەک شەو) کێیە ..بەشێک لە چیرۆکەکانی ئەم کتێبیە بۆ منداڵانی هەراش دەشێن ..ئەوەش ساغ بۆتەوە کە ( چەند چیرۆکێکی کوردی ) یش، لە ناو چیرۆکەکانی ( هەزار و یەک شەو ) دان .

 

ئەدەبی منداڵان لە ئینگلتەرا دا :

لە دوای فەرەنسا، ئەدەبی منداڵان لە ئینگلتەرادا بایەخیان پێدا و گەشەی کرد ..ئەو چیرۆکە کلاسیکییانەی پێشتر، بریتیبوون لە ئامۆژگاری و ڕێنوێنی و ئایینڕەوی، بێ ئەوەی گۆی بە ئاستی بیر و هۆشی منداڵان بدەن یا خولیا و حەز و ئارەزووەکانیان لەبەرچاوبگرن، نموونەی ئەم کتێبانەش، کتێبی ( بۆ کوڕان و کچان ) ە، کە لە نووسینی ( جۆناسان بان یان ) ە .

لە ساڵی ( ١٧١٩) دا لە نووسینی ( دانێل دیڤۆ : ١٦٦٠ـ ١٧٣١) رۆمانی ( رۆبنسون کروزۆ ) چاپکرا ..دانێل بە دەستپێکەری چیرۆکی هونەری لە ئینگلتەرادا دادەنرێ ..دانێل زۆر حەزی لە گەشت و گوزەر بوو، هەموو وڵاتانی ئەوروپا گەڕا ..رۆمانە بە ناوبانگەکەی ( رۆبنسوون کروزۆ )، دەربارەی سەرگوزشتەی ژیان و سەرکێشییەکانی پاڵەوانی رۆمانەکەی ( رۆبنسون کروزۆ ) ی سەیر و سەرسوڕێنەرە ..ئەم چیرۆکە، لە چیرۆکێکی راستەقینەی بەسەرهاتی پێاوێک بە ناوی ( ئەلیکسەندەر سلکێرک)ەوە وەرگرتووە، کە نزیکی (٣٠٠) ساڵ بەر لە ئستا ..ئەو پیاوە وێڵ دەبێت و، دەکەوێتە دوورگەیەکی دووری دابڕاوەوە ..بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەو دوورگەیەدا ژیان بەسەر دەبات ..بێ هیوا نابێ و کۆڵنادات و خۆی لەگەڵ ئەو باروودۆخەدا دەگونجێنێت ..تا ئەو کاتەی هەلی گەڕانەوەی بۆ ( ئوسکۆتلەندە ) ی نيشتمانی بۆ دەڕەخسێت .

دانێل دیڤۆ، ئەم چیرۆکە راستییەی وەرگرتووە و، بە شیوەیەکی ئەدەبی و هونەری لە رۆمانی ( رۆبنسۆن کروزۆ ) دا دایڕشتووە ..ئەم رۆمانە بە شاکارێکی ئەدەبی دادەنرێ .گرنگترین ئەو مەبەستانەش کە لەم چیرۆكەدان : کۆڵنەدان، خۆڕاگری، بیرکردنەوە و گونجان، هیواخوازییە لە کاتی تەنگانەدا ..لە راستیدا رۆمانی ( رۆبنسون کروزۆ) بۆ منداڵان نە نووسراوە ..بەڵام نووسەری بە ناوبانگی ئینگلیزی ( جۆن نیوبەری ) دەستکاریی کردووە و کورتی کردۆتەوە، دووبارە بە زمانێکی ئاسانتر و گۆنجاوتر بۆ منداڵانی دایڕشتۆتەوە ..( رۆبنسون کروزۆ کراوە بە فیلمی کارتۆن ) و، بە زۆربەی زمانەکانی جیهان دۆبلاج کراوە ..هێندەی تر، منداڵان هۆگری بوونە و، لە دووبارە کردنەوەی بێزار نابن .

هەر لە ساڵی ( ١٧١٩) دا، ( رۆبەرت سامبر ) ( چیرۆکەکانی دایە قازم ) ی گۆڕییە سەر زمانی ئینگلیزی و چاپی کرد ..کە ئەم چیرۆکانەی بوون: ( ساندرێلا ) و ( شۆخە نووستووەکە) و ( ریش شین ) ..بە مەبەستی خۆشی بەخشین بە منداڵانی ئینگلتەرا .

لە ساڵی ( ١٧٢٠) تیشدا، ( جۆناسان سویفت ) کتێبێکی بەناوبانگی چاپکرد، لەژير ناوی ( گەشتەکانی گۆلیڤەر ) ..کە لەوەدوا ( جۆن نیوبەری ) بە شێوەیەکی کورتر و ئاسانتر دووبارە بۆ منداڵانی داڕاشتەوە و ..چووە چوارچێوەی ئەدەبی منداڵانەوە .

( جۆن نیوبەری) لە بواری ئەدەبی منداڵاندا نووسەرێکی بە توانابوو، کتێبێکی زۆری بۆ منداڵان چاپکرد و بڵاوی کردنەوە ..رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵان لە ئینگلتەرادا ..خاوەنی یەکەمین کتێبخانەی منداڵانیشە لە جیهاندا ..نیوبەری داوای لە نووسەران کرد، کە کتێبی گەورەکان کورت بکەنەوە و ئاسانتر بۆ منداڵان بیان نووسنەوە ..نیوبەری نزیکەی ( ٢٠٠) کتێبی بچووکی بۆ منداڵان چاپکرد ..کە بریتبوون لە مەتەڵ و چیرۆکی ئەفسانەیی و داستان و چیرۆکە میللیەکان ..لەوانەش : ( رۆبنسون کرۆزۆ ) و ( گەشتەکانی گۆلیڤەر) یان تێدابوون ..بۆیە ( جۆن نیوبەری ) بە ( باوکی راستیی ئەدەبی منداڵان ) لە ئینگلتەرا ناودەبرێت .

لە ساڵی ( ١٨٦٥) ز لە ئینگلتەرادا، خۆشترین چیرۆکی ئەفسانەیی بۆ منداڵان بڵاوکرایەوە، لەژێر ناوی ( ئەلیس لە وڵاتی سەیر و سەمەرەدا )، کە لە نووسینی نووسەری بەناوبانگ ( لویس کارۆل : ١٨٣٢ـ ١٨٩٨) ..( لویس کارۆل ) ناوێکی خوازراوە ..ناوی راستیی ( چارلز لوتۆیدج دودسن ) ـە .

لویس کارۆل، چیرۆکنووسێکی بە توانا و زانایەکی ماتماتیک و وێنەگرێکی فۆتۆگرافی ئینگلیزیی ناسراوبوو ..چیرۆکی ( ئەلیس لە وڵاتی سەیر و سەمەرە دا) ی نووسی، کە بە یەکێک لە شاکارە ئەدەبییەکانی منداڵان دادەنرێت ..ئەم چیرۆکە ئەدەبی منداڵانی بردە قۆناغێکی زێڕینەوە ..بێجگە لەم چیرۆکە لویس کارۆل چەند چیرۆکێکی تریشی نووسی لەوانە : چیرۆکی ( لە میانەی شووشەوە ) و، چیرۆکی ( چەنەبازی ) .

چیرۆکی ( ئەلیس لە وڵاتی سەیر و سەمەرە دا ) ناوبانگێکی جیهانی هەیە و گۆڕیویانە بۆ سەر زۆربەی زمانەکانی جیهان و، کراوە بە فیلمی کارتۆن .

ئەم چیرۆکە، چیرۆکی کچێک دەگێڕێتەوە، کە ناوی ( ئەلیس ) ـە ..لەپڕێکدا دەکەوێتە کونێکەوە و خۆی لە جیهانێکی خەیاڵیدا دەبینێتەوە ..دەڕوا و دەگەڕێت و ..بە سەرسامییەوە دەڕوانێت ..چاوی بە ( داوڵێک، شێرێک، پیاوێکی ئاسنین ) دەکەوێت ..هەموویان پێکەوە دەچن بۆ لای جادووگەرێک، تا یارمەتیان بدات ..شێرەکە ئازایی دەویست، پیاوە ئاسنینەکە دڵی دەویست، داوڵەکەش هۆشی دەویست، بەڵام ئەلیس گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە دەویست ..ئەم چیرۆکە بە چەندین سەرکێشیدا تێ دەپەڕێت .

ناشبێ ( چارلز جۆن لامب : ١٧٧٥ـ ١٨٣٤) لەیاد بکەین ..کە کۆمەڵێک چیرۆکی خۆشی بۆ منداڵان نووسیوە .

لە بەشی دووەمدا،  باسی مێژووی ئەدەبی منداڵان لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و رووسیا و وڵاتانی ئیسکندناڤیا و عێراق لە هەندێ وڵاتی عەرەبی بە تایبەتیش لە میسردا دەکەین.

لە بەشی سێیەمیشدا، باسی مێژووی ئەدەبی منداڵانی کورد لە کوردستاندا دەکەین .

رەزا شوان / نەرویج / ١٨ / ٧ / ٢٠١٣

 

 

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

چیرۆک بۆ منداڵان ـــ قەلەڕەش و گۆزە ... گۆڕینی ... رەزا شوان

ڕه‌زا شوان 06 July 2013

لە دەشتێکی چۆڵدا، قەلەڕەشێک زۆر تینووی دەبێت . . زۆر بە دوای ئاودا

گەڕا . . تا گۆزەیەکی دۆزییەوە، کەمێک ئاو لە بنەکەیدا بوو . . بەڵام لەبەر

قووڵی گۆزەکە، دەنووکی نەدەگەیشتە ئاوەکە .

قەلەڕەشەکە خەریک بوو لە توینیا بمرێت . . دەیڕوانییە ئاوی ناو گۆزەکە . .

لە دواییدا بیرۆکەیەکی باشی بۆ هات . . بە دەنووکی یەک لە دوای یەک چەوی

هەڵدەگرت و دەیخستنە ناو گۆزەکەوە . . ئاوەکە بەرەبەرە سەرکەوت . . تا

گەیشتە لێواری گۆزەکە . . ئەوسا قەلەڕەشەکە، دەنووکی تێنا و، تێر ئاوی

خواردەوە .

(*) منداڵە چاوگەشەکانی کوردستان، ئەو مەبەستانەی کە لەم چیرۆکەدان:

هەوڵدان و کۆڵنەدانە، بیرکردنەوە یە، سەرکەوتنە بەسەر تەنگانەدا .

(*) ئەم چیرۆکە لە نووسینی " ولیەم گاگستۆن " ه

لە زمانی نەرویجییەوە، گۆڕیومەتە سەر زمانی کوردی .

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

نووسەری سەرکەوتووی ئەدەبی منداڵان ... رەزا شوان

ڕه‌زا شوان 28 June 2013

منداڵانی ئەمڕۆ، هیوای دواڕۆژن . . گرنگترین و بەنرخترین سامان و سەرمایەی هەر گەل و وڵاتێکن . . چارەنووس و داهاتووی هەر گەلێک، بەندە بە رادەی گۆشکردن و پەروەردەکردن و ئاراستەکردنی راست و دروستی منداڵە چاوگەشەکانی ئەمڕۆیانەوە .

لە ئەمڕۆدا، رۆشنبیری و ئەدەبی منداڵان، ژمارەیەکی زۆری لە نووسەران و ئەدیبان و دەروونناسان و پسپۆرانی بواری پەروەردە و توێژێنەران و رەخنەگران و میدیاکان و گەلێ دامەزراوە و دامودەزگای جیهانیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردوون .

نووسەری فەرەنسی ( فەرەنسیس ڤیداڵ ) دەڵێ : " نووسەرانی منداڵان، دەتوانن تام و چێژی جیهان بگۆڕن . . بەڵکو دەتوانن جیهان خۆشی بگۆڕن . . "

ئەدەبی منداڵان، بەر لە هەموو شتێ هۆنەر و ئەدەبە . . ئەدەبی منداڵان، بەشێکە لە ئەدەب و، گرنگترین کۆڵەکەیە لە کۆڵەکەکانی رۆشنبیریی منداڵان . . پڕلەئاوترین و بەخوڕترین زێیە لە زێیەکانی رووباری رۆشنبیریی منداڵان .

ئەدەبی منداڵان، شێوازێکە لە شێوازەکانی گوزارشتکردنی هونەری، کە دەستوور و بنەما و رێبازی تایبەتیی خۆی هەیە . . ئەدەبی منداڵان کاریگەرییەکی گرنگ و بەهێزی هەیە لە بنیاتنانی کەسایەتی دروستی منداڵان و، لە وروژاندن و لە گەشەکردنی بەهرە و توانا و حەز و ئارەزووە هەمەچەشنەکانیان . . چونکە ئەدەبی منداڵان، سەرەڕای تام و چێژە ئەدەبییەکەی، چەندین ئامانجی زانیاری و، پەروەردەیی و، رەوشت بەرزی و،  دەروون دروستی و، نیشتمان پەروەری و، کۆمەڵایەتی دەهێنێتەدی .

لەم سەردەمەدا، ئەدەبی منداڵان تەنها هۆیەک نییە بۆ شادی و خۆشنوودیی منداڵان، بەڵکو هۆیەکیشە بۆ داهێنان و بۆ گەشەکردنی رۆشنبیری و، بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی زمانی منداڵان و، بۆ وەرگرتنی زانست و زانیاریی هەمەڕەنگەی نوێ .

لە ئەمڕۆدا، ئەدەبی منداڵان بۆتە پێویستییەکی نیشتمانی و نەتەوەیی . . بووە بە مژدەبەخشی گزنگدانی ئاسۆیەکی رووناکتر و، ئایندەیەکی گەشتر و شیاوتر .

ئەدەبی منداڵان، تەنها چیرۆک و هۆنراوە و سروود و لایلایە و گۆرانی و شانۆ و رۆمان و پەخشان نییە . . بەڵکو هەموو ئەو بابەتانە دەگرێتەوە، کە منداڵان دەیان خۆێننەوە، دەیان بینن، دەیان بیستن، بەمەرجێک لە جیهانی پاک و سنوورداری منداڵییانەوە، نامۆ و دوور و بەدەر نەبن .

رەخنەگری ئەدەبی منداڵان ( لینە گۆڵدبرگ ) دەڵێ : " ئەدەبی منداڵان، ئەو جۆرە ئەدەبەیە ـ پەخشان یا هۆنراوە ـ کە لە ناوەڕۆک و شێوازدا، لەگەڵ توانا و درک و هەستکردنی منداڵانی تا تەمەنی نزیکی سیانگزە ساڵاندا بگونجێت . . شێوازی ئەم ئەدەبەش دەبێ ئاسان و روون بێت، لە گرانی و پڕ لە گرفت دووربێت، بەپێی گەشەکردنیان بێت و، لە توانای تێگەیشتن وەرگرتنی منداڵان دوور نەبێت . . "

لە بارەی بایەخی ئەدەبی منداڵانیشەوە، شاعیری بولـگاری ( ران بوسیـلیک ) دەڵێ : " ئەدەب بۆ منداڵان، وەکو شیری دایک و هەوای پاک وایە، کە پێویستە هەبن . . "

هەر لە بارەی پێویستی و گرنگیی ئەدەبی منداڵانەوە، دکتۆر ( ناسرەدین ئەلئەسەد ) دەڵێ : " ئەدەبی منداڵان، وەکو ڤیتامینەکانە بۆ بیر و هۆش، کە هۆش و ئەندێشە، پێویستیان بە جۆرە جیاوازەکانی هەیە، هەر جۆرێکیش لایەنێکی بیر و هۆش و ئەندێشە مەست دەکات . . "

( دۆن مورایە ) ش دەڵێ : " ئەدەبی منداڵان، کاریگەرییەکی گرنگ و، بایەخێکی جیاوازی لە ژیانی ئەمڕۆ و داهاتوودا هەیە . . "

مێژووی ئەدەبی منداڵان، دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی بوونی مرۆڤ لەسەر زەویدا ـ ئەگەرچی ئەدەبێکی نەنووسراو بووە ـ بەڵام ئەدەبی منداڵان، بەم شێوە سەردەمییە و، لەم فۆرم و بەرگە تازەیەیەدا، دەگەڕێتەوە بو سەدەی حەڤدەیەمین . . لە نووسینی داهاتوومدا، مێژووی ئەدەبی منداڵان بەسەر دەکەمەوە .

گرنگترین بنچینە و ئەو مەرجە بنەڕەتییانەی، کە پێویستە نووسەری سەرکەوتووی ئەدەبی منداڵان بیانزانێ و، لەکاتی نووسینی هەر بابەتێکدا بۆ منداڵان لە بەرچاویان بگرێت، بە کورتی لەم خاڵانەی خوارەوەدا، ریزبەندمان کردوون :

یەکەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان، بەر لە هەموو شتێک، دەبێ ئەوە بزانێت کە بۆ منداڵان دەنووسێت و، پەیامەکەی ئاراستەی ئەوان دەکات . . دەبێت لە خەسڵەتەکانی قۆناغەکانی گەورەبوون و، لە تایبەتمەندییەکانی جیهانی منداڵان لانەدات .

دووەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان، پێویستە بایەخێکی زۆر بە لایەنی پەروەردەی سایکۆلۆژیای منداڵان بدات . . بەڵکو پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان پەروەردەکار بێت و، شارەزاییەکی باشی لە پەروەردەی نوێدا هەبێت، چونکە گرنگترین ئامانجی ئەدەبی منداڵان، پەروەردەکردنی دروستی منداڵانە . . وەکو دەڵێن :

" منداڵان خۆشەویستن . . بەڵام پەروەردەکردنیان خۆشەویسترە . . "

سێیەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان، پێویستە شارەزاییەکی باشی لە قۆناغەکانی گەورەبوون و گەشەکردنی منداڵان و لە نیشانەکانیان هەبێت . . ئەم شارەزاییەشی توانای ئەوەی پێ دەبەخشێت، کە بۆ هەر قۆناغێکی منداڵی، چ بیرۆکەیەک بکات بە هەوێنی بابەتەکانی، بە چ شێوازێک بابەتەکانی دابڕێژێت، چ جۆرە وشە و رستە و زمانێکی ساکار و گونجاو هەڵبژێرێت . . چونکە هەر قۆناغێک لە قۆناغەکان جیاوازن و، تایبەتمەندی و پێویستی و پێداویستیی خۆیان هەیە . . رادەی بڕکردنی بیر و هٶش و ئەندێشە و، رووبەری ئاسۆی بیرکردنەوە و، توانای رۆشنبیریی خۆیان هەیە .

چوارەم : کاری هونەری و کاری پەروەردەی دەروونی، دوو چمکی ئەدەبی منداڵانن، یا بڵێین هەردوو باڵی ئەدەبی منداڵانن . . ئەگەر باڵێکیان لە دەست بدات، دەکەوێ و ناتوانێت بفڕێت . . بۆیە پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان، هاوسەنگییەک لە نێوان ناوەڕۆک و فۆرمدا دروست بکات . . هیچ لایەنێکیان فەرامۆش نەکات و، نەیکات بە قوربانی لایەنەکەی تریان .

پێنجەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان، نابێت خۆی راداو و، باڵادەستی و فەنتازی خۆی لە نووسینەکانیدا دەربخات و، چی دەوێت و چۆنی دەوێت و، بە هەوەس و بە میزاجی خۆی بنووسێت، بەڵکو پێویستە بیر لەوە بکاتەوە، کە منداڵان چییان دەوێت و، چیان پێخۆشە و، خولیا و تامەزرۆی چین و، تام و چێژ لە چ جۆرە بابەتێک وەردەگرن .

شەشەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان، پێویستە نووسینەکانی، بە شێوازێکی ئاسان و، بە زمانێکی پەتی و، ناسک و شیرین و، روون و رەوان دابڕێژێت . وشەکانی سادە و ساکاربن و، رستەکانی کورت تەڕ و پاراوبن و، لە فەرهەنگی زمانی منداڵانەوە وەریان بگرێت . . بیرۆکەی نووسینەکانی بێ گرێ و گۆڵ بن و، وشک نەبن و، گرێ کوێرە و پێچ و پەنایان تێدا نەبن . . پێویستە لە ئاستی هۆش و گۆش و بیر و ئەندێشە و توانای منداڵاندا بن . . نووسینەکانی لە جیهانی پاک و سادە و ساکاری منداڵانەوە دوور نەبن . . کە جیهانی وەنەوشەیی پڕ لە خولیا و هیوا و خەونی سەوز و شیرینە، لەو بابەتانەبن کە سۆز و خۆشەویستی بخەنە دڵە قنجەکانیانەوە و، زاخاوی بیر و هۆشیان بدەن و، هیوای ژیانێکی خۆشتر و، ئایندەیەکی باشتر و گەشتر بخەنە دڵیانەوە . . ئەگەر نووسینەکانی وانەبن، منداڵان لێیان لووتەلا دەبن و بە ئەدەبی خۆیان نازانن . . بۆیە نووسەری ئەدەبی منداڵان، ئەگەر بیەوێت لە نووسینەکانیدا سەرکەوتووبێت . . پێویستە ئەو راستییانە لەبەرچاوبگرێت .

حەوتەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان، پێویستە رەچاوی جیاوازییەکانی نێوان منداڵان بکات، چ لە رووی تەمەنەوە، لە ئاستی رۆشنبیری و وەرگرتنەوە، لە رووی شوێن و ژینگەوە . بۆ نموونە : ئاستی رۆشنبیری و توانای وەرگرتنی منداڵانی تەمەن حەوت و نۆ ساڵان، لەگەڵ توانا و ئاستی رۆشنبیریی منداڵانی تەمەن یانگزە و، دوانگزە ساڵاندا، وەکو یەک نین و جیاوازیان هەیە . . هەروەهاش ئاستی زانین و رۆشنبیریی منداڵانی گوندنشینی ژینگە کشتوکاڵی و کۆمەڵایەتی تەسک و سنووردار، ناگاتە ئاستی رۆشنبیریی منداڵانی شارنشینی پێشکەوتووی شارستانیی ژینگەبڵاو و بەختەوەرتر .

هەشتەم : سەرەڕای بوونی بەهرە و توانای باشی ئەدەبی، پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان، شارەزایەکی باشی بواری دەروونزانی منداڵان بێت . . ئەوە بزانێت کە منداڵان هۆگری چین . . دەبێ نووسەری منداڵان، هیوا و خەون و خەیاڵ و ئارەزووەکانی منداڵان بقۆزێتەوە و، ببن بە ئیلهام بۆ بابەتی نووسینەکانی .

نۆیەم : هەر وەکو چۆن بەرد و برونز کەرستەی پەیکەرن، رەنگەکان کەرستەی وێنەن، دەنگەکان کەرەستەی موزیکن . . هەروەهاش زمان گرنگترین کەرەستەی دەربڕین و گوزارشتکردن و گەیاندن و نووسینە . . بەڵام زمان کەرەستەیەکی رەق و مردوو نییە کە نەتوانرێت دەستکاری بکرێت . . زمان لە داهێنانی خودی مرۆڤە، لەگەڵ پێشکەوتن و گەشەکردن و داهێنانی نوێدا . . زمانیش گەشە دەکات و پێش دەکەوێت و، وشەی تازە لەدایک دەبن . . پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان، تا رادەیەکی باش شارەزای زمان و رێزمانی زمانی گەلەکەی بێت . . بە تایبەتیش زمان و فەرهەنگی منداڵان . . شارەزای وشەسازی و جوانسازییەکانی زمانەکەی بێت . . چونکە بە هۆی شارەزایی و توانای زمان پاراوییەوە، نووسەری ئەدەبی منداڵان، دەتوانێت بە جوانترین شێوە و لە فۆرمێکی رازاوەدا، نووسینەکەی پێشکەش بە منداڵان بکات . . ناوەڕۆکێکی باش، لە فۆرمێکی خراپدا، نووسین بێ پێز و لاواز دەکات و دەمرێت .

لە رێی ئەدەبی منداڵانیشەوە، فەرهەنگی زمانی منداڵان رەنگینتر ودەوڵەمەنتر دەبێت . منداڵان بە هۆی زمان پاراویشەوە، دەتوانن باشتر و جوانتر گوزارشت لە بیر و هزر و ئەندشە و، لە سۆز و خۆشی و خۆشەویستیی خۆیان بکەن .

دەیەم : بەپێی پێوەرەکانی جوانسازی، بە جوانی داڕشتن و، رازانەوەی بابەتی نووسینەکان ـ هۆنراوە بن یا چیرۆک و شانۆ و پەخشان ـ کاریگەرییان لەسەر هۆگربوون و وروژاندنی حەزی خوێندنەوە و گوێگرتن و سەیرکردنی منداڵان هەیە . . ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە، نووسەری ئەدەبێ منداڵان ناوەڕۆک بکات بە قوربانی فۆرم و تەکنیکی داڕشتن و جوانسازی . . پێویستە هاوسەنگییەک لە نێوانیادا دروست بکات . . شاعێرێک دەڵێ : " تا ئەمڕۆش نازانم، چۆن ئەدەب دەتوانێت لە خەمەکان شتی جوان دروست بکات . . "

هەر ئەم نهێنییەشە، هەندێ چیرۆک و هۆنراوە هەن، کە چەندین ساڵ بەر لە ئێستا وتراون و نووسراون کەچی تا ئەمڕۆش تام وچێژی خویان لە دەست نەداون و منداڵان لە گوێگرتن و لە خوێندنەوە ولە دووبارەکردنەوەیان بێزارنابن .

یانگزەیەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان، دەبێ ئەوە بزانێت کە منداڵانی ئەمڕۆ منداڵانی دوێنی و پێرێ نین . . منداڵانی ئەمڕۆ زۆرزانتر و بلیمەتر و چاوکراوەترن . . منداڵانی سەردەمی داهێنانی شتی سەیر و سەمەرن، سەردەمی ئینتەرنێت و، گۆشکردووی پەروەردەی نوێن . . وەکو ( کۆنفۆشیۆس) دەڵێ :                      " منداڵانمان، منداڵانی چاخی ئێمە نین . . منداڵانی چاخی خۆیانن . . " . .        ئەدەبی منداڵانیش نەچەقیوە و ریچکەی کۆنی شکاندووە و . . لە گۆڕانکاری و هاوچەرخی و پێشکەوتندایە . . بۆیە نووسەری ئەمڕۆی ئەدەبی منداڵانیش، نابێت لاسایی شێوازی کۆن بکاتەوە، رێبازی تەڵقین ئاسایی بەسەرچوو، کە لە شێوەی فەرمان پێ کردن و ئامۆژگاریی وشکدا بیرۆکەی بابەتەکانی دادەڕشت . . شوورەی درکەزێی بە دەوریاندا دەکێش . . پێویستە سەردەمییانە بیربکاتەوە و، نووسینەکانی لە ئاستی خواست و رۆشنبیری و پێویستییەکانی، منداڵانی ئەم سەردەمەدا بن .

ئەمەو پێویستە، نووسینەکانی دووربن، لە شەڕانگێزی و شەڕخوازی، لە توندوتیژی و زەبر و زەنگ و لە ترس و تۆقین، لە رەشبینی و هیوابڕان و نائومێدی، لە فروفێڵ و تەڵەکەبازی، لە درۆ و دەلەسە و لەخشتەبردن، لە رق و کینە و بوغز، لە دژایەتی و دوژمنایەتی و تۆڵەسەندنەوە، لە ستەمکردن و زۆرداری و ئازاردان و بێ بەزەیی و چەوساندنەوە، لە چەقاوەسوویی و بێ رێزی و بەدڕەوشتی و، . . . هتد . بەڵکو بە پێچەوانەی ئەم خەسڵتە نێگەتیڤانە . . پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان، بە پرانسیپ و بەها جوانەکان و، بە رەفتاری باش و کاری خێرخوازی و، بە پاکی و راستگۆیی و، بە باوەڕبەخۆبوون و گەشبینی و، بە ژیری و هیواخوازی و تێکۆشان و کۆڵنەدان و، ئازادیخوازی و نیشتمان پەروەری و مرۆڤ دوستی و هاوڕێتی و یەکسانی و، بە دڵسۆزی خۆنەپەرستی و، . . . هتد . لە رێی نووسینەکانییەوە، منداڵانی ئەمڕۆمان گۆش و پەروەرە بکات . . بەزمانێکی نەرم و شیرینی لە گەزۆش شیرنتر، لەگەڵیاندا بدوێت . . تا ببنە تاکی سەرکەوتووی خێرەوەدەر و، کۆمەڵگایەی باش و دروست و بەختەوەریان لێ بێتە کایەوە . . پێویستە ئەدەبی منداڵان لە پێناوی هێنانەدیی ئەم ئامانجە پیرۆزەدا بێت.

( مەکسیم گۆرگی ) دەڵێ : " دەتوانین بە زمانێکی شیرین و گونجاوی . . دوور لە شێوازی راپورتەزانیاری، بە راشکاوی بۆ منداڵان بدوێین . . "

دوانگزەیەم : لایەنی نيشتمان پەروەریی و سۆزی نەتەوەیی و، دڵسۆزی و ئێنتیمابوون بۆ نیشتمان و، رێزگرتن لە مرۆڤ و، دوستایەتی و پێکەوە ژیان و یەکتری قبۆڵکردن و، رێزگردن لە سەروەریی یاساکان و، زانین ئەرک و مافەکان، داکۆکیکردن لە راست و رەوا، لە ئامانجەکانی ئەدەبی منداڵانن . . پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان، لە نووسینەکانیدا ئەو ئامانجانە فەرامۆش نەکات و . . نووسەر خۆشی ببێ بە پێشەنگ و، بە نموونەنەیەکی باش لەم رووەوە .

سیانگزەیەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان، پێویستە لە نووسینەکانیدا بێ لایەن بێت و، لەژێر کاریگەریی هیچ ئایدیایەکی مەبەستداری سیاسیدا نەبێت . . بۆ بەرژەوەندییەکی تەسکی سیاسی، منداڵانی ساویلکە و دڵپاک، چاوبەست بکات و لاڕێیان بکاتەوە .

چواردەیەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان، پێویستە رۆشنبیرێکی گشتیی باش بێ و، خوێنەرێکی بابەت هەمەڕەنگەی هەمیشەش بێت . . بە تایبەتیش زیاتر ئەو بابەتانە بخوێنێتەوە، کە پەیوەندییان بە رۆشنبیری و ئەدەب و پەروەردەکردنی منداڵانەوە هەیە . . داهێنەر بێت و، بیر لە داهێنان بکاتەوە . . وێڵی دوای بابەتی تازە بێت .

پانگزەیەم : پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان، زۆر دڵنیابێت لە دروستی و راستیی بیرۆکە و ناوەڕۆکی نووسینەکەی . . دڵنیابێت لە راستیی هەر وشە و رستەیەک، کە دەینووسێت . . چونکە هەر هەڵە و ناراستییەکی زانیاری و پەروەردەیی و ئەدەبی و زمانەوانی، لە هۆش و بیر و ئەندێشەی منداڵاندا دەچەسپێن و، راستکردنەوەیان ئاسان نابێت . . ئەو هەڵانەش لەسەر نووسەری منداڵان زۆر دەکەون و، ئۆباڵی وەرگرتنی ئەو زانییارییانەش بە هەڵە، لە لایەن منداڵانەوە، لە ئۆباڵی نووسەری ئەدەبی منداڵاندایە و . . داوای لێبووردن و پاکانەکردنیشی بێ هوودەیە .

شانگزەیەم : نابێت نووسەری ئەدەبی منداڵان، جیاوازی لە نێوان کچان و کوڕاندا بکات و، تەنها کوڕان یا کچان بکات، بە پاڵەوان و کەسایەتی و کارئەکتەرەکانی نووسینەکانی . . بەڵکو پێویستە هەست و گیانی یەکسانی و هاومافی و هاوئەرکی و هاوکاری و هاوڕێزی و خۆشەویستی و خوشک و برایی لە نێوانیاندا بسەپێنێت .

حەڤدەیەم : پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان، بە دڵێکی فراوانەوە، ئەو رەخنە و سەرنج و تێبینییە ئەدەبییانە وەربگڕێت، کە لە نووسینەکانی دەگرن . . گەشە بە لایەنە باشەکانی خۆێ بدات و . . هەڵەکانیشی راست بکاتەوە و دووبارەیان نەکاتەوە .

هەژدەیەم : پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان، لە رێی نووسینەکانییەوە، پردێکی خۆشەویستی لە نێوان خۆی و منداڵاندا دروست بکات . . تا بچێتە دڵی منداڵانەوە و، هۆگر و ئاشنای نووسینەکانی ببن .

نۆزدەیەم : پێویستە نووسەری ئەدەبی منداڵان، ئەوەش بزانێت، کە بە چ هۆیەکی گەیاندنەوە، نووسینەکانی بە منداڵان دەگەیەنێت . . لە رێی کتێب و گۆڤاری چاپکراوەوە، لە ڕێی راگەیاندنی بینراوەوە ( تەلەفزیۆن ) . . لە رێی نواندن لەسەر تەختەی شانۆ، لە رێی سیدی و کاسێتەوە . . یا هەر هۆیەکی تر بێت، چۆنکە هەریەکە لەو هۆیانە، کومەڵێک مەرجی هونەری و پێویستیی تەکنیکیان هەیە . . مەرجەکانیش بە پێ جۆرەکانی نووسین بۆ منداڵان دەگونجێنرێن . . ئایا نووسینەکەی هۆنراوەیە، چیرۆکە، شانۆیە، زنجیرە درامایە . . یا هەر بابەتێکی تر بێت .

بیستەم : نووسەری ئەدەبی منداڵان، نابێت بیر لە دەسکەوتی مادی وسوودی تایبەتیی خۆی بکاتەوە، کە لە ڕێی نووسینی بابەتی ئەدەبی منداڵانەوە بەدەستی بهێنێت .

لە کڵاورۆژنەی ئەو مەرج و پێوەر و بنەڕەتییانەی سەرەوە، کە پێویستە لە نووسەری سەرکەوتووی ئەدەبی منداڵاندا هەبن . . کەواتە بواری ئەدەبی منداڵان، بوارێکی هێندە ئاسان نییە، هەر پێنووس بەدەستێک رووی لێبکات و خۆی تاقی بکاتەوە، بتوانێت بە ئاسانی سەرکەوتن بە دەست بهێنێت، رووبارێکی هێندە تەنک و ئارام نییە، هەر خۆبەمەلەوانزانێک خۆی بخاتە ناوی، دەتوانێت بە هێمنی و ئاسانی مەلەی تێدا بکات و لێی بپەڕێتەوە .

دەشێ نووسەرێکی سەرکەوتووی بواری ئەدەبی گەورەکان بێت . . بەڵام لە بواری ئەدەبی منداڵاندا سەرکەوتوو نەبێت . . ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نابەڵەدیی لە بواری پەروەردە و دەروونناسی و، تایبەتمەندییەکانی قۆناغەکانی پێ گەیشتنی منداڵان و، نەشارەزایی لە پرانسیپ و لە بنچینەکانی ئەدەبی منداڵان و، نابەڵەدیی لە خواست و خولیا و ئارەزوو و هیوا و خەونەکانی منداڵان .                       بە داخەوە، لە ژێر ناوی ( بۆ منداڵان ) دا، نووسینێکی زۆری کالوکرچ و بێ تام و چێژ و لاواز، بڵاوکراونەتەوە یا بڵاودەکرێنەوە، بەڵام لە راستیدا بەشێکی زۆری ئەو نووسینانە، لە بیر و ناوەڕۆک و فۆرمدا، نە بۆ منداڵان دەشێن و، نە منداڵانیش بە نووسینی خۆیانیان دەزانن .

هەندێک پێیان وایە، پێویستە نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، دابەزن بۆ ئاستی منداڵی و خۆیان بکەنەوە بە منداڵان . . من لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نیم . . چونکە ئەوان گەورەن و قۆناغی منداڵییان بەجێهێشتووە . . ناتوانن جارێکی کە، وەکو منداڵان ئاسایی رەفتار و گوزارشت بکەن . . ئەمە وەکو ئەوە وایە، کە گەورەیەک یارییەکی منداڵان بکات . . لە بەرچاوی منداڵاندا، دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕی و پێکەنین . . چونکە نە یارییەکەی لێ دێت و، نە لاسایی کردنەوەکەشی لە رەفتاری سروشتیی منداڵان دەچێت .

دەربارەی ئەدەبی منداڵانی کورد، من تا ئێستا بە زمانی کوردی و بە عەرەبی، پێنج نووسینم لە گۆڤار و ماڵپەرەکاندا بڵاوکردۆتەوە . . بە نیازم لە دەرفەتێکی تردا، چەند سەرنج و رایەکی ترم، دەربارەی رەوتی ئەدەبی منداڵانی کورد بخەمەڕوو .

نەرویج : ٢٥ / ٦ / ٢٠١٣

 

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

رۆشنبیریی مـنداڵان ـــ رەزا شوان ــ نەرویج

ڕه‌زا شوان 07 June 2013

وشەی ( رۆشنبیری ) لە زمانی شیرینی کوردیماندا، هاومانای وشەی ( کولتوور )ه لە زمانەکانی ئەوروپادا .

شارەزایانی بواری زمان دەڵێن : " رۆشنبیری، بریتییە لە زەینتیژی و، زیرەکی و، بلیمەتی و، زۆرزانی و، دانەمان " .

وەکو زاراوەش، رۆشنبیری بریتییە لە شارەزایی گشتی لە زانست و زانیاری و، لە هونەر و، لە کەلەپوور و، لە شێوازی باوی ژیان و، لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و، لە چاکسازی و لە گۆڕانکارییەکانی سەردەم .

رۆشنبیری، بەرهەمی ساڵێک و دوو ساڵ نییە، بەڵکو بەرهەمی کۆشس و چالاکییە هەميشەییە لێکدانەبڕاوەکانی مرۆڤە، کە بە درێژایی قۆناغەکانی مێژوو . . نەوە لە دوای نەوە بۆ یەکتریان گواستۆتەوە . . هەر نەوەیەکیش کومەڵێک دەستکاریان کردووە و کۆمەڵێک شتیان لە رۆشنبیریی نەوەی پێش خۆیان لابردووە و، کۆمەڵێک بابەتی تازەی پەسەند و پێویستی تریان خستۆتە سەری و . . بەرگێکی نوێیان لەبەرکردووە .

بنیاتنانی رۆشنبیری لە بنیاتنی قەڵایەکی بەرز دەچێت، کە هەر بەردێکی بۆ زیاد بکرێ قەڵاکە بەرزتر دەبێ و، هەر بەردێکیش لەو بەردانە، شوێنێکی گرنگیان لە قەڵاکەدا هەیە . . هەر بەم شێوەیەش قەڵای رۆشنبیری، بە چین لەسەر چینی رۆشنبیری، بەرز بۆتەوە، تا زانست و زانیاریی زیاتری بخەینە سەر بەرزتر و بەرزتر دەبێتەوە . . قەڵای رۆشنبیری، قەڵایەکی بەردین نییە، قەڵایەکی بنیاتنراوە لە زانست و زانیاری و،  لە هونەر و، لە رۆشنبییریی گشتی، کە زادەی بیر و ئەندێشەی رۆشنبیرانە .

هەردەميش رێز لەو راستییە دەگرین، کە ئەمڕۆمان لەسەر پەرگەمای دوێنێمان چنراوە . . سبەینێشمان درێژەدەری ئەمڕۆمان دەبێت . . بەڵام نە ئەمڕۆمان وەکو دوێنێمانە و . . نە سبەینێشمان وەکو ئەمڕۆمان دەبێت . . چونکە مرۆڤ هەردەم چاوی بڕیوەتە بەرهەم و وەدەستهێنانی زیاتر و باشتر و تازەتر و مۆدێرتر . . گەر وا نەبوایە ژیان دەچەقی و گۆڕانکاری و داهێنان نە دەهاتنە کایەوە . . چەقین و وەستانیش مردن و کۆتاییە .

هەر رۆشنبیرییە، مرۆڤی لە ئاژەڵەکانی تر جیاکردۆتەوە . . ئاژەڵەکان لە بوونیانەوە لەسەر زەوی و لە ناو ئاودا، تا ئەمڕۆ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە ژیان و گوزەرانیاندا روویان نەداوە، کە شایەنی باسکردن بن . . بەڵام مرۆڤ بە بیرکردنەوە و بە هەوڵ و کۆششی لە شۆڕشێکی پێشکەوتن و داهێنانی هەميشەییدایە . . بۆ باشکردنی ژیانی و، خۆشترکردنی گوزەرانی، بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی و ئاسانکاری لە شیواز و رێبازی ژیانیدا . . بۆیە مرۆڤ بە ( گیانەوەرێکی رۆشنبیر ) ناودەبرێت .

هەر کۆمەڵگەیەکیش، خاوەنی رۆشنبیریی خۆیەتی و، جیاوازە لەگەڵ رۆشنبیریی کۆمەڵگەیەکی تر . ئەم جیاوازییەش بۆ جیاوازی لە نێوان توخم و رەچەڵەکی نێوان مرۆڤەکانی کۆمەڵگەکە ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ زیادی و کەمی لە چەند و لە چۆنییەتی رۆشنبیری دەگەڕێتەوە . . بۆ شێواز و گواستنەوەی رۆشنبیری لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بۆ نەوەی دوای خۆی دەگەڕێتەوە . . بەڵام سەرەڕای ئەم جیاوازییانەش، لە ئەمڕۆدا بە هۆی جیهانگیری و، پەیوەندی و لە یەک نزیک بوونە . . کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش و لە یەکچوونی رۆشنبیری لە نێو گەلاندا هەن . . جیاوازییەکانیش تا دێت کەمتر دەبنەوە .

رۆشنبیری بە گشتی، بریتییە لە فێربوون و، لە وەدەستهێنانی زانست و زانیاریی هەمەچەشنە و، شارەزایی مرۆڤ لە بارەی شێوەی ژیان و، لە بیر و باوەڕ و، لە هەست و نەست و، لە ئاراستە و ئایدۆلۆژیی مرۆڤ، لە وەرگرتن و لە بەخشین .

کە دەڵێین : فڵانە کەس رۆشنبیرێکی شارەزا و بە توانا و باڵادەستە . واتا شارەزای بواری زانست و زانیاری و ئەدەب و هونەر و لایەنەکانی تری ژیانە . . ئاگای لە گۆڕان و تازەگەری و پێشکەوتن و داهێنان هەیە . . دەتوانێت بە جوانی و دروستی گوزارشت لە را و بۆچوونەکانی خۆی بکات و، تاوتۆیی بارودۆخەکان بکات و، تا رادەیەکیش توانای بۆچوون و پێشبینی کردنی لە گۆڕان و رووداوەکانی داهاتوودا هەبێت . . ئەمانە و کۆمەڵێک پێوەری رۆشنبیریی تر هەن،  بۆ دانان بە ڕۆشنبیریی هەر کەسێکدا .

بابەتی رۆشنبیری گشتی، بابەتێکی فراوان و بەربڵاوە . . باسکردن و شیکردنەوەی، بە قووڵی و تەسەلی، کاری شارەزا و تۆژێنەر و پسپۆرانی ئەم بوارەیە .

من لە رێی ئەم کورتە پێشەکییەی سەرەوە . . ویستم بێمە سەر باسی رۆشنبیریی منداڵان . . کە بە کورتی و چڕی سەرنجی خۆم لەم بارەیەوە دەخەمەڕوو .

 

لەم روانگەیەوە کە، ( منـداڵان بەشێکن لە ئەمـڕۆ و . . هەمـوو ئایـندەشن . . )

قۆناغی منداڵی، گرنگترین و، ناسکترین و، هەستیارترین قۆناغە، لە دروستکردنی کەسایەتی منداڵدا . . زۆربەی تۆژێنەران و دەروونناسانی منداڵان، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە پێنج ساڵی یەکەمی تەمەنی ژیانی منداڵ، بە پیترین و گرنگترین قۆناغی منداڵییە . . هەر لەم قۆناغەدا سیماکانی کەسایەتی منداڵ دەردەکەون و، پێشبینی چۆن کەسایەتییەکی داهاتووی لێدەکرێت .

شایانی باسیشە، لە ئەمڕۆدا پەروەردە بریتی نییە، لە تەنها فێرکردنی زانست و زانیاری . . بەڵکو ئەم سنوورەی تێپەڕاندووە و، هەموو ئەو لایەنانە دەگرێتەوە، کە پەیوەندیان بە ژیانی منداڵەوە هەیە . . بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە بەرز بێتەدی کە پەروەردە خوازیارێتی . . لەم رووەوە، جۆن دێوی دەڵێ : " منداڵ ئەو خۆرەیە، کە هەموو دامودەزگا پەروەردەییەکان، بە دەوریدا دەسووڕێنەوە . . "، هەروەها سیمۆنز دەڵێ : " پەروەردەکردنی منداڵ، بیست ساڵ بەر لە دایکبوونی دەست پێدەکات . . " مەبەستی سیمۆنز، لە پەروەردەکردنی دایک و باوکی منداڵە، کاتێ کە ئەوان منداڵ بوون و پەروەردە کران، ئێستاش نۆرەی ئەوانە کە منداڵەکانیان پەروەردە بکەن .

 

بەداخەوە، بە رادەی ئەو گرنگییەی قۆناغی منداڵی، وەکو پێویست ئاوڕێکی تەواو لە منداڵان نەدراوەتەوە . . تا ئەمڕۆش لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، بەشێکی زۆری منداڵان لە مافەکانیان بێبەشن و پێداویستییەکانی گەشەکردن و پێشکەوتن و ژیانێکی ئاساییان بۆ دابین نەکردوون . . بە هەژاری و کوێرەوەری و هەناسەساردی دەژین .

 

رۆشنبیریی منداڵان، بەشێکی گرنگە لە رۆشنبیری گشتی . . بەڵام رۆشنبیریی منداڵان تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونکە منداڵان لە رووی جەستەیی و بیر و هۆشەوە، توانا و ئاستێکی دیاریکراویان هەیە . . منداڵان خاوەنی فەرهەنگی زمانی ساکاری خۆیانن . . شێوازێکی تایبەتیی خۆیان هەیە لە گوزارشتکردن و دەربڕینی هەست و سۆزیان . . رێگای خۆیان هەیە بۆ وەدەستهێنانی پێداویستیەکانیان . . بە کورتی ئەوان خاوەنی جیهانی تایبەتیی خۆیانن، کە لەگەڵ جیهانی گەورەکاندا جیاوازی هەیە.

 

رۆشنبیریی منداڵان، بریتییە لە تێکەڵەیەک لەو شتانەی کە لە دایک و باوک و لە خێزانەکانیانەوە، یا لە باخچەی ساوایان و قوتابخانەکانیانەوە وەری دەگرن، لەو داب و نەریتەی پێیان دەگا و چاوی لێدەکەن، لەو زانست و زانیارییانەی وەری دەگرن، لە کارتێکردنی هونەر، لەو شتانەی کە باوەڕیان پێی هەیە، لە سەرنج و تێڕوانین و، لە تاقیکردنەوەکانی ژیانی خۆێان .

رۆشنبیریی منداڵان، گرنگترین شیواز و کۆڵەکەی پەروەردەییە، بۆ گەشەکردن و پێشخستنی بیر و ئەندێشەی منداڵان، بۆ ورووژاندنی تواناکانی ناخی دەروونیان .

بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵی، رۆشنبیریی منداڵان، لقی لێدەبێتەوە و، بێگومان ئاستی رۆشنبیریی منداڵێکی تەمەن پێنج و شەش ساڵان، وەکو ئاستی رۆشنبیریی منداڵێکی تەمەن نۆ و دە ساڵان نییە . . چونکە جیاوازییان لە تەمەن و جەستە و لە بیر ئەندێشە و، لە زماندا هەیە . . جیاوازیان لە توانای فێربوون و وەرگرتن و بەخشیندا هەیە . . جیاوازیان لە دەربڕین و گوزارشتکردندا هەیە . . کەواتە ئاستی رۆشنبیریشیان لەگەڵ تەمەنەکانیادا دەگونجێت .

ئەمڕۆ گەلە پێشکەوتووەکان و تازەگەشەکردووەکان، بایەخێکی زۆر بە رۆشنبیریی منداڵان دەدەن، چونکە لەو راستییە دڵنیان، کە هیوا و ئامانج و خواستەکانیان و، دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی شیاوتر، لە سایەی پەروەردەکردن و رۆشنبیریکردنی دروستی منداڵانی ئەمڕۆدا دێنە دی . . منداڵانی ئەمڕۆن دەبنە بەڕێوەبەری دەهاتوو .

بۆ دەستەبەرکردنی ئینتیمای منداڵان، بۆ بەهێزکردنی گیانی بەرپرسێتیان، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی دروست و باش لەگەڵ ئەم سەردەمە جەنجاڵەدا، هەڵبکەن و دەربەرن، بۆ ئەوەی بۆ ئایندەیەکی گەشتر و باشتر ئامادەبکرێن . . پێویستە پێداویستییەکانی گەشەکردن و پێشکەوتنی توانا و بەهرە و ئارەزووەکانیان بۆ دابین بکەین . . بە چاوێکی پڕ لە رێزەوە لە هەوڵ و چالاکییەکانیان بڕوانین . . هەمیشە پاڵپشت وهاندەریان بین و، خۆشەویستیی خۆمانیان پێ ببەخشین .

دەبێ ئەوەش لەبەرچاوبگرین، کە منداڵانی ئەمڕۆ، منداڵانی سەدەی بیستەمی رابردوو نین . . منداڵانی ئەمڕۆ لە سایەی پێشکەوتن و داهێنانی سەیر و سەمەرەی تەکنۆلۆژیای تازەوە . . بە هۆی زۆربوونی میدیا و کتێبی رەنگاوڕەنگەوە . . بە هۆی ئینتەرنێتەوە . . رۆشنبیرتر، زۆرزانتر، چاوکراوەتر بوونە . . ئاسۆی بیر و ئەندێشەیان رووناکتر و فراوانتر بووە . . فەرهەنگی وشە و زمانیان دەوڵەمەنتر بووە . . پێداویستییەکانیان زیاتر بوونە . . خەون و هیواکانیان گەورەتر بوونە . . بۆیە پێویستە گۆڕانکاری لە شێواز و لە رێباز و لە هۆکانی پەروەردەکردن و رۆشنبیریکردنی منداڵان بکرێن . . منداڵان تا رۆشنبیرتربن، زانیاری و زانستی زیاتر وەردەگرن و، باشتر گوزارشت لە هزر و لە ناخی خۆیان دەکەن و، زیاتریشمان پێ دەبەخشن .

 

ئەگەرچی چاودێریکردن و بایەخدان و هاندان و رۆشنبیریکردنی منداڵان، ئەرکێکی گشتییە و، لە ئەستۆی هەموو لایەنەکاندایە . . بەڵام چوارلایەن هەن کە گەورەترین لایەنی بەرپرسن و، زیاتر کاریگەرییان لە پەروەردەکردن و، لە رۆشنبیریکردنی منداڵاندا هەیە . . ئەم چوار لایەنەش : خێزان، قوتابخانە، میدیا و راگەیاندن، ژینگەی کۆمەڵایەتی . . چونکە منداڵان، قۆناغی منداڵییان لە سایەی ئەم لایەنانە بەسەردەبەن . . بۆیە هەریەکەش لەم لایەنانە شوێن پەنجەیان لە پەروەردەکردن و رۆشنبیریکردنی منداڵاندا دیارە و . . رەنگدانەوەی راستەوخۆیان لە رەوشت و رەفتار و هەڵسوکەوت و، لە بیرو بۆچوون و، لە ڕێڕەوی ژیانی ئەمڕۆ و، لە داهاتووی منداڵاندا هەیە .

 

وڵاتە پێشکەوتووەکان، بەر لە منداڵ بوون، زۆر بایەخ بە رۆشنبیریکردنی دایکان و باوکان دەدەن، تا بتوانن منداڵی رۆشنبیر و تەندروست پێبگەیەنن . . ئەلبێرت هۆبارد دەڵێ : " ئەگەر دەتەوێ منداڵی ژیر و زرنگت هەبێت، زانا و رۆشنبیربە . . "

 

      گرنگترین کۆڵەکەکانی رۆشنبیریی منداڵان

یەکەم : خێزان، خێزان بناغەی پێکهێنانی کۆمەڵە . . خێزان، بە یەکەمین و گرنگترین کۆڵەکەی رۆشنبیریی منداڵان دادەنرێ . . خێزان بەرپرسیارێتییەکی گەورە و گرنگی لە ئەستۆدایە، ئەویش گۆشکردن و، بە دروستی پەروەردەکردن و، رێنماییکردن و، ئاراستەکردنی راستی منداڵانە . . ئەرکیانە کە بایەخ بە گەشەکردنی بەهرە و تواناکانی منداڵەکانیان بدەن، فێریان بکەن بۆ وەرگرتنی زانست و زانیاری . . مندااڵان بە زۆری لە خێزانەکانیانەوە فێری خوو و رەوشتی باش و بەرز دەبن . . بۆیە دەبێ دایکان و باوکان، ببن بە پێشەنگ و بە نموونەی باش بۆ منداڵەکانیان .

دووەم : کتێب کتێبخانە، خوێندنەوە بووە بە یەکێک، لە هەرە پێویستییەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە . . کە لە دوای هەڵمژینی هەوای پاک و خواردن و خواردنە و نووستن و یاری کردن، ریزبەندی دێتە سەر خوێندنەوە . . پێویستە هەر لە منداڵییەوە، منداڵەکانمان بۆ خوێندنەوەی کتێب و گۆڤاری هەمەجۆرە هان بدەین . . تا رابێن و خوو بە خوێندووەوە بگرن . . چونکە خوێندنەوە گرنگترین هۆی فێربوون و وەرگرتنە، یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی رۆشنبیریی منداڵان . . ئەمڕۆ لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، لە هەر شار و شارۆچکە و گوندێکدا، لە هەر گەڕەکێکدا، لە هەر ماڵێکدا، کتێبخانە هەیە و، پڕن لە کتێب و گۆڤاری هەمەڕەنگە بۆ منداڵان . . بەڵکو لە ژووری نووستنی منداڵەکانیشیاندا کتێبخانەی قنج هەیە و، ئەو کتێبانەیان تێدایە کە بۆ قۆناغەکانی منداڵی دەشێن . . لەم رۆژانەدا ( چنوور )ی کچم، کە لە وڵاتی نەرویجە، کچێکی هەیە کە ناوی( مریەم ) ە، تازە تەمەنی بووە بە ( دە مانگ ) . . بۆ کونترۆڵکردنی تەندروستیی ئاسایی، بردبووی بۆلای پزیشکی منداڵانی تایبەتی خۆی، پزیشکەکە پێی وتبوو، پێویستە لە ئەمڕۆوە، کۆمەڵێک کتێبی وێنەداری ئاژەڵ و گیانەوەری تری بۆ بکڕیت . . وێنەکانی پێشان بدە و، ناوی ئاژەڵەکانی پێ بڵێ و، لاسایی دەنگی ئەو ئاژەڵانەی بۆ بکەوە . . رۆژانە بۆی دووبارە بکەرەوە . . تا دەیناسێ و ناویان فێردەبێ .

سێیەم : میدیا و راگەیاندن، بە تایبەتش ( میدیای بینراو ) وەکو تەلەفزیۆن و سینەمای منداڵان، میدیاکان رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دەوڵەمەندکردنی رۆشنبیریی منداڵاندا، بە مەرجێک ئەو بەرنامە و فیلمانەی پێشکەشیان دەکرێن، سوودبەخشبن و، لەژێر چاودێریی و بەڕێوەبردنی کەسانێکی شارەزا و پسپۆری بۆاری پەروەردە و رۆشنبیری و ئەدەبی منداڵاندا بن .

 

لە کۆتاییدا، داوە لە هەردوو وەزارەتی رۆشنبیری و، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی باشووری کوردستان دەکەم، کە ئاوڕێکی جدی لە رۆشنبیریی منداڵانی کوردستان بدەنەوە، پێویستە کتێبخانە گشتییەکان و، کتێبخانەکانی قوتابخانەکان، بە کتێب و بە گۆڤاری هەمەچەشنە ی منداڵان دەوڵەمند بکەن، ماوەی بەرنامەکانی منداڵان لە تەلەفزیۆنەکانی کوردستاندا، بە کەسانی شارەزای بۆاری رۆشنبیریی و دەروونناسی منداڵان بسپێرن . . ئەمەش ئەرکێکی پێویستی نیشتمانییە.

 

 

 

 

 

 

  


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

فرمێسکی عێراقی . . لە چاوی کچە کوردێکدا .. نووسینی : العنابي فاضل ... گـۆڕینی : رەزا شوان

ڕه‌زا شوان 29 May 2013

 ناتوانین عێراق، لە تایفەیەکدا، یا لە ئایینێکدا، یان لە کەسانێکی دیاریکراودا، لە هەر ئایینێکدا بن، یا سەر بە هەر تایفەیەکدا بن . . کورت بکەینەوە .

عێراق وڵاتی هەموو کارچاکان و خێرخوازانە . . عێراق بۆ کەسانی دڵ پڕ لە خێر و خۆشەویستییە . . ئەم باشییە و . . ئەم خۆشەویستییەش . . لە چاوی کچە کوردێکدا ـ کە بە باشی زمانی عەرەبی نازانێ ـ خۆی دەنوێنی و گوزارشتی لێکراوە .

بەڵام وەکو کچە کوردێکی عێراقی، لە میانەی فرمێسکەکانیدا، کە بە دڵنیاییەوە، لە باکوورەوە تا فاو، هەموو عێراقییەکانی جووڵاند و هێنایە گریان .

ئەم کچە کوردستانیە عێراقییە، لەگەڵ برا عەرەبەکەیدا، لە بەرنامەی کێبڕکێی گۆرانیدا ( عەرەب ئیدول ) بەشداری کرد . . کە باشترین نوێنەری وڵاتەکەیانن . . وەکو کچە کوردێک کە لە زمانی کوردیدا باشە . . تا بتوانێ درێژە بە توانای خۆی بدات لە گۆرانی وتندا، هەوڵی ئەوەش داوە کە عەرەبییەکەشی باشتر بێت . . هەندێ لەو گۆرانییانەی کە ئەم کچە کوردە وتی، تەنانەت گۆرانیبێژە ژن و پیاوە بە تواناکانی عەرەبیش، وتنی ئەو گۆرانییانەیان بەلاوە زەحمەتە . . بەڵام ئەم بە سووربوون و بە خۆشەویستیی بۆ هونەر . . بە دەنگە ناسک و خۆشەکەی توانی زۆر بە باشی و سەرکەوتوویی ئەو گۆرانییەی گۆرانیبێژ (ئوم کەلسووم ) بڵێت .

برا لاوە عەرەبەکەشی، ئەگەرچی ناگاتە ئاستی توانای کچە کوردەکە، بەڵام تا ئەو قۆناغەی پێی گەیشت خۆی راگرت و هەوڵیدا . . بەڵام بە پێی پێوەر و هەڵسەنگاندنی لیژنەی سەرپەرشتی و، شێوازی بەرنامەکە، دەبێ هەر هەفتەی بەشداربوویەک لە بەشداربووان لە بەرنامەکە دەربکرێ، ئەوەبوو ئەو لاوە عێراقییە، بەخت یاوەری نەبوو، رێژەیەکی کەمی دەنگی جەماوەریشی بەدەستهێنابوو، سەرنەکەوت و، لە كێبڕکێکەدا دەرکرا . . بێ ئەوەی خۆی تێکبدا و دڵگران ببێ . . بە رووح و رەوشتێکی وەرزشییەوە، بڕیار و ئەنجامەکەی قبووڵ کرد و . . بەرنامەکەی بەجێهێشت .

بەڵام لەو هەموو شتە، ئەوەی سەرنجی منی راکێشا، فرمێسکەکانی کچە کوردستانییە عێراقییەکە ( پەرواز حوسێن ) بوو . . کاتێ کە گوێی لە راگەیاندنی بڕیاری دەرکردنی برا عەرەبە عێراقییەکەی ( موهەنەد ئەلمەرسومی ) بوو . . خۆی پێنەگیرا و هۆن هۆن فرمێسکەکانی دەهاتنە خوارەوە . . کە خوشکە سوورییەکەشی باوەشی لێدا و، دڵی دایەوە . . بەڵام هەر نەیتوانی کۆنترۆڵی فرمێسکەکانی بكات و رایان بگرێ .

لە میانەی فرمێسکەکانیدا، یەکەم، گوزارشتی لە برایەتی رەسەنی کورد و عەرەب دەکرد، دووەمیش، شکۆداریی ئافرەتی عێراقی سەلماند، کە بە دڵتەنگییەوە ماڵئاوایی لە برا عراقییەکەی کرد، کاتێ کە ئەو بەرنامەکەی بەجێهێشت .

ئا لێرەوە داوا لە هەموو ئەقڵییەتە عێراقییەکان دەکەم، ئەم فرمێسکانە وەربگرن و تێکەڵی خاکی عێراقیان بکەن . . زۆر بە دڵنیاییەوە، عێراقێکی نوێیان لێدێتە کایەوە . . کە دەبێتە ماڵێک بۆ هەمووان لە باکوورەوە تا باشوور . . دەبێتە ماڵێک بۆ کورد و عەرەب و مەسیحی و ئێزیدی و سوبی .

هیوادارم سیاسەتمەداران سەیری ئەڵقەکانی ئەم بەرنامەیەیە بکەن، تەنانەت داوا لە پیاوانی ئایینیش دەکەم ـ ئەگەرچی ئەوان ئەم چەشنە بەرنامانەیان حەرام کردووە ـ با ئەوانیش سەیری ئەڵقەکانی ئەم بەرنامەیە بکەن . . بەڵکو لە فرمێسکەکانی ئەم کچە کوردستانییە عێراقییەوە ( پەرواز )، فێری واتای خۆشەویستی عێراق و، برایەتی عێراقییەکان و،  رەسەنایەتی عیراقی ببن .

لێرەوە سڵاو بۆ ئەم کچە عێراقییە کوردستانییە دەنێرم . . پێی دەڵێم : فرمێسکەکانت، خۆشەویستین بۆ عێراق و، بۆ برایەتی عێراقییەکان و، بۆ گەلەکەت و، بۆ هەموو ئەوانەی کە عێراقیان خۆشدەوێ . . فرمێسکەکانت عێراقییەکان یەک دەخات .

بەڵکو سیاسەتمەدارانمان، لە فرمێسکەکانی ئەم کچەوە فێربن و پەند وەربگرن .

سڵاوت لێبێ ئەی کچە کوردستانییەکە . . سڵاو لە لاوی عێراقی موهەنەدیش بێ.

 

(*) ئەم نووسینەی (العنابي فاضل) رۆژی دووشەممە ( ٢٧/ ٥ / ٢٠١٣) لە ماڵپەڕی (کتابات) دا بڵاوکراوەتەوە . . لە عەرەبییەوە گۆڕیوومە بۆ کوردی .

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

  1. مامۆستا حەسیب محەمەد بەگ . . یەکەمین مامۆستای شەهید ... رەزا شوان ــ نەرویج
  2. چیرۆک بۆ منداڵان ..رەنگــان ...رەزا شوان - نەرویج
  3. عێراق داواتان لێدەکات . . چەکەکانتان داگرن . . ! گۆڕینی: رەزا شوان - نەرویج
  4. کاڵبوونەوەی خوێندنی کوردی لە کەرکوک ...رەزا شوان - نەرویج

Page 2 of 3

  • 1
  • 2
  • 3
© kurdistan Net 2026

میوانی سەرخەت

We have 297 guests and no members online

  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە