چەکدانان ..دۆڕاندنە ...رەزا شوان
ئێمە
ی کورد، لە ئێستا و لە رابردوودا، تا جامی ستەم و چەوسانەوەمان پڕ نەبووبێت، تا داگیرکەرانی کوردستان ناچاریان نەکرووبێتین، چەکمان هەڵنەگرتووە، چەک هەڵگرتنیشمان لە پێناوی، بەرگری کردنبووە لە گەلەکەمان و لە خاکی کوردستانمان، ئەمەش مافێکی رەوای هەر گەلێکی ماف خوراو و نیشتمان داگیرکراوە .
تا ئەمڕۆش ئەو چەکانەی بە دەستی شۆڕشگێڕانی کوردەوەن، چەکی سادەن و مەودا کورتن، گرنگترینان " کڵاشینکۆف " ـە، کە لە وڵاتانی تردا، وەکو چەکێکی ئاسایی، شوان و جوتیار و راوکەرەکان بە کاری دەهێنن .
بەڵام بە پێچەوانەی کوردەوە، هەردەم داگیرکەرانی کوردستان پەلاماری گەلەکەمانیان داوە و، کوشندەترین چەکی کۆمەڵکوژی و وێرانکاری و سووتێنەری قەدەغەکراوی نێودەوڵەتیان لە کوشتنی کورد و کاولکردنی کوردستان تاقیکردوونەتەوە ..بۆنموونە : بۆمبی ناپاڵم، فسفۆری سووتێنەر، دەبە تیزاب، کیمیاوی، بۆڵە بۆمب، مین، فرۆکەی مێگ، فانتۆم، سیخۆی، هێنتەر، فرۆکەی بێ فرۆکەوان، راجیمە، قورسترین تۆپی دوورهاوێژ، تازەترین تانک و زرێپۆش ...هتد .لە سێدارەدان و ئەنفال، گۆڕی بە کۆمەڵ، تا ئێستا بەهەزاران کوردی بێ تاوانمان هە لەبەر ئەوەی کە کوردبوون شەهید کران ..تا ئەمڕۆش داگیرکەرانی کوردستان دەستیان لە کوشتن و دەربەدەرکردنی کورد هەڵنەگرتووە ..درێژە بە هەمان سیاسەت دەدەن ..هەموو هەوڵێکیان ئەوە بووە کە ناسنامەی کورد بسڕنەوە .
بەڵام هیچ کاتێک ێێمەی كورد، حەزمان بە کوشتن و خوێن رشتن نەبووە، هێچ کاتێک لەگەڵ تۆڵسەندنەوەدا نەبووینە، هەردەم لەگەڵ زمانی گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەدا بووینە، لە رابدوو و ئێستاشدا لەگەڵ ئەو رایەداین، کە " سەد ساڵی گفتوگۆ لە رۆژێکی شەر باشترە " .
بەڵام بە داخەوە، هەردەم ناحەزان و داگیرکەرانی کوردستان، دڵپاکی و نیەتباشی و خۆشبڕوایی ئێمەی کوردیان قۆستۆتەوە و، بە خاڵی لاوازمانیان زانیوە ..تا ئێستا چەندین جار فڕوفێڵیان لێ کردووین و، بە بەڵینی درۆ و زەردەخەنەی ژاراویان بڕومان کردووە و، تێکەوتووین، زۆر کەمیش وانە و پەندمان لەم هەڵخەڵەتاندن و شکستییانەمان وەرگرتووە.
لەم ماوەیەدا، دوو جار ئۆردوگانی سەرۆک وەزیرانی تورکیا، داوای لە شۆڕشگێڕانی باکووری کوردستان کرد، کە بەبێ هیچ مەرجێک چەک دابنێن ..هەر دوای قسەکانی لەم ماوەیەدا هێلیکۆپتەر و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، زۆر بە خەستی و بە شێوەیەکی دڕندانە و بێ بەزەییانە، چەندین جار، بۆ ماوەی زیاتر لە پانزە کاژمێر..دێیەکانی بناری قەندیل و چەندین ناوچەی تری باشووری کوردستانیان بۆردوومان کرد، کە زیانێکی گیانی و ئابووری و ژینگەیی زۆریان بەو ناوچانە گەیاند، بە داخە وە، نە حکومەتی عێراق و نە حکومەتی کوردستان و نە پەڕلەمانی کوردستانیش، بە فەرمی پرۆتستۆی ئەم تاوانانەیان نەکرد و، خۆیان ڵێ کەڕ و لاڵ کرد ..هەر لەم کاتەشدا بوو کە وەفدی کوردی، سەردانی تێکۆشەر عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان کرد، لە ئیمرالی کرد بە مەبەستی دانانی نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە شێوەیەکی ئاشتییانە .
ئەم کارە قێزەوەنانەی تورکیا، ئەوە دەگەیەنن کە ئۆردوگان و دەسەڵاتدارنی تورکیا، ئەوەی لە دڵیاندایە، ئەوە نییە کە لەسەر زاریاندایە ..دڵیان پڕە لە رق و کینە، تا ئەمڕۆش لەگەڵ مەنتیقی لەشکرتاری و هێز و خوێنڕشتندان.
تا ئەمڕۆ بچووکترین هەنگاوی پراکتیکیان نە ناوە، تا نیەتباشی و راستگۆیی خویان بسەلمێنن ..بۆیە تا ئێستاش کورد گومان لە راستی و نیەتپاکیان دەکا.
تا ئێستا یەک لایەنانە، پارتی کرێکارانی کوردستان، چەند جارێک شەڕی راگرتووە و، داوای گفتوکۆ و چارەسەرێکی ئاشتیانەی بۆ دۆزی کورد لە باکووری کوردستاندا کردووە ..بەڵام تورکیا ئەم هەڵوێستانەی شۆڕشگێڕانی باکووری کوردستانی، بە لاوازییان زانیووە، بە هێزێکی گەورەتر و، بە شێوەیەکی دڕندانەتر پەلاماری کوردستانیان داوە ..کوشتن و کاولکاریی زیاتریان لە کوردستان کردووە ..بەڵام هەرگیز نەیانتوانیوە، بڕوای پۆڵایینی گریلەکان و، هەستی کوردسانپەروەری لە دڵی کوردا خامۆش بکەن .
کورد لە پێناوی لێبووردندا و چەکداناندا، چەکی هەڵنەگرتووە ، چی وەرگرتووە، تا بەبێ مەرج چەک دابنێ ؟ چەندین هەزار لاومان لە پێناوی چیدا شەهید بوون ..؟ ئەگەر تۆرکیا راست دەکا و بەراستی دەیەوێت بە رێگای گفتوگۆ و ئاشتییانە کێشەی کورد کۆتایی پێ بهێنێت ..با وەکو نیەتباشی .هەزاران زیندانی بێ تاوانی کوردمان ئازادبکەن، با سەرۆکی زیندانی کراومان عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بکەن، با شەڕ رابگرن، با بۆردوومان کردنی گوند و ئاوەدانی و، کوشتنی گوندنشینەکان رابگرن.
پێویستە شۆڕشگێڕانی باکووری کوردستان، هەڵەی شۆڕشی ئەیلوولی باشووری کوردستان دووبارە نەکەنەوە، کە بەبێ هیچ، مەرجێک لە ساڵی (١٩٧٥) دا چەکیان دانا ـ ئەگەر چی بە پیلانێکی نیۆ دەوڵەتی ناچار کردین.بە بۆچوونی من ئەگەر هەزار پێشمەرگەمان لە شاخدا بمانایەتەوە و، شەڕی پارتی زانیان بکردایە، شۆڕش گەورەتر دەبۆوە و، حکومەتی عێراقیش نەیدەتوانی هێڕشەکانی ئەنفالی بەدناو ئەنجام بدات ..ناچار دەبوون کە ملکەچی بەشێک لە داخوازییەکانی کورد بن .
وەکو دەڵێن : " ئازادی لە لوولەی تفەنگدا هەڵدێ " بۆیە تا کردارەکانیان بە چاو نەبینین، نابی بڕوای تەوامان بە تورکیا هەبێ، چونکە جێی متمانە نین.بۆ ئەوەی ئەمجارەش تێ نەکەوین ..نابێت بە بەڵێنی زاری و زەردەخەنەی درۆ بخەڵەتێین ..كردارەکانیان شەرتە نەک قسە و بەڵێنەکایان .
من حەز بە ڕشتنی تنۆکە خوێنێکی نە کورد و نە تورکیش دەکەم، لەگەڵ راگرتنی شەڕدام، لە گەڵ زمانی گفتوگۆ و ئاشتیدام، بە مەرجی کە تورکیاش پێ بەندبێ، بە رێکەوتنی راگرتنی شەڕ .هەموو هێڕش و بۆردوومان و جمووجووڵێکی سەربازی رابگرێت ..ئەگینا مافی شۆڕشگێرڕانی باکووری کوردستانە، کە بەرگری لە خۆیان بکەن و، وەڵامی پێشێلکارییەکانی سوپای تورکیا بدەنەوە.
بەڵام تا نەگەنە رێکەوتنێکی تەواو، لەگەڵ ئەوەدا نیم، شۆڕشگێڕانی باکووری کوردستانمان چەک دابنێن و، قەندیل چۆڵ بکەن ..دڵنیام کە ئەمە مەرجی ئەمانیشە چونکە، ئەزموونێکی تاڵیان لەگەڵ حکومەتەکانی پێشوو و ئێستای تورکیادا هەیە و دەیاناسن، کە دەیانەوێت سوود لە کات وەربگرن.بەڵێن دەدەن، بەڵام کرداریان نییە ..بەڵکو رەفتارەکانان بە تەواوێ بە پێچەوانەی بەڵێنەکانیانەوەن .
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
