سەردانەکەی سودانی بۆ بەریتانیا … بۆ دیپۆرتی پەنابەرانێکە کەژیانیان رووبەڕووی نائارامی و نادڵنیایی بۆتەوە!

رۆژی سێشەممە ١٣ی جەنیوەری ٢٠٢٥ محمد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و کییەر ستامەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە رێکەوتنێکی هەمەلایەنەیان واژۆکردوە لە بوارەکانی ئەمنی و بازرگانی و وەبەرهێنان بە بڕی ١٢. ٣ ملیار پاوەند. 

ئامانجی ئەم گرێبەسەتە هەمەلایەنەی نێوان بەریتانیا و عێراق وەکو ڕاگەیاندنەکەی خۆشیان ئاماژەیان پێکردوە دوو لایەنی گرنگی ئابوری و ئەمنی هەیە کە هاوکات لێکەوتەی سیاسیشی دەبێ لە پەیوەند بە نزیکبوونەوەی عێراق لە بەریتانیا بەتایبەتی و دەوڵەتانی رۆژئاوا بەشێوەیەکی گشتی. دانی ئیمتیازاتی وەبەرهێنان لەبواری نەوتدا بە بەریتانیا کە کۆڵەیەکی گرنگی ئابوری و پیشەسازی عێراق پێکدەهێنێ، لەم دۆخە سیاسیەی ناوچەکەدا بەدوای روخانی رژێمی ئەسەد و توندبوونەوەی فشارەکان لەسەر عێراق بۆ دورکەوتنەوە لە ئێران، ئەو پەیامەیە کە لەناوەرۆکی سیاسی ئەم گرێبەستە ئابوریەدا خۆی حەشارداوە. 

لەلایەکی دیکەوە، ئەم رێکەوتننامە هاوبەشە تەواوکردنی هەنگاوەکانی دواتری ئەو رێکەوتنەیە کە لە نۆڤەمبەری ساڵی رابردوودا لە نێوان وەزیری ناوخۆی عێراق و بەریتانیادا واژووکرا بەمەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرە عێراقیانەی کە داواکاری مافی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە. ستارمەر و سودانی، هەنگاوە کردارییەکانی جێبەجێبوونی ئەم هەنگاوە نامرۆڤانەیان تاوتوێکردووە. 

بێگومان ئەم رێکەوتنە بۆ بەریتانیا دەسکەوتێكی ئابوری گرنگە لەم دۆخە قەیرانگرتوە ئابوریەی بەریتانیادا، هەروەکو دەسکەوتێکیشە لە بواری ئەمنی و جێبەجێکردنی سیاسەتی دژی پەنابەری حکومەتەکانی بەریتانیا کە ساڵانێکە بەشێوازی جۆراوجۆر لەهەوڵی جێبەجێکردنیدان و تائێستا سەرکەوتنێکی ئەوتۆیان بەدەست نەهێناوە، بەتایبەتی کە بەشێکی بەرچاوی ئەوانەی پەنا بۆ بەریتانیا دەهێنن هاوڵاتیانی عێراقین. 

 بەڵام ئەگەر ئەم رێکەوتننامەیە بۆ سودانی رازیکردنی دڵی وڵاتانی رۆژوئا و بەریتانیا بێت لەچوارچێوەی ئەو دۆخە سیاسیە تازەیەی ناوچەکەدا و هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل لەدوای هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بەئێران لە عێراقەوە بۆسەر ئیسرائیل، ئەوا لەناوخۆشدا لەپێناو زیادکردنی باڵادەستی حکومەتی عێراقی و بچوکردنەوەی زیاتری دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمە، لەڕێگای رادەستکردنی وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوك و ناوچە جێناکۆکەکان و بگرە ژێردەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بە کۆمپانیای "بریتش پیترۆڵیوم" بەپێی رێکەوتنامەی نێوان حکومەتی عێراق لەگەڵ بەریتانیادا و دەرکردنی حکومەتی هەرێم لەم گرێبەستەدا. 


حیزبەکەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، کە دەوری راستەخۆی هەبوو لەداگیرکاری عێراق و تیکدانی ژیرخانی ئابوری و هەموو بنەماکانی کۆمەڵگای عێراق و هێنانەپێشەوەی چەندین ڕەوت و گروپی دینی و قەومی و عەشیرەتی بۆ سەرشانۆی سیاسی عێراق، کە کارنامەیان پڕە لە گەندەڵی و تاوان و کوشتارو ئاوارەکردن و بێماڵوحاڵکردنی هەزاران هاوڵاتی عێراق و ناچاکردنیان بە هەڵبژاردنی ژیانی پەناری و رووبەڕووبوونەوەی کارەسات، نەک ئامادەنین بەرهەمی سیاسەتی چەوتی خۆیان قبوڵبکەن، بگرە پەنابەرانێک کە شانسی رزگاربوونیان بۆ هاتووتەپێش و لەبەریتانیا نیشتەجێ بوون، پێچەوانەی پێوانە نێودەوڵەتیەکان لەبارەی مافی پەنابەرانەوە، بەدەستخستنە نێودەستی دەسەڵاتەکەی سودانی، بەشێوەیەکی نامرۆڤانە دیپۆرتی عێراقیان دەکەنەوە. ئەم هەوڵانەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لەپاڵ هێرشی بەردەوامی چینی بۆرژوازی و دەوڵەتەکەی بۆسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیشی بەریتانیا و سەپاندنی سیاسەتی سکهەڵگوشین و بێکارسازی و گرانی و شکاندنەوەی قەیرانە کوشندەکانیان بەسەر شانی خەڵکی کەمدەرامەتی بەریتانیادا دەڕواتەپێشەوە، گوایە ئەوەی هۆکاری بێکاری و نەمانی خزمەتگوزاریە گشتیەکانە ئەو رێژە زۆرەی پەنەبارانن کە بوونتە بار بەسەر ئابوری وڵاتەوە، نەك خودی سیستەمی قازانجپەرستی بۆرژوازی بەریتانی کە لەسەر هەژارکردنی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و سەندنەوەی دەسکەوتەکانیان و خزمەتگوزاریەکان و سەپاندنی یاساو رێسای سەدەکانی ناوەڕاست بەسەر چینی کرێکاری بەریتانیادا، سامانی ملیاردێرەکانیان بە ئاسماندا دەچێت. 

ئێمە لە ڕێکخستنی بەریتانیایی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەکاتێکدا بەشێکین لە خەباتی چینی کرێکاری بەریتانیا لەپێناو ژیانێکی شەرافەتمەند و دوور لە سکهەڵگوشین و بێکاری و هەژاری، هاوکات ئەم هەنگاوە سیاسیەی هەردوو حکومەتی بەریتانیا و عێراق و بازرگانیکردن بە ئایندەو ژیانی پەنابەرنێکی عێراقیەوە کە لەدۆزەخی دەسەڵاتی مافیایی میلیشیایی عێراق و حکومەتی هەرێم هەڵهاتوون و بەئومێدی دامەزراندانی ژیانێکی ئارام و شایستەی مرۆڤی ئەم سەردەمە موجازەفەیان بە ژیانیان کردوەو ماڵوحاڵیان هەرزانفرۆشکردوە، بە توندی سەرکۆنە و ڕیسوا دەکەین و دژی دەوەستینەوە. هاوکات بانگەوازی رێکخراوە کرێکاری و کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕەکان و ئازادیخوازانی بەریتانیا و هەروەها کوردستانیانی دەرەوە دەکەین کە پێکەوە دژی ئەم پیلانگێریەی هەردوو حکومەت بوەستینەوە. 


ڕێکخستنی بەریتانیایی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان


١٦/١/٢٠٢٥