بیرکردنه‌وه له مردن وا له که‌سانێک ده‌کات بیر له نه‌مری بکه‌نه‌وه، به‌شێکی به‌رچاو له خه‌ڵکی ئه‌م سه‌رده‌مه له‌ڕێی کۆکردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانه‌وه کار بۆ ئه‌م ئامانجه ده‌که‌ن، ئه‌مجۆره که‌سانه ته‌نها و ته‌نها له بازنه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه تاکی و که‌سییه‌کانی خۆیاندا ده‌خولێنه‌وه و ناتوانن کار له‌سه‌ر هیچ پرۆژه‌یه‌ک بکه‌ن که به‌رژه‌وه‌ندی گشتی تێدا بێت، یان لانیکه‌م خزمه‌ت به ڕه‌وتێک یان کایه‌یه‌کی دیاریکراوی ژیانی کۆمه‌ڵگه بکات، بۆیه هیچ کاتێک ئه‌م که‌سانه ناتوانن به‌و وه‌همانه‌وه بگه‌نه ئه‌م پله‌یه، سه‌دان و هه‌زاران و ملیۆنه‌ها سه‌رمایه‌داری دنیا ماڵئاواییان له ژیان کرد و بۆ چرکه ساتێکیش نه کۆمه‌ڵگه‌کانیان و نه مرۆڤایه‌تی و ته‌نانه‌ت خانه‌واده‌کانیشیان یادێکیان ناکه‌نه‌وه، وه‌ک بڵێی مێژوو خۆی بێبه‌ری ده‌کات لێیان، که‌چی چه‌ندین زانا و بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوف و شاعیر و نووسه‌ر و پزیشک و شۆڕشگێڕ و …تد، له‌م کۆمه‌ڵگه یان ئه‌و کۆمه‌ڵگه به‌و په‌ڕی نه‌دارییه‌وه ژیان و گوزه‌رانیان به‌ڕێکرد، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی خزمه‌تی مرۆڤایه‌تیان کردووه پاش ده‌یان و سه‌دان و هه‌زاران ساڵیش هه‌ر ناویان به زیندوویی ماوه‌ته‌وه و مێژووی کۆمه‌ڵگه‌کانیان و مرۆڤایه‌تیش له ئه‌رشیفی سه‌روه‌ر و نه‌مراندا شوێنیان بۆ ته‌رخان کردوون.
میکانیزمه‌کانی گه‌یشتن به پله‌ی نه‌مریی جۆراوجۆرن، ده‌کرێت مرۆڤ له‌ڕێی (هونه‌ر، پاڵه‌وانێتی، نووسین، داهێنان، بنیاتنان، فیداکاری و شه‌هاده‌ت، سیاسه‌ت. کاروپرۆژه‌ی خێرخوازی و …تد) ه‌وه، بتوانێت بگاته پله‌ی نه‌مریی، ئه‌مه‌ش گه‌وهه‌ری نه‌مرییه. به‌و مانایه‌ی له‌هه‌ر کایه‌یه‌ک له‌م کایانه‌ی ژیاندا بێت واته له بازنه گشتییه‌که‌ی ژیانی کۆمه‌ڵگه‌دایه نه‌ک له بازنه‌ی که‌سی و تایبه‌تییه‌کان.
ئه‌گه‌ر له‌مردندا جه‌سته فه‌نا بێت و له‌ناوبچێت، ئه‌وا به‌رهه‌می فیکر و داهێنان و پرۆژه مرۆییه‌کان شوێن پێی جه‌سته هه‌ڵناگرن و وه‌ک ئه‌ڵته‌رناتیفێک بۆ ڕۆح و جه‌سته و هزری خاوه‌نه‌کانیان له‌ژیاندا ده‌مێننه‌وه.
به‌بێ بوونی عه‌شق مه‌حاڵه مرۆڤ بگاته پله‌ی نه‌مریی، ئه‌گه‌ر مرۆڤ عه‌شقی نیشتمانه‌که‌ی نه‌بێت مه‌حاڵه بتوانێت فیداکاری بکات و خۆی بگه‌یه‌نێته پله‌ی نه‌مری، ئه‌گه‌ر مرۆڤ عه‌شقی بۆ مرۆڤایه‌تی نه‌بێت مه‌حاڵه بتوانێت کاری خێرخوازی و خۆبه‌خشی بکات، ئه‌گه‌ر مرۆڤ عاشق نه‌بێت مه‌حاڵه بتوانێت شیعر بنووسێت، ئاخر چ شتێک بووه هه‌وێنی شاکاره‌کانی حه‌زره‌تی نالی و مه‌حوی، جگه له عه‌شق.
زرنگترین مرۆڤه‌کان ئه‌وانه‌ن که له‌ژیانیاندا به‌دوای نه‌مریدا ده‌گه‌ڕێن، چونکه ئه‌م مرۆڤانه به‌دوای ئه‌و نه‌خشه ڕێگایانه‌دا ده‌گه‌ڕێن که ده‌یانگه‌یه‌نێته لوتکه‌ی نه‌مری، ئه‌م مرۆڤانه هه‌ڕه‌مه‌کیانه ڕه‌فتار ناکه‌ن، وردبین ده‌بن له ژیان و هه‌نگاوه‌کانیاندا، هه‌ڵسه‌نگاندنی ورد ده‌که‌ن بۆ کار و ڕه‌فتاره‌کانیان، ڕێز له خۆیان و له کات ده‌گرن، زوو زووش به‌خۆیاندا ده‌چنه‌وه.
زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ته‌نها توانایان هه‌یه به چاوی ئه‌مڕۆ له دوێنێ بڕوانن، واته له ئێستایاندا خوێندنه‌وه بۆ ڕابردوو بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌و که‌سانه‌ی به‌دوای نه‌مریدا ده‌گه‌ڕێن، به‌چاوی سبه‌ینێ له‌مڕۆیان ده‌ڕوانن، واته ئه‌و توانایه‌یان ده‌بێت که پێش زه‌مه‌ن بکه‌ون و خۆیان ئاوێته‌ی زه‌مه‌نێک بکه‌ن که ڕانه‌بردووه، تاکو له دووربینی داهاتووه‌وه ئێستای خۆیان هه‌ڵبسه‌نگێنن.
ئه‌گه‌ر ساده‌ترین واتای نه‌مری مانه‌وه‌ی شوناسی فیکری و داهێنان و کار و به‌رهه‌مه مرۆییه‌کانی مرۆڤه‌کان بێت که خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی کردبێت له‌سه‌رده‌مێکی دیاریکراودا بۆ ئه‌به‌دی. ئه‌وا به‌م پێودانگه هه‌رگیز مرۆڤه جه‌لاد و خوێن‌ڕێژ و دیکتاتۆره‌کان ناکه‌ونه خانه‌ی نه‌مرییه‌وه و کاڵای نه‌مرییان به‌باڵادا نابڕدرێت، ڕاسته نموونه‌کانی وه‌ک (هیتله‌ر و ستالین و سه‌دام حسێن و ئه‌وانی دیکه) هه‌زاران ساڵی دیکه‌ش بێت ناویان ده‌مێنێته‌وه و مێژوو هه‌رده‌م وه‌ک نموونه‌ی دڕنده‌یی ناویان ده‌بات و نه‌وه دوای نه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی باس له دڕنده‌یی ئه‌وانه ده‌کات، به‌ڵام ئه‌م مانه‌وه‌یه ناچێته خانه‌ی نه‌مرییه‌وه. که‌واته هه‌موو مانه‌وه‌یه‌ک نه‌مری نییه.
