هیچ شتێک وەکو نووسین رووتت ناکاتەوە، ڕاستییەکەی ئەوەیە نووسین خۆ رووتکردنەوەیە، کردنەوەی ناخ و دەروونە بەڕووی ئەوانیتردا، بانگهەڵدانە کە تۆ کێیت و چۆن ڕەفتار دەکەیت و چۆن بیر دەکەیتەوە، هەلڕشتنی دڵە بۆ یار و نەیار. تۆ تا ئەوکاتەی کە نانووسیت ئەتوانین هەزار جۆر خۆت بشاریتەوە، هەزار جۆر دێوەجامە ببەستیت، هەزار جۆر خۆت ڕەنگ بکەیت، تۆ کە نانووسیت ئەتوانیت وا حیساب بکەیت کە سیاسی. . بازرگان. . دکتۆر. . ئەندازیار. . مەلا. . هاوڵاتییەکی باشیت، بەڵام وەختێ هەڵە دەکەین و دوەنووسین ئیتر ناخمان دەکرێتەوە بەڕووی ئەوانیترا، چونکە لەکاتی نووسینا زۆربەی کات وایە خۆمان دەنووسینەوە ئێمە چی لە ناخ و مێشک و دڵمانایە ئەوە دەنووسینەوە، تەنانەت کە کار دەکەین یان قسە دەکەین و وتار دەدەین دەتوانین جۆرێکیتر و جوانتر خۆمان بناسێنین و بەڵام وەخێ دەنووسین خۆمان لە ئەسڵدا چۆنین ئەوە دێتە سەری پەنجەکانمان و دەبێتە نووسین.
دەبینم ئەمرۆ هەر مامۆستای ئایینیە و هەر سیاسییە و هەر. . . هتد ـ یە، بە کۆڵان و جادەکانی فەیسبوکدا ڕا دەکات و بڵندگۆیەکی بەدەستەوەیە و باسی باش و خراپی ناو ناحی خۆی بۆ ئەوانیت دەگێڕێتەوە، باسی ناشیرینی و ناجوانییەکانی خۆی بۆ هەموان دەگێڕێتەوە. جاران نووسین ڕێگای ئەوانە بوو کە کۆڵەپشتی قەڵەم و کتێب و ڕێگای دوورودرێژی فکرین و جوانیین گرتبووە بەر، ئەوان دەیانزانی نووسینی گوزارشتێک بایی بەشێکی باشی کەسایەتی و سەنگی خۆیانە ئەوەی دەیاننوسی بەشێکی خۆیانبوو لێیان دەکردەوە و دەیان خستە سەر کاغەز، لە کەمترین باردا نووسین بۆ ئەوانە بوو کە قسەیەکیان هەبوو شایەنی کردن بوو، پێویست بوو بکرێت، ئێستە نووسین بووە سادەترین کارێک کە بیری لێدەکەیتەوە، بووە خۆ خاڵیکردنەوە، بووە بە هەڵڕشتنی کینەکانی ناو دڵ و دەروون، ئیتر نووسین پێویستی بە تفاق و کۆڵە پشتی و تەیاربوون نییە، ئیتر نووسین تایبەتمەندی ئەوانە نییە جاران پێیان دەوتن (نووسەر) ئێستە ئیتر بە حوکمی فەسبوک سیاسییەک، بازرگانێک، کۆنەفرۆشێک، جاسوسێک، دەربارێک. . . هتد، نووسەرن و قسە لە بابەتەکان دەکەن. . من خەفەت لەمە دەخۆم شتێک هەیە لێرەدا کە ئەو بەرێزانە هەستی پێناکەن، ئەویش ئەوەیە: زۆربەی ئەو خاوەن پیشە بەرێزانە زۆربەی ئەوانەی کە بە هەق نووسەرنین و ئیتر زەمانە و فەسبووک وایلێکردوون کە دەبێت بنووسن، ئەوانە زەرەر لە ناوبانگی پیشەیی خۆیان دەدەن، بۆنموونە زۆرجار دیوەمە وەختێک سیاسییەکی بەڕێز ناچاربووە لەسەر بابەتێک بنووسێت سومعە سیاسییەکەشی لەدەستداوە، پێشتر ئەو کەسە بە ساسەتکارێکی چالاک ناسراوە بەڵام ئیستە کە رستە لاوازەکانی دەبینی، کە دەبینی زۆرخراب دەنووسێت دەزانی کە چەند خراپیش بیردەکاتەوە.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.