
لە دنیای حزبایەتیدا، بە ئاوڕدانەوە لە دوێنێش، هەمیشە بەرژەوەندیی ئەمڕۆ و داهاتوو ڕەچاو دەكرێت و مێژووی مرۆڤایەتییش دەڵێت، حزب لە دنیابینییەكی بەرتەسكەوە سەرنج لە كۆی كایەكانی ژیان و بگرە گوزەرانی تاك بە تاكی كۆمەڵگاش دەدات. ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەی، بەرژەوەندییە تایبەتەكانی نەكەونە ژێر هەڕەشە و مەترسیی ناوخۆیی و دەرەكیيەوە.
حزب كە لە جیهانی ئەمڕۆدا پتر وەك ئامرازێك بۆ پاراستنی هەیبەت و شكۆی كەس و بنەماڵە و خێڵەكان كەڵكی لێ دەبیندرێت، بەردەوام ئەو هەلانە دەقۆزێتەوە كە لەوێوە پەل بۆ گۆڕینی ڕای گشتی بە قازانجی خۆی و چەند كەسێكی دیاریكراو یان هۆز و خێڵێكی تایبەت، دەهاوێژێت.
ئەوە ئاساییە كە لای حزبەكان تەقدیسكردنی كەس و ڕابەر و سەركردە بووەتە باو، چونكە لە كۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا رۆتینە و بە تایبەتیش لە كۆمەڵگا خۆرهەڵاتییەكاندا سنووری بەپیرۆزكردنیشی تێپەڕاندووە و دروست بە لۆژیكی بەندایەتی مامەڵە لەگەڵ سەكردە و ئەوەی پێی دەڵێن (كاریزما)، دەكرێت.
لێ ئەوە جێی هەڵوەستەیە، بەشێك لە حزبەكانی كۆمەڵگای خۆرئاوایی، بەوەندەشەوە نەوەستاون و تەنانەت خەڵكیشیان لە رێگەی جیاجیاوە بەكۆیلە كردووە و سنوورەكانی ئازادییان هێندە بەرتەسك كردووەتەوە كە تەنانەت كەڕامەتی هاونیشتمانیانیشیان خستووەتە ژێر پێی سەركردە و ڕابەرە تەقدیسكراوەكانەوە.
لێرەوەیە كە چینوتوێژە جوداكانی كۆمەڵگا، بەوپەڕی ناچارییەوە یان ملیان بۆ لۆژیك و تاریكبینیی دیكتاتۆرەكان داداوە، یانیش بوونەتە قۆچی قوربانی و یاخود كەمئەندام و شەهید كراون، زێدەڕۆییش نییە ئەگەر بڵێین، بەشێكیان بە زەبری هێز نوقەیان لێ بڕاوە.
ئەگەرچی لە كۆمەڵگای كوردستانیدا حزب هەمیشە وەك وەسیلە بۆ پەیداكردنی پارە و ناوبانگ و شتی دیكە پەنای بۆ بردراوە، بەڵام دواجار بەشێكی زۆر لە هاونیشتمانیان دژی ئەو سیاسەتە چەوتە وەستاونەتەوە و زۆر كەڕەتیش رۆڵیان لە گۆڕینی هاوكێشەكاندا هەبووە و دەشبێت.
ئاخر حەقی خەڵكە لە حزبە دەسەڵاتدار و زلهێزەكانی كوردستان بپرسێت، خێرە 24 ساڵە ساوان و كێشەی ئاو و كارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانتان پێ چارەسەر ناكرێت؟
ئەو فەترە زەمەنییەی باس كرا، تێیدا تەنیا بەرپرسە باڵا، مامناوەند و بگرە ئەوانەی خوارەوەش سوودمەند بوون و لەسەر حساب و خوێنی خەڵك بوونە خاوەنی ڤێللا، باخچەی تایبەت و ئۆتۆمبێلی زۆر گرانبەها. بوختانیش نییە، بەرپرسی زۆربەی دەزگا حزبی، میری و ئیدارییەكان خاوەنی پارەیەكی زۆر و زەوەندن و نرخی خانوو و ئۆتۆمبێلەكانیشیان بە سەدان دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ئەگەر باسی دۆلار و یۆرۆی ژێرزەمینەكانیش بكەین، دەبێ زۆر راشكاوانە بڵێین، هەندێك حزب لە سەری سەرەوە بیگرە تا دەگاتە ئەندام مەكتەب سیاسی و بەرپرسی دەزگا پەیوەندیدارە حزبییەكان، خەنی بوون و شوێن نەماوە پارەی تێدا دابنێن، لە بەرامبەریشدا خەڵكی ڕەشوڕووت و كاسبكار و فەرمانبەری ئەم وڵاتە، جگە لەوەی كە قوتی منداڵەكانیان بڕاوە و ساڵ لایان بووەتە 4 مانگ، هەم لە خزمەتگوزارییە زۆر سەرەتاییەكانی ژیان مەحروومن و هەم كێرڤی هاووڵاتیبوونیشیان بە دەست چەند نابەرپرسێكەوە، رۆژ بە رۆژ لە دابەزیندایە.
خەڵك باش دەزانن، ئەو جیاوازییە چینایەتییەی ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا دروست بووە، زادەی نەشئەی سەر مێزی مەسئوولان و كاربەدەستانە و، هەر لەوێشەوە گەمە بە چارەنووسی میللەتێكی ستەمدیدە دەكرێت.
هاونیشتمانیان ئەوەش بە سانایی هەزم دەكەن كە هەندێك حزب قوڕقوڕاگەی گرتوون و ئەگەر بۆیان بلوێت ئۆكسجینیشیان پێ دەفرۆشن.
هاووڵاتیی ئەم هەرێمە كە تا بینەقاقا لە گەندەڵیی ئیداری و دارایی نابەرپرسان بێزارە، ئەو حەقیقەتەیان لا ڕوونە كە زۆربەی هەرە زۆری بڕیاربەدەستان هەموو شتێكیان هەیە و بۆ گەشت و سەیران هەر رۆژەو لە وڵاتێكن، كەچی هاونیشتمانییەكی كرێچی تەنانەت كرێكارییش نییە بیكات تا كرێی خانووەكەی پێ دابین بكات و ئێوارەش كیلۆیەك تەماتە بە (500 دینار) بەرێتەوە ماڵەوە.
دواجار ماوەتەوە بێژین، حزب بۆ هەندێك بەرپرس، وەسیلەی پەیداكردنی پارە و سەروەت و سامانە و هیچی تر.
Pishderi81@gmail. com
