
"111 كچ" خه‌ڵاتی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمه ئاسیاییه‌كانی به‌ریتانیای به‌ده‌ستهێنا
فیلمی سینه‌مایی "111 كچ" له ده‌رهێنانی ناهید قوبادی و بیژه‌ن زه‌مانپیرا خه‌ڵاتی باشترین فیلمی پێنجه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمه ئاسیاییه‌كان له وڵاتی به‌ریتانیای به‌ده‌ستهێنا.
فیلمی سینه‌مایی "111 كچ" له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی سینه‌ماكارانی كورد ناهید قوبادی و بیژه‌ن زه‌مانپیرا به نوێنه‌رایه‌تیی له هه‌رێمی كوردستان له به‌شی پێشبڕكێی پێنجه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمه ئاسیاییه‌كان Pan- Asia له سینه‌ما سینه لۆمییه‌ر له شاری له‌نده‌نی پێته‌حتی وڵاتی به‌ریتانیا نمایشكرا و توانی خه‌ڵاتی باشترین فیلمی ئه‌م فیستیڤاڵه گرینگه به‌ده‌ستبێنێت.
ئایدیای سیناریۆی ئه‌م فیلمه بیرۆكه‌ی سینه‌ماكاری ناوداری كورد به‌همه‌ن قوبادییه و سیناریۆكه‌ی له لایه‌ن سینه‌ماكاری لاوی كورد به‌تین قوبادی نووسراوه.
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی پێنجه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمه ئاسیاییه‌كان كه بریتی بوون له: هاله ئه‌نوه‌ری ـ فۆتۆگرافه‌ر و هونه‌رمه‌ندی ئێرانی، نیكی بێدی ـ پێشكه‌شكاری رادیۆ و ته‌له‌فیزیۆن له به‌ریتانیا، دێڤید تسه كاشینگ ـ ده‌رهێنه‌ری شانۆ له به‌ریتانیا، هاردیپ سینگ كولی ـ نووسه‌ر و پێشكه‌شكاری رادیۆ و ته‌له‌فیزیۆن له به‌ریتانیا و سوومانترۆ قۆز به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه كه‌لتوورییه‌كانی ماڵی ئاسیا و سه‌رۆكی فیستیڤاڵ، خه‌ڵاتی باشترین فیلمی ئه‌م خوله‌ی فیستیڤاڵیان پێشكه‌ش به فیلمسازانی سنه‌یی ناهید قوبادی و بیژه‌ن زه‌مانپیرا كرد.
فیلمی "111 كچ" له فیستیڤاڵی فیلمه ئاسیاییه‌كانی به‌ریتانیادا له لایه‌ن ڕخنه‌گران، په‌یامنێران و رۆژنامه‌نووسانی ئاماده‌بوو له فیستیڤاڵ پێشوازی لێكرا و ڕخنه‌گرانی ناوداری ئه‌ورووپی له گۆڤاره‌كانی "هالیڤوود ریپۆرته‌ر" Hollywood Reporter و "نیووز ستیسمه‌ن" New Statesman ڕخنه‌ی پۆزێتێڤ و ناسندنیان له‌سه‌ر نووسی.
ئه‌مساڵ بڕیار وابوو كه بۆ یه‌كه‌مین جار، خه‌ڵاتی باشترین فیلم له لایه‌ن به‌رپرسانی فیستیڤاڵه‌وه پێشكه‌ش بكرێت، به‌ڵام براوه‌ی باشترین فیلم له ڕێوڕه‌سمی كۆتاییدا رانه‌گه‌یێندرا و براوه‌ی ئه‌م خه‌ڵاته دوای ماوه‌یه‌ك راگه‌یه‌ندرا.
ئه‌م فیستیڤاڵه ته‌نیا فیستیڤاڵی سینه‌مایی شاری له‌نده‌نه كه به تایبه‌ت له‌سه‌ر فیلمه ئاسیاییه‌كان ته‌ركیز ده‌كات و هه‌وڵده‌دات سیمایه‌كی نوێی له سینه‌مای كیشوه‌ری ئاسیا بۆ هۆگرانی به‌ریتانی بخاته‌ڕوو.
فیستیڤاڵی فیلمه ئاسیاییه‌كان به نمایشی 12 فیلمی هه‌ڵبژارده له وڵاتانی جۆراوجۆری كیشوه‌ری ئاسیا، له‌وانه: ئێران، هه‌رێمی كوردستان، هیند، ژاپۆن، كۆریای باشوور، تایله‌ند، هۆنگ كۆنگ و تایوان له رۆژانی 6 تا 17ی ئازار / مارسی 2013 له سینه‌ماكانی هونه‌ری ناوه‌ندی شاری له‌نده‌ن، له‌وانه: سینه‌لوومیه‌ر، ریۆ و ئای.سی.ئای له وڵاتی به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌چوو.
ئه‌م فیستیڤاڵه كه له ساڵی 2008 هه‌موو ساڵێك له له‌نده‌ن به‌ڕێوه‌ده‌چێت، تایبه‌ته به نمایشی فیلم گه‌لی
وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا، له‌وانه: چین، هیند، ویه‌تنام، ژاپۆن و چه‌ندین وڵاتی دیكه و هه‌موو ساڵێك به‌رهه‌می سینه‌ماكارانی به‌رچاوی ئاسیایی و هه‌ندێك له فیلمسازانی تازه پێگه‌یشتووی ئه‌م وڵاتانه تیایدا نمایش ده‌كرێت.
ئه‌مساڵ فیلم گه‌لێك له فیلمسازانی ناوداری ئاسیایی، له‌وانه: تاكه شی كیتانۆ، تاكاشی شیمیزۆ و میرا نایێر له رۆژانی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م فیستیڤاڵه‌دا نمایشكران.
فیلمی سینه‌مایی "پاتانگ" له ده‌رهێنانی پراشانت بارگاوا، به‌رهه‌می وڵاتانی هیند و ئه‌مه‌ریكا، فیلمی سینه‌مایی "گولله‌ی وه‌سه‌ركه‌وتوو" له ده‌رهێنانی پێن ئاك راتانگارانگ، به‌رهه‌می تایله‌ند، فیلمی سینه‌مایی "شای به‌رازه‌كان" له ده‌رهێنانی یۆئان سنگ هوو، به‌رهه‌می كۆریای باشوور، فیلمی سینه‌مایی "كه‌ره‌سته‌ی خاو" له ده‌رهێنانی كه‌رگ فیمۆند، به‌رهه‌می ئه‌فریقیای باشوور و به‌ریتانیا، فیلمی سینه‌مایی "خه‌باتكار" له ده‌رهێنانی ئیرۆ دراسنین، به‌رهه‌می ئه‌مه‌ریكا، فیلمی سینه‌مایی "ئه‌شكه‌نجه كرا‌و" له ده‌رهێنانی تاكاشی شیمیزۆ، به‌رهه‌می ژاپۆن و كۆمه‌ڵێك كورته فیلم له فیستیڤاڵی كورته فیلمه‌كانی "شه‌پۆلی نوێی" وڵاتی هۆنگ كۆنگ له به‌رنامه‌كانی دیكه‌ی ئه‌م فیستیڤاڵه بوون.
فیلمی "111 كچ" كه له لایه‌ن كۆمپانیای سینه‌مایی "مژ فیلم" له ئاستی جیهاندا به شێوه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی بڵاوده‌كرێته‌وه، تا ئێستا له چه‌ندین فیستیڤاڵی گرینگی جیهانی نمایشكراوه، له‌وانه: له به‌شی تایبه‌تی "سینه‌مای نوێی ئێران" له چل و دووه‌مین فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی رۆتێردام له وڵاتی هۆڵه‌ندا، له به‌شی "ده‌لاقه‌یه‌ك به‌ره‌و سینه‌مای ئاسیا" له حه‌ڤده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی پووسان له وڵاتی كۆریای باشوور و له سی و شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی سائۆپۆلۆ له وڵاتی بڕازیل.
له پوخته‌ی سیناریۆی ئه‌م فیلمه 79 خوله‌كییه‌دا هاتووه؛ 111 كچی كورد نامه‌یه‌ك بۆ سه‌رۆك كۆماره‌كه‌یان ده‌نووسن كه ئه‌گه‌ر هاوسه‌ریان بۆ نه‌بینێته‌وه به كۆمه‌ڵ خۆیان ده‌كوژن، به شوێن ئه‌م نامه‌یه‌دا ده‌وڵه‌ت، نوێنه‌رێك بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م مه‌سه‌له ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه ده‌كات.
هه‌ندێك له ستافی ئاماده‌كردنی فیلمی "111 كچ" بریتین له: ده‌رهێنه‌ر: ناهید قوبادی و بیژه‌ن زه‌مانپیرا، ئایدیای سیناریۆ: به‌همه‌ن قوبادی، نووسه‌ری سیناریۆ: به‌تین قوبادی، به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتن: حه‌مید قه‌وامی، یاریده‌ده‌ری یه‌كه‌می ده‌رهێنه‌ر: جه‌لال ساعیدپه‌ناه، مونتاژ: نیعمه‌ت نارنجی و به‌همه‌ن قوبادی، ئه‌كته‌ره‌كان: ره‌زا بێهبوودی، مێهدی سالی و مێهدی سادقی، ده‌نگهه‌ڵگر: حوسێن قوورچیان، دیزاینی دیمه‌ن: ناهید قوبادی، دیزاینی ده‌نگ و میكس: بۆتان ئۆغڵۆ، به‌رپرسی به‌رهه‌م: سۆران ئیبراهیم، موزیك: نیكی میرزا، یاریده‌ده‌ری دووه‌می ده‌رهێنه‌ر: بێری شه‌ڵماشی و به‌رهه‌مهێنه‌ر: عه‌باس غه‌زالی و به‌همه‌ن قوبادی.
بۆ زانیاری زیاتر:
http://www.newstatesman.com/cultural-capital/ 2013/03/111 -girls-wins-best-film-award-pan-asia-film-festival
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
