چۆپی لە دیاربەکر پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی و ئازادی کوردستانی باکوور کرد....سیروان کەریم

چۆپی لە دیاربەکر پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی و ئازادی کوردستانی باکوور کرد....سیروان کەریم

لە ٢١/٣/٢٠١٣ لە جەژنی نەورۆزدا لە شاری ئامەدی کوردستانی باکور هونەرمەند چۆپی بەشداری کرد، بە چەندیین گۆرانی نیشتیمانی و شۆڕشگێڕانە فیستیفاڵەکەی ڕازاندەوە.

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هونەرمەند چۆپی وتی: ئەوەی لە نەورۆزی ئەم ساڵدا من لە ئامەد بینیم لە چواردە ساڵی ژیانی هونەریمدا شتێکی لەو جۆرەم نەبینیوە.

نازانم باسی چی بکەم، دوو ملیۆن کەس لە ئامەد کۆببونەوە، بەشێوەیەك وەکوو دەڵێن دەرزیت هەڵدایەتە ئاسمان نەدەکەوتە ئەرز، وام هەست دەکر کە گەلی کورد لە ئامەد کۆبووەتەوە، هەر هەمویان لە جۆش وخرۆشیکدا بوون دەتگووت هاتوونەتە شایی ئازیز ترین کەسیان، هەر هەموو بە شێوەیەکی جوان خۆیان پۆشیبوو، دەم بە پێکەنیین و ڕووخۆش من وام دەزانی لە خەوندام بڕوام نەدەکرد ئەوە ڕاست بێت، هاوار و زریکە و هەلهەلە بوو چەپڵەو دەست بەرزکردنەوە بوو بۆ ئازادی و ئاشتی.

بەشێوەیەك پیکەوە هاواریان دەکرد بژی سەرۆك ئاپۆ، بژی کورد بژی کوردستان دەتگوت ڕەنگە ئێستا لە ئەنکەرەش گوێیان لێبێت.

زیاتر لە ١٥ تیڤی ئەو فیستیڤاڵەی بە زیندی پەخش دەکرد و ١٤٥٠ پەیامنێر و نوێنەری میدیای کوردی و نێودەوڵەتی ئامادەی ڤیستیڤاڵەکە بوون، زۆر جوانیان ڕێکخستبوو، پڕ بەدڵ هیوادارم پرۆسەی ئاشتی سەربگرێت و کوردستانی باکوریش بە مافەکانی خۆی بگات، ئیدی بەسە بەڕاستی ئیدی بەسە، زۆر خەڵکانێکم لە فیستیڤاڵەکە بینی چاوەڕوانبوون ڕۆڵەکانیان لە زیندان ئازاد بکرێن و زۆرێکیان چاوەڕوانن ڕۆڵەکانیان لە قەندیلەوە بگەڕێنەوە ئامێزیان.

من یەکەم جارمە بۆ دوو ملیۆن کەس گۆرانی دەڵێم بەڕاستی کارێکی هەر وا ئاسان نییە سامی جمهورێکی وا گەورە گرانە.

بەڵام لە هاوار و هاندانی من یەك چرکە نەوەستان هەموو تێکڕا هاواریان دەکرد و چەپلەیان لێدەدا، بە تایبەتی کاتێك کە گۆرانییم بە سەر گریلادا چڕی، جۆش و خڕۆشی ئامادەبووان لە ڕادەبەدەر زۆر بوو، هەرگیز بیرم ناچێتەوە، من سوپاسیان دەکەم چ بۆ بانگهێشت کردنم کە ئەو شەرەفە گەورەیان بە من بەخشی و چ بۆ ئەو هەموو هاندان و هێزەی بە منیان بەخشی کاتێك کە لەسەر ستەیج بووم.

هەروەها سوپاسی هەموو پەرلەمانتارانی بەدەپە دەکەم بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەیان بە تایبەتی کە داوام لێ کرا لە سەر شانۆ لە گەڵ پەرلەمانتاران و کادیرانی بەدەپە هەڵپەریین و شایی نەورۆز بکەین لە گەڵ هاوسەرۆکی بەدەپە   خاتوو گوڵتان کشاناك، دەبێت ئەوەش بڵێم زۆر سوپاسی گروپی مۆزیك دەکەم کە بە سەرپەرشتی ماموەستا فاروق باپیر توانیمان پرۆگرامێکی بە هێز و سەرکەوتوو پێشکەش بکەین کە شایەنی ئەو فیستیفاڵە بێت.

 سیروان کەریم


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.