
مالیكی ترسی له سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی هه‌یه، ئامانجه‌كانی سه‌ردانی بارزانی بۆ رووسیا چی بوون؟ ...راپۆرت: ستیڤان شه‌مزینی
* گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیای زه‌به‌لاحی رووسی "گازپرۆم" كراوه
* بارزانی رایگه‌یاند خۆشحاڵین رووسیا رازی بێت چه‌كمان پێ بفرۆشێ
سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی بارزانی بۆ رووسیا، به یه‌كێك له سه‌ردانه گرنگه‌كان داده‌نرێت كه زیاتر له ئامانجێكی له خۆ گرتووه.هه‌ندێك له شرۆڤه‌كارانی سیاسیی پێیانوایه پێشوازیكردن له بارزانی له‌و ئاسته باڵا و به‌رزه‌ی حكوومه‌تی رووسیا، نیشانه‌یه‌كه بۆ بایه‌خ و گرنگی سه‌ردانه‌كه، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ك په‌یوه‌ندیی به پێگه‌ی به‌هێزی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه، له‌لایه‌كی تره‌وه كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی ده‌بێت له‌سه‌ر ره‌وشی سیاسیی عێراق و كوردستان و ناوچه‌كه.چاودێرانی سیاسیی ئه‌وه‌شیان ئاشكرا كردووه، مالیكی سه‌رۆكی حكوومه‌تی عێراق ترسی له‌و سه‌ردانه فه‌رمییه هه‌یه، چوونكه ئه‌و گه‌شته‌ی بارزانی چه‌ندین ئامانجی جۆراوجۆری له پشته‌وه بووه.
په‌یوه‌ندیی بازرگانی
بارزانی له سه‌ردانه‌كه‌یدا، هه‌وڵی داوه كۆنتاكتی بازرگانی له نێوان هه‌رێم و رووسیا دروست بكات.سه‌رنجی كۆمپانیا رووسییه‌كانی راكێشاوه بۆ كاركردن له كوردستان به تایبه‌ت له‌بواری نه‌وت و سامانه سرووشتییه‌كان.
د.خۆشه‌وی مه‌لا ئیبراهیم، نوێنه‌ری پارتی له رووسیا، پێیوایه په‌یوه‌ندیی ئابووری رووسیا و كوردستان ده‌بێته بنه‌مایه‌كی پته‌و بۆ پێشكه‌وتنی زیاتری هه‌رێم.سه‌باره‌ت به كۆبوونه‌وه‌ی بارزانی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیاش كه پشكی شێری كۆبوونه‌وه‌كه‌یان تایبه‌ت بوو به هاتنی كۆمپانیاكانی رووسیا بۆ كوردستان، ده‌ڵێت "تا ئێستا گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیای زه‌به‌لاحی رووسی گازپرۆم كراوه.رووسه‌كان به هه‌موو نیازێكه‌وه ئاماده‌ن له‌و رووه‌وه كار بكه‌ن و به فه‌رمییش ئه‌وه‌یان راگه‌یاندووه".
نوێنه‌ری پارتی له رووسیا، وتیشی "كۆمپانیای گازپرۆم ته‌جروبه‌ی كاری له ماسمیدیایش هه‌یه و به‌شێكی زۆری میدیای رووسیا سه‌ر به‌و كۆمپانیایه‌ن.هاتنی گازپرۆم و كۆمپانیا گه‌وره‌كان وه‌ك لۆكۆمۆتیڤی شه‌مه‌نده‌فه‌ر وان، كه‌رته‌كانی دیكه‌ی ئابوورییش به دوای خۆیاندا راده‌كێشن.هه‌ر له دانیشتنه‌كانی سه‌رۆك بارزانی خواستی هاتنی چه‌ندین كۆمپانیای دیكه‌ی رووسیا خراوه‌ته ئارا و ئه‌وه‌یش ده‌ستپێكێكی زۆر باشه".
خه‌سرۆ پیرباڵ، نووسه‌ر و چاودێری سیاسیی پێیوایه، كوردستان و رووسیا بۆ گه‌شه‌پێدانی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه، ده‌توانن، پشت به فاكته‌ر و هێزی ئابووری گه‌وره ببه‌ستن، عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ده‌توانن له بواری جیاجیادا، وه‌ك نه‌وت و پێشه‌سازیی و گه‌شتوگوزار و زانست، په‌ره به په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو گه‌لی كورد و رووسیا بده‌ن، میلله‌تی رووس نه‌ك له ئاستی جوگرافیا نزیكه له میلله‌تی كورد، به‌ڵكو وه‌ك نه‌سلیش رووسه‌كان له زمان و مێژوو و دابونه‌ریتیش زۆر له كورده‌وه نزیكن.
پیرباڵ، وتیشی "ئیمڕۆكه، رووسیا و ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌ن، كه كاریگه‌ریی راسته‌وخۆیان هه‌یه له هاوكێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، هه‌روه‌هاش له ئابووری نێوده‌وڵه‌تیشدا، رووسیا به یه‌كێك له كۆڵه‌گه‌كانی ئابووری نێوده‌وڵه‌تی داده‌نرێت، به‌تایبه‌ت له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌وروپا.ئیمڕۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد و رووسه‌كان، به پاڵپشتی فاكته‌ری ئابووری به‌ره‌و قۆناغی زۆر پێشكه‌وتوو و باڵا و ستراتیژیی رێده‌كه‌وێت، پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێم، پلانێكی گه‌وره‌ی هه‌بێت له‌م بواره‌دا".
په‌یوه‌ندیی هاوبه‌ش و هاوكێشه سیاسییه‌كان
له رووی سیاسییه‌وه، سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی، كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی به دوا دێت، چوونكه له كۆبوونه‌وه‌كاندا بیروڕا له مه‌ڕ چه‌ندین بابه‌تی گرنگی سیاسیی ناو عێراق و ناوچه‌كه و كوردستان به گشتیی و سوریا به تایبه‌تی گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراوه.به وته‌ی نوێنه‌ری پارتی له رووسیا، بارزانی مه‌سجی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی سوریای گه‌یاندۆته كرملین، به‌پێی دوا زانیارییه‌كانیش رووسیا به مه‌رجی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی، ئاماده‌یی تێدایه پێشوازیی له كیانێكی نوێی كوردیی بكات له رۆژئاوای كوردستان.
بارزانی له كاتی گه‌شته‌كه‌یدا و له باڵیۆزخانه‌ی عێراق له مۆسكۆ له میانی پرێس كۆنفرانسێكدا، به روونی مه‌به‌سته سیاسییه‌كانی گه‌شته‌كه‌ی بۆ رووسیا روونكرده‌وه و رایگه‌یاند "پاش گه‌ڕانه‌وه‌م له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق گفتوگۆ ده‌كه‌ین بۆ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێك بۆ چاره‌سه‌ری بارودۆخی عێراق" هه‌ر له میانی كۆنگره رۆژنامه‌نووسییه‌كه‌دا باسی له بایه‌خی رووسیا له ناوچه‌كه و جیهان كرد، پاشان رایگه‌یاند بارودۆخی سوریا یه‌كێكی تر ده‌بێت له‌و ته‌وه‌رانه‌ی له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی باڵای رووسیا قسه‌ی له باره‌وه ده‌كات.
هێمن هه‌ورامی، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی، پێیوایه سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی ئه‌ڵقه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌و ستراتیژه سه‌ركه‌وتووه‌یه كه كورد، نه بووه‌ته به‌شێك له بازنه‌یه‌كی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی دژ به بازنه و پێكهاته‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی.وتیشی "له كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ پوتین و سێرگی لاڤرۆڤی وه‌زیری ده‌ره‌وه و سه‌رۆكی كۆمپانیای گازپرۆم و سه‌رۆكی په‌یمانگای رۆژهه‌ڵاتناسیدا، له‌سه‌ر پرسی په‌یوه‌ندیی ئێستا و ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان و رووسیا به وردیی قسه كراوه، ئاڵوگۆڕی بیروڕا و هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی سوریا به وردیی كراوه و هه‌ردوولا تێڕوانینی خۆیان بۆ ره‌وشی ئێستا و ئاڕاسته‌كانی ئاینده‌ی كردووه".
ستران عه‌بدوڵڵا، نووسه‌ر و چاودێری سیاسیی، پێیوایه روسیا بێ دوو دڵی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ كوردستان په‌ره پێده‌دا، نه‌خاسمه ئه‌گه‌ر كوردستان و به‌غدا پێكه‌وه بن، ئه‌وه زیاتر ئه‌و په‌یوه‌ندییه پته‌و ده‌كات.وتیشی "بێگومان به‌غدا گۆڕا و ئه‌وی ئێستا به هه‌موو گرفته‌كانییه‌وه به‌غدای جاران نییه، به‌غدایه‌ك حزوری كوردی تێدایه، رووسیاش وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره ئاماده‌یی كورد له به‌غدا و پایه‌داری ته‌جره‌به‌ی كوردستانیش ده‌بینێت.له‌م هه‌لومه‌رجه‌دایه سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ رووسیا بایه‌خی خۆی هه‌یه له پێشخستنی په‌یوه‌ندیی مۆسكۆ- هه‌ولێر، مۆسكۆ- به‌غدا".
چه‌ك كڕین له رووسیا
یه‌كێك له‌و پرسانه‌ی به گه‌شته‌كه‌ی بارزانی بۆ رووسیا ده‌به‌سترێته‌وه، كڕینی چه‌كی پێشكه‌وتووه له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه له حكوومه‌تی رووسیا، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌و پرسه گرنگانه‌ی مالیكی و حكوومه‌ته‌كه‌ی و هه‌ندێك له ده‌وڵه‌تانی هه‌رێمی ترسیان لێی هه‌یه.هه‌رچه‌نده سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه كه رێككه‌وتن له‌سه‌ر كڕینی چه‌ك نه‌كراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش نه‌شاردراوه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی رووسیا ره‌زامه‌ند بێت ئه‌وا حكوومه‌تی هه‌رێم ویستی هه‌یه بۆ كڕینی چه‌كی پێشكه‌وتوو له‌و وڵاته.
د.ئومێد سه‌باح، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، رایگه‌یاند سه‌ردانی بارزانی بۆ رووسیا له‌سه‌ر بانگهێشتنێكی فه‌رمی بووه بۆ به‌ره‌و پێشبردنی په‌یوه‌ندییه سیاسیی و ئابوورییه‌كانی نێوان رووسیا و هه‌رێمی كوردستان و باسكردنی ره‌وشی عێراق و ناوچه‌كه به گشتیی.وتیشی "له ئه‌جێندای سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ رووسیا كڕینی چه‌ك نه‌بووه، ئه‌و بابه‌ته له میانی پرسیاری رۆژنامه‌نووسێك، له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ورووژاوه و له وه‌ڵامی ئایا ئێوه چه‌ك له رووسیا ده‌كڕن؟، بارزانی رایگه‌یاند، خۆشحاڵین ئه‌گه‌ر رووسیا رازی بێت چه‌كمان پێ بفرۆشێ".
د.خۆشه‌وی مه‌لا ئیبراهیم، نوێنه‌ری پارتی له رووسا، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له كڕینی چه‌ك ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه دوورن له راستییه‌وه.سه‌باره‌ت به پرسی چه‌ك كڕینی حكوومه‌تی عێراقیش له رووسیا ده‌ڵێت "جه‌نابی سه‌رۆك ده‌ڵێت ئێمه دژی چه‌كداركردنی سوپای عێراق نین، ئه‌و چه‌كانه بۆ مه‌به‌ستی پاراستنی وڵات پێویستن، به‌ڵام ئێمه داوا ده‌كه‌ین هه‌ر وڵاتێكی هه‌نارده‌كاری چه‌ك بو عێراق مه‌رجی به‌كارنه‌هێنانی ئه‌و چه‌كانه به مه‌به‌ستی ناوخۆیی گه‌ره‌نتی بكات".
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
