ئایا ئیسلامی سیاسیی ده‌توانێت دیموكراتی بێت؟ ..سه‌ره‌تای كۆتایی ئیسلامی سیاسیی ده‌ستیپێكردووه ...راپۆرت: ستیڤان شه‌مزینی
*سیروان عه‌بدول: ئیسلامی سیاسیی له هیچ جێگایه‌ك ئه‌زموونێكی دڵخۆشكه‌ریان پیشان نه‌داوه
*گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی: ئیخوانه‌كان ده‌یانه‌وێ به چه‌كی دیموكراتی خودی دیموكرانی له‌ناو ببه‌ن
به‌هاری عه‌ره‌بی، به خێرایی ئیسلامی سیاسیی هێنایه سه‌ر شانۆی ده‌سه‌ڵات و گۆڕه‌پانی حوكمڕانی له به‌شێك له وڵاتانی عه‌ره‌بی، به‌ڵام شاره‌زایان پێیانوایه ئه‌م سه‌ره‌تایه خۆی له خۆیدا ده‌كرێت به سه‌ره‌تای كۆتایی رۆڵی ئیسلامی سیاسیی وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئه‌كتیڤ پێناسه بكرێت.پسپۆرانی سیاسیی پێیانوایه ئیسلامی سیاسیی ناتوانێت ئامانجه‌كانی شۆڕش به‌دیبهێنێت و بیپارێزێت، ئه‌وه‌ش به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئیسلامی سیاسیی په‌ڕاوێز ده‌خات، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی جیددی ده‌بێت له‌سه‌ر كۆی هێزه ئیسلامییه‌كانی تر له وڵاتانی تر، له‌م نێوه‌نده‌شدا ئیسلامی سیاسیی له كوردستان به‌ده‌ر نابێت له‌و پاشه‌كشه‌یه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌و هێزه به‌خۆیه‌وه بیبینێت، به تایبه‌ت كه ئێستا له میسر شۆڕش به‌رده‌وامه به تایبه‌ت دژی ده‌سه‌ڵاتی ئیخوان.
سیروان عه‌بدول، نووسه‌ر و رووناكبیر، پێیوایه له رووی تیۆرییه‌وه مومكینه خه‌ڵكی موسڵمان و بزووتنه‌وه ئاینیی و سیاسییه‌كانی ئیسلام و ئۆتۆریته و سه‌ركرده و ئه‌ندام په‌رله‌مان و مه‌لا و شێخ و ئیمامه‌كانی ئاینی ئیسلام به باوه‌ڕه‌وه حوكمداریی دیموكراتییان له وڵات‌دا پێ قبوڵ بێت، یان هه‌ر هیچ نا، دیموكراتییه‌تیان پێ خراپ نه‌بێت، به‌ڵام هێشتاش قبوڵیان بێت سیاسه‌تی ناو وڵات به‌پێی یاسا و رێسای دیموكراتیی رێك بخرێت.به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا له رووی تیۆرییه‌وه‌یه.
سیروان عه‌بدول، ئاماژه به‌وه‌دا تا ئێستا ئیسلامی سیاسیی نه‌یتوانیوه نموونه‌یه‌كی گه‌ش نیشان بدات و وتی "ئیسلامی سیاسیی تائێستا به‌داخه‌وه له هیچ جێیه‌ك هیچ ئه‌زموونێكی دڵخۆشكه‌ری وایان پیشان نه‌داوه كه كه‌سێك گه‌شبین بێت به‌وه‌ی ئیسلامی سیاسیی بتوانێت وا زوو له‌گه‌ڵ پرنسیپه‌كانی دیموكراتییه‌تدا هه‌ڵ بكات.ئه‌مه له به‌شێكیدا ئاكامی ئه‌وه‌یه ئاینی ئاسمانیی وه‌ك مه‌نزومه‌یه‌كی فیكریی تیۆلۆجیی- فه‌لسه‌فیی داوای سیاده و ده‌سه‌ڵاتی حوكمی خودا ده‌كات، نه‌ك سیاده و ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵك.به‌م مانایه جه‌وهه‌ری ئاینه‌كه خۆی دژه دیموكراتییه‌ته.له به‌شێكی تری‌دا ئاكامی ئه‌وه‌یه بزووتنه‌وه‌كانی ئیسلامی سیاسیی به حوكمی ئه‌وه‌ی داوای حوكمی شه‌ریعه‌ت ده‌كه‌ن، به عه‌مه‌لیی كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن نۆرم و به‌هاكانی دیموكراتییه‌ت به نۆرم و به‌هاكانی شه‌ریعه‌ت له قاڵب بده‌ن".
سیروان عه‌بدول، ئه‌و هۆكارانه‌ش ده‌خاته روو كه ده‌بنه هۆكاری ئه‌وه‌ی هێزه ئیسلامییه‌كان نه‌توانن له‌گه‌ڵ دیموكراسیی هه‌ڵبكه‌ن.وتیشی "هۆكاری ئه‌سڵیی دژه دیموكراتییه‌تی دنیای ئیسلامیی، گه‌شه‌نه‌كردوویی كولتووری دیموكراتییه له وڵاته موسڵمانه‌كاندا.ئه‌م راستییانه به هاوشان له‌گه‌ڵ ئه‌و راستییه‌دا كه هه‌ر ئێستا له دونیای ئیسلامییدا سه‌دان و هه‌زاران پیاوی ئیسلامیی هه‌ن شۆره‌ت و رزقیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ئیسلامی سیاسیی دژه دیموكراتیی بمێنێته‌وه، وا ده‌كات من گه‌شبین نه‌بم به‌وه‌ی ئیسلامی سیاسیی وا زوو واز له‌و جه‌وهه‌ره دژه دیموكراتییه‌ی ئاینه‌كه بێنێت و ئه‌و به‌ها و نۆرمه ئینساندۆستانانه قبوڵ بكات كه دیموكراتییه‌تی له‌سه‌ر بونیاد نراوه".
له درێژه‌شدا وتی "فایده‌ی چی هێزێك به وه‌سیله‌ی دیموكراتیی بێیته سه‌ر حوكم، ئه‌گه‌ر ئه‌و حوكمدارییه بكاته وه‌سیله‌ی ئه‌وه‌ی به ده‌قی ده‌ستووریی فه‌رزی بكات كه ئیتر كه‌س نابێت رای نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر باوه‌ڕه‌كه‌ی ئه‌و هه‌بێت؟ ئیسلامی سیاسیی له رووی تیۆرییه‌وه مومكینه ببێته دیموكراتیی، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌خته تیۆرییه ببێته واقیع، ده‌بێت نه‌هێڵرێت به وه‌سیله‌ی حوكمداریی كار بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی دیموكراتییه‌ت له هه‌موو ناوه‌ڕۆكێك بكه‌ن.ئه‌م پرۆسه‌یه‌یه كه ئیخوانییه‌كان ئێستا له میسر ده‌ستیان داوه‌تێ".
گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی، نووسه‌ر و چاودێری سیاسیی، پێیوایه شۆڕشی وڵاتانی عه‌ره‌بی به ئه‌نجام نه‌گه‌یشتووه و ئیخوان و سه‌له‌فییه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه ئه‌وان تاسه‌ر سه‌ركه‌وتوون.ده‌ڵێت "پتر له دوو مانگیش به‌سه‌ر هه‌ڵگیرسانی شۆڕشه‌كه‌دا چه‌ند لایه‌نێكی نموونه‌ی ئیخوان و سه‌له‌فییه‌كان له ده‌ره‌وه سه‌یری شۆڕشه‌كه‌یان ده‌كرد، تا ئه‌و كاته‌ی بۆیان روونبووه‌وه شۆڕش به‌ره‌و ئاقاری سه‌ركه‌وتن ده‌ڕوا، ئیدی هاتنه ناو خه‌ڵكه راپه‌ڕیوه‌كه‌وه و هێدی هێدی به ئاڕاسته‌یه‌كی دیكه‌دا بردیان، له ئاكامیشدا ده‌سه‌ڵاتیان بۆ خۆیان قۆرخكرد".
هه‌ڵه‌بجه‌یی وتیشی "هۆكاره‌كه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نجانی شۆڕشگێر خۆیان له قه‌واره‌یه‌كی سیاسی‌دا رێكنه‌خستبوو تا له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بتوانن منافه‌سه‌ی حزبێكی منه‌زه‌می وه‌ك ئیخوانه‌كان بكه‌ن كه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی رابردوه‌وه خاوه‌نی رێكخستنێكی به‌رفراوانن.هاوكات زه‌مه‌نیش له به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌نجان نه‌بوو تا بتوانن به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كان له رێگه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌وه خۆیان وه‌ك لایه‌نێكی سه‌ره‌كی ته‌رح بكه‌ن".
گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی، پێیوایه ئیسلامییه‌كان ناتوانن له‌گه‌ڵ دیموكراسیی هه‌ڵبكه‌ن.وتی "هه‌ر هێزێكی سیاسیی ئیسلامی ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست ته‌نیا دوو رێگه‌ی له به‌رده‌ستدایه، یان ئه‌وه‌تا به‌رگه ئیسلامییه‌كه‌ی لا ده‌دات و به ناوی حزبێكی ئیسلامییه‌وه وڵاتێكی عه‌لمانی ده‌بات به‌ڕێوه، وه‌ك نموونه‌ی حزبی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا، كه له‌ته‌ك گه‌مه دیموكراتییه‌كه‌دا خۆی گونجاندووه.یا ئه‌وه‌ته هێنده دیموكراتی قه‌بوڵ ده‌كات تا ده‌گه‌نه ده‌سه‌ڵات و پاشان شه‌قێكی لێده‌دات و به‌رنامه‌كه‌ی خۆی جێبه‌جێ ده‌كات.نموونه‌ش ئیخوانه‌كانی میسره، كه به‌دیار كه‌وت به‌چه‌كی دیموكراتی گه‌ره‌كیانه دیموكراتی له نێو به‌رن".
د.شیلان حه‌مه‌عه‌لی، مامۆستای زانسته سیاسییه‌كان و چاودێری بارودۆخی میسر، پێیوایه ئیسلامی سیاسیی و دیموكراسیی دووانه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ن و هه‌رگیز ناتوانن له مه‌نجه‌ڵێكدا پێكه‌وه بكوڵێن.وتیشی "ئیسلامی سیاسیی پڕۆژه‌یه‌كی فاشیستانه و تۆتالیتارییانه‌یه، كه ئه‌مه‌ش به‌هه‌موو پێوه‌رێك دژی به‌هاكانی سیستمی دیموكراتییه.له ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه ئاینییه‌كاندا به تایبه‌ت ئیسلامی سیاسیی نه‌ك دیموكراسی چه‌كه‌ره ناكات به‌ڵكو به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌و فه‌زایانه‌ش ده‌خنكێنرێت كه دواجار ده‌بنه هۆی به‌هێزكردن و په‌ره‌پێدانی كولتووری دیموكراسیی".
شیلان حه‌مه‌عه‌لی، پێیوایه ئیسلامی سیاسیی سه‌ره‌تای كۆتاییه‌كه‌ی ده‌ستیپێكردووه، چوونكه به قه‌ناعه‌تی ئه‌و ئیسلامی سیاسیی له لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا مه‌رگی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت.وتیشی "من به‌پێچه‌وانه‌ی زۆرینه‌وه بیر ده‌كه‌مه‌وه و پێموایه گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی سیاسیی له میسر و تونس و هه‌ندێك جێگه‌ی دیكه ده‌بێته سه‌ره‌تای كۆتایی ئیسلامی سیاسییه، پڕۆژه‌كه‌یان هه‌ره‌س ده‌هێنێت، چوونكه ئه‌وانیش له دیكتاتۆره‌كانی پێشووتر باشتر نابن، به‌مانایه‌كی دیكه ئیسلامی سیاسیی سته‌مكارییه‌كی نوێ له جێگه‌ی سته‌مكارییه كۆنه‌كه به‌رهه‌م ده‌هێنێت.ئه‌مه‌ش ده‌بێته خاڵی كۆتاییان.كه به دڵنیاییه‌وه ئیسلامی سیاسیی له كوردستانیش بێبه‌ش نابێت له‌و پاشه‌كشه‌یه‌ی ئیسلامی سیاسیی به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی به‌خۆیه‌وه ده‌یبینێت".
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
