لە ساڵی ڕابردوودا چەندین جار هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق هەوڵی لە باربردنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیاندا ، جارێک لە ڕێگەی دانیشتنی نهێنی لەگەڵ داود ئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی تورکیا و جارێک لە ڕێگەی بانگێشتکردنی چەندین لایەنی گوماناوی بۆ شاری هەولێر بە ناونیشانی "کۆنفرانس بۆ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان"، جارێک لە ڕێگەی کۆمەک کردنی ئیخوانالموسلمین بە بڕی دوو ملیۆن دۆلار و جارێک بە هوڵدان بۆ زڕاندن و ناشیرینکردنی ئازادیخوازانی ڕۆژئاوای کوردستان، تا کار گەیشتە ئەوەی لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2012دا دەروازەی سنووریان بە ڕووی ڕۆژئاوای کوردستاندا داخست و گەمارۆیەکی ئابووری دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتییان بەسەر ئەو پارچەیەی کوردستاندا داسەپاند، هەر پاش داسەپاندنی گەمارۆی ئابووری هێزەکانی ئارتەشی "ئازاد"ی سوریاش هێرشێکی زاڵمانەیان کردە سەر شاری سەرێکانی و لە هیچ کردەوەیەکی قێزەون نەسڵەمینەوە .
سەرسوڕمان ئەوەیە، لە کاتێکدا کە لایەنگرانی بارزانی کە بە گوتەی خۆیان هەموو هەوڵێکیان بۆ پاراستنی کوردانی ڕۆژئاوا و دەستکەوتەکانیەتی، کەچی هەر لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی چەتەکانی ئارتەشی "ئازاد"ی سوریا بۆ سەر ڕۆژئاوی کوردستان یان هەڵهاتنە تورکیا یاخود کەوتنە هاوکاریکردنی ئارتەشی بە ناو ئازاد لەژێر ناوی چەندین کەتیبەی جۆراوجۆردا .
ڕۆژی 25 ئەم مانگەش 75 کەس بە شێوەیەکی نایاسایی سنووری ڕۆژئاوای کوردستانیان دەرباز کرد و لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەستبەسەر کران و خرانە ژێر لێکۆڵینەوە، پاش لێکۆڵینەوە ئاشکرا بوو کە ئەو کەسانە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە و بۆ مەبەستی دژایەتیکردنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ئاژاوەنانەوە ئاودیو کراون .
پاش دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانە یەکسەر بۆ جارێکی دیکە هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق سنوورەکانیان بە ڕووی ڕۆژئاوای کوردستاندا داخست و سەرۆکی هەرێمیش هاتە زمان و بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە کەوتە هەڕەشەکردن و گوتی "ئێمە ڕێگە نادەین هێزێک دەست بەسەر خۆرئاوای کوردستاندا بگرێت"، لە ناوەڕۆکی ئەم گوتەیەوە دەردەکەوێت کە هەم ئەو کەسانە خولی پەروەردەیان پێ بینراوە تاکو لە بەرامبەر هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەلدا بەکاریان بهێنن و هەم پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقیش وەکالەتی پێدراوە لە لایەن داگیرکەرانەوە بۆ لەباربردنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان .
لەگەڵ هەڕەشەکردنەکەی بارزانیدا، یەکسەر چەتەکانی ئارتەشی "ئازاد"ی سوریا و جەبهە النەسرەش هێرشی سەر کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد لە هەرێمەکانی عەفرین و کۆبانی و تەل تەمر و سەرێکانی، هاوکات لەگەڵ هێرشی چەتەکانی ئارتەشی "ئازاد"دا هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقیش گەمارۆی سەر ڕۆژئاوایان توندتر کرد و هێزەکانیان لەسەر سنوور جێگیر کرد ( واتە هێرشی ئارتەشی ئازاد و فشارەکانی بارزانی لە یەک کاتدا بوون ) .
هاوکات بوونی هێرشەکانی ئارتەشی ئازاد و فشارەکانی بارزانی بەڵگە نەویستە بۆ هاوئاهەنگی بنەماڵەی بارزانی و چەکدارە سەلەفیەکان دژ بە کوردان و ناردنەوەی ئەو 75 کەسەش هەر بۆ هەمان مەبەست بووە .
میلیشیاگەری :-
زیاتر لە 22 ساڵە بەشێک لە باشووری کوردستان بە ڕووخسار لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەردا نەماوە، بەڵام لە نەمانی داگیرکەریشدا بە دەیان هەزار کورد کوژران و سەدان هەزاریش کۆچبەری وڵاتان بوون بەهۆی دیاردەی میلیشیاگەری و بوونی دوو هێزی چەکدارەوە . لێ بەڵێ، بارزانی دەخوازێت هەمان دیاردەی میلیشیاگەری لە ڕۆژئاوی کوردستانیش ساز بکات و تەڕ و وشک بە یەکەوە لەناو بەرێت .
بە باوەڕی من ئەم کردەوە قێزەونانەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەسەر داخوازی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، چونکە ئێران دەخوازێت بە تیرێک دوو نیشانە بپێکێت، گومان لەوەدا نییە کە تیرەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بنەماڵەی بارزانییە و نیشانەکانیش ڕەوشی گەلی کوردە لە هەردوو پارچەی ژێر چەپۆکی تورکیا و سوریادا، بەم شێوەیە :-
1- ڕەوشی گەلی کورد لە باکووردا :- لە نەورۆزی ئەم ساڵدا، پەیامی ئاشتی لە نێوان تورکیا و کوردانی باکووردا درا بە گوێی هەموو جیهاندا و پەیامەکەش پێشوازییەکی گەرمی لێکرا لەلایەن کوردستانی و جیهانیەوە، ئەوەی کە زۆر نیگەران بوو لەو پەیامە کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، چونکە ئێران دەیویست ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت تاکو زیاتر دەست لە ناوچەکە وەربدات، هەر بۆیەش ئێران هەموو هەوڵێک دەدات تاکو ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستاندا پێش نەکەوێت .
2- ڕەوشی گەلی کورد لە خۆرئاوای کوردستاندا :- کوردان بە شێوەیەکی دوور لە توند و تیژی زۆربەی ڕۆژئاوای کوردستانیان ئازاد کرد، ئەم ئازادکردنەش هەم بوویە فشارێک بۆ سەر ڕژێمەکەی ئەسەد و هەم کاریگەرییەکی زۆریشی کردۆتە سەر کوردانی جیهان بەگشتی و کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، لەبەرئەوە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەخوازێت لە ڕێی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە هەم فشاری کوردان لەسەر ڕژێمەکەی ئەسەد نەهێڵێت و هەم کاریگەریەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانیش لەسەر کوردانی ڕۆژهەڵات کەم بکاتەوە .
واتە کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی ماڵی بارزانییەوە هەم پێڤاژۆی ئاشتی باکوری کوردستان تێک بدات و هەم دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە بار بەرێت و هەم تەمەنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدیش درێژتر بکات . چونکە لە ڕابردووشدا کۆماری ئیسلامی ئێران هەمان تیری ئاڕاستەی جەرگی کوردان کرد بە ئامادەکردنی "قیادە مۆقەتە" و هاندانیان دژ بە کوردانی ڕۆژهەڵات و تارومارکردنی هەموو دەستکەوتەکانی ئەو بەشەی کوردستان .
هەڵبەت ئەو کات ماڵی بارزانی شانۆگەرییەکی سەرکەوتوویان ساز کرد بۆ شەڕکردنی کوردانی ڕۆژهەڵات، ئەو شانۆگەرییەش دەرهێنانی تەرمی مەلا مستەفا بوو لەلایەن خودی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە و ساخکردنەوەی بەسەر کوردانی ڕۆژهەڵاتدا تاکو بیکەنە بیانوویەک بۆ داسەپاندنی ئەو شەڕە ناڕەوایە . ئێستاش هەمان بنەماڵە دەیانەوێت شانۆگەرییەکی هاوشێوە ساز بکەن بۆ شەڕکردنی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو شانۆگەریەش جارێک لە ڕێی چەند پارتێکی کارتۆنی دژ بە پارتی یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە" و جارێک لە ڕێگەی هاوکاریکردنی ئیخوانالموسلمین و جەبهە النەسرە بۆ وێرانکردنی شارەکانی ڕۆژئاوی کوردستان و جارێک لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ سازکردنی میلیشیاگەری لەو پارچەیەدا و ئێستاش لە ڕێگەی ئاودیوکردنی ژمارەیەک کوردی بەکرێگیراو بۆ ئاژاوەگێڕی و برسیکردنی کوردانی ڕۆژئاوا و داخستنی سنوورەکان بەسەریاندا .
چەندین پرسیار لە سەرۆکی هەرێم :-
1- سەرۆکی هەرێم چ بەشێکی هەیە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا تاکو بەو شێوەیە هەڵوێست وەربگرێت و هەوڵی ئاژاوەگێڕی بدات ؟
2- بۆچی سەرۆکی هەرێم دەست لە کاروباری خۆرئاوی کوردستان وەردەدات لە کاتێکدا باشووری کوردستان بەدەست سەدان قەیرانەوە دەناڵێنێت ؟
3- بۆچی سەرۆکی هەرێم لە سەرەتادا هەوڵ نادات گرفتی زیاتر لە نیوەی باشووری کوردستان چارەسەر بکات کە بە داگیرکراوی ماوەتەوە و ناوی ناوچە "جێ ناکۆکی لەسەرەکانیان" لێناوە ؟
4- ئەی بۆچی سەرۆکی هەرێم خۆی و بنەماڵەکەی بەسەر پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکدا داسەپاندووە و لە پێناوی ئەو خۆ داسەپاندنەشدا شەڕی بێ ئەمانی دژ بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان جاڕدا و پەلکێشی تەواوی داگیرکەرانی کوردستانی کرد و تاکو ئێستاش دیلەکانی شەڕی ناوخۆی ئازاد نەکردووە ؟
5- بۆچی سەرۆکی هەرێم نیگەرانە لە ئازادکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و لەو پێناوەدا بۆتە هاوکاری ئیخوانالموسلمین و چەتەکانی ئارتەشی "ئازاد"ی سوریا دژ بە کوردان ؟
جەلال چوارتایی
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
