لە ڕاپه‌ڕینەوە تا کۆڕەو ...جەلال چوارتایی

لە ڕاپه‌ڕینەوە تا کۆڕەو ...جەلال چوارتایی

بەشی شەشەم و کۆتایی - با باشوور ببێتە ئەزموونێک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان :-

ڕاپەڕینەکانی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان دوو ساڵی پڕ کردەوە، ئەوەی باشترین و سەرکەوتوترین ڕۆڵی گێڕا لەو ڕاپەڕینەدا پارتی یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە" بوو، ڕۆڵگێرانی پەیەدە هەم میلەتی لە کۆمەڵکوژی پاراست و هەم زۆربەی ڕۆژئاوای کوردستانی ڕزگار کرد، هەم ڕێی نەدا میلەت دوچاری ئاوارەیی و کۆڕەو ببن و هەم هەموو دامودەزگا خزمەتگوزاریەکانی لە تاڵانکاری پاراست، هەم باشترین هێزی پاراستی کوردانی دامەزراند و هەم ڕێی نەدا کوردان ببنە سوتەمەنی ئەو شەڕەی نێوان بەعسیە فاشیەکان و ئیسلامیە کۆنەپەرستەکان کە هیچ ئامانجێکی نیە .

لە هەمان کاتدا ئەو پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەی کە لە سەرەتادا ئاگاداری ڕاپەڕینەکەی 1991ی باشووری کوردستان نەبوو و لە دوایشدا لە ڕێی ئەنفالکەر و داگیرکەرانەوە خۆی کردە هەمەکارە و سواری دەستکەوتەکانی خەڵکی باشووری کوردستان بوو ئەوا ئیمڕۆش دەیەوێت هەمان دیاردەی قێزەون لە سەر ڕۆژئاوای کوردستان دووبارە بکاتەوە بە لە ئامێزگرتنی ژمارەیەک بەعسی خۆفرۆشی وەک " عبدالحکیم بەشار و مستەفا جومعە و سەڵاح بەدرەدین " لە شاری هەولێر و بە هاوکاری دەوڵەتی تورک .

هەر بۆیەش پێویستە پارتی یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە" بە وریاییەکی زیاترەوە هەڵسوکەوت بکات و ڕێگە نەدات ئەو دەستکەوتانەی کە ئیمڕۆ بە خوێنی دەیان شەهیدی سەربڵند بەرهەمی هێناوە بکرێنە ساتوسەودای چەند بازرگانێکی وەک "عبدالحکیم بەشار و مستەفا جومعە و سەڵاح بەدرەدین" و نۆکەرەکانیان.

وەک چۆن لە باشووری کوردستاندا شورا کرێکاریەکان دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینیان کردە گیرفانی بازرگانانی خوێن و ئیمڕۆ کەسانێک بەرهەمی ڕاپەڕین دەچننەوە کە هیچ ڕۆڵێکیان نەبوو لە ڕاپەڕیندا و باسیش لە هەزار پیاوی بنەماڵە دەکەن و جێگەش بۆ نەوەی پینج شەش ساڵەیان خۆش دەکەن، ئەوا نابێت پەیەدە ڕێگە بدات بازرگانانی خوێن ساتوسەودا بە دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینەوە بکەن لە خۆرئاوادا و هاوشێوەی باشووری کوردستان سواری دەستکەوتەکانی گەل ببن، دەبێت پەیەدە باشوور بکاتە باشترین ئەزمون بۆ دووبارە نەبوونەوەی دیاردە دزێوەکان.

لەگەڵ ئەوەی ماوەیەکی کەمە زۆربەی ڕۆژئاوای کوردستان ئازاد کراوە و لەو ماوە کەمەشدا پەیەدە گەلێک هەنگاوی ئەرێنی ناوە، بەڵام هێشتا کەموکوڕییەکی زۆر بەدی دەکرێت و پێویستە هەرچی زوترە یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" و هێزەکانی ئاسایش ڕێگەچارەی بۆ بدۆزنەوە و کۆتایی بە کەموکوڕیەکان بهێنن .

بە باوەڕی من گونجاوترین ڕێگە بۆ کۆتایهێنان بە کەموکوڕیەکان بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و چاودێریکردنی ئەو کەسانەی کە سنورەکان دەبەزێنن و ڕوو لە باشووری کوردستان دەکەن، چونکە بۆ شوێن بزرکردن زۆربەی پیلانەکانی داگیرکەران لە باشووری کوردستانەوە بەرنامەی بۆ دادەڕێژرێت تاکو بتوانن دەسکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەناو ببەن، لەبەرئەوە ئەرکی هێزەکانی ئاسیشە کە ڕێگە نەدات بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت هیچ کەسێک سەردانی باشووری کوردستان بکات، لە هەمان کاتدا هێزەکانی پاراستنی گەل"یەپەگە"ش وەک چۆن سنورەکانی نێوان ڕۆژئاوا و باکووری کوردستانیان پاراستووە و ڕێگەیان لە دەستێوەردانی تورکە داگیرکەرەکان گرتووە، پێویستە بەو شێوەیە سنوورەکانی نێوان ڕۆژئاوا و باشووری کوردستانیش بپارێزن و ڕێگە نەدەن هیچ کەسێک بەبێ بوونی مۆڵەتی ئاسایش سنوورەکان ببەزێنن، تاکو کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی بنەماڵەی بارزانی بهێنرێت لە ڕۆژئاوادا .

چونکە وەک باسم کرد زۆربەی پیلانەکانی داگیرکەران لە باشووری کوردستانەوە ئەنجام دەدرێت، کۆتایهێنان بە دەستێوەردانەکانی بنەماڵەی بارزانیش پوچەڵکردنەوەی هەموو پیلانەکانی داگیرکەرانە .

تێبینی/ ناوهێنانی ئاسایش مەبەست لە " ئاسایشی خۆرئاوای کوردستانە" کە دوو مانگ بەر لە ئێستا دامەزرا .

کۆتایی....

جەلال چوارتایی


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.