ڕێکەوتنی یەکینەکانی پاراستنی گەل لەگەڵ ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا و دەرەنجامەکانی ...جەلال چوارتایی...بەشی دووەم
دەرەنجامی ڕێکەوتننامەکە :-

وەک لە بەشی یەکەمدا باسم کرد، بە غەیری بەندی هەشتەم تەواوی بەندەکانی دیکە لە بەرژەوەندی کورداندایە (واتە سەرگرتنی ڕێکەوتننامەکە لە بەرژەوەندی کورداندایە)، بەڵام ئەگەر ڕێکەوتننامەکە سەریش نەگرێت ئەوا تا ڕادەیەک هەر لە بەرژەوەندی کورداندایە، چونکە بەر لەم ڕێکەوتننامەیە ئیخوالالموسلمین و ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا هەمیشە لایەنی کوردیان بە شەبیحە و هاوکاری بەشار ئەسەد ناو دەبرد و هیچ کاتێک ئامادە نەبوون پەیەدە و یەپەگە وەک دوو هێزی ڕۆژئاوی کوردستان بناسێنن بەڵکو هەمیشە وەک پەکەکە پێناسەیان دەکردن و تەنانەت ئامادەش نەبوون کە ددان بەوەدا بنێن و بڵێن بەشێک لە کوردستان لەلایەن سوریاوە داگیرکراوە .
بەڵام ئەم ڕێکەوتننامەیە ئەو ڕاستییەی بە دوژمنان سەلماند کە بەشێک لە کوردستان لە سوریادا بوونی هەیە و هیچ هێزێکیش ناتوانێت نکۆڵی لە بوونی کوردان بکات و بەبێ هاوبەشیکردنی ئەو نەتەوەیەش مەحاڵە بەرهەڵستکارانی سوریا بتوانن هیچ ئامانجێک بە دەست بێنن، لە هەمان کاتدا ئەم ڕێکەوتننامەیە ئەوەی هێنایە پێش چاوی دۆست و دوژمن کە ئەو تۆمەتانەی ئیخوانالموسلمین و ئارتەشە بەناو ئازادەکەیان کە ئاڕاستەی پەیەدە و یەپەگەیان دەکرد هەمووی درۆ و دوور لە ڕاستین، چونکە ئەگەر هێزێک هاوکار و شەبیحەی ئەسەد بێت ئەوا ڕێکەوتننامەی لەگەڵدا واژۆ ناکرێت !
هیوادارم ئەم ڕێکەوتننامەیە سەربگرێت چونکە لە هەموو حاڵەتێکدا سەرکەوتنی باشترە لە سەرنەکەوتنی، بەڵام بە پێی هەموو لێکدانەوەیەک ئەگەری سەرنەکەوتنی زۆر زیاترە لە سەرکەوتنی چونکە بە غەیری یەک خاڵی هاوبەش کە "دژایەتیکردنی ڕژێمی بەعس و هەوڵی ڕزگاربوون لە دیکتاتۆریەتە" ئەوا هیچ خاڵێکی هاوبەشی دیکە بەدی ناکرێت لە نێوان لایەنی کوردی(پەیەدە و یەپەگە) و لایەنی عەرەبی(ئیخوانالموسلمین و ئارتەشی ئازاد)دا، بەڵام لە بەرامبەردا خاڵە جیاوازەکان هێندە زۆرن کە لە ئەژمار نایەن و بەشێک لەو جیاوازیانەش بریتین لە :-
1- لایەنی عەرەبی تەنها لە ناودا لە بەعسیەکان جیاوازن دەنا لە ناوەڕۆکدا زۆر لە بەعسیەکان شۆڤێنیترن و ئەو ڕەگەزپەرستییەی بەعسیەکان لە ماوەی 60 ساڵی تەمەنیاندا چاندویانە گەرای لە خوێنی هەر تاکێکی ئارتەشی ئازادیشدا داناوە .بەڵام لایەنی کوردی لەگەڵ ئەوەی داگیرکراو و چەوساوەیە کەچی 100% پێچەوانەی ئەقڵیەتی شۆڤێنیانەی ئیخوانالموسلمین بیر دەکەنەوە و هەمیشە برایەتی گەلان بە بنیچینە وەردەگرن .
2- لایەنی عەرەبی بریتییە لە هێزێکی سەلەفی جیهادی و هەموو شتێک لە نوکی شمشێردا دەبینێتەوە و لە ڕوانگەی سەلەفیەکانەوە دەبێت شەرع بڕیاردەر بێت، ئەو شەرعەی کە بەرنامەکەی ئەنفال و جیهادە و کەللە پەڕاندن و چوارپەل بڕینەوە بە ڕەوا دەبینێت .لە بەرامبەردا لایەنی کوردی هێزێکی سۆسیالیستی- دیموکراتی پێشکەوتنخوازە و نەفرەت لە ئەنفال و کەللە پەڕاندن دەکات و زۆر بە توندیش دژایەتیان دەکات .
3- لە ڕوانگەی سەلەفیەکانەوە دەبێت کۆمەڵگا بگەڕێتەوە بۆ 14 سەدە بەر لە ئێستا و کۆمەڵگا تەنها یەک مافی هەبێت ئەو مافەش عیبادەتە (عیبادەتیش بە واتای عبودیەت "کۆیلایەتی" دێت ) .هەرچی لایەنی کوردیشە نەفرەت لە دیاردەی کۆیلایەتی دەکات و زۆر پێشکەوتنخوازانە لە مەسەلەکان دەڕوانێت و هەوڵ دەدات کۆمەڵگا بەرەو پێش بچێت و بۆ دواوە ئاوڕ نەداتەوە و کۆتایی بێت بە جیاوازی نێوان نەتەوە و ئاینەکان و ڕێز لە هەر بیر و باوەڕێکیش بگیردرێت .
4- لە ڕوانگەی ئیخوانالموسلمینی سەلەفیەوە دەبێت ژنان لە چوارچێوەی چوار دیواردا بمێننەوە و بە نیوە مرۆڤ پێناسە بکرێن و وەکو کاڵا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت وەک (ئافرەت لە خوێندان و کچ لەسەر بێشکە مارەکردن و گەورە بە بچوک و ژن بە ژن و شیربایی و دیاردەی فرە ژنی و لە هەمووشی قێزەونتر ئەوەیە کە بە ناوی حیجابەوە دەبێت هەر ژنە و جاجمێک لە خۆی بپێچێت) .لە بەرامبەردا لایەنی کوردی زۆر بە توندی دژ بەو دیاردانە دەوەستێتەوە و بڕوای تەواوەتی بە ئازادی ژنان هەیە و دەخوازێت ژنان وەک مرۆڤی تەواو حسابیان بۆ بکرێت و ئەو مافەی بۆ پیاوان ڕەوایە بۆ ژنانیش ڕەوا بێت .
5- ئیخوانە سەلەفیەکان لە دوی گوتەی شێخەکانیان وێڵن، ئەو شێخانەی کە دیاردە قێزەونەکانی منداڵبازی و دەستەگەمانیان کردۆتە پیشە و ڕوو لە هەر جێیەک بکەن ئەو جێیە دوچاری فەسادی و دزی و تاڵانی و قاتوقڕی دەکەن .لایەنی کوردیش بە تەواوەتی دژ بەو دیاردە قێزەونانەیە و ڕێگە نادات بەشێک لە کۆمەڵگا ببێتە ستەمکار لەسەر بەشەکەی دیکەی .
6- ئیخوانالموسلمین لە دوی دەسەڵات وێڵن و لەو پێناوەشدا سڵ لە هیچ کردەوەیەکی چەپەڵی وەک پەلکێشکردنی هێزی بێگانە ناکەنەوە و وەک کوفر لە دیموکراتیەت و پەڕلەمان دەڕوانن .لایەنی کوردیش بە تەواوی دەسەڵات ڕەت دەکاتەوە و دژ بە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکییە و دەخوازێت هەموو دەسەڵاتەکان بۆ گەل بێت و دیموکراتیەت سەقامگیر بێت .
7- ئیخوانالموسلمین لە تورکیاوە گەورە دەکرێت و تەواوی سەرکردەکانیان لە (ئەنقەرە و ئەستەمبوڵ و هاتای و ئەدەنە)ن و بە بێ هاوکاری تورکیا ناتوانن یەک حەفتە بمێننەوە .لایەنی کوردیش وەک سەرسەختترین دوژمن لە دەوڵەتی تورک دەڕوانێت و هەر دەستێکەڵاویەک لەگەڵ تورکیادا بە خەتی سور دەزانێت و بە گومانەوە لە تەواوی ئەو لایەنانەش دەڕوانێت کە سەردانی تورکیا دەکەن .
8- ئیخوانالموسلمین جۆرەها تۆمەتی ئاڕاستەی پەیەدە و یەپەگە کرد وەک { شەبیحە – هاوکاری ئەسەد – دژ بە خۆپیشاندانەکان – بێگانە بە سوریا - ...هتد } .لایەنی کوردیش کەمتر لەو تۆمەتانەی ئاڕاستە نەکردن و هەمیشە ئیخوانالموسلمین و ئارتەشی "ئازاد"ی سوریای بە { چەتە – دز – ڕێگر – داردەستی تورک -...هتد } ناودەبرد، هەرچەند ئەو گوتانە لەسەر ئیخوانالموسلمین هەمووی ڕاستن و ئەگەر زیادی نەبێت ئەوا کەمی نییە .
9- ئیخوانالموسلمین و ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا بە غەیری ئایدۆلۆژیای ئیسلام بڕوایان بە هیچ ئایدۆلۆژیایەکی دیکە نییە و لەو ڕوانگەیەشەوە عەرەب بە براگەورە و خاوەن ماڵ دەزانن و تەنها مافی عیبادەت "کۆیلەبوون" بۆ کوردان بە ڕەوا دەبینن .هەرچی پەیەدە و یەپەگەشە بڕوایان بە ئایدۆلۆژیای "ئاپۆیی" هەیە و لەو ڕوانگەیەشەوە هەم کوردان بە خاوەن ماف دەزانن و هەم هەوڵیش دەدەن کە کوردان بکەنە پێشەنگ لە ناوچەکەدا .بۆ ڕاستی ئەم گوتەیەم گوێ لە عەدنان عەرعوری سەرۆکی ئیخوانالموسلمین بگرە لەم لینکەی خوارەوەدا :-
http://www.youtube.com/watch?v=GaOvypRTN10
10- خاڵی هەرە جیاواز بریتییە لە بەندی هەشتی ڕێکەوتننامەکە کە (بریتییە لە هاوکاریکردنی یەپەگە و ئارتەشی ئازاد بۆ ڕزگارکردنی ئەو ناوچانەی پارێزگای حەسەکە کە هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی بەعسدان، ئەو شارانەش حەسەکە و قامشلۆن) .بە دڵنیاییەوە ئەگەر هەموو بەندەکانی دیکە سەر بگرێت ئەم بەندەیان سەرناگرێت .چونکە ئەگەر ئارتەشی ئازاد ڕوو لەو دوو شارە بکات ئەوا هەمان چارەنوسی "سەرێکانی" دووبارە دەبێتەوە واتە (دوو شاری وێرانە و خەڵکێکی ئاوارە)، لە کاتێکی وەهاشدا یەپەگە نەک هەر هاوکار نابێت بەڵکو زۆر بە توندیش لە بەرامبەر ئارتەشی ئازاددا دەوەستێتەوە .
درێژەی هەیە ....
جەلال چوارتایی
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
