ئیسلامی سیاسی، گۆپاڵیك بۆ چەواشەکردنی شۆرشی خەڵک .نموونە میسر ...جەلال چوارتایی

ئیسلامی سیاسی، گۆپاڵیك بۆ چەواشەکردنی شۆرشی خەڵک .نموونە میسر ...جەلال چوارتایی

ڕەنگە زۆر کەس بەم گوتەیەم باوەڕ نەکەن کاتێک دەڵێم تەواوی لایەنە ئیسلامیەکان دروستکراوی "سی‌ئای‌ئەی" ئەمریکی و موسادی ئیسرائیلین، خۆ ئەگەر سەرنجێک بدەین ئەوا زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت کە لە دوای شێخە بەکرێگیراوەکانی کەنداوەوە هیچ لایەنێکی دیکە هێندەی لایەنە ئیسلامیەکان خزمەتی بە هێزە ئیمپریالیستیەکان و لە سەروی هەمووشیانەوە بە ئەمریکا نەکردووە، هەموو کردەوەی لایەنە ئیسلامیەکان پڕکردنی گیرفانی ئەمریکا و ماڵوێرانی گەلان بووە، تاکو ئێستا لایەنە ئیسلامیەکان نەک هیچ دەستکەوتێکیان بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەدەست نەهێناوە بەڵکو ڕوویان لە هەر شوێنێک کردبێت ئەو شوێنەیان لە پێشکەوتن خستووە و لایەنە پێشکەوتنخوازەکانیان لاواز کردووە و دانیشتوانەکەشیان دووچاری ئاوارەیی و ماڵوێرانی کردووە، لە کۆتایشدا بە بیانوی "شەڕ لە دژی تیرۆر" ئەمریکا و ئەوروپیەکانیان کێشاوەتە شوێنەکە .نموونە زۆرن لەو بارەیەوە هەر لە ئەفغانستانەوە تا لوبنان، هەر لە کوردستانەوە تا سۆماڵ، هەر لە بۆرماوە تا مالی، خۆ دەبێت فاتیحە لەسەر دواڕۆژی میسر و لیبیا و یەمەنیش بخوێنین .ئەمە جگە لەوەی کە لایەنە ئیسلامیەکان خاوەنی قێزەونترین کردەوەن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ئەو کردەوەیەش دیاردەی لەناوبردنی فەرهەنگ و کەلەپوری گەلانە وەک تەقاندنەوەی پەیکەرەکانی بودا لە ئەفغانستان و سوتاندنی مێژووی هەزاران ساڵەی مالییەکان، واتا کتێبی دەسنووسی کۆن و لەمێژینەی کتێبخانەکانی شارەکانی ژێردەسەڵاتیان .

 سەرهەڵدانی لایەنە ئیسلامیەکان لە دوو جێگە پەرەی سەندووە :-

1- ئەو شوێنانەی کە لەلایەن دەسەلاتدارانەوە هەوڵی خۆ دەربازکردن دەدەن لە کۆت و بەندی ئیمپریالیزم، وەک لیبیا و مالی .

بۆ نموونە کەسێک نییە کە لیبیای سەردەمی موعەمەر قەزافی لە بیر نەبێت، هەموو هەوڵی قەزافی ئەوە بوو کە لیبیا لە کۆتی هێزە ئیمپریالیستیەکان ڕزگار بکات و تەنانەت هاواری بۆ گەلە چەوساوەکانیش دەکرد کە خۆیان لە پیلانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی بپارێزن و زۆرترین هاوکاریشی بە گەلانی ئەفریقا دەکرد تاکو ناچاری ئەوروپیەکان نەبن، لەو باوەڕەدام تا سەد ساڵی دیکەش لە نێو عەرەب‌دا کەسایەتییەکی ئازادیخوازی وەک قەزافی پەیدا نابێتەوە، ئەگەرچی لە درێژەی دەسەڵاتداریدا تووشی لەخۆ بایبوون هات و لە ناوخۆدا بووە دیکتاتۆر بەسەر خەڵکەکەیدا.

ئەوروپیەکان هەمیشە کەسانی وەک قەزافیان بە مەترسی دەزانی بۆسەر بەرژەوەندیەکانیان، هەر بۆیەش ئاسانترین ڕێگە و هەرزانترین خەرجی بۆ ئەوروپیەکان سازکردنی هێزی ئیسلامی بەکرێگیراو بوو تاکو بیانکەنە ئاستەنگی لەبەر دەم قەزافی‌دا و لەو ڕێگەیەوە جڵەوی لیبیا بخەنە دەستی خۆیان .

لیبیەکان لە سەدەی ڕابردوودا خوێنێکی زۆریان پێشکەشکرد تا ئەوروپیەکانیان لە وڵاتیان وەدەرنا، بەڵام لە سەدەی نوێ‌ و لە ڕێگەی چەند هێزێکی ئیسلامی داردەستەوە بە ئاسانترین شێوە دێنەوە وڵاتی لیبیا و هەر لە ڕێگەی ئەو داردەستە بێ بەهایانەوە قەزافی و دارودەستەکەی بە دڕندانەترین شێوە کۆمەڵکوژ کران بە پێش چاوی کامێراکانەوە .

وڵاتی مالیش یەک لەو نمونانەی دیکەیە کە لە خۆرئاوای ئەفریقادا کەمێک ئارامی بە خۆیەوە بینیبوو و بیریان لە بەرژەوەندی نیشتمانیان دەکردەوە، بەڵام لە بەدبەختی مالیەکاندا ئیسلامیە ئامادەکراوەکان لە کاردا دەبن تاکو وڵات لە قەیران وەربدەن و دەوڵەت ناچار بکەن هەموو بەرژەوەندی نیشتمانی وەلاوە بنێت لە پێناوی پاراستنی ملی ژن و منداڵیان لە شمشێری ژەنگاوی و بە دەستی خۆیان ئەوروپیەکان بێننەوە ناو ئەو وڵاتەی کە ژمارەیەکی زۆریان وەکو کۆیلە بەکارهێنرا بوون لە ڕابردوودا.

2- ئەو شوێنانەی کە لایەنە شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخوازەکان گەشەی تێدا دەکەن، وەک کوردستان و میسر.

لە کۆتایی سەدەی ڕابردوودا حیزبی بەعس لاوازکرا و کوردان بە ڕاپەڕینی سەرتاسەری هەنگاوێک بەرەوپێش چوون، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کورداندا هەم حوکمی بنەماڵەیی زیندو کرایەوە و هەم ئیسلامیە ڤایرۆسەکان قوت کرانەوە، ئەو کەسانەی سەرپەرشتی ئیسلامیەکانیان دەکرد دەموچاوێکی نامۆ نەبوون و لە گەرمەی ئەنفال و کیمیاباراندا "لبیک یا سەدام"یان دەچڕی و نیوەی گوتاری ڕۆژانی هەینییان بۆ پیاهەڵگوتن بە سەدامی پاڵەوانی ئەنفال‌دا تەرخان دەکرد، نموونەی ئەو دەموچاوانەش شێخ زاناکان و شێخ عەلی قەرەداخیەکان بوون .

ئیمڕۆش لە ڕۆژئاوای کوردستان‌ کوردان هەنگاو دەنێن بۆ پێشەوە، کەچی ڕێک لە کاتێکی وەهادا "کە گەرمەی دەسەڵاتی بەعسیەکانە" چاوی لایەنە ئیسلامیەکان دەچێتە سەر کوردان و ئەوەی مەبەستی ئەمریکا و تورکیایە ئەم ڤایرۆسانە هەوڵی بە ئەنجام گەیاندنی دەدەن، ئەو ئەنجامەش ڕێگرتن لە پێشکەوتنەکان و دزینی سەر و ماڵی کوردان و قەیراناویکردنی ناوچەکەیە، خۆ ئەگەر خەلیفە ئەردۆغان بەو هەموو ئیمکانیاتەی لەبەر دەستیدایە هیچ ئەنجامێکی بە دەست نەهێنابێت لە باکووری کوردستاندا ئەوا دەستوپێوەندەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا لە مایەپوچ ڕیسواتر دەبن .

بەڵام ئەوەی مەبەستی ئەم باسەیە وڵاتی میسرە، چونکە لە مێژووی عەرەب‌دا بۆ یەکەم جار بووە کە شۆڕشێکی سەردەمیانە لە جێگەیەکی عەرەبنشینەوە سەری هەڵدابێت و ڕۆڵی شمشێری نەهێشتبێت،  ئەو شۆڕشەش سەرهەڵدانی دوو ساڵ بەر لە ئێستا بوو کە بە وێنەی شۆڕشگێڕانی وەک "چ .گیڤارا"وە ڕوویان لە مەیدانەکان کرد، شۆڕشەکە هێندە سەردەمیانە بوو سەرنجی هەموو لایەکی بەلای خۆی‌دا ڕاکێشا و نازناوی "بەهاری عەرەبی" بەسەردا بڕا، هەڵبەت ئەو ناوەش پڕ بە پێستی بوو، چونکە بۆ یەکەمین جار بوو کە عەرەب سەردەمیانە بیر بکەنەوە و شمشێری ژەنگاوی نەگەیەننە سەر ئێسک، یەکەم جار بوو عەرەب بگەنە ئەو بڕوایەی کە "چ .گیڤارا" هێمای شۆڕشگێڕی‌یە نەک ئەو شمشێرەی کە هێمای لەناوبردنی گەلان و مرۆڤ سەربڕینە .لێ مەخابن هێشتا شۆڕشی میسریەکان لە چەکەرەکردندا بوو کە هێزە ئیمپریالیستیەکان لە ڕێگەی داردەستی ئامادەکراو "ئیخوان‌الموسلمین"وە ئەو چەکەرەیەی لە ڕەگەوە وشک کرد .

بۆچ وەها بە زوویی بیر لە تێکدانی شۆڕشی میسر کرایەوە :-

میسر یەک لەو وڵاتانەیە کە لە ڕووی جوگرافی و دیموگرافی و کۆمەڵایەتیەوە زۆرترین گرنگی هەیە لای ئەمریکی و ئەوروپیەکان، بەشێک لەو گرنگیانە بریتین لە :-

1- تەنها وڵاتێکە لە خۆرئاوای ئیسرائیل هەڵکەوتووە .خۆ ئەگەر جڵەوی ئەو وڵاتە بکەوێتە دەست شۆڕشگێڕان ئەوا مەجالی ئیسرائیل نامێنێت هێندە یاری بە چارەنووسی گەلان بکات لە ناوچەکەدا.هەڵبەت مەبەستی ئەم خاڵە دەسەڵاتی ئیسرائیلە نەک جولەکە و گەلی عیبری کە کۆنترین خەڵکی ئەو ناوچەیەن کە لە سەری دەژین .

2- میسر تەنها وڵاتێکە کە ئەفریقا و ئاسیا لە لایەک و ئەوروپا و کەنداو لە لایەکی دیکەوە لە ڕێی "کەناڵی سوەیس"ەوە گرێ دەدات .بە هاتنە پێشەوەی لایەنە شۆڕشگێرەکان ئاستەنگیەکی زۆر بۆ ئەمریکا و ئەوروپیەکان ساز دەبێت و ناتوانن چی دیکە هێندە بە ئاسانی گەلانی ناوچەکە دادۆشن .

3- ئەگەر وڵاتی میسر بکەوتایە دەست شۆڕشگێڕان ئەوا جێگەی شێخە بەکرێگیراوەکانی کەنداویش بەو گەرمیە نەدەمایەوە و گڕی ئازادیخوازی تەخت و پای دەسوتاندن .

4- میسر زۆرترین قورسایی هەیە لە نێو عەرەبدا .عەرەبیش زۆرترین خاک و گرنگترین ناوچەیان بە دەستەوەیە، ئەگەر جڵەوی عەرەب بکەوێتە دەست کەسە شۆڕشگێڕەکان ئەوا هێزە ئیمپریالیستیەکان ناتوانن هێندە بە ئاسانی گەلانی بە ئیسلامکراو کۆیلە بکەن لە ڕێگەی نەزانی عەرەبەوە .چونکە لە ڕۆژگاری ئیمڕۆدا هەموو هێزە ئیمپریالیستیەکان بە سەر پشتی عەرەب‌دا هەنگاو دەنێن بۆ کۆیلەکردنی گەلانی ناوچەکە .

5- عەرەب خاوەنی ئایدۆلۆژیای ئیسلامە .ئەو ئایدۆلۆژیایە هەم ڕێ لە پێشکەوتنی گەلان دەگرێت و هەم لە ڕێی ئەو ئایدۆلۆژیایەوە عەقڵیەتی کۆنەپەرستی عەرەبی لە نێو گەلە بە مسوڵمانکراوەکاندا دەچەسپێت .بە هاتنە سەر دەسەڵاتی کەسە پێشکەوتنخوازەکان ئایدۆلۆژیای ئیسلامی ڕۆڵی خۆی لە دەست دەدات، ئەو کات هەم عەرەب هەنگاو بەرەو ڕزگاری دەنێن و هەم ئەو عەقڵیەتە کۆنەپەرستیەش لە نێو گەلە بە ئیسلامکراوەکاندا ئەو پیرۆزییەی نامێنێت .بە پێشکەوتن و ڕزگاربوونی گەلانیش بەرژەوەندی ئیمپریالیزم نامێنێت لە ناوچەکەدا.

6- بە هاتنە پێشەوەی ئیخوان‌الموسلمین سەقامگیری میسر تێک دەچێت و ڕێگەی دەستێوەردانی ئیمپریالیزم ئاسانتر دەبێت لە ناوچەکە .چونکە لایەنە ئیسلامیەکان لە پێناوی بە دەسەڵاتگەیشتندا هەموو تاوانێک ئەنجام دەدەن و هەموو کردەوەیەکی نەشیاویش قبوڵ دەکەن و مل بۆ هەر سازانێک دەدەن، ئەم پەلەقاژەکردنەش بۆ بە دەسەڵاتگەیشتن وا دەکات کە خەڵکی میسر ئیمپریالیزم لە بیر بکەن و زیاتر لە هەوڵی ڕزگاربووندا بن لە دەست ڤایرۆسی ئیسلامی .

بەو هیوایەی زەحمەتکێشانی میسر لە ڕاپەڕین و شۆڕشکردندا بەردەوام بن تا ئەو کاتەی ئیخوان‌الموسلمین و ئیسلامیە ڤایرۆسەکان دەخەنە زبڵدانی مێژووەوە، بێگومان تێکشکاندنی ئیسلامی سیاسی لە میسر سەرچاوە و نوێنگەیەک دەبێ بۆ درێژەی شۆڕشی دەوڵەتانی دیکەی عەرەبی و ناوچە و دامرکاندنەوەی ئەو کوڵ و کەفە درۆزنە ئیسلامی‌یەی کە بە پارەی سعوودی و قەتەر و پشتیوانیی ئیمپریالیستەکان وەرێ خراوە .

بۆ زانیاری زیاتر لە ناوەڕۆکی دیموکراتیانەی ئیخوان‌الموسلمین کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە :-

http://so.firatnews.com/news/jyhn/mwrsy-boe-mwh-y-mngykh-bry-ny-syy-lh-mysr-rgh-ynd.htm

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.