ڕێکەوتنی یەکینەکانی پاراستنی گەل لەگەڵ ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا و دەرەنجامەکانی بەشی سێیەم و کۆتایی - چەند دیاردەی ئەرێنی لە ڕێکەوتننامەکەدا ... جەلال چوارتایی

ڕێکەوتنی یەکینەکانی پاراستنی گەل لەگەڵ ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا و دەرەنجامەکانی بەشی سێیەم و کۆتایی - چەند دیاردەی ئەرێنی لە ڕێکەوتننامەکەدا ... جەلال چوارتایی

یەکێک لە دیاردە هەرە جوانەکانی ئەم ڕێکەوتننامەیە بریتی بوو لە دانیشتنی یەکێک لە فەرماندە مەیدانیەکانی سەرێکانیی یەکینەکانی پاراستنی گەل بە ناوی " دکتۆر جوان مستەفا " لە بەرامبەر " حەسەن عەبدوڵا " فەرمانداری ئەنجومەنی سەربازی پارێزگای حەسەکەی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا (واتە دوو کەسایەتی لە هەمان ئاستی بەرپرسیاریدا)، بڕوانە ئەم لینکانەی خوارەوە :-

http://www.pcdk.org/kurdi/page.php?sid=14128

http://so.xeber24.net/nuce/kurdistan/225-2013-02-18-09-07-17.html

چونکە پێوانەی وتووێژ لە هەموو جیهاندا بەو جۆرەیە، سەرۆک کۆمار لە بەرامبەر سەرۆککۆمار و سەرۆک وەزیر لە بەرامبەر سەرۆک وەزیر، پارێزگار لە بەرامبەر پارێزگار و سەر لەشکر لە بەرامبەر سەر لەشکردا، واتە وتووێژ لە نێوان ئەو کەسانەدا ئەنجام دەدرێت کە هاوپیشە و هاودەسەڵاتن .

بۆ نموونە کاتێک ئیئتلافی نیشتمانی سوریا هاتنە سەرێکانی لە بەرامبەردا دەستەی باڵای کورد پێشوازی لێکردن کە لە هەمان ئاستی بەرپرسیاریدا بوون، لە ڕێکەوتنی ئەم جارەشدا فەرمانداری "پارێزگای حەسەکە"ی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا لە لایەن فەرمانداری "سەرێکانی"ی یەکینەکانی پاراستنی گەلەوە پێشوازی لێکرا .کەچی سەرسوڕمان ئەوەیە کەسانێک هەن کە سەرتاپای ژیانیان لە ئوتێلی پێنج ئەستێرەدا بەسەر بردووە و لە ڕاگەیاندنەکانیشدا ڕەخنە لەم هەڵوێستەی یەکینەکانی پاراستنی گەل دەگرن، نمونەی هەرە بەرچاوی ئەو کەسانەش عەبدول حەکیم بەشاری سەرۆکی "الپارتی"یە کە نیوەی ژیانی لە خیانەتدا بەسەربردووە و نیوەکەی دیکەشی لە ئەنقەرە و هەولێر و باوەشی پاراستندا بەسەر بردووە، کەچی لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانەوە بەلێدوانێکی زۆر خێڵەکیانە گوتی :- (دەبوو دەستەی باڵا پێشوازی لەو فەرماندە سەربازیە بکردایە و ئەرکی ڕێکەوتننامەکەی بەڕێوە ببردایە) .

یەکێک لەو کردەوانەی یەکێتی و پارتی کە جێگە پەسەندی من بووە ئەوەیە کاتێک دەکەوتنە وتووێژ لەگەڵ "بەعس‌"دا ڕاستەوخۆ تاڵەبانی و بارزانی لەگەڵ "سەدام حسێن"دا دیداریان ئەنجام دەدا واتە (سەرۆک لە بەرامبەر سەرۆک)دا، هەرچەند تاڵەبانی و بارزانی زۆربەی کاتەکان لێدوانی هێندە بێ مانایان دەدا کە مایەی شەرمەزاری بوو، بەڵام خودی دانیشتنەکەیان وەک سەرۆک حیزب لە بەرامبەر سەرۆک دەوڵەتدا پڕەنسیپ و پێوانەی وتووێژەکەی بە شکۆداری دەهێشتەوە .

ناشیرینترین کردەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش ئەوە بووە کە لە بەرزترین ئاستدا وتووێژیان لەگەڵ نزمترین ئاستی بەرامبەرەکەیاندا ئەنجام داوە، بۆ نموونە کاتێک وتووێژی نێوان حیزبی دیموکرات و کۆماری ئیسلامی دەستی پێکرد ڕاستەوخۆ دکتۆر عەبدول ڕەحمانی قاسملو لە بەرامبەر چەند وردە پاسدارێکی ناسنامە نادیاردا دانیشت و لەو دانیشتنەشدا تیرۆر کرا .

تیرۆرکردنی دکتۆر قاسملۆ ڕووداوێکی زۆر دڵتەزێن بوو، بەڵام لە تیرۆرکردنەکە دڵتەزێنتر ئەوە بوو کە لە ئاستی سکرتێریدا بەرامبەر بە چەند وردە پاسدارێکی ناسنامە نادیار دانیشت و مەسەلەی نەتەوەیکی لەگەڵدا هێنانە بەر باس .لەبەرئەوە ئەو دانیشتنە جگە لەوەی نوشستی بوو بۆ حیزبی دیموکرات لە هەمان کاتدا ئابڕوو چونیش بوو بۆ نەتەوەی کورد .

خاڵێکی ئەرێنی دیکە لە ڕێکەوتنی نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل و ئارتەشی (ئازاد)ی سوریادا ئەوە بوو کە دانیشتنەکان لە ناوچەیەکدا ئەنجام دران کە ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی یەکینەکانی پاراستنی گەلدا بوو .چونکە لە وتووێژی نێوان دوولایەندا زۆرترین قازانج و دەستکەوت هەمیشە لە بەرژەوەندی ئەو لایەنەدا دەبێت کە باڵادەستە لەسەر شوێنی وتووێژەکە، ئەنجامی ئەو باڵادەستییەی یەپەگەش لەو جێگەیەدا کە وتووێژەکەی تێدا ئەنجام درا بوویە هۆی ئەوەی کە زۆربەی بەندەکانی ڕێکەوتننامەکە لە بەرژەوەندی لایەنی کوردیدا بێت .

کۆتایی ....

جەلال چوارتایی


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.