لە پێناوی تاکە کتێبێکدا ... ئەحمەد میراودەلی

         بۆ سەپاندن و بەفەرمیکردنی یەک جۆر قوڕئان، دەسەڵاتی سیاسی فەرمەنڕەوای مەدینە'' مەڕوان'' بۆ ئەوەی بەرەنگاریی مێژوویی لێکدانەوەی جیاواز بۆ قورئان نەکرێت، دەستی دایە کۆکردنەوە و سووتاندنی هەموو جۆرە کۆکراوە جیاوازەکانی قوڕئان. لێ یەکێک لەو حەوت جۆرە کۆکراوە کۆنانە لەدەستی مەڕوان رزگاری بووە و ئێستا لە هێندێک شوێن لەناو ئیسلامانی ئافریکادا پێڕەو دەکرێ. کردارەکەی مەڕوان - کتێب سووتاندن، یەکێکە لە ئەزموونی کۆنی ئاینەکان. هەر یەک لە سێ ئاینە ئاسمانییەکان دەڵێن'' کتێبەکەمان تەنها کتێبی بایەخدار و پیرۆز و راستە'' و هەموو شتێکی تێدایە بۆ مرۆڤ کە پێوێستە بیزانێت'' بە بڕوای وان کتێبەکانیان، ئینساکلۆپیدیایەکە کە هەموو شتێکی تێدایە، ئیدی پێوێست ناکات مرۆڤ بۆ زانیاری و فێربوون کتێبی دیکە بخونێتەوە. لە ناو کریستیانەکاندا '' پاوڵ'' ی تەڕسووس/ سانت پاوڵ، فەرمانی دا هەموو پەرتووکە سامدارەکان بسووتێنن. فەرمانەکەشی بەر گوێی کەڕ نەکەووت.  . . . . پاوڵ ١٩:١٩.

  کۆنستانتین و زۆربەی ئێمپڕاتۆرەکانی رۆم- ی دوای کۆنستانتین، فیلۆسۆفانیان لە وڵات دەرکردووە و دادگاییان کردوون، بەتاوانی ئەوەی تاکپەرست نین- بەواتای ئەوەی مەسیحی نین، بەندیان کردون و زۆریشیان کوشتوون. رقبوونەوە لە پەرتووکی نا مەسیحاێتی بووە هۆکاری بێهێزیی شارستانەتی و دواتریش لە سەتەی شازدەدا، درووستکردنی لیستی پەرتووکی یاساخکراو و دروستکردنی کەشێک بۆ رەتکردنەوەی هەر پەرتووکێک لەگەڵ بیر و بۆچوونی، کاسۆلیک، هاوەڵەکانی مەسیح و کڵێسای رۆم نەگونجاوبێت. ئارەزووی دەستشۆرین لە پەرتووکی دەرەوەی ئاینی مەسیحاێتی و بڕوا نەبوون بە بیر و بڕوای بێ باوک و کەسنەناس و فیلۆسۆفیای هەژار، خاوەنی بیروباوەڕی جیاواز و فیلۆسۆفانی خستە بەردەم هەڵبژاردنی بێدەنگی، یان گەورەترین سزا. سەرجەم پەرتووکی فیلۆسۆفە گەورەکان لە ( مۆنتاگنێ هەتا سارتەر، بە پاسکاڵ، دیسکارتێ، کانت، سپینۆزا، لووک، هوم، بێرکلی، روسۆ و . . . زۆری تریش – بە ماتێریالیست و سۆشیالیست و فڕویدییەکانیشەوە، لە لیستی پەرتووکە نەخوازراوەکاندا بوون. ئینجیل دەڵی هەموو زانیارییەکم تێدایە و هەرچی لەئینجیلیشدا نەبێت، رەتی دەکاتەوە، بەڵام ئەوە لە چەند سەتەی رابووردوودا کارەساتهێن بوو.

  فەتوای بێ ئەژمار، دژی نووسەرانی موسوڵمان درا، ئەگەر چی بەرگریشیان لە بێ بڕوایی، زەندەقە نەکردووە و دژی فێرکردن و بۆچوونی قوڕئانیش نەبوون. لە ئیسلامدا هەتا ئێستاش ئەوەندە بەسسە بە ئازادی بیربکەیتەوە و بنووسیت بۆ ئەوەی هەورەبرووسکە بەسەرتدا دابارێ. تۆزێک جیاواز بیربکەیتەوە بەسە بۆ، دادگاییکردن، بەندکردن، دەربەدەرکردن و بگرە تێڕۆڕکردنیشت. ئەمانە هەمووی بەسەر کەسانی وەک، عەلی عەبدولڕەزاق، محەممەد خەلەفوڵڵا، تەها حوسێن، ناسر حەمید ئەبوزەید، محممەد ئیقبال، فەزلور رەحمان و محەممەد محەممەد تەها و عەبدولخالق مەعڕووف- دا هاتوون.

  مەلا و قەشە و رابای ئەو سێ ئاینە، هەزار و یەک فێڵ لەژێر جبەکانیاندایە بۆ هەڵفریواندن و خۆڵکردنە چاوی گوێبیستەکانیانەوە. بەڵام پێمان بڵێن ئەو پیاوە ئاینیانە بەکوێ گەیشتوون، چیان داهێناوە لە سێ هەزار ساڵی رابووردوودا جگە لە داڕشتنەوەی سەرگورشتە خورافییەکان بە زمانێکی نوێ؟

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.