مێژوویەکی ئافرەتان جێندەر، لە مەشێ و مەشیانێوە - بەشی چوارهەم ...ئەحمەد میراودەلی
ده‌وڵه‌تی سێکیولار/ عەلمانی و جێنده‌ر
دەوڵەتی چین
یه‌که‌مین جار ده‌وڵه‌تی سێکیولار له وڵاتی چین سه‌ریهه‌ڵداوه.ئێسک‌وپرووسک له‌و وڵاته‌دا دۆزراونه‌وه که ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ نیو ملیۆن ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، به‌واتای ئه‌وه‌ی مرۆڤی سه‌ره‌تایی له‌و سه‌رده‌مه‌وه له‌و ناوچه‌یه‌دا ژیاوه.زانست له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ له سه‌رده‌می نیۆلێتیکی چیندا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 6000 هه‌زارساڵ پێش سه‌رده‌می نوێ.پسپۆرانی وڵاتی چین، کولتووری سه‌رده‌می نیۆلێتیکی چینیان دابه‌شی دوو سه‌رده‌م کردووه؛ سه‌رده‌می یانگ- شا‌و Yang- shoo و سه‌رده‌می لونگ- شان Lung –Shan، که گۆڕانێکه له ماتریسێنتری هاوسانه‌وه بۆ بالاده‌ستی نێرینه - پاتریلینینیالی نا هاوسان.
خه‌ڵکی یانگ- شا‌و، له‌نێوان 5000 – 3000 هه‌زار ساڵ پێش سه‌رده‌م له نێوه‌ڕاستی باکووری چێندا ژیاون و ژیانێکی سه‌ره‌تایییان بردۆته‌سه‌ر، بژێوییان به چنینه‌وه‌ی به‌روبوومی دره‌خت و رووه‌ک و راوه‌ماسی و ئاژه‌ڵ دابین کردووه.پاش ماوه‌یه‌ک ده‌ستیشیان داوه‌ته باخچه‌وانی، هه‌رزن و چۆ یان رواندووه و به‌راز و سه‌گ و مه‌ڕیشیان به‌خێوکردووه، گۆزه‌وگڵێنه‌شیان درووستکردووه، له‌وه‌شده‌چێت ئاوریشمیشیان دۆزیبێته‌وه....مێرلین فڕێنچ به‌رگی یه‌که‌م ل 106.
خەڵکی یانگ- شا‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ماتریلینی بوون و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خواردن له‌ناو گۆڕه‌کانیاندا دۆزراوه‌ته‌وه، وابڕواده‌کرێ که بڕوایان به ژیانی دوای مردن هه‌بووبێت.هه‌رچه‌نده هێچ به‌ڵگه‌یه‌ک به‌ده‌سته‌وه نییه وه‌لێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له کۆمه‌ڵگه هاوشێوه‌کانی که پێشتر باسمان لێوه‌کردن هاوسه‌رگیری ماتریلۆکاڵی بووه، له‌و بڕویه‌دام له‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌شدا هه‌ر وه‌ها بووبێت و ئافره‌تان ئاستێکی هاڵکشاوتریان له پیاوان هه‌بووبێت، به‌تایبه‌تیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گۆڕه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا شتی به‌هادارتر له‌گۆڕی ژناندا دۆزراونه‌تەوه وه‌ک له گۆڕی پیاواندا و منداڵه‌کانیش له‌گه‌ڵ دایکیاندا نێژراون.
ئاشکرایه چین وڵاتێکی گه‌وره‌یه و دانیشتوانیشی له‌سه‌رده‌می کۆنه‌وه خاوه‌نی ئاین و بڕوا و زمان و جۆری ژییاریی جیاواز بوون و سه‌ر به گرووپی ئێتنی جیاوازیش بوون.له‌به‌ر ئه‌وه ئافره‌تانی چین له‌ژێر کو‌لتوور و ده‌سه‌ڵات وسه‌رده‌مه جیاوازه‌کانی وڵاته‌که‌دا، ئه‌رک و ماف و ئاستی جیاوایشیان هه‌بووه، هه‌ر هه‌وڵێکیش به گشتگیری باسی ئافره‌تانی وڵاته‌که بکات سه‌رکه‌وتوو نابێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له‌سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه لە ناو چینەکاندا'' ده‌سه‌ڵاتدار و خانه‌دان، چینی نێوه‌ندی، چینی هه‌ژار'' دا ئه‌رک و ماف و ئاستی ژنان جیاواز بووه.له‌به‌ر ئه‌وه پسپۆڕه‌کانی مێژووی چین به باشتریان زانیوه له‌و باره‌یه‌وه مێژووی دێرینی چین دابه‌شی سێ سه‌رده‌م بکه‌ن.سه‌رده‌می زۆر کۆن - Antiquity ئه‌م سه‌رده‌مه له‌تاریکایی مێژووی چینه‌وه هه‌تا 208 ی پێش سه‌رده‌م له‌خۆ ده‌گرێت، سه‌رده‌می کۆن – Ancient 209 ی پێش سه‌رده‌م هه‌تا 960 ی سه‌ردمی ئێستا و سه‌رده‌می نێوه‌ندی Middle period - له 960 هه‌تا 1642 ی سەردەمئ ئێستا.
به‌ڵگه‌ی ئاڕکیۆلۆجی ونووسینی کۆن پێشنیازی ئه‌وه ده‌که‌ن که له 1100 هه‌تا 220 ساڵی پێش سه‌رده‌م و پێش ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی'' چۆو Chou '' کۆمه‌ڵگه‌ی ماتریلینی له ئارادا بوون و ئافره‌تان له ئاستی شیاوی خۆیاندا بوون – مه‌به‌ستم هاوتاییانه له‌که‌ڵ نێرینه.وه‌لێ به نزیکبوونه‌وه‌ی کۆتایی سه‌رده‌می کۆنی چین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که ئاستی ئابووری و کو‌لتووریی به‌ره‌و هه‌ڵکشان بووه، ئاستی ئافره‌تان به‌ره‌ولێژ بۆته‌وه .له‌سه‌رده‌می'' چۆو'' وه‌وه سیستێمی خێڵه‌کی و پیاوسالاری له گه‌شه‌دا بووه و زیانێکی زۆری به ئاستی سۆشیاڵی ئافره‌تان گه‌یاندووه.چه‌ند پیاوسالاری له په‌ره‌دابووبێت ئاستی ئافره‌ت له‌ناو خێزاندا ئەوەندە زیاتر به‌ره‌وخوار بۆته‌وه.له‌و کاته‌وه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه له ئافره‌ت کراوه به‌پێی ئه‌و یاسایانه بجوڵێته‌وه که پیاو دایڕشتوون و پیاده‌ی کردوون، هۆکاری ئه‌م گۆڕانکارییه گه‌وره‌یه‌ش روون نییه.....ئافره‌تانی چین، نووسینی، ئیسته‌ر لی یاو ل6.
دواتر له سه‌رده‌می داینه‌ستی'' ها‌ن Han دا 206 پێش سه‌رده‌م و سەردەمی تانگ دا Tang 618 – 907 ی سه‌رده‌م'' و سه‌رهه‌ڵدانی نیۆ – کۆنفوسیانیزم New- Confucianism له سه‌رده‌می داینه‌ستی سونگ Sung '' 960 – 1127 '' دا زیاتر قوڕ بۆ ئافره‌تان گیراوه‌ته‌وه و شکۆیان له‌ده‌ست داوه.کاریگه‌ریی کو‌لتوور و پاڵه‌په‌ستۆی سۆشیالی کۆمه‌ڵگه له نێو چواردیواری ماله‌وه‌دا قه‌تیسی کردوون و ناچاری کردوون خۆبه‌ختکردن له‌پێناو داک و باب و مێرد و بنه‌ماڵه‌که‌یاندا په‌سه‌ند بکه‌ن.سکۆلاره چینییه‌کانی وه‌ک ( چین تان- یوان، ئۆڵگا لانگ، لی چیا‌و – فو) و زۆری دیکه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه کۆکن که ئافره‌تانی چین له‌سه‌رده‌می بنه‌ماڵه‌ی چینگ Chin '' 1644 - 1911 '' دا له هه‌ردووک باری فیزیکی و سایکۆلۆجییه‌وه له هه‌موو سه‌رده‌مێک زیاتر له‌ژێر گوشاردا بوون..........ئیسته‌ر لی یاو ل7.
سکۆلاره‌کانی دوای کۆنفوسیوس Confucius '' 551 – 479'' ی پێش سه‌رده‌م، میتسۆلۆجیا کۆنه‌کانی پێشتریان قارس کردوه.تاویسته‌کان Taoists که دژێ کۆنفوسیوسییه‌کان بوون هه‌وڵیانداوه مسیۆلۆجیا کۆنه‌کان بپارێزن، وه‌لێ زۆر سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون.تاویزم له کۆسمۆلۆجی/ گه‌ردوونناسییه‌که‌یدا ئافره‌ت له هه‌موو شوێنێکدا ده‌بینێ، له شێوه کلاسیکییه‌که‌یدا'' تاو- تی- چین Tao-tee-chin '' دایک سه‌رچاوه‌ی هه‌موو درووستکراوێکه و ریشه‌ی هه‌موو سروشته.له‌و فیلۆسۆفیایه‌دا: دۆڵی ره‌وان؛ که به مێیینه تاریکه‌که ناوی ده‌با، قه‌ت نامرێ و ره‌گی به‌هه‌شت و دۆزه‌خه، شتێکه هه‌میشه هه‌ر ده‌بێت، به‌کاری بهێنه وکۆتایی نایه.به پێی ئه‌و فیلۆسۆفیایە، مێیه ئێزدان، ن‌و- کوا Nu – kua، به رێکه‌وت نێرینه‌ی درووست کردووه.ن‌و کوا ئێزدانێکه پێوه‌ندی به کشتوکاڵه‌وه هه‌یه، له میسیۆلۆجیای تاویزمدا باسی ژنه ئه‌ژدیها و شتی دیکه‌ش کراوه که هه‌مووی پێوه‌ندی به به‌رهه‌مهێنانه‌وه هه‌یه، وه‌ک ئاو، مێیینه باران ...هتد.
هه‌رچه‌نده له‌م به‌شه‌دا باسه‌که‌مان له‌سه‌ر کاریگه‌ریی ئاین نییه له‌سه‌ر بەژێردەستەکردنی ئافره‌تان، هێندەی باسی دەوڵەت و جێندەرە، وه‌لێ ناشتوانین که‌مێک رۆشنایی نه‌خه‌ینه سه‌ر ئه‌و بیریارییه سه‌ره‌کییه‌ی که بوو به ئاینیش و کاریگه‌رێکی گه‌وره له‌سه‌ر هه‌موو کولتووری وڵاته‌که له‌سه‌رده‌مه جیاوازه‌کاندا و بگره هه‌تا ئێستاش.کونفوسیوس، به شێوه چاینییه‌که‌ی'' کونگ – فو – تزو، Kung – fu - Tzu '' که مانای '' مامۆستا کونگ'' ده‌به‌خشێت، بیرمه‌ند و فیلۆسۆفێکی چین بوو.فیلۆسۆفیاکهی وی که دەرباری مؤڕاڵی تاک و میرییە، له‌سه‌رده‌می میریێتی بنه‌ماڵه‌ی'' تانگ Tang'' 680- 740 '' ی سه‌رده‌مدا به‌سه‌ر هەردووک فیلۆسۆفیا‌ی هاوسانی و تاویزمدا زاڵ بوو.بیریارییه‌کانی کۆنفوسیوس، له‌سه‌رده‌می میریکردنی بنه‌ماڵه‌ی ها‌ن Han '' 220 پێش سه‌رده‌م - هەتا 206 سه‌رده‌م'' پێشکه‌وت و بوو به سیستێمێکی فیلۆسۆفی و ئێستا به'' کۆنفوسیانیزم Confucianism '' ناسراوه، به‌کورتی'' ده‌توانین بڵێین که کۆنفوسیوس به‌ردی بناخه‌ی باوه‌ڕبه‌خۆبوونی خەڵکی چین/ چاینای دامه‌زراندووه، ....China: Ancient Empire – New Horizons ل 13
ده‌توانم بڵێم کۆنفوسیانیزم وه‌ک زه‌رده‌شتایێتی هه‌م ئاینه و هه‌م فیلۆسۆفیا، بۆیه ئه‌و کاریگه‌رییه گه‌وره‌یه‌ی له‌سه‌ر مرۆی چاینی هه‌بووه.
کۆنفوسیوس، که له سه‌رده‌می '' زۆو '' ی رۆژهه‌ڵاتدا ژیاوه و رێشه‌ی فیلۆسۆفیاکهی له کاری بیرمه‌ندانی پێشتره‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، بووه به به‌ردی بناخه‌ی مۆڕاڵیی خەڵکی چین دوای میریکردنی بنه‌ماڵه‌ی'' ها‌ن، 206 ی پێش سه‌رده‌م هه‌تا- 220 '' ی سه‌رده‌م.به‌واتای ئه‌وه‌ی زۆر دوای مردنی کۆنفوسیوس، کۆنفوسیانیزم بوو به فیلۆسۆفیا‌ی میری، وه‌لێ کۆنفوسیانیزم هه‌مووی له فیلۆسۆفیاکهی کۆنفوسیوسه‌وه وه‌رنه‌گیراوه.به بڕوای
کۆنفوسیوس، مرۆڤ به سروشت مۆڕاڵێکی باشی هه‌یه به‌ڵام به‌ره‌ولێژ بۆته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه شوێنی خۆی پێویستی به زانیاری هه‌یه، به‌تایبه‌تیش بۆ به‌ڕێوه‌به‌ران که گه‌وره‌ترین کاریگه‌رییان هه‌یه.کۆنفوسیوس: زۆر بێزی له کاری ده‌ستی/ کرێکاری دیته‌وه و فێربوه‌کانیش ده‌نرخێنێت.به بڕوای کۆنفوسیوس خێزان بناخه‌ی میری/ ده‌وڵه‌ته و پێوه‌ندی مرۆڤیشی کردۆته پێنج به‌ش: پێوه‌ندی فه‌رمانڕه‌وا و فه‌رمانکراو/ ژێرده‌سته، دایک و باوک و منداڵ، براگه‌وره و برا بچووکه، مێرد و ژن و براده‌ر و براده‌ر.کۆنفوسیوس کاریگه‌ری له‌سه‌ر '' مێنسیوس Mencius 380 - 289 '' ی پێش سه‌رده‌م هه‌بووه که جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌کات که ده‌سه‌ڵاتدار ده‌بێ به کۆشش ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستکه‌وێ.کاتێکیش ناڕه‌واکار بڕوای جه‌ماوه‌ر له‌ده‌ست ده‌دات، ئاسمانیش بڕوایان لێده‌کێشێته‌وه و ده‌بێ له‌سه‌ر کار لابدرێن.....مێرڵین فڕێنچ ل ل 116، 115
نووسینه کۆنه‌کان ده‌ریده‌خه‌ن له ئاهه‌نگه پیرۆزەکانی به‌هاردا که له شوینه پیرۆزه‌کاندا به‌ڕێوه‌چوون خه‌ڵکی پێکه‌وه بۆ منداڵبوون و باران پاڕاونه‌وه.لاوه‌کان به ئازادی و به‌زۆری و به خۆشییه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌کدی جووت بوون.ئافره‌ت خاوه‌نی زه‌وی و ماڵ و گونده‌کان بوون، نێرینه‌کانیش هه‌تا سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی کشتوکاڵ له‌گه‌ڵ مێیینه‌کاندا نه‌ژیاون- به‌جیا ژیاون، وه‌لێ دوای سه‌رهه‌ڵدانی کشتوکاڵ پیاوان خۆیان کردۆته خاوه‌نی زه‌ویوزار و گونده‌کان، به‌ڵام دوای زه‌وتکردنی خاوه‌نیێتیش له ئافره‌تان بۆ ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ هه‌ر گوێڕایه‌ڵییان کردوون......مێرلین فڕێنچ به‌رگی یه‌که‌م ل 108
وه‌ک ده‌زانین وڵاتی چین مێژوویه‌کی دوورودرێژی هه‌یه و چه‌ندین بنه‌ماڵه و ئێمپڕاتۆری جیاواز فه‌رمانڕه‌واییان تێدا کردووه و به‌دواداچوونی ئاستی ئافره‌تان له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کانیدا له کتێنێکی سه‌ربه‌خۆشدا جێی نابێته‌وه چ جای کتێبێکی کشتگیری وه‌ک ئه‌مەی بەردەست.له‌به‌ر ئه‌وه‌ش لێره‌دا به راستترم زانی به کورتی رۆشنایی بخه‌مه سه‌ر ئاستی ئافره‌ت له‌و سێ سه‌رده‌مه‌ی پێشتر ناومان بردن- ئانتیکویتی و کۆن و نێوه‌ند.
له سه‌رده‌می زۆر کۆنی ''چین'' دا دوو کولتووری سه‌ره‌کی سه‌ریان هه‌ڵداوه.کولتووری'' لونگ- شان '' سه‌رده‌مێکی دره‌نگتر له‌وه‌ی'' یانگ – شا‌و'' سه‌ری هه‌ڵداوه، ئه‌م کولتووره له باشوور و رۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌که‌دا باو بووه، خه‌ڵکی لونگ- شان، مریشک و ئه‌سپیان ماڵی کردووه و برنجیان چاندووه به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتان ده‌ستیان له چنینه‌وه‌ی به‌روبوومی سروشتی و راو هه‌ڵنه‌گرتووه، بڕوایان به فاڵگرتنه‌وه‌ی ئێسک هه‌بووه، ئێسکیان گه‌رم کردووه هه‌تا درزی داوه و ئه‌وجا که‌سانی شاره‌زا درزه‌کانیان خوێندۆته‌وه.وه‌ک ده‌رکه‌وتووه کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی شه‌ڕکه‌ر بوون، به‌دیواری قایم گونده‌کانیان ده‌وره دراوه و له که‌لاوه‌کانیاندا هێمای کوشتاری تێدا به‌دی ده‌کرێ.له‌گۆڕستانه‌کانی سه‌رده‌می زوویاندا گۆڕی مێینه و منداڵه‌کان ده‌وڵه‌مه‌ندتر بوون له‌وه‌ی نێرینه‌کان وه‌لێ له‌سه‌رده‌مێکی دواتردا پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ن.ئه‌وه‌ی له‌وه‌ش زیاتر ئاشکرایه له‌و کولتووره‌دا نێرینه باڵاده‌ست بووه.
کولتووری'' یانگ- شا‌و'' له رۆژهه‌ڵاته‌وه به‌ره‌و رۆژئاوا بڵاوبۆته‌وه و ئه‌وی'' لونگ- شان'' یش له باشووره‌وه به‌ره‌و باکوور.له‌سه‌رده‌می '' مسین'' ی چیندا ئه‌و دوو کولتووره له هه‌رێمی'' هۆنان'' لێکیان داوه و له‌و سه‌رده‌مه‌دا له هه‌ردووک کولتووره‌که‌دا چینایه‌تی دیار بووه و هه‌ردوکیشیان به ته‌واوی پیاوسالار بوون.
نازانین چۆن، به‌ڵام زیاتر ره‌نگه له رێگه‌ی میلیتارییه‌وه داینه‌ستیی/ بنه‌ماڵه‌ی شانگ Shang ساڵی 1675 ی پێش سه‌رده‌م دامه‌زرا و زێده له 600 ساڵ فه‌رمانڕه‌واییان کردووه، یه‌که‌مین پادشایان خۆی به نه‌وه‌ی گه‌وره ئێزدان'' شانگ تای Shang Ti '' ناساندووه.لێره‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت که له چینیش وه‌ک وڵاتی میسر و مێزوپۆتامیا و ئاندیانه‌کانی ئه‌مه‌ریکای باشوور سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت، ئاین و سیستێمی میلیتاریی به‌دوادا هاتووه.ئه‌وه‌ی ئاشکرا نییه ئه‌وه‌یه که نازانین ئایا مڵکایه‌تی تایبه‌ت هه‌بووه پیش سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌تی شانگ یان نا.وه‌لێ ئه‌وه ئاشکرایه که یه‌که‌م پادشای شانگ'' تانگ Tang '' زه‌وی داوه‌ته ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ری ژیاون و ناونراون وه‌رزێڕی پادشا، خزمه‌کانی پاشاش بوونه وه‌جاخزاده و ده‌ره‌به‌گ، باج و خه‌راجیان بۆ پاشا کۆکردۆته‌وه و به‌شێکیشیان بۆخۆیان گلداوه‌ته‌وه.له‌م سه‌رده‌مه‌شدا ئافره‌تان شوێنیان هه‌بووه و هه‌موو شتێکیان له‌ده‌ست نه‌داوه.ئافره‌تان رۆڵی سه‌رله‌شکریی و راوێژکاری پاشاشیان هه‌بووه.به‌ڵام ئه‌وه‌ش ئاشکرایه که ئه‌و ئافره‌تانه ئیلیتی خانه‌دانه‌کان بوون و هه‌موویان خزموخوێی پاشابوون.دۆزراوه ئاڕکیۆلۆجییه‌کان تیشکێکی باش ده‌خه‌نه سه‌ر ئه‌وه‌ی که کولتووری شانگ کولتورێکی ماتریلینی بووه.په‌رتووکی'' ین هسو Yin Hsu '' به‌واتای په‌رتووکی شاری هسو، که له‌سه‌ر بنه‌مای دۆزراوه ئاڕکیۆلۆجییه‌کانی ئه‌و شاره‌وه نووسراوه ده‌ریخستووه که خه‌ڵکی شانگ رێزێکی بێ پایانیان بۆ دایکه مردووه‌کانیان هه‌بووه و ئه‌ویش به پێشکه‌شکرنی نه‌زری تایبه‌تی بۆیان، ئه‌و نه‌ریته ده‌ریده‌خات که ئافره‌تان شوێنێکی تایبه‌تییان هه‌بووه له کۆمه‌ڵگه‌دا.جگه له‌وه‌ش کۆنترین په‌رتووکی مێژوویی چین'' میژووی ئاهه‌نگه‌کانی به‌هار و پایز'' که دوای سه‌رده‌می داینه‌ستیه‌کانی شانگ نووسراوه، ئاماژه‌یه‌کی زۆری تێدایه که ماتریلینی هه‌تا کۆتایی بنه‌ماڵه‌ی شانگ و سه‌رهه‌ڵدانی داینه‌ستی'' چۆو'' هه‌ر له ئارادا بووه.بۆ نموونه ئافره‌تان سه‌رپه‌رشتکاری نه‌زره‌کان بوون و یه‌که‌مین کچی خێزانه‌که شووی نه‌کردووه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئافره‌تی به مێرد بۆی نه‌بووه سه‌رپه‌رشتی نه‌زری خێزانه‌که بکات، هه‌روه‌ها خوشک و برایه‌تی له رێگه‌ی ناوی بنه‌ماڵه‌ی دایکه‌وه بڕیاری له‌سه‌ر دراوه و مه‌رج نه‌بووه نه‌وه‌ی یه‌ک دایک، یه‌ک باوکیشیان هه‌بووبێت، خاڵ و خوشکه‌زاش، برا بوون چونکه ناویان له بنه‌ماڵه‌ی دایکه‌وه هاتووه، خاڵێکی دیکه‌ش ئه‌وه‌یه که ناوی خێزان له زمانی''چین'' ی دا دوو ریشه‌ی هه‌یه'' ئافره‌ت و له‌دایکبوون'' ئه‌مه‌ش به ئاشکرا ده‌ریده‌خات که ناوی بنه‌ماڵه له مێیینه‌وه داکه‌وتووه....ئیسته‌ر لی یاو، ل ل 16، 15.
شووکردن و ژیانی نێو خێزان
ئه‌و زانیارییه که‌مه‌ی ده‌رباره‌ی هاوسه‌ریێتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی چین هه‌یه زۆر که‌مه، وه‌لێ ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌وه ده‌رده‌خات که پاشا و خانه‌دانه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان بۆیان هه‌بووه له ژنێک ژیاتریان هه‌بێت و ته‌نها ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان توانای دارایی راگرتنی'' ئافره‌تی دۆست'' یان هه‌بووبێت هه‌رچه‌نده بوونی دۆست شتێکی ئاساییش بووه.جگه له‌وه‌ش له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی له فاڵگرتنه‌وه‌ی ئێسکه‌کاندا به‌رده‌ست که‌وتوون ده‌رده‌که‌وێت که مێیینه جێگه‌ی رێز نه‌بووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌کاتی له‌دایکبوونی کوڕدا گوتوویانه به‌خته‌وه‌ره و له کاتی له‌دایکبوونی کچ دا گوتوویانه بێ به‌خته.
دابونه‌ریتی هاوسه‌رگیری که لێره‌دا راستتر وایه بڵێین - ژن هێنان، دوای سه‌قامگیربوونی پیاوسالاری داڕێژراوه، ژیانی لامسه‌رلایی و هه‌ڕه‌مه‌کییه‌که‌ی سه‌رده‌می ماتریلینی ورده ورده له‌گه‌ڵ رێشه‌داکوتانی پیاوسالاریدا به‌سه‌ر چووه.به‌هۆی گۆڕانکاری باری ژیان و توانای فیزیکییه‌وه نێرینه توانیویێتی له‌سه‌رده‌می داینه‌ستی'' چۆو'' دا باڵاده‌ستی خۆی بسه‌پێنێ و ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیری شێوه‌یه‌کی ره‌قی وه‌رگرتووه.له‌و سه‌رده‌مه‌دا هاوسه‌رگیری که من ناوی ده‌نێم'' ژنهێنان'' نه‌ک هاوسه‌رگیری و پێکه‌وه ژیان، سێ جۆر بووه که بریتی بوون له: گرتن، کڕین، رێکخستن.وه‌ک نووسراوه مێژووییه‌کان باسیان کردووه وادیاره هه‌ر جۆره‌ی له ناوجه‌یه‌کی جیۆگڕافیدا باو بووبێت.له ژنهێنانی جۆری گرتندا، پیاو سووتی له توانای فیزیکی خۆی وه‌رگرتووه و به ئاره‌زووی خۆی ئافره‌تێکی هه‌ڵبژاردووه و داگیری کردووه، کۆمه‌ڵگه‌که‌ش لاریی له‌و شێوه ژنهێنانه نه‌بووه.په‌رتووکی'' ئای چین I Chin'' به‌واتای په‌رتووکی گۆڕانه‌کان، تێیدا هاتووه( له‌گه‌ڵ گوێبیستی حیله‌ی ئه‌سپ، جۆگه‌له‌ی فرمێسک، به رووی کچدا ده‌هاته خوارێ، چونکه ده‌یزانێ ئه‌مه ئه‌و جه‌ردانه‌ن هاتوون بیبه‌ن به‌ژن.) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که کچه‌که‌یان فڕێندراوه، باوک و دایکی کچه‌که ئاماده‌ی ئاهه‌نگی ژنهێنانه‌که بوون، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ که کۆمه‌ڵگه‌که، لاریی له‌و جۆره ژنهێنانه نه‌بووبێت.ئیسته‌ر لی یاو ل 17.
له ژنهێنان به'' کڕین'' دا ئافره‌ت بێ زیادوکه‌م وه‌ک کۆیله و مڵکایه‌تییه‌ک هه‌لسوکه‌وتی له گه‌ڵدا کراوه رۆڵیان له خێزاندا ته‌نها به‌رهه‌مهێنانی کوڕ بووه بۆ مێرد و خێزانی مێرده‌که‌ی بۆ ئه‌وه‌ی ناوی خێزانه‌که بپارێزێت.ئه‌و ئافره‌تانه‌ی که کڕدراون بوونه‌ته کاڵایه‌کی مێرده‌کانیان و وه‌ک مرۆڤێک مافیان نه‌ماوه.مێرده‌کانیان مافیان هه‌بووه وه‌ک کاڵایه‌ک به ئاره‌زووی خۆیان ئاڵ‌وگۆڕیان له‌گه‌ڵ شتێکی دیکه‌دا پێ بکه‌ن.خۆشبه‌ختانه ئه‌م شێوه‌ی ژنهێنانه زۆری نه‌خایاندووه و به هاتنه ئارای سیستێمی خێڵایه‌تییه‌وه کۆتایی هاتووه.له‌گه‌ڵ هاتنه ئارای سیستێمی خێڵایه‌تیدا له کۆتایی داینه‌ستی'' چۆو'' دا، ژنهێنان به رێککه‌وتن په‌ره‌ی سه‌ندووه.ژنهێنان به رێککه‌وتن ده‌بوایه له رێگه‌ی ده‌ڵاڵێکه‌وه ساز بکرایه که له‌نێوان هه‌ردووک بنه‌ماڵه‌ی کوڕ و کچه‌که‌دا هاتووچۆی کردووه و پێکی هێناون.دواتر میری کارمه‌ندی تایبه‌تی بۆ هاوسه‌رگرتن داناوه بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه دابین بکات که له ته‌مه‌نی هاوسه‌رگرتندان، بێ گوێدانه ئاستی سۆشیالی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژنهێنان بێ ده‌ڵاڵ په‌سه‌ند نه‌بووه.له‌سه‌ره‌تاوه ژنهێنان به پێکهاتن زۆر ساده بووه و ته‌نها له هه‌ندێک ناوچه‌دا باو بووه هه‌تا داڕشتنی یاسای تایبه‌تی بۆ هاوسه‌ریگرتن که ناونراوه'' شه‌ش به‌جێیی''.پێش ئه‌و یاسایه، کچ و کوڕ پێوه‌ندیی سۆشیالییان هه‌بووه له‌سه‌ر ئاره‌زووی خۆیان یه‌کدییان بینیوه و هیچ رێگری مۆڕاڵی له ئارادا نه‌بووه.له‌و سه‌رده‌مه‌دا کچێنی و داوێن‌پاکی بیری لێ نه‌کراوه‌ته‌وه و بایه‌خی نه‌بووه.چاوه‌ڕوانی ئه‌وه له ئافره‌ت نه‌کراوه هه‌تا ده‌مرێت داوێن‌پاکی بۆ مێرده مردووه‌که‌ی بنوێنێ، له راستیشدا داوێنپیسی له نێو خانه‌دانه‌کاندا زۆر به‌ربڵاو بووه.له سه‌رده‌مێکی دره‌نگی داینه‌ستی'' چۆو'' دا ئاهه‌نگی ژنهێنان به پێکهاتن، بووه‌ته شتێکی پیرۆز و قورس و ناقۆڵاش.ئه‌و یاسا'' شه‌ش به‌جێیی'' یه‌ی بۆ شێوه‌ی هاوسه‌رگیری به پێکهاتن داڕ‌ێژرابوو، بۆ دوو هه‌زار ساڵ باڵی به‌سه‌ر شێوه‌ی ژیانی خه‌ڵکی وڵاتی '' چین'' دا کێشا.لێره‌دا به پێویستی نازانم له‌و شه‌ش هه‌نگاوی ژنهێنانه بدوێم و سه‌ری خوێنه‌ره‌وه‌ی پێ بهێشێنم، ته‌نها ئاماژه بۆ دوو لایه‌نی تایبه‌تی ئه‌و جۆره ژنهێنانه ده‌که‌م، یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه که له گواستنه‌وه‌ی بووکدا بۆ ماڵی خه‌زوورانی، خوشکه بچووکه‌کانی و چه‌ند کیژێکی دیکه که ژماره‌یان پێوه‌ندی به ئاستی سۆشیالی هه‌ردووک لایانه‌وه هه‌بووه، له‌گه‌ڵ بووکدا چوونه‌ته ماڵی خه‌زووران و له‌وێ ماونه‌وه و هه‌موویان به دۆست و ژنخوشک ناوبراون، مێرده‌که بۆی هه‌بووه له‌گه‌ڵ هه‌موویان جووت بێت به ژنخوشکه‌کانیشییه‌وه.خاڵی دووهه‌میش ئه‌وه‌یه که بووک، دوای جێ به‌جێکردنی هه‌ر شه‌ش هه‌نگاوه‌که‌ش به‌ژنی کابرا نه‌زانراوه هه‌تا سێ مانگ دواتر و به‌جێهێنانی هێدێک ئه‌رکی چاوه‌ڕوانکراو لێی.رۆژی دوای گواستنه‌وه بووک ده‌بووایه به‌یانی زوو له‌خه‌و هه‌ستێت و له سه‌ر نه‌ریتێکی تایبه‌تی سڵاو له خه‌زوورانی بکات و دیاری‌یان بداتێ و به‌رچاییان بۆ ئاماده بکات، له‌دوای سێ مانگ بووک چووه‌ته سه‌ردانی گۆڕی باپیرانی مێرده‌که‌ی و نه‌زری بۆ کردوون ئه‌م سه‌ردانه هێمایه‌ک بووه که له‌و خێزانه‌دا وه‌گیراوە و بووه‌ته یه‌کێک له‌وان.جا ئه‌گه‌ر ماڵه خه‌زووران له بوکێ رازی نه‌بووبن ئه‌وا ره‌وانه‌ی ماله بابانیان کردۆته‌وه.
ماره‌بڕین وه‌ک یه‌کگرتن و تێکه‌ڵاوبوونی دوو خێزان سه‌یرکراوه و سه‌نگێکی گه‌وره‌ی له په‌یوه‌ندییه مرۆڤییه‌کانی وڵاتی چیندا هه‌بووه، نه‌ریته ناقۆڵا کانی بووک و زاوا پێڕه‌ویان کردووه هێمایه بۆ ئه‌و به‌هایه‌ی کۆمه‌ڵگه‌که داویێتیه ئه‌و هاوسه‌رییه.پته‌وی و له‌رزۆکی ماره‌بڕییه‌که‌ش راسته‌وخۆ له‌سه‌ر پێوه‌ندی ئه‌ندامانی هه‌ردووک خێزانه‌که وه‌ستاوه نه‌ک بوکک و زاوا.
رۆڵی ئافره‌ت له‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا، راسته‌وخۆ له‌سه‌ر ئاستی سۆشیالی میرده‌که‌ی بووه.رۆڵی شاژن ئه‌وه‌بووه تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه یه‌کخات له به‌رژه‌وه‌ندی وڵات‌دا.رۆڵی سه‌ره‌کی ژنه میر، ئاماده‌کردنی خۆراک بووه، رۆڵی ژنه خانه‌دانه‌کانیش ئه‌وه‌بووه ناوماڵیان پاک راگرن.ژنانی خه‌ڵکی ساده‌ش، چێشتلێنان و دروومان و رستن و پاککردنه‌وه.وه‌لێ رۆڵی سه‌ره‌کی ئافره‌تی به مێرد، بێ جیاوازی پله‌وپایه، به‌رهه‌مهێنانی کوڕ بووه بۆ مێرده‌که‌ی.گه‌وره‌ترین تاوان دژی باوک و باپیر ئه‌وه بووه پیاو کوڕێکی نه‌بێت ناوی خێزان هه‌ڵگرێت.بێ گومان تاوانی نه‌بوونی کوڕیش له‌ملی ژنان بووه.ئیشی سه‌ره‌کی بووک/ ئافره‌تی به مێرد، راگرتنی دڵی خه‌سو و خه‌زووری بووه، جا وه‌ی له‌وه‌ی که ده‌بوو کێبڕکێ له‌گه‌ڵ بووکێکی دیکه‌دا بکات.به یاسای تایبه‌تیش زۆر شتیان لێ یاساخ کرابوو، له‌به‌رچاوی خه‌سو و خه‌زووردا؛ نه‌ده‌بوو گۆرانی بڵێن، نه‌ده‌بوو بکۆکن، بپشمن یان خۆیان بخورێنن.بێ جیاوازی پله و پایه و ئاستی ئابووری خێزان، خه‌زووران سه‌ری خیزان بوون و که‌س نه‌یتوانیوه له گوته‌یان ده‌رچێت.کۆنتڕۆڵێکی وه‌های بووکه‌کانیان کردووه که بووک نه‌یتوانیوه خاوه‌نی هیچ شتێک بێت، هه‌تا ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌گه‌ر دیارییه‌کیشی له خزم وکه‌سیه‌وه پێ درابێت، ده‌بوایه بیداته خه‌سو و خه‌زووری، جا ئه‌گه‌ر مه‌رحه‌مه‌تێکیان بکردایه دیارییه‌که‌یان بۆ ده‌گه‌ڕانده‌وه.له‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌دا باسمان کرد، ده‌رده‌که‌وێ که بووک له کۆیله‌یه‌ک زیاتر هیچی دیکه نه‌بووه.چه‌ند ئاستی سۆشیالی خێزانه‌که هه‌ڵکشاوتر بوایه ئه‌وه‌نده زیاتر بێ ماف و چه‌وساوتر بووه.گوته‌یه‌کی چاینی کۆن هه‌یه ده‌ڵێ( ماره‌بڕی ئه‌وه‌یه که خه‌سوو و خه‌زوور، بووکێکیان کڕیوه، نه‌ک کوڕه‌که‌یان ژنی هێناوه.) ئیسته‌ر لی یاو ل24 .
وه‌لێ له لایه‌کی دیکه‌وه، خه‌ڵکه هه‌ژار و ساده‌که نه‌یتوانیوه له دۆخێکی ئاوا ئاڵۆزدا بژی و ژیانی رۆژانه به‌ریته سه‌ر.هیچ گومان له‌وه‌دا نییه بۆ دابینکردنی بژێوی خاوخێزانیان.وه‌ک له توێی هێندێک هه‌ڵبه‌ستدا ده‌رده‌که‌وێ، ئافره‌تی چینی هه‌ژار، ئازادتر بووه، وه‌لێ چه‌ند ئازادتر بووه؟ ئه‌ویان نازانین.
لێره‌دا ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌وه‌ش بکه‌م که هێندێک ئافره‌تی به توانا ناویان چۆته مێژووی وڵاتی''چین'' ه‌وه، وه‌لێ نه‌ک وه‌ک خۆشه‌ویست و پاله‌وان، به‌ڵکو وه‌ک نه‌ویستراو و نه‌فره‌ت لێکراو و تاوانبارکراو به رووخاندنی میری.بۆ نموونه.مێی سی Mei His سه‌رده‌می داینه‌ستی سای His، تان چایTan Chi سه‌رده‌می داینه‌ستی شانگ Shang، پاو زو Pao Szo سه‌رده‌می چۆوChou، هه‌روه‌ها لای چیLi Chi سه‌رده‌می داینه‌ستی چینChin.....ئیسته‌ر لی یاو ل30 .
وه‌ک هه‌ر پاشا و ئیمپڕاتۆرێک ئه‌وانه‌ی وڵاتی چینیش، په‌لاماری وڵاتانی دراوسێیان داوه و تاڵانیان کردوون و سه‌رانه‌یان لێ ستاندوون.ئه‌و خانمانه‌ی له سه‌روه ناویان هاتووه دیاره هه‌موویان جوان بوون، ئەوجا چ به‌زۆر یان به‌دیاری نێردراون بۆ کۆشکی پادشا و ئیمپڕاتۆره‌کان، ئه‌وانیش پاڵه‌وانه جاکیان لێ کردووه به‌لادا و کارێکی وه‌هایان کردووه که بوونه‌ته هۆکاری رووخاندنی رژێمه‌که.هه‌رچه‌نده له مێژووی چیندا وه‌ک نه‌ویست و نه‌فره‌تلێکراو ناویان هاتووه، وه‌لێ دڵنیام له لای نه‌ته‌وه‌کانی خۆیان خۆشه‌ویست و پاڵه‌وان بوون.
وه‌ک دیاره له کۆتایی سه‌رده‌می زۆری چیندا مێیینه له‌نێو ماڵ ئاخندراوه و هه‌ر له منداڵییه‌وه راهێنانی له‌سه‌ر راپه‌ڕاندنی کاری نێو ماڵ پێ کراوه.هه‌تا ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵان کوڕ و کچ پێکه‌وه له ده‌ره‌وه یارییان کردووه، که بوونه‌ته حه‌وت ساڵ، لێك جیاکراونه‌تەوە و هه‌ر لایه‌نه‌یان فێرکردنێکی جیاوازی هه‌بووه.
ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی شانگ به هاتنی بنه‌ماڵه‌ی'' زۆو Zhou '' له نزیکه‌ی 1000 ی پێش سه‌رده‌م کۆتایی هات.کولتووری زۆوه‌کان هێندێک جیاوازی هه‌بووه له‌وه‌ی شانگه‌کان.
ئافره‌تانی چین له‌سه‌رده‌می داینه‌ستی'' زۆو'' دا
هه‌تا سه‌رده‌می'' زۆو'' ه کان سیستێمی فیوداڵی سیستێمێکی سه‌ره‌تایی بوو، به‌هاتنی ززۆوه‌کان فیوداڵی په‌ره‌ی پێدرا، پادشا ته‌نها فه‌رمانڕه‌وایی ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری پێته‌ختی کردووه و هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی له ناوچه‌کانی دیکه‌دا داوه‌ته ده‌ست خزم و پشتیوانکاره‌کانی.خانه‌دانه‌کان ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌وره‌یان که‌وتۆته ده‌ست و زۆریان ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی خۆیان جاڕداوه و ده‌سه‌ڵات و نێویان بۆ نه‌وه‌کانیان به‌جێهێشتوه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و شه‌ڕ و پێکدادانی ناوخۆ.وه‌لێ هه‌تا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی نزمتربوونه‌وه‌ی ئاستی ئافره‌ت به‌ده‌سته‌وه نییه جگه له دووفاقی فیلۆسۆفیا‌ی'' ین – یانگ'' که پاساوی باڵاده‌ستی نیرینه ده‌داته‌وه.ئه‌و فیلۆسۆفیا‌یه ئافره‌تان'' ین'' به - نه‌رم، تاریک، نادیار، سارد، ته‌ڕ، وه‌رگر، نه‌رێن و، لکاو به ئاو و مردنه‌وه ده‌به‌ستیته‌وه و نێرینه'' یانگ'' به - گه‌رم، زیره‌ک، وشک، ره‌ق، داهێنه‌ر، به‌زه‌بر، هه‌روه‌ها به ژیان و گه‌شانه‌و و رووناکییه‌وه ده‌به‌ستیته‌وه.ئه‌م فیلۆسۆفیا‌یه پاساوی ژێرده‌سته‌یی ئافره‌تانی داوه‌ته‌وه و ته‌نها کارێکی بۆ ئافره‌تان هێشتبێته‌وه، به‌خێوکردنی کرمی ئاوریشم و درووست‌کردنی ئاوریشم بووه.له‌به‌ر ئه‌وه‌ش سێکسوالیێتی ئافره‌تان به هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره له‌سه‌ر پله‌وپایه‌ی کۆمه‌ڵاێتی پیاوان بینراوه، ئافره‌ت فێرکراوه داوێن‌پاک بێت و کوڕ بۆ مێرده‌که‌ی به‌رهه‌م بهێنێت.
مێژووی چین له لایه‌ن پیاوانی'' کۆنفوسی'' یه‌وه نووسراوه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش پڕه له مۆڕاڵ و هه‌ڵسه‌نگاندنی هێرشبه‌رانه و رق و کینه به‌رامبه‌ر ئافره‌تان.میژوونوسه‌کانی دوای کۆنفوسیوس دۆکیومێنته مێژوویه‌کانی پێش خۆیانیان قارس کردووه و له روانگه‌ی کۆنفوسیانیزمه‌وه دایانڕشتۆته‌وه.ئه‌وان ئافره‌تیان له کڵێشه‌یه‌کی وشکیدا بینیوه وه‌ک ( دایک، یان دڵڕه‌قه یان هۆشمه‌ند، هاوسه‌ر و کچ یان به‌له‌سه‌ی سێکس ده‌بن و مێرد و بابیان ده‌پڕوکێنن یان خۆیان نه‌زری مێرد و باوکیان ده‌که‌ن.) ئه‌و هێرشبردنه توندانه‌ی سه‌ر ئافره‌تان له نووسراوه مێژووییه‌کانی جێندا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات که ئافره‌تان به ئاسانی ملیان بۆ سنووردار‌کردنیان نه‌ناوه.لۆمه‌کردنی خاتو'' باو سی Bao Si '' له هه‌ره‌سهێنانی ده‌سه‌ڵاتی زۆو له رۆژئاوای وڵاته‌که دا ئاماژه‌یه‌که بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئافره‌تان.3 جگه له‌وه‌ی مێژوو به ده‌ستی پیاوان نووسراوه و به که‌می باسی ئافره‌تانی تێدایه، مێژووی کۆن و هه‌تا ئاستێکی زۆریش مێژووی نوێش، هه‌مووی ده‌رباری ده‌سه‌ڵاتداران و بنه‌ماڵه‌کانیان و که‌سانی پاله‌وان ده‌دوێت و هه‌تا ئاستێکی زۆریش روانگه‌یه‌کی نێرینه زاڵه به‌سه‌ریدا، له‌و چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ی بۆ ئه‌م به‌شه به‌رده‌ستم که‌وتوون و به‌سه‌رم کردوونه‌وه به ده‌گمه‌ن نه‌بێت باسی چینه هه‌ژار و به‌شمه‌ینه‌ته‌که‌ی تێدا نییه به نێر و مێینەشیه‌وه.بۆیه لێره‌دا ئه‌و پرسیاره دێته گۆڕێ، ئه‌ی ئه‌و زۆرینه به‌شمه‌ینه‌ت و ئه‌رک گرانه چۆن ژیاون و چ کاره‌بوون به‌تایبه‌تیش ئافره‌ته‌کانیان؟ ئێمه بۆمان ده‌رکه‌وتووه که به‌شێکی زۆر له نێرینه‌کان دوای سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت، سه‌ربازی، بووه‌ته کار و سه‌رچاوه‌ی بژێوی خۆیان و خێزانیان.لێره‌وه ته‌نها هه‌ڵهێنجان ده‌مێنێته‌وه ده‌رباری کاری چینه هه‌ژاره‌که ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که پیاوه‌کان وه‌رزێریان کردووه، جۆگه‌یان راکێشاوه، ئامرازی جیاوازیان بۆ داخوازییه‌کانیان درووست کردووه.ئافره‌تانیش خۆراکیان ئاماده‌کردووه، باخچه‌وانییان کردووه، په‌له‌وه‌ر و ئاژه‌ڵیان به‌خێو کردووه، ته‌شییان رستووه و ته‌ون و دروومانیان کردووه و گۆزه و گڵێنیه‌یان درووست کردووه و ئاگاداریی منداڵ و نه‌حۆشه‌کانیشیان بوون.
خێزان: خێزانی گه‌وره‌ی باوکسالار بنه‌مای کۆمه‌ڵگه‌ی چێن بووه، له‌و خێزانانه‌دا کوڕ هاوسه‌ره‌که‌ی گواستۆته‌وه ماڵی باوکی.سه‌رخێزان – باوک یان باپیر، ئارداریی/ دادپه‌روه‌ری نێو خێزانی پاراستووه.4 وه‌لێ ئه‌گه‌ر له ده‌ستی تاکێکی خێزانه‌که تاوانێکی گه‌وره روویدابێت، هه‌موو خێزناکه به‌رپرس کراوه، له‌وانه‌یه دووچاری کوشتنیش بووبن.له‌سه‌رده‌می زووی زۆوه‌کاندا، جگه له چینی خانه‌دانه‌کان، لاوه‌کان ئازادبوون له ئاهه‌نگه‌کانی به‌هاردا هاوسه‌ری خۆیان هاڵبژێرن.هه‌رچه‌نده خانه‌دانه‌کان ئازادی هاوسه‌رگیرییان نه‌بووه وه‌لێ توانیویانه له‌سه‌ر بچووکترین هۆ، ژنه‌کانیان ته‌ڵاق بده‌ن – وه‌ک زۆربڵێیی به نموونه.
وڵاتی چین مێژوویه‌کی دوورودرێژی هه‌یه وه‌لێ مێژوویه‌کی زۆر روون نییه.ئه‌وه زانراوه که بنه‌ماڵه گه‌وره‌کانی'' زۆو'' ی رۆژهه‌ڵات نزیکه‌ی پێنجسه‌ت ساڵ خه‌ریکی شه‌ڕی یه‌کدی بوون هه‌تا ته‌نها سێ بنه‌ماڵه‌یان ماونه‌وه.ئه‌وکاته‌ش بنه‌ماڵه‌ی'' کین/ چین Qin '' له هه‌مان ناوچه سه‌ری هه‌ڵداوه و هه‌موو میرنشینیی و پادشایێتییه‌کانی چینی له نێو ئیمپڕاتۆری'' کین'' دا وێکخستوه، یه‌که‌م ئیمپڕاتۆری کین'' کین شی هوانگ Qin Shi Huang '' ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌به‌گه‌کانی که‌مکردۆته‌وه و ده‌سه‌ڵاتێکی نێوه‌ندی زۆر به‌هێزی دامه‌زراندوه.بیڕۆکڕاسیێتێکی باشی دامه‌زراندوه و وڵاته‌که‌ی دابه‌شی چه‌ند هه‌رێمێک کردوه.زۆوه‌کان، له دابه‌شکردنی میرات دا سیستێمی'' نۆبه‌ره‌یی'' یان به‌کار هێناوه، به‌واتای ئه‌وه‌ی نۆبه‌ره هه‌موو میراتی خێزانه‌که‌ی بۆ ده‌مایه‌وه، وه‌لێ ''کین'' سیستێمی دابه‌شکردن'' پارتیبڵ portable '' ی به‌کارهێناوه، به‌پێی ئه‌و سیستێمه‌ش، میرات به یه‌کسانی به‌سه‌ر کوڕه‌کاندا دابه‌شکراوه.له‌سه‌رده‌می یه‌که‌م ئیمپڕاتۆری کین دا، به‌شی زۆری دیواری گه‌وره‌ی چین درووستکراوه که حه‌وسه‌ت هه‌زار که‌س کاری تێدا کردووه و دوای ئه‌وه‌ی دیواره‌که‌یان ته‌واو کردووه، هه‌مویان کراونه‌ته قوربانیی.کین، ویستوویێتی کۆنتڕۆڵی بیر و ئاوه‌زی دانیشتوانی وڵاته‌که‌ی بکات، کتێبه‌کانی کۆنفوسیوس و مێنسیوس و گه‌لێکی دیکه‌ی سووتاندووه و هه‌موو ئه‌و فیلۆسۆفیانه‌ی پێوه‌ندی به به‌رپرسیارکردنی ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌بووه یاساخ کردووه - له‌وانه‌یه کین، یه‌که‌مین دیکتاتۆری تۆتالیتاری بووبێت !!.دوای مردنی کین، دیسانه‌وه شه‌ڕو ئاژاوه ده‌ستی پێکردۆته‌وه و له کۆتاییدا ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی'' ها‌ن Han '' له ساڵی209 ی پێش سه‌رده‌مه‌وه ده‌ستی پێکردووه.لێره به‌دواوه کۆنفوساینیزم وه‌ک نه‌خشی سه‌ر به‌رد بووه‌ته بنه‌مای یاسای وڵاتی جێن به‌درێژایی ته‌مه‌نی ئیمپڕاتۆرییه‌کانی دواتریش.بێ گومان گۆڕانکاری گه‌وره به‌سه‌ر هه‌ڵکه‌وته/ ستڕکتووری ئابووری و رامیاری و ئاینی وڵاته‌که‌دا هاتوون، وه‌لێ کو‌لتوور و هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر ئافره‌تان دوای'' هانه‌کان'' یش وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه.کۆنفوسیوس به‌زۆری گرنگی به نێرینه دواه، به‌ڵام دوو بڕگه‌ی تایبه‌تی فیلۆسۆفیاکهی ده‌رباره‌ی ئافره‌تان له زۆربه‌ی سه‌رده‌مه‌کانی چین دا- سه‌رده‌می ها‌ن و کینگ، به باڵای ئافره‌تاندا بڕاوه.
بڕگه‌ی یه‌که‌م ئامۆژگاری ئافره‌تان ده‌کات که جلوبه‌رگی پرسه‌یان پێش شووکردن له‌شێوه‌ی ئه‌وه‌ی باوکیان بێت، دوای شووکردن له‌وه‌ی مێرده‌کانیان بێت و که مێردیان ده‌مرێت له‌وه‌ی کوڕه‌کانیان بێت.بێ گومان ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ که جێگه‌ی ئافره‌ت له کۆمه‌ڵگه‌دا به‌هۆی نێرینه‌وه‌یه نه‌ک که‌سایێتی خۆی.
بڕگەی دووهه‌میشیان ده‌ڵێ: مرۆڤایێتی دابه‌شکراوه به '' ین و یانگ'' به‌واتای نێر و مێ، کاروباری مرۆڤایێتیش دابه‌شکراوه بۆ رێلمی'' ده‌ره‌وه و ناوه‌وه'' دنیایه‌کی سه‌ربه‌خۆ و داخراوی ئافره‌تان و دنیای کۆمه‌ڵگه‌ی نێرینه، ئافره‌تان به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵن و پیاوانیش به‌ڕێوه‌به‌ری دنیان، هه‌ردوک لایان ده‌بێ ئاگاداری ئه‌م جیاوازییه‌بن، ئافره‌ت نابێت لووتی له کاروباری کۆمه‌ڵگه‌وه وه‌ردات و پیاویش نابێت لووتی له کاری ناومالوه وه‌ردات.......مێرلین فڕێنچ بەرگی یەکەم ل 117.
مێژووی چین سه‌لماندوویێتی که نه‌وه‌کانی دواتر'' پیاوه‌کان'' هه‌ڵوێستی کۆنفوسیوسیان به‌کار هێناوه بۆ پیاده‌کردنی پیاوسالاری.پیاوه‌کان، یاساخکردنی شووکردنه‌وه‌ی فیلۆسۆفیا‌ی کۆنفوسیوسیان پشتگوێ خستووه، هه‌رکاتێک له به‌رژه‌وه‌ندیاندا بووبێت ره‌چاویان کردووه و ئه‌گه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندیاندا نه‌بووبێت پشتگوێ‌یان خستووه، به ئاره‌زووی خۆیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مێینه وه‌ک زاناکانی ئیسلام فیلۆسۆفیا‌که‌یان قارس کردووه و دایانڕشتۆته‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ی ئافره‌تان ئاستی خۆیان له کۆمه‌ڵگه‌دا بناسن، سکۆلاره‌کانی سه‌رده‌می داینه‌ستی'' ها‌ن'' بایۆگڕافیا/ ژیاننامه‌ی ژنه نمونه‌ییه‌کانیان'' ئه‌وه‌ی ئه‌وان به نموونه‌ییان زانیوه'' تۆمار کردووه.نووسه‌رانی لایه‌نگری پاتریلینیی زۆر به شانوباڵی ئه‌و ژنانه‌یاندا هه‌ڵداوه که دوای مردنی مێرده‌کانیان نه‌یانویستووه شوو بکه‌نه‌وه یان به‌زۆر به مێرد بدرێنه‌وه، ده‌بێ ئه‌و راستییه‌ش نه‌شارینه‌وه که هێندێک ژن بۆخۆیان لایه‌نی پاتریارکییان هه‌ڵبژاردووه و خۆکوشتنیشیان له‌جیاتی به‌زۆر به‌شوودانه‌وه‌دا هه‌ڵبژاردووه...Women in early imperial China by, Bret Hench p 44.
هه‌ر له سه‌رده‌می '' ها‌ن'' ه کاندا له هێندێک ناوچه‌ی چیندا بووه‌ته نه‌ریت که ژنان دوای مردنی مێرده‌کانیان مردنیان هه‌ڵبژاردووه به خۆراک نه‌خواردن یان خۆ خنکاندن یان بازدانه ناو بیره‌وه - خۆکوشتنی مؤڕاڵیستانه! ئه‌و هه‌ڵوێستی خۆکوشنه‌ی ژنان دوای مردنی مێرده‌کانیان له لای '' مینگ'' ه کان به‌رز نرخێندراوه و به درێژایی مێژووی کۆنی چین سکۆلاره‌کانیان به سه‌ربه‌رزییان داناوه.ره‌نگه له گۆشه‌نیگای ئافره‌تانه‌وه، ژیانێک که له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵناکرێ ده‌توانرێ خۆکوشتن بکرێته هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بۆ ئه‌وانه‌ی ژیانیان لێ تاڵ کردوون.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که له هێندێک ناوچه‌ی وڵاته‌که‌دا ئه‌و جۆره خۆکوشتنه جێگه‌ی شانازی بووه، وه‌لێ به‌شێوه‌یه‌کی گشتی خۆکوشتن، شه‌رمه‌زاری هێناوه به شانی خێزاندا، کچان هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کچ بوون و هێنده له هاوسه‌رگیرییدا رسوا بوون به جلی بووکێنییه‌وه خۆیان خنکاندووه، چونکه بڕوا وه‌ها بووه که ده‌بنه خێوی ماڵی مێرده‌که‌یان.
به‌کورتی: بۆ کۆتایی سه‌رده‌می ئانتیکویتی چین '' 208'' ی پێش سه‌رده‌م، گۆڕانکارییه‌کی گه‌وره له ژیانی ئافره‌تاندا روویداوه، له پێشاندا کچه‌گه‌وره‌ی ماڵ شووی نه‌ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک سه‌رۆکی خێزانه‌که سه‌رپه‌رشتی کاره پیرۆزه‌کانی خێزان بکات و بیانباته رێوه، ورده ورده داوێپیسی و جووتبوون له‌گه‌ڵ که‌سی نه‌شیاودا'' وه‌ک خوشک و برا و کچ و باوک'' بڵاو بووه‌ته‌وه، هه‌تا کۆتایی سه‌رده‌می ''چۆو'' ئافره‌ت وته‌ی هه‌بووه له هاوسه‌رگیرییدا، بێوه‌ژن مافی شووکردنه‌وه‌ی هه‌بووه، جووتبوونیش پێش هاوسه‌رکیری تابووی له‌سه‌ر نه‌بووه.له‌سه‌ره‌تاوه ئازادییه‌کی ره‌های په‌یوه‌ندی نێر و مێ هه‌بووه، وه‌لێ هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا، مۆڕاڵێکی نوێ ورده ورده بووه‌ته نه‌ریت.له‌پێشاندا که کوڕ و کچ ئازاد بوون له هه‌ڵژاردنی هاوسه‌ردا، به کۆتایی سه‌رده‌مه‌که، نه کوڕ نه کچ بێ پرسی دایک و باوک و بێ ره‌چاوکردنی نه‌ریتی'' شه‌ش به‌جێیی'' و بێ ده‌ڵاڵ نه‌یانتوانیوه خێزان پێکه‌وه بنێن.
سه‌رده‌می کۆنی چین ( 209 ی پێش سه‌رده‌م- 960 ی سه‌رده‌م)
له‌ژێر کاریگه‌ریی سه‌رۆک وه‌زیران'' لی زو Li Szu '' ی یاساگه‌ر دا، ئیمپڕاتۆر'' چین'' یاسای تایبه‌تی ده‌رباره‌ی نه‌ریت، شێوه‌ی پۆشاک، پێوانه و زمانی نووسینی، داڕشتوه.رێگه‌وبانی درووستکردوه و دیواری چێنیشی نۆژه‌ن کردۆته‌وه.وه‌لی ئه‌و ئیمپڕاتۆره وه‌ک که‌سێکی دڵ ره‌ق سه‌یرکراوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باجێکی زۆری خستۆته سه‌ر شانی دانیشتوان و سیستێمی فیوداڵی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه، به هه‌ڵه به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات و به‌رفراوانکردنی سنووری چین، بووه‌ته هۆی خۆ رانه‌گریی داینه‌ستییه‌که‌ی/ حوکمی بنەماڵەکەی و زوو رووخانی، داینه‌ستیی چین ته‌نها شازده ساڵ ته‌مه‌نی بوو و داینه‌ستیی'' ها‌ن Han'' جێگه‌ی گرته‌وه.له ژێر ده‌سه‌ڵاتی'' ها‌ن'' دا، وڵاتی چین پێی ناوەتە ناو سه‌رده‌مێکی نوێوه.له‌سه‌و سه‌رده‌مه‌دا، دوو دیارده‌ی سه‌ره‌کی کاریگه‌رییان کردۆتە سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ئاینده‌ی ئافره‌تان له وڵاته‌که‌دا، یه‌که‌میان، سه‌رهه‌ڵدانی چینایه‌تییه‌کی نوێ و سه‌پاندنی ئێکسۆگه‌می'' به واتای شووکردن و ژنهێنان له‌ده‌ره‌وه‌ی خێل'' به‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی پاشادا.سیستێمێکی نوێ له جێی سیستێمی فیوداڵی که بنه‌ماڵه‌ی چین پێشتر هه‌ڵیوه‌شاندبۆوه، له سه‌رده‌می '' ها‌ن'' دا جێگه‌ی گرته‌وه.ئه‌و کارگێڕانه‌ی کارێکی باشیان له‌پێناو وڵاته‌که‌دا ئه‌نجام دابێت، پاداشتیان دراوه‌ته‌وه، وه‌رزێڕه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان توانیویانه زیاده‌ی به‌رهه‌میان به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی کاری میری و ئاستێکی هه‌ڵکشاوتری سۆشیالی بۆ ریزه‌کانی پێشه‌وه‌ی سوپا بنێرن.له کۆتایی سه‌رده‌می چین دا، هێندێک خێزانی گه‌وره و ده‌وڵه‌ماند هەلیان له باری ئاڵۆزی وڵاته‌که وه‌رگرتووه، ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌وره‌یان په‌یدا کردووه و ده‌ستیان به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌کی گه‌وره‌دا گرتووه.یه‌کێک له کرداره نابه‌جێ و لافی ژیانیان کۆکردنه‌وه‌ی هه‌زاران ئافره‌تی جوان بووه بۆ تێرکردنی ئاره‌زووه‌کانیان.ئیسته‌ر لی یاو ل 43 .
دووهه‌میان، ئه‌و خێزانانه‌ی له رێگه‌ی ژن و ژنخوازییه‌وه له‌ماڵی پاشاوه نزیک بوون ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌وره‌یان په‌یدا کردووه.له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیریی ناوخۆیی له ناو خێزانه ئه‌ریستۆکڕاته‌کاندا له سه‌رده‌می داینه‌ستی'' چۆو'' وه‌وه یاساخ کرابوو، نه‌وه‌ی فیوداڵه‌کان ده‌بوایه هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی فیوداڵێکی دیکه‌دا بکه‌ن که پاشناوێکی جیاوازی هه‌بووه.ئه‌وجا که بووک ماڵی باوانی به‌جێهێشتووه بووه‌ته خانمی ناوچه‌یه‌کی دیکه، پشتگیری و پێوه‌ندییه‌کی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ ماڵه باوانیدا نه‌ماوه و لێره به‌دواوه وه‌ک ئه‌ندامێکی ملکه‌چی خێزانه نوێکه‌ی سه‌یر کراوه.هێندێک جاریش له نێوان شه‌ڕی ماڵه باوانی و مێرده‌که‌یدا گیری خواردووه و هیچ لێکدانه‌وه‌یه‌ک له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی مێرده‌که‌یه‌وه بۆ بنه‌ماله‌ی باوانی نه‌کراوه.به هه‌ڵواشاندنه‌وه‌ی سیستێمی فیوداڵی، پاشا‌و میره‌کان ناچار بوون هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ ژێرده‌سته‌کانی خۆیاندا بکه‌ن، ئه‌مه‌ش ترسناکییه‌کی نوێی هێناوه‌ته ناو رامیاری وڵاته‌که‌وه.دوای ماره‌بڕینه‌وه و گواستنه‌وه‌که، ماڵه‌باوانی بووکێ، ئاستێکی سۆشیالی به‌رزتریان وه‌رگرتووه و زوو ده‌ستیان له کارووباری میریکردنه‌وه وه‌رداوه و پێش ئه‌وه‌ی کچه‌که‌یان'' شاژن، ژنه ئیمپڕاتۆر'' مردبێت سامانێکی زۆریان پێکه‌وه‌ناوه.ئه‌وجا که ئیمپڕاتۆرێک مردووه، خێزانێکی دیکه‌ی ژنی ئیمپڕاتۆری نوێ جێگه‌ی گرتۆته‌وه و ئه‌وانیش به هه‌مان شێوه ره‌فتاریان کردووه.وه‌لێ ئه‌و گه‌نده‌ڵکارییه‌ی بنه‌ماڵه‌ی شاژن که هێندێک جار دوای مردنی پادشا بووە و شاژن وڵاته‌که‌ی بردۆته رێوه، له دابه‌زینی ئاستی ئافره‌تانی له کۆمه‌ڵگه‌دا که‌م نه‌کردۆته‌وه.له‌کاتێکدا به‌هۆی پیاده‌کردنی رامیارییه‌کی ئابووری باشه‌وه و بازرگانی له‌گه‌ڵ دراوسیکانی وڵاته‌که‌دا ئاستی ژیاریی هاو وڵاتیان هه‌ڵکشاوه، ئه‌و هه‌ڵکشانه چاوچنۆکی و چڵێسی پیاوانی نه‌گۆڕیوه، به پێچه‌وانه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی کولتووری نرخاندن و گرنگیدان به هونه‌ر له نێو خانه‌دانه‌کاندا، ئافره‌ت ورده ورده بووه به کاڵایه‌ک بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی ئاره‌زووه سێکسییه‌کانی پیاو.وه‌ک پێشتر باسمان لێوه‌کرد، دابه‌زینی ئاستی ئافره‌تان پڕۆسه‌یه‌کی له‌سه‌رخۆ بووه.له سه‌رده‌می'' ها‌ن'' ه کاندا شووکردنه‌وه هێشتان شتێکی باو بووه، میریی رامیارییه‌کی تایبه‌تی یان رێگری ده‌رباره‌ی ره‌فتاری ئافره‌تانه‌وه نه‌بووه، سنووری ره‌فتار په‌یوه‌ند بووه به گرێبەستی شووکردن و ماڵه خه‌زوورانه‌وه.زۆر جار ئافره‌تان له‌سه‌ر هه‌ژاری ده‌ستیان له هاوسه‌ره‌کانیان به‌رداوه و هێندێک جاریش ماڵه خه‌زووران له بووکێ رازی نه‌بوون و ناردوویانه‌ته‌وه سه‌ر ماڵی بابی.له راستیدا، پێش ئه‌م سه‌رده‌مه، له‌سه‌رده‌می شه‌ڕه دوورودرێژه‌کانی پێش داینه‌ستی''چین'' دا ژماره‌ی دانیشتوانی چین له که‌مبوونه‌وه‌دا بووە، له‌به‌ر ئه‌وه یه‌کێک له فیوداڵه‌کان'' کۆو چاین'' هانی خه‌ڵکی داوە ئه‌گه‌ر به ناڕه‌واییش بێت'' ناشه‌رعی'' منداڵی زۆریان ببێت.وه‌لێ ئیمپڕاتۆره‌کانی داینه‌ستی ها‌ن هه‌ستیان به دابه‌زینی ئاستی مۆڕاڵی کردووه و ویستویانه سنوورێکی بۆ دابنێن.له‌به‌ر ئه‌وه‌ش سه‌رده‌می ها‌ن سه‌رده‌می وه‌رچه‌رخانێک بوو بۆ پاداشتدانه‌وه‌ی ئافره‌تی ره‌وشت جوان.ئه‌و به‌رنامه‌یه له‌سه‌رده‌می یه‌که‌مین ئیمپڕاتۆری بنه‌ماڵه‌ی'' ها‌ن'' ه وه ده‌ستی پێکردووه.ئیمپڕاتۆرێکی دواتری هه‌مان بنه‌ماڵه'' وو Wu'' هێندێک پیاوی دانای راسپاردووه یاسایه‌کی نه‌زمی ره‌وشت'' هه‌ڵسوکه‌وت'' بۆ هاو وڵاتیان داڕێژن و هه‌موو که‌سیش ده‌بوایه ره‌چاوی بکات، وه‌ک رۆڵی باوک، دایک، مێرد، ژن، کۆر یان کچ.له‌سه‌رده‌مێکی دره‌نگتری بنه‌ماڵه‌که‌دا و به هۆی داڕشتنی یاساگه‌لێکی زۆر قورستره‌وه ئاستی ئافره‌تان توشی دابه‌زینێکی گه‌وره‌تر بووه.له ده‌وروبه‌ری ساڵی 480 ی سه‌رده‌مدا له باکووری وڵاته‌که‌دا خه‌ڵوه‌تگای تایبه‌تی بۆ بێوه‌ژنی بێ وه‌جاخ کراوه‌ته‌وه، که چاوڕوانیی ئه‌وه‌یان لێکراوه شوو نه‌که‌نه‌وه.دواتر ئیمپڕاتۆرێکی بنه‌ماڵه‌ی'' سوی Sui '' به یاسا شووکردنه‌وه‌ی هاوسه‌ر و دۆسته‌کانی کارگێڕانی میری یاساخ کردووه.دیاره لێره‌به‌دواوه ئافره‌تان له‌نێو ماڵیشدا له‌گه‌ڵ پیاواندا هاوتا نه‌بوون و ئاستیان نزمتر بووه و هه‌ڵسوکه‌وت و په‌یوه‌ندی ناوماڵ و ده‌ره‌وه‌یان چ مۆڕاڵی و چ فیزیکی سنووردار کراوه.نێوانی بنه‌ماڵه‌ی ''ها‌ن'' و '' تانگ'' سێ سه‌ت ساڵی پڕ پشێوی و تێکشانی سۆشیالی بووه و زیاتر ئاستی ئافره‌تانی به‌ره‌وژێر بردووه، ئافره‌ت نرخی نه‌ماوه و وه‌ک کاڵایه‌ک سه‌یر کراوە و هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌شدا پڕۆستیتوشن'' سێکسکردن به پاره'' سه‌ری هه‌ڵداوه.بە تایبەتی لە ناو ئه‌و ئافره‌تانه‌ی مێرده‌کانیان یان هه‌موو خێزانه‌که‌یان له‌کاتی ئاشووبدا له‌ده‌ستداوه و به‌هۆی توانای فیزیکی و به‌ربه‌ستی یاساییه‌وه نه‌یانتوانیوه کێبڕکێی کارکردن له‌گه‌ڵ پیاواندا بکه‌ن، زۆر ئاسته‌م بووه ئافره‌تێکی هه‌ژار له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پیاوسالاریدا بێ یاریده‌ی که‌سوکار بژێوی خۆی دابین بکات، له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌وانه‌ی سووتمه‌ند بوون له‌و ئاژاوه و بشێوییه‌دا هه‌لیان له‌و باره ئابوورییه ناله‌باره وه‌رگرتووه و ئافره‌تی جوانیان بۆ رابواردنی خۆیان و بازرگانی سێکسی راگرتووه.له‌و جۆره راگرتنه‌دا که به پڕۆستیتوشنی ناوماڵ'' home prostitution '' ناوبراوە به شێوه‌یه‌کی زۆر نامرۆڤانه هه‌لسوکه‌وت له ئافرەتەکاندا کراوە.خاوه‌نکاره‌کانیان توانیویانه هه‌رچییه‌کیان بوێت لێیان بکه‌ن، جار هەبووە له‌سه‌ر ناڕازیبوونێک لێیان کوشتوویانن.
ماره‌بڕین به رێککه‌وتن که پێشتر له‌سه‌ری دواین، له‌سه‌رده‌مێکی دره‌نگتردا بووە به کاره‌ساتێکی گه‌وره بۆ مێیینه.له‌سه‌رده‌می بووژانه‌وه‌ی ئابووریدا، خێزانی بووکێ ده‌بوایه جیازییه‌کی گه‌وره له‌گه‌ڵ کچه‌که‌یاندا بۆ ماڵی زاوا بنێرن.ئه‌و خێزانانه‌ی پێشوه‌خت ده‌یانزانی توانای دابینکردنی ئه‌و جیازییه گه‌وره‌یه‌یان بۆ کچه‌که‌یان نییه و بۆ ئه‌وه‌ی له به‌شوودانی کچه‌که‌یاندا رووزه‌رد نه‌بن، منداڵه کجه‌کانیان له‌ناو بردووه.سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش خێزانی کچ ئاگاداری ئه‌وه‌ش بوون که دوای ئه‌وه‌ی ئه‌رکی به‌خێوکردنی کچه‌که‌یان ده‌به‌نه‌سه‌ر، کچه‌که‌یان ده‌بێته کرێکارێک بۆ خه‌زووره‌کانی و هیچی بۆ ئه‌وان تێدا نییه و ئه‌و دوو هۆکاره‌ی سه‌ره‌وه لە وڵاتی چین نه‌ریتی کچ کوشتنیان هێناوەتە ئاراوه.له‌و سه‌رده‌مه‌ی '' چین'' دا کچ نه‌ک هه‌ر که‌متر بووه له کوڕ، به‌ڵکو مافی ژیانیشی لێ زه‌وت کراوه.
بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتێکی زۆرتر به‌سه‌ر ژێرده‌سته‌کانیدا، ئیمپڕاتۆری بنه‌ماڵه‌ی'' تانگ'' کۆمه‌ڵێک یاسای ده‌رکرد که هه‌تا ئه‌و سه‌رده‌مه به رێکخراوترین یاسای چین ده‌بینرێت.ئه‌و یاسایانه به‌رپرسیاری میرییان روون کردۆته‌وه له‌سه‌ر شتگه‌لێک که پێشتر تایبه‌تمه‌ندی سه‌ربه‌خۆ بوون، وه‌ک کوشتن بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و پێوه‌ندی نێو خێزان.به پیاده‌کردنی کۆده‌کانی یاسای تانگ، ئافره‌تان له ژیانیاندا و لە رووی سۆشالیەوە، خەمی ده‌سه‌ڵاتی میریشیان هاتە سەر شان، له‌ژێر کاریگه‌ری ئه‌و یاسایانه‌دا، ماڵه خه‌زووران بۆیان هه‌بووه ماره‌بڕیی هه‌ڵوه‌شێننه‌وه ئه‌گه‌ر کوڕه‌کەشیان له‌سه‌ری ناڕازی بووایه.ژن یان دۆست ئه‌گه‌ر له رووی خه‌زوورانیدا وه‌رجه‌رخابێته‌وه سێ ساڵ زیندان کراون، خۆ ئه‌گه‌ر ئازاری خه‌زوورانیان دابێت ئه‌وا له‌سێداره دراون.بێ گومان یاساش هه‌بوون بۆ سزادانی خه‌زووران و مێردیش له‌سه‌ر ناره‌وایی به‌رامبه‌ر بووکه‌کانیان، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر خه‌سوو یان خه‌زوور بووکه‌که‌ی بکووشتایه ته‌نها سێ سال زیندان دەکرا، ئه‌و یاسایه‌ش هه‌تا ساڵی 1900 له‌کاردا بووه.......ئیسته‌ر لی یاو ل 56.
ئێمه لێکۆڵینه‌وه‌که‌مان به‌دواداچوونێکه له‌سه‌ر مێژووی ئافره‌تان و زه‌وتکردنی مافیان و هۆکاری سه‌رهه‌لدانی پیاوسالاری، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش نامانه‌وی بچینه ناو دریژه‌ی یاساکا‌نه‌وه که پێوه‌ندی به باسه‌که‌مانه‌وه نییه.ئه‌وجا لێره‌دا ده‌بێ سه‌رنجێک بده‌ین و بپرسین، ئه‌گه‌ر ئه‌مه حاڵی هاوسه‌ر بووبێت، ئه‌ی ده‌بێ حاڵی دۆست و قه‌پاتمه چۆن بووبێت؟
سه‌رده‌می نێوه‌ند، 959 – 1642
سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی سونگ '' 960 – '1280'' .سه‌رده‌می وه‌رچه‌رخانێکی دیکه‌ی ئاستی سۆشیالی بووە له ژیانی ئافره‌تانی ''چین'' دا، داوێن‌پاکی، کوشتنی مێیینه‌ی ساوا، پێ پێچانه‌وه و تێڕوانین له ئافره‌ت وه‌ک ئامرازێکی سێکس بوون به دیارده‌یه‌ک له کۆمه‌ڵگه‌دا – دیارده‌یه‌ک که بۆ حه‌وت سه‌ته‌ی دواتر له هه‌ڵکشاندا بووە، هه‌تا له سه‌رده‌می بنه‌ماڵه‌ی چینگ Ching ''1644 – 1911'' گه‌یشته تۆپه‌ڵاک.پێش ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌رچه‌نده ئافره‌تان له‌ژێر گوشارێکی گه‌وره‌ی دابوونه‌ریتی ناپه‌سه‌ند و ناڕه‌وای کۆمه‌ڵگه‌دابوون، وه‌لێ له‌ناو ماڵدا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌رکی پیاوسالاری خێزانه‌که‌یان جێ به‌چی بکه‌ن له زیانی فیزیکی به‌دوور بوون که کۆمه‌ڵگه ده‌یویست بیسه‌پێنێ، مافی ژیانیان هه‌بوو و به‌پێی خۆشیان ده‌ڕۆیشتن وله هێندێک سه‌رده‌مدا مافی شووکردنه‌وه‌شیان هه‌بووه.ئافره‌تانی سه‌رده‌می ''سونگ'' و بنه‌ماڵه‌کانی دواتر، زۆر به‌دبه‌ختتر بوون، جگه له‌وه‌ی وه‌ک ئه‌وانه‌ی پێش خۆیان پابه‌ندی کۆت و زنجیری دابونه‌ریتێکی تڕادیسیۆنال بوون، ژیانیشیان پێ ره‌وا نه‌ده‌بینرا وە و زۆر جاریش به‌ساوایی له‌ناوبراون، ئه‌گه‌ر له‌ناویش نه‌برابانایە ده‌بوو خۆیان له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌ی پێ تێگرتن/ پێ پێچانه‌وه‌دا راگرن.
ئه‌و گۆڕانکارییه بنه‌ڕه‌تییانه یه‌کاویه‌ک له‌گه‌ڵ هاتنی بنه‌ماله‌ی'' سونگ'' دا نه‌هاتنه ئاراوه، وه‌ک ده‌رکه‌وتووه زیاتر چه‌وساندنه‌وه‌ی ئافره‌تان له'' نیۆ – کۆنفوسیانیسم'' ه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه که نزیکه‌ی په‌نجا ساڵ دوای هاتنی بنه‌ماڵه‌که سه‌ری هه‌ڵداوه.نیۆ- کۆنفوسیانیسم، وه‌ک رێکخستنه‌وه‌ی که‌له‌پووری چین سه‌یرکراوه و کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر لۆجیک و فیلۆسۆفیا‌ی چین هه‌بووه که ئه‌وانیش رۆڵی خۆیان له‌سه‌ر هونه‌ر و لیتیراتوور و ژیانی رۆژانه‌ی خه‌لکی هه‌بووه، به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌تیش ژیانی ئافره‌تانی کردۆته مه‌ینه‌تی و کوێره‌وه‌ری.نیۆ – کۆنفوسیانیسم، سێ سه‌رده‌می جیاوازی هه‌بووه له سه‌رده‌می یه‌که‌مدا تۆزێک نه‌رمی تێدا به‌دی ده‌کرێت، له‌سه‌رده‌می دووهه‌مدا زۆر که‌متر و هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌شدا دوو فیلۆسۆف'' تون- یی و چانگ تسای'' که له پێشه‌وایانی داڕشتنی باوه‌ڕی نیۆ- کۆنفوسیانیسم بوون، بڕێک لە فیلۆسۆفیاکانی بوودیزم، تاویزم، کۆنفوسیانیزم و بیری تڕادیسیۆناڵیان تێکه‌ڵ کرد و ئه‌نجامه‌که‌ی فلۆسۆفیاێکی پڕ رق و کێنه‌ی به‌رامبه‌ر ئافره‌تان لێکه‌وته‌وه.له‌سه‌رده‌می سێهه‌مدا که نیۆ- کۆنفوسیانیزم به‌ته‌واوی ریشه‌ی داکوتا و جێگیر بوو، فیلۆسۆف'' چێنگ هاو Cheng Hao '' گوتوویه‌تی( باشتره ئافره‌ت له‌برسانا بمرێت له‌وه‌ی داوێنی پیس بکات) '' ئیسته‌ر لی یاو ل 77 .
له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌و فیلۆسۆفه مۆڕاڵێکی دووفاقی به‌رامبه‌ر نێر و مێ، هه‌بووه.ئه‌و پێشنیازی ئه‌وه‌ی کردووه که پیاو مافی ژن ته‌ڵاقدانی هه‌بێت و بێوه پیاویش ژن بهێنێته‌وه چونکه باوک ودایکی پێویستییان به خزمه‌ته.به‌ڵام هه‌مان مافیشی به ئافرەتان ره‌وا نه‌بینیوه.
هه‌ڵمژینی کولتوری مه‌غۆله‌کان له‌سه‌رده‌می بنه‌ماڵه‌ی'' مینگ و چینگ'' دا، داوێن‌پاکی به‌سه‌ر ئافره‌تاندا سه‌پاند، چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه له بێوه‌ژنه‌کان کراوه به ته‌واوی له سێکسکردن به‌دووربن و رێگه‌شیان نه‌دراوه شوو بکه‌نه‌وه و هیچ که‌سیش له‌سه‌روو ئه‌و یاسایه‌وه نه‌بووه.ئه‌و ژنانه‌ی مێرده‌کانیان به تۆمه‌تی نا دڵسۆزی و سه‌رکێشییه‌وه وازیان لێ هێناون سووک و ریسوا کراون، له هیچ شوێنێکیش کاریان پێ نه‌دراوه، جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و ژنانه به ته‌واوی له‌سه‌ر داهاتی مێرده‌کانیان ژیاون و هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی داهاتی خۆیان نه‌بووه، خۆ کوشتنیان بۆ ماوه‌ته‌وه.به‌داخه‌وه ئه‌و کرداره'' خۆکوشتن'' هاندراوه و ورده ورده بووه‌ته نه‌ریتێکی په‌سه‌ندکراو و سیمبۆڵی داوێن‌پاکی.ئه‌و ژنانه‌ی له پێناو داوێنپاکیدا له‌شی خۆیان شێواندووه یان خۆیان کوشتووه بوونه‌ته جێگه‌ی شانازی خێزانه‌که و به‌رزبوونه‌وه‌ی نێوبانگی.له‌سه‌رده‌مانی پێشتردا، ته‌نها دوای گواستنه‌وه‌ی بووک، ماره‌بڕی و هاوسه‌رگیریی شێوه‌ی فه‌رمی وه‌رگرتووه، وه‌لێ له‌م سه‌رده‌مه‌دا دوای رازیبوون، نیشانه‌کردن کۆنتڕاکتێک بووه کاری پێ کراوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش کیژی ماره‌بڕاو چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌ی لێکراوه وه‌ک ژنێکی به مێرد هه‌موو پێویستییه‌کانی سه‌ر شانی به‌رامبه‌ر مێرد و خه‌زوورانی جێ به‌جێ بکات.ئه‌گه‌ر پێش گواستنه‌وه‌ی ده‌زگیرانه‌که‌ی مردبێتیش هەر پێویست بووه بگوێزێته‌وه ناو ماڵی خه‌زوورانی و وه‌کو بێوه‌ژنێک هه‌موو ژیانی به‌ریته‌سه‌ر.
چه‌ختکردن له‌سه‌ر پاکیزه‌یی شێوه‌یه‌کی دیکه‌ی داوێن‌پاکی بووه، وه‌ک ئه‌و بێوه‌ژنانه‌ی رێگه‌ی شووکردنه‌وه‌یان پێ نه‌دراوه، کیژی لاو – وه‌ک ئێستای لای خۆمان، به هیچ شێوه‌یه‌ک پێش شووکردن رێگه‌ی جووتبوونی نه‌بوه.زیادبوونی حه‌زی پیاوان بۆ کچی ده‌ستلێنه‌دراو'' ڤیرجین/ پاگیزە'' له‌و سه‌رده‌مه‌دا په‌ره‌ی سه‌ندووه، له‌و سه‌رده‌مه‌دا کارێکی ناڕه‌وا نه‌بووه ئه‌گه‌ر پیاوێکی پیر کیژێکی ده‌ستلێنه‌دراوی بۆ تێرکردنی حه‌زی جنسیی خۆی بکڕیایه.هه‌ر ئافره‌تێکیش له شه‌وی بووکێنیدا ئه‌گه‌ر لێی به هه‌ڵه‌داچووبن، یان به راست کچێنی له‌ده‌ست
دابێت، ئه‌وا به‌یانی زوو کراوه‌ته‌وه سه‌ر ماڵی باوانی و به ده‌گمه‌ن هه‌لی شووکردنێکی دیکه‌ی بۆ ره‌خساوه.
پێ تێگرتن Foot binding
له ته‌ک ساوا کوشتندا، پێچانه‌وه‌ی پێ/ پێ تێگرتن، کارێکی دیکه‌ی نامرۆڤانه بووه به‌رامبه‌ر ئافره‌تانی چین، یه‌که‌میان له‌ناوی بردوون، دووهه‌میان له‌ش وژیانی شێواندوون.هۆکار و سه‌ره‌تای تێگرتنی پێی ئافره‌تان ئاشکرا نییه، لێکدانه‌وه‌ی جیاوازیشی بۆ کراوه.به‌بڕوای بەشێک له مێژوو نووسانی چین، ئیمپڕاتۆر'' لی/ لای Li '' داهێنه‌ری ئه‌و مۆده دڵ ره‌قه‌یه، گوایه ئه‌و پێڵاوێکی تایبه‌تی داهێناوه بۆ دۆسته خۆشه‌ویسته‌که‌ی که بۆ سه‌ماکردن له پێی بکات.دوای داهێنانه‌که‌ی ئیمپڕاتۆر، ئافره‌تانی چینه هه‌ڵکشاو و خانه‌دانه‌کان جاولێکه‌رییان کردووه، پێڵاوی تایبه‌تییان له‌پێ کردوون بۆ ئه‌وه‌ی پییان له‌قاڵب بدات.ئه‌وه‌ی ئاشکرایه ئه‌و کرداره تایبه‌ت بووه به ئیلیتی ده‌سه‌ڵات و خانه‌دانه‌کان.جۆری ژیان و داخوازی په‌یداکردنی بژێویی رێگه‌ی نه‌داوه به ره‌شوڕووت و کاسبکار چاولێکه‌ری ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان بکه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه پێ تێگرتن بووه‌ته نیشانه‌ی ئاستی سۆشالی.له‌گه‌ڵ ئه‌وشدا که پێ تێگرتن ئێشوئازارێکی بێ پایانی هه‌بووه و زۆر جار منداڵه‌کان پییان هه‌وی کردووه و مردوون، که‌چی هیچ دڵ نه‌رمییه‌ک به‌رامبه‌ریان نه‌نوێندراوه، ئه‌گه‌ر منداڵێک له تاو ئازار پای کردبێته‌وه سزایه‌کی فیزیکی وه‌هایان داوه نه‌وێرێ دووباره‌ی بکاته‌وه.
له سه‌ره‌تاوه، پیچانه‌وه‌ی پێ بۆ خۆشلێهاتنی پیاوان بووه که جێژیان له خۆبادان و ناسکڕه‌ویی ئافره‌تان وه‌گرتووه.دواتر پیاوان بۆیان ده‌رکه‌وتووه که تێگرتنی پێ، جوولانه‌وه سنووردار ده‌کات و به‌و کاره‌ش ده‌توانن ئافره‌ته‌کانیان له‌ناو ماڵدا قه‌تیس بکه‌ن و هه‌ڵسوکه‌وته نادڵسۆزه‌کانیان بوه‌ستێنن.پێ تێگرتن بووه‌ته هۆی تێکشانی ئێسک و گرمۆڵه‌بوونی، هێدێک جار پێچانه‌وه‌ی پێ بووه‌ته هۆی ناتواناییه‌کی ئه‌وتۆی که‌سه‌که، که نه‌توانی خۆی به پێوه راگرێ و دیواره‌ودیوار هاتۆچۆ بکات.جگه له ئارایشت و رازاندنه‌وه‌ی سه‌روجاو، بچووکی پێ وه‌ک جوانییه‌کیش سه‌یر کراوه و ده‌ڵاله‌کانی ماره‌بڕین به رێککه‌وتن به‌رز نرخاندوویانه، جا ئه‌گه‌ر کیژێک به‌ختی نه‌یگرتبێت، ئه‌وا هه‌موو ژیانی به کڵۆڵی بردۆته سه‌ر – به‌ڕاستی ئه‌وه‌یه که پێی ده‌ڵێن کڵۆڵی.
کچه‌کانی جه‌نگیزخان
زۆر جاران مێژوو ته‌نها رووه ناشیرین و کرداره ناڕه‌واکانی که‌سه‌کانمان پیشانده‌دات، جه‌نگیزخان به نموونه.زۆرینه‌مان ئاشناین به داگیرکاریی و تاڵان و کوشتوبڕه‌کانی جه‌نگیزخان، ئه‌وه راسته، وه‌لێ ئه‌وه رووه ناشێرینه‌که‌یه‌تی، جه‌نگیزخان روویه‌کی دیکه‌شی هه‌بوو، ئه‌و که‌سێکی سیاسی و دادپه‌روه‌ر و میهره‌بان بوو به‌رامبه‌ر مێینه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ی.جه‌نگیزخان له تیره‌یه‌کی بچوکی مه‌گۆله‌کان بوو، ته‌مه‌نی نۆ ساڵان که‌متر بووه که تیره‌یه‌کی ته‌ته‌ر په‌لاماریان ده‌ده‌ن و باوکی ده‌کووژن.خزمه نزیکه‌کانیان له جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ده‌نگیانه‌وه بێن، خراپتریان به‌رامبه‌ر کردوون.دوای ئه‌وه‌ی ته‌ته‌ره‌کان باوکی ده‌کووژن، مامیشی ده‌ست به‌سه‌ر ئاژه‌ڵ و که‌لوپه‌له‌کانیاندا ده‌گرێت و هه‌موو خێزانه‌که ئاواره‌ی ده‌شتوکێو ده‌کات.به هه‌رشێوه و کوله‌مه‌رگییه‌ک بووه داکی له‌گاڵ خۆشک و براکانیدا گه‌وره‌ی ده‌کات.له ته‌مه‌نی شازده‌ساڵیدا کچێکی خزمی دایکی به‌ناوی بۆرتێ Borte ده‌کاته هاوسه‌ری، له‌کاتێکدا به‌هیوای ئه‌وه بووه ژیان له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌یدا به‌رێته‌سه‌ر، تیره‌یه‌کی دیکه په‌لاماریان ده‌ده‌ن و ژنه‌که‌ی دەرفێنن و ده‌یده‌نه پیاوێکی دیکه.بۆ رزگارکردنی هاوسه‌رکه‌ی جه‌نگیزخان که ئه‌وکاته ناوی'' تیمۆجین'' بووه هه‌موو رێگه‌یه‌ک ده‌گرێته‌به‌ر، ژماره‌یه‌کی زۆر له‌و تیره‌یه ده‌کووژێ که رفاندوویانه و ژنه‌که‌ی رزگار ده‌کات....Mongol Queens ل 12.
ره‌نگه ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته ناڕه‌وایه‌ی مامی له‌گه‌ڵ دایکیدا و رفاندنی هاوسه‌ره‌که‌ی، کاریگه‌ر بووبێت له تێڕوانینی بۆ ئافره‌تان.
دوای کۆششێکی زۆر جه‌نگیزخان، به‌لێهاتوویی خۆی له هاوینی ساڵی 1206 ی سه‌رده‌م، ده‌بێته خانی گه‌وره‌ی هه‌موو خێڵه‌کانی مه‌گۆل و دواتر، ئیمپڕاتۆریایه‌کی پێکهێنا که 150 ساڵ گه‌وره‌ترین و زاڵترین ئیمپڕاتۆریای سه‌رزه‌مین بوو.وه‌لێ به‌بێ کیژه‌کانی جه‌نگیزخان، ئیمپڕاتۆریای مه‌گۆل، نه‌ده‌هاته کایه‌وه.جه‌نگیزخان له‌سه‌ره‌تاوه له‌وه گه‌یشتبوو که ئه‌و ئیمپڕاتۆریایه‌ی ئه‌و ده‌یه‌وی درووستی بکات، به ته‌نها که‌سێک دابین ناکرێت، له‌وه گه‌یشتبوو که ته‌مه‌ن درێژی ئیمپڕاتۆریا‌که و پاراستنی به‌رژه‌وه‌نده سه‌ره‌کییه‌کانی داخوازیی ده‌سه‌ڵاتی نێوه‌ندیی ناوچه‌یی ده‌کات.ئه‌و دڵ نیا بوو له‌وه‌ی که له رێگه‌ی کوڕه‌کانییه‌وه ئه‌و کاره ناچێته سه‌ر، بۆیه رووی کرده ژن و کچه‌کانی، ئه‌و کیژانه‌ی که رۆژانه به درێژایی رێگای ئاورشم'' سیلک رۆود'' له باشووری چینه‌وه هه‌تا ناوه‌ڕاستی ئاسیا، ئیمپڕاتۆریاکه‌یان پته‌وتر ده‌کرد.جه‌نگیزخان، چه‌ند جه‌نگاوه‌ر و داگیرکا‌ر بووه، ئه‌وه‌نده‌ش ملکه‌چی یاسا خێڵه‌کییه‌که‌ی وڵاته‌که‌ی بووه، له‌کاتێکدا که بۆ پته‌وکردن و یه‌کخستنی مه‌گۆله‌کان، ژن و ژنخوازیی له‌گه‌ڵ سه‌رۆک خێله‌کاندا کردووه، له هه‌مان کاتیش‌دا ئاماده بووه له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌که‌یدا، ده‌ست له هاوسه‌رێکی خۆشه‌ویستی بهێنێت، ئه‌وه یاسای وڵاته‌که بووه.به‌و بۆنه‌یه‌وه لێدوانێکی مێژوویی داوه و به، ئیباکا Ibaka ی هاوسه‌ری گوتووه( تۆ چوویته ناو دڵ و هه‌ر چوار په‌لیشمه‌وه، وه‌لێ ناچارم ئه‌م کاره‌ش بکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنم که خانی گه‌وره‌ش ملکه‌چی یاسایه و له‌پێناوی وڵات دا حه‌زه‌کانی خۆی وه‌لاوه ده‌نێ.) جه‌نگیزخان، دوای وێکخستنی تیره‌کانی مه‌گۆل رووی کردۆته به‌رفراوانکردنی وڵاته‌که.له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ولاته‌که بۆ کوڕ و جه‌نه‌ڕاڵه‌کای به‌جێهێڵیت، هاتووه بۆ ژنه‌کانی خۆی به‌جێ هێشتووه، هه‌ر یه‌ک له هاوسه‌ره‌کانی کردۆته شاژنی ناوجه‌یه‌ک و هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی له ناوچه‌که‌دا داوه‌ته ده‌ست.دواتریش که ئیمپڕاتۆریا‌که‌ی فراوانتر کردوه، له رێگه‌ی ماره‌کردنی خۆشک و کچه‌کانییه‌وه پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ میر و پاشاکاندا پته‌و کردووه، وه‌لێ ئه‌و کاتێک کچێکی داوه به‌شوو، وه‌ک شاژنێک ناردوویه‌تی حوکمڕانی بکات، بۆیه زاواکه‌ی ره‌وانه‌ی ریزه‌کانی پێشه‌وه‌ی له‌شکرکێشی کردووه و زۆر جاریش کووژراون .....شاژنانی مه‌گۆل ل ل 28، 27
مه‌گۆله‌کان، پێگه‌ی باوکایێتییان به‌وه داناوه که به'' تۆ‌و'' ێک به‌شداریی له‌بوونی منداڵدا ده‌کات که ئێسکی منداڵه‌که‌ی لێ درووست ده‌بێت، وه‌لێ دایک، خوێن و گۆشت ده‌دات، ئه‌و داشکاندنه به‌لای پیاودا، ناونراوه'' یاس yas '' به‌واتای ئێسقانی باوک.به‌ڵام له خزمایه‌تیدا، داشکاندنێکی گه‌وره‌تریان به‌لای دایکه‌وه هه‌بووه که به '' ئوروگ urug '' به‌واتای منداڵدان'' ره‌حم'' ناسویانه.جه‌نگیزخان، ناوی خێزانه‌که‌ی خۆی ناوه'' ئاڵتوون ئوروگ'' به‌واتای منداڵدانی زێڕین.کاتێک یه‌که‌م ژنی جه‌نگیزخان، دوای رفاندنی منداڵی ده‌بێت، جه‌نگیزخان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کات که، جگه له دایک، کاری که‌س نییه لووتی له‌وه وه‌ردات چۆن زگی پڕ بووه.( ئه‌وه کارێکه رووده‌دات که، پیاوان له‌جه‌نگدان؛ له‌کاتێکدا که‌ده‌کوژرێن، له‌کاتێکدا ئه‌ستێره‌کان جریوه‌یانه، له‌کاتێکدا که وڵات له‌ئاژاوه‌دایه، خه‌ڵک له‌ناو جێگه‌دا بێ ئارامن و مه‌لیش له هێلانه‌که‌یدا.) شاژنانی مه‌گۆل ل ل 38، 37 له راستیدا به‌لای مه‌گۆله‌کانه‌وه ئه‌وه کرنگ بووه چۆن منداڵه‌که په‌روه‌رده ده‌کرێت.
به یاساخکردنی فرۆشتن و ئالوگۆڕپێکردنی ئافره‌تان، جه‌نگیزخان دەربارەی مارەبڕین، یه‌که‌م هه‌نگاوی دوورکه‌وتنه‌وه‌ی نه‌ریتی خێڵایه‌تیی ناوه.دواتر ورده ورده گۆڕانکاریی دیکه بوونه‌ته هۆی گۆڕانی ئاستی سۆشیالی کچه‌کانی و هه‌موو ئافره‌تانی مه‌گۆل.یاساکانی جه‌نگیزخان ده‌رباره‌ی ئافره‌تان، سه‌رچاوه‌یه‌کی ئایدیۆلۆجی یان بڕوایه‌کی ئاینی نه‌بووه، به‌ڵکوو ئه‌زموونی خۆی بووه له به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی هاوسان.– بێ گومان هه‌ر بۆ مه‌گۆله‌کان.
ساڵێک دوای ئه‌وه‌ی جه‌نگیز ده‌بێته خانی گه‌وره'' خانی خانان'' کچێکی به‌ناوی'' چێچێایجین Checheyigen '' ده‌دات به میرێکی ناوچه‌ی'' ئۆیڕات Oirat '' له سایبێریا.له ره‌وانه‌کردنیدا به کچه‌که‌ی ده‌ڵێ( له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تۆ کچی خانی، تۆ نێردراوی حوکمڕانی خه‌ڵکی ئۆیڕات بکه‌یت.) شاژنانی مەنگۆل ل 47 .
له‌کاتێکدا جه‌نگیزخان، سزای نه‌یاره‌کانی داوه، پاداشتی ئه‌وانه‌شی داوه‌ته‌وه که له نزیکه‌وه یاریده‌یان داوه وه‌لێ زوو دوای مردنی جه‌نگیز خان، کیژه‌کانی یه‌که‌م جار که‌وتنه به‌ر هێرشی براژنه‌کانیانه‌وه.ئه‌مه له‌خۆیدا شه‌ڕی نێوان ئافره‌تان بووه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات.وه‌لێ زۆری پێ نه‌چوو ئه‌و شه‌ڕه بووه‌ته، شه‌ڕ دژی ده‌سه‌ڵاتی ئافره‌ت.دوای مردنی جه‌نگیزخان '' ئۆگۆدێی Ogodei '' ی کوڕی وه‌ک خانی گه‌وره‌ی مه‌گۆل، جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه.به‌پێی تۆمارکراوی مێژووی مێژووی مه‌گۆل، ئۆگۆدێی، گه‌وره‌ترین تاوانی له مێژووی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی خۆی و مه‌گۆلیشدا، ئه‌نجام داوه، تاوانێک که نزیکی بڕوا پێ نه‌بوونه، تاوانێک نه‌ک دژی بێگانه و دوژمن، به‌ڵکو به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی.به بیانووی ئه‌وه‌ی ناوچه‌ی ئۆیڕات که چیچێاجینی خوشکی حوکمڕانی ده‌کرد، کیژیان نه‌ناردووه بۆ '' حه‌رێم'' ه که‌ی، ده‌چێته سه‌ریان.به فه‌رمانی ئه‌و سه‌ربازه‌کانی، چوار هه‌زار کچی حه‌وت ساڵ و به‌ره‌وژوور، له خێزانی خانه‌دانه‌کانی ئۆیڕات له گۆڕه‌پانێکدا کۆده‌که‌نه‌وه و به به‌ر چاوی داک و بابیانه‌وه سه‌ربازه‌کان پێیان وه‌رده‌بن و ده‌ستدرێژی سێکسیان لێ ده‌کان، منداڵێک که هێشتان به ئێشی زه‌وتکردنێکه‌وه هاواری بووە و هێشتان ژیر نه‌بۆته‌وه یەکێکی دیکه سواری بووه.له ئه‌نجامدا هێندێکیان مردوون و ئه‌وانه‌ی نه‌مردوون، ره‌وانه‌ی پۆسته تایبه‌تییه‌کانی سه‌ر رێگه‌ی ئاوریشم کراون بۆ ئه‌وه‌ی بازرگانه‌کان ئه‌گه‌ر ویستیان ئاره‌زووی سێکسیی خۆیانیان پێ دامرکێننه‌وه.....شاژنانی مه‌گۆل ل 89
وادیاره مه‌گۆله‌کان له‌سه‌رده‌مێکدا له هێزی تێڕۆڕی سێکس تێگه‌یشتبن، نووسه‌ره ئیسلامه‌کان، باسی رووداوێکی دیکه‌یان له‌و باره‌یه‌وه کردووه که له‌سه‌رده‌می هێرشێکدا بۆ سه‌ر وڵاتی چین، سه‌ربازه جاینییه‌کان جڕتیان بۆ مه‌گۆله‌کان لێ داوه، دوای شکاندنیان – شکاندنی جاینییه‌کان، مه‌گۆله‌کان، هه‌موو سه‌ربازه چاینییه‌کانیان گاوه.
ئه‌گه‌ر نه ناردنی کیژان بۆ حه‌رێمی ئۆگۆدێی پاساوێکیش بووبێت بۆ ده‌ستدرێژیکردنه سه‌ر ئه‌و کیژه بێ تاوانانه، ئه‌وا بێ گومان، ده‌ستدێژییه‌کی گه‌وره‌تر بووه بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کچه‌کانی جه‌نگیزخان، ئه‌وه ده‌ستدرێژی پیاوێکی داوێن پیس و چڵێسی سێکس نه‌بووه.ده‌ستدرێژییه‌که له چڵێسی و ویستی ده‌سه‌ڵاته‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.زه‌وتکردنی گچه ئۆیڕاتییه‌کان، جووڵانه‌وه‌یه‌ک بووه له‌گه‌ڵ کامپێنی دیپلۆماسی و تێڕۆڕدا، که ئۆگۆدێی له رێگه‌یه‌وه ویستوویه‌تی ده‌سه‌ڵات له ده‌ست خوشکه‌کانی'' ئافره‌تان'' ده‌ربهێنێ و ده‌سه‌ڵاتی خۆی بسه‌پێنێ.شایانی باسه ئه‌وه بدرکێنین که، ئه‌گه‌ر له‌سه‌رده‌می جه‌نگیزخان و پیشتریشدا مه‌گۆله‌کان رێزێکیان بۆ ئافره‌تانی خۆیان هه‌بووبێت، ئه‌وا له هیچ کاتێکدا رێزیان بۆ ئافره‌تی بیانی نه‌بووه.
ده‌وڵه‌تی ئاینی و جێنده‌ر
دێرترین کۆمه‌ڵگه‌ی تێکه‌ڵ و ئاڵۆز له هیندستان سه‌ریهه‌ڵداوه، به‌ڵگه‌نامه‌کانی که سه‌رده‌میان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سێ هه‌زار ساڵ پێش سه‌رده‌می ئێستا/ نوێ.ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن که له شی‌و و دۆڵەکانی هیندووس Indus Valley جۆره کشتووکاڵێکی نێرزاڵ – به‌واتای ئه‌وه‌ی پیشه‌ی پیاو بووه، له ئارادا بووه.ئه‌و زانیاریانه له کۆمه‌ڵه هه‌ڵبه‌ستێکه‌وه ده‌رکه‌وتوون که ده‌ماوده‌م داکه‌وتوون و دواتر نووسراون.به‌تایبه‌تیش هه‌ڵبه‌ستی شووکردن و ژنهێنان، له‌و هه‌ڵبه‌ستانه‌دا ئومێده‌واری ئه‌وه‌ن بووکێ که به‌ساڵداچوو، بتوانێ له‌ناو کۆڕوکۆمه‌ڵدا بدوێ و ده‌نگی هه‌بێت.ئه‌و ئومێده‌وارییه، ئاماژه‌یه بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالار.له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له کۆمه‌ڵگه‌ی پاتریلینیدا، ئافره‌ت ده‌نگی ناڕوات هه‌تا نه‌که‌وێته ته‌مه‌نه‌وه.
ئه‌و به‌شه‌ی مێژووی هیندستان که زیاتر روونه، له گه‌ڵ داگیرکاریی خێڵه ئارییه‌کاندا ده‌ست پێده‌کات، به واتای له نزیکه‌ی 1700 ساڵان پێش سه‌رده‌می ئێستا/ نوێ، خێڵه ئارییه‌کان پاتریلینی پاتریلۆکالی بوون و خودای نێرینه‌یان په‌رستووه، به‌ڵام هێشتان کۆمه‌ڵگه‌کانیان به ته‌واوی پیاوسالار نه‌بوون.هێندێک جار، '' ڤیسپاتنی vispatni'' یه‌ک سه‌رۆک خێڵ بووه( ڤیسپاتنی تێرمێکه بۆ سه‌رۆک خێڵێک به‌کار هێندراوه که مێیینه بووبێت.نووسەر.) ئارییه‌کان به‌ره‌و رۆژهه‌ڵات و باشووری هیندستان ره‌ویان کردووه وه‌لێ نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌وپه‌ڕی باشووری هیندستان، بۆیه هه‌تا ئێستاش به‌زمانی جیاواز ده‌دوێن.هه‌ردووک گرووپه‌که- ئارییه‌کان و دانیشتووه ره‌سه‌نه‌کان، پشتگیریی پیاوه ئاینییه‌کانیان کردووه که'' ڤێداکان'' یان هه‌ڵبه‌ستووه، ڤێداکان بوونه‌ته کولتوورێکی تایبه‌ت که هه‌ر به کولتووری'' ڤێدیک'' ناسراوه.ڤێداکان له‌چوار په‌رتووکدا کۆکراونه‌وه، کۆنترینیان، ریگ ڤێدایه- Rig Veda که 1000 – 800 ساڵ پێش سه‌رده‌می ئێستا به زمانی سانسکریتی هه‌ڵبه‌ستراوه.ده‌توانین بڵێین سه‌رچاوه‌ی هه‌موو زانیارییه‌کان ده‌رباره‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی ڤێدیک، چیرۆک و هه‌ڵبه‌ستراوه‌کانی ریگ ڤێدایه.ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین که هۆزانه‌کانی ریگ ڤێدا له لایه‌ن پیاوی ئاینییه‌وه هه‌ڵبه‌ستراون – په‌رتووکێکه ده‌رباره‌ی ئه‌و شتانه‌ی به‌لای پیاوه‌وه له‌دنیادا گرنگ بووه، گرنگیدانی سه‌ره‌کییان به مێیینه، ده‌رباره‌ی چۆنیێتی کۆنتڕۆڵکردن و ئاست نزمکردنه‌وه‌یان بووه.
کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رده‌می زووی ڤیدیک'' 1200 – 900'' ی پێش سه‌رده‌م، کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی کشتوکاڵکاره بووه، ئاژه‌ڵ، به‌تایبه‌تی گا و مانگایان خۆشویستووه، بازرگانییان به‌گۆڕینه‌وه‌ی ئاژه‌له‌وه کردووه، سه‌رچاوه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ژیانیان بووه.وشه‌ی دوهیتر duhitr ( daughter ( که واتای کچ ده‌گه‌یه‌نێ، له وشه‌ی '' دۆشین duh '' ه‌وه وه‌رگیراوه.له‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا خێڵ خاوه‌نی گاڕان بووه نه‌ک تاکه که‌س.پیاو بۆ نه‌زر ئاژه‌ڵی سه‌ربڕیوه، ئافره‌ت بۆی هه‌بووه له کۆبوونه‌وه‌کاندا ئاماده‌بێت وه‌لی به‌شدایی گوت‌وبێژی نه‌کردووه.گۆڕه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه، چینایه‌تی پێوه دیار نییه.له‌و سه‌رده‌مه‌دا تیره‌کان بۆ تاڵان هێرشیان بردۆته سه‌ر یه‌کدی و ده‌ستکه‌وته‌کانیان له‌نێو ئه‌ندامانی تیره‌که‌دا دابه‌ش کردووه، له‌و تاڵانانه‌دا سه‌رکرده‌کانیان'' راجا'' کان به‌شێکی گه‌وره‌تریان له خه‌ڵکی دیکه بۆ خۆیان بردووه.لێره‌دا رێی تێده‌چێ تالانکاره‌کان پیاوی تاڵانکراوه‌کانیان کوشتبێت و ئافره‌ته‌کانیشیان به کۆیله بردبن.له تۆمارکراوێکدا هاتووه که رابه‌رێکی ئاینی له به‌های به‌جێهێنانی نه‌زرێکدا، 50 ئافره‌تی کۆیله‌ی وه‌رگرتووه.....میرلین فڕێنچ به‌رگی یه‌که‌م ل 133.
دیاره هه‌موو جۆره کارێکیان به‌و ژنه کۆیلانه کردووه هه‌ر له کاری سێکسییه‌وه هەتا ئاژه‌ڵ دۆشین و پاککردنه‌وه‌ی گه‌وڕ و...هتد.
ئاینی ڤێدایی کڵێسه و کۆته‌ڵکاری نه‌بووه، گرنگترین نه‌ریتی ئاینییان بریتی بووه له نه‌زرکردنی ئاژه‌ڵ، دانه‌وێڵه و سۆمه soma که، گه‌وره‌ترین دیاری بووه بدرێت به ئاینکار.5 له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که به‌شه هه‌ره کۆنه‌کانی ریگڤێدا رێگه نادات ئافره‌ت نه‌زر بکات، وه‌لێ هه‌ڵبه‌ستیشیی تێدایه باسی ئه‌وه ده‌که‌ن که ئافره‌ت نه‌زر ده‌کات.
خودا سه‌ره‌کییه‌کانی ڤێدا نێرینه‌ن، ئیندڕا- خودای باوبۆران، ئاگنی - خودای ئاگر، وه‌لێ له مێیه خودا‌ش پاراونه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی تاڵانی زۆریان ده‌ستکه‌وێت.به بڕوای مێژوو نووسی به‌ناوبانگی هیندستان'' کومکوم رۆی Kumkum Roy '' ئه‌وه درێژه‌ی ململانێی نێوان پاتریلینی و ماتریلینی بووه و پاتریلینی هه‌تا ئه‌و سه‌رده‌ماش خۆی بۆ نه‌سه‌پێندراوه.له کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالاردا یاسای ماره‌بڕین به‌رپرسیاری پیاو ده‌سه‌پێنێ هه‌ر وه‌ک له کۆمه‌ڵگه‌ی چیندا بینیمان، وه‌لێ ڤێداکان باسی زۆر شێوه‌ی ماره‌بڕین ده‌که‌ن؛ فره‌مێردی، هاوسه‌رگیری خوشک و برا، دایک و کوڕ.له‌به‌ر ئه‌وه ده‌توانین بڵێین، ره‌نگه لەو کۆمەڵگەیەدا هیچ هاوسه‌رگیرییەک نه‌شیاو یان ناپه‌سه‌ند نه‌بووبێت، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌تا سه‌رده‌می ئه‌فسانه‌ی'' یاما – یامی Yama- Yami '' له لیتێراتووری هیندستانیدا ئه‌و جۆره هاوسه‌ریانه به ناڕه‌وا نه‌بیندراون.( یامی خوشکه جمکه‌که‌ی یامایه.یاما هه‌وڵی جووتبوون له‌گه‌ڵ یامیدا ده‌دات و یامیش له لووتی ده‌دات و په‌نا بۆ خواوه‌ند تزاستار ده‌بات و ئه‌ویش به هانایه‌وه دێت، یاماش هانا بۆ میتڕا و ڤاڕوونا ده‌بات، که دوو خودای پاتریارکین و کێشه‌که ده‌باته‌وه.) خودا گه‌وره‌کانی ریگ ڤێدا، ئاگنی و ئیندڕان، هاوسه‌رگیری هه‌ردووکیشیان شێوه‌ی پاتریارکییه.ئیندڕا چه‌ند ژنێکی هه‌یه و ئاگنیش جگه له ژنه‌کانی جه‌ندین دۆستی لاو و شۆخۆشه‌نگی هه‌یه و ده‌ستی له کاره‌که‌ره‌کانیشی ناپارێزێت.هه‌تا سه‌رده‌می یاما یامی، نووسراوه‌کان هاوتایی ژن و مێردمان بۆ وێنا ده‌که‌ن'' له نزیک مێرده‌که‌یه‌وه ژن ده‌وه‌ستێ و له رامووسان و تێکئاڵاندا، چێژ وه‌رده‌گرن'' بەشێک هه‌ڵبه‌ستیش دان به سێکسوالێتی ئافره‌تدا ده‌نێن و ئاره‌زووه‌کانی روونده‌که‌نه‌وه.به‌لام له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا له هێندێک پاڕانه‌وه‌دا ئاماژه‌ی پیاوسالاریش هه‌یه و تیایدا هه‌میشه بۆ له‌دایکبوونی کوڕ ده‌پاڕێنه‌وه، هه‌ر پیاویش ده‌پاڕێته‌وه نه‌ک ژن....مێرلین فڕێنچ به‌رگی یه‌که‌م ل 135 .
جۆرێک پێدا هه‌ڵدان به‌سه‌ر مێیه خوداکاندا هه‌تا سه‌رده‌می یاما یامی له ئارادا بووه، وه‌ک مێیه خودا، سه‌راسڤاتی Sarasvati، که توانا و ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌وره‌ی هه‌بووه.هه‌روه‌ها مێینه خودا، ئه‌دیتی Aditi '' ئه‌دیتی؛ ئاسمانه، هه‌وایه، دایکه، باوکه، رۆژه، هه‌موو خواکانه، هه‌موو مرۆڤه، ئه‌وه‌ی هه‌بووه و له‌مه‌ولاش ده‌بێت، ده‌توانێ تاوان بسڕێته‌وه و هه‌موو ئه‌وه‌ی که هه‌یه ئه‌و پێکه‌وه‌ی راگرتووه''.وه‌لێ خواوه‌ندی گه‌وره'' ئیندڕا'' چاره‌ی ئافره‌تی ناوێت و ده‌ڵێ'' ئاوه‌زی ئافره‌ت گوێڕایه‌ڵی تێدا نییه.مێشکی سه‌نکی که‌مه.'' ئیندڕا ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پاندنی نییه و هه‌میشه له‌گه‌ڵ مێیینه‌دا له ململانێدایه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه ره‌تیکاته‌وه له زێی دایکییه‌وه بێته ده‌ره‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه له ته‌نیشتێکی دایکییه‌وه ده‌رده‌په‌ڕێ و ئه‌رز و ئاسمان پڕ ده‌کات.ئیندڕا شه‌ڕی مێیه خودای به‌توانا'' داوان'' ده‌کات و راوی ده‌نێ.هه‌روه‌ها هه‌ردووک مێ خودا، ئاسمان و زه‌مین له‌ترسی وی راده‌که‌ن.هه‌وڵدانی ریگ ڤێدا بۆ سڕینه‌وه‌ی مافی ئافره‌تان خۆی له‌خۆیدا ئاماژه‌یه‌که بۆ سه‌نگ و گرنگی ئافره‌تان له‌و سه‌رده‌مه‌دا.به‌شه کۆنه‌کانی ریگ ڤێدا هیچ فه‌رمانێکی دژی خاوه‌نداریێتی سامان و شوکرددنه‌وه‌ی ئافره‌تانی تێدا نییه.له‌به‌ر ئه‌وه زۆربه‌ی سکۆلاره‌کان له‌و بڕوایه‌دان که له‌سه‌رده‌مه کۆنه‌کانی هیندستاندا، ئافره‌ت توانیویه‌تی کار بکات و خاوه‌نی زه‌وی وزار بێت، کچانیش له ماڵه‌وه زانیاری‌یان پێ درابێت.
پاشماوه ئاڕکیۆلۆجییه‌کانی سه‌رده‌مێکی دواتری ڤێدا'' 900 – 600'' ی پێش سه‌رده‌می ئێستا کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی قه‌ڵه‌باڵغتر پیشانده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش دیارده‌ی سه‌رهه‌ڵدانی کشتوکاڵ و ده‌ستپێکردنی شارستانیێتێکی پێشکه‌وتووتره.له هێندێک ناوچه‌دا پاشا'' راجا'' کان که‌سایێتییه‌کی دیار و جیگیرن.پاتریلینی و پاتریلۆکاڵی زۆر به‌ربڵاوترن، پله و پایه زۆر گرنکترن له جاران و ده‌زگا سیاسییه‌کان سه‌ریان هه‌ڵداوه.چینه‌کانی کۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌نگی پێست جیاکراونه‌وه، ئارییه‌کان سپی پێسته‌کان بوون، ئه‌وانی دیکه‌ش تاریک پێسته‌کان بوون، بەشێکیش زۆر پێست تاریک بوون، ئه‌وانه‌ی پێستیان سپی‌تر بووه، پله‌یه‌کی به‌رزتریان هه‌بووه.له‌سه‌ر بنه‌مای تاریکی و سپیێتی پێست کۆمه‌ڵگه دابه‌شکراوه به چوار چین.به‌رزترین چین'' بڕاهمین'' ه کان بوون، ئه‌وانه چینی مامۆستایانی ئاینی بوون، له‌ژێر ئه‌وانه‌وه چینی '' خشاتریا'' بووه که چینی شه‌ڕکه‌رانه و له زۆر کاتیش‌دا ده‌سه‌ڵاتداره‌کان بوون، به‌دوای ئەوانیشدا جینی ڤایسیاس/ وایسیاس هاتووه، ئه‌مانه بازرگان و پیشەسازەکان بوون، له‌دوا هاموانه‌وه چینی '' سوودڕا'' هاتووه که بریتی بوون له کاسبکار و هونه‌رمه‌ند و وه‌رزێڕه‌کان.به‌پێی کات سیستێمه‌که هاتا بڵێت ئاڵۆزتر بووه و ئه‌وڕۆ له هیندستان، هه‌زاران چینی جیاواز هه‌یه.بێ گومان ئه‌و ئیشانه‌ی به چاوێکی سووک سه‌یر کراون به کۆیله‌کان سپێردراو، وه‌ک مامانی، ته‌ویله پاککردنه‌وه و ناشتنی مردوو.
لیتێراتووره پێرۆزه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه '' پانکه‌ڤیمسا، ئایته‌ریا، ستاپاته بڕاهماناس'' ورده ورده ئافره‌تان له مافی نه‌زرکردن دوور ده‌خه‌نه‌وه، پانکه‌ڤیمسا باسی نه‌زری دوو ئافره‌ت ده‌کات که هه‌زار سه‌ر گاوگۆلیان به دوو پیاوی گرنگ داوه که له گه‌ڵیان جووتبن وه‌لێ پیاوه‌کان نه‌یان ویستووه دیارییه‌کهانیان وه‌رگرن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌زر و دیاریی ئافره‌ت نزم سه‌یرکراوه.له‌و سه‌رده‌مانه‌دا ورده ورده خودای نێر جێگه‌ی مێیینه خوداکانیان گرتۆته‌وه، هه‌تا زیاتر خودای نێر جێگه‌ی مێیینه‌خوداکانیان گرتبێته‌وه، ترس و دژایه‌تی ژنان لای پیاوان زیادیکردووه، رێچکه‌ی ئه‌وه‌ش له نه‌ریتی نه‌زری گه‌وره بۆ جێگیرکردنی سیستێمێکی هێڕاڕکی ده‌رده‌که‌وێت که به‌تایبه‌تی بۆ ره‌تکدنه‌وه‌ی مێیه خودا'' ڤیریا'' خودای پاڵه‌وانی، داڕێژراوه - ئامۆژگارییه‌کان به پیاوان ده‌ڵێت که ژنه‌کانیان له‌گه‌ڵ خۆیان نه‌به‌ن، به تایبه‌تی ئه‌و نه‌زرانه‌ی خواردنه‌وه‌ی تێدا پێشکه‌ش ده‌کرێت، چونکه به‌شینه‌وه‌ی خواردنه‌وه مانای به‌شینه‌وه‌ی هێزه.لیتێراتووری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی هیندستان پێشنیازی ململانێیه‌کی درێژخایه‌نی نێوان نێر و مێ ده‌که‌ن که تێیدا پیاوان هه‌وڵیان داوه ئاستی مێیینه دابه‌زێنن و ئافره‌تانیش به‌رگرییان کردووه.پیاوه ئاینییه‌کان مه‌ترسی پیاوانیان له هه‌ڵکه‌وته‌ی له‌شولار و زاینده‌یی ئافره‌تان به‌کار هێناوه بۆ نه‌هێشتنی ده‌سه‌ڵاتی مێیینه، فه‌رمانیان به پیاوان داوه پێش هاتنی هێندێک بۆنه‌ی ئاینی خۆیان له ئافره‌ت دوورخه‌نه‌وه؛ بڕێک بۆنه‌شیان بۆ ریسواکردنی ئه‌و ژنانه داهێناوه که جگه له مێرده‌کانیان له‌گه‌ڵ پیاوی دیکه‌شدا جووت بوون، به‌ڵام ئه‌و ریسواکردنه پیاوانی نه‌گرتۆته‌وه که هه‌مان کرده‌یان کردووه.سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش بۆ شکاندنی ئافره‌ت و زاڵکردنی پیاو، ئاینکاره‌کان، نه‌ریتی '' ئاشڤه‌میدا ashvamedha '' یان داهێناوه.ئاشڤه‌میدا واتای '' نه‌زرکردنی ئه‌سپ '' ده‌گه‌یه‌نێ، ساڵانه که‌سێکی پله به‌رزی ئاینی ئه‌سپێکی به وڵاتی راجا/ پاشادا گێڕاوه و له کۆتایی ساڵه‌که‌دا ئه‌سپه‌که کراوه‌ته نه‌زر.له‌و نه‌زره‌دا مه‌رج بووه دوای سه‌ربڕینی ئه‌سپه‌که، ژنه گه‌وره‌ی راجا، له‌به‌ر چاوی ئاماده‌بووان له‌گه‌ڵ ئه‌سپه سه‌ربڕاوه‌که‌دا جووت ببێت و ژنه‌کانی دیکه‌ی راجاش خه‌ریکی گۆڕینه‌وه‌ی قسه‌ی پیس و ناشرین بوون له‌گه‌ڵ پیاوه ئاینییه‌کاندا.به‌پێی نه‌ریته‌که‌یان، جووتبوونی پله به‌رزترین ئافره‌تی وڵات له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵێکدا به سه‌رپه‌رشتیی ئاینکارێکی نێر/ پیاو، ئاماژه‌یه‌کی گه‌وره‌یه بۆ هێز و کاریگه‌ریی سێکس.هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌شدا نه‌ریتێکی تازه سه‌ری هه‌ڵداوه که بریتی بووه له په‌رستنی باپیره گه‌وره‌کانی لایه‌نی باوک، پیاوه ئاینییه‌کان به خه‌ڵکه‌که‌یان گوتووه که، پیاو به نه‌مری ده‌مێنێته‌وه ئه‌گه‌ر کوڕه‌که‌ی بیپه‌رستێت.به‌ڵگه ئاینییه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه و دواتر، زۆرتر و زۆرتر ئافره‌تان وه‌ک چینی’’ سودراس’’ سه‌یر ده‌که‌ن که نزمترین چینی کۆمه‌ڵگه‌که‌یانه.
له سه‌روبه‌ندی ساڵی 600 ی پێش سه‌رده‌مه‌وه به‌کارهێنانی ئامرازی ئاسنین و کشتوکاڵ له هیندستاندا بوونه‌ته شتێکی ئاسایی؛ کۆمه‌ڵگه‌ی گه‌وره بوون به شار و پێشه‌سازی سه‌ری هه‌ڵداوه، خاوه‌نداریێتی تایبه‌ت و توێژی ده‌سه‌ڵاتدار هاتوونه ئاراوه.ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌ی دیکه‌ی پیاوسالاردا پێگه‌ی پیاوسالاری کۆمه‌ڵگه‌ی ڤێدای پته‌وتر کردووه.راجاکان له پێناو فراوانکردنی ده‌سه‌ڵاتیاندا شه‌ڕوشۆڕیان به‌رپا کردووه و که‌سوکاری نه‌یاره‌کانیانیان له‌ناوبردووه.به‌هۆی شه‌ره‌کانه‌وه نه‌ریته کۆنه‌کان داڕزاون.ئافره‌تانی که‌سوکاری فه‌رمانڕه‌وایان هه‌موو ئه‌و مافانه‌ی به‌پێی نه‌ریت و که‌له‌پوور هه‌یانبووه له‌ده‌ست داوه.له‌گه‌ڵ ئه‌و بشێوی رامیاری و سۆشیالییه‌شدا، دوو ئاینی پاشڤه‌چوو'' بوودیزم و جاینیزم'' له نزیکی 550 ی پێش سه‌رده‌م لایه‌ن گاوته‌مه/ بوودا و مه‌هاڤیرا، هێنرانه ئاراوه.هه‌ردووک ئاینه‌که خه‌ڵکی فێری ره‌تکردنه‌وه‌ی ژیان و جیهان به‌ده‌ری ده‌که‌ن.دوا به‌شه‌کانی ڤێدا، ئه‌په‌نیشاده‌کان Upanishads، 6 پاشڤه‌چوونێکی تێدا به‌دی ده‌کرێ که پێشنیازی تێکچوونی کۆمه‌ڵگه ده‌که‌ن، ئه‌و ئه‌په‌نیشادانه جێگه‌ی نه‌ریته کۆنه‌کانی ڤێدا ده‌گرنه‌وه که تێیدا نه‌زرکردن و به‌خشینه‌وه بۆ خۆشگوزه‌رانی و باشه‌ی مرۆڤ بوون له‌سه‌ر زه‌مین.ئه‌و ئاینکارانه‌ی ئه‌په‌نیشاده‌کانیان داڕشتووه، گومانیان له بوونی راسته‌قینه هه‌یه، به بڕوای ئه‌وان ئه‌وه‌ی به‌ڕاستی بوونی هه‌یه ته‌نها'' ئه‌تمان atman '' ه، به‌واتای ره‌وانی تاکه که‌س.به چوونه ناو جه‌سته‌وه ره‌وان له بازنه‌یه‌کی بێ کۆتایی بوون( ئێش و ئازار، مردن، له‌دایکبوونه‌وه که له‌سه‌ر بنه‌مای بیر و هه‌ڵسوکه‌وت و کرداری دواهه‌مین ژیانی دادگایی ده‌کرێت، سزا ده‌درێت یان پاداشتی ده‌درێتێ.)
ئه‌و یاسایه؛ یاسای سه‌پاندنی سزا و پێدانی پاداشت'' کارمه/ کەڕمە karma '' یه، کەڕمه‌ی باش ره‌وان له‌و بازنه‌یه ئازاد ده‌کات.رێگه‌ی گه‌یشتن به‌و ئازادییه، یۆگایه.( یۆگا، سیستێمێکی ئاڵۆزی دابینکردنی فیزیکی و ئاوه‌زییه که له حه‌زه‌کانت دوورت ده‌خاته‌وه.) ئه‌و حه‌زانه‌ی که که‌سه‌کان له بازنه‌ی زه‌میندا قه‌تیس ده‌کات و ناهێڵی بگاته شادمانی.به‌ڵام له‌و فیلۆسۆفیایه‌دا رزگار بوون ته‌نها بۆ نێرینه‌یه، به‌تایبه‌تیش ئاینکاره‌کان.ئاینکاره‌کان، فیلۆسۆفیا‌ی کەڕمه‌یان بۆ به‌رزڕاگرتنی خۆیان و ملکه‌چی ئه‌وانی دیکه به‌کار هێناوه، وایان راگه‌یاندووه که ملکه‌چی بۆ چینه‌که‌یان، مه‌رجی له‌دایکبوونه‌وه‌یه له ئاستێکی به‌رزتردا.ئافره‌تانیش ته‌نها به‌وه رزگاریان ده‌بێت که وه‌ک نێرینه‌یه‌ک له ئاستێکی به‌رزتردا بێنه‌وه دنیا.ئالێرده‌ا بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که له‌و فیلۆسۆفیایه‌دا، مێیینه هیچ ده‌ره‌تانێکی نییه، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌یه‌نێ که مانه‌وه وه‌ک مێیینه سزایه.ئه‌وجا لێره‌وه ده‌توانین ئه‌وه تێبگه‌ین که ئاینێک ئه‌وه سه‌رچاوه‌ی تیۆلۆجیاکه‌ی بێت، به چ چاوێک له مێیینه ده‌ڕوانێ.
بوودا و مه‌هاڤیرا، هه‌ردووکیان بنه‌ماکانی ئه‌په‌نیشاده‌کانیان په‌سه‌ند کردووه، وه‌لێ ره‌تی جیاوازی چینایه‌تییان کردۆته‌وه، جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه کردۆته‌وه که، ره‌وشت، نه‌ک له دایکبوون، پێناسه‌ی که‌سه‌که ده‌کات.پێداگریشیان له‌سه‌ر یۆگا کردووه که ئامرازێکه له‌به‌رده‌ستی هه‌موو که‌سێکدایه.بوودیزم پشتگیریی روونبیری خۆڕاهێنانی هزری ده‌کات.وه‌لێ جاینیزم سۆفیگه‌ری فێرده‌کات.هه‌ردووک ئاینه‌که، بوودیزم و جاینیزم له ناهاوتایی تاک و چینه‌کانی کۆمه‌ڵگه ناڕازین، وه‌لێ به به‌تاوانی نازانن بۆیه به‌ره‌نگاری دامه‌زراوه رامیارییه‌کان نابنه‌وه، به‌و هه‌ڵوێستەش ده‌سه‌ڵات له‌خۆ رازیده‌که‌ن.هه‌ردووک ئاینه‌که تاکپه‌رستیان به باشترین رێگه داناوه.بۆ ئافره‌تانی هیندستانیش، تاکپه‌رستی، وه‌ک ماسیحایێتی که سه‌رده‌مێکی دواتر هات، ده‌روازه‌یه‌کی رزگاربوون بووه.به‌زۆر به‌شوودان، سکپڕبوون، کاری ناوماڵ، داخوازییه سۆشیالییه‌کانی به‌دوای بەشووداندا هاتوون له‌ته‌مه‌نێکی بچووکدا، ده‌ره‌تانێکی ئه‌وتۆی بۆ ئافره‌ت نه‌هێشتۆته‌وه.ئاینی ڤێدا، هه‌موو ده‌رگایه‌کی رزگاربوونی له ئافره‌ت و چینی نزم داخستووه.هه‌لی'' مۆکشه moksha '' یان پێ نه‌دراوه.7 به‌واتای ئه‌وه‌ی، ئافره‌ت هه‌ر به ئافره‌تی ده‌مێنێته‌وه و چینی سوودڕاش هه‌ر وه‌ک خۆی و ده‌ره‌تانیان نییه له بازنه‌که ده‌رچن و خێروخۆشی ببینن.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که بوودیزم بێ جیاوازی جێنده‌ر و چین، نیروانه/ نیرڤانه به هه‌موو که‌س ره‌وا ده‌بینێت، هێشتان گاوته‌مه/ بوودا، نه‌یویستووه ئافره‌ت تاکپه‌رست بێت، ئه‌و ویستوویێتی ژن، هه‌ر سووک و بارگران بمێنێته‌وه و له خزمه‌تی مێرد و خێزانه‌که‌یدا بێت.هه‌تا به ناچاری له‌ژێر گوشاری زڕداکه‌که‌یدا'' مه‌ها پڕاجه‌پاتی گۆتامی Maha Prajapati Gotami '' دا به نابه‌دڵی رێگه‌ی دا ئافره‌تانیش دنیا به‌جێهێڵن.وه‌لێ هێشتان رێگه‌ی نه‌داوه ئافره‌ت ببێته ئاینکار/ قه‌شه و سیستێمێکی وه‌های داڕشتووه که سۆفییه ژن'' ئافره‌تی په‌رستگه‌نشین'' له‌ژێر چاودێری سۆفییه‌کاندابن.له‌گه‌ڵ ئه‌و جیاوازییانه‌شدا هێندێک ئافره‌ت روویان کردۆته مۆنستیره‌کان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌وێدا جیاوازی چینایێتی و ئاستی کۆمه‌ڵایێتی پێش شووکردن، ره‌چاو نه‌کراوه.ئه‌و هه‌ڵبه‌ستانه‌ی له‌و ئافره‌تانه‌وه به‌جێماون که روویان کردۆته مۆنستیره‌کان، هه‌موویان باسی ئازادی ده‌که‌ن.( مۆنستێر، نیشتگەیەکە بەتایبەتی ئەو ئافرەتانەی بڕیار دەدەن شوو نەکەن و هەر خەریکی خواپەرستی بن.)
هه‌تا سه‌ته‌ی دووهومی پێش سه‌رده‌م هیندستان وه‌ک ئیمپڕاتۆریایەک خۆی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه، هه‌تا ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌ر ناوچه‌یه‌ک له لایه‌ن راجایه‌ک/ پادشا یان میرێکه‌وه حکومڕانیکراوه.دارای یه‌که‌می هه‌خامه‌نشی پێده‌شته‌کانی هیندووسی داگیرکردووه و ساڵانه ژماره‌یه‌کی زۆری له پیاوه‌کانی ناوچه‌که به زۆره‌ملێ راپێچی سه‌ربازی کردوون، دواتریش ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌کدۆنی بۆ ماوه‌ی دووساڵان شه‌ڕی راجاکانی ناوچه‌ی '' پونجاب'' ی کردووه.شه‌ڕ و به‌رگریکاریی داگیرکه‌ران بووه‌تە هۆی خۆڕێکخستنی راجاکان و چاوبڕینه ده‌سه‌ڵات.ئه‌وه‌بوو، چاندڕاگوپته ماوریا، که میرێکی باکووری هیندستان بوو، ئیمپڕاتۆریێتی'' ماوری'' له سه‌ته‌ی دووهه‌می پێش سه‌رده‌مدا دامه‌زراند، له‌سه‌رده‌می ئه‌و ئیمپڕاتۆرییه‌دا، شاری گه‌وره درووست بوون چینی بازرگان گه‌شه‌یدا و ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌وره‌تری به‌ده‌ست هێنا و بووه تێکدانی هاوتایی نێوان چینی'' بڕاهمان و کشاتریا'' / ئاینکار و ده‌سه‌ڵاتدار.8 که بۆ ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ لە کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵکارەداهاوبه‌شی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و حوکمڕانی بوون.گۆڕانکارییه‌کان بشێوییه‌کیان هێنایه ئاراوه که دابینکردنی داخوازیی یاسایه کی نوێی ده‌کرد، ئه‌وه‌بوو له دوای دامه‌زراندنی ئیمپڕاتۆرییه‌که‌وه بڕاهمان'' مانوو'' یاسایه‌کی پێشکه‌ش کرد که دواتر هه‌موو ده‌سه‌ڵاتداره‌کان پێڕه‌ویان کردوه.لێره‌به‌دوا بڕاهمانیزم له ڤێدادا حه‌وایه‌وه و کۆدی مانوو، بووه کڕۆکی هیندۆیزم.
یاسای مانوو'' مانووسمیرتی'' واتای، ئامانجه‌کانی ژیان، ده‌گه‌یه‌نێ که به‌پێی ئه‌و یاسایه بریتین له ( دارمه dharma، ئارته artha، کامه kama، و مۆکشه moksha ) به‌واتای - ئه‌رک، سامان و ده‌سه‌ڵات، سێکس و چێژ و دوامین رزگاری.له‌و یاسایه‌دا ئه‌رکی سه‌ره‌کی پیاو ئه‌وه‌یه به توندی یاساکه بگرێت و ده‌ستبه‌رداری نه‌بێت.هه‌موو پیاوێکیش، سامان، ده‌سه‌ڵات، سێکس و جێژی جه‌سته‌یان ده‌وێت.وه‌لێ ده‌بێت به شێوه‌یه‌کی مامناوه‌ندیانه و ئه‌رکی هاوتایی به‌ره‌وڕوویان بێته‌وه.دواتر'' مه‌هابهاراته و بهاگه‌ڤاد – گیتا'' ئه‌ویان ده‌گوته‌وه که له دنیادا ئه‌رکی سه‌ره‌کی پیاو ئه‌وه‌یه '' به‌وپه‌ڕی توانایه‌وه ره‌چاوی ئه‌رکی چینه‌که‌ی بکات'' ئه‌مه‌ش له راستیدا هه‌ڵچنینی دیواره له‌نێوان چینه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا.
مانوسمیرتی، چینی بڕاهمینه‌کان له‌سه‌روو هه‌موو چینه‌کانی دیکه‌وه سه‌یر ده‌کات، ته‌نانه‌ت له‌سه‌روو جێنی کشاتریاشه‌وه که زۆر وه‌خت هاوتای براهمینه‌کان سه‌یرکراون به‌تایبه‌تیش له ناوچه‌ی پونجاب.به بڕوای مانسمیرتی، هه‌رسێ چینی بڕاهمین، کشاتریا، ڤایسیا، چینی پاکن و '' دووجار هاتوونه‌ته بوون'' له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پیاو به وه‌رگرتنی ئاین له‌سه‌رده‌می پێگه‌یشتنیدا/ بالقبوون، به‌رزیی پێدراوه و بووه‌ته ئه‌ندامی گرووپێکی کارامه'' جاتی jati ''.ئه‌و کاته‌ی ڤێداکان نووسراونه‌وه ته‌نها پیاوانی ئه‌و سێ چینه بۆیان هه‌بووه بیخوێننه‌وه.جیاوازی چیناێتی هێنده به‌رین بووه هه‌تا ئه‌و ئاسته‌ی که تاکی هه‌ر چینێک ده‌بێ له‌چینه‌که‌ی خۆیدا له‌دایک بووبێت، به‌واتای ئه‌وه‌ی گواستنه‌وه له چینێکه‌وه بۆ یه‌کێکی دیکه نه‌شیاوه، جگه له‌وه‌ش، هیچ چینێک نانی ده‌ستی چینێکی خوارتر ناخوات، ده‌بێ خۆراک به‌ده‌ستی که‌سێکی چێنی خۆی یان باڵاتر ئاماده بکرێت.ئه‌وجا ده‌بێ هه‌ر چینه هاوپیشه‌ی باوکوباپیرانی بێت، پیشه‌که‌ی نه‌گۆڕێت.ده‌بێ هاوسه‌رگیری له ناو چینی خۆیاندا بکه‌ن.فه‌رق و جیاوازی چیناێتی سه‌تان ورده یاسای نه‌گۆڕی هێناوه‌ته ئاراوه.بۆ نموونه؛ که‌سێکی تینوو ناتوانێ ئاو له کانییه‌ک بخواته‌وه خاوه‌نه‌که‌ی له چینێکی باڵاتر بێت.ئه‌وجا وشکه ساڵێک بێنه پێش چاوی خۆت و بیرکه‌ره‌وه و بزانه ئاین، چ جۆره چه‌وسانه‌و‌ێکیشی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه؟
بڕاهمینه‌کان، هه‌میشه ویستوویانه ئافره‌ته‌کانیان، ژێرده‌سته‌بن، له‌دوای پیاواناوه‌بن، وه‌ک ئه‌وانه‌ی وڵاتی چین که پێشتر باسمانکرد.مان‌و بڕیاری داوه، ئافره‌ت، سه‌ر به چینی باوکییه‌تی هه‌تا ئه‌وکاته‌ی به‌شووده‌درێ، ئه‌وکاته سه‌ربه‌چینی مێرده‌که‌یه‌تی.هه‌رچه‌نده هاوسه‌رگیریی له‌ده‌ره‌وه‌ی چینی خۆ، یاساخ بووه، وه‌لێ له راستیدا شووکردن به چینێکی باڵاتر'' هایپه‌رگه‌می hypergamy '' لاستیکی بووه.ئالێره‌وه نه‌ریتی جیازی، که هیندستانییه‌کان پێیده‌ڵێن داوری'' dowry '' هاتۆته ئاراوه.ئه‌و خێزانانه‌ی کچیان هه‌بووه و ویستوویانه بیده‌نه چینێکی بالاتر، جیازییان کردۆته کاڵاێکی ته‌ماح راکێش.ئاگادارم له کورده‌واری خۆشمان‌دا، نه‌ریتی جیازی هه‌بوو – نازانم ئێستا ماوه یان نا، وه‌لێ بیرۆکه‌ی جیازی کورده‌واری جیاوازییه‌کی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیندستانی، ئه‌وه‌ی کورده‌واری بۆ به‌شوودانی کچەکە نه‌بوه به چینێکی باڵاتر، به‌ڵکوو بۆ شانازی ماڵه باوان و رێزپه‌یداکردنی کیژه‌که‌یه له ماله مێرده‌که‌یدا.
به‌پێی یاسای مان‌و
ئافره‌ت، له‌ناو ماڵه‌که‌ی خۆشی‌دا، نابێت سه‌ربه‌خۆ، هیچ شتێک بکات.له منداڵی‌دا ژێرده‌سته‌ی باوکییه‌تی، له لاوی‌دا، هی مێرده‌که‌ی.که مێرده‌که‌شی مرد، هی کوڕه‌کانی.قه‌ت نابێ سه‌ربه‌خۆبێت....
ده‌بێ هه‌رده‌م شوکرانه لێدا و کارامه‌بێت له کاره‌کانیدا.ناوماڵی به پاکی بپارێزی و ده‌ستی به کیسه‌ی ماله‌وه بگرێ ...ژنی باش، ده‌بێ مێرده‌که‌ی وه‌ک خودا بپه‌رستێ.
مان‌و، زۆر خۆی به خۆپارێزی ئافره‌ته‌وه خه‌ریک کردووه.بڕیاری وی وابووه که کچان له ته‌مه‌نێکی لاوی‌دا شوو به پیاوی به‌ساڵداجوودا بکه‌ن، رێگه‌یان نه‌درێت شوو بکه‌نه‌وه، له‌سه‌ر دزی سیکسیش، به پێی چینی خۆیان سزا بدرێن.ئه‌و ئافره‌ته‌ی سێکسی له‌گه‌ڵ که‌سێکی چینی بالاتردا کردبێت، هه‌تا خوێنی مانگانه‌ی دێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لای مێرده‌که‌ی، خواردنی پیسی پێ بدرێت.ئه‌و ئافره‌ته‌ش سیکسی له‌گه‌ڵ چینێکی خوارتردا کردبێ، فڕیبدرێ سه‌گ بیخوا.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئافره‌تان ناتوانن بگه‌نه، مۆکشه- رزگاری هه‌میشه‌یی، له‌به‌ر ئه‌وه فێربوونی سانسکریتیی و خوێندنه‌وه‌ی ڤێدایان، لێ یاساخ کراوه.به‌پێی تێکستێکی ره‌مایانه؛ ئافره‌ت، ده‌هۆڵ، سه‌گ و کۆیله، ده‌شێ لێیان بدرێت.وه‌لێ هه‌ر مانوو له شوێنی دیکه‌دا پیاو ئاگادار ده‌کات که ئه‌گه‌ر ئافره‌ت بچه‌وسێننه‌وه، خوداکان نه‌زره‌کانیان وه‌رناگرن، هه‌روه‌ها پیاوان هانده‌دا بۆ رێزگرتنێکی زۆر له هاوسه‌ره‌کانیان.'' له‌و شوێنه‌ی ئافره‌ت رێزی لێگیراوه، خوداکان به‌ختیارن.له‌و شوێنه‌ی رێزیان نییه، هه‌موو بۆنه ئاینییه‌کان، به‌تاڵن'' - مێرلن فڕێنچ به‌رگی یه‌که‌م ل 146
له سه‌روبه‌ندی سه‌ته‌ی یه‌که‌می سه‌رده‌مدا، دوو کۆمه‌ڵه داستانی کولتووری هیندستانی، مه‌هابهاراته Mahabharata و رامه‌یانه Ramayana، چوونه ده‌قێکی نه‌گۆڕه‌وه، به‌واتای ئه‌وه‌ی دوا شێوه‌یان وه‌رگرت، ئه‌و دوو کۆمه‌ڵه داستانه بوونه بنه‌مای لیتێراتووری بڕاهمانیزم.گرنگی ئه‌و لیتتێراتووره بۆ کولتووری هیندستانییان، وه‌ک ته‌وڕات و ئینجیله بۆ جووله‌کایێتی و مه‌سیحایێتی.ئه‌وانیش وه‌ک ڤێداکان، سه‌رگورشته و ئه‌فسانه‌ی کۆن به‌سه‌رده‌که‌نه‌وه.مه‌هابهاراته، باسی شه‌ڕه‌کان ده‌کات، رامه‌یانه‌ش، چێنده‌ر به‌سه‌رده‌کاته‌وه.هه‌ردووکیان ئامۆژگاریی ئاینی و سۆشیالین.
مه‌هابهاراته ده‌ڵێ:
ژن، نیوه‌ی پیاوه،
باشترین براده‌ره،
ره‌گی هه‌رسێ چه‌مکه‌که‌ی ژیانن،
....له‌گه‌ڵ هاوسه‌ردا پیاو کرداری گه‌وره‌ی له‌ده‌ست دێت،
له‌گه‌ڵ هاوسه‌ردا پیاو خیره‌ت ده‌دۆزیته‌وه ...
هاوسه‌ر، بێ وه‌یتریین په‌ناگه‌یه ....هتد
دیاره ئه‌م فێرکردنانه، ئافره‌ت وه‌ک کۆیله سه‌یرناکه‌ن، هه‌تا ئاستێکیش ریزی لێده‌گرێت.وه‌لێ هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا هۆزانڤانێکی گه‌وره‌ی سانسکریت، کالیداسا، شانۆکاریی'' شاکونتالا'' ی نووسی، ئه‌و شانۆکارییه‌ش وێنه‌ی ئافره‌تی باشی هیندوی بۆ نه‌وه‌کانی دواتریش کێشا.9
شاکونتاڵا، نموونه‌ی ئافره‌تێکی تاشیوه که، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مێرده‌که‌ی به هه‌موو شێوه‌یه‌ک چه‌وساندووێتییه‌وه، هێشتان هه‌ر دڵسۆز بووه بۆی.له‌و جێرۆکه‌دا که لێره‌دا جێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی نابێته‌وه، دڵپیسی بڕاهمینه‌کانی تێیدا زاڵه.له‌و چیرۆکه‌دا پێگه‌یشتنی فیزیکیی له‌ش، کچ ده‌کاته کاڵاێکی سێکسی؛ باوکی سکاڵای ئه‌وه ده‌کات که ئه‌و پێگه‌یشتنه خۆشه‌ویستترین و به به‌هاترین شتی ژیانی وی کردۆته نه‌ویستێکی سۆشیالی و مه‌ترسی.
سه‌رگورشته‌کانی رامه‌یانه سه‌رگورشته‌ی شاکونتاڵا، هێمای یه‌ک شێوه ئافره‌تمان ده‌خه‌نه به‌ر چاو.هه‌ردووکیان ده‌یانه‌وێ ئافره‌ت له قاڵب بده‌ن، فێری بکه‌ن چۆن هه‌ڵسوکه‌وت بکات.
له سه‌رگورشته‌یه‌کی رامه‌یانه‌دا هاتووه که مێردێک سه‌ری له‌سه‌ر رانی هاوسه‌ره‌که‌ی داناوه و خه‌وی لێکه‌وتووه، له نزیکیشه‌وه منداڵه ساواکه‌یان گاوگۆلکێ ده‌کات و نزیک ئاگردانه‌که ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ژنه‌که ناجووڵێته‌وه نه‌کا خاوه‌نه خه‌وتووه‌که‌ی بشێوێ، کاتێک منداڵه‌که ده‌چێته ناو ئاگره‌که‌وه، ژنه‌که له ئاگنی ده‌پاڕێته‌وه منداڵه‌که‌ی بپارێزێ، ئاگنیش پاداشتی دڵسۆزی بۆ مێرده‌که‌ی ده‌داته‌وه و منداله‌که ناسووتێ.
جیاواز له زۆر کولتووری گه‌لانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه، کولتووری هیندستانی رێگه به سێکسوالێتی ئافره‌ت ده‌دات.له‌و کولتووره‌دا سێکسوالێتی به‌رزترین پله‌ی وه‌رگرتنی چێژی رێگه‌پێدراوه، ئه‌رکی سه‌رشانی پیاویشه خۆی و ژنه‌که‌ی/ ژنه‌کانی رازی بکات.که‌چی نووسه‌رانی هیندستانی زۆرجار سێکسوالێتی ئافره‌ت به بێ سنوور، هه‌میشه له‌سه‌رپێ، داواکار و له‌ق، باسده‌که‌ن.وه‌ک ئاشکرایه کولتووری هیندستانی گرنگترین کاری نووسراوی ئێڕۆتیکی به‌رهه‌مهێناوه.کاماسوتڕای ڤاتسایانا Vatsayana’s Kamasutra’’ '' رێڕه‌ونامه‌یه‌کی سێکسی و مێژوویی سۆشیالییه، ئاگاداره چۆن جێنده‌ر'' نێر و مێ'' بنیات نراوه و ئه‌و رێگانه‌ی ئاڵۆشی سێکسیی ئافره‌ت داده‌مرکینێت.
شووکردن کرده‌یه‌کی سه‌ره‌کی ژیانی ئافره‌تانی هیندستان بووه، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی نه‌بووه، به‌شێوه‌یه‌کی گشتی تاکه ژنه‌یی'' مۆنۆگه‌میی'' بووه.ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌سه‌ڵاتدار، بۆیان هه‌بووه له ژنێک زیاتریه‌ن هه‌بێت، وه‌لێ خه‌ڵکی ساده ته‌نها له‌کاتێکدا توانیویێتی ژنی دووهه‌م بهێنێ که یه‌که‌میان نه‌زۆک بێت یان کوڕی نه‌بووایه!!.له هێندێک سه‌رده‌مدا ژنی مێرد مردوو، بۆی هه‌بووه شووبکاته‌وه، وه‌لێ میراتی مێرده مردووه‌که‌ی له‌ده‌ست داوه.
تێکسته ئاینییه‌کان هه‌شت جۆر شووکردنیان ناسیوه/ باسکردووه.
1 – بڕاهمان؛ جیازی پاکیزه، له‌م جۆره شووکردنه‌دا خێزانی کچه‌که مێردێکی بۆ هه‌ڵده‌بژێرێ و له‌گه‌ڵ خێزانی زاوادا ده‌که‌ونه سه‌وداوه، هه‌موو ئه‌رکه‌که ده‌که‌وێته سه‌ر خێزانی کچه‌که و پاش رێککه‌وتن له گه‌ڵ جیازییه‌کی زۆردا ره‌وانه‌ی ماله مێردی ده‌که‌ن.
2 – دایڤا؛ له‌م شێوه‌یه‌یاندا، پیاو کچه‌که‌ی ده‌داته قه‌شه‌یه‌ک وه‌ک به‌شێک له قوربانی.
3 – ئاڕسا؛ له‌مه‌یاندا، بێ جیازی هێندێک پاره له‌گه‌ڵ کچه ده‌نێردرێت.
4 – پایاپاتیا؛ شووکردن بێ هیچ پێوه‌ندییه‌کی دارایی و جیازی.
5 - گاندهارڤه؛ ئه‌مه‌یان له‌سه‌ر بنه‌مای خۆشه‌ویتی دوو که‌سه بێ پێڕه‌وکردنی هیچ نه‌ریتێک، زۆر کات به دزییه‌وه بووه و به ته‌واوی دانی پێدا نه‌نراوه.
شێوه‌کانی دیکه به جاوێکی نزم سه‌یرکراون و ناوی به‌دیشیان بۆ داناون، وه‌ک؛ ئه‌سورا که به کڕین بووه، راکشاسا، به رفاندن و پاسیساکا، که به جووتبوو بووه له‌گه‌ڵ کچێکی نووستوو یان سه‌رخۆش.
له‌و سه‌رده‌مانه‌دا'' 200 ی پێش سه‌رده‌م- 540 ی سه‌رده‌م'' ئافره‌تی ئازاد له هیندستان ته‌نها سۆزانییه‌کان بوون، یاسای چین و پله و پایه‌دار ئه‌وانی نه‌گرتۆته‌وه، له لیتێراتووری ئه‌و سه‌رده‌مه‌شدا زۆریان پێدا هه‌ڵگوتراوه.وه‌لێ له راستییدا، سۆزانییه‌کان به زۆری له هه‌ژار و چینه‌کانی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه بوون.به‌ڵام به پیچه‌وانه‌ی ئافره‌تانی دیکه‌وه بۆیان هه‌بووه فێری خوێندنه‌وه و هونه‌ر و پیشه‌ی جۆراوجۆر ببن، ئه‌ویش دوای رامهێنانێکی قورس و چڕ.ئه‌و رامهێنانه هۆکارێک بووه کاماسوتڕا داوا له پادشا بکات پاڵ به پیاوانه‌وه بنێ رێز له سۆزانییه‌کان بگرن و به‌رز بیاننرخێنن، به‌باشی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکه‌ن.
له ساڵی 320 ی سه‌رده‌مدا، بنه‌ماڵه‌ی گوپتا، ئیمپڕاتۆرییه‌کیان له به‌شێکی هیندستاندا پێک هێنا و ده‌ستیشیاندایه فراوانکردنی.سه‌رده‌مه‌که‌یان به سه‌رده‌می کلاسیکیی هیندستان ناسراوه.له سه‌رده‌مه‌که‌یاندا، کڵێسا‌ی ناو ئه‌شکه‌وت و چیاکان په‌ره‌ی سه‌ند، ژماره‌یه‌کی زۆر هۆزانی به‌نرخ و جوان هه‌ڵبه‌ستراون، په‌یکه‌رتاشی په‌ره‌ی ساندووە و به‌ره‌وپێش رۆیشتووە، وه‌لێ مافی ئافره‌تان به‌هۆی جێگیرتربوونی بڕاهمانیزم و یاساکانی مانووەوە، هه‌ر لێی قارس ده‌کرا.بوودیزم و جاینیزم له سه‌ته‌ی حه‌وته‌مدا له هیندستان رۆژیان لی ئاوابوو و به‌وه‌ش ئافره‌ت ژیانی بێ هاوسه‌ری له‌ده‌ست دا – له‌و دوو ئاینه‌دا دەشێ ئافره‌ت هاوسه‌رگیری نه‌کات و ژیانێکی ره‌به‌ن به‌رێته‌سه‌ر.هه‌رچه‌نده هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی منداڵ له‌ناوبردن له هیندستان به‌ده‌سته‌وه نییه، لێ زۆربه‌ی سکۆلاره‌کان له‌و بڕوایه‌دان که کارێکی به‌ربڵاو بووبێت.دیاره که‌س کچی نه‌ویستووه له به‌ر ئه‌وه‌ی رێگه‌ی پێ نه‌دراوه، فێری خوێنده‌واری و ژه‌نینی مووزیک و هونه‌ر ی سه‌ما ببێت که، بووه‌ته پێشه‌ی سۆزانییه‌کان.ئافره‌ت، ته‌نها بۆ سکوزا و خزمه‌تکاری بووه.کاردانه‌وه‌ی ئه‌و گوشاره گه‌وره و ناره‌وایه، هاتنه‌کایه‌ی دوو ئاینی نوێ بوو - تانتریزم و که‌ڵتی بهاکتی Tantrism and Bhakti cult .لێره‌دا جێگه‌ی روونکردنه‌وه‌ی باوه‌ڕی ئه‌و دوو ئاینه نییه، ئه‌گه‌ر به پێویستم زانی له باسی ئایندا ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ریان، لێ شایانه ئه‌وه‌نده بڵێین که ئه‌و دوو ئاینه پێچه‌وانه‌ی براهمانیز و کۆده‌کانی مانوون، تانتریزم زۆر په‌ڕگیره به‌ڵام بهاکتی شێوه‌یه‌کی لیبڕاڵه.
په‌راوێز
1 - ده‌وڵه‌تی ئینکا : که له‌کۆمه‌ڵگه‌ێکی بێستانچیێتی'' هۆرتی کوڵتوور'' ی ئێگالیتاری و بێ زێده به‌رهه‌مهێنان و کۆمه‌ڵکردنی سامان سه‌ری هه‌ڵدا، به‌ته‌واوی ناکۆکه له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌که‌ی ئه‌نگلس ده‌رباره‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت .
2 - به‌شێک له لێکۆڵه‌ره‌وانانی مێژووی ئافره‌تان له هێندێ سه‌رچاوه‌دا'' هووری'' یه‌کانیشیان وه‌ک بابلی، به‌واتای ئه‌مووری له قه‌ڵه‌م داوه و ئاماژه‌شیان بۆ سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌که‌یان نه‌کردووه.له‌و چه‌ند رسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، سه‌رچاوه‌که به‌ڵگه‌نامه‌ی شاره‌کانی نوزی و ماری وه‌ک دوو شاری بابلی هێناوه‌ته‌وه، وه‌لێ مێژووی هوورییه‌کان سه‌لماندوویێتی، دانیشتوان و پادشاکانی ئه‌و دووشاره، هووری زمانه‌کان بوون و له هیچ لایه‌که‌وه پێوه‌ندییان له‌ته‌ک ره‌گه‌زی سامی دا نه‌بووه و له‌و سه‌رده‌مانه‌دا سه‌ره‌تای'' مه‌لێنێۆمی دووی پێش سه‌رده‌م'' هوورییه‌کان له چیاکانی هه‌ورامانه‌وه و له‌نێوانی هه‌ردوو ئیمپڕاتۆریی بابلی و ئاسووریدا هه‌تا ده‌گاته سه‌ر ده‌ریای سپی'' به‌واتای به نزیکه‌ی پانتایی باشور و رۆژئاوای کوردستان'' چه‌ند بادیشایێتی و ئیمپڕاتۆرییان دامه‌زراندووه و، زۆر جاریش مه‌ترسی بوون له‌سه‌ر هه‌ردوو ئیمپڕاتۆریێتی، ئاسوور و بابل.
3 - باو سی؛ ئافره‌تێکی جوان بووه و دۆستی پاشای ناوچه‌که بووه، گوایه قه‌ت پێنه‌که‌نیوه و پادشا هه‌موو شتێکی کردووه بۆ ئه‌وه‌ی بیهێنێته پێکه‌نین، جارێکیان به رێکه‌وت ئاماژه ده‌که‌ن که دوژمن هێرشی هێناوه و داوا له هێزه‌کانی ده‌وروبه‌ری شار ده‌که‌ن بێن به فریاوه، هه‌واڵه‌که راست ده‌رناچێت و باو سی به‌مه پێده‌که‌نێت، ئیدی پاشا بۆ به پێکه‌نینهێنانی باو سی دۆستی زوو زوو به‌درۆ هه‌واڵی هێرش هاتنه‌سه‌ر بلاوده‌کاته‌وه هه‌تا وایلێدێ که‌س بڕوای پێ ناکات، کاتێکیش هێرشی راستی ده‌کرێته سه‌ریان که‌س به‌ده‌نگییه‌وه نایه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌که داگیر ده‌کری.
4 - ئاردار، وشه‌یه‌کی ئاوێستاییه و هاوتای وشه‌ی'' justice '' ی ئینگلیزییه.
5 - سۆمه له‌زمانی ئاوێستاییدا به هاومه ناوی هاتووه و خواردنه‌وه‌یه‌کی بێهۆشکه‌ر بووه، زه‌رده‌شت گۆڕانی تێدا کردووه و کردوویه‌تییه خواردنه‌وه‌یه‌کی ئاسایی.
6 – ئه‌په‌نیشاده‌کان؛ ده‌قی فیلۆسۆفین، هه‌ندێک به کڕۆکی فیلۆسۆفیا‌ی هیندستانی ده‌زانن و وه‌ک شاکاری ئه‌قڵی هیندی سه‌یری ده‌که‌ن، کۆمه‌ڵه نووسراوێکن که ده‌ماوده‌م داکه‌وتوون و له‌سه‌رده‌مێکی تایبه‌تدا نووسراونه‌وه، هه‌تا ئێستا زیاتر له 200 ئه‌په‌نیشاد له‌به‌رده‌ستدان، به‌شه هه‌ره کۆنه‌کانی که نزیکه‌ی دوازده‌ن، به به‌شی سه‌ره‌کی'' موکیا'' ناسراوه.
7 – موکشه به واتای'' دوا رزگاریی'' که له هه‌لی ره‌خساوی دۆناودۆنی ڕه‌وانه‌وه مرۆڤ ده‌یگاتێ، ئه‌و هه‌له له ڤێدادا به ژن و چینی سوودڕه ره‌وا نه‌بینڕاوه.
8 – بڕاهمان، نازناوی ئاینکاره‌ی هیندۆیزمه، وه‌ک مه‌لا له ئیسلامدا و قه‌شه له مه‌سیحایێتیدا، کشاتریاش، چینی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستی هیندستانی ئه‌و سه‌رده‌مه بوون.
9 – لێره‌دا هیندو، مه‌به‌ست له‌و که‌سانه‌یه له‌سه‌ر ئاینی هیندویزمن.
سەرچاوە سەرەکییەکان
Silver Moon Sun, and Witches.1987
Barbara Lesko, the Remarkable Women of Ancient Egypt 1987
Sarah B.Pomeroy, Women in Hellenistic Egypt: From Alexander to Cleopatra 1984
Sir William Tarn, Cambridge Ancient History, Vol.10 1970,
George Dorsey, Man’s Own Show: Civilization (New York: Harper& Brothers, 1931)
Bernard Batto, Studies on Women at Mari (Baltim0re, Md: Johns Hopkins University press, 1974
Gernot Wilhelm, the Hurrians, translated from German by, Diana L.Stein 1994
Marilyn French, From Eave to Dawn, vol.1,2 &3.2002
Ancient Civilizations, General Editor: Professor Greg Woolf, First publishing 2005
Chinese women: past &present, by Easter S.Lee Yao 1983
China Ancient Empire New Horizons, by Oliver Fulling 2008
Women in early Imperial China, by Bret Hinsch, 2000
On becoming human, Nancy Makepeace Tanner .Cambridge University press 1981
The creation of patriarchy.Gerda Lerner.Oxford University press 1986
In defense of Atheism Michel Onfray, translated by Jeremy Leggatt 2005
Sex, Time and Power, Leonard Shlain.How women’s sexuality shaped Human Evolution.2003
Big history, from the BIG BANG to the present, by Cynthia Stokes Brown.New York,, NY 2008
• Grassroots by Jennifer Baumgartner and Amy Richards ….2000
Richard A.Gold, Yiwara: Foragers of Australian Desert ………1969
Georg Bancroft, History of the United States of America, From the Discovery of the Continent vol.1 .1967
Catal Huyuk: A Neolithic Town in Anatolia, by, James Mellart (New York: McGraw-Hill,…1967)
Marija Gimbutas, Gods and Goddesses of Old Europe (Berkeley: University of California press …….1974
Michal Dames, the Silbury Treasure (London: Thames and Hudson.…..1976)
Anton, Ferdinand, Women in pre-Colombian American.….....1973
Anderson, Karen.Commodity Exchange and Subordination: Montagnais-Naskapi and Huron Women, 1600-1650,”………………………………..1986
Simone De Beauvoir.Second Sex, copyright Alfred, A, Knopf Vintage Book Edition, 1989
Richard B.Lee, Population growth and beginning of sedentary, life among the Kung Bushmen 1972
Marjorie Shustak, Nisa: The life and world of Kung women.Harvard University press 1981
Carol Beckwith and Angela Fisher, African Ceremonies II (New York: Harry N.Abraham Inc.1999
Robert S.McElvaine, Eve’s Seed………………………………………………2001
Myth0logy, the illustrated anthology of world myth and storytelling, general editor, C Scott Littleton …..2002.
Encyclopedia of the ancient Greek world, David Sacks, revised edition by Lisa R.Brody ….2005
Political and social life in the great age of Athens, edited by John and Kitty Chisholm.Open Univerty.1978.
All you need to know, from Zeus’s Throne to the Fall of Rome, by Caroline Taggart.Michael O’ Mara Books Limited 2010.
Keuls Eva C .The reign of the phallus: Sexual politics in Ancient Athens.New York: Harper & Row, 1986
The secret history of Mongol Queens.By Weatherford 2010
بنه‌چه‌ی خێزان و خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت و ده‌وڵه‌ت، نووسینی، فردریک ئه‌نگڵس، وه‌رگێڕانی له ئه‌ڵمانییه‌وه، که‌ریم مه‌لا ڕه‌شید.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
