
ئاین و جێندەر 3
ئیسلام
بۆ سەردەمێکی زۆر دوورودرێژ، نیوەدوورگەی عارەبی پەراوێز بوو و تەنها خێڵە '' بەدەوی'' یە وشتروانەکان کە بەدوای لەوەڕگەی وشترەکانیاندا دەگەڕان دەیانتونی لێی بژین. ئەوجا لەبەر ئەوەی هەتا سەردەمێکی دوای هاتنی ئیسلامیش نووسینیان نەبوو، مێژووی ناوچەکە پێش هاتنی ئیسلام نادیارە. وەلێ لە رێگەی ئەفسانە و چێرۆکە دەماودەم داکەوتووەکانەوە، شارەزایانی مێژوو و ئەنسرۆپۆلۆجی وێنەیەکی کۆمەڵگەی پێش ئیسلامی ناوچەکەیان بۆ کێشاوین. بە بڕوای ئەوان، کۆمەڵگەکە ماتریلینی بووە، وەلێ پیاو تێیدا باڵادەستتر بووە و لە ئاستی رامیاریشدا هاوتا نەبوون. هەریەک لە خێڵەکان سەربەخۆبوون و سەرجەم ئەندامانی خێڵ پێکەوە کاریان کردووە و بڕیاریان داوە، سەرکردە'' شێخ و سەیید'' یان هەڵبژاردووە کە سەرۆکاێتی شەڕ و پێکدادانە هەمیشەیی و نەبڕاوەکانیان بکەن . ئافرەتانی ئەو کۆمەڵگەیە بەشداری هێرشە تاڵانکارییەکانیان کردووە و لەو کاتانەدا پیاوەکان دوور بوون لەماڵ ئیشوکاری خێڵیان بەڕێوەبردوە. بە بڕوای کۆمەڵناسان، هەرچەندە ئافرەتی کۆمەڵگەکە ژێردەستە بوون، وەلێ رێزیشیان لێ گیراوە، بەشدارییان لە بڕیارەکانی خێڵدا کردووە، هۆزانڤانی باشیان تێدا هەڵکەوتووە، زۆرجاریش هەڵسەنگێنەری پێشبڕکێی هۆزان بوون کە بابەتی کاتبەسەربردنی خێڵ بووە. خێڵەکان ئیندۆگەم بوون- بەواتای هاوسەرگیرییان لەناو خێڵی خۆیاندا بەستووە، بەڵام هەردوک لایەنی مێ و نێر، فرە هاوسەر بوون، بەواتای ئەوەی ئافرەتیش وەک پیاو بۆی هەبووە زیاد لە مێردێکی هەبێت. ئافرەت ژنی هەرکەسێک بووبێت منداڵەکانی منداڵی خێڵ بوون. سێکس فرۆشتنیش لەلایان کارێکی ئاسایی بووە.
وادیارە باشووری نیوەدوورگەی عارەبستان، جیاواز بووبێت، شارستانێتێکی تایبەتی لەسەر بنەمای کشتوکاڵ تێیدا سەری هەڵدابێت و بازرگانیان لە رێی دەریاوە لەگەڵ دەرەوەدا کردبێت. هێندێک ئاسەواری ئەو شارستێنە هەتا ئێستاش ماون. ناوی زۆرێک لەوانەی سەردەمی کۆنی ناوچەکە لە رێگەی تێستامێنتی کۆنەوە بۆمان بەجێماون، ئافرەتن؛ وەک بەلقیس، شیبا، زێنووبیا و . . . هتد.
وا بڕوادەکرێت، کە عارەبستان زۆر کات لە لایەن شاژنانەوە بەڕێوە برابێت کە رەنگە قەشەی ئاینە ناوچەییەکان بوبن، بەڵام بەدەوییەکان هیچیان نەنووسیبێتەوە. لەدوای سەتەی چوارهەمی سەردەمیشەوە، لە هیچ شوێنێکدا ناویان نەهاتووە. لەوەدەچێت کاتێک سکۆلارە موسوڵمانەکان دواتر بەڵگەنامەکانیان پوخت کردۆتەوە، هەرچی پێوەندیی بە ئافرەتەوە بووبێت، دەریانهاوێستبێت، چوونکە ئەوان سەردەمی پێش ئیسلام بە سەردەمی نەزانی/ جاهیلی، دادەنێن. هێندێک زانیاری سەردەمێکی پێش ئیسلامیش لە رێگەی گوتەی هاوسەرەکانی نامەهێنەری ئیسلام'' محەممەد'' ەوە زانراوە و نەسڕدراونەتەوە، ئەویش لەبەر ئەوەی رێزێکی تایبەتییان هەیە لە ناو ئیسلامدا. بەتایبەتیش عائیشە کە، وادیارە خۆشەویستترین هاوسەری پەیام هێنەری ئیسلام بووە. لە زاری عائیشەوە پێمان گەیشتووە کە چوار جۆر هاوسەرگیری هەبووە، دوانیان فرە هاوسەری بوون کە تێیدا هەردووک لا، پیاو و ئافرەت زیاتر لە یەک هاوسەریان هەبووە. هەر لایەنێکیش بۆی هەبووە کۆتایی بە هاوسەرگیرییەکەیان بهێنێت: ئافرەتان چاوەڕێیان کردووە هەتا پیاوەکە ماڵ بەجێدەهێڵێت و ئەوجا رووی خێوەتەکەیان کردۆتە لایەکی دیکە، کە پیاوەکەش گەڕاوەتەوە و دەرگاکەی لێ گۆڕدراوە، نەچۆتە ژوورێ و زانیوێتی تەڵاقدراوە. وادیارە هەتا سەتەی حەوتەمیش ئافرەت رێزی هەبووبێت بەڵام لەوێ بەدواوە بەشداری بڕیاری خێڵیان نەکردووە. . . . مێرلن فڕێنچ بەرگی یەکەم ل 247
پێش هاتنی ئیسلام، مەککە لەلایەن خێڵی قوڕەیشەوە کە خێڵە گەورەی ناوچەکەبووە حوکمڕانی کراوە. نێوەندی بڕیاردانیش کۆمەڵێک راوێژکاری پیاو بوون، پیاوی قوڕەیش پێش هاتنی ئیسلام رێگەی رادەربڕینی لە ئافرەتان زەوتکردبو، هەر لەو سەردەمەشدا هاوسەرگیری خزمی نزیک'' ئامۆزا و پوورزا و خاڵۆزا'' کاندا سەری هەڵداوە بۆ ئەوەی سامان لەناو خێزاندا بهێڵێتەوە. خێڵ ملی بەرەو پاتریلینی ناوە و دواتریش بەرەو پیاوسالاری، لێرەوە دەردەکەوێت کە پێش هاتنی ئیسلام پیاوسالاری بەڕێوە بووە.
پەیامهێنی ئیسلام، محەممەد؛ لەسەردەمی گۆڕانکاریێکی گەورەی ناوچەکەدا لە دایک بووە، بەشێک لە خێڵەکان دەستبەرداری ژیانی رەوەندی ببوون و لەسەرەتای دامرکان و پێکهێنانی شارستێنی و بازرگانیدا بوون، لەو سەردەمەی نیوەدوورگەی عارەبیدا، مەککە و یەثروب'' مەدینەی ئێستا'' گەورەترین شاری نیوە دوورگەکە بوون. لە بنەمادا کۆمەڵگەی خێڵەکی دیمۆکڕاتیترە لە کۆمەڵگەی شارستێن، لەبەر ئەوەی خاوەنداریێتی تێیدا خاوەنداریێتی گشتییە، وەلێ لە کۆمەڵگەی شارستێندا ئەو جۆرە خاوەنداریێتیە ناچێتە سەر.
پیاوانی شاری مەککە فرە هاوسەر بوون، وەلێ ئافرەتانیان بەزۆری تاک هاوسەر بوون، بەڵام هێشتان ئافرەتانی مەککە، میراتگر بوون، خاوەنی مڵکاێتی بوون و بازرگانیشیان کردووە. لە مەدینە ئافرەتان لە بواری سیکسوالێتیدا تەواو ئازاد بوون. بەڵام کۆمەڵگەکە بەرەو پیاوسالاری بەڕێوەبوو: هێندێک لە خێڵەکان کچە نەویستەکانیان زیندەبەچاڵ کردووە، زۆر پیاویش ژنیان داگیر کردووە، وەلێ زۆربەی پیاو هاوسەرەکانیان کڕیوە. لەو سەردەمەدا لە مەدینە ئافرەت، دەکڕدرا و دەفرۆشرا.
محەممەد: لە پەلێکی بچووکی قوڕەیش لە دەورووبەری ساڵی 570 ی پێش سەردەم لەدایک بووە. لەسەردەمی لاویێتییدا، کاری بازرگانی لەنێوان مەککە و سوریادا بۆ ئافرەتێکی دەوڵەمەند'' خەدیجە'' کردووە. وەک دەردەکەوێت خەدیجە بۆخۆی راستەوخۆ داوای هاوسەرگیری لە محممەد کردووە. هەتا خەدیجەش لەژیاندا بووە پێغەمبەر، ژنی بەسەر نەهێناوە و دوای مردنیشی هەر رێزی لای ماوە.
وەک چۆن لە مەسیحاێتییدا ئافرەتان پێشەنگ و پشتگیری بڵاوکردنەوەی ئاینەکەبوون. لە ئسلامیشدا، خەدیجە جێگەیەکی دیاری هەیە، خەدیجە پشتگیری پێغەمبەری کرد و هەموو سامانی خۆی خستە خزمەتی ئاینەکەوە، خۆ لەوانەبوو ئەگەر خەدیجە ئەو پشتگیرییەی محەممەدی نەکردایە، ئیسلام نەکەوتایەتە سەرپێ. وەلێ بەداخەوە وەک دەبینین، ئیسلامیش هەر وەک مەسیحاێتی پاداشتی ئافرەتی داوەتەوە. لەسەرەتای سەرهەڵدانی ئاینەکەدا بەزۆری ئافرەتان پڕواهێنەری بوون، یەکەمین کەس خەدیجە بوو، دووهەم کەس عەلی زاوای بوو، ئەوجا پوورەکانی '' سەفیە، عەتیکە، عەڕوە'' لەگەڵ هەموو ناحەزیەکانی پیاوەکانی ناو خێڵەکەی خۆیان بێ باکانە پشتگیرییان کردوە. رەملە'' ام حەبیبە'' کە یەکێک لەوانەبوو زوو بڕوای هێنا، بەدڵسۆزی بۆ پێغەمبەر مایەوە و دواتریش شووی پێکردوە لەگەڵ ئەوەشدا کە'' ئەبوو سوفیان'' ی باوکی سەرکرداێتی بەرەی دژی پێغەمبەری دەکرد. سۆدەی کچی قوڕەیز، عوسمانی هێنایە سەر ئاینەکە، فاتیمەش، عومەری برای'' عومەر بن الخەتتاب'' ی کردە موسڵمان، ئەو پیاوانەی بوونە هاوەڵی پێغەمبەر و سەرکردەی ئیسلام دوای مردنی پێغەمبەر. زۆر ئافرەتی مەدینەش بەبێ مێردەکانیان بوونە ئیسلام، ئافرەتی وەک'' ئوم سولەیم'' کە بەشداری شەڕی'' ئوحود و حونەین'' ی کردووە و شووی بە'' ئەبوو تەڵحە'' نەکردووە هەتا نەبووەتە ئیسلام. . . . . Stern, Gertrude p - 290 - 305
خۆ ژیانی'' ئوم کەلسووم'' یش چیرۆکێکە بۆخۆی، وێ یەکەم ئافرەتێکی لاوی خوێندەواری قوڕەیش بوو کە لەگەڵ محەممەد کۆچی کردووە بۆ مەدینە و دواتر یەک لە دوای یەک شووی بە چوار هاوەڵی پێغەمبەر کردووە.
جوولەکایێتی و مەسیحایێتی دوو ئاینی تاکپەرست و ناسراو و بڵاو بوون لە عارەبستان، محەممەدیش رێزی هەبوو بۆیان. پێغەمبەری ئیسلامیش نەریتی فرە خواپەرستی عارەبی گۆڕی بە تاک پەرستی عارەبی. ئەڵڵا- اڵڵا، ناوی خودایەکی تایبەت نییە، بەڵام لە زمانی عارەبیدا واتایەکە بۆ'' خودا'' ئیسلام مانای'' ملکەچی بۆ خودا/ ئەڵڵا'' و رەتکردنەوەی هەموو خوداکانی دیکەیە. محەممەد ناوی ئیسلامی بۆ هەموو تاکپەرستەکان - ئیبڕاهیم، لۆت، عیسا و هاوەڵانی و مووسا، بەکارهێناوە و زۆریشی لە مەسیحایێتی و جوولەکایێتییەوە وەرگرتووە. بەلای وییەوە، تەوڕات و ئینجیل، لەلای خوداوە نێردراون، ئەو بەمەسیحایێتی و چوولەکایێتی گوتووە'' ئاینی کتێب'' و ئەوانەی دواشیان کەوتوون'' خەڵکی کتێب''
ئیسلامیش وەک هەردووک ئاینی مەسیحایێتی و جوولەکایێتی بڕوای بە؛ لێپرسینەوەی ئەوەدنیا، راستبوونەوەی جەستە دوای مردن و هەبوونی فریشتە هەیە. وەک ئەوانیش دژی گزی سێکسی/ زینایە و ئەوەشی گوتۆتەوە کە سەر راستی و ئاگاداری هەژارانیش لەوەدنیا پاداشتی هەیە. ئەو گوتووێتی، عیسا پەیامهێنەر بووە نەک خودا. بەڵام ئیسلامیش وەک مەسیحایێتی، یونیڤێرساڵ و توندڕۆ بووە لە وەرگێڕانی خەڵکدا.
لەوەدەچێت لەسەرەتاوە، محەممەد بەنیازی داهێنانی ئاینێکی نوێ نەبووبێت، بەڵکو زیاتر لەوە دەچێت بەنیازی داڕشتنی مۆڕاڵێک بوبێت بۆ عارەب. ئەو لەسەرەتاوە نامەیەکی سادەی گەیاند و گوتی تەنها یەک خودا هەیە وبڕوا و سەرڕاستی مۆڕاڵی شتێکی باشن، دەستگیری و پارە خۆشویستن ناشرینن، لە لێپرسینەوەی ئاسمانیش رزگارمان نابێت. لە هەمان کاتیشدا نەریتێکی پەرستنی داڕشت کە بریتیی بوو لە، نوێژ، رۆژوو، سەردانی مەککە/ حەج. هەتا ئێرە کێشەی لەگەڵ قوڕەیشییەکاندا نەبوو، کێشە لەوێوە دەستی پێکرد کە هێرشی کردە سەر مۆڕاڵی قوڕەیشییەکان و بازرگانە دەوڵەمەدەکانی قوڕەیشی لەخۆی ورووژاند. پێغەمبەر؛ بە چەند ئایەتێک دوورەپەرێزیی لە پەرستنی سێ مێینە خوداکانی قوڕەیش، کچەکانی خودا'' ئەللات، مەنات و ئەل- عوززە'' راگەیاند. لەو کاتەوە کە پێغەمبەر کچەکانی خودای رەتکردەوە و گوتی'' ئەگەر پیاوان بتوانن کوڕیان هەبێت، بۆ دەبێت خودا کچی هەبێت؟ بوو بە دووژمنی خێڵی قوڕەیش، ئەویش نەک لەبەر رێزگرتن لە ئافرەت، بەڵکو لەبەر رەتکردنەوەی خوداکانیان.
دوای مردنی'' ئەبو تالیب'' ی مام و پارێزەری محەممەد، پەنای بردە بەر خەڵکی مەدینە/ یەسروب. ئەویش پاش بینینی سێ کەس؛ پیاوێک و دوو ئافرەت'' ئوم عومارە و ئوم مانی'' سوێندی دان کە پشتگیری بکەن، بەڵام بەڵێنی پشتگیری سەربازیشی لە پیاوەکە وەرگرت. شاری مەدینە لە بنەڕەتەوە شاری عارەبە جووەکان بووە و دواتر، ژمارەیەکی عارەبی پۆلیسیەست/ فرەخواناس روویان تێکردووە. لەسەردەمی گەیشتنی پێغەمبەردا، لە سەر دەسەڵات پێکدادان لە نێو دوو تیرەدا لە ئاردابوو. لایەنی سیکیولاری شارەکە پێغەمبەریان وەک نێوبژیوانێک پەسەند کردووە، نەک وەک سەرکردەیەکی ئاینی. بەڵام پێغەمبەر هەر کە جێگەی خۆی توند کردووە، رێبازی سیاسی خۆی گۆڕیوە. ئەو رێوجێ و یاسایانەی لەوێ دایڕشتن، دواتر بوون بە بەشێک لە قوڕئان کە هێندێکیان'' ناسیخن'' – بەواتای ئەوەی هێندێک ئایەتی پێشتر دەسڕنەوە. لێرەوە دەسەڵات بووە سیۆکڕاسی ئیسلام، ئەویش وەک پاپا کاسۆلیکەکانی هاوچەرخی، پشتی بە هێزی میلیتاری بەست. بە پێچەوانەی میلیتاریزمی مەسیحایێتییەوە کە پێچەوانەی فیلۆسۆفیاکەیەتی و ئاین و دەوڵەت لێک جیادەکاتەوە. میلیتاریزمی ئیسلام داخوازییەک بوو بۆ سەپاندنی بڕواکەی. ئەوەبوو پێش مردنی خۆی، دەوڵەتێکی ئیسلامی دامەزراند و بە گەیشتنی ساڵی 632 ی سەردەم، زۆربەی نیوەدوورگەی عارەبی کرابووە ئیسلام.
هەرچەندە لە ناو ئایەتەکانی قوڕئان و شەریعەی ئیسلامیشدا جیاوازییەکی گەورە لەنێوان ئەرک و مافی نێر و مێدا دەبینرێت و بەلای پیاودا دایدەشکێنێت هەتا دەگاتە بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت، بەڵام ژیاننامەی خودی پێغەمبەر ئەو توندوتیژییەی تێدا بەدی ناکرێت و هاتنی ئافرەتان بۆ سەر ئاینی ئیسلام بەلای پێغەمبەرەوە زۆر گرینگ بووە، ئیسلام بوونی هیچ ئافرەتێکیشی رەت نەکردۆتەوە، لەسەر ئافرەتیش پەیمانی لەگەڵ قوڕەیشییەکاندا شکاندووە. وەلێ دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر، پیاوە ئیسلامەکان لەناوخۆیاندا مشتومڕی ئەوەیان بووە، ئایا پێغەمبەر دەستی ئافرەتی گرتووە و لەناو هەمان جامی ئاودا دەستی لەگەڵ شوشتوون، وەک لەگەڵ پیاودا کردوێتی؟ ئەو جۆرە مشتومڕە ئەوە دەردەخات کە، یان هەڵسوکەوتی پیاوان دوای پێغەمبەر بەرامبەر ئافرەتان گۆڕاوە، یان پێغەمبەر زیاتر لە ئەندامانی خێڵەکەی ئافرەتی قبووڵ بوە.
ئافرەتان بەشداریی هەموو شەڕەکانی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئیسلامیان کردووە. لە شەڕی'' ئوحود'' دا عائیشە ی ژنی پێغەمبەر، ئاوی بردووە بۆ شەڕکەرەکان، ئافرەتانی ئیسلام کراسیان تا سەرو قولەپێیان هەڵکردووە و بریندار و مردووەکانیان لە گۆڕەپانی شەڕدا گواستۆتەوە، لە شەڕی قوڕەیشدا هێندێک ئافرەت مێردەکانیان سوێند داون کە رانەکەن و هەتا مردن بجەنگێن. ئوم عومەرە، هەمیشە لەگەڵ مێرد و کوڕەکانیدا چۆتە شەڕەوە و زۆر جاریش بریندار کراوە و لە شەڕی'' عەقەبە'' شدا دەستێکی لەدەست داوە. ئوم حەکیمی تازە بووک لە شەڕی'' مەرج ئەل سەففار'' دا کە دەبیستێ مێردەکەی کوژراوە، کۆڵەکەی خێوەتێک دەگرێتە دەست و حەوت سەربازی بیزەنتی دەکووژێت. وەلێ بەداخەوە کە ئیسلامی ئەمڕۆ باسی ئەبەردی ئەو ئافرەتە موسوڵمانانە ناکات و هەمووی پەردەپۆش کردووە.
ئافرەتیش هەبوون دژی ئیسلام جەنگاون، زۆر ئافرەتی هۆزانڤانیش دژی بیروڕای پێغەمبەر وەستاونەوە و گاڵتەیان پێ کردووە، پێغەمبەر زۆر لە دەمی'' ئەسما بنت مەڕوان'' ترساوە، زۆریشی پێ خۆشبووە کە کوشتوویانە. هیندی کچی عوتبە'' هیند بنت عوتبە'' ش ئافرەتێکی رێزداری قوڕەیش بووە کە شووی بە '' ئەبو سوفیان '' ی سەرکردەی سوپای قوڕەیش کردبوو، لەشەڕی بەدردا، باب و براو مامی دەکوژرێن، ئیدی داوای تۆڵە دەکات. ئەو ئافرەتە ساڵی 625 یەکێک بووە لەو 25 ئافرەتەی لە شەڕی ئوحود دا، بەگۆرانی گوتن و سەماکردنەوە سەرکرداێتی لەشکریان کردووە. کاتێکیش هەمزەی مامی پێغەمبەر دەکوژرێت، پەلاماری دەدات و سنگی هەڵدەدڕێت، جگەری دەردێنێت و گازی لێ دەگرێت.
وادیارە نەریتی ئەو سەردەمە، هێندێک ئازادی رادەربڕین و هەڵسوکەوتی بە ئافرەتی ئازاد دابێت، وەلێ ئافرەتی کۆیلە بۆی نەبووە بەبێ بڕیاری خاوەنەکەی وەرگەڕێتە سەر ئاینێکی دیکە. یەکەمین شەهیدی ئیسلامیش ئافرەتێکی کۆیلە'' سومەییە بنت خوببات'' بووە کە خاوەنەکەی ئەشکەنجەی داوە هەتا کوشتووێتی بۆ ئەوەی واز لە ئاینە نوێکەی'' ئیسلام'' بهێنێت. جگە لە کۆیلەکان، ئافرەتی ئازادیش لەسەر ئاینەکە ئەشکەنجە دراون. هەرچەندە ئەو دەنگوباسەی سەرەوە دەربارەی ئافرەتان لە سەرچاوەی بڕواپێکراوەوە دا نەکەوتوون، بەڵام جەماوەریێتی سەرگورشتەکان ئازاێتی ئافرەتانی ئەو سەردەمەی ناوچەکە دەردەخات.
هەتا خەدیجە لەژیاندابوو، پێغەمبەر'' مۆنۆگەم'' بوو- بەواتای تەنها یەک هاوسەری هەبوو کە خەدیجە بوو، بەڵام دوای مردنی خەدیجە، پێغەمبەر جاڕی فرەهاوسەری پیاوی دا'' یەک، دوو، سێ، چوار و - او ماملکت ایمانکم'' بەڵام بۆخۆی بە چوار ژنیشەوە نەوەستا، لە راستیدا هەتا ئێستاش روون نییە کە پێغەمبەر چەند ژنی هێناوە، لەبەر ئەوە شارەزاکان لەو بڕوایەدان کە خەدیجە پەیمانی تاک هاوسەری لە پێغەمبەر وەرگرتبێت هەتا لەژیاندابێت. هەنگاوێکی دیکەی پێغەمبەری ئیسلام نای، یاساخکردنی هاوسەرگیری نێوان موسوڵمان و نا موسوڵمان بوو، ئەوەش لە خۆیدا جۆرێکە لە سەندنەوەی ئازادی هاوسەرگیریی. ئیسلام لەسەردەمی ژیانی پێغەمبەرەکەیدا کەمتر'' میسۆجێنیست'' بەواتای کەمتر رقی لە ئافرەت بووە، وەک دوای پێغەمبەرەکەی. بەڵام پێغەمبەریش کاریگەریی میسۆجێنی کولتووری سەردەمەکەی خۆی لەسەر بووە.
هەرچەندە ئاینی ئیسلام وەک مەسیحایێتی، بەتایبەتیش باڵی کاسۆلیک، هێڕاڕکی/ دەسەڵات لەسەروەو بۆ خواروە، نییە، بەڵام، ئیمام و خەتیب و مەلاکان بەشێوەیەکی گشتی پلە و رێزێکی تایبەتییان هەیە. لە سەردەمی پێغەمبەریشدا تەنها دوو ئافرەت، پێشنوێژییان کردووە'' ئوم سەلامە، پێشنوێژی ئافرەتانی کردووە، وەلێ ئوم وەرەقە پێشنوێژی خێزانی خۆی بە پیاوەکانیشەوە کردووە'' لەیلا ئەحمەد: شارەزای ئیسلام، لەو بڕوایەدایە کە پێغەمبەر، دوای شەڕی ئوحود کە، دەرگای مەککەی بۆ کردەوە و ئافرەتانیش رۆڵێکی گەوریان تێیدا بینییوە، بەرەو سنووردارکردنی ئافرەتان رۆیشتبێت، ئەویش لە ئەنجامی ئێرەبەرێیی بووبێت پێیان، بەتایبەتیش بە عائیشەی هاوسەری کە گوتار و کرداری وەک یەک ئازاد بوون. . . . مێرلین فڕێنچ بەرگی یەکەم ل 258
کارێکی دیکە کە لەسەردەمی پیریدا پاڵی بە پێغەمبەورەوە ناوە، ئافرەت سنووردار بکات، دەست تێکەڵکردن بووە لە کاتی نانخواردندا. لەو سەردەمەدا کە لەناو عارەبدا میوان و خانەخوێ پێکەوە نانیان خواردووە، بێگومان لە خوانێکی وەهادا، دەستی میوان بەر دەستی خانەخوێ دەکەوێت، لەوانەیە دەستی عائیشە بەر دەستی عومەر کەوتبێت. بەلام '' نادیە ئاببۆت'' کە شارەزاێکی دیکەی ئیسلامە، لەو بڕوایەدایە کە کرداری پێغەمبەر بەرامبەر ئافرەتان، دوای مارەبڕینی لەگەڵ ژنە تەڵاقدراوەکەی زەیدی کوڕی خۆی'' زەینەب بنت جەحش'' ە وە دەستی پێکردووە. وێ لەو بڕوایەدایە کە هەستی تاوانباری پاڵی پێوەناوە نەک ئێرەبەرەیی. لە مێژووی ئیسلامدا دیارە کە'' عومەری کوڕی خەتتاب'' کاریگەریی لەسەر پێغەمبەر هەبوە، عومەریش زۆر توندوتیژ بووە لەگەڵ ئافرەتاندا و لە ژنەکانی خۆی داوە و گوایە عوموەر داوای لە پێغەمبەر کردووە کە ژنەکانی پەچە/ پەرچە پۆش بکات و لە حەرەمی ماڵدا توندیان بکات. لەسەرەتاوە تەنها ژنەکانی پێغەمبەر پەرچەیان پۆشیوە، وەلێ دواتر بوو بە نەریتێکی ئیسلام.
لەبنەمادا؛ پەرچەپۆشین لە داهێنانی خودی ئیسلام نییە، نزیکەی دوو هەزار ساڵ پێش ئیسلام، لەناو ئاسوورییەکاندا باو بووە، لە ئیمپڕاتۆریای ئاسووریدا، ئافرەتی رێزدار لە دەرەوەی ماڵ، پەرچەی پۆشیوە. یەکەمین پۆشاکێک سەرتاپای ئافرەتی داپۆشیوە، لە شاری'' زەنوبیا'' لەسووریای ئێستا هاتۆتە ئاراوە. پەرچە پۆشین لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریاکانی، رۆم، بیزانتین و ئێرانیشدا هەبووە.
سەپاندنی پەرچە'' پەرچە و عەبا'' دەستتێوەردانی پیاوسالارییە لە ئاین و کولتوور و مێژووش، هەر ئەو دەستتێوەردانەش بوو دواتر شێوەی پۆشاکی بۆ ئافرەتان لە هەموو دنیای ئیسلامدا داڕشت. بۆ نەگبەتیش لەبەر ئەوەی لە گۆمەڵگە ئیسلامیە کۆنەخوزەکاندا؛ ئافرەت، بووەتە سیمبۆڵی'' شەرف'' ی خێزان، پەرجە پۆشین بەپێی شەریعە سەپێندراوە. هەڵسوکاوت و پۆشاک و دەرکەوتنی ئافرەت لە کۆمەڵگەدا هەتا ئێستاش لە شەریعەدا مشتومڕی لەسەرە. زاراوەی'' حیجاب'' کە مانای - نەدیکەر/ پەردە، دەبەخشێت، حەوت جاران لە قوڕئاندا هاتووە، بەڵام تەنها یەک جاریان بۆ ئافرەت بەکارهێنراوە و ئەویش تەنها مەبەستی ژنەکانی پێغەمبەرە. ( یاایوها اللذین امنوا لا تدخولوا بیوت النبی . . . واذا سالتموهن متاعا فسئلوهن من وراء حجاب . . . هتد) سوڕەتی '' الاحزاب'' ئایەتی 53
ئەم ئایەتە ئایبەتە بە هاوسەرکانی پێغەمبەر و گشتگیرنییە. ئەمە هەوڵێک بووە لەلای محەممەدەوە، سەربەخۆییەک بۆ خێزانەکەی دابین بکات، بەڵام نەشی ویستووە لە خەڵکەکە دوورکەوێتەوە.
قوڕئان شێوەیەک سەنگیینی بۆ نێر و مێ تێدایە، لە'' سوورەت'' ی '' النور'' ئایەتی 30 و31 دا، باسی سەردانەواندن و خۆڕاگرتن دەکات، باسی ئەوەدەکات کە ئافرەت نابێت خشڵ وجوانی خۆی دەرخات و جگە لە بەردەم خزمی زۆر نزیکی نەبێ، دەبێت بەسەرپۆشەکانیان سینەشیان داپۆشن، هەروەها لە سووڕتی'' الاحزاب'' ئایەتی 59 دا، باسی خۆداپۆشینی ژنەکانی پیغەمبەر و ئافرەتی موسوڵمان دەکات.، Islam، History, Faith, and Politics, p 256
ئەو جۆرە خۆداپۆشینەی لە قوڕئاندا هاتووە بووەتە هۆکاری داهێنانی جلوبەرگی سەیر و سەمەرە و لە زۆر کۆمەڵگەی ئسلامیدا ئافرەت وا پێچراوەتەوە کۆنی چاویشی نابینی. نێر و مێ لە یەکدی دوور خراونەوە، لە قوڕئاندا جیاوازیی و ناڕەوایی بەرامبەر بە ئافرەت بە ئاشکرا دیارە و هەستی پێ دەکرێت. بەڵام قوڕئان هیچ رەواییەکی بە جیاکردنەوەی نێر و مێ نەداوە کە ئێستا لە زۆربەی وڵاتە ئیسلامییەکاندا پیادە دەکرێت.
هەر زوو دوای دوورخستنەوەی هاوسەرەکانی خۆی لە پیاوانی کۆمەڵگەکەی، محەممەد، مزگەوتی لە ئافرەتی عوزردار یاساخ کردووە، ئەوجا نوێژیشی لە ئافرەتی بەعوزر یاساخ کرد و وردە وردە هەڵسوکەوتی تایبەتی بۆ ئافرەت داڕشتووە، وەک ئەوەی کە نابێت لە کاتی نوێژدا سەریان پێش ئیمام بەرزبکەنەوە، دەبی لەپێش پیاوانەوە لە مزگەوت دەرچن، لەکاتی نوێژدا دەبێ وا خۆیان بپێچنەوە کە هیچ شوێنێکیان دیار نەبێت. هەرچەندە لە سەرەتای بڵاوکردنەوەی ئاینەکەدا، محەممەد؛ هەتا ئاستێک نەرم بووە لەگەڵ ئافرەتاندا، وەلێ کە پێگەی ئاینەکەی توند بووە، ئەویش پشتیکردۆتە ئافرەت و هەموو ئەوەی لەبیر کردووە کە ئافرەت لە پێناو ئاینەکەیدا کردوێتی. محەممەد گوتووێتی؛ هیچ باشەیەک لە کۆبوونەوەی ئافرەتان، جگە لە مزگەوت و پرسەدا، ناێتەدی. هەروەها زۆر جاران دووپاتی کردۆتەوە کە( زۆر پیاوی بێ خەوش هەن، بەڵام جگە لە مریەمی کچی عیمڕان، دایکی عیسا و کچەکەی فیرعەون کە مووسای رزگارکرد'' هیچ ئافرەتێکی دیکەی بێ خەوش نییە. ) کاتێکیش دەبیستێت ئافرەتێک پادشایێتی ئێران دەکات دەڵێت'' ئەو کەسانەی ئافرەتێک دەکەنە بەڕێوەبەری خۆیان، یان بەدبەختن یان پێنەگەیشتوون'' . . . . . . فڕێنچ بەرگی یەکەم ل 260
لەگەڵ ئەوەشدا کە پێغەمبەر، نیوەی میراتی نێرینەی بۆ ئافرەت بڕیوەتەوە و کارێکە ئیسلام شانازی پێوە دەکات، بەڵام شووکردنەوەی هاوسەرەکانی دوای مردنی خۆی یاساخ کردووە، هەمو سامانی کە هەیبووە کردوێتییە خێر و هیچی بۆ هاوسەرەکانی بەجێ نەهێشتووە.
هاوسەرەکانی، بە پەرچە پۆشی، سنووردارکراو، بێ شووکردنەوە و بە نابوتی، بەجێ هێشتووە. ئەبووبەکر؛ نەیهێشتووە فاتیمەی کچی پێغەمبەر هیچ میراتێکی باوکی دەستکەوێت.
ئیسلام، دوای پێغەمبەرەکەی
بە نزیکەی سی سالڵان دوای مردنی پێغەمبەری ئیسلام، خەلیفەکانی کە. بە'' خولەفای راشیدین'' ناسراون، بە شەڕوشۆڕ، هەموو رۆژهەڵاتی نێوینیان داگیر کرد. لەو شەڕانەدا، ئافرەتان دەستێکی باڵایان هەبووە، هێندێکیان سەرکرداێتی هێز و باوەڕی'' نوێ'' یان کردووە دژی ئیسلام، ئیسلام ئەوانەی بە'' پەیامبەری درۆزن false prophets '' ناوبردووە. زۆر سەرەک خێڵ بەهۆی خودی پێغەمبەرەوە لەدەوری ئیسلام کۆبووبوونەوە، کە پێغەمبەریش مردووە، پاشگەز بوونەوە، بۆ نموونە خێڵی'' تامیم'' لەسەر ئیسلام بوونە دوو بەش، بەشێکیان خۆیان لە ئیسلام دابڕی کە '' سەجای کچی ئەوس/ سجا بنت اوس'' سەرکرداێتی دەکردن، سەجا بەخۆی و لەشکریەوە رووی کردە'' یەمامە'' کە ئاینێکی دیکەی دژی ئیسلام'' ڕەب ئەلسەڕاب/ رب ال سراب'' تێیدا بڵاو بوو، ئافرەتێکی دیکەی دژی ئیسلام جەنگاوە'' سەلمای کچی مالیک'' بووە، وێ شەڕکەرێکی لەشکرەکەی دایکی بووە، بەڵام کە لەشکرەکەیان شکاوە، ئیسلام دایکی سەلمای زۆر بە شێوەیەکی ناشیرین کوشتووە و سەلماش کراوەتە کۆیلەی عائیشەی هاوسەری پێغەمبەر. دواتر شووی بە خزمێکی پێغەمبەر کردووە. بەڵام سەلما، کوشتنی دایکی لەبیر نەچووە و لەبیری تۆڵەکردنەوەدا بووە، کاتێک مێردەکەی دەمرێت، دەگەڕێتەوە ناو کەسوکاری و بەسواری وشترەکەی دایکییەوە سەرکرداێتی لەشکر دەکات دژی ئیسلام و لەشەردا دەکوژرێت.
ئیسلام کۆمەڵێک ئافرەت وەک'' سۆزانییەکانی حەزرەمەوت'' ناودەبات. ئەوانە کۆمەڵە ئافرەتێک بوون کە بە بیستنی مردنی پێغەمبەر خۆشحاڵ بوون و ئاهەنگیان گێڕاوە، ئەوانە میلیتار نەبوون، وەلێ کە'' ئەبوبەکر'' ئەوە دەبیستێت، لەشکرێکیان دەکاتە سەر، دەیانگرن و دەستی هەموویان دەبڕن و کارێکی وەهایان پێ دەکەن کە مێژوونووسانی والێکردووە بیر لەوە بکەنەوە ئەو ئافرەتانە، ئاینێکی گەورەیان هەبووبێت یان شۆڕشیان کردبێت. . . . . بڕوانە Smith. p 19 - 37
ئەبوبەکر، لەو بڕوایەدابووە کە ئاینەکەی محەممەد، بنچینەی دامەزراندنی دەوڵەتە و لە هەوڵی ئەوەشدا بووە. وەلێ ئەبوبەکر تەنها دوو ساڵان خەلیفە بوو. دوای ئەو عومەر هات. لەو کاتەشدا دەوڵەتەکە بەهۆی داگیرکردنی سوریا و عێڕاقەوە، دەوڵەمەند ببو. عومەر خۆشی بەو دەسەڵاتە زۆرە نەدەهات کە بێوەژنەکانی پێغەمبەر هەیان بوو، لەبەر ئەوە خەرجییەکی بۆ بڕینەوە و دەسەڵاتی لێ سەندن. هەرچی موسوڵمانیش نەبوو لە نیوەدوورگەی عارەبی وەدەر نان. یاسای نوێی داڕشت. لەو یاسایانەدا، سزای '' گزی سێکسی/ زینا'' بەردەبارانکردن بوو هەتا مردن. ئەو جۆرە سزایە زۆر پێش ئیسلام لەناو جوولەکەدا باو بووە و هەتا ئێستاش نەک وەک یاسا بەڵکو وەک دیاردەیەک، لەناو زۆر کۆمەڵگەی ئیسلام و کوردی ناموسوڵمانیشدا ماوە'' بەردەبارانکردنی دووعا بە نموونە''. هەر بەپێی ئەو یسایانەی عومەر هێنانییە ئاراوە، نەک هەر بێوەژنەکانی پێغەمبەر، بەڵکو هەمو ئافرەتێک، دەرگەی مزگەوتی لێ داخرا، رێگەی حەجی لە بێوەژنەکانی پێغەمبەر گرت و '' ئیمام'' ی نێرینەی بۆ پیاوان و ئافرەتان دەستنیشان کرد- لەو رێگەیەشەوە'' عائشە و ئوم سەلما'' ی لە ئیمامێتی ئافرەتان خست. ئالێرەوە لەسەر دەستی عومەر، مێژووی ئافرەت لە ناو ئیسلامدا کوێرکرایەوە.
دوای عومەر، عوسمان هێندێک لەو یاسایانەی عومەر دایڕشتبوون هەڵوەشاندەوە، رێگەی دا بێوەژنەکانی محەممەد بچنە حەج، جارێکی دیکەش دەرگای مزگەوتی بۆ ئافرەتان کردەوە. دوای مردنی عوسمان. عەلی کوڕی ئەبو تالیب، ویستی جێگەی عوسمان بگرێتەوە، وی لە سە ر رای ئەبوبەکر و عومەر نەبوو، ئەو بیریارییەکی سەربەخۆی دەربارەی سروشتی ئیسلام هەبوو. وەلێ عائیشە لێی راپەڕی و بە لەشکرێکەوە پەلاماری دا، ئەو شەڕە کە یەکەم شەڕی ناوخۆی ئیسلامە و بە '' شەڕی وشتر'' ناسراوە لەبەر ئەوەی عائیشە سواری وشتر بووە و وشترەکەی کوژراوە، ئیسلامی راچڵەکاند و کردی بە دو بەشەوە. لەسەر ئەو بنەمایەی کە پێغەمبەر هاوسەرەکانی سنووردار کردووە، لۆمەی ئەو شەڕە خراوەتە ئەستۆی ئافرەتێک'' ئەستۆی عائیشە'' لەبەر ئەوەی چۆتە شەڕەوە. وا بڕوا دەکرێت کە عائیشە بڕیاری پێغەمبەری شکاندووە و دۆڕانی شەڕەکەش بەلای باوەڕدارانی ئیسلامەوە باشترین بەڵگەیە. ئەو تاونبارکردنەی عائیشە کاریگەرییەکی گەورەی هەیە بۆ داپڵۆسینی ئافرەت لەسەردەمانی دواتری ئیسلامدا.
دوا ئەنجامی شەڕی عائیشە و عەلی، بە قەلاچۆکردنی بنەماڵەی عەلی و دامەزراندنی رێژیمی'' ئەمەوی'' بوو، رێژیمێک کە لەسەر بنەمای کۆیلاێتی چووەتە رێوە. پێش ئیسلام لەناو عارەبدا کۆیلاێتی هەبووە، ئیسلامیش تەنها کۆیلەکردنی موسوڵمانی رەتکردۆتەوە و دژی کۆیلەکردنی ناموسوڵمان نەبووە. ئیدی لەسەردەمی پەرەسەندن و داگیرکارییەکانی ئیسلامدا، کۆیلەیان لە هەموو وڵاتە داگیرکراوەکانەوە( لە رووسیا، ئەناتۆلیا، ئێران، میسر، یۆنان و ئافریکا و، . . . ئەوە باسی کوردستان هەر مەکە) راپێچی پێتەختی خۆیان کردووە. کۆیلەی نێر و مێ ئەزموونی جیاوازیان هەبوە، هێندێک لە کۆیلە نێرینەکان خەسێندراون لەبەر ئەوەی داواکاریی لەسەریان زۆر بووە بۆ ئەوەی حەریمی پیاوە دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارەکان بپارێزن، دەولەمەند و دەسەڵاتدارەکان هزری ئەوەیان کردووە کە پیاوی خەسیو، مەیلی پێوەندیی جنسی و تایبەتی ناکات. لەو سەردەمەی ئیسلام بەدواوە هەتا کۆتایی رێژیمی عەبباسیانیش، ئافرەتی کۆیلە تەنها لە رێگەی جنس و وەبەرهێنانەوە لە کۆیلایێتی رزگار بووە. ئافرەتی کۆیلە، بۆ کاری ئاسایی، دەستی کار و پیشەی رابواردن، لە بازاڕەکاندا هەڕاج کراون. خاوەنە نێرەکانیان، مافی جووتبونیان لەگەڵیاندا هەبووە، ئەوجا ئەگەر کوڕێکی بووبێت لە خاوەنەکەی، ئەوا بووەتە'' ام ولد'' بەواتای دایکی کوڕ. ئەوکاتەش نەدەبوو بفرۆشانایە یان زایە بکرانایە و بە مردنی خاوەنەکانیشیان، ئازاد دەبوون. سەیر لەوەدایە کە لەسەردەمی ئەمەوییەکان بەدواوە، زۆربەی خەلیفەکانی ئیسلام کوڕی'' ئوم وەلەد'' بوون. رێگەدانی ئیسلام بە مارەکردنی کۆیلە، زۆر جاران بووەتە ئازادکردنی ئەو کچە کۆیلانەی بە منداڵی کڕدراون و گەێشتوونەتە تەمەنی شوکردن و منداڵبوون. ئیسلام بە کۆیلەکردن و کۆیلەداری یاساخ نەکردووە وەلێ بەڵێنی پاداشتی ئەوەدنیای بەوانە داوە کۆیلە ئازاد دەکەن. زۆر جاریش خاوەن کۆیلەکە مارەبڕییەکەی رێکخستووە و ئەرکی داراییەکەشی هەڵگرتووە.
بەشێوەیەکی گشتی، ئافرەتە کۆیلەکان بۆیان نەبووە پەرچە بگرنەوە - پەرچەگرتنەوە تەنها بۆ ئافرەتی ئازاد و ئافرەتانی فەرمانڕەواکان بووە. لەبەر ئەوەی لە ئیسلامدا، کۆیلە توانای گەیشنی بە ئازادی و ئاستێکی سۆشیالی بەرزتر هەبووە، هێندێک جار باوک کچی خۆی فرۆشتووە، بەتایبەتیش بە'' حەریم'' ی خەلیفە و پیاوە خانەدانەکان. ئەوجا ئەگەر ئەو کۆیلەیە بەختەوەر بووایە و ببوایەتە دۆستی هەرە خۆشەویستی خاوەنەکەی، ئەوا کوڕەکەی جێگەی باوکی گرتۆتەوە، ئەو ئافرەتە کۆیلانەی لە رووی سۆشیالی و رامیارییەوە پێشکەوتوون، توانیویانە کوڕەکانیشیان بەرز بکەنەوە، بۆ نموونەش هەر سێ دوا خەلیفەی خانەوادەی'' ئەمەوی'' یەکان دایکیان کۆیلە بوون. بەشێک لە مێژوونووسانی عارەب، رووخانی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەمەوی دەخەنە ئەستۆی ژنە کۆیلە و بانو دۆست/ قەپاتمە بێ مۆڕاڵە بیانییەکانیان، وەک ئەوەی ئافرەتی کۆیلە توانیبێتی مۆڕاڵی خۆی بپارێزێت !! هەرچەندە لە هێندێک دەوڵەتی ئیسلامیدا، ئافرەتانی دەستەی فەرمانڕەوا دەسەڵاتێکی زۆریان هەبووە، بەڵام ئافرەت بەشێوەیەکی گشتیی هەر ژێردەستە بووە. کۆمەڵگەی ئیسلامی هەتا ئێستاش کۆمەڵگەیەکی'' virilocal - ڤیریلۆکەڵ'' ە، بەواتای ئەوەی بووک دەگوازێتەوە بۆ ناو خێزانی مێردەکەی و لەگەڵ خەسو و خەزووریدا دەژی کە لەزۆر رووەوە دەبێ وەک ئافرەتی هیندی و چاینی/ چینی کە پێشتر باسمان کردن، ملکەچی خەسو و خەزووریان بن. ئافرەتی ئیسلامیش ناچارە زۆر خۆی بە کوڕەکەیەوە ببەستێتەوە. ئافرەتی چینی هەژار لە ئیسلامدا کە چینی زۆرینەیە، زۆر بە منداڵی بەشوو دەدرێن، بۆ ئەوەی ببنە کاڵایەکی دەستی مێردەکانیان، بێ ئازادی رادەربڕین و سەفەرکردن بە تەنها.
بە تێپەڕبوونی چاخەکان، دەستە و کۆمەڵی جیاواز لە ناوچەی جیاوازدا، بوونە دەسەڵات و حوکمڕانی سەربەخۆ، بە ئەوپەڕی جیاوازیی پاشخانی نەریتی نەتەوەییشەوە. عەبباسییەکان هەر بەناو عارەب بوون و یەکەم خەلیفەیان لە نەوەی مامی محەممەد بوو، کاربەدەست و شێوەی حوکمڕانیی سەردەمی عەبباسی، ئێرانی بوون. مەوریدەکان، بەربەر بوون، ئۆتۆمانەکان، تورک بوون، مەملووکەکان، پێشتر کۆیلە بوون. ئیسلامەکانی؛ تورک و مەغۆل و ئێرانی، کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی تەواو جیاوازیان لەوەی عارەب پێک هێنا. ئێرانییەکان لاقرتێ و سووکایێتییان بە عارەبەکان کردووە. کۆمەڵگەی ئیسلامیی ئێرانی، کۆمەڵگەیەکی فیلۆسۆفی و زانستکار بوو و لەسەردەمی عەبباسییاندا هونەر و ئاڕهیتێکتوورێکی تایبەتی هێنایە ئاراوە. بەڵام لە هەمان کاتیشدا خەلیفەکانی عەبباسی گەندەڵ بوون و جیاکردنەوەی ئافرەت و پەرچەیان هێنایەوە ئاراوە کە دواتر بە هەموو دنیای ئیسلامدا بڵاو بووەوە. دوای مردنی پێغەمبەری ئیسلام زۆری نەبرد، پێگە و ناوی ئافرەت لە ئیسلامدا کوێر بووە وە. مێژوونووس'' راشیدو دین''، لە سەتەی سێزدەدا مێژووێکی دنیای نووسی، بێ ئەوەی باسی ئافرەتی تێدا بکات هەتا هاتۆتە سەر باسی مەنگۆلەکان، ئەو کاتە داوای لێبووردنی لە خوێنەرەوەکانی کردووە کە دەبێ باسی ئافرەتیش بکات، بەڵام وەک'' عەورەت'' ناوی ئافرەتی هێناوە''
زۆر ئیسلام داکۆکی لەوە دەکەن کە ملپێکەچکردنی ئافرەت لە سەردەستی محەممەد نەبووە، بەڵکو دواتر خزێنراوەتە ناو کتێبە پیرۆزەکانەوە، ئەمە رەنگە هەتا ئاستێک راست بێت، بەڵام سنووردارکردنی ئافرەت، لە لایەن جیلەکانی دواترەوە، لە ترس و رقبوونەوە ونەویستنی حوکمڕانی ئافرەت، لە فێرکردنەکانی محەممەدەوە سەری هاڵداوە.
قوڕئان و حەدیس
بەلای هەموو ئیسلامێکی بڕوادارەوە، قوڕئان، ئەو گوتانەن کە خودا لە رێگەی جوبڕائیلەوە بۆ محەممەدی درکاندوون. پێش مردنی پێغەمبەریش دوا ئایەت دابەزیوە. دوای قوڕئان'' حەدیس'' و '' سووننە'' پیرۆزترین پێگەیان هەیە لە ئیسلامدا. حەدیس و سوننە پێشینەیەکی باشیان بۆ مشتومڕی پسپۆڕانی ئاین بە ئیسلام و نا ئیسلامیشەوە هێناوەتە ئاراوە. حەدیس و سوننە پاساو بە داهێنان دەدەن بەڵام بەو مەرجەی رەوایی هەبێت. یەک لە پسپۆڕە بیانییەکان'' باڕبڕە فڕێیەر Barbara Freyer'' لەو بڕوایەدایە کە هێندێک جار حەدیس هەڵبەسترابێت بۆ ئەوەی عارەبە ئیسلامەکان هەرسی ئیسلامبوونی داگیرکراوە خاوەن دابونەریتە جیاوازەکان بکەن. ئیسلام قوڕئان بە شتێکی نەگۆڕ دادەنێ، نەک حەدیس، لەبەر ئەوەش بۆچوونەکەی باڕبڕە، جێگەی تێڕامانە. بەڵام دەزانین کە قوڕئان و حەدیس، سەرچاوەی'' شەریعە'' ن، هەردووکیشیان مامەڵە لەگەڵ هەڵسوکەوتی ئافرەت و مارەبڕییش دەکەن. لەوانەیە گۆڕانکارییەکی زۆر لەدوای مردنی محەممەدەوە ساڵی 632 هەتا ساڵی 1500، روویدابێت، لەسەردەمی محممەد دا، هێندێک خێڵ ژنیان گرتووە- بەواتای ئەوەی رفاندوویانن و تۆزێک باشتر لە کۆیلە سەیریان کردوون، هێندێک خێڵیش ژنەکانیان لە سەرپەرشتکارەکانیان- باوک، مام، خاڵ، یان هەر خودی ژنەکانیان کڕیوە بە'' مەهر'' بەواتای هەقی مارەبڕی. لە کولتوورێکی ئاوەهادا، پیاو توانیویێتی بەپێی توانای بەخێوکردنیان، ژن بهێنێت، هەرکاتێکیش ئارەزووی گرتی، زۆر بە ئاسایی و بە سێپاتکردنەوەی'' تەڵاقت کەوتبێت'' لە هاوسەرێتی خۆی بخات. هێندێک خێڵیش، رێگەی خاوەنداریێتییان بە ئافرەت نەداوە و منداڵی مێیینەشیان کوشتووە. بە بڕوای بڕوادارانی ئیسلام، قوڕئان، ژیانی ئافرەتی باشتر کردووە.
بە بەراوردکردن لەگەڵ ئاینە گەورە و ناسراوەکان'' جوودیزم، ئاینی مەسیح، هیندویزم، و بودیزم'' ئیسلام بەچاوێکی باشتر و جوانتر سەیری ئافرەت دەکات و گەلێک لەوان زیاتر مافی پێ رەوا بینیوە. بەپێی قوڕئان، هاوسەرگیری رێککەوتنێکە لەنێوان ئافرەتێک و پیاوێکدا، وەلێ لە راستی و پڕاکتیک/ جێبەجێکردندا، رێککەوتنێکە لەنێوان دوو پیاودایە، لەو رێککەوتنەشدا، زاوا'' مەهر'' کە لە کوردیدا پێی دەڵێین'' مارەیی'' بەواتای هەقی مارەبڕی، بۆ هاوسەرەکەی'' بووک'' دەستنیشان دەکات و ئەگەر تەڵاقی دا، یان مرد، ژنەکەی مافی ئەو مارەبڕیەی هەیە و دەبێت بیدرێتێ . لە مەسیحاێتیدا، مارەبڕین پیرۆزە و تواندنەوەی نییە- تەڵاقدانی تێدا نییە'' هەتا ئەو رۆژەی مردن لێکمان جیادەکاتەووە'' ئەمە گوتەیەکە مەسیحییەکان لەکاتی هاوسەرگیرییدا دەیڵێن، مارەبڕیی قوڕئان، هاوسەرگیریی هەتا مردن نییە. بەپێی قوڕئان، ئافرەت، مڵکە، بەڵام مڵکێکی خۆشەویست، لە ئیسلامدا، ئافرەت کێڵگەیەکی پیاوە چۆنی بوێت ئاوا دەیکێڵێت'' نسائوکم حرث لکم . . . '' ئیسلام هاوسەرگیریی وەک کارێکی پیرۆز، وەک دیارییەکی خودا بۆ مرۆڤ سەیر دەکات کە هەردوو لای هاوسەر دەبێ یەکدییان خۆش بوێت و ئاگاداری یەکدی بن. کەچی لەولاشەوە رێگەی بە پیاو داوە چوار ژنی هەبێت بەو مەرجەی وەک یەک مامەڵەیان لە تەکدا بکات. بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایە ئەمە لۆجیکە و پیاو توانای پیادەکردنی راگرتنی ئەو هاوتاییەی هەیە؟ ئەوە لەکاتێکدا کە گلەیی لە پێغەمبەریش هەیە کە نەیتوانیوە ئەو هاوتاییە راگرێت. خۆ ئەگەر پیاو ئەو توانایەشی هەبێت، ئەی فرە ژنیی هەر ناکاتەوە ناهاوتایی نێوان نێر و مێ و لاسەنگکردنی تەرازووە سروشتییەکەی هاوتایی نێر و مێ؟
بەڵام ئەو راستییەش هەیە کە قوڕئان، مافی میراتگرتن و مامەڵەکردنی بە میرات و مارەبڕییەکەی بە ئافرەت داوە. بۆ بەکارهێنانی مڵک و ماڵەکەشی، پیاو، دەبێ پرس بە هاوسەرکەی بکات و خۆڕاک و پۆشاکیشی بۆ دابین بکات. لەو بڕوایەدام هەموو پیاێکی ئیسلام بەپێی توانای خۆی خۆراک و پۆشاک بۆ هاوسەرەکەی دابین دەکات، بەتایبەتیش، پۆشاک لەبەر ئەوەی'' عەورەیە'' و ئەگەر داپۆشراو نەبێت مێرد حەیای دەچێت.
قوڕئان: رێگیری لە منداڵکوشتن دەکات، ئەمە دەکاتەوە رێگیری لە کوشتنی مێیینە کە لەو سەردەمەدا باو بووە چونکە عارەب منداڵی نێری نەکوشتووە بەڵکو تەنها مێیینەکانی زیندە بەچاڵ کردوون. جگە لەوەش پێش ئیسلام لە تەڵاقدانیشدا هەر زوو دوا بەدوای ئەوەی پیاو رستەی'' سێ بەسێ تەڵاقت کەوتبێت'' ی سێپات کردۆتەوە، ژنەکەی لەماڵ دەرکردۆتە دەرەوە. بەڵام قوڕئان سێ مانگی داناوە بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئافرەتەکە سکپڕە یان نا. ئەگەر سکپڕ بێت، ئەوا پێکهێنانەوەی پیشنیاز کردووە. لێ وەک دەبینین، بێ سک پڕیش حیلە شەرعی دەکرێن و تەڵاق چاک دەکرێتەوە، هێندێک جاریش لە ناچاریدا روودەکەنە'' مارەبڕینەوە بە جاش'' . پێکهێنانەوەی هاوسەرگیری بە'' جاش'' کە ئافرەتەکە هیچ رایەکی تێیدا نییە، ئەوپەڕی بەکاڵاییکردن و سوکایێتییە بە ئافرەت. قوڕئان رێگەی بەوە داوە کە ئافرەت بەرامبەر وازهێنانی لە'' مارەبڕیەکەی'' داوای تەڵاق بکات. وەلێ کێشەی سەرەکی ئەوەیە کەزۆربەی ئافرەتانی ئیسلام ئاگادارنین لەو کەمە مافانەی قوڕئان بۆی پاراستوون، هەتا لە کاتی پێویستدا بەکاری بهێنن. لە ئاینەکانی هیندوویزم و بوودیزمدا رەوانی ئافرەت ناگاتە'' کەڕمە و نیرڤان و مووخشە'' کە هاوتای بەهەشتی ئیسلامن. وەلێ ئیسلام دەرگای بەهەشتی لەسەر ئافرەت دانەخستوە. '' قل انبئکم بخبر من ذلکم للذین اتقو عند ربهم جنات تجری من تحتها الانهار خالدین فیها وازواج مطهرە ورضوان اللە واللە بصیر بالعباد'' سوڕەتی ال عیمڕان ئایەتی 15، هەروەیا ئایەتی 23، لە سووڕەتی'' الحج''، بەپێی ئەو ئایەتانە دەرگای بەهەشت کراوەیە بۆ نێر و مێ. مەملووکەکان ئەو ئافرەتەی بەسەر منداڵەوە چووبێت بە شەهیدیان داناوە. لە زۆر ئایەتدا ئیسلام وەک یەک سەیری رەوانی نێر و مێ دەکات و هەر یەکەیان دەکاتە بەرپرسی مۆڕاڵی خۆی. ئیسلام وەک جوولەکایێتی و مەسیحایێتی، حەووا، تاوانبار ناکات لە وەدرنانیان لە بەهەشت بەڵکو بە خەتای هەردووک لا'' ئادەم و حەووا'' ی دەزانێت.
لەکاتێکدا کە قوڕئان هێندێک جوانی بۆ ئافرەت تێدایە، لە لایەکی دیکەوە زۆر بە کەمتری دەزانێ لە پیاو، لەبەر ئەوەی خودا هێندێکی پێ پەسەندترە لە هێندێکی دیکە و لەبەر ئەوەش کە'' پیاو سامانی خۆی بۆبەخێوکردنی ئافرەت سەرف دەکات'' ( الرجال قواموون علی النساء بما فضل اللـه بعضهم علی بعض . . . . . ) سووڕەتی نیساء ئایەتی 34
سەیریش لەوەدایە زۆر لەوانەی دەوروبەری پێغەمبەر و پێغەمبەر خۆیشی هەتا ئاینەکەی جێی خۆی گرت، ئافرەت بەخێوی دەکردن. سێسەت و پەنجا ساڵ دواتر. بەواتای لەسەتەی دەهەم و سەردەمی'' عەبباسی'' دا پیاوان ئەو ئایەتەیان بەکار هێنا بۆ رەوادانی خۆیان بە سنووردارکردنی هەڵسوکەوت و داڕشتنی ئەرک و چوارچێوەی رەوشتی ئافرەت، بۆ تەمبێ کردنیان و نەگونجاوییان بۆ بەڕێوەبردنی کاری دەوڵەت. دواتریش وەک زۆربەی ئاینەکانی دیکە، دەرگای کاری ئاینیشیان لەسەر داخرا. ئیدی پیاوی ئیسلام بوو بە بڕیاردەری ئافرەت، بە بڕیاری مارەبڕینیشیەوە. لەپێش ئیسلامدا، لێدانی ئافرەت لەناو خێڵە عارەبەکاندا باو بووە، پێغەمبەریش دژی نەوەستاوەتەوە بەڵکو ئاماژەی بەوە داوە ئەگەر ئافرەت گوێڕایەڵ نەبوو بۆ تەمبێ کردنی، لێشی بدەن، بەڵام ئەوەش هەیە لێدانەکەی سنووردار کردووە. محەممەد لەسەرەتای بڵاوکردنەوەی ئاینەکەدا پشتگیرییەکی لە ئافرەت کردووە، هەر وەک بەربەستکردنی کوشتنی کچی ساوا. بەڵام لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا کەم بەزەیی بووە پێیان. لە زۆر ئایەتی قوڕاندا بەڵێنی بەهەشتیبوون بە نێر و مێی موسوڵمان دراوە، وەلێ لە ئایەتەکانی'' 49 - 39'' ی سوڕەتی'' الصافات'' دا، وادەردەکەوێت کە ئافرەت بۆ دابینکردنی ئارەزووەکانی پیاو دەچێتە بەهەشت.
قوڕئان. ؛ جۆرێک'' مۆدێستیێتی'' تێدا هەیە، بە پیاو دەڵێت بەڕێی خۆیەوە بڕوات و چاو نەبڕێتە ئافرەت، بەڵام بۆ ئافرەتان'' مۆدێستیەکەی'' زۆر بەولاترەوە رۆیشتووە، '' قل للمومنات یغضضن من ابصارهن و یحفطن فروجهن ولا یبدین زینتهن الاماضهر منها ولیضربن بخمرهن علی جیوبهن ولا یبدین زینتهن الا لبعولتهن او، ، ، ، ، ، ، ، ، ، ، ، ، ، ، ، '' سووڕەتی نووڕ، ئایەتی 31 ئەم ئایەتە بە ئافرەت دەڵێ کە چاوی نەگێڕێت و شوینە دیارەکانی بپاریزێت بە سەرپۆشەکانیشیان خۆیان داپۆشن، جوانکارییەکانیشیان تەنها پیشانی مێرد و ئەوانە بدەن کە دەستنۆێژیان لێی ناشکێت وەک باوک و برا و هتد. بەڵام ئێمە نازانین لەو سەردەمەدا جوانکارییەکان چی بوون، جیوبهن، چ مانایەک دەبەخشێت ؟ ئێ خۆ'' خمر/ خیمار'' نە عەبایە و نە پەرچە، ئەی باشە بۆ ئێستا ئیسلام ئافرەتی ئاوا پێچاوەتەوە ؟
ئەو پرسیارەی کە دێتە پێشێ ئەوەیە کە جوانکارییەکانی ئافرەت چییە و لەو سەردەمەدا چی بوون ؟ بە گەیشتنی سەتەی دەهەمیش، فەرمانی چاونەگێڕی و سەیری بەرپێی خۆکردن بۆ ئافرەتان بو بەوەی کە'' سەیری ئەوە نەکەن کە خودا لێی یاساخ کردوون'' و هەموو ئەندامی لەشیان لەوانە بشارنەوە کە بۆیان نییە بیبینن ئەویش بە داپۆشین. لە سەتەی سیازدەدا جوانکاری ئافرەت، هوموو خشڵ و جلوبەرگی جوان، دەموچاو رازاندنەوەی گرتۆتەوە، ئیدی دەبێ هەمووی داپٶشرێت و کەس نەیبینێت. ئەوەش هەر ئەوە دەگەیەنێت کە ئافرەت تەنها بۆ مێردەکەی خۆی جوان دەکات، خۆ باوک و دایک و برا و خوشک، پێویستییان بە جوانی ئەو نییە.
ئیسلام ئەمر دەکات کە نێر و مێ، ئەو ئەندامانەی لەشیان کە جێگەی شەرمە داپۆشن، بەڵام لە سەتەکانی دواتردا، لەشی ئافرەت هەمووی کراوەتە جێگەی شەرم. ئێستا لەزۆر وڵات ئافرەتی ئیسلام کونی چاویشی دیار نییە.
ئەوەندە هەیە ئیسلام، وەک مەسیحایێتی دژی جنس نییە و پشتگیری هاوسەرگیری و وەچە خستنەوە دەکات. بەڵام حەدیسەکان وای دەردەخەن کە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئافرەتدا وردە وردە بەرەو توندی و رەقی رۆیشتبێت. هەتا سەتەی دەهەمیش ئافرەتی ئیسلام هاتوچۆی مزگەوتی کردووە، لەوێ بەدواوە دەرگای مزگەوتیان لێ داخراوە، ئەویش لەسەر ئەو مشتومڕەوی پیاوی ئیسلام کردووێتی کە لە چ حاڵێکدا ئافرەت نابێ بچێتە مزگەوت. ئەویش لەسەر بنەمایەکی هەتا بڵێی پڕوپووچ، گوایە ئەگەر '' سەگ و کەر- بێ بڕوا'' و ئافرەت'' لەکاتی نوێژکردندا لە نزیکەوە بەلای مزگەوتدا تێپەڕن، نوێژ بەتاڵدەبێتەوە. . . . مێرلین فڕینچ بەرگی یەکەم . . . . ل 281
بەبۆچوونی ئیسلام، ئافرەت هیچ وەختێک پاک نییە، میزی کچ لە میزی کوڕ پیسترە. ئافرەت سەرچاوەی جۆشدانی خراپەیە، هۆکاری فیتنەی ناو پیاونن، بەشی زۆری جەهەندەمیانیش ئافرەتن لەبەر بێ بڕواییان و سپڵەییان بەرامبەر مێردەکانیان، ئەوان لە سروشتدا کەم ئەقڵ و کەم مۆڕاڵ و نەفامی سیاسین. ئەو ئافرەتانەی ماڵیان بەجێدەهێڵن تاوانبارن، ئەوانەی وەک پیاویش هەڵسوکەوت دەکەن، نەفەرەت لێکراون، نووسەرانی حەدیسیش، کێشەی بە تەنیا سەفەرکردنی ئافرەت سەری لێ شێواندبوون بەڵام لە سەتەی چواردەدا سەفەری بێ مێرد یان چاودێرێکی نزیکیان لێ یاساخ کرا.
بەڵام دەبێ ئەوە بزانین کە یاسای ئاینی و شەریعە شتێکن و پیادەکردنیان شتێکی دیکەیە، ئاشکرا و روونە ئەو ئایەت و حەدیسانەی پیاو بەدڵی بووە پیادەکراون و ئەوانەی بەدڵی پیاویش نەبوون، پشتگوێ خراون. نیکی کێددی؛ کە شارەزایەکی ئیسلامە، لەو بڕوایەدایە کە ئافرەتی ئیسلام ئەگەر شووی بە ئامۆزایەکی نەکردبێت هێچ کات میراتی پێ نەدراوە وەک لە قوڕئاندا هاتووە. ئالێرەدا منیش ئاگادارم و دەڵێم؛ لەناو کوردەواریدا ئەگەر شووی بە ئامۆزاکەیشی کردبێت هەر میراتیان نەداوەتێ. نیکی کەددی، لەو بڕوایەدایە کە پیاو تەنها لە کاتێکدا پێڕەوی قوڕئانی کردووە کە فەرموودەکەی قوڕئانی پەسەند بووبێت، ئەگینا وەلای ناوە، بۆ نموونە دەربارەی'' زینا'' ی ئافرەت کە زۆر دژوارە بسەلمێندرێت، پیاو پشتگوێی ناوە. پیاوی ئیسلام لەو بڕوایەدایە، ئەو ئافرەتەی زۆر زۆر مۆدێستانە هەڵسوکەوت نەکات، ئارەزووی پیاو دەجۆشێنێ کە بۆی جڵەو ناکرێت. ئێ باشە کە پیاو نەتوانێت جڵەوی ئارەزووی خۆی بکات، بۆ تاوانەکەی بخرێتە ملی ئافرەت ؟ خۆ ئەگەر وەها بێت دەبێ کە پیاویش مۆدێستانە هەڵسوکەوت نەکات، ئافرەتیش ئارەزووی بجۆشێت و نەتوانێت جڵەوی بکات. ئەی ئەو کاتە کێ تاوانبارە ؟ !!!
لە ئیسلامدا؛ جووتبوونی نا شەرعی نێر و مێ، تەنها یەک مانای هەیە و پێویستیی بە سزایە. بە ڵام وادیارە بە پێچەوانەی قوڕئانەوە، ئافرەتی زیناکار، بەردەباران دەکرێت هەتا دەمرێ. ئەوەش کردارێکی کۆنی جوولەکەیە و ئەمڕۆ وەک کرداری ئیسلام ناسراوە، لەبەر ئەوەی لە زۆر کۆمەڵگەی ئیسلامدا پیادە دەکرێت'' ئەفگانستان بە نموونە'
ئەو خوو و نەریتەی ئیسلام کە لە زۆر کۆمەڵگەدا باوە، پیاو تێیدا، داهێنانێکی کردووە و پێی دەڵێ'' شەرەفی خێزان'' شەرەفی خێزان تەنها شانی پیاوان دەگرێتەوە، لە زمانی عارەبیدا پێی دەڵێن'' عیززەت'' ئەو شەرەفی خێزانە هێندە گرینگە بۆ ئاستی پیاو لە کۆمەڵگەدا کە نابێ کەس دەستی بۆ درێژکات، ئەوەی دەستیشی بۆ درێژکات، دەبێ بکوژرێت. بەڵام ئەوەی دەبێ ئەو شەرەفە بپارێزی، زەعیفەکەیە، ئەو ئافرەتەیە کە جێگەی بڕوا نییە. ئەمە جگە لە دووفاقی بیرکردنەوەی پیاوی ئیسلام هیچی دیکە ناگەیەنێ. ئینجا هەر مێیینەیەک بگاتە تەمەنی زاو و زێکردن، دەبێتە کەسێک کە دەشێ شەرمەزاری بەسەر شەرەفی خێزاندا بهێنێت و ئیدی ئەندامانی خیزان- پیاوەکان، دەبێ هەمیشە لە چاودێرییاندابن.
خوو و نەریتی پاراستنی شەرەفی خێزان، دیارییەکی ئاسمانییە بۆ فەرمانڕەوای گەندەڵ و خۆ سەپێن، لەبەر ئەوەی مرۆڤەکان هێندە پێوەی خەریکن و بیری لێ دەکەنەوە، وزەیەکی ئەوتۆیان بۆ داهێنان و هەڵسەنگاندنی کرداری فەرمانڕەواکان نامێنێتەوە، ئیدی کۆمەڵگە لە بازنەیەکدا دەسووڕێتەوە و پێشکەوتن بەخۆیەوە نابینێت، گەواهی ئەم بۆچوونەشم هەموو وڵاتە ئیسلامییەکانە هەر لە پاکستانەوە هەتا ئێران و ئەوپەڕی باکووری ئافریکا.
دەستووری شەرەف، هێمایەکە بۆ ئەوەی کە پیاو جڵەوی بەدەستەوەیە، ئەو ئافرەتانەش کە چاودێری ئافرەتانی دیکەیان دەدرێتە دەست، هەمان هەستی جڵەو بەدەستییان لا درووست دەبێت'' شەرەف وشەیەکی عارەبییە و وابزانم لە کوردیدا هاوتای نییە . . . . نووسەر. ''
پەیامبەری ئسلام؛ محەممەد، بناخەی بەڕێوەبردنی دەوڵەتێکی پاتریارکی/ باوکسالاری/ پیاوسالاری، داهێناوە. کۆمەڵگەیەگی چیندار. ئەویش وەک مووسا، یاسایەکی گشتگیری نەگۆڕی داڕشتووە. ئەو ئاینی کردۆتە سەرچاوەی ئارداری/ عەدالەت و دڵسۆزی، کاتێکیش بەڕێوەبەراێتی خێزان و جڵەوی ئافرەتی داوەتە دەست پیاوان، دڵسۆزی پیاوانی بۆخۆی کڕیوە.
سەرچاوەی مارەبڕیی شەرعی لە ئیسلامدا، بێ پێچ و پەنا، دەگەڕێتەوە بۆ مافی نێرینە لەسەر خاوەنداریێتی- هاوسەر، جەستەی ئافرەت، منداڵ و بگرە پەرستنیش. ئیسلام ئەو نەریتە عارەبییەی هەڵوەشاند کە سنووری بۆ دەسەڵاتی پیاو دانابوو، بۆ نموونە نەریتی فرە مێردی، داواکاری ئافرەت بۆ تەڵاق و سەرپەرشتی منداڵ دوای جیابونەوە. ئەوەش دەرگاداخستنە لەسەر ئازادی و ئەو رۆڵانەی ئافرەت پێشتر هەیبووە. وەک هەموو ئاینەکانی دیکەی دنیا، ئیسلام، ئامرازێک بووە بۆ گشتگیریکردنی پیاوسالاری. محەممەد؛ داهێنەری هەموو ئەو سنووردارییەی ئەمڕۆ نییە کە ئافرەتی ئیسلام بە دەستییەوە دەناڵێنێت، بەڵام، رێگەی بۆ خٶش کرد.
بەکورتی
پرسیاری ئەوەی؛ کێ ژیانی ئافڕاندووە، کڕۆکی بڕوای سیستێمی ئاینییە. لە ئایندا درووستکردن: لەسەر هەردووک لایەنی ئافڕاندن'' توانای دروستکردن لە هیچەوە'' و وەبەرهێنانەوە بە واتای خستنەوەی وەچە، دەدوێت. پێشتر ئاماژەمان بەوە داوە کە چۆن بیرۆکەی ئافڕاندن لە ئایندا لە دایکە خودایەکی وەک تەنها بەرپرس و ئافڕێندەر، گۆڕدرا بۆ دایکە خودایەکی یاریدەدەری خودایەکی نێرینە یان پادشایەک. دواتریش بوو بە سیمبۆلی ئافڕاندن. دایە خودای گەورە و خاوەن دەسەڵاتی بێ سنوور، لە مێزوپۆتێمیادا، بوو بە خودا گەورەی با و تۆفان و هاوسەرەکەشی بوو بە دایە خودای پیت. ئەوە مابوو تاکە خودایەک جێگەی کۆمەڵە خوداکان بگرێتەوە، بۆ ئەوەش دەبوو هەردووک توانای'' ئافڕاندن لە هیچەوە/ نەبووەوە'' و توانای خستنەوەی وەچەشی هەبێت. ئەم گۆڕانکارییە کە لە کولتووری جیاوازدا زۆر شێوەی جیاوازی هەبووە. دەتوانین بڵێن بۆ شارستێنەکانی رۆژئاوا، سەرچاوەکەی پەرتووکی'' جێنێسس Genesis '' ە. ( جێنێسس بەشی یەکەمی ئینجیلە کە باسی درووستبوون دەکات. . . . . نووسەر. )
چیرۆکی درووستکردنی گەردوون لە جێنێسس دا، زۆر جیاوازە لە چیرۆکی ئاینەکانی دراوسێی ناوچەکە. لەو کتێبەدا'' یەهوا/ جێهۆڤا'' کە درووستکەری هەموو گەردوون و ئەوەی تێشیدایە، بە پێچەوانەی خودا گەورەی ئاینەکانی دەوروبەریەوە، هیچ یاریدەدەر، هاوپەیمانی و پێوەندییەکی بە مێیینەوە نییە. William p 199
لێرە بەدواوە هیچ سەرچاوەیەکی هێزی مێینە'' دایکایێتی'' بۆ درووستکردنی گەردون و ژیان لەسەر زەمین نابینین، هەروەها هیچ پێوەندییەکی نێوان درووستکردن و وەچەنانەوە نابینین. زۆر بە پێچەوانەوە، کرداری خودا لە درووستکردندا، شتێک نییە کە مرۆڤ بتوانێ بەشداریی تێدا بکات. پێشکەوتنی مرۆڤ لە بیرکردنەوەی ئەبسستڕاکیدا، ئافڕاندنی خستە کۆنسێپتی یەک تەنها ناوەوە'' هەناسەی ژیان'' وەک لە کتێبی'' جێنێسس'' دا هاتووە. ( ئەوجا خودا گوتی، با رووناکی هەبێت'' رووناکی پەیدا بوو'' ) جێنێسس 1:3. گوتەی خودا و هەناسەی خودا، ئافڕێندەرن. بریکاریی هەناسەی خودا وەک رەوان بەخش، لە جێنێسسی 2:7 دا رونکراوەتەوە. ( ئەوجا خودای مەزن، پیاوی لەخۆڵی ئەرز درووست کرد و هەناسەی بە کونەلووتەکانیدا کرد- هەناسەی ژیان، ئەوجا پیاو بوو بە گیانلەبەرێکی زیندوو. ) ئەمجا خودا ئاژەڵی سەر زەمین و باڵندەی ئاسمانی درووست کرد و هێنانی بۆ لای پیاو بۆ ئەوەی ناویان لێ بنێت، ئیدی پیاو هەر ناوێک لەو زیندەوەرانە بنێت، ئەوە لەوەدوا هەر ئەوە ناویان دەبێت. جێنێسس 2:19. لێرەدا ئەوە تێدەگەین کە هەناسەی خودا درووستکەرە، وەلێ نێولێنانی مرۆڤ بۆ بوونەوەرەکان بە گیاندار و بێ گیانەوە شتێکی جیاوازە.
هەر لە کتێبی'' جێنێسس'' دا هاتووە و دەڵێ'' خودا دەسەڵاتێکی تایبەتی دایە ئادەم بۆ نێو لێنان'' ئەگەر سەیری وشەی'' ئادەم'' بکەین لە زمانی جوولەکەدا وەک'' مرۆڤ'' ئەوا دەبێ وا بیر بکەینەوە کە خودا دەسەڵاتی بە نێر و مێ داوە بۆ ناولینانی شتەکان. بەڵام لەم حالەتەدا خودا دەسەڵاتی ناولێنانی تەنها بە نێرینە سپاردووە، ئەمە رەنگە زۆر ئاسایی بێت، چوونکە مێیینە هێشتان درووست نەکرابوو، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە دوای ئافڕاندنی'' دایە حەوا'' ش، دەسەڵاتی ناو لێنان هەر درایەوە دەست پیاو بۆ ئەوەی ئادەم وەک چۆن ناوی لە ئاژەڵ ناوە، ئاواش ناو لە حەوا بنێت. ( ئەمجا پیاو گوتی- ئەمە ئێستا ئێسکی ئێسکمە، گۆشتی گۆشتمە، وێ دەبێ ناوی'' مەڕئە'' بێت لەبەر ئەوەی لە'' مەڕء/ پیاو'' دەرهاتووە. ) جێنێسس 2:23 . لێرەدا ناولێنانەکە شتێکی سیمبۆڵی/ هێماکاری نییە، ئەوە پێناسەیەکی تایبەتە کە ئافرەت وەک بەشێکی سروشتیی پیاو پێناسە دەکات کە، لێکدانەوەی هەر پێوەندی نێوان دایک و منداڵ دەگەیەنێ. لێرەدا پیاو خۆی وەک دایکی ئافرەت دەردەخات. لە رێگەی موعجیزەی خواوەندییەوە، مرۆڤێکی دیکە '' حەووا'' لە جەستەی ئادەم دەرهات هەر وەک ئەوەی کە چۆن دایک گیان لەبەرێک لە جەستەیەوە دەردەچێت. هەر رستەی دواتری جێنێسس، پێوەندی نێوان هەردووک لایان روون دەکاتەوە'' لەبەر ئەوە دەبی پیاو باوک و دایکی بەجێ بهێڵێت و لەگەڵ هاوسەرەکەیدا ژیان بەرێتە سەر و یەک گۆشت بن'' جێنێسس 2:24، درووستکردنی ئافرەت لە تەنی پیاوەوە، لێکدانەوەیەکی تایبەتیی بۆ کراوە، بەپێی ئەو رووداوە- ئافرەت وەک بەشێکی پیاو درووست کراوە، لەبەر ئەوە پیاو دەبێ پێوەی بنووسێت و لێی جیا نەبێتەوە و لەسەروو هەموو خزماێتییەکەوە رایگرێت و دەبێ یەک جەستەبن. ئەو یەک جەستەییە کە لە داهێنانی پیاوە پێمان دەڵێ، دەبێ مڵکی پیاو بێت چوونکە بە موعجیزەی خودا لە لەشی پیاو دەرچووە. ئیدی ئەو رستەیەی جێنێسس جۆراوجۆر لێکدانەوەی بۆ کراوە.
کاریگەرترین لێکدانەوەی مەجازیی جێندەر لە ئینجیلدا ئەوەیە کە، ئافرەت لە پەراسووی پیاو درووست کراوە و حەووا هۆکاری دەرکردنی مرۆڤ بووە لە بەهەشت. ئەوەتا زێدە لە دوو هەزار ساڵە وەک بەڵگەیەکی خواوەندی بۆ ژێردەستەکردنی ئافرەت بەکار دهێندرێت، لە هەمان کاتیشدا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پێناسەکردنی بەهاکان و هەڵسوکەوتی نێوان نێر و مێ، کردووە.
لە کاتێکدا کە چاوەڕوان دەکرێت لێکدانەوی میسۆلۆجیا و سەرگورشتەی فۆلکلۆری وەک کتێبی جێنێسس جیاوازبن و لەگەڵ داخوازی و مەبەستی لێکدەرەوەکانیدا گونجێندرابن، بەڵام ئەوە دەبێنین کە هەموو لێکدانەوەکان بەشێوەیەکی نەریتیی پاتریارکین - بەواتای ئەوەی پیاوسالاری بەسەریاندا زاڵە. لێرەدا دەبێ ئاماژە بۆ ئەوەش بکەین کە دو جۆری بە رواڵەت لەیەکدی جیاوازی سەرگورشتەی ئافڕاندن لە جێنێسس دا هەیە، لەجۆری یەکەمیاندا'' جۆری J 2: 18-25,'' کە چەند سەتەیەک پێش'' جۆری P، 1:27 - 29'' نووسراوە، خودا دایە ''؛ حەوا'' ی لە پەراسووی بابە'' ئادەم'' درووست کردووە، بەڵام لە جۆری'' پی P'' دا، هەردووکیان'' نێر و مێ'' وەک یەک درووستکراون. رەخنە گرانی بایبڵ- مەبەست ئینجیل و تەوڕاتە، تیشکیان خستۆتە سەر هەردووک لایان و لەو بەینەشدا هەر یەکە جۆرێکیانی پەسەندە. ئافڕاندنی جێنێسسی جۆری P، هاوتەریبی ئافڕاندنی'' ئینووما ئیلیش'' ی مێزوپۆتێمیایە، بە تەواوەتی کاریگەریی ئاینە کۆنەکانی مێزوپۆتێمیای پێوە دیارە'' خودا هەردووکیانی وەک یەک درووستکردووە'' لێکدانەوەی لایەنگرانی ئەم جۆرەیان ئەوەیە کە وشەی'' ئادەم'' لە زمانی جولەکەدا واتای '' مرۆڤ'' دەبەخشێت و تێیدا مەبەست نێر و مێی مرۆڤە. لێکدانەوەی وشەی ئادەم وەک'' پیاو'' هەڵەیە.
هەرچی چۆنێک بێت، هەرچی جۆرێکی جێنێسس و لێکدانەوەی هەرکامێکیشیان راستتر بێت، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کە درووستکردنی ئافرەت لە پەراسووی ئادەمەوە زێدە لە سێ هەزار ساڵە دەنوسرێت و دەگوترێتەوە وەک تێڕوانینی خودا لەئافرەت بە نزمتر لە پیاو. ئەگەر حەووا لە پەراسوو یان لە گۆشت و ئێسکی ئادەم درووستکرابێت، ئەوا ئاماژەیەکی مێژووی پیاوسالارییە. جێنسسی 15 باسی بەڵێنی پێدانی وڵات و نەوەی زۆر دەکات کە'' یەهوا/ خودا'' بە نەوەکانی '' ئەبڕام'' دەبەخشێت و دواتر بووەتە پەیمانێکی نێوانیان. لێرەدا ئەوەی کە بەلای ئەم نووسینەوە گرنگە زمانی بەڵێنەکەیە'' He that shall come forth out of thine own bowels shall be thine heir '' G 15:4 زمانی بەڵێنەکە تەنها بۆ تۆوی نێرینەیە - ئەو تۆوەی ئەبڕام دەیچێنێ. لیرەدا هیچ ئاماژەیەک بۆ بەشداریی تۆوی سارای هاوسەری ئەبڕام نییە. ئالێرەدا تۆوی نێرینە پیرۆزی و توانای وەچەنانەوەی لە یەهواوە وەرگرتووە. میتافۆڕ/ مەجازی، چاندنی تۆوی نێرینە لە منداڵدانی ئافرەت دا، زۆر کۆنترە لە سەردەمی نووسینی تێستامێنتی کۆن'' تەوڕات''. زۆر لەوەدەچێت لە کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵکارەوە سەری هەڵدابێت، ئەو مەجازە زۆر نزیکە لە خۆشەویستی'' ئینانا و دومووزی'' - گۆرانی ئەوەی بە '' زەماوەندی هێردێر'' ناسراوە. ئەوەی لە جێنێسس دا روویداوە ئەوەیە کە مەجازێکی کۆن هاتووە و گۆڕدراوە بۆ ئەوەی مانایەکی باوکسالاری ببەخشێت. پیرۆزکردنی'' تۆوی'' ئەبڕام لەلای خوداوە، بریتییە لە گواستنەوەی توانای نوێکردنەوەی ژیان لە ئافرەتەوە بۆ پیاو. لە جێنێسسی حەڤدەشدا، یەهوا بەڵێنەکەی زیاتر بۆ ئەبڕام رووندەکاتەوە. . . . گێڕدا لێڕنەر ل 189
یەهوا بەڵێنی پێدانی خاکی'' کەنعان'' بە ئەبڕام بۆ هەتا هەتا دووپات دەکاتەوە و لێرەوە نەریتێکی نوێ دێنێتە پێشێ ئەویش بە گۆڕاندنی نێوی'' ئەبڕام و سارای'' خودا ناوی ئەبڕام دەگۆڕێ بە'' ئەبڕاهام Abraham'' و داوای لێ دەکات وەک تاکە خودای '' ئیسڕائیل'' رەچاو بکرێت وئەوانەی دەیپەرستن بە نیشانەیەکی جەستەیی لە خەڵکی دیکە جیاوازبن،
'' ئەمە پەیمانی منە، کە دەبێ بی پارێزی، لەنێوانی من و تۆ و نەوەکانی دوات دێن: هەموو نێرینەیەک لە ناو ئێوەدا، دەبێ خەتەنە بکرێت، دەبێ خەتەنەی پێستی سەری چوک بکرێت، ئەمە دەبێ پاداشتێکی پەیمانەکە بێت، لە نێوانی من و تۆدا" جێنێسس 17: 9 - 10.
لێرەدا دەبێ ئاگامان لەوە بێت کە یەهوا، پەیمانی تەنها لەگەڵ ئەبڕاهامدا بەستووە و سارای هاوسەری ئەبڕاهامی تێدا نییە. بەم کردارەش پیرۆزی سەرکرداێتی خیزان و خێڵی دایە دەست. هەر ئەو شێوازی رێکخستنەی خێزان و خێڵە، سەردەمێکی زۆر دواتر لە یاسای رۆم دا رەنگی دایەوە'' پاترێ فەمیلیا'' بەواتای باوکی خێزان. هەرچەندە لە شوێنێکی دیکەدا جێنێسس باسی سارا دەکات وەک دایکی نەتەوەیەک، وەلێ پەیمانەکە تەنها لەگەڵ نێرینەدا بەستراوە.
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشێ، بۆ بڕینی پێستی سەری چووکی نێرینە وەک پارچەیەکی لەش، کراوەتە دیاری؟ ئەگەر یەهوا ویستووێتی ئەو نەتەوەیە لە نەتەوەکانی دیکە جیا بکاتەوە، بۆ شوێنێکی بەرچاوی هەڵ نەبژاردووە، وەک لووت یان ناوچەوان بە نموونە؟ وابزانم '' جۆن کاڵڤن - John Calvin'' وەڵامێکی باشی هەیە بۆ ئەم پرسیارە. بە بڕوای وی، یەهوا'' تۆوی ئەبڕاهامی پیرۆز کردووە کە لە منداڵدانی/ رەحمی ئافرەتدا دەچێندرێت، هیچ شتێک نییە جێگەی ئەوە بگرێتەوە کە پیاو بۆ بەپیتکردن و وەچەخستنەوە پەنای پێ بەرێتە بەر خودا'' ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێک سەرنج راکێشترە، سڕینەوەی هەموو نەریت و سیمبۆڵەکانی دایکە لە بەرهەمهێنانەوەدا. هێمای مەمک - وەک مێیە خودای پیت کە وزەی ژیان بە زەوی دەدات، گۆڕدرا بە بڕینی'' پێستی سەری کێری نێرینە'' وەک ئاماژەیەک بۆ پەیمانی نێوان خودا و پیاوێک کە دەمرێ.
قبووڵکردنی تاکپەرستی، خەتەنەکردن، پێڕەوکردنی یاساکانی خودا کە لە رێگەی مووساوە گەیەندراوە، ئەرکی سەرشانی نەتەوەی هەڵبژێردراوە و لە دراوسێکانیانیان جیادەکاتەوە، بەڵام یەکگرتن و پاکیێتییان دەبێ بە بەڵێندانی خەتەنەکردنی نێرینە و پاکیزەیی مێیینەوە بێت هەتا دەچێتە لای مێردی. جڵەوکردن/ بەربەستکردنی سێکسواڵیێتی مێینەی خێزان کە دڵنیایی دەستەباڵایی باوک دەکات، لە یاسای مرۆڤکردی تێپەڕاندووە، ویستێکی خودایە کە لە پەیماندا لەگەڵ پیاوی ئیسڕائیلدا بەستووێتی. ئەوجا بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی'' کێ ژیانی بەخشیوە'' جێنێسس دەڵێ'' خودا و ئەو پیاوەی لەشێوەی خودا درووستکراوە''.
بە پێی جێنێسس، یەکەم کاری ئادەم دوای وەدەرنانی لە بەهەشت، ناولێنانەوەی دایە
حەووا بووە. دایە حەووای دەرکراویش رەنگە دڵخۆش بووبێت بە ناوە نوێکەی'' دایک'' وەلێ بە دوو مەرج کە هەردووکیان لە لای خوداوە بە سەریدا سەپێنندراون. '' وێ دەبێ لە مارەکە دوورکەوێتەوە و گوێڕایەڵی مێردەکەشی بێت'' ئەگەر لەوە تێ بگەین کە مار سیمبۆڵێکی کۆنی پیتی مێیە خودایە، لەوەش تێدەگەین کە ئەو مەرجە چەند مەرجێکی سەرەکی و گرنگە بۆ دامەزراندنی تاک پەرستی. لە کۆڤینانتدا چەندین جار دووبارە کراوەتەوە'' دەبێ تەنها خودایەک هەبێت'' و مێیە خودای پیت دەبێ وەک ئەهریمەنێک وەلا بنرێت و بکرێتە سیمبۆڵی تاوان. باشە ئەمە هیچ گومانێکی لەوەدا هێشتۆتەوە کە یەهوا/ خودا، سێکسواڵیێتی ئافرەتی کردۆتە تاوان، ئەگەر لە رێگەی شەرعیشەوە بێت ؟
مەرجی دووهەمیان ئەوەیە کە دایە حەووا دەبێ وەک ژیان بەخشێک رێزی لێ بگیرێت بەڵام دەبێ جڵەوی بەدەست مێردەکەیەوە بێت. ئەمە بە ئاشکرا یاسای پیاوسالارییە و بە تەواوی پیرۆزی ئاسمانی پێدراوە. پێشتر لە کۆدەکانی حامۆڕابی و سەردەمی نێوەندی ئاسوورییەکانیشدا، یاسای وەهامان دێتە بەرچاو، وەلێ لێرەدا یاسایەکی ئاسمانییە و چۆتە ناو تێڕوانینی ئاینیی کاریگەرەوە.
ئێستا ئەگەر بمانەوێت لەوە بکۆڵینەوە ئایا لە ئایندا، سەرچاوەی تاوان و مردن چییە لە دنیادا؟
دوو پرسیاری سەرکیمان دێنە پێشێ. '' کێ ژیانی درووست کردووە؟ '' و '' کێ قسە لەگەڵ خودادا دەکات''. هەڵبەت لە نێو کولتوورەکاندا، وەڵامی جیاوازمان دەکەوێتە بەر چاوان. بەڵام دەبینین لە تەوڕاتدا، وەڵامی هەردووک پرسیارەکە جەخت لەسەر دەسەڵاتێکی نێرینە دەکاتەوە.
لە پرسیاری ئەوەدا؛ کێ تاوان و مردنی هێنایە دنیاوە؟ جێنێسس پێمان دەڵێ'' ئافرەت، بە هاوگیریی لەگەڵ مارەکەدا'' مار لە کولتوری ناوچەکەدا ئاماژەیەکە بۆ سێکسوالێتی ئافرەت. دیارە ئەم بۆچوونە هاوتەریبە لەگەڵ ئەوەی کە ئافرەت نابێت بەشداریی لە کۆڤینانت/ پەیمانی نێوان مووسا و یەهوادا بکات و سیمبۆڵی خوداش، دەبێ سیمبۆڵێکی نێرینە بێت.
جێگیرکردنی تاک پەرستی لە پەرتووکی جێنێسس دا، پێشکەوتنێکی گەورەی مرۆۆڤ بوو لە بیرکردنەوەی ئەبستڕاکی و پێناسەیەکی گەردوونیی بڕواپێکراوی سیمبۆڵ. وەلێ کارەساتێکی مێژووییشە کە، ئەو پێشکەوتنە لە دامەزراوەی سۆشیالیشدا روویداوە و جەخت لەسەر پتەوکردنی باوکسالاری دەکاتەوە. ئەم سیمبۆڵیزمە، ئافرەت وەلا دەنێ، پەرتووکی جێنێسس، ئافرەت، وەک بوونەوەرێکی جیاواز لە پیاو پێناسە دەکات، پێناسەیەکی نوێ بە سێکسوالێتییەکەی دەدات کە تەنها لە بەرژەوەندی باوکدا بێت و تەنها باوکسالاریی پەسەندی کردبێت، ئەوەش مانای رووتکردنەوەی ئافرەتە لە پێوەندی راستەوخۆ لەگەڵ خواوەند دا. ئەو قورساییەی تەوڕات و ئینجیل خستوویانەتە سەر ئەوەی کە، ئافرەت لەبەر ئەوە هێنراوەتە نێو کۆڤینانتەوە'' پەیمانی جوولەکە و یەهوا'' وە، وا دەریدەخات کە ئەوە ئارەزووی خودایە کە ئافرەت تەنها لە رێگەی نێرینەوە بگاتە خودا. ئەوەش ئەو ساتە مێژووییەیە کە، مێیە خودای تێدا تێڕۆڕ کرا و، خودا- باوکە خودا- جێگەی گرتەوە. بەلای بەندەوە ئەو بیر و بۆچونانەی تەوڕات و ئینجیل کە لە قوڕئاندا رەنگیان داوەتەوە زۆر ئاساییە، لەبەر ئەوەی هەرسێکیان بەرهەمی هزری خێڵەکی بیاباننشینانن. بەڵام ئەگەر ئەم ئاینانە لە شوێن و کاتی خۆیاندا یاریدەدەر یان هۆکاری سەرەکی پیاوسالاریش بووبن، هێشتان وەڵامی پیاوسالاری سەراپای دنیای پێ نییە، بەتایبەتیش رۆژهەڵاتی دوور'' جاپان، چین، کۆریا و . . . هیندستان''.
سهرچاوهکان
Anderson, Bonnie S. , and Judith P. Zinsser. A History of Their Own. New York: Harper & Row, 1988
Ancient Civilizations, general editor, Professor Greg Woolf. First publishing. . . 2005
A brief guide to Islam. History, faith and politics: The complete Introduction, by Paul Grieve. 2006
Big history, from the BIG BANG to the present, by Cynthia Stokes Brown. New York,, NY 2008
Barbara Lesko, the remarkable women of ancient Egypt . . . 1987
Bernard Batto. Studies on women at Mari (Baltimore, Md: Johns Hopkins University press 1974
Buddhism: The Dhammapada. Edited by, Jaroslav Pelikan. Translated by John Ross Carter and Mahinda Palihawadana 1992
Carol Baker and Angela Fisher, African ceremonies II. New York, Harry N. Abraham Inc. . . . 1999
Chinese women: pest & present, by Easter S. Lee Yao . . . 1983
Hinduism: The Rig Veda. Edited by, Jaroslav Pelikan. Translated by, Ralph T. H. Griffith 1976
Irene Silverblat, Moon, Sun, and Witches . . . . 1987
In defence of Atheism, by Michel Onfray, Translated from French by Jeremy Leggatt. . . . 2007
Women in early imperial China, by Bret Hinsch . . . . 2002
Women and Hindu Right. A collection of Essays, edited by, Tamika Sarkar and Urvashi Butalia 1995
William F. Albright, from the Stone Age to Christianity, Baltimore 1940
Sir William Tarn, Cambridge ancient history vol 10 1970
Smith, Jane I, '' Women, Religion, and Social Chang in Early Islam, edited, Y. Haddad and E. Findly. Albany: State University of New York Press 1985
Albany: State University of New York press, 1985
Sex, Time, and Power, by, Leonard Shlain. How women's sexuality shaped human evolution. 2003
Sarah B. Pomery, women in Hellenistic Egypt. From Alexander to Cleopatra. . . 1984
Stern, Gertrude. '' The first Women Converts in Early Islam'' Islamic Culture 1939
The creation of patriarchy, by Gerda Lerner. Oxford University press. . . . . 1986
The secret history of Mongol Queens, by Jack Weatherford . . . . . 2010
Grassroots by Jennifer Baumgardner and Amy Richards …. 2005
George Dorsey, Man's One Sho: Civilization (New York: Harper & Brothers, 1931
Gernot Wilhelm, the Hurrians, translated from German by, Jennifer Barnes 1989
Greek Mythology, by Frederique Vivier, Translated by Derek Johnston . . . 2004
Richard A. Gold, Yiwara: Foragers of Australian Desert ………1969
Georg Bancroft, History of the United States of America, From the Discovery of the Continent vol. 1. . . . . . 1967
Catal Huyuk: A Neolithic Town in Anatolia, by, James Mellaart (New York: McGraw-Hill,…1967)
Gimbutas Marija, Gods and Goddesses of Old Europe (Berkeley: University of California press
……. 1974
Michal Dames, the Silbury Treasure (London: Thames and Hudson. …. . 1976)
Marilyn French, from Eave to Dawn: a history of women…………………. 2002 vol. 1. 2. 3
Anton, Ferdinand, Women in pre-Colombian American. …. . . . . 1973
Anderson, Karen. Commodity Exchange and Subordination: Montagnais-Naskapi and Huron Women, 1600-1650,”………………………………. . 1986
-Simone De Beauvoir. Second Sex, copyright Alfred, A, Knopf Vintage Book Edition, 1989
Richard B. Lee, Population growth and beginning of sedentary, life among the Kung Bushmen. . . . 1972
Marjorie Shustak, Nisa: The life and world of Kung women. Harvard University press. . . . 1981
Carol Beckwith and Angela Fisher, African Ceremonies II (New York: Harry N. Abraham Inc. 1999
Mythology, the illustrated anthology of world myth and storytelling, general editor, C Scott Littleton …. . 2002.
Encyclopedia of the ancient Greek world, David Sacks, revised edition by Lisa R. Brody…. 2005
On becoming human. Nancy Makepeace Tanner, Cambridge University Press. . . . 1981
Political and social life in the great age of Athens, edited by John and Kitty Chisholm. Open Univerty. 1978.
All you need to know, from Zeus’s Throne to the Fall of Rome, by Caroline Taggart. Michael O’ Mara Books Limited 2010.
Keuls Eva C. The reign of the phallus: Sexual politics in Ancient Athens. New York: Harper & Row, 1986
بنهچهی خێزان وخاوهندارێتیتایبهت ودهوڵهت، نووسینی، فردریک ئهنگڵس، وهرگێڕانی له ئهڵمانییهوه، کهریم مهلا ڕهش.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.