ئەقڵ شێواوەکان؛ دژی جوانی و هزر و خۆشەویستین ... ئەحمەد میراودەلی

لەوەدەچێ خوا شێواوەکانی خۆش بوێت، ئەگەر وا نییە، بۆ داوای لە ئیبراهیم کرد نێرینەی نەوەکانی خەتەنە بکات وەک مەرجی پاراستنیان.

 قوڕئان خەتەنەی نەسەپاندووە و پشتگیریشی نەکردووە، بەڵام رەتیشی نەکردۆتەوە. نەریتیش وادەگەیەنێ کە، محممەد، بەخەتەنەکراوی لەدایک بووە. Michel Onfray p 109 ١

قوڕئان، فەرمانی خەتەنەکردنی مێیینە و زیندەبەچاڵکردنی ساوای نەداوە بەڵکو دژی دوهەمیانیش وەستاوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە دەبینین کە خەتەنەکردن لە بەشێکی رۆژهەڵاتی ئافریکادا زۆر باوە و سێ جۆریشی هەیە. نەرمە سوننەت - gentle sunna، کە بریتییە لە بڕینی سەری'' میتکە/ قیتکەی مێیینە. سوننەی مامناوەندی - moderate sunna or clitoridecotomy ئەمیان بریتییە لە بڕینی هەموو میتکە و لێواری ناوەوەی زێ. سێهەمیان- ئینفیبولێیشن infibulation، کە لێرەدا من وەک سوونەتی گەورە ناوی دەبەم، ئەم جۆرەیان بریتییە لە بڕینی میتکە و هەردووک لێوی ناوەوە و دەروەوەی زێ و پێکەوە دوورینەوەی ئەوەی ماوەتەوە و هێشتنەوەی کونێکی بچووک بۆ میزکردن و خوێنی مانگانە.

 بۆ بوون بە ئەندامی تەواوی کۆمەڵگەکەیان جوولەکاێتی ئەو شێواندنەی پەسەند کردووە. خەتەنە کردن فەرمانێکی خودا بووە لەسەر ئیبڕاهێم و هەموو ئەندامانی خێزانەکەی بە کۆیلەکانیشەوە کە دەبێت چل رۆژ دوای لەدایک بوونی منداڵ، ئەو فەرمانە بەجێ بهێنن؛ هەروەها کردووێتییە نیشانەیەکی تایبەت بۆ پەیمانی نێوان خودا و نەتەوە هەڵبژێردراوەکەی. خەتەنە کردن لە جوولەکاێتیدا هێندە گرینگە ئەگەر رێکەوتی سەبات/ شەممەی کرد، هەموو حەرامکراوەکانی رۆژی سەبات لەپێناو خەتەنەدا هەڵدەگیرێن. لە خەتەنەکردنی کوڕ دا دوای بڕینی پێستەکە، خەتەنەکەر- کێربڕ، شەراب لە دەمی وەردەدا و برینی چووکی منداڵەکە دەمژێت، ئەم نەریتە'' مژینی چووکی منداڵ دوای خەتەنە'' ناونراوە مێزیزە meziza، دیارە هێندێک بڕگەی تەلموودیش دەخوێندرێنەوە، بەڵام لێرەدا نامەوێت بچمە ناو وردەکاریەکان.

 فڕۆید کە بۆخۆی ئێش و ئازاری خەتەنەی دیوە، لەو بڕوایەدا بووە کە خەتەنەکردنی نێرینە بۆ کپکردنی ئەو بەشە مێیینێتییەیە کە لە نێرینەدا هەیە و بە پێچەوانەشەوە خەتەنکردنی مێیینە بۆ کپکردنی بەشە نێرینییەتیە کەیە لە ئافرەتدا. بە بۆچوونی دوو فیلۆسۆفی دیکەی جوولەکە'' فیلۆ و مەیمۆنایدەس'' مەبەستی خەتەنە لاوازکردنی ئەندامە جنسییەکانە بۆ ئەوەی کەسەکان گرینگی بە شتە سەرکییە بدەن کە پەرستنی خودایە، چونکە خەتەنە، ئاڵۆش و ویستی جنس کەم دەکاتەوە-- لێرەدا دەتوانین ئەوە بڵێین کە رەتکردنەوەی رێکەوتی جووتبوونی نا شەرعی لە دیدی ئاینەوە بۆ چاکەی خودی مرۆڤە. بەڵام ئەو چاکەیە گۆشت دەگوروێت و لەگەڵ گورینی گۆشتیشدا؛ ئارەزووەکان، ئارەزووی جووتبوون و ژیان دەکووژێت. ئەوە سەرکەوتنی مردن لەو شوێنەدا دەچێنێ کە هێزی ژیانی تێدا بەرجەستەیە.

 لە مەسیحاێتیدا، بە گەیشتنی پاوڵ'' سانت پاوڵ'' کە ناوە راستییەکەی'' ساوڵی تەرسووسە Saul of Tarsus '' ە و یەکێک بوو لە گەورە شاگردەکانی مەسیح. خەتەنەکردن بوو بە کێشەیەکی هزری. لێرەوە لە مەسیحاێتیدا، چیدیکە پێویستیی بە نەشتەرگەری/ مۆرکی سەر جەستە نەما. لێرە بەدواوە ئەوەی گرینگ بووە''خەتەنەکردنی دڵ ''بووە، گەیشتن بەو پێگەیە،  مانای داماڵینی جەستەیە لە هەموو ئەو تاوانانەی گۆشت و ئێسک ویستوویانە. داهێنانی'' بابتیزم/ لەئاوهەڵکێشان'' لەلایەن پاوڵەوە، بریتییە لە لاساییکردنەوەی مەسیح لە ئەشکەنجە و خوو و رەوشتیدا. ئالێرەوە بڕوادارانی مەسیح، چووکیان لە خەتەنە پاراسترا، بەڵام هەموو جەستەیان لەدەستدا، لێرە بەدواوە، بڕوادار دەبێ بە تەواوی خۆی لە جەستەی جیا بکاتەوە هەر وەک ئەوەی کە خەتەنە پێستی سەری چووک لە جەستە جیادەکاتەوە.

 بە بڵاوبوونەوەی مەسیحایێتی، خۆ کوژیی ئامادەبوو سەرانسەری زەمین ژەهراوی بکات. من لەو بڕوایەدام کە'' مانی'' فیلۆسۆفی بە رەگەز ئێرانی سەردەمی ساسانیان، روانگەی خەڵوەتگەری و رەتکردنەوەی ژیانی لە مەسیحاێتییەوە هەڵێنجابێت. ئیسلامیش، لەژێر کاریگەری جوولەکاێتی و مەسیحایتی و مانیچیێتیدا و لە پێش هەموشیانەوە نەریتی خێڵەکی عارەبی تاڵانچی شەڕەنگێزدا، هەموو ژیان و جوانیێتی ژیان، رەت دەکاتەوە. کێشەی ئێمەمانانی خۆشویستی جوانی و بڕوادار بە زانست وبڕوانەبوو بە غەیب و خورافات لێرەوە لەگەڵ ئەقڵ شێواوەکاندا، کە جەستەی خۆشیان دەشێوێنن، دەست پێدەکات. تۆ سەیری جولەکەیەک بکە چۆن لەبن دیوارێکدا دەوەستێ و کوت بۆ پێش و دواوە دەدا و لەبەر خۆیەوە منجە منج دەکا، سەیری مەسیحییەک بکە چۆن خاچێک دەکاتە ملی و رۆژانەس بەرامبەر خاچێکی پێ گیان دەپاڕێتەوە، یان سەیری بوودیستێک بکە و بزانە چەند پەیکەری بوودای جۆربەجۆری بەدەستی خۆی درووستکردووە و لەبەردەمیدا، زگەخشکێ دەکات، ئەوجا لە ئێزدییەکیش رامێنە و بزانە چۆن توانای هەیە رۆژانە بەو پەستەکە خوریە لەش خورێنەرەوە ئارام بگرێ . . . و هتد.

 ئاین لە زۆر رووەوە مرۆڤی شێوانددووە بەڵام شێواندنی ئەقڵ و هۆش، لە هەموویان مەترسیدارترە. چوونکە جوانیی لەبەرچاو ناشرین دەکات، خۆشەویستی لە دڵ دەتۆرێنێ و دەیکاتە عاشقی رق و کینە، رقیش ترسنۆکە و ترسنۆکیش دەستوەشێنە.

 ئاوەز و جەستەی شێواو نەبێت، چی دەستی دەچێتە گڵکۆی شێرکۆ و دەیشێوێنی؟ ئاوەزی شێواو نەبێت چی دڵی دێ خۆشەویستی بسوتێنێ؟

Michel Onfray; In defense of Atheism -1

١٩/١٠/٢٠١٣


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر