بابه مه‌شێ
وه‌رچه‌رخانی کۆمه‌ڵگه له ماتریسێنترییه‌وه Matricentry بۆ پاتریلینیالیێتی Patrilineality، نه‌ک هه‌ر مافی خاوه‌نیێتی خاک و منداڵی له ئافرەتان سه‌نده‌وه، به‌ڵکو ئاستی سۆشیالیی''ستاتوس status'' ی نێو کۆمه‌ڵگه‌شی لێیان زه‌وت کرد.1
مارکس له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێ (هه‌ره‌س هێنان به دایک سالاری، به‌زینێکی مێژوویی جیهانی بوو بۆ ره‌گه‌زی مێینه.له‌ماڵه‌وه‌شدا پیاو جڵه‌وی سه‌رکرداێتی گرته ده‌ست، ئافرەتان نابوود و ریسوا و بنده‌ستکران، بوون به کۆیله‌ی ئاره‌زووی پیاو و کران به ئامرازێکی ساده بۆ درووست‌کردنی منداڵان..) 2
(ئه‌ز: ئه‌و گوته‌یه‌ی مارکسم له وه‌رگێڕاوی کتێبه‌که‌ی'' ئینگلس'' ه‌وه وه‌رگرتووه که له سەرچاوەکاندا ئاماژه‌م پێ داوه.هیوادارم وه‌رگێڕ له به‌کارهێنانی زاراوه‌کاندا به هه‌ڵه‌دا نه‌چووبێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ده‌قه ئینگلیزییه‌که‌ی کتێبه‌که‌ی ئینگلسدا زاراوه‌ی'' ماتریسێنتری یان ماتریسێنتڕاڵی'' به‌کار هاتووه و ئه‌و دوو زاراوه‌یه‌ش، دایکسالاری نابه‌خشن، هه‌ر وه‌ک چۆن پاتریلینیالیێتیش، 3 باوکسالاری ناگه‌یه‌نێ، له هێچ سه‌رچاوه‌یه‌کیشدا، هه‌رنه‌بێ هه‌تا ئێستا، زاراوه‌ی، ماتریارکی که به‌رامبه‌ری پاتریارکییه، نه‌که‌وتۆته به‌رچاوم، بۆیه‌شه من زاراوه‌ی دایکسالاری به‌کارناهێنم و به راستیشی نازانم.جا ئه‌گه‌ر مارکس و ئینگلس له‌شوێنی دیکه‌دا زاراوه‌ی دایکسالارییان به‌کار هێنابێ، ئه‌وا بێ گومان بۆچوونه‌که‌یان دژی زۆربه‌ی زۆری لێکۆڵه‌رانی دیکه‌یه که، بڕوایان نییه دایکسالاری هیچ کاتێک له ئارادا بووبێ.........نووسەر.)
مه‌به‌ستم له ئاست؛ ''جێگه و به‌پێوه وه‌ستانه له کۆمەڵگه‌دا''.که‌سی جێگه‌دار، له‌ش وکار و مافه‌کانیشی له کۆمه‌ڵگه‌دا رێزیان لێده‌گیرێ، که‌سانی خاوه‌ن ئاست نرخێندراون و له‌ناو ئه‌وانه‌ی وه‌ک خۆیان'' ئاستدار'' دا سه‌ربه‌رزن و مه‌ترسی چه‌وسانه‌وه و ناهاوتاییان له‌سه‌ر نییه.له‌هه‌موو بوارێکی ژیانیشدا وه‌ک هه‌رکه‌سێکی دیکه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه ده‌رگاکانیان بۆ کراوه‌ته‌وه، به‌م پێیه‌ش له هه‌موو ئه‌رک و مافێکدا هاوتای ئه‌وانه‌ی وه‌ک خۆیانن.که‌سانی بێ جێگه له کۆمه‌ڵگه‌دا، ئه‌وانه‌ن که به‌خێوده‌کرێن و، گوایه بێ به‌رهه‌من، له‌به‌رئه‌وه‌ش له کۆمه‌ڵگه‌دا هێچ مافێکیان نییه.وه‌لی له راستیدا زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی گوایه به‌خێوده‌کرێن، بەتایبەتیش ئافره‌تان، زۆر زیاتر له به‌ناو، به‌خێوکه‌ره‌کانیان'' پیاوان'' کارده‌که‌ن.
وه‌رچه‌رخان له مێ ناوه‌ندییه‌وه''female centrality '' بۆ پاتریلینیالیێتی – به‌واتای داشکاندن به‌لای باوک‌دا و دواتریش بۆ پیاوسالاری''پاتریارکی'' له پێش هاتنه‌کایه‌ی نووسینه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ریشاڵ و سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئاشکرا نییه.به‌ڵام مامه‌ڵه کردنی ئافره‌تان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواکارییه‌کانیان له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه له به‌ده‌ستهێنانی هێندێک ئازادی‌دا، له‌م سه‌رده‌مه‌شدا، پێشنیازده‌کا که، پیاوسالاری له ئه‌نجامی ناحه‌زی پیاوانه‌وه بۆ ئەفرەتان سه‌ری هه‌ڵدابێ و به‌سه‌ریاندا سه‌پێنرابێ.هەڵبەت ناحه‌زییه‌کان له هێندێک بواردان و به بڕوای من، ریالیستییانه بیرناکه‌ینه‌وه ئه‌گه‌ر بیخه‌ینه هه‌موو بواره‌کانی ژیانه‌وه.
روخاندنی ماتریسێنتری یه‌که‌م و گرنگترین جه‌نگ بووه، پیاوان دژ به ئافره‌تان به‌رپایان کردووه و هه‌تائێستاش به‌رده‌وامه.له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوکایێتی منداڵ (به‌واتا جینیۆلۆجییه‌که‌ی) هه‌تا سه‌رده‌می تێکنۆلۆجیای تازه نه‌توانراوه بسه‌لمێنرێ و له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زوه‌تکردنی مافێکی سروشتیی ئافرەتانی تێدایه، ده‌بێ له ئه‌نجامی زۆردارییه‌وه بووبێ.وه‌لی به باشی بۆمان روون نییه، که‌ی و بۆچی پیاوان ئه‌و گۆڕانکاریه‌یان ویستووه و سه‌پاندوویانه و بۆچیش ئافرەتان قبووڵیان کردووه؟ زۆربه‌ی بۆچوونه‌کان لەو بارەیەوە هه‌تا کۆتایی سه‌ته‌ی رابووردووش له رمڵ هه‌ڵدان زیاترنین و هێندێک بۆچوونیش ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌ی سه‌رکۆمه‌ڵگه ئا‌فریکاییه‌کانن له‌لایه‌ن ئه‌وروپاییه‌کانه‌وه لەسەردەمی داکیرکردنیاندا.له‌و سه‌رده‌مه‌دا هێشتان زۆر له کۆمه‌ڵگه‌کانی ئافریکا ماتریلینیالی و ئیندۆگه‌می بوون، 4 پیاوان ته‌نها له رێگه‌ی رفاندن و کۆیله‌کردنه‌وه توانیویانه ئافرەتان له‌تیره‌یه‌کی دیکەوە راپێچی ناو تیره‌که‌ی خۆیان بکەن.به‌واتایه‌کی دیکه هه‌تا ئه‌وسه‌رده‌مه‌ش له ئافریکادا، ژن هێنان هه‌ر له‌ناوخۆی تیره‌دا باو بووه، وه‌لێ بۆ مێیینە رفاندن له‌ئارادا بووه، پرسیارێکه ره‌نگه له به‌دواداچوونی مێژووی ئافرەتاندا وه‌ڵامێک به‌ده‌ست بهێنین.خۆشبه‌ختانه له کۆتایی سه‌ته‌ی رابووردووه‌وه ژمارەیەک لێکۆڵینه‌وه‌ی نوێ و زانستیانه‌ی باش له‌سه‌ر هۆکاری ژێرده‌سته‌بوونی مێینه‌وه کراون و هۆکارگه‌لێکی نوێیان خستۆته به‌رده‌ست که له پاژێکی دیکه‌دا له‌سەر‌ی ده‌دوێین.
به درێژایی 99 % ی مێژووی ژیانی هۆمیناید و مرۆڤ، کۆمه‌ڵگه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی ئیگالیتاری/ هاوتایی - هاوسه‌نگیی ماتریسێنتری بوون.وه‌لی له‌شوێنی جیاواز و کاتی جیاوازیشدا، پیاوان رامیاری سۆلیداریێتی'' سیاسه‌تی پشتگیری یه‌کدی'' یان پیاده کردووه بۆ ئه‌وه‌ی کۆنتڕۆڵ له ده‌ستی ئافره‌تان ده‌رێنن و به‌زۆره‌ملێ پێج به ماتریلینیالیێتی وماتریلۆکالیێتی 5 و ئیندۆگه‌می بکه‌نه‌وه بۆ پاتریلینیالیێتی و پاتریلۆکالیێتی و ئێکسۆگه‌می.6
بۆ گه‌یشتن به پله‌وپایە له‌کات و شوێنی جیاوازیشدا پیاوان هەوڵی یەکگرتنیان داوە، هه‌وڵێکی بێ پایان تا ئه‌و ئاسته‌ی گه‌یشتوونه‌ته خۆڕێکخستن بۆ ئه‌وه‌ی بایه‌خی خۆیان له‌ناو گڕووپه‌که‌دا بسه‌لمێنن و کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوی گه‌وره و ناودار بهێننه کایه‌وه که، ده‌شێ وه‌ک پزدانی ده‌وڵه‌ت له فۆڕمه/ کڵێشە سۆشیۆپۆلیتیکه پاتریارکییه‌که‌یدا بناسرێت.کاتێک مێکانیزمی پاتریلینیالیێتی پاتریلۆکالیێتی و ئێکسۆگه‌می جێگیربوون، ئافره‌تان ده‌ره‌تانیان نه‌ماوه و توشی پیاوسالاری هاتوون و هه‌تا ئێستاش نه‌یانتوانیوه لێی ده‌ربازبن.لێره‌دا ده‌بێ سیستێمی پاتریارکی و پاتریلینیالی لێک جیاکه‌ینه‌وه.له سیستێمی پاتریلینیالیدا باوک، کڕۆک ''سێنته‌ری'' خێزانه، وه‌لی ناشێ وه‌ک به‌رامبه‌ری ماتریلینیالیش سه‌یری بکه‌ین، هۆی سه‌ره‌کیش ئه‌وه‌یه که، یه‌که‌میان سه‌پێنراوه و دووهه‌میان به‌شێوه‌یه‌کی سروشتی دایکان له ئه‌نجامی په‌ره‌رده‌کردنی منداڵه‌کانیانه‌وه به‌ده‌ستیان هێناوه.به‌ڵام ده‌شێ به‌دڵنیاییه‌وه بڵێین پاتریلینیالی یه‌که‌م هه‌نگاو بووه به‌ره‌و پاتریارکی/ باوکسالاری، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پاتریلینیالی، ته‌نها بریتی نه‌بووه له گۆڕانی ناوی منداڵ لەسەر ناوی داکه‌وه بۆ سەر ناوی باوک، به‌ڵکو تێیدا به‌کارهێنانی خاکیش له ئافرەت زه‌وتکراوه.
دەبێ بزانین کە، پاتریارکی: ئه‌و سیستێمه‌یه ده‌سه‌ڵات و یاسا به ئیلیتێکی تایبه‌تی پیاوان لەسەروو هەموو مرۆڤەکانی دیکەوە بە نێر و مێشەوە ده‌به‌خشێ و پشتگیری لێدەکات، له هه‌مان کاتیش‌دا ده‌سه‌ڵات و ئه‌رک و مافی پیاوان له هه‌موو چینه‌کاندا، ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر ئافرەتانی چینه‌که‌ی خۆیشیدا زاڵدەکات.
یاسا، له‌زۆر حاڵ‌دا شتێکی قێزه‌وه‌نه ئه‌گه‌رله‌ناخماندا بیچه‌سپێنین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ست به تاوان ده‌که‌ین کاتێک هه‌لسوکه‌وتێکمان، له‌لایه‌ن یاساوه به‌ده‌رچوون یا ناڕێک پێناسه ده‌کرێ.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که خۆمان له‌و بڕوایه‌دانین که ناڕێک بێت.
پاتریارکی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یەیە که دام‌و ده‌زگای ده‌وڵه‌تی، ئاینی، یاسا، رۆشنبیری، ئابووری و نه‌ریت وکولتووریش، تێیدا وا داڕێژراون له سه‌رو ژیانی که‌سایه‌تییه‌وه بن، هه‌میشه به‌رده‌وامبن و ده‌سه‌ڵات له پیاوێکه‌وه بداته پیاوێکی دیکه.هه‌موو ده‌زگاکانی پاتریارکی، یاسا و نه‌ریتیان ئه‌وه‌یه که، پیاوان باڵاده‌ستتر و سودمه‌ندتر بکه‌ن و به‌شداری ئافرەتانیش سنوورداربکه‌ن.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که هه‌موو که‌سس'' ئافرەتان'' خۆیشیان ده‌زانن له کۆمه‌ڵگه‌ی پاتریارکیدا، یاسا و نه‌ریته‌کان ناڕه‌وا و ناسروشتین، وه‌لی لادان لێیان به‌تاوان ده‌زانرێ.
سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی پیاوسالاری
له کۆمه‌ڵگه‌ی ماتریلینیالیدا ئافرەتان پایه‌یه‌کی به‌رزیان هه‌بووه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی منداڵیان به‌رهه‌م هێناوه، خۆراکی کۆمه‌ڵگه‌که‌یان دابین کردووه و، مافی'' یوسوفڕه‌کت usufruct'' به‌واتای مافی به‌کارهێنانی زه‌وی یان هه‌بووه که ته‌نها له رێگه‌ی مێیینه‌وه بۆ میینه‌یه‌کی دیکه داکه‌وتووه.
وه‌رچه‌رخان بۆ پاتریلینیالیێتی مافی به‌کارهێنانی زه‌وی و خاوه‌نیێتی منداڵی له ئافرەتان زه‌وتکردوه، وه‌لی کاری نه‌کردۆته سه‌ر ئاماده‌کاری ئافره‌تان له ئه‌رکی به‌خێوکردنی منداڵدا.جا له‌به‌رئه‌وه‌ی دوای زه‌وتکردنی ئه‌و مافانه‌شیان ئافره‌تان هه‌ر به‌رده‌وام بوون له ئه‌رکی منداڵ به‌خێوکردندا، پیاوان وایان لێکداوه‌ته‌وه که ئافرەت له‌شێوه بایۆلۆجیا‌که‌یدا وا هه‌ڵکه‌وتووە وه‌چه‌کانی به‌خێوبکات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش پاداشت پێدانیان پێویست نییه.به‌ڵام تاقیکردنه‌وه‌کان ده‌ریانخستووه که دایکایێتی هه‌ستێکی زکماکی و سروشتی نییه، به‌ڵکو ئه‌نجامی فێربوونه.ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی دایکایێتییان نه‌کراوه ناتوانن دایکایێتی بکه‌ن.ئێمه‌ی مرۆڤیش چ ژن چ پیاو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دایکایێتیمان کراوه، فێری دایکایێتی بووین.وه‌ک ده‌زانین ئاگاداریی پارچه خاکێک یا به‌خێوکردنی ئاژه‌ڵێک له لایه‌ن مرۆڤێکه‌وه خۆشه‌ویستی ده‌خاته‌وه، جا چجای به‌خێوکردنی منداڵێک، وه‌لی کۆمه‌ڵگه پیاوسالارییه‌که‌مان له منداڵییه‌وه ئه‌و فێربوونه'' به‌خێوکردنی منداڵ'' له بیر نێرینه‌کان ده‌باته‌وه.بۆ نموونه ئه‌گه‌رکوڕێک له ماڵه‌وه به‌دیار دایک و خوشکیه‌وه بوه‌ستێ و سه‌رنجیان بدا چۆن نان ده‌که‌ن وچێشت لێده‌نێن، له ناو کورده‌واریدا، ناو و ناتۆره‌ی سه‌رژنانییان لێده‌نێن، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌نێو زۆر به‌ڵگه‌ی دیکه‌دا که ژن‌بوون له کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالاریدا ئه‌گه‌ر سووکیی نه‌بێت، ئاستێکی نزمه.
پیاوان یان نازانن یان نایانه‌وێ بزانن که به‌خێوکردنی منداڵ، لە لایەن ئافرەتانەوە وەک ئاژەڵە شیردەرەکان هه‌ستێکی زکماکی و سروشتیی نییه، به‌ڵکو کارێکی خۆبه‌ختکه‌رانه و ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه.
دوای لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زۆر، زۆربەی سکۆڵاری سه‌رده‌م، کێشه‌ی خاوه‌نیێتی ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ی که پێی ده‌ڵێین منداڵ؛ به سه‌رچاوه‌ی لێکترازانی نێوان سێکسی نێر‌و مێی ده‌زانن و گوایه ئه‌و کێشه‌یه‌یه که بووه‌ته هۆکاری هه‌نگاونان به‌ره‌و باڵاده‌ستی پیاوان و یه‌که‌مین کرداری زۆره‌ملێییه به‌ره‌و پاتریارکی.ئه‌گه‌ر منداڵ وه‌ک سه‌رمایه‌یه‌ک سه‌یر بکه‌ین- که بە بڕوای من وا نییه، ئه‌وا له رووی خاوه‌نداریێتییه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ک له‌شێوه‌کان ئه‌م بۆچوونه له‌گه‌ڵ تیۆری کۆمیۆنیزم دا دژ نییه، وه‌لێ به‌بێ ده‌لاقه‌یه‌کی گه‌وره‌ش له نێوانیاندا هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه-- خاوەنداریێتی منداڵ، پێش سه‌رده‌می شوانکاره‌یی و کۆمه‌ڵبوونی سه‌رمایه سه‌ری هه‌ڵداوه که کۆمیۆنیزم، هۆی سه‌رهه‌ڵدانی پیاوسالاری و هه‌روه‌ها جۆری گواستنه‌وه‌ی سامان ''میراتگری'' بۆ دەگێڕێتەوە، خۆ منداڵ وه‌ک سامانێک دوای مردنی باوکی بۆ کەس نامێنێتەوە.به‌واتایه‌کی دیکه، گۆڕانی باری ئابووری که به‌پێی فیلۆسۆفیا‌ی کۆمیونیزم هۆکاری پیاوسالارییه، سه‌لمێنه‌ر نییه و بەشێک سکۆلار ناتوانایی پیاوان له زان / وەبەرهەمهێنانەوە، هەروەها حه‌سوودی بردن به ئافرەتان له‌توانای نوێکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌دا، به‌هۆی توانای سکپڕبوون و زانه‌وه وه‌ک یه‌ک له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کانی پیاوسالاری سه‌یر ده‌که‌ن.لێره‌دا جێگه‌ی خۆیه‌تی ئه‌و راستییه بخه‌ینه به‌ر چاو که، بۆ سه‌تان هه‌زارساڵ، ئەو کاتانەی پیاوان له به‌رهه‌مهێنانی منداڵدا رۆڵی خۆیان لا نادیار بووه، هیچ گرفتێکیان نه‌بووه له‌وه‌ی ئافرەت خاوه‌نی منداڵ بێت، وه‌لی دواتر، دوای ئه‌وه‌ی رۆڵی خۆیان له به‌رهه‌مهێنانی منداڵدا زانی، سۆلیداریێتی پیاوانیان داهێنا و پاتریلینیالیێتی سه‌ری هه‌ڵدا و دواتریش هاوسه‌ری گۆڕا بۆ شێوه‌ی پاتریلۆکاڵی و لەوێوە وردە وردە کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و پیاوسالاری ملی پێوه‌نا.
سۆلیداریێتی پیاوان
یه‌که‌مین جوڵانه‌وه‌ی سیاسی، وه‌ک هه‌ر هاریکاری/ سۆلیداریێتیێکی دیکه، له‌ئه‌نجامی پێویستی، هه‌ستکردن به لاوازی و چه‌وسانه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه.سایکۆلۆجیسته‌کان ئه‌و بۆچوونه‌یان له‌به‌رچاوه و به هه‌ندیشی ده‌گرن، بۆیه‌شه له‌و بڕوایه‌دان که، پیاوان زۆر له دێره‌وه و هەتا ئێستاش به هۆی ئێره‌به‌رێییانه‌وه/ به‌خیلییانه‌وه له توانای ئافره‌تان بۆ نوێکردنه‌وه‌ی ژیان'' توانای سکپڕبوون و زان '' له ئێش و ئازاردان.
مێژوو، هه‌تا ماوه‌یه‌کی که‌میش پێش درووستبوونی ده‌وڵه‌ت ئاماژه‌ی به کۆمه‌ککاری یان هاوکاریێکی ئه‌وتۆی نێوان ئافره‌تان نه‌کردوه، ئه‌گه‌ر سۆلیداریێتیێکیشیان هه‌بووبێ ته‌نها له‌کاتێکدا بووه که هێزێکی ده‌ره‌کی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌کۆمه‌ڵگه‌که‌یان کردووه، هیچ کات ئافره‌تان هاریکاری یه‌کدییان دژی توخمی نێرینه نه‌کردووه.لێکۆڵینه‌وه‌کان ده‌ریانخستووه، له‌سه‌رده‌می دابینکردنی ژیانەوە له‌سه‌ر چنینه‌وه‌ی میوه و روه‌ک و ورده راووشکار، ئافرەتانی کۆمه‌ڵگه بۆ داپۆشینی پانتایه‌کی ره‌هاتر بڵاوه‌یان کردووه، له‌کاتی ئاماده‌کردنی خۆراکیشدا ئه‌گه‌ر له‌نزیک یه‌کیشه‌وه بووبن ئه‌وا هه‌ر سه‌ربه‌خۆ کاریان کردووه.له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پیاو رۆڵی له په‌روه‌رده‌ی منداڵدا نه‌بووه.دیاره ئه‌گه‌ر ئافرەتان سوکه یاریده‌یه‌کی یه‌کدیشیان دابێ ئه‌وا هه‌ر به‌ته‌نیا منداڵه‌کانیان په‌روه‌رده کردووه.کیژانیش پێش ئه‌وه‌ی منداڵیان ببێت، وه‌ک کوڕان پێوه‌ندی سه‌ره‌کییان له‌گه‌ڵ دایکیاندا بووه و دواتریش له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانیاندا.وادیاره بۆ سه‌رده‌مێکی دوورودرێژی مێژوو، ئافرەتان ته‌نها له توانای بوونی منداڵ و ویستی هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیاری په‌روه‌رده‌کردنیان نێوکۆییان هه‌بووبێ.بێ گومان توانای بوونی منداڵ رۆڵێکه سروشت به‌خشیویێتی پێان، جا ئه‌گه‌ر به‌خته‌وه‌ری بێت یان به‌دبه‌ختی!.
له‌و سه‌رده‌مه‌وه که مرۆڤ ده‌ستی داوه‌ته راوکردنی ئاژه‌ڵی دڕنده و گه‌وره، پیاوان هه‌ستیان به‌وه کردووه رۆڵێکی دیار و تایبه‌تیان هه‌یه، له‌و سه‌رده‌مه‌دا له هه‌موو کۆمه‌ڵگه راوکه‌ره‌کاندا پیاوان راوکه‌ره سه‌ره‌کییه‌کان بوون.زۆرینه‌ی ئه‌نسرۆپۆڵۆجیسته‌کان'' به‌تایبه‌تی پیاوه‌کانیان'' له‌و بڕوایه‌دان که، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئافرەتان زۆر وه‌خت سکپر بوون یان سه‌رقاڵی په‌روه‌رده‌ی منداڵ بوون و له راوکردنیشدا مه‌ترسییه‌کی گه‌وره هه‌یه، به‌شداری راوی ئاژه‌ڵی گه‌وره‌یان نه‌کردبێ.گه‌رچی ئه‌و بۆچوونه تا راده‌یه‌ک لۆجیکانه‌یه، وه‌لی به‌ڕای من، چنینه‌وه‌ی میوه و کۆکردنوه‌ی گەڵاوگۆڵی رووه‌ک و سه‌لکه رووه‌ک، له‌و سه‌رده‌مانه‌دا و له‌ناو بێشه‌ڵان و چیای پڕ دڕنده‌دا، وه‌ک راو، مه‌ترسیدار بووه به‌تایبه‌تیش بۆ ئافرەتی سکپڕ و ئه‌وانه‌ی خوێنی مانگانه‌یان هه‌بووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاژه‌ڵی دڕنده له‌دووره‌وه بۆنی خوێن ده‌کات و شوێنپێی هه‌لده‌گرێ.
وا پێده‌چێ سیمبۆڵێک له راوکردندا هه‌بێ! هێندێک له نێتیڤه‌کان/ دانێشتووە رەسەنەکانی ئه‌مه‌ریکا بڕوایان وایه که ئافرەت به‌رپرسە له ژیان'' منداڵ بوون '' پیاویش به‌رپرسە له مردن'' راوکردن و شه‌ڕ ''.
دیارە راوی ئه‌وسه‌رده‌مانه بە ئامرازی سەرەتاییەوە بۆ پاراستنی ژیانی راوکه‌ران پێویستی به هاوکاری و هاوڕێیه‌تی و کارێکی هه‌ره‌وه‌زی دوور له کێبڕکێ هه‌بووه که دواتر بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی به‌شداریکاران هه‌ستێکی تایبه‌تی په‌یدابکه‌ن، هه‌ستی'' ئێمه دژی ئه‌وان'' به‌واتای راوکه‌ر دژی ئاژه‌ڵ، دیارە سه‌ربه‌رزیش بوون به‌و یه‌کگرتنه‌یان و هه‌ر ده‌بوو وه‌هاش بوایه.
ئه‌و که‌مه هاوکارییه‌ی یه‌کدی له‌کاتی راودا هه‌ستێکی نێرینه‌یی و کۆمه‌ککاری به پیاوان به‌خشیوه، وه‌لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که ئافرەتان به‌شداری راو بوون دیاره وه‌ک پیاوان هه‌ستی جیاواز'' هه‌ستی مێیینه‌یی'' و کۆمه‌ککاریی تایبه‌تییان تێدا درووست نه‌بووه و پیاوانیش ویستوویانه له‌و هه‌سته به‌دووریان بگرن.لێکۆلینه‌وه له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی راوکه‌ر، ده‌ریخستووه که، له هه‌موویاندا که‌ڵته راوچییه‌کان پیاوان پێکیان هێناوه و ئه‌و نه‌ریت و ئامرازانه‌ی هه‌یانبووه، مێیینه بۆی نه‌بووه نه بیبینێ و نه‌ده‌ستی لێدا.......مێرلین فڕێنچ ل 43 به‌رگی یه‌که‌م.
هەڵبەتا دووره‌په‌رێزخستنی ئافرەت مه‌به‌ستی ئه‌و که‌ڵتانه بوون.به‌پێی لێکۆڵینه‌وه‌کان له نزیکه‌ی هه‌زاره‌ی پێنجه‌می پێش سه‌رده‌مدا، کشتوکاڵی سه‌ره‌تایی زۆر باو بووه و به‌رهه‌میشی زۆر له‌سه‌رده‌می کۆکردنه‌وه‌ی خۆراک و راوکردن زیاتر بووه.زێده به‌رهه‌می کشتوکاڵ، کزبوونی راوکردنی به‌دوادا هاتووه، هه‌روه‌ها بووه‌ته هۆی کۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵکێکی زۆرتر له نزیک یه‌کدییه‌وه.ئه‌مانه‌ش هۆکاربوون بۆ له‌ده‌ستدانی جموجۆڵی راو که، مه‌به‌ستبووه لای پیاوان و مانایه‌کی پێیان به‌خشیوه.له‌نێو کوڕانیشدا هه‌ستی کۆمه‌ککاری به‌ره‌و کزی ملی ناوه.له‌و سه‌رده‌مه‌دا پیاوانیش به ناچاری خه‌ریکی کاری کشتوکاڵ بوون، کارێک که وه‌ک راوی ئاژه‌ڵی گه‌وره داخوازی کاری هه‌ره‌وه‌زی ئه‌وتۆی نه‌بووه پیاو رۆڵی سه‌ره‌کی تێدا ببینێ، جا پیاوان بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی خۆیان بپارێزن نه‌ریتی پێناساندن Initiation، یان داهێناوه که دوو مه‌به‌ستی پێکاوه.یه‌که‌میان، به‌رزکردنه‌وه‌ی هه‌ستی پشتگیری یه‌کدی له‌نێو کوڕاندا و دووهه‌میان، هه‌ڵکشاندنی ئاستی کوڕان و بایه‌خ پێدانیان له‌کۆمه‌ڵگه‌دا که له‌دواڕۆژدا ده‌بنه پیاو.
پێگه‌یشتنی سێکسی (بلوغ) ، له‌نێوان نێر‌و مێی مرۆڤدا زۆر جیاوازه، پێگه‌یشتنی مێینه به‌هۆی'' به‌ربوونی خوێنی مانگانه/ عوزر شتن'' ه‌وه ئاشکرایه، وه‌لی هیج شتێک پێگه‌یشتنی نێرینه وه‌ده‌رناخا.کوڕ له‌منداڵییه‌وه توانای ره‌پکردنی ئه‌ندامی سێکسی هه‌یه وه‌لی ئه‌وه پێگه‌یشتن نییه، کاتێکیش ده‌گاته ته‌مه‌نی تۆوڕشتن، مانای ئه‌وه نییه پێگه‌یشتوه و ده‌توانێ ببێته باوک.
به بۆچوونی سایکۆلۆجیسته‌کان، نه‌بوونی دیارده‌یه‌ک بۆ ئاشکراکردنی پێگه‌یشتنی سێکسیی کوڕان، ئه‌وشته‌یه که سۆڵیداریێتی نێرینه ده‌یه‌وێ به‌ره‌نگاری بێته‌وه.
بۆنه‌ی پێناسه‌ی کوڕان به کۆمه‌ڵ Initiation، له سه‌رده‌می کشتوکاڵدا سه‌ری هه‌ڵداوه، له‌کۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تاییه‌کانی چنینه‌وه و راودا له ئارادا نه‌بووه.لەو سەردەمانەدا منداڵان فێری خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ سروشتدا له‌پێناو مانه‌وه‌دا کراون، که ده‌شێ ناوبنرێ ئاماده‌کردن یان پێگه‌یاندن، وه‌لی له‌سه‌رده‌می کشتوکاڵدا پێگه‌یاندنیان به کۆمه‌ڵ، بۆفێرکردنی رۆڵی جیاوازی جێنده‌ر بووه.له‌و به کۆمه‌ڵ پێگه‌یاندنانه‌دا، پیاوان، کوڕانیان فێری ئه‌وه کردووه که پێیده‌ڵێن پیاویێتی'' به‌پیاوبوون'' ئه‌مه‌ش له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌دا هاتووه که پیاوان وایان زانیوه، ئه‌و رۆڵه سه‌ره‌کییه‌ی هه‌یانبووه له‌سه‌رده‌می راوکردندا له‌ده‌ستیانداوه، له‌به‌ر ئه‌وه پێویستیان به دروستکردنی ناسنامه‌یه‌که بۆ نێرینه‌یی.
بۆنه‌ی به کۆمه‌ڵ پێگه‌یاندنی کوڕان، بۆنه‌یه‌کی نه‌خشه‌کێشراوی تایبه‌تی بووه، بۆ پچڕاندنی سه‌ره‌کیترین و به‌هێزترین پێوه‌ندی'' بۆند'' ی نێوان کوڕ و دایک، پێگه‌یاندن، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کردووه که پیاو ده‌بێ دووجار له‌دایک ببێ، جاری یه‌که‌م له‌دایکه‌وه و دووهه‌مجاریش له‌باوکه‌وه، ئەوجا خۆناسین وه‌ک نێرینه و زۆره‌ملێیکردن له مێیینه.پێگه‌یاندنی کوڕان به‌کۆمه‌ڵ له سه‌رچاوه‌کاندا به '' ئینیشێیشن'' ناوی هاتووه، منیش له‌م نوسینه‌دا به پێناساندن یان به‌پیاوکردن ناوم بردووە.
هه‌رچه‌نده مه‌به‌ستی به‌پیاوکردن له‌هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌کاندا هه‌ر یه‌که، وه‌لێ له‌هه‌موویان سه‌ختتر و دژوارتر، ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی پۆلیجێنی'' فره ژنیی پاتریلینیالی'' 7 بووه که ئه‌وپه‌ڕی باڵاده‌ستی پیاو نیشانده‌دا به دابڕینی ئافرەت بۆ ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ له سێکس.له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا به‌شێوه‌یه‌کی گشتی، دوای ئه‌وه‌ی ئافرەت منداڵی بووه هه‌ردووک هاوسه‌ر بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ به‌جیا ژیاون، پیاو سێکسی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌یدا نه‌کردووه، منداڵان بۆ ماوه‌ی چه‌ندساڵێک له‌شیر نه‌بڕاوه‌نه‌ته‌وه و هه‌مووکاتێک له‌گه‌ڵ دایکیاندا ژیاون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش پێوه‌ندییه‌کی قووڵ له‌نێوانیاندا په‌دابووه.دوای په‌یدابوونی ئه‌و پێوه‌ندییه پته‌وه ده‌روونییه، له‌سه‌رده‌می مێرمنداڵیدا، کوڕان، له‌دایکیان دوورخراونه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بکرێنه پیاو.
بۆ سایسکردن'' رامهێنان'' ی منداڵان و وه‌رچه‌رخاندنیان له خۆشه‌ویستی دایک و پچڕاندنی ئه‌و بۆنده'' پێوه‌ندی'' یه به‌هێزه‌ی هه‌یانه و چه‌سپاندنی هه‌ستی نێرزاڵیێتی له‌ناخیاندا، پیاوان ئه‌شکه‌نجه‌ی مێرمنداڵه‌کانیان داوه.مێرمنداڵه‌کان بۆ ماوه‌یه‌ک له‌کۆمه‌ڵگه‌که‌یان دوورخراونه‌وه و ره‌زیل و رسوا کراون.
ئاوستڕۆ میلانیسه‌کان کە به‌شێکن له دانیشتووه ره‌سه‌نه‌کانی ئاوستڕالیا، کێری مێرمنداڵه‌کانیان بریندارکردووه وه‌ک لاساییکردنه‌وه‌یه‌ک بۆ خوێنی مانگانه‌ی ئافرەتان.هێندێک کۆمه‌ڵی دیکه بۆ هه‌مان مه‌به‌ست له شوێنی دیکه‌ی مێرمنداڵاندا خوێنیان به‌رداوه.دواتریش خزاندووییاننه‌ته ناو سکی تیمساحێکی ده‌ستکرد، یان ناو منداڵدانێکی ده‌ستکرد وه‌ک ئه‌وه‌ی دایک که، پیاو سه‌رپه‌رشتیان کردوون و دواتر لێیان ده‌رهێناونه‌ته‌وه وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ جاری دووهه‌م له‌دایکبوون، وه‌لی ئه‌مجاره‌یان له‌پیاوه‌وه.
گیمی Gimi: یه‌کان'' ده‌ڵێن '' کێر'' دیارییه‌که پیاوه به‌ته‌مه‌نه‌کان درووستیانکردووه بۆ ئه‌وه‌ی بیده‌نه کوڕان له به‌پیاوکردنیاندا و پێشی ده‌ڵێن'' قوزی تازه''.ئه‌م جۆره وێکچوونکردنه‌ی ئه‌ندامی نێرینه به‌ئه‌ندامی سێکسیی ئافرەت، ئاماژه‌یه که پیاوی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه ئێره‌ییه‌کی زۆریان به‌رامبه‌ر ئافرەتان هه‌بووه و ویستوویانه جێگه‌یان بگرنه‌وه و له هه‌مان کاتیش‌دا بۆچوونی ئێره‌بەری پیاوان به مێیینه کە پێشتر باسمانکرد ده‌سه‌لمێنێ.
له به‌پیاوکردندا، به‌کوڕان ده‌ڵێن که، ئه‌وان، به‌واتای کوڕان، ژنی پیاوی به‌ته‌مه‌نن و ده‌بێ له‌پیاوه‌وه مامه‌ڵه‌کردنی ئافره‌تان فێربن.پیاوان مێرمنداڵان فێرده‌که‌ن هه‌ست بخه‌نه لاوه و له‌سه‌ر پێوه‌ری پیاوان کردار بکەن کە له‌سه‌ر بنه‌مای جڵه‌وکردن/ کۆنتڕۆڵی خودی خۆ و که‌سانی تریشه‌وە ده‌نرخێندرێ.له به‌پیاوکردندا، مێردمنداڵان تۆقێندراون بۆ ئه‌وه‌ی گوێڕایه‌ڵی کۆدی پیاوان بن و هه‌رچی پێوه‌ندی به مێینه‌یێتی هه‌بێ له‌ناخیاندا وه‌ده‌رنێن، به‌واتای (پیاو ده‌بێ مێینه‌یه‌تی له ناخی خۆی و ژیانیشیدا کۆنتڕۆڵ بکات) .
کۆمه‌ڵگه‌ی'' جیلیدی Gelede'' له یوڕوبا، له‌و پیاوانه ده‌ده‌ن که به‌ئاسانی گوێڕایه‌ڵی ژنه‌کانیان ده‌که‌ن و پێیان ده‌ڵێن تووته‌ڵه‌ی ژنان.دیارە هه‌موو ئه‌و چه‌رمه‌سه‌ری و ئه‌شکه‌نجه و سوکایێتی پێکردنه‌ی مێردمنداڵان چێشتوویانه له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا، گوایه بۆ به‌پیاوکردنیانه، له‌پێناوی پیاوسالاریدا بووه، ئالێره‌دا ئەو پرسیارە دێتە پێشێ کە، ئه‌م هەوڵە پیاوسالارییە چ پێوه‌نییه‌کی به کۆمه‌ڵکردنی سه‌رمایه‌وه هەیه؟.
وه‌ک ده‌بینین، ئافرەتان هیچ کاتێک کۆمکارییان نه‌بووه دژی پیاوان، وه‌لێ سۆلیداریێتی پیاوان دژی ئافرەتان، له‌هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وبه‌روه سه‌ری هه‌ڵداوه و هه‌تا ئێستاش به‌رده‌وامه.سۆلیداریێتی پیاوان له‌سه‌ر هه‌رئاستێکی دیکە جگه له‌ئاستی ژناندا، له‌به‌رده‌م کۆسپێکی بچوکدا لێکده‌ترازێ.بۆیه ئه‌و پرسیاره دێته پێش، بۆ پیاوان له ئاستی هیچ شتێکی دیکەدا وه‌ک دژایێتی ئافرەتان یه‌کگرتوو نین؟
له‌کۆمه‌ڵگه‌کانی سه‌رده‌می راو و چنینه‌وه‌ی به‌روبوومه سروشتتییه‌کاندا، کچانیش'' پێناساندنیان'' پێ کراوه، وه‌لێ نه‌ک وه‌ک کوڕانی ئه‌و سه‌رده‌مه.کچان له‌لایه‌ن دایکانەوە لەپێناوی ژیاندا فێری به‌ربه‌ره‌کانێی سروشت کراون.پێگه‌یاندنه‌کانیشیان، زۆر جیاواز بووه له‌پێگه‌یاندنی به‌کۆمه‌ڵی کوڕان، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێگه‌یاندنی کوڕان له‌پێناوی مانه‌وه له‌ژیاندا نه‌بووه، به‌ڵکو له‌پێناوی سالاریدابووه.پێگه‌یاندنی کچان له‌وکۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا، جگه له‌وه‌ی له‌لایه‌ن دایکه‌وه فێری له ژیان مانه‌وه‌دا کراون، له‌ئاهه‌نگێکی تایبه‌تیشدا، بە ئافرەتبوونیان/ باڵقبوونیان، به‌کۆمه‌ڵگه راگه‌یاندراوە و رێز لە بە ئافرەتبوونیان گیراوه.کاتێکیش پیاو له کۆمه‌ڵگه‌دا گه‌یشتۆته باڵاده‌ستی، کچان رسوا کراون، دووره‌په‌رێز راگیراون، سنووردارکراون، زۆرجارانیش خۆراکێکی که‌م و تایبه‌تییان دراوه‌تێ.له‌کۆمه‌ڵگه‌ی پاتریلینیالیدا که هێشتان ناوی نانێین پیاوسالاری، مێینه‌یان به‌خاوه‌ن توانا، وه‌لی توانای پیسکردن، تۆمه‌تبارکردووه.له‌و کولتوورانه‌دا، خوێنبه‌ربوونی مانگانه‌ی ئافرەت، وه‌ک سیمبۆڵی ده‌سه‌ڵاتێکی مێینه‌ی له‌ناوبه‌ر و روخێنه‌ری پیاوان سه‌یرکراوه.له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئافرەت وه‌ک نه‌یارێکی پیاوان سه‌یرکراوە و ئه‌زموونی نێوان جێنده‌ر، بۆته جه‌نگێکی به‌رده‌وام.
پاپاگۆیسه‌کان Papagoes ؛ پاپاگۆیسه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌و بڕوایه‌دان که، هه‌موو مێینه‌یەک به‌ده‌سه‌ڵاته‌وه له‌دایک ده‌بێ، وه‌لی هێندێک پیاو ده‌بنه ده‌سه‌ڵاتدار.چیپیویانه‌کان Chipewyan، که تیره‌یه‌کی دیکه‌ی ره‌سه‌نی ئه‌مه‌ریکان، له‌و بڕوایه‌دان که؛ ژن‌بوون ده‌سه‌ڵاته، وه‌لی پیاوان ده‌بێ ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست.......مێرلین فڕێنچ بەرگی یەکەم ل 46
سه‌رئه‌نجامی ئەم بەشە
به‌درێژایی مێژوو، هه‌موو به‌یت و بالۆره‌یه‌ی پیاوان، دژی ئافرەتان، شتێکی بێ سه‌روپێیه.له راستیدا به ژن‌بوون/ پێگەیشتنی کچان، هه‌روه‌ک به‌پیاوبوون/ باڵقبوونی کوڕانە و، ئه‌وه‌یه که مێینه‌ی مرۆڤ ده‌گاته توانای بایۆلۆجی خۆی له‌به‌رهه‌مهێنانەوەدا، ئه‌مه‌ش شتێکی سروشتییه و پابه‌نده به کات'' ته‌مه‌ن'' ه‌وه.وه‌لی به‌پیاوکردن یان پێگه‌یاندنی کوڕان، شتێکی دروستکراو و ناسروشتیه، له به‌پیاوکردندا، ده‌شێ تیۆریی، (کچ ده‌بێته ئه‌وه‌ی که بۆی له‌دایک بووه، ئه‌ویش به ژنبوونه و، کوڕانیش ده‌بێ ببنه شتێکی زیاتر له‌وه‌ی بۆی بوون) هه‌ڵێنجین.
هه‌موو ده‌زانین ئه‌وڕۆ زۆر لە پیاوان، له سه‌رانسه‌ری دنیادا و، به‌تایبه‌تیش له دنیای ئیسلامی‌دا، پیاوبوون به ده‌سکه‌وتێک ده‌زانن، لایان پیاو بەرزترە و لە سەرووی ژنبوونه‌وه‌یە.جه‌ختکردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پیاو ده‌بێ له ئافره‌ت باڵاده‌ستتربێ ئه‌گینا تێدا ده‌چێ، ده‌ریده‌خا که، بۆ وه‌ده‌ستهێنانی پیاوبوون هه‌وڵێکی زۆر زێده له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه پێویست بووه و وه‌ک وانه‌یه‌ک به مێرمنداڵان گوتراوه‌ته‌وه، له راستیدا، ئێستاکه‌ش ده‌گوترێته‌وه، بۆ نموونه‌ش خه‌ڵکانێک هه‌ن ئێستاش له‌و بڕوایه‌دان که، له رێگه‌ی بوون به سه‌رباز و مه‌شقکردنێکی گرانەوە، کوڕ ده‌بێ به پیاو.
به‌بۆچوونی هێندێک لێکۆڵه‌ر، نه‌ریتی پێگه‌یاندنی مێردمنداڵان له سه‌رده‌می هۆرتیکولتووره‌وه ده‌ستی پێکردووه، به‌ڕای ئه‌وان له‌به‌ر ئه‌و به‌روبوومه‌ی زه‌وی پێشکه‌شی مرۆی کردووه، زه‌وی پیرۆزبووه لایان.وه‌ک ئاشکرایه کشتوکاڵ هه‌رده‌م، به‌تایبه‌تیش له‌شێوه سه‌ره‌تاییه‌که‌یدا، داخوازی زه‌بروزه‌نگ به‌کارهێنان بووه.ئه‌و سکۆلارانه لایان وایه به‌هۆی هه‌ڵکه‌وته‌ی فیزیکی جه‌سته‌ی مرۆوه، که پیاوان شان و مه‌چه‌کیان به‌هێزتره و، ئاماده‌کردنی پانتایه‌کی زه‌ویش بۆ کشتووکاڵ به‌تایبه‌تی له‌و سه‌رده‌مانه‌دا، له بڕینه‌وه‌ی دار، گواستنه‌وه‌ی به‌رد و هه‌ڵدڕینی زه‌وی، پێویستی به شان ومه‌چه‌ک و بازوو بووه، پیاوان ئه‌و ئه‌رکه‌یان گرتۆته ئه‌ستۆ، یان له دابه‌شکردنی کاردا پێیان سپێردراوه.ئه‌مه له‌لایه‌ک، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه له‌وانه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاک پیرۆز بووه، هه‌ڵکه‌ندنی به دڵڕه‌قی و توندوتیژی له‌لایه‌ن ئافرەتانه‌وه سه‌یرکرابێ.پیاوانیش له‌سه‌ره‌تاوه له‌وانه‌یه لێی ترسابن، یان پێی سه‌ربه‌رز بووبن، له‌وانه‌شه هه‌ستێکی تێکه‌ڵی ترس و سه‌ربه‌رزیان هه‌بووبێ.
کڵێشه‌ی پێوه‌ندی خاک کێڵان و زۆره‌ملێ ئافرەت، له لیتێراتووری کۆندا به‌رچاو که‌وتووه، هه‌زاران ساڵیش دواتر که تێکنۆلۆجیا، ماشێنی زه‌وی کێڵانی داهێنا، پیاوان له‌سه‌ره‌تاوه نه‌یانده‌هێشت ئافرەتان کار له‌سه‌ر ئه‌و ماشێنانه بکه‌ن.نه‌ریت و وێرده کۆنه‌کان هه‌موویان بۆ پاراستنی پیاوان له‌خاک هه‌ڵبه‌ستراون، زۆر بڕواش هه‌ن که، دوای ده‌ستپێکردنی کشتوکاڵ، مرۆڤ، ئافڕاندنی به‌هێزێکی نێرینه‌ی ئه‌ودیو سرووشته‌وه به‌ستۆته‌وه له‌جیاتی ئافرانده‌ره مێیینه‌که‌ی هه‌تا ئه‌وسه‌رده‌مه باوبووه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که له زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کشتوکاڵکاره‌دا، ئافرەتان زۆر زیاتر له پیاوان کارده‌که‌ن، که‌چی پله‌یان له‌خوار پله‌ی پیاونه‌وه‌یه، ئه‌م ناهاوتاییه، ئه‌وسیاسه‌ته پوچه نه‌بێ که گوایه کاری پیاوان مه‌ترسیدارتره، هیچ بۆچونێکی لۆجیکانه‌ی تێدا به‌دی ناکرێ.
بنه‌مای کۆمه‌ڵگه‌ی ماتریلینی، پێوه‌ندی نێوان دایک و منداڵه، له‌وکاته‌شه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه که مرۆی قسه‌که‌ر، یه‌که‌م منداڵی بووه، منداڵه‌که‌ش به منداڵی'' مه‌شیانێ، حه‌وا، ئیڤ'' ناسراوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوک له‌سه‌ره‌تاوه رۆڵی به‌خێوکردنی نه‌بینیوه و، بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر دوور و درێژیش رۆڵی خۆی له‌به‌رهه‌مهێنانی منداڵدا نه‌زانیوه.
پاتریلینی: له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه داهێنراوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌زیانکردووه ببنه خاوه‌نی منداڵ، نه‌ک به‌خێویان بکه‌ن وه‌ک دایکان ده‌یکه‌ن.ئه‌مه‌ش له خۆشه‌ویستی منداڵه‌وه نه‌بووه، به‌ڵکو له‌پێناوی ده‌سه‌ڵاتتدا بووه، له‌و سه‌رده‌مه‌شه‌وه مندال به‌ناوی باوکه‌وه ناونراوه، منداڵی'' مه‌شی، ئاده‌م''.ماتریلینی و پاتریلینی، ته‌نها بریتی نین له‌وه‌ی که منداڵ به‌ناوی دایکه‌وه یان باوکه‌وه ناوبنرێت، به‌ڵکو له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه جیاوازن و دوو کۆمه‌ڵگه‌ی جیاوازن له شێوەی ژیاندا، ئه‌نسرۆپۆڵۆجیسته‌کان ده‌ڵێن، کۆمه‌ڵگه‌ی ماتریلینی دڵخۆشترن و پیاوان له‌گه‌ڵ خۆیان و ژناندا ئاسووده‌کارن.زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگه‌کانی ماتریلینی، ماتریلۆکاڵیش بوون، به‌واتای، پیاوه هاوسه‌ره‌که گواستویێتییه‌وه بۆ نێو خێزانی ژنه هاوسه‌ره‌که‌ی/ زاوابووک.ئه‌گه‌ر به‌پێی کو‌لتوور و نه‌ریتی ئێستا سه‌یری بکه‌ین، ده‌شێ بڵێین، نه‌ریتی به‌هاوسه‌ربوون له کۆمه‌ڵگه‌ی ماتریلینیدا، پێچه‌وانه‌ی کاتی ئێستا بووه، پیاو شوویکردووه، ئافرەت پیاوی هێناوه.ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه بووه که ئافرەت مافی به‌کارهێنانی زه‌وی هه‌بووه و هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ده‌نگیان له‌بڕیارداندا ببێ.تۆپه‌ڵاکی ده‌ستڕۆیشتوویی ئافرەتان له سه‌رده‌می ماتریلینیالی دا بووه، وه‌لی مافی پیاویان زه‌وت نه‌کردووه، بۆیه‌شه ناشێ ناوبنرێ سه‌رده‌می دایکسالاری نێو خێزان.له هێندێک کۆمه‌ڵگه‌شدا پیاوان باڵاده‌ست بوون، لێ مێیینە خاوه‌نی جه‌سته‌ی خۆی و سێکسوالیێتی خۆیشی بووە، پیاوان له‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌یانتوانیوه ژنه‌کانیان له‌ماڵه‌وه به‌ندبکه‌ن و هه‌موو منداڵانیش وه‌ک به‌شێک له کۆمه‌ڵه‌که به‌خێوکراون.
له‌کورده‌واریدا ده‌ڵێین فڵانه‌که‌س ژنی هێنا یان ژن ده‌هێنی'' هێنان'' له زمانی کوردی‌دا مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ، شتێک بگوێزیته‌وه لای خۆ.بۆیه‌شه ده‌ڵێین ژن هێنان، ژن گواستنه‌وه.له‌کورده‌واریشدا وه‌ک هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیکه، گواستنه‌وه‌ی پیاو بۆ ناو بنه‌ماڵه‌ی ژن به‌زۆر یان به‌که‌م له ئارادایه.که‌چی له‌وکاتانه‌شدا که پیاو ده‌گوێزێته‌وه بۆ لای بنه‌ماڵه‌ی هاوسەرەکەی، ناڵێین فڵانه پیاو شوویکرد یان فڵانه ئافرەت پیاوی هێنا، له هه‌موو حاڵێکدا هه‌ربه ژن هێنان ناوی ده‌به‌ین.پاتریلینی، که له‌پێناو خاوه‌نیێتی منداڵ و له‌سه‌ر بنه‌مای زاڵبوون هاتۆته کایه‌وه، پێویستی به گه‌ره‌نتی باوکایه‌تی کردووه، دیاره ئه‌مه‌ش به پاوان‌کردنی جه‌سته‌ی ئافرەت له‌لای پیاوه‌وه کراوه و ئافرەتی کردۆته مڵکی پیاو.کۆنتڕۆڵکردنی که‌سێکی دیکە پێویستی به زۆره‌ملێیه، بۆیه‌شه پاتریلینیالیێتی ڕێگه به به‌کارهێنانی زه‌بروزۆر له‌گه‌ڵ ئافرەتاندا ده‌دات.زۆر وه‌خت ئه‌و ئافرەتانەی سته‌میان لێده‌کرێ له‌لایه‌ن مێرد یان که‌سوکاری مێرده‌وه، خاوه‌نی له‌شی خۆیان و منداڵ و به‌رهه‌می کاریشیان نین.زۆره‌ملێ زۆرکه‌مه له ماتریلینیدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئافرەت له‌ناو خزم و که‌سوکاری خۆیدا ده‌ژی و له خێڵ و هاوزمانه‌کانی دوور ناکه‌وێته‌وه.له‌پاتریلینیدا، زۆر جار ئافرەت، خزم و که‌سوکاری جێده‌هێڵی و دوورده‌که‌وێته‌وه له‌وانه‌ی خۆشیان ویستووه و پاراستوویانه.
په‌راوێز
1 - ماتریسێنتری و پاتریلینی، دوو سیستیمی جیاوازی کۆمه‌ڵگه‌ن، له یه‌که‌میاندا دایک کڕۆکی خێزانه و له‌وی دووهه‌مدا باوک.
2 - بنه‌چه‌ی خێزان ل 46، وه‌رگێڕانی که‌ریم مه‌لا ره‌شید له ئه‌ڵمانییه‌وه.
3 – پاتریلینیالیێتی ئه‌و سیستێمه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه که به‌لای پیاودا دایده‌شکێنی و نه‌بۆته پاتریارکی
4 - ئیندۆگه‌می، سیستێمی شوکردن و ژن هێنانه له نێوان خزم و که‌س وکاری نێو تیره‌یه‌کدا، ئه‌م سیستێمه له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی نێوین، ره‌نگه به‌هۆی ئاینی ئیسلامه‌وه و هه‌روه‌ها له نێو کاسۆلیکه‌کان دا هه‌تا ئێستاش به‌رده‌وامه.
5 - ماتریلۆکالیێتی، ئه‌و سیستێمه‌یه که زاوا ده‌گوێزێته‌وه بۆ لای بنه‌ماڵه‌ی هاوسەرەکەی.
6 - ماتریلینیالیێتی وه‌ک ماتریسێنتری، مانای ئه‌وه ده‌به‌خشێ که دایک کڕۆکی خێزانه و پاتریلینیالیێتی و پاتریلۆکاڵیێتی و ئێکسۆ گه‌می، به ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی، ماتریلینیالیێتی و ماتریلۆکالیێتی و ئیندۆگه‌مین.
7 - پۆلیجێنی، مانای بوونی زیاتر له‌هاوسه‌رێک وه‌ک پیاوێک چه‌ند ژنێکی هه‌بێ، یان ژنێک چه‌ند پیاوێکی هه‌بێ، پۆلیجێنی پاتریلینیالی هه‌مان مانا ده‌به‌خشێ له‌باره‌ی هاوسه‌رییه‌وه، وه‌لی له‌و سیستێمه‌دا پیاو خاوه‌نی منداڵه.
سەرچاوە سەرەکییەکان
A History of their own by، Bonnie S.Anderson and Judith P.Zinsser.New York: Harper& Row، ........1988
Ancient Civilizations، general editor، professor Greg Woolf.First publishing....2005
A brief guide to Islam.History، faith and politics: The complete introduction، by Paul Grieve.2006
Big history، from the BIG BANG to the present، by Cynthia Stokes Brown.New York، ، NY 2008
Barbara Lesko، the remarkable women of ancient Egypt.........1987
Bernard Batto.Studies on women at Mari (Baltimor، Md: Johns Hopkins University press 1974
Buddhism: The Dhammapada.Edited by، Jaroslav Pelikan.Translated by John RossCartter and Mahinda Palihawadana 1992
Carol Baker and Angela Fisher، African ceremonies II.New York، Harry N.Abraham Inc....1999
Chinese women: pest & present، by Easter S.Lee Yao.........1983
Hinduism: The Rig Veda.Edited by، Jaroslav Pelikan.Translated by، Ralph T.H.Griffith 1976
Ireen Silverblat، Moon، Sun، and Witches.....1987
In defense of Atheism، by Michel Onfray، Translated from French by Jeremy Leggatt....2007
Women in early imperial China، by Bret Hinsch.....2002
Women and Hindu Right.A collection of Essays، edited by، Tanika Sarkar and Urvashi Butalia 1995
Sir William Tarn، Cambridge ancient history vol 10 1970
Smith، Jane I، '' Women، Religion، and Social Chang in Early Islam، ed، Y.Haddad and E.Findly.
Albany: State University of New York press، 1985
Sex، Time، and Power، by، Leonard Shlain.How women's sexuality shaped human evolution.2003
Sarah B.Pomery، women in Hellenistic Egypt.From Alexander to Cleopatra....1984
Stern، Gertrude.'' The first Women Converts in Early Islam'' Islamic Culture 1939
The creation of patriarchy، by Gerda Lerner.Oxford University press.........1986
The secret history of Mongol Queens، by Jack Weatherford...............2010
Grassroots by Jennifer Baumgardner and Amy Richards ….2005
George Dorsey، Man's One Sho: Civilization (New York: Harper & Brothers، 1931
Gernot Wilhelm، the Hurrians، translated from German by، Jennifer Barnes 1989
Greek Mythology، by Frederique Viver، Translated by Derek Johnston...2004
Richard A.Gold، Yiwara: Foragers of Australian Desert ………1969
Georg Bancroft، History of the United States of America، From the Discovery of the Continent vol.1................1967
Catal Huyuk: A Neolithic Town in Anatolia، by، James Mellart (New York: McGraw-Hill، …1967)
Marija Gimbutas، Gods and Goddesses of Old Europe (Berkeley: University of California press
…….1974
Michal Dames، the Silbury Treasure (London: Thames and Hudson.…..1976)
Marilyn French، from Eave to Dawn: a history of women…………………………….2002 vol.1.2.
Anton، Ferdinand، Women in pre-Colombian American.…..................1973
Anderson، Karen.Commodity Exchange and Subordination: Montagnais-Naskapi and Huron Women، 1600-1650، ”………………………………..1986
-Simone De Beauvoir.Second Sex، copyright Alfred، A، Knopf Vintage Book Edition، 1989
Richard B.Lee، Population growth and beginning of sedentary، life among the Kung Bushmen 1972
Marjorie Shustak، Nisa: The life and world of Kung women.Harvard University press 1981
Carol Beckwith and Angela Fisher، African Ceremonies II (New York: Harry N.Abraham Inc.1999
Robert.S.McElvaine.Eve’s Seed………………………………………………2001
Mythology، the illustrated anthology of world myth and storytelling، general editor، C Scott Littleton …..2002.
Encyclopedia of the ancient Greek world، David Sacks، revised edition by Lisa R.Brody ….2005
On becoming human.Nancy Makepeace Tanner، Cambridge University Press........1981
Political and social life in the great age of Athens، edited by John and Kitty Chisholm.Open Univerty.1978.
All you need to know، from Zeus’s Throne to the Fall of Rome، by Caroline Taggart.Michael O’ Mara Books Limited 2010.
Keuls Eva C.The reign of the phallus: Sexual politics in Ancient Athens.New York: Harper & Row، 1986
بنه‌چه‌ی خێزان و خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت و ده‌وڵه‌ت، نووسینی، فردریک ئه‌نگڵس، وه‌رگێڕانی له ئه‌ڵمانییه‌وه، که‌ریم مه‌لا ڕه‌ش.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
