کاک عوسمان هورمزیار، شانازیی خۆی لەژێر ئەم ناونیشانەدا: ((وینهی ئهم منالانهم لا ئاساییه!!!)) کە لەسەر بەشی سەرەوەی وێنەی پۆلێک مناڵی کورد کە چەکیان بەدەستەوەیە، دایناوە، لەسەر دیواری پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بەم شێوەیە نووسیوە: "تاسهر ئیسقان رقم لهچهك ودهنگی گوللهیه و حهزم له ئاشتیه بێ سنور بهلام كه قهدهر ئیمهی كردبێته دراوسێی تورك وعهرهب وفارس و كه ئهردۆگان ونهژاد ومالیكی وئهسهد وئهوانهی تر بیانهوێ ببنه برا گهورهمان دهبێ ههر چهكمان لهباوهش بیت و هاورێی نزیكمان بێت، دهبێ منالهكانیشمان فێر كهین كه دوژمنانی ئێمه تهنیا یهك زمان دهزانن ئهویش زمانی چهكه، بۆیه ئهو وینهیم لا ئاساییه ئهو پۆله مناله كوردهبهچهكهوه راوهستاون وحهزیان كردوه وێنه بگرن."
بە یارمەتی کاک عوسمانی زێدە بەڕێز، پێم باش بوو کۆمێنتێک بنووسم لەسەر وێنەکەشو کۆمێنتەکەی بەڕێزیشت لەسەری...ئەو قەدەرەی تۆ ئەیڵێیت دەستکردی ئینسانەو بەرژەوەندییەک لە مێژووی ناوچەکەدا کوردستانی دابەشکردووە بەسەر چوار ووڵاتدا، کە ئێرە جێگای نییە باس بکرێت.بەڵام دوژمنایەتیی "خواکردو سروشتکرد!"و کوێرانە بوونی نییە لەنێوان میللەتە جیاجیاکاندا.بێگومان لەنێوان نەتەوەی کوردو ئەوانەی دراوسێیدا جەنگو دەعوایەک هەیە، بەڵام لە واقعدا جەنگ و دەعوای سەرتاپای کوردو ئەو میللەتانەی تر نییە بەشێوەی ئاسۆیی، بەڵکە دەعوای شۆڤێنیزمی نەتەوەی عەرەب، فارسو تورکە بۆ سەپاندنی ستەمی میللی بەسەر نەتەوەی کورددا، هەتا باڵادەستیی خۆی بەسەر سەرتاپای هاوڵاتیانی نیشتەجێی ووڵاتەکانیاندا مسۆگەر بکات لەڕێگای دروستکردنی دوبەرەکیو دوژمنایەتیی کوێرانەی نێوان کوردو نەتەوەکانی سەردەست.
ئەم هەڵاواردنو جیاکارییە میللیو قەومییە لە بنەڕەتدا لە بەرژەوەندی شۆڤێنیزمی نەتەوەی عەرەب، تورکو فارسدایە کە نوێنەرایەتی چینە داراو دەولەمەندەکان ئەکەن، لەلایەک، لەولای تریشەوە لە قازانجی ناسیونالیزمی کوردیدایە لە هەموو پارچەکاندا، هەتا لەژێر ناوی بەرژەوەندی گشتیی میللەتی کورددا لەدەوری بەرنامەی سیاسی حزبە بۆرژوازییەکانی کورد خەڵکی سڤیلی کوردزمان ڕابگرنو لە ململانێیاندا لەگەڵ نەتەوەی سەردەستدا بەکاریان بێنن.ڕێک وەکو ئێستا ئەیبینین، چی لە کوردستانی عێراق، چی لە پارچەکانی تریش.بۆ نموونە؛ هەر ئێستا پارتیو یەکێتی هەرچەند خۆیان کردۆتە نوێنەری نەتەوەی کورد لە عێراق، ئەبینین لەگەڵ حزبە قەومیو ئیسلامییەکانی عەرەبی عێراقیدا حکومەتی عێراقیان سازمان دایەوە، وە بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە ئەمڕۆ لە چوارچیوەی عێراقدا، وە لەگەڵ دەوڵەتی شۆڤێنیی تورکیو ڕژێمی شۆڤێنی- ئیسلامیی ئێرانیشدا هاوپەیمانیی ئەکەنو ڕێکەتن مۆرئەکەن، وە هیچ پرسو ڕایەکیش بە نەتەوەی خۆیان ناکەن، بگرە زۆر جارانیش لە پشتی سەری میللەتەکەیانەوە ساتو سەوداو مامەڵەشیان بەسەر پرسی کوردەوە کردووە.
کاک عوسمان، دوژمنایەتی حزبە دەسەڵاتدارە کوردییەکان تا ئەو ساتەیە کە دەستیان بگاتە دەسەڵات، بۆ ئەم کارە هاوڵاتیانی کوردزمان هانئەدەن لەدژی نەتەوەکانی تر، پاشان خۆیان ئەڕۆن لەگەڵیان سازش ئەکەنو ڕێکەوتنیان لەگەڵ مۆرئەکەن.خەڵکی سڤیلی کردو عەرەبو تورکو فارس دوژمنی یەکتر نین، چینە داراکان شۆڤێنیزمی قەومییان سازکردووە هەتا ناسیونالیزمێکی بندەستیش لەنێو نەتەوەی کورددا سەرهەڵدات، پاشان ئەم کێبەركێو دەعوا نەبڕاوەیە سازئەکەن، هەتا دەسەڵاتو موقەدەراتو سامانی وولات بتوانن بخەنە ژێر چنگی خۆیانو حزبەکانیانەوە..ڕێک وەکو ئێستا لە عێراق ئەیبینین، حزبە کوردیەکان دەسەڵاتدارن لە هەریم، گەندەڵیو بێمافێو ناعەدالەتیی بۆتە نسیبی خەڵکی کوردستانو خۆشیان بوونەتە فیرعەونەکان.بەتەنیا لە سلێمانی زیاد لە ٣سێ هەزار ملیۆنێر بوونی هەیە! ئەمانە کوردن، وە سەدان هەزار کەسیش لە خەڵکی بندەستیی کوردی ئەم کوردستانە لە ژیانێکی شایستە بێبەشن، دەیان هەزار گەنجی کورد ئاوارەی هەندەران بوون لەپێناو ژیانێکی ئاسوودەدا، بەشێکی گەورەی خەڵکی کوردستان بێ خانەولانەن، بێکارن هەژارن...تد...لە ١٧ی شوباتی ٢٠٠١١دا خەڵکی کوردستان دژی دەسەڵاتی کوردیو خۆماڵی، بۆ کۆتاییهێنان بە ناعەدالەتیو گەندەڵیی هاتنە مەیدان، بەڵام دەسەڵات بە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران وەڵامی دایەوە بە داواکارییەکانیان، وە ١٠ کەسیان لێ کوشتنو سەدانیش بریندار بوون.خۆ ئەو دەسەڵاتە کوردییەو تورکو عەرەب و فارس نین.بۆچی سەرکوتی خۆپیشاندانی هێمنانەی هاوڵاتیان سڤیلی کوردی خۆیان ئەکەن!؟
بۆیە دوژمنایەتیی کوێرانە نییە لەنێوان کورد وەکو خەڵکی سڤیل لەگەڵ نەتەوەکانی تردا، بەڵکو قەڵشتو دابڕانێکە چینە داراکان لە ڕێگای سەپاندنی ناسنامەی نەتەوەی بندەستو سەردەست دروستیانکردووە، وە ڕیزبەندیی میللیو نەتەوەییان لێ درووست ئەکەنو ئەیانکەنە دوژمنی کوێرانەی یەکتری.هەستو سۆزی قەومپەرستانە تاوئەدەن، هەتا خۆشباوەڕیی نەتەوەیی لەووشیاریو عەقڵییەتی جەماوەری نەتەوە جیاجیاکاندا بچێننو وەکو کاک عوسمان ناچار بکرێن شانازی بە دوژمنایەتی کردنی میللیو قەومییانەوە بکەن.هەزاران ساڵە ئەم نەتەوانە پێکەوە لەم ناوچانەدا ژیان ئەکەن کەمترین کێشەیان هەبووە، تاکاتێک دەرەبەگەکان هاتن، یاخود ئێستا ناسیونالیستەکانو حزبەکانیان وەکو نوێنەری چینەداراکانی کوردستان هاتوونو ناسنامەی قەومیو خۆشباوەڕیی نەتەوەییان پەرەپێداوەو بۆ ململانێ لەگەڵ شۆڤێنیزمی نەتەوەکانی دەوروبەردا جەنگەکانیان پێ ئەنجامداون.
دوژمنایەتییەکە دەستکردەو سەرەتا ناسنامەی قەومییان مۆرکردووە بە نێوچەوانی هاوڵاتیانەوە پاشان کردوویانن بەگژی یەکتریدا، ئامانجیش لێی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتو چارەنووسی ئەو نەتەوانە بووە لەلایەن چینە بۆرژواییەکانی هەمان نەتەوەوە.کێشەی کورد بەم دوژمنایەتییە چارەسەر نابێت، تاقیکردنەوە نیشانیداوە.تەنیا ڕێگا گەڕانەوەیە بۆ لۆژیکو پابەندبوونە بە ئیرادەو ڕای ئازادانەی خەڵکی کوردستانەوە تا لە ڕێگای ڕاپرسییەکی گشتییەوە بڕیاربدەن لەسەر چارەنووسی خۆیان لە چوارچێوەی ئەو ووڵاتانە ئەمێننەوە یاخود جیائەبنەوەو ووڵاتی سەربەخۆی خۆیان پێکئەهێنن؟ بۆیە زمانی چەک شکستیهێناوەو هەرگیز لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی ژێردەستو سەردەستیشدا نەبووەو جگە لە قوربانیدان خێرێکی بۆیان نەبووە.چەکهەڵگرتنو بارهێنانی مناڵانمان بە چەکو زمانی دومنایەتیی کوێرانە کێشەی کورد لەگەڵ نەتەوەکانی دەورو بەرمان قووڵتر ئەکاتەوە.نەتەوەی کورد ئەگەر بخوازێت سەرفرازو سەربەخۆو ئازادانە لە هاوشانی ئەم نەتەوانەدا کیانێک بۆ خۆی پێکبێنێت، هەنگاوی یەکەمی پێویستە خۆشباوەڕیی قەومی فڕێبداتو دوژمنایەتی کوێرانەش بەرچاوی تاریک نەکات.نەتەوەی کوردو نەتەوەکانی تریش بۆ ئەوەی ڕزگار ببن، ناچارن تەوقی قەومییەک کە کراوەتە گەردنیان بپسێنن.
٢٣-١-٢٠١٣
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
