عەتا سەراوی ڕاستییەکەی درکاندووە ...حەمە غەفور

ئەگەر سەرنجی ڕاگەیاندنی لیژنەی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی بدەین، بەتایبەتی ئەم دەربڕینەی؛ (ڕاگەیاندنی لیژنەی هەڵبژاردنی‌ پارێزگای سلێمانی یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ كوردستان وه‌ڵامی‌ لێدوانه‌كانی‌ عه‌تا سه‌راوی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت، "بانگەشەكەی دەچێتە ژێر حوكمەكانی یاسای تیرۆری هەرێمی كوردستان‌و عێراقەوە‌و حەقوایە داواكاری گشتی بێتە دەنگ".) چیمان بۆ دەرئەکەوێت!؟ پێئەچێت ئەم لێدوانانەی سەراوی یەکگرتووی ئیسلامیی لە خەوێکی خۆش ڕاچڵەکاندبێت! بۆیە بە نیشاندانی لوتف‌و ماریفەتێکی میانڕەوییانەوە بەرامبەر بە قسەکانی عەتا سەراوی بەنیازە، یەکەم، شۆکبوونی خۆی بشارێتەوە، دووهەمیش، ڕوخساری دزێوی دیموکراسی‌و ئەم هەڵبژاردنە گاڵتەجاڕەمان بڕێک بۆ سپی تر کاتەوە!! قەل بە قەل ئەڵێ، ڕووڕەش!! یەکگرتووی ئیسلامی، خۆی لە داوێنی بەرەی تیرۆریزمی ئیسلامییەوە پەیدابووە، ئێستا ئەبینین هانا بۆ یاساو ڕێسای دژە تیرۆر ئەبات سەبارەت بە لێدوانە نیمچە ڕەسمییەکانی عەتا سەراوی، دەربارەی ڕادەستنەکردنی دەسەڵات بە شێوەی دیموکراسییانە لە لایەن یەکێتییەوە.بەڵام واقععیەت ئەوەیە، عەتا سەراوی ڕاستییەکەی ووتووە سەبارەت بەم گاڵتەجاڕەی ناوی لێ نراوە هەڵبژاردن.پێناچیت ئەم لێدوانانەی سەراوی بە تەنیا ڕای خۆشی بێت! چونکە لە بنەڕەتەوە هەڵبژاردن کەڕنەڤاڵی چەواشەکاریی ئەو حزبانەیە کە بە زەبری تیرۆرو چەک‌و میلیشیا چەند هەزار فیرعەونیان بەسەر سامان‌و دەسەڵاتی کوردستانەوە پێگەیاندووەو خۆیان کردۆتە لۆمپنی دەسەڵاتبەدەست‌و هەمەکارە لە کوردستان.ببڕو بکوژ هەر خۆیانن!

ئێمە کۆمۆنیستەکان، ڕاشکاوانە ڕامانگەیاندووە، کە لەژێر سایەی ئەحزابی میلیشییایی‌و چەند حزبێکی مافیایی خاوەن کۆمپانیای بازرگانی کردن بەسەر سیاسەتەوە، هەڵبژاردن مانای نییە! لێدوانەکانی عەتا سەراوی بەڵگەو پاڵپشتییەکی واقعی ئەم حوکمەی ئێمەیە سەبارەت بە هەڵبژاردن.سەراوی زۆر ڕاشکاوانە ئەڵێ، لێدوانەکانی ئەو ڕای سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیشە.لە کوردستانێکدا دوو حزبی دوو بنەماڵە کۆنتڕۆڵی هەموو شتێکیان لەژێر دەستدا بێت، میلیشیای سەدان هەزارییان ڕاگرتبێت، شەڕی براکوژییان ئەنجامدابێت، بێ سڵەمینەوە دەستیان تێکەڵ کردبێت لەگەڵ دوژمنانی کوردستانداو سوپای دەوڵەتانیان هێنابێتە سەر سەری خەڵکی کوردستان، بۆ شکستپێهێنانی بەرامبەر، هەمووشی لەپێناو دەسەڵات‌و ئەم پێگەیەی ئێستایاندا بووبێت، چۆن لە هەڵبژاردنێکی گاڵتەجاڕی وەهادا کە هەر هەموو بەشداربووانی، ڕۆژی سەد جار تانەو تەشەری لێئەدەن‌و باسی تەزویرو ساختەکاری کردن ئەکەن تیایدا، دەسەڵاتی سیاسی بە شێوەی دیموکراسی‌و ئاشتیانە دەستاو دەستی پێئەکرێت!؟ ئەوە سەرێکی قەرزکراوە ئەگەر ئەم خۆشباوەڕییەی لێ بووبێتە ڕاستیی!

کەسانێک کە لە ناو ئۆپۆزیسیۆن یان یەکگرتووی ئیسلامییەوە، دڵی خۆیان بەم هەڵبژاردنە خۆشکردبوو، بە لێدوانەکانی سەراوی تووشی شۆک هاتوون‌و سەریان داویەتی بە دیواری حەقیقەتدا.لەوەش گرنگتر، فەزای زاڵی خۆشباوەڕیی بەم هەڵبژاردنەی بە تەواوی هەژاندووە.

دەرئەنجامێکی واقعی کە هەر ئینسانێکی ووریاو بە ئینساف ئەتوانێت لەم ماجەرایەو لەم هەڵبژاردنە‌، وە لە بانگەشە چەواشەکارییەکانی هەموو لایەنەکانی بەشدارەوە بەدەستیبێنێت، نە چاکسازی‌و بە دامەزراوەیی کردنە، نە شەریک کردنی هاوڵاتیانە لە داهات‌و سامانی ووڵاتدا، نە دژایەتی کردنی گەندەڵییە، نە دەستاو دەست کردنی دەسەلاتی سیاسییەو نە هیچ شتێکی ترە، ئەگەر سەرنجی بانگەشەکان بدەین، بە ڕوونی دیارە کە چ کەرەسەیەکی شەڕێکی تەبلیغاتی تەواو بۆ بەرپابوونی جەنگ‌و ئاشوبێکی دیکەی نێوان ئەم حزبانە لەسەر چۆنێتی دابەشکردنی سامان‌و داهات‌و دەسەڵاتی کوردستان سازو ئامادە کراوە!؟ پارتی ئەڵێ؛ ئێمە براوەین.یەکێتی هەروا، وە ئۆپۆزیسیۆن هەروا.باشە ڕاگەیاندنی ئەم نەتیجانە هەر لە ئێستاوە چ واتایەکی تری هەیە، جگە لەمەی کە هەموویان ئەبێت بیبەنەوە، دەنا ئەیقەومێنن! عەتا سەراوی وەکو کەسێکی سەربازی ئەم ڕاستییەی بێ ڕەتووش ووتووە.لەم نێوەدا خەڵک‌و دەنگی هاوڵاتیان کراوەتە کایەی دەستیان‌و لەنێو ئەم کایەو قومارە پارلەمانییەدا وەکو کارتی گوشار بەکاریان دێنن.سبەی کاتێک هەراکە نیشتەوە، ئەگەر هەموو لا ڕازی نەبوون بە دەرئەنجام، جگە لە جەنگ، چی شتێکی تر جێگای ئەم گاڵتەجاڕە ئەگرێتەوە بۆ یەکاڵا کردنەوەی دەسەڵات!؟

بەڵام ئەمە هەموو شانۆییەکە نییە.خەڵکی کوردستان ڕۆڵی سەرەکی‌و گرنگ‌و یەکاڵاکەرەوە ئەنوێنن لەم یارییەدا.ئەم خەڵکە لەپێناو ئێستاو ئاییندەی خۆیان‌و نەوەکانیاندا، نابێت ئەم چەواشەکاریانە بەرچاویان بگرێت.ئەم حزبانە هەڵبژاردن ناکەن، بەڵکو تەنیا لەم هەڵبژاردنەدا پەنجەمۆری ئەوانیان پیویستە.پاشان خۆیان هەموو بڕیارێک ئەدەن بێ گەڕانەوە بۆ ڕای ئێوە.بۆ ئەوەی ئەم شەرعییەتە لە ئێوە وەرنەگیرێت، پێویستە ئەم هەڵبژاردنە بایکۆت بکەن.بەشداری تیا مەکەن.لە ماڵ مەچنە دەرەوەو گوێ بە بانگەشەکانیان مەدەن.بەم کارەشتان هەر لە ئێستاوە بەر بە جەنگی دابەشکردنی دەسەلاتی ئەوان ئەگرن، وەک چۆن عەتا سەراوی ڕایگەیاندووە.ئێوە خەڵکی کوردستان عززەتی نەفسی خۆتان‌ بەرز ڕاگرن، کەرامەتی هاوڵاتییبوونی خۆتان مەسپێرن بە بانگەشەی هەرزانبەهای ئەم کۆمەڵە حزبە بەشدارەی هەڵبژاردن‌و بەشداری ئەم گاڵتەجاڕەیان مەکەن! بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن‌و بەم کارەشتان هەم چەواشەکارییەکان ئەڕەوێننەوە، هەم بەرئەگرن بە بەرپابونی شەڕێکی دیکە!

٣ئەیلوول١٣

ئەمستردام


This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.