بەرامبەر بە ڕەخنەکانی من لە ووتارێکمدا بەناوی؛ (پشتیوان عەبدوڵڵاش شەڕی هەریسەکە ئەکات!) لە نووسینێکی بەڕێزیان، بە ناونیشانی؛ (لەنێو گۆڕاندا زوڵمێکی زۆرم لێکرا)، پشتیوان عەبدوڵڵا، لە جیاتی وەڵام، هەوڵی داوە بە بەرزکردنەوەی سامانو شەهادەکانی شەڕی خۆی بۆ هەریسەکە جۆرێکی تر نیشانبدات، وە بە فڕێدانی کۆمەڵێک قسەو قسەڵۆکیش بە دژی کۆمۆنیستەکان، تەپوتۆزێک هەڵسێنێتو ئەسڵی بابەتەکەی تێدا شوێنبزرکات.ئەسڵی مەسەلەکە وەکو بە ناونیشانی نووسینەکەشیەوە دیارە، شکستی پڕۆژەیەکی شەخسیی دکتۆر پشتیوانە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بۆ کاندیدبوونی ئەم بەڕێزە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پارلەمانی هەرێمی کوردستان.ئەم شکستە هۆکاری تووڕەبوونی دکتۆرە، وە ئەم هەراسانبوونەشی مۆتیڤی دەستبردنی ئەوە بۆ ئامڕازی ناوزڕاندنو تەشهیری شەخسی، هەتا لەم ڕێگایەوە بێتواناییو ناشاییستەگیی خەڵکیو قابلییەتو پسپۆڕیی خۆی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بسەلمێنێت.دکتۆر بە نیازە بەسەر پردی ناوزڕاندنو سووککردنی ئەوانی تردا بگاتە ئامانجەکانی.ئەم شێوازە قێزەوونە جێگای ڕەخنەیە.بۆیە من هەوڵئەدەم بە ئەمەکەوە ئەو خاڵە گرنگانە ڕۆشنکەمەوە کە ئەو بە مەبەست خۆی لێ بواردوون، یان باشترە بڵێم وەڵامی بۆیان نەبووە.
دکتۆر لە خاڵبەندی یەکەمیدا وەڵامی ڕەخنەکەی من کە ووتوومە (پشتیوان عەبدوڵڵاش شەڕی هەریسەکە ئەکات!) بە تۆمەتدانەپاڵی خۆی ئەداتەقەڵەم.بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانیشی بە لووتبەرزییەکەوە باسی موچەو بودجەو شەهادەکانی دووبارە دێنێتەوە مەیدان، گوایا زانیاری نوێ ئەبەخشێ بە منو خوێنەریش، بەڵام لە یادی کردووە کە لە شکستنامەکەی پێشوویدا باسی پلەو شەهادەو داهاتی ساڵانەکەشی نووسیوە.من لێرەدا دووبارە دکتۆر پشتیوان دڵنیائەکەمەوە کە شینو شەپۆڕی بەڕێزیان هەر بۆ هەریسەکەیە.بەڵام وەک ئەڵێن؛ "هەریسە هەیەو ئەمما "هەریسەش" هەیە!".بەڵام دکتۆر داخی ناچێت، بەهەر هۆکارێکەوە بێت هێشتا بزووتنەوەی گۆڕان لە "نییەتی دڵسۆزانەی ئەم پیاوە خەباتکارەی ڕێگای دادپەروەری کۆمەڵایەتی" حاڵی نەبووە! هەر بۆیە بەشێک لە داخەکەی خۆی بە (ئارام ڕەفعەت و شێرکۆ کرمانج)ی هاوڕێی نێو بزووتنەوەی گۆڕانی ئەڕێژێت.لەبەر ئەوەی دکتۆر خۆی لەو دوو کەسە بە شاییستەتر دائەنێت، کە پێیوایە ئەوان بۆ پارەو دەسەڵات ئەیانەوێ ببنە کاندیدی پارلەمان، بەڵام دکتۆر پشتیوانی خاوەن شەهادەو پارەی زۆر، ئەو تەماعەی نییەو ئامانجیشی خزمەتکردنە، کەچی دکتۆر لە لیستەکەیان لابراوەو ئەوان کاندیدبوونیان پەسەندکراوە! ئەمە هاوکێشەیەکی لوغزاوییەو دکتۆر پشتیوان بۆی وەڵام نادرێتەوە، بۆیە یەخەی خەڵکی تر ئەگرێت! منیش شوێن پێی ئەو پەندە کوردییەی سەرەوە ئەگرمو، محاوەلە ئەکەم دکتۆری بەڕێزمان لە ئەسڵی مەقسەدم حاڵیبکەم.
جێی خۆیەتی لێرەدا تیشکێک بهاوینە سەر چەمکی "دادپەروەری کۆمەڵایەتی".بێگومان دکتۆریش وەکو خوردەبۆرژوایەک بەرژەوەندیو ئومێدو چاوەڕوانییەکانی خۆی گرێداوە بە چینی بۆرژوازی کوردییەوە.وە لێکدانەوەو تێگەییشتنیشی بۆ چەمکی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە ڕوانگەی چینی بۆرژوازی کوردییەوە هەڵهێنجاوە.بۆیە بە مافی خۆی ئەزانێت پایەی کۆمەڵایەتییەکەی لە دکتۆرییەوە بۆ سیاسییەکی بازرگان تەعالیی پێبکرێت! دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە ڕوانگەی بزووتنەوەی گۆڕانەوە هیچ نییە جگە لە بە ڕەسمی ناسینی هەلومەرجی چینایەتیی کوردستان، وە هەوڵدان بۆ بە دامەزراوەکردنی تاڵانو بڕۆو گەندەڵییەک کە هەموو شوێنێکی گرتۆتەوە.واتە بزووتنەوەکەی پشتیوان عەبدوڵڵا نەک هیچ ڕەخنەو لارییەکی نییە لە دابەشبوونی خەڵکی کوردستان بەسەر دوو جۆر خەڵکی هەژارو دەوڵەمەنددا، بەڵکو ئامانجی سەرەکی بزووتنەوەکە ئەوەیە کە ڕێوشوێنێکی لیبڕاڵیانە بگیرێتە بەر بۆ هەرچی زیاتر سەقامگیرکردنی هەلومەرجی چەوسانەوەی چینایەتی لە کوردستان، وە دامەزراوە دەوڵەتیو حوکمرانییەکان بەشێوەیەکی بۆرژواییانەتر - نەک عەشایەریو بنەماڵەیی- پەیوەندی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان ڕابگرێتو پرۆسەی کارو سەرمایەو بەرهەمهێنان بەیاسایی تر بکرێت! بە دەربڕینێکی تر، بزووتنەوەی گۆڕان وەکو حزبێکی بۆرژوازی کوردی، ڕەخنەی سەرەکی لە سیستەمی حوکمڕانی کوردستان ئەوەیە کە بەشێوەیەکی ئاشکرا پارەی نەوتو سامانو داهاتو بودجەی ووڵات لەلایەن پارتیو یەکێتییەوە تاڵان ئەکرێت، حزب هەموو شتێکەو پارلەمانو حکومەت چوارچێوەیەکی ڕەسمی یان کارتۆنین بۆ هەمواربوونی دەسەڵاتی ئەم دوو حزبە.پەیامی گۆڕان ئەوەیە هەلومەرجێکی بۆرژواییانەی مناسب بەرقەرار بکرێت بۆ باڵادەستیی چینی بۆرژوازی کورد بەسەر چینی کرێکارو توێژە هەژارو زەحمەتکێشەکانیدا، بەجۆرێک کە ڕوخسارێکی ئینسانی تر بە دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردییەوە دیار بێت.ئەم فەرهودە ئاشکرایە نەنگییە بۆ شانی بۆرژوازی کوردی لە دیدگای بزووتنەوەی گۆڕاندا.پێویستە شەرعییەتو ڕەسمییەتی پێبدرێتو لەڕێگای یاساکانی بۆرژوازییەوە ئەو ڕەسمییەتە بسەپێنرێت.دکتۆر پشتیوان خۆی تەرخان کردبوو ببێتە ئەندام پارلەمان لەپێناو بردنەسەری پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیو ئەم جۆرە لە دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا، نەک ڕەخنەیەکی بووبێت لە جیاوازیی چینایەتی لە کۆمەڵگای کوردستاندا.
دکتۆر پشتیوان زۆر بە ڕوونی وەکو هەر یەکێک لە بۆرژوازییەکانی دیکەی ناو بزووتنەوەی گۆڕان، باسی ئەوەمان بۆ ئەکات، کە ئامادەیە ئەو هەریسەیەی ئێستا لەبەر دەستیدایە، یانی سامانو شەهادەکانیشی، بخاتە خزمەتی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، تەنانەت سووێندیش ئەخوات ئەگەر شانسەکەی بیهێنایەو کاندیدبوونەکەی پەسەند بکرایەو ببوایە بە ئەندام پارلەمان، موچەکەی ئەبەخشی بە "شەهیدانی ١٧ی شوبات!"، وە هەموو ئیدیعایانەش لەژێر پەردەی خەبات دژی گەندەڵیو بەرقەرارکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا ئەنجامئەدات.ئەمما ئامانجی سەرەکی دکتۆر دەستڕاگەییشتنە بە هەریسە مۆڵو چەورەکەی مەیدانی بازرگانیکردن بەسەر سیاسەتەوە لە کوردستان! یانی ئەمەی هەر کە شانست هێنای، وەکو ئەوانی تر کە دکتۆر بە پارەپەرستو چاوشۆڕ بۆ سامان ناویانئەبات، کەوتیتە ناو بازنەی سیاسەتی بۆرژوازی کوردییەوە، کە نزیکترین ڕێگاش کاندیدبوونو دەرچوونتە وەکو ئەندام پارلەمان، ئیتر پلەو پایەو ناو و ناوبانگو دەسەڵاتو هەموو شتێک لەبەر دەستو لە خزمەتتدایە.ئەتوانیت باشترین "خزمەتی خەڵکی" بکەیت، واتە لە پارلەماندا باسی کوێرەوەریو نادادپەروەرییەکان لەبیرنەکەیت، وە زۆرترین هەریسەش مسۆگەر بکەیت لەڕێی حزبەکەتەوە!
کێ هەیە نەزانێت لەنێو بۆرژوازی کوردیدا، بەتایبەتیش لەنێو حزبەکانی جووڵانەوەی کوردایەتی بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە، چەند هەزار ملیۆنێرو چەندین ملیاردێری خاوەن دۆلار وەکو فیرعەون لەسەر عەرشی سیاسەتی کوردی دانیشتوونو خەریکی فەرهودکردنی نەوتو سامانو داهاتو هەموو شتێکی کوردستانن، وە موقەدەراتی خەڵکی کوردستانیشیان بە زەبری میلیشیاو خۆشباوەڕیی قەومیی کۆنتڕۆڵ کردووە، کە بە تینو تەوژمێکی گەلێک زیاتر لە دکتۆر پشتیوانیش باسی خەبات دژی گەندەڵیو بەرپاکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی ئەکەن! بەڵام ئێمە خەڵکی کوردستان، جگە لە ناعەدالەتیو گەندەڵی زیاترو دزیو بەتاڵانبردنی پارەی نەوتو سامانی ووڵات هیچی ترمان نەبینی! من کە ئەڵێم، دکتۆر پشتیوان شینی هەریسەکە ئەکات، مەبەستم ئەم هەریسەیە کە هەرگیز بەراورد ناکرێت بە دەستکەوتو بودجەو شەهادەکانی دکتۆر پشتیوان.کاک دکتۆر باش ئەزانێت ئەمەیان لە سایەی باڵادەستیی حزبەکانی جووڵانەوەی کوردایەتییەوە لە کوردستان، مۆڵو مفتە مفت! نەک هەر مفتە، بەڵکو هەندێک کەس ئەتوانن پلەو پایەی وەهاش بەدەست بێنن کە زۆروێژییەکانیشی بچێتە نێو مێژووی بۆرژوا ناسیونالیستی کوردییشەوە! ئەمە ئەو گۆشەیەی ڕەخنەکەی من بوو کە دکتۆر پشتیوان خۆی لێ بواردبوو، یان بە بەرزکردنەوەی بڕی پارەو پوولو بودجەو شەهادەکانی خۆی ویستبووی بیکات بەژێر لێوەوە.
ئێستا ئیتر ڕەنگە دکتۆر پشتیوان بە زەحمەت بتوانێت نکووڵی لە ئامانجە ئەسڵییەکەی خۆی بکات.یانی شەڕی هەریسە چەورەکە.بە تایبەتی کە بەڕێزی لەوەدا کورتی هێناوە، کە مێژووی دوورو درێژی سیاسی خۆی تەرخان بووە بۆ بەرقەرارکردنی دادپەروەریو خزمەتی خەڵکی، لەگەڵ سامانو شەهادەکانیشیدا ئێستا پێشکەشی کردووە بە ئیعتیباری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، وە بە نیازبووە لە هاوشانی ئەم بزووتنەوەیەدا خەباتی خۆی تاوبدات لەپێناو دادپەروەری کۆمەڵایەتیو بنەبڕکرنی گەندەڵیدا، کەچی ئەم بزووتنەوەیە بێ ئینسافانە هاتووە یەکەم کەس نادادپەروەریی بەرامبەر ئەم فەقیرە، یانی خودی دکتۆر پشتیوان کردو زوڵمێکی زۆریان لەم بەڕیزە کرد.چونکە ئەوێک کە زۆر شاییستەتر بوو کاندیدی پارلەمان بێت، بە فێڵو تەڵەکەو گەندەڵیو ساختەکاری لایانبردووە لە لیستەکەیانداو کەسایەتی مزەوەریان لە جێگای داناوە! پەیامی بزووتنەوەکەی دکتۆر پشتیوان، بزووتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ بەشی یەکەمی مەزڵومنماییەکەیدا گەییشت پێمان سەبارەت بە خەبات دژی گەندەڵیو بەرپاکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی! ئەوەی لە نییەتی دکتۆردا ئەمێنێتەوە یەکسانە بە هەریسە چەورەکە!
ڕەخنەیەکی دیکەی من کە ئاراستەی دکتۆرم کردبوو، پەیوەست بوو بە ناوزڕاندنەوە.دیسانەوە کاک پشتیوان هەوڵئەدات خۆی لە تەشهیرە شەخسییەکانو سوکایەتیکردنەکانی بە کاک ئارام ڕەفعەتی هاوڕێی بزووتنەوەی گۆڕانی ببوێرێت.ئاوا بۆ من ئەنووسێت:" کاک حهمه غهفور ئهگهر یهک تۆزقال شارهزایی ههبیت له دونیای سیاسهت و یهک تۆزقال ئهقلیهتی سیاسی له کۆمهلگای ئهوروپا وهرگرتایه دهبوایه بزانیت که 3 شت ههن له ژیانی کهسانی سیاسی شهخسی نین 1-سکاندلی سیکسی 2-گهندهلی 3-خراپ بهکارهینانی دهسهلات.بهلام بهداخهوه ئهم برادهره تهنها دهنوسیت بۆ ئهوهی بلیت منیش ههم نهک بۆ ئهوهی مهبهستیک بگهیهنیت ".سەیر لەوەدایە کاک دکتۆر پشتیوان بەشی زۆری بەشی یەکەمی گێڕانەوەی شکستنامەکەی تەرخان کردووە بۆ تەشهیرو سوکایەتیکردنو ناوزڕاندنی کاک ئارام ڕەفعەت، بەبێ ئەوەی یەک خاڵیش لە هیچکام لەو سێ سکانداڵەی ڕیزی کردوون سەبارەت بەو بەڕێزە دیاریبکات! من لینکی بابەتەکەی لێرەدا دائەنێم، با خوێنەر خۆی ببینێت کە لەکوێی ئەو نوسینەیدا سکانداڵی ئارام ڕەفعەتی باسکردوەو من وەکو شتی شەخسی خوێندومەتەوە! کاک پشتیوان تەنانەت لە قسەی ناشایستەو بازاڕیش سڵی نەکردۆتەوە، کە لەگەڵ پێگەی کۆمەڵایەتیی دکتۆر پشتیواندا ناکۆک دێتەوە.
هەر لەمبارەوە باسی کورتە نووسینێکی ڕەخنەئامێزی هاوڕێی من (عامر سابر) ئەکات کە تیایدا گوایا سوکایەتیو قسەی بازاڕی نووسیوە بەرامبەر بە (ئەحمەد معین).دکتۆر لەبەر ئەوەی بڕگەیەک لە قسە بازاڕیو ئیهانەکانی هاوڕێ عامری بۆ پەیدانەبووە بەرامبەر ئەحمەد معین، نەشیتوانیوە وەکو بەڵگە بیهێنێتەوە بۆ پاڵپشتی قسەکانی خۆی.بۆیە وەکو هونەری نووسین ئەسڵی تۆمەت ئەخاتە پاڵ نووسینەکەی عامر سابر، هەتا بیکاتە شەریکی خۆی لە ناوزڕاندنو تەشهیرە شەخسییەکانیدا بەرامبەر بە ئارام ڕەفعەت.لە ئەکاونتی فەیسبووکی هاوڕێ عامرەوە من ئەو بابەتەم پەیدا کردو لێرەدا وەکو بەڵگەیەک بۆ ناڕاستگۆیی دکتۆر پشتیوان دایئەنێم.
سەبارەت قسەو قسەڵۆکەکانیش بەرامبەر بە کۆمۆنیستەکانو حزبی ئێمە، هەر ئەوەندە ئەڵێم، "ویژدان سەگ بتخوا!".لە جێیەکی وەڵامەکەیدا بۆ من دکتۆر نووسیویەتی:" هیج کاریکی ناشیاو نهما دهستی بۆ نهبهرن بۆ خۆ دهولهمهند کردنتان"، بەڵام چەند دێڕێک دواتر ئەم حوکمەی لەیاد ئاکاتو بەبارێکی تردا ئەمجارە بایئەداتەوەو ئەنوسێت: "چهواشهکاری ئیوه لهو شوینهیه که دهلین 50 ملیۆن دینار زۆره بۆ بهشداری کردن له ههلبژاردن وهک قهوارهیهکی سیاسی.ئینجا کاتیک پارهکهتان بۆ نهدرا دین و باسی بایکۆت دهکهن.".بانێکەو دوو هەوا دکتۆر!! لە کۆتاییدا پێویستە بڵێم؛ پەروەندەی سیاسی هاوڕێیانی ئێمەو حزبیشمان هێندە شەفافو ڕوونە، بۆرژوازی کوردیو حزبەکانیشی ڕەنگە پێویستیان بە هیچ خۆبەخشێک نەبێت بۆ هەواڵگریو زانیاری کۆکردنەوە بۆیان!
٢٤ئاب٢٠١٣
