هەڵوێستێکی ڕەشو دوژمنکارانە بە تەنیشت ١٧ی شوباتەوە نابێت لەبیربچێت! ...حەمە غەفور
١٧ی شوبات، بەڕای من دەرگای بەسەر وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگدا واڵاکرد.لە ئەزموونی ٢٢ساڵەی جووڵانەوەی کوردایەتیدا یەکەم جارە ڕاوەستانەوەیەکی جەماوەریی سەرتاسەری وەکو بزووتنەوەی ١٧ی شوبات لە دژی ئەزموونەکەو دەسەڵاتی "کوردی" یان حوکمڕانیی "خۆماڵی"ی یان دەسەڵاتی "بنەماڵەییو جووتحزبیی" بەخۆوە ئەبینێ.یەکەمین جارە بەم ڕاشكاوییە خەڵکی ناڕازیی کوردستان لە دژی دەسەڵاتی ئەو حزبانەی کوردنو بە کوردی ئەدوێن بڕژێنە مەیدانو بەوپەڕی ئازادیو سەراحەتەوە ڕەخنەی لێبگرنو ڕەتیبکەنەوە.یەکەمین جارە لە مێژووی نوێی کوردستاندا دەسەڵاتی خۆماڵێی بکەوێتە بەر نەفرەتی گشتییو ئەزموونی حوکمڕانی کوردی گوێبیستی "نا"یەکی گەورەی کۆمەڵایەتیی هاوڵاتیانی کوردزمان بن.وە یەکەم جارە شەقامەکان پڕببن لەو دەنگە ئازایانەی بێ دوودڵیی ئەم دەسەلاتە کوردییە خۆماڵییە بە سەرچاوەی تەواوی نادادپەروەریو نایەکسانیو بێمافیو نەهامەتییەکانی خۆیان بزانن! هەژموونی جووڵانەوەی کوردایەتی هەتا ١٧ی شوبات هیچ کاتێک بەم شێوازەی لە ١٧ی شوباتدا بینیمان نەلەرزیوە !
بە تەنیشت ئەم تاقیکردنەوە پڕشکۆیەی خەڵکی کوردستانیشەوە یەکەمین جارە کۆمەڵگای کوردستان کە ٢ دوو ساڵ بوو ئۆپۆزیسیۆنێکی بۆرژوایی ڕیاکارو هەڵگری سیاسەتی دووفاقیی بەتەنیشت خۆیەوە ئەبینییەوە، بەڵام لەگەڵ یەکەمین ساتەکانی خرۆشانی شارەکانی کوردستاندا لەدژی گەندەڵیو نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتیدا، لەگەڵ یەکەمین ڕووبەڕوو بوونەوەی جەماوەرو دەسەلاتدا لەسەر ئەرزی واقع، نەوشیروان مستەفا وەکو سەرۆکی گەورەترین هێزی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی، ئەم ساتە پرشنگدارەی بە ئاژاوەو ئاژاوەگێڕیی دایەقەڵەمو شەرعییەتی سەرکوتکردنی دایە دەستی ئەحزابی دەسەڵات، وە هەرلەوێشەوە بوو کە لقی چواری پارتیی ڕێگای بەڕوودا کرایەوە بکەوێتە دەسڕێژی چەکەکانیان دژی خۆپیشاندەران! لە ڕۆژانی دواتریشدا دەستی تەواوی دەزگاکانی پۆلیسو ئاسایش کرایەوە بۆ سەرکوتو خوێنڕشتنی خۆپیشاندەران.
بەڕای من ئەم هەڵوێستە ڕەشەی سەرۆکی بزووتنەوەی گۆڕڕانو ئەم ساتە پڕشنگدارەی خرۆشانی جەماوەری خەڵکی کوردستان وەکو دوو هەڵوێستی دوو جوولانەوەی دژبەیەک هەرگیز نابێت لەیادی خەڵکی کوردستان بچێتەدەرەوە !
١٧یشوبات٢٠١٣
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
