• واتساپ و فایبەر
  • 00964770768123
  • kurdistannet@hotmail.com Omar Faris Aziz
  • کوردستان نێت نێتی هەمووانە
Open menu
  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە

عه‌لی مه‌حمود

پارتی رێگای نه‌دا خۆپیشاندان له‌ هه‌ولێر بكرێت؟؟ ...عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

عه‌لی مه‌حمود 01 March 2013

پارتی رێگای نه‌دا خۆپیشاندان له‌ هه‌ولێر بكرێت؟؟ ...عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

  -ده‌ڵێن پارتی رێگای نه‌دا خۆپیشاندان له‌ هه‌ولیر بكرێت، به‌ڵام به‌عس رێگای نه‌داو له‌م هه‌ولێره‌ له‌ ساڵی 1982 خۆپیشاندان كرا، كه‌چی نه‌ 35 پارله‌مانتاری حه‌سانه‌ دارمان هه‌بوو، نه‌ سه‌ته‌لایت و تیمی په‌یامنێران و باره‌گا، ئۆپۆزسیۆنی ناو پارله‌مانی كوردستان زوو به‌شداری خۆپیشاندانی 17ی شوباتیان كردو به‌ ئاژاوه‌یان دایه‌ قه‌ڵه‌م، مرۆڤ ئیراده‌ی له‌سه‌ر چی هه‌بێت ده‌یكات، حیزبیش ته‌نها كاری رازاندنه‌وه‌ی درۆكانه‌ و سواربوونی سه‌ركه‌وتنه‌كانه‌.

-ئاوێنه‌ (خالیدی‌ خوله‌سور له‌ ساڵانی‌ هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوداو له‌ سه‌رده‌می‌ حوكمڕانی‌ رژێمی‌ به‌عسدا موسته‌شار بووه‌‌و هه‌روه‌ك بۆ چه‌ند ساڵێك ئه‌ندامی‌ مه‌جلیسی‌ ته‌نفیزی‌ بووه‌‌و له‌و ماوانه‌شدا پێنج میدالیای‌ ئازایه‌تی‌، (نوط الشجاعه‌) ی‌ له‌لایه‌ن سه‌دام حسێنه‌وه‌ پێدراوه‌.پاش راپه‌رینه‌كه‌ی‌ 1991یش، ناوبراو له‌ریزه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌‌ كوردستاندا كاریكردوه‌و پاش دوركه‌وتنه‌وه‌ی‌ له‌و حیزبه‌ش، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ دواییدا سه‌رقاڵی‌ كاری‌ بازرگانی‌‌و به‌ڵێنده‌رایه‌تی‌ بووه‌.) ، ئه‌وه‌شتان له‌ بیرچووه‌ دوای دامه‌زراندنی گۆڕان وه‌ك خۆی رایگه‌یاندووه‌و كه‌سیش ره‌تی نه‌كردۆته‌وه‌ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بووه‌و تا مردنیش له‌سه‌ر ئه‌و رێبازه‌ پیرۆزه‌ به‌رده‌وام بووه‌!!، یه‌كێتی بوونه‌كه‌یان له‌ بیره‌ به‌ڵام گۆڕان بوونه‌كه‌ی تازه‌تر و گه‌رمتره‌ له‌ بیركراوه‌.

-سبه‌ی (دوای ئه‌وه‌ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ ته‌قه‌ له‌ خالید مه‌حمود ئه‌حمه‌د (خالیدی‌ خوله‌سور) یه‌كێك له‌ كه‌سایه‌تیه‌ دیاره‌كانی‌ شاره‌زور و عه‌شره‌تی‌ غه‌واره‌ كرا و بۆ چاره‌سه‌ری‌ پزیشكی‌ ره‌وانه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتن كرا، كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر به‌ هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ گیانی له‌ ده‌ست دا.) ، نازانم دیاریبونه‌كه‌ی هی ژماره‌ی مه‌دالیای ئازایه‌تییه‌كانی بوو سه‌دام پێی به‌خشی یان ژماره‌ی ده‌نگده‌ره‌كانی یاخود ریزبه‌ندییه‌كه‌ی له‌ لیستی تاوانكارانی ئه‌نفال!!!!، بۆی بلاوێننه‌وه‌ ته‌نها له‌ ئێوه‌ چوو  !!  .

-سبه‌ی (ئۆباما موچه‌كه‌ی به‌شی ناكات) ، له‌ كوردستانیش مام جه‌لال ده‌بێت شاره‌وانی كفنی بكات و كاك مه‌سعودیش له‌سه‌ر سۆسیال ده‌ژێت.

-   (به‌ هێمنی ساڵیادی17ی شوبات تێپه‌ڕی..ئۆپۆزسیۆنیش هیچی پێنه‌كرا) ، ئه‌وان زوو وتیان تا مامه‌ چاكه‌ بێته‌وه‌ بۆ ناو ماڵ و منداڵه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هیچ ناكه‌ین، ئۆپۆزسیۆن كوڕی خۆیان بۆ راوێژكاری سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران و ژوره‌ گه‌رمه‌كانی نوسینگه‌كانی خۆیان و زانكۆ به‌ناو بانگه‌كانی له‌نده‌ن و واشنتۆن ده‌نێرن، منداڵی خه‌ڵكیش بۆ به‌ر گوله‌، دوایش تا ئه‌به‌داو ئه‌به‌د بازرگانی به‌خوێنیانه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

-   (گۆڤاری لڤین: ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان ساڵی 2010 له‌ گوندی ویڵی له‌باكوری خۆرئاوای له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا ڤێلایه‌كی به‌ 4 ملیۆن پاوه‌ند كڕیوه‌ كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی 6ملیۆن و 400 هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی- كه‌ پێویستی به‌ موچه‌ی 85 ساڵ هه‌یه‌ تابتوانێت بیكڕێت) ، به‌ قه‌رز له‌ مردووه‌كانی وه‌رگرتووه‌، ئه‌و بتوانێت هه‌رچی سامانی سروشتی ئه‌م میلله‌ته‌ له‌ ناو لاپتۆپێكدا كۆبكاته‌وه‌، ڤیلا شایانی نییه‌، نه‌ك موچه‌ی 85 ساڵ 85 قه‌ڕنیش بێت دابینی ده‌كات.

-   (یه‌‌كگرتوو له‌ دهوك هولێكیان پێنه‌دان بو یادی 17 شوبات) ، ئه‌وان فێرن له‌ 17ی شوباتان دژی خۆپیشاندانن له‌ رۆژه‌كانی دیدا خاوه‌ندین، خه‌ڵك هان ده‌ده‌ن به‌ڵام ئاگره‌ سوره‌ له‌ خۆیان به‌ دووره‌.

-لڤین پرێس (مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌فیری سربیا كۆبوه‌وه‌) ، چونكه‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی كوردستانه‌، منداڵی به‌رپرسان هه‌موو لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیان كۆنترۆڵ كردووه‌.

-سڤیل (باڤێڵ تاڵه‌بانی به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی ده‌كات) ، میراتی باوكیه‌تی بۆی ماوه‌ته‌وه‌، له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌ سیاسه‌ت وه‌ك كاڵایه‌، له‌ باوكه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌كه‌ی به‌ میرات ده‌مێنێته‌وه‌، سه‌ر به‌ چ ده‌زگایه‌ك به‌ چ خانوو و زه‌وییه‌ك، به‌ چ كۆمپانیای و سه‌رۆكایه‌تی حیزبێك منداڵی به‌رپرسان سڕه‌یان تێیدا گرتووه‌ له‌م وڵاتی منداڵی به‌رپرستانه‌.

-  (نه‌وشیروان مسته‌فا جڤاتێكی تر دروستده‌كات) ، حیزبایه‌تیش له‌ كوردستان وه‌ك یاری میكانۆیه‌ هه‌موو بورغی و شمه‌كه‌كانی له‌ گیرفانی سه‌رۆكدایه‌.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

ئه‌بو ته‌واڵێته‌كان ...عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

عه‌لی مه‌حمود 14 February 2013

ئه‌بو ته‌واڵێته‌كان ...عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

  -حه‌ده‌ڤده‌ی شوبات هاته‌وه‌، ئیتر هه‌ر حیزب وبابایه‌ موتیعان و كۆیله‌ و ته‌نزیماتو ده‌نگده‌رانی خۆی ده‌كات به‌ قاره‌مان، هه‌موو ئه‌وانه‌ی جنێویان به‌ خۆپیشانده‌رانداو له‌ رۆژه‌ ناخۆشه‌كان شاریان چۆڵ كردو هه‌ڵاتن وخۆیان له‌ كونان ده‌شارده‌وه‌ و ئێمه‌شیان بۆ خۆپیشاندان هان ده‌دا، یان له‌ دوره‌وه‌ هاواریان ده‌كردو له‌ جێگای گه‌رمونه‌رمه‌وه‌ ده‌یان قیڕاندو كوڕی خه‌ڵكیان به‌ كوشتده‌دا، ده‌كرێنه‌وه‌ به‌ قاره‌مان، دنیا وایه‌ قاره‌مانان ده‌یكه‌ن، نه‌گبه‌ته‌كان قوربانی ده‌ده‌نو هه‌ڵپه‌رستانو ترسنۆكان به‌ره‌كه‌ی ده‌دورنه‌وه‌.

-یه‌كێك له‌ كێشه‌ گه‌وره‌كانی خه‌ڵكی هیندستانو به‌نگه‌لادیش كێشه‌ی ته‌والێته‌، به‌سزمانانه‌ كێشه‌ی خواردنیان نییه‌، چونكه‌ نازانن دوای خواردن پاشه‌ڕۆكه‌ی له‌ كوێ هه‌ڵڕێژن، تا هه‌نووكه‌ زۆربه‌ی هیندییه‌كان بێ ته‌والێتن، هه‌ر بۆیه‌ هه‌قی وابوو نوێژ بۆ ئه‌وان فه‌رز نه‌بوایه‌، له‌ به‌نگه‌لادیشیش ئه‌وه‌ ده‌ست به‌ئاو گه‌یاندن له‌ تێربوون گرنگتره‌، لای خۆشمان به‌رپرسی گه‌وره‌ به‌ ژماره‌ی نۆت الشجاعه‌و ئه‌ستێره‌ی سه‌ر شانو نه‌به‌ردیه‌كانی سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تی ناناسرێته‌وه‌، به‌ ساڵی خه‌باتو ده‌ستكه‌وتی سیاسیو داهێنانی ئه‌ده‌بیو هونه‌ریو زانستی دیاری ناكرێن، به‌ڵكه‌ له‌م كوردستانه‌ كێشه‌ی گه‌وره‌ی سه‌رمایه‌دزه‌كان ورگو گه‌ڵه‌، بۆیه‌ تا ژماره‌ی ئاوده‌ستو حه‌مامه‌كانیان زیاتر بێت، ته‌رفیعاتی زیاتر ده‌كه‌ن، زۆری ئاوده‌ست له‌ ماڵه‌كانیان به‌ڵگه‌ی به‌رزی پله‌و پایه‌و ده‌سه‌ڵاتو نفوزو سه‌روه‌ت و سامانیانه‌، ده‌ سه‌یری ئه‌م ئاگادارییه‌ عه‌قاراتی حاجی سه‌لام بكه‌ن له‌ شاری هه‌ولێر ((خانوو له‌ گه‌ره‌كی وه‌زیران به‌ رووبه‌ری 300م، واجیهه‌ی 15*20 كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ 2 تابق، 2 ژووری نوستن، 3 ژووری سویت، 7توالێت ئه‌م خانووه‌ نوێ و خاوێنه‌ كه‌ به‌ نرخی 1، 000، 000$.)) ، باشه‌ توخوا خانوویه‌ك300 مه‌تر بێت و5 ژوری تیدابێت6ته‌والێتی لۆچییه‌؟، به‌پرسی وامان هه‌یه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ 20 ته‌والێتی هه‌یه‌، سه‌دان ده‌فته‌ری دۆلاری هه‌یه‌، به‌ڵام یه‌ك لاپه‌ڕه‌ نووسراو له‌ ماڵه‌كه‌یدا نییه‌!!.

  - ((هه‌فته‌نامه‌ی‌ "باس"یه‌كه‌م مه‌شقپێكه‌ری‌ پێشمه‌رگه‌و هاوڕێی نزیكی‌ مه‌لا مسته‌فا "له‌كه‌لاوه‌یه‌كدا" گیانی‌ له‌ده‌ستدا)) كوردستان یان نه‌مان بۆ هه‌ژاران و قوڕبه‌سه‌ران، كوردستان یان كۆمپانیاو بیره‌ نه‌وت گرده‌كان یش بۆ به‌رپرسان و سه‌ركرده‌كان.

-   ((لێوژه‌ جه‌لال"ی پێشكه‌شكاری كه‌ناڵی كوردسات‌: مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باوكمانه‌)) ، سه‌رۆك كاتێك باوكمان ده‌بێت وه‌ك عه‌بدالكه‌ریم قاسم نیو دینار له‌ گیرفانه‌كانی بێت، منداڵ و كه‌سوكاری هه‌موو داهاتو ده‌سه‌ڵاتێكیان له‌ نیشتمانو هانده‌ران قۆرخ نه‌كردبێت، سه‌رۆكی گه‌ل بێت نه‌ك سه‌رۆكی بنه‌ماڵه‌و حیزب بێت، ژیانی وه‌ك قاسم له‌ ژورێكی بچوكدا بێت ژه‌مه‌خواردنی له‌ناو سه‌فه‌رتاسێكدابێت، نه‌ك شاخی پان و به‌رینو شاری داگیر كردبێت.

-   ((هاووڵاتی: ژووری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئابوری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئاشكرایده‌كات بۆ دروستكردنی دیواری پاڵپشت له‌ سه‌ری ره‌ش بڕی 3 ملیار‌و 540 ملیۆن دینار ته‌رخانكراوه‌)) دیاره‌ شه‌ڕی خه‌نده‌قیان له‌ پێشه‌، بۆیه‌ شورای بۆ دروسته‌ كه‌ن.

-ئۆپۆزسیۆنی ناو پارله‌مان پێش ئه‌وه‌ی دیدار ساز بكه‌ن له‌ گه‌ڵ بارزانی ره‌ملیان لێدابوو وتیان ((ئۆپۆزسیۆن:كۆبونه‌وه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ بارزانی‌ به‌رهه‌مدار ده‌بێت)) ، دوای دانیشتنه‌كه‌ش كاتێك له‌چاوه‌ڕوانی به‌لێنه‌كاندا وشك بوونه‌وه‌ هاتنه‌وه‌ گۆو وتیانه‌وه‌ ((نه‌وشیروان مسته‌فا بێهیوایه‌ له‌وه‌ی‌ بارزانی‌ هه‌نگاوی‌ چاكسازی‌ بهاوێت)) ، ئه‌مه‌ عه‌قڵیه‌تی ستراتیژی سیاسه‌تمه‌دارانمانه‌ قسه‌ده‌كه‌ن بێئه‌وه‌ی بیكوڵێنن چاوه‌ڕوانی چییان لێبكه‌ین!.

-ئه‌حۆل ((هاوڕێیان ئه‌زانن ئه‌مشه‌و بۆچی سایتی لڤین پرێس هیچی له‌ باره‌ی وازهێنانی چوار بێژه‌ره‌كه‌ی كه‌ی ئێن ئێنه‌وه‌ بڵاو نه‌كرده‌وه‌....؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د میره‌ خۆی له‌ KNN   چاوپێكه‌وتنی هه‌بوو)) ، ئه‌مه‌ میدیای ئه‌هلییه‌ یان میدیای به‌رژه‌وه‌ندی!!.

-   ((ئومێد خۆشناو:ئێمه‌ی پارتییه‌كان به‌شێكمان بزنسمان‌و به‌شێكیشمان به‌سته‌زمانین)) ، نه‌مانزانی خۆت له‌ بزنزمانه‌كانی یان به‌سزمانه‌كان، له‌ ته‌یر خۆره‌كانیت یان له‌ مریشك بۆنكه‌ره‌كان، له‌ خاوه‌ند بیره‌ نه‌وته‌كانیت یان له‌ خاوه‌ند ته‌نكه‌ره‌كان!!!.

-كاكه‌ زریان له‌ رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ ته‌له‌فۆنی بۆم كرد بۆ لێدوان وه‌رگرتن وتم له‌ ناو ئۆتۆمۆبیلم، پاش ماوه‌یه‌ك كردییه‌وه‌ وتی هه‌ر سه‌یاره‌ لێده‌خوڕیت، وتم بابه‌ له‌ناو پاسی شه‌ستیم له‌ 10 ده‌ڕوات سه‌یاره‌ی چی؟، له‌و ملیۆن و 100000 ئۆتۆمۆبیله‌ی له‌ كوردستان هه‌یه‌ به‌شی منی تێدا نییه‌، له‌ هه‌ژاریدا له‌ 99%ه‌كه‌م، له‌ نه‌بوونی ئۆتۆمۆبێلیشدا له‌ 1%ه‌كه‌م.

  


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

خۆسیه‌ ئه‌لبیرتۆ مۆخیكا سه‌ركرده‌ گه‌ریلا ماركسیسته‌ جوانه‌كه‌ ...عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

عه‌لی مه‌حمود 05 February 2013

خۆسیه‌ ئه‌لبیرتۆ مۆخیكا سه‌ركرده‌ گه‌ریلا ماركسیسته‌ جوانه‌كه‌ ...عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالستی جیهانی به‌ تایبه‌ت له‌ ئه‌مه‌ریكای لاتین كه‌ كۆكتێلی  شۆرشگێڕی جیفارایسته‌كان و زوهدی كاسۆلیكه‌ رزگاریبه‌خشه‌كان و پۆپۆلیزمی چه‌پگه‌رایانه‌ و بیری یه‌كسانی خوازی سۆسیالستیانه‌ی ماركسیزمه‌ له‌ هه‌ر یه‌كه‌ی به‌شێكی هه‌ڵگرتووه‌و نموونه‌یه‌كی جوانی له‌ ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی دادپه‌روه‌رانه‌ پێشكه‌ش به‌ مرۆڤایه‌تی كردووه‌، هه‌موو ره‌گه‌زه‌كانی دادپه‌روه‌ری و ئازادیخوازی له‌ هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ له‌ دوای هه‌ره‌سی سۆڤیه‌ت و وڵاتانی قه‌ڵه‌مڕه‌وی، ماركسیسته‌كان ئه‌مریكای لاتین بێ گویدانه‌ هه‌ره‌سی وڵاتانی به‌ناو سۆسیالیزم له‌ به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی جیهان، له‌ وڵات له‌ دوای وڵات له‌ رێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و به‌ ده‌نگی خه‌ڵك بگه‌ن به‌ ده‌سه‌ڵات، مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی كوێربن نه‌زانن له‌م جیهانی سته‌م و نایه‌كسانییه‌دا و له‌ رێگای ده‌نگی خه‌ڵكه‌وه‌ چه‌پ به‌هێزو گوڕو تینێكی زیاتره‌وه‌ هاتۆته‌وه‌ مه‌یدان.

یه‌كێك له‌و جوانیانه‌ی ماركسیسته‌كان له‌ ئه‌مه‌ریكای لاتین پێشكه‌شیان به‌ مرۆڤایه‌تی كردووه‌ خۆسیه‌ ئه‌لبیرتۆ مۆخیكای ناسراو به‌ بیبی سه‌رۆك كۆماری هه‌نووكه‌ی ئۆرۆگوایه‌، جوانیه‌كه‌شی نه‌ك له‌ بوێری و خۆڕاگری سه‌رده‌می گه‌ریلاییه‌كه‌یه‌وه‌ بێت ئه‌وه‌ بۆ عاشقی شۆڕشگێران لێ ده‌گه‌ڕێین، به‌ڵكه‌ له‌و ژیانه‌ ساده‌یه‌وه‌یه‌ له‌ دوای به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی هه‌ڵی بژاردووه‌، له‌و رێگایه‌وه‌ هه‌یبه‌تی سه‌رۆكایه‌تی سته‌مكاری تێكشكاندووه‌ و گاندیانه‌ به‌ بیرێكی كراوه‌تر و ریالیستیانه‌تر هاتۆته‌ مه‌یدان و ته‌نانه‌ت له‌ راپرسییه‌كانی ده‌زگا سه‌رمایه‌دارییه‌كانیشه‌وه‌ له‌ تۆپی لوتكه‌ی باشترین سه‌رۆكه‌كانی جیهان ناسراوه‌، دیاره‌ له‌ مێژوودا كه‌م نه‌بوونه‌ ئه‌و سه‌رۆكه‌ سۆسیالستیانه‌ی ژیانیان له‌ گه‌ڵ هه‌ژاران جیاواز ی نه‌بووه‌، له‌ كۆمۆناره‌كانی پاریسی ساڵی 1871 ه‌وه‌ بگره‌ كه‌ موچه‌كانیان كه‌ كرێی كرێكارێكی به‌ ئه‌زمون زیاتر نه‌بوو تا ده‌گاته‌ لۆلای سه‌رۆكی به‌رازیل و مۆرالیسی سه‌رۆكی پۆلیڤیا كه‌ كۆشكه‌كه‌ی بۆ هاووڵاتیان هه‌میشه‌ ده‌رگای له‌سه‌ر پشته‌....هتد، به‌ڵام هیچیان نه‌یانتوانی خۆیان تا ئاستی بیبی ساده‌ بكه‌نه‌وه‌.

بیبی كێیه‌؟؟؟

مۆخیكا له‌ باوكێكی به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك باسكی به‌ ناوی لدمتریۆ و دایكێكی ئیتاڵی به‌ناوی ولوسی كوردانۆ له‌ 20ی ئایاری ساڵی 1935 له‌ دایك بووه‌، له‌ ته‌مه‌نی 5 ساڵی باوكی مردووه‌، له‌ ته‌مه‌نی 13 ساڵیه‌وه‌ خولیای پاسكیل سواری بووه‌و په‌یوه‌ست بووه‌ به‌ چه‌ندین یانه‌ی وه‌رزشییه‌وه‌.

له‌ دامه‌زراندنی تۆبامارۆسه‌وه‌ په‌یوه‌ست بوه‌ پێوه‌ی، له‌ ساڵی 1969 به‌شداریكردووه‌ له‌ گرتنی شاری باندۆی نزیك پاته‌خت، له‌ ساڵی 1970 ه‌وه‌ له‌ زینداندا بوو، چه‌ندین جار له‌ زیندان هه‌ڵات و گرترایه‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ بۆ زیندانی ژوری تاكه‌ كه‌س له‌ ناو بیره‌ قوڵه‌كان گواسترایه‌وه‌و 2 ساڵ له‌و جهه‌نه‌مه‌ مایه‌وه‌، بیبی 4 جار زیندانیكراوه‌، له‌ ساڵی 1971 یه‌كێك بووه‌ له‌و زیندانییه‌ سیاسیانه‌ی به‌شداری له‌ هه‌ڵاتن له‌ زیندنانی یونتا كارتاس كرد كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ نه‌به‌ردییه‌ گه‌وره‌كان دێته‌ ژماردن، له‌ ساڵی 1972 گرترایه‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی 6 جار له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ له‌كاتی راوه‌دووناندا ته‌قه‌ی لێكرا، 14 ساڵ له‌ زیندان مایه‌وه‌، به‌رده‌وام له‌ زندانه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندیدا بوو له‌ گه‌ڵ راول ساندیكی دامه‌زرێنه‌ری تۆبامارۆس، له‌ ساڵی 1985 له‌و كاته‌ی لێبوردنی گشتی درا بۆ زیندانیان و دیموكراتیه‌ت گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ وڵات له‌ گه‌ڵ راول ساندیك و 11 له‌ سه‌ركرده‌كانی دی تۆبامارۆس به‌ یه‌كه‌وه‌ ئازاد كران.

ناوبراو له‌ نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2008 وه‌زیری كشتوكاڵ و سامانی ئاژه‌ڵی ئۆرۆگوای بوو پاشان له‌ پۆسته‌كه‌ی لابرا، له‌ مارسی 2010ه‌شه‌وه‌ سه‌رۆكی ئیكوادۆره‌، له‌ ساڵی 2005 هاوسه‌رگیری له‌ گه‌ڵ خاتوو لۆسیا تۆبلانسكی كردووه‌ كه‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پیرانه‌ و منداڵیان نییه‌و خاوه‌ندی باخچه‌و خانووه‌كه‌ی بیبیه‌، كاته‌ به‌تاڵه‌كانیان خه‌ریكی چاندن و په‌روه‌رده‌ كردنی گوڵن بۆ باشتر كردنی باری ئابوورییان، بیبی باوه‌ڕی به‌ بیری ئاینی نییه‌، بۆینباخ نابه‌ستێت و به‌رگی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی له‌ به‌رناكات، به‌ شێوازه‌ ساده‌ییه‌كه‌ی سه‌ردانی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و سه‌رۆكه‌كانیان ده‌كات، به‌مه‌ش بۆته‌ یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌ ئاوازه‌كان.

مۆخیكا ناسراو به‌ بیبی كه‌ ئێستا سه‌رۆكی وڵاته‌، هیچ ژماره‌یه‌كی بانكی نییه‌ و به‌ نرخترین شت كه‌ هه‌یبێت سه‌گه‌كه‌یه‌تی به‌ناوی مانوێلا و ئه‌و ئۆتۆمۆبیله‌ بۆقیه‌ فۆلكس واگن بیتڵه‌كه‌یه‌تی كه‌ نرخه‌كه‌ی له‌ بازاڕی وڵاته‌كه‌ی بایی 1945 دۆلاره‌ و له‌ وڵاتانی بیانی به‌ تایبه‌ت یه‌كێتی ئه‌وروپا چه‌ند سه‌د دۆلارێكی كه‌م زیاتر ناكات، له‌ موچه‌ مانگانه‌كه‌شی كه‌ 12500 دۆلاره‌ ته‌نها 1250 دۆلاری بۆ خۆی هه‌ڵه‌ گرێت ئه‌وی دیكه‌ وه‌ك سه‌رده‌می تۆبامارۆسیه‌كه‌ی به‌سه‌ر رێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كان و هه‌ژاراندا دابه‌شی ده‌كات، رۆڵی رۆبن هودییه‌كه‌ی له‌ ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی بانكه‌كانه‌وه‌ گۆڕیوه‌ بۆ دابه‌شكردنی داهاتی خود، ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌وه‌نده‌م به‌سه‌ زیاتره‌ له‌ داهاتی زۆر له‌ هاووڵاتیانی وڵاته‌كه‌م چونكه‌ زۆربه‌ی گه‌له‌كه‌م به‌ برسیه‌تی ده‌ژێن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌ بژێم به‌سمه‌.

له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی بیبیدا گه‌نده‌ڵی به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر به‌ پێی ئاماره‌كانی رێكخراوی شه‌فافیه‌تی نێو ده‌وڵه‌تی له‌ ئۆرۆگوای دابه‌زیووه‌، ئێستا ئۆرۆگوای دووه‌م وڵاته‌ له‌ بواری كه‌می گه‌نده‌ڵی له‌ ناو وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا لاتین و ناوه‌نددا.

مۆخیكا له‌ ساڵی 1994 وه‌ك ئه‌ندامی پارله‌مان هه‌ڵبژێردرا، له‌ ساڵی 1999 وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پیران، له‌ ساڵی 2004 زۆرترین ده‌نگی له‌ لیستی به‌ره‌ی به‌رفراوان هینایه‌وه‌، له‌ ساڵی2005 بووه‌ وه‌زیری سامانی ئاژه‌ڵ، له‌ ساڵی 2008 له‌ وه‌زیری لادرا گه‌ڕایه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی پیران.

مۆخیكا له‌ هه‌ڵبژاردنی 25ی ئۆكتۆبه‌ری سه‌رۆكایه‌تی ئۆرۆگوای كه‌ 89، 9%ی ده‌نگده‌ران به‌شداریان تێیدا كرد له‌ كۆی 2563397 ده‌نگده‌ر 2303336 كه‌س پشكداریان كرد له‌ خولی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كاندا 1093869 كه‌س كه‌ ده‌یكرده‌ 49، 6%ی ده‌نگده‌ران ده‌نگیان پێی داو نزیكترین پاڵێوراو نیوه‌ی ده‌نگه‌كانی ئه‌وی هێنایه‌وه‌ له‌ ناو 5 پالێوراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی، له‌ خولی دووه‌مدا كه‌ له‌ 29ی نۆڤه‌مبه‌ری 2009 ئه‌نجامدرا توانی به‌هێنانی 1183503 ده‌نگ كه‌ ده‌یكرده‌ 54، 8% ده‌نگده‌ران بیباته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ی كاندیده‌كان له‌ دژی هاوپه‌یمانیه‌تی موقه‌ده‌سیان پێك هێنا.

هاوكات لیسته‌كه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانیش 50 كورسی له‌ كۆی 99 كورسی برده‌وه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پیرانیش 16 كورسی له‌ كۆی 30 كورسی ئه‌نجومه‌نی پیرانیشی برده‌وه‌.

مۆخیكا ناسراو بو بیبی و بزوتنه‌وه‌ی تۆبامارۆس

مۆخیكا له‌ دوای دانیال ئۆرتیگا دووه‌م گه‌ریلای چه‌كداری ماركسیه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكای لاتین ده‌گات به‌ ته‌ختی ده‌سه‌ڵات، هه‌رچه‌نده‌ كاسترۆو لۆلاش له‌و بزووتنه‌وه‌یه‌وه‌ هاتوون، له‌ زیندانه‌كان ناو بیره‌ قوله‌كانی وڵاته‌وه‌ گه‌یشتووه‌ به‌ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ وڵات.

تۆبامارۆس یه‌كێك له‌ گروپه‌ چه‌كداره‌ ئه‌فساناوییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای لاتین بوو كه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان لایه‌نگر و كه‌سانی سه‌رسوڕمانی خۆی هه‌بوو، ئه‌م رێكخراوه‌ به‌ناوی تۆباك ئه‌مارۆی دووه‌م (هیندییه‌ سوره‌كانه‌) ناو نرا كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی ئه‌لینكای ئه‌مه‌ریكای لاتین بوو له‌ ساڵی 1572 به‌ ده‌ستی ئیسپانیه‌كان كوژرا.

به‌ره‌ی رزگاری نیشتمانی FLN   ناسراو به‌ (Tupamaros  ) له‌ ساڵی 1960 له‌ ئۆرۆگوای له‌ لایه‌ن گروپێك كه‌سانی ماركسیه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی راول ساندیكی ماركسیستی پارێزه‌ره‌وه‌ دامه‌زرا (1926-1989) ، مۆخیكا یه‌كێك بوو له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌م رێكخراوه‌، راول سادیك له‌ په‌نجاكان په‌یوه‌ست بوو به‌ پارتی سۆسیالستی ئۆرۆگوایه‌وه‌و وه‌ك پارێزه‌رانی كرێكارانی كشتوكاڵی ده‌ستی به‌كار كرد، له‌ كۆتایی په‌نجاكان بزووتنه‌ه‌یه‌كی دروست كرد به‌ناوی له‌ گه‌ڵ ساندیكا ده‌بینه‌ خاوه‌ند زه‌وی، له‌ ساڵی 1962 له‌ گه‌ڵ كرێكارانی قامیشی شه‌كر په‌لاماری یه‌كێتی ئۆرۆگوایان دا له‌ شاری مۆنتینیگرۆی پایته‌خت و سوتاندیان، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م چالاكی رێكخراوه‌كه‌ بوو، له‌ ساڵی 1963ش په‌لاماری یانه‌ی سویسریان دایه‌وه‌ له‌ پایته‌خت و چه‌ند چه‌كێكیان به‌ ده‌ستكه‌وت گرت بووه‌ هه‌وێنی بزوتنه‌وه‌ چه‌كدارییه‌كه‌ی تۆبامارۆس، مێژووی چالاكیه‌ش به‌ دامه‌زراندنی تۆبامارۆس داریكرا، له‌ ساڵی 1963 به‌هۆی هه‌وڵی گرتنی راول ساندیكه‌وه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌و خۆشاردنه‌وه‌و یاخی بوونی سه‌رۆكه‌كه‌یه‌وه‌، رێكخراوه‌كه‌ چووه‌ قۆناغی خه‌باتی ژێر زه‌مینییه‌وه‌، به‌شێك له‌ هاوه‌ڵانی ساندیك خۆیان ته‌رخان كرد بۆ پاراستنی راول سادیك و به‌شه‌كه‌ی تریان بۆ راهێنانی سه‌ربازی چوون بۆ كوبا.

به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و كات 80%دانیشتوانی ئۆرۆگوای شارنشینی بوون و نزیك به‌ نیوه‌یان له‌ شاری مۆنتینیگرۆدا ده‌ژیان و لایه‌نگرانیان له‌ پایته‌ختدا بوون، بۆیه‌ تۆبامارۆسییه‌كان خه‌باتی خۆیان له‌ شاره‌كانه‌وه‌ ده‌ستپێكرد به‌تایبه‌ت پایته‌خت.

ئه‌م رێكخراوه‌ له‌ یه‌كگرتنی چه‌ندین گروپی ماركسیستی سه‌ر به‌ ده‌سته‌ و بۆچونی جیاجیا پێك هات ژماره‌یان له‌سه‌روبه‌ندی گه‌شه‌كردندا به‌ 6000 بۆ 10000 گه‌ریلا دیاریده‌كرا، كه‌ پێك ده‌هاتن له‌ سۆسیالسته‌كان و ماوی و ئانارشیسته‌كان......، هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تیش له‌ 12000 سه‌رباز و 22000 پۆلیس پێك ده‌هات.

 ئامانجیان له‌ خه‌باتی چه‌كداری ناو شار ئه‌وه‌بوو زه‌مینه‌ی شۆرشی سۆسیالستی خۆش بكه‌ن، چالاكی تۆبامارۆسییه‌كان له‌ كۆتایی شه‌سته‌كان و سه‌ره‌تای حه‌فتاكان زیادی كرد كه‌ بریتی بوو له‌ رفاندنی كه‌سانی كاریگه‌ر له‌ ریزی حكومه‌ت له‌ پێناو ئاڵوگۆڕپێكردنیان به‌ به‌ندكراوه‌كانی رێكخراوه‌كه‌ و ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی بانك و خۆراك و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر هه‌ژاراندا، چالاكییه‌كانی رێكخراوه‌كه‌ له‌ ساڵی 1972 سنوری ئۆرۆگوای تێپه‌ڕاند و په‌ڕیوه‌وه‌ بۆ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و مه‌ترسی له‌سه‌ر وڵاتانی راستگه‌رای نۆكه‌ری ئه‌مه‌ریكا له‌ناوچه‌كه‌ دروستكرد، له‌ مه‌كسیك بزووتنه‌وه‌ی 23ی سه‌پته‌مبه‌ری كۆمۆنیستی و چه‌پی شۆرشگێر له‌ شیلی و سوپای سور له‌ یابان و گروپی سوپای سور ناسراو به‌ راف له‌ ئه‌لمانیا ئیلهامیان له‌ تۆبامارۆسه‌كان وه‌رگرت و هه‌مان رێچكه‌ی تێكۆشانیان گرته‌ به‌ر.

بزووتنه‌وه‌كه‌ چالاكییه‌كانی به‌ په‌لامار بۆ سه‌ر بانكه‌كان و كۆمپانیاو ئه‌و شوێنانه‌ ده‌ست پێكرد كه‌ خواردنی زۆر لێبوو پاشان به‌سه‌ر هه‌ژاندا دابه‌شیان ده‌كرد، بۆیه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ وێنای رۆبن هودی به‌خۆوه‌ بینی كه‌ ئێستا بۆته‌ ئارمی بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی هه‌ژاران كه‌ به‌ بزووتنه‌وه‌ی 99% ناسراوه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان.

له‌ ساڵی 1969 ئه‌مه‌ریكا دان میتریۆنی له‌ ئێف بی ئایه‌وه‌ نارد بۆ ئۆرۆگوای تا به‌ ناوی رێكخراوی ئه‌ی ئای دی مرۆڤ دۆسته‌وه‌ كار بكات، بۆ راهێنانی پۆلیسی ئۆرۆگوای بۆ سه‌ركوتكردنی بزووتنه‌وه‌ی تۆبامارۆس، كه‌ پێشتر ناوبراو له‌ سه‌ره‌تای شه‌سته‌كان له‌ پێكهێنانی تیمه‌كانی مه‌رگ له‌ به‌رازیل دژ به‌ چه‌پگه‌راكان هه‌مان رۆڵی هه‌بوو، لێ له‌ ئۆرۆگوای كاری ناوبراو راهێنانی پۆلیس بوو بۆ ئه‌شكه‌نجه‌ دان به‌ كاره‌با، تۆبامارۆسییه‌كان توانیان ناوبراو برفێنن و له‌ به‌رامبه‌ریدا داوای به‌ردانی زیندانییه‌كان بكه‌ن، به‌ڵام كه‌ وه‌ڵامیان نه‌درایه‌وه‌ كوشتیان، به‌هه‌مان شێوه‌ باڵوێزی به‌ریتانیاشیان رفاند.

به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و گه‌نده‌ڵی حكومه‌ت له‌ ساڵانی 1070 بۆ 1971 حكومه‌ت پشتیوانی گه‌لی له‌ پشت نه‌ما و كه‌وته‌ ناو قه‌یرانه‌وه‌، له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ری 1971 بڕیاردرا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت.

بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان چه‌په‌كان به‌ تۆبامارۆسییه‌كانه‌وه‌ به‌ره‌ی به‌رفراوان (ئه‌مپیلۆ) یان دامه‌زراند، سه‌رجه‌م پارت و رێكخراوه‌ چه‌پگه‌راكانی ئۆرۆگوای له‌ ریزه‌كانی خۆی كۆكرده‌وه‌ توانیان 18، 6%ی ده‌نگه‌كان بهیننه‌وه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م به‌شداری تۆبامارۆسییه‌كان بوو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان پارتی سور توانی 40، 3%ی ده‌نگه‌كان بهێنێته‌وه‌و حكومه‌ت پێك بهێنن و به‌دوایدا بڕیاری شه‌ڕی تۆبامارۆسی دا و تێسره‌واندنی كاریگه‌ریان له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ دا و سه‌رۆك و 12 سه‌ركرده‌ی دیكه‌یان له‌ ناویاندا بیبی كه‌وتنه‌ زیندانه‌وه‌ تا له‌ ساڵی 1985 ئازادكران.

 له‌ ساڵی 1989 كه‌ ساڵی مردنی راول ساندیكیشه‌، تۆبامارۆسییه‌كان بزووتنه‌وه‌ی به‌شداری خه‌ڵكیان دامه‌زراند كه‌ له‌ گه‌ریلاكانی پێشوو و چه‌ند گروپێكی دیكه‌ پێك ده‌هات، بۆ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2004 به‌ره‌ی به‌رفرانیان راگه‌یاند كه‌ له‌ 18 پارت و رێكخراوی سیاسی پێك دێت له‌ گه‌ریلاكانی تۆبامارۆسه‌وه‌ بۆ شوعیه‌كانی سه‌ر به‌ سۆڤیه‌ت و سۆسیالسته‌كان و سۆسیال دیموكراته‌كان و دیموكراته‌ كریستانه‌كان و لاهوتی رزگاریبه‌خش.........

ئۆرۆگوای له‌ نێوان ساڵانی 2001 بۆ 2002 به‌ دوای قه‌یرانی ئابووری وڵاتی ئه‌رجه‌نتین تووشی داڕمانی ئابووری هات، داهاتی نه‌ته‌وه‌یی به‌ رێژی 11%دابه‌زی، بێكاری به‌ رێژه‌ی 20% به‌رز بوه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ لادێیه‌كان، 40%ی هاووڵاتیان باری ژیانیان بۆ ژێر هێڵی هه‌ژراری دابه‌زی، به‌ ناچاری وڵات 3، 2 ملیار دۆلاری له‌ سندوقی دراوی نێو ده‌وڵه‌تی قه‌رز كرد، ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابورییه‌ رێگای بۆ چه‌پگه‌راكان خۆش كرد تا تاباری فاسكۆیزی پزیشك و سۆسیالست خوازی ماركسیست له‌ 3ی ئۆكتۆبه‌ری 2004 سه‌رۆكایه‌تی به‌ره‌ی به‌رین بكات بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات، ناوبراو لایه‌نگرێكی سه‌رسه‌ختی هه‌ژاران و پێشتر پارێزگاری شاری مۆنتینیگرۆی پایته‌خت بوو.

خۆسێكا مۆخیكا ناسراو به‌ بیبی پشتیوانی فاسكۆیز بوو، ته‌نانه‌ت ئه‌م گه‌ریلایه‌ له‌ كاتی سوێندخواردنه‌كه‌ی له‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ بوو، چه‌په‌كان پاش به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنیان له‌ نۆفه‌مبه‌ری 2006 هه‌موو قه‌رزه‌كانی سندوقی دراوی جیهانیان دایه‌وه‌ و رێككه‌وتننامه‌كه‌ی له‌ گه‌ڵیا هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و بێكارییان كه‌مكرده‌وه‌، هاوكات له‌سه‌رده‌می فاسكوێزدا سه‌رۆكی پێشووی وڵات ماریا بوردابیری و جه‌نه‌رال غریغۆریۆ ئه‌لزاریز زیندانیكران به‌هۆی پێشیلكاری مافی مرۆڤه‌وه‌ دژ به‌ تۆبامرۆسیه‌كان و چالاكانی سیاسی ئه‌مه‌ش پاش بڵاوبونه‌وه‌ی په‌رتوكی لۆس ئه‌نیۆس ئۆسكۆرۆس 1967-1987 له‌ نووسینی مێژوونووسی ئه‌مه‌ریكی سكوت مایرز.

كاتێك خۆسیه‌ مۆخیكا خۆی پاڵاوت بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری راستگه‌راكانی ئۆرۆگوای ترسیان لێ نیشت ئه‌م گه‌ریلا ماركسیسته‌ بگات به‌ ده‌سه‌ڵات، ته‌نانه‌ت ركابه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی لویس لاكای له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یدا به‌ رابردووی تۆبامارۆسیه‌كه‌ی ویستی نه‌یاره‌كانی بترسێنێت و له‌ خۆی كۆیانبكاته‌وه‌.هاووڵاتیان ئۆرۆگوای سه‌یری مۆخیكایان وه‌ك گه‌ریلای تۆبامارۆس و وه‌ك سیاسیه‌كی میانه‌ڕه‌و ده‌كرد له‌م نێوه‌دا دابه‌ش ببوون به‌سه‌ر دووبه‌ره‌دا، توندڕه‌و و میانه‌ڕه‌و، به‌ تایبه‌ت لایه‌نگرانی ئه‌و له‌ كرێكاران و جوتیاران پێك ده‌هاتن و چاوه‌ڕوانی گرتنه‌ به‌ری سیاسه‌تێكی ئابووریانه‌ی رادیكاڵیان لێده‌كرد.

له‌ كۆتایدا یادگارییه‌كی رۆبون هودیانه‌ی تۆبامارۆسییه‌كان ده‌گێڕمه‌وه‌، شه‌وێك تۆبامارۆسییه‌كان ده‌ده‌ن به‌سه‌ر یانه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كاندا یه‌كێك له‌ دروشمه‌ هه‌ره‌ به‌ناو بانگه‌كانیان له‌سه‌ر دیواری یانه‌كه‌ ده‌نووسنه‌وه‌ ((یان هه‌موو سه‌ما ده‌كه‌ن، یان كه‌س سه‌ما ناكات)) ، له‌وساوه‌ ئه‌م درووشمه‌ به‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا بڵاو بوه‌وه‌.

له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێم تۆبامارۆسییه‌كان خاوه‌ند ویژدانێكی زیندوو بوون وه‌ك كۆمۆناره‌كان، به‌ڵام سیاسه‌ت ده‌بێت ریالیستیانه‌ بچێته‌ پێشه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وم و سه‌ركه‌وتوو بێت.


زانیاری له‌سه‌ر وڵاتی ئۆرۆگوای

ئۆرۆگوای وڵاتێكی ئیسپانی زمانی بچوكی 176215 كم دوجایه‌ و خاوه‌ند خاكێكی به‌رینی كشتوكاڵییه‌ كه‌ 87، 65%ی خاكه‌كه‌ی به‌ كه‌ڵكی كشتوكاڵ دێت، ده‌كه‌وێته‌ نیوان به‌رازیل و ئه‌رجه‌نتینه‌وه‌، له‌ 24ی ئۆكتۆبه‌ری 1830 وه‌ك ده‌وڵه‌ت خۆی راگه‌یاندووه‌، له‌ 25ی ئۆگستسی 1825 سه‌ربه‌خۆیی خۆی وه‌ك وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ راگه‌یاندووه‌.

5 ساڵ جارێك له‌م وڵاته‌ سه‌رۆك كۆمار راسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن گه‌له‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت، له‌ گه‌ڵ 99 پارله‌مانتار و 30 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پیرانی وڵات.

ئۆرۆگوای ئێستا له‌ لایه‌ن به‌ره‌ی (به‌رفراون) به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی 1990 به‌ره‌ی ناوبراو توانی شاری مۆنتنیگۆی پایته‌خت بباته‌وه‌ كه‌ نیوه‌ی هاووڵاتیان له‌و شاره‌ ده‌ژێن، هاوكات له‌ ساڵی 2005 ه‌وه‌ حوكمی وڵات ده‌كات.

هه‌ردوو پارتی نیو لیبراڵ و راستی ئۆرۆگوای كه‌ پارتی سپی و پارتی سور ناسراون، به‌ تایبه‌ت پارتی سور له‌ دوای 1836ه‌وه‌ حوكمی ئه‌م وڵاته‌ ده‌كه‌ن تاساڵی 2000.

 هاووڵاتیانی ئۆرۆگوای 88%یان به‌ بنه‌چه‌ ئه‌وروپین به‌ تایبه‌ت ئیسپانی و ئیتاڵی و به‌ دوایدا فه‌ره‌نسی و ئه‌ڵمانی و پورتوگالی و سكۆتله‌ندی و ئه‌رمه‌نی و ئێرله‌ندی و ماڵتی و سویسری و روس و پۆله‌ندی و كروات و بولگار و مه‌جه‌ر و لیتوانی وئه‌ستۆنی و......ن، 6% یشیان مستیزۆنن و، 4%یشیان كۆیله‌ بوونه‌ كه‌ زۆربه‌یان ئه‌نگۆلین، 1 بۆ 2%یان عه‌ره‌بی لوبنانی و سورین...، هاوكات له‌ 94%یان به‌ ئیسپانی قسه‌ ده‌كه‌ن.

ئۆرۆگواییه‌كان له‌ هاووڵاتیانی دیكه‌ی ئه‌مه‌ریكای لاتین عه‌لمانیترن، 47% كاسۆلیكن، 11، 1% پرۆتستانتن، 0، 3% جوله‌كه‌ و 23، 2% یان باوه‌ڕیان به‌ خودا هه‌یه‌ به‌ڵام به‌ هیچ كام له‌ ئاینه‌كان نا و 17، 2%یشیان بێدینن..، له‌ ساڵی 1916ه‌وه‌ له‌م وڵاته‌ دین و ده‌وڵه‌ت له‌ یه‌ك جیاكراونه‌ته‌وه‌ و ژنان له‌ ساڵی 1917ه‌وه‌ به‌شداری ده‌نگدان ده‌كه‌ن.

رێژه‌ی هه‌ژاری له‌ ساڵی 2009 گه‌یشتۆته‌ 20، 5%، له‌ ساڵی 2010 دابه‌زیووه‌ بۆ 18، 6%، له‌ 2006 دوای ئه‌وه‌ی چه‌په‌كان هاتنه‌ سه‌ر حوكم به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ 40% هاووڵاتیان هه‌ژاربوون، دایان به‌زاند بۆ 27، 5% ساڵ به‌ ساڵیش له‌سایه‌ی حوكمڕانی باشی چه‌پگه‌راكان رێژه‌كه‌ له‌ دابه‌زیندایه‌، به‌ پێی ئاماری ساڵی 2007، 10%ی هاووڵاتیانی زۆر هه‌ژار 1، 6% سامانی وڵاتیان هه‌یه‌ و 10%ی ده‌وڵه‌مه‌ندترین خاوه‌ندی 35، 5% سامانی وڵاتن، ریشه‌ی ئه‌م نایه‌كسانیه‌ش له‌ كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری و سیاسه‌تی نیو لیبراڵی حوكمڕانه‌كانی پێشودایه‌.

ئه‌م وڵاته‌ كشتوكاڵ 9، 1%ی داهاتی نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی و پیشه‌سازی 22، 5% و خزمه‌تگوزاری 69، 3%ی ئابووری ئه‌م وڵاته‌ پێك ده‌هێنن.

داهاتی تاك به‌ پێی ئاماری ساڵی 2011 گه‌یشتووه‌ به‌ 2290 دۆلار له‌ ساڵێكدا، لێ داهاتی تاك به‌ پێی هیزی كڕین له‌م وڵاته‌ گه‌یشتۆته‌ 11860 دۆلار له‌ ساڵێكدا، له‌ پایته‌خت 2408 دۆلارو له‌ شوێنه‌كانی دیكه‌ی وڵات 1924 دۆلار بووه‌، له‌ یۆلی 2008 ه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای 2011 موچه‌ به‌ڕێژه‌ی 46، 12% زیادیكردوه‌، له‌م وڵاته‌ لانی كه‌می موچه‌ی ئیسمی فه‌رمانبه‌ران 325 دۆلاره‌ له‌ مانگێكدا.

ژماره‌ی هێزی كار 1637000 كه‌س بووه‌ به‌ پێی ئاماری ساڵی 2010، له‌وانه‌ 42، 2%ی له‌ ژنان پێك هاتوونه‌، كه‌ 13%له‌ كه‌رتی كشتوكاڵ و 14% له‌ كه‌رتی پیشه‌سازی و 73% له‌ كه‌رتی خزمه‌تگوزاری كارده‌كه‌ن.

له‌و ژماره‌یه‌ 15% له‌ فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتین و ئه‌وانی دیكه‌ له‌ كه‌رتی تایبه‌تن، به‌ پێی ئاماری 2010 بێت 6، 2%ی هاووڵاتیان بێكارن.

چه‌پ و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی له‌ ئۆرۆگوای

پاش ئه‌وه‌ی چه‌په‌كان له‌ ئۆرۆگوای گه‌یشتنه‌ ده‌سه‌ڵات، كۆی به‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌یی وڵات   13  ،   740ملیار دۆلار بوو، كاتێك تاباری فاسكوێزی چه‌پگه‌را ده‌سه‌ڵاتی به‌جێهێشت له‌ماوه‌ی 5 ساڵ فه‌رمانڕه‌واییدا داهاتی نه‌ته‌وه‌یی وڵات گه‌یشته‌   30  ،   497   ملیار دۆلار، زیاتر له‌ 150% زیادیكرد، به‌ڵام له‌ دوای ئه‌وه‌ی بیبی بوو به‌ سه‌رۆك كۆمار به‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌یی وڵات له‌ ماوی 3 ساڵی رابردوودا گه‌یشته‌   49  ،   716   ملیار دۆلار، كه‌ ژماره‌یه‌كی بێوێنه‌یه‌ له‌ مێژوی وڵاته‌كه‌.

له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی چه‌پگه‌راكان به‌ پێی ماڵپه‌ڕی سیای ئه‌مه‌ریكی ئابووری وڵات له‌ نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2008 ساڵانه‌ به‌ڕێژه‌ی 8% گه‌شه‌ی كردووه‌، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی ئابووری جیهانییه‌وه‌ له‌ ساڵی 2009 رێژه‌ی گه‌شه‌ی ئابووری دابه‌زیووه‌ بۆ 2، 6% و له‌ ساڵی 2010 به‌رز بۆته‌وه‌ بۆ 8، 9% و له‌ 2012 دابه‌زیووه‌ بۆ 3، 5%.

سه‌رباری دابه‌زینی رێژه‌ی هه‌ژاری به‌ڕێژه‌ی زیاتر له‌ 120% له‌ماوه‌ی 8 ساڵی فه‌رمانڕه‌وایی چه‌پگه‌راكانی ئۆرۆگوای، كه‌مبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، هاوكات چه‌په‌كان باشترین نموونه‌یان بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابووری پێشكه‌ش كرد نموونه‌كانیشیان بینینی ئاماره‌كانی وڵاتانی به‌رازیل و ئه‌رجه‌نتین و شیلی و ئۆرۆگوای و.......ه‌.




ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

له‌ كوردستان جیاوازی موچه‌ 3150 جاره‌ ...عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

عه‌لی مه‌حمود 30 January 2013

له‌ كوردستان جیاوازی موچه‌ 3150 جاره‌ ...عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

-ئه‌گه‌ر باوه‌ڕم به‌ برناردشۆو ماركس و ئه‌و جه‌ماعه‌ته‌ش نه‌بووایه‌ هه‌ر مێشكم قه‌بوڵی ناكرد له‌ وڵاتێكدا بژێین جیاوازی موچه‌ 3150 جار بێت، خۆ له‌ وڵاتی باوكی سه‌رمایه‌داری و ئه‌مپریالییه‌كان به‌ریتانیای عوزما جیاوازی موچه‌ 10 جاره‌، له‌ فه‌ره‌نگستان كه‌ ئێستا پێی ده‌ڵێن فه‌ره‌نسا ئه‌م جیاوازییه‌ 15 جاره‌، وه‌ره‌ له‌ وڵاتێك بژێیت یه‌كێك رۆژانه‌ به‌ 40 سه‌نتی هاوكاری چاودێری خێزانی به‌ كرێی خانووه‌وه‌ بژێت، یه‌كێكیش بیرو كێڵگه‌ی نه‌وتی هه‌بێت!!!، ئه‌مه‌ دیاری دیموكراتیه‌تی نیو لیبراڵییه‌كانی كوردستانه‌ نه‌عله‌تیان لێبێت.

-كه‌ی ئێن ئێن (د.ش م وه‌زیری سه‌ر به‌ یه‌كێتی له‌ كابینه‌ی پێنجه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ كه‌ی ئێن ئێن ی راگه‌یاند...دز چونه‌ته‌ سه‌ر ماڵیان، ٣٠ ده‌فته‌ر دۆلارو ٥كیلۆ زێڕو ١٥ ملیۆن دینار كه‌ له‌ ناو دوو قاسه‌دا بونه‌، له‌گه‌ڵ ده‌مانچه‌یه‌كی ئه‌مریكی و تفه‌نگێكی ویزی له‌ ماڵیاندا له‌ گه‌ڕه‌كی دۆلاراوه‌ی شاری هه‌ولێردا دزراون.) ، باشه‌ جه‌نابی ئه‌م وه‌زیره‌ له‌ هۆڵه‌ندا ره‌فزی هه‌بوو و دواتر پارێزه‌ری مافی مرۆڤ بوو، ئه‌م هه‌موو ده‌فته‌ره‌ دۆلارو زێڕو خشڵ و ملیۆنه‌ی ئێستا له‌ كوێ بوو، ئه‌دی خۆ رامبۆ نییه‌ ئه‌م هه‌موو ده‌مانچه‌ی ئه‌مه‌ریكی و ویزه‌ی لۆ چ بوو، هیوادارم رۆبن هوده‌كانی كوردستان قۆڵی هیمتی لێهه‌ڵماڵن  !!!!  ، عافیه‌تیان بێت هه‌موو سه‌نته‌كان به‌ گۆشت بێت.

-محه‌مه‌د مورسی سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی میسری قه‌ته‌ری هه‌فته‌ی رابردوو بۆ جاری سێیه‌م له‌وه‌ته‌ی له‌م 6 مانگه‌ی به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووه‌ عه‌مره‌ی له‌ ماڵی خوا كرد، باسی مه‌سره‌فی نوێژی هه‌ینیانی ناكه‌م كه‌ هه‌ر یه‌كه‌ی به‌ ملیۆنان دۆلاره‌ و قوڕیش له‌ ئێستاوه‌ بۆ فتاری مانگی ره‌مه‌زانی ناگرمه‌وه‌، ئه‌رێ گه‌لۆ ئه‌مه‌ سه‌رۆكه‌ یان شێخی ته‌ریقه‌ته‌، قه‌ینا خوا په‌رسته‌ به‌ڵام خه‌ڵكی پێویستی به‌ نان و سوته‌مه‌نی داو ده‌رمانه‌ سه‌رۆك بۆی په‌یدا بكات، دوعاو نزا له‌كاتی سك به‌تاڵییا له‌ لایه‌ن سه‌رۆكه‌وه‌ نایخوات، جاران له‌ دوره‌وه‌ ئیسلام چاره‌سه‌ر بوو، ئێستا نان و نه‌وت و كاره‌با چاره‌سه‌ره‌، جه‌نابی سه‌رۆك وه‌ك سه‌ره‌خۆره‌ له‌وه‌ته‌ی گه‌یشت به‌ ده‌سه‌ڵات هه‌مووی بڕی، جه‌نابی مورسی ئه‌مه‌ ئابورییه‌ ئابووری سه‌ری زۆری دیكه‌ی خوارد.

-  22ئه‌ندامی ئۆپۆزسیۆنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی هه‌ر یه‌كه‌ی ئۆتۆمۆبیلێكی 3 ده‌فته‌رییان وه‌رگرت، ئۆپۆزسیۆنیش وه‌ك سه‌ره‌تا تاقه‌تی مزایه‌ده‌ی نه‌ما، لیستی خانه‌نشینی په‌نا دیوار پێشكه‌ش ده‌كات و ئۆتۆمۆبیلی گران بهاش وه‌ر ده‌گرێت، كه‌سیشی له‌سه‌ر ده‌رناكرێت.

-رێگای كوردستان21ی جه‌نیوه‌ری (ئێران: له‌ ماوه‌ی 24 رۆژدا20 كه‌س له‌ سێداره‌ ده‌درێن) ، رێگای كوردستان هه‌مان رۆژ (شاندێكی كۆماری ئیسلامی ئێران سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسی حزبمان ده‌كات) ، رسته‌كان خۆیان ده‌دوێن، پێویست به‌ ته‌وزیح ناكات، ئه‌گه‌ر جه‌لاده‌ چۆن پێشوازی لێده‌كات!!!!، كورد هه‌موو شتێكی عاجباتیه‌، به‌ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن و سۆسیال عه‌شایه‌ر و شوعیه‌وه‌ی.

-هاووڵاتی (نه‌وشیروان مسته‌فا: له‌حیزبێكدا كارناكه‌م به‌دڵم نه‌بێت) ، مام رۆسته‌می گۆڕانخواز چاك ده‌زانێت له‌ناو منداڵی توركمانه‌كانی كه‌ركوك وته‌یه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێت ((یان ئۆینه‌ره‌م یان زیفله‌ره‌م)) ، كاكیشم ئێستا به‌هه‌مان مه‌بده‌ْ كار ده‌كات، ئاخر كاك نه‌وشیروان گیان مام جه‌لال ئاره‌زووی خۆی ته‌عیناتی له‌ سه‌ركردایه‌تی و مه‌كتبی سیاسی ده‌كرد، به‌ڵام جار جاره‌ پرسه‌ گورگانه‌یه‌كی به‌ مه‌كته‌بی گوێگره‌كانی ده‌كرد، راسته‌ له‌ ناو پارتی 13 بارزانی له‌ سه‌ركردایه‌تیدایه‌، به‌ڵام له‌ كۆنگره‌یه‌كی روكه‌شدا نه‌بێت مه‌سعود بارزانی كوده‌تای له‌م چه‌شنه‌ی پێ ناكرێت، ئازیزم تۆ له‌ هه‌موانت تێپه‌ڕاند، سه‌ركردایه‌تیت به‌ ئاره‌زووی خۆت بێكۆنگره‌و به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌وی ناوخۆ دامه‌زراند، ئه‌دی كوا لیبراڵییه‌كه‌تان، كوا تازه‌گه‌ری و مۆدێرنیسته‌كه‌تان، شیوه‌نی ئێوه‌ بۆ ته‌عینكردنی گه‌نجانی ماڵییه‌ نه‌ك گه‌نجانی یاخی.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

سه‌رێكانی هه‌مووی كۆكرده‌وه‌ ...عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

عه‌لی مه‌حمود 27 January 2013

بۆ چه‌نده‌مین جار په‌لامارده‌رانی جۆراو جۆر له‌ كرێگرته‌ كورده‌كانه‌وه‌ بگره‌ بۆ كه‌سه‌ ساوێلكه‌كانی هه‌ڵوه‌داوی بهه‌شت له‌ جهه‌نه‌مه‌كانی مالییه‌وه‌ بۆ ئه‌فغانستان و پاكستان، له‌ خه‌لیجه‌وه‌ بۆ میسرو ئوردن و سودان له‌ خۆشی جارییه‌ شۆخ و شه‌نگه‌كانی سوریا، له‌ پاڵ نۆكه‌ره‌ جۆراو جۆره‌كانی توركیا، په‌لاماری شاری سه‌رێكانێی 30000 دانیشتووانی سنوری له‌ رۆژئاوای كوردستان ده‌ده‌ن، كه‌ 40%ی پێكهاته‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كورده‌، له‌ پاڵ 90000 دانیشتوانی گوندو شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی، هه‌موو جاره‌كان به‌خته‌ ره‌شه‌كه‌یان به‌ر دیواری پۆڵاینی گه‌ریلاكانی په‌یه‌ده‌ ده‌بێته‌وه‌، په‌لامارده‌ران جگه‌ له‌ شه‌ڕ و ماڵوێرانی و تاڵان هیچیان بۆ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ پێ نییه‌، بۆیه‌ هه‌موو جاره‌كان به‌ره‌و رووی پێكهاته‌كانی شار ده‌بنه‌وه‌، په‌یه‌ده‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌ په‌رستی به‌رچاوته‌نگانه‌ی تێپه‌ڕاندووه‌ به‌ عه‌قلێكی نێونه‌ته‌وه‌ییانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ دانیشتووانی شاره‌كه‌ له‌ عه‌ره‌ب و كریستان و...ده‌كات و نموونه‌یه‌كی پاكی و دڵسۆزی خۆنه‌ویستی كۆمۆنه‌یی سه‌ركرده‌كانی پێشكه‌ش ده‌كات بۆیه‌ پێكهاته‌كانی دیكه‌ی شاریش جگه‌ له‌ كوردان به‌لای هاوسه‌نگه‌ری و به‌رگری هاوبه‌ش راكێشاوه‌.

شه‌ڕی ئه‌م خوله‌ی سه‌رێكانی وا هه‌فته‌یه‌ك زیاتره‌ به‌رده‌وامه‌ توانی نه‌یارانی یه‌په‌گه‌ و په‌یه‌ده‌ش بۆ لای خۆی رابكێشێت و له‌ ژێر ئاڵاكه‌ی كۆیان بكاته‌وه‌، راسته‌ شه‌هیده‌كان هه‌موو به‌ ئاڵای په‌یه‌ده‌ داپۆشراون و سه‌ر به‌و پارته‌ن و تاق و ته‌را له‌ پارته‌كانی دیكه‌ به‌شداری به‌ره‌كانی شه‌ڕ بوون كه‌ تا ئێستا 4 پارتن، به‌ڵام گرنگه‌ له‌ روی سیاسیشه‌وه‌ نه‌یاره‌كانی په‌یه‌ده‌ شه‌ڕی سه‌رێكانی به‌ شه‌ڕی داكۆكی له‌ شه‌ره‌ف و ماڵی خه‌ڵك بزانن له‌ ناویاندا سه‌رۆكی پارتی حه‌كیم به‌شار، راسته‌ ئه‌و له‌ شوێنه‌ گه‌رم و نه‌رمه‌كانی باشووری كوردستانه‌وه‌ لێدوانه‌ ئاگراوییه‌كانی ده‌دات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێدوانه‌كانی له‌ خزمه‌ت یه‌كێتی كورداندا بێت و خه‌نجه‌ر لێدانی له‌ پشته‌وه‌ی تێدا نه‌بێت ئه‌وه‌ جێگای ده‌ستخۆشییه‌.

په‌یه‌ده‌ له‌و كاته‌وه‌ی 10 كورسییه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای له‌ گه‌ڵ ئه‌م پارتانه‌ی گازینۆكانی هه‌ولێرو سلێمانی و غازی عه‌نتاب دابه‌شكرد، رازی بوو به‌وه‌ی قوربانی بۆ خۆی هه‌ڵبژێرێت و ده‌ستكه‌وتیش له‌گه‌ڵیان دابه‌ش بكات، به‌ مه‌رجێك یه‌كڕیزی بپارێزن و ئه‌و پله‌و پایه‌و متمانه‌یه‌ی پێیان به‌خشراوه‌ له‌ دژی كوردان به‌كار نه‌هێنن.

شه‌ڕی سه‌رێكانی شه‌ڕی دابه‌شكردنی شه‌ره‌فه‌ به‌سه‌ر سیاسییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان، ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت به‌ری بكه‌وێت پێویسته‌ له‌ به‌ره‌ی گه‌لدا بێت، ئه‌و شه‌ره‌فه‌ له‌ گیرفانی ئه‌و شه‌هیدانه‌یا هه‌موو رۆژێك له‌ مه‌راسیمه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان به‌ هه‌ڵهه‌ڵه‌ له‌ قامشلو و كۆبانی و عامودا به‌ خاك ده‌سپێردرێن.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

  1. ئایا لیستێكی یه‌كگرتووی چه‌پ و دیموكرات بۆ كوردستان پێویسته‌؟؟؟؟ بۆ گفتوگۆو بیروڕا گۆڕینه‌وه‌ ...عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د
  2. چوار فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن و سێ سه‌ركرده‌ی ئۆپۆزسیۆن ...عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

Page 3 of 3

  • 1
  • 2
  • 3
© kurdistan Net 2026

میوانی سەرخەت

We have 123 guests and no members online

  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە