زۆر لەمێژە درۆی زۆر گەورە بە ناوی نەتەوە و نیشتیمانەوە دەکرێ، بە پێی ئەو بارودۆخ و سیستەمە جیهانییەی ئێستاش کە لە هەر وڵات و ناوچەیەکدا سەرمایەداران و سیاسەتبازان بەڕێوەی دەبەن هێشتا زەمینە و دەرفەتی کردنی ئەو درۆیە زۆر زۆری وەبەرەوەیە.
(سەرۆک دیکتاتۆرە!) ناوی فیلمەکەیە، کەچی لە کۆتاییەکەی دەنووسرێ (بیرۆکە و سیناریۆ دەرهێنانی: فلانە کەس)! پاشان کۆمەڵەک ناو وە ناوی (ئەکتەران و هونەرکاران و تەکنیککاران) دێنە خوارێ کە لە راستییدا هەر هەموویان کۆمەڵە کارتۆنەکن و ناڕاستەوخۆ رۆڵی دەرهێنەرەکە دەگێڕن و وە مووش لێی لانادەن، ئەگەر لە تێچوونی لایەنە مادییەکەی فیلمەکەش هوورد ببینەوە ئەوە لە دوا ئەنجامدا دەگەینە ئەوەی کە لە سەتا سەت لە خودی بودجەی میللەت دەرچووە و لە لایەن خودی سەرۆکی دیکتاتۆر یان دارودەستەکەی دەستاودەستی کردییە تا گەیشتیتە دەستی ئەو دەرهێنەرە داهێنەرە مەزنە و بە ناوی گەشەپێدانی هونەر و فەرهەنگی میللەت پێشکەشی کرایە! هەموو نێوەرۆکی فیلەکەش هەر ئەوەیە کە ئەرێ راستە دیکتاتۆر هەیە لێ ئەوە پێویستییەکی ئەو قۆناغەی میللەت و وڵاتەکەیە و هەموو میللەتان و وڵاتانی دیکەش بەو قۆناغەدا تێپەڕ بوونە یان هەر راستەوخۆ پێمان دەڵێن خۆ هەر ئێستا هەموو میللەتان و وڵاتانی پێشڤەڕۆش بە بەراورد و بە پێی قۆناغ و بارودۆخەکانیان هەر بەو جۆرەنە و هیچ جوایەزییەکیان نییە!!!
بارودۆخی هەنووکەی میللەت و وڵاتەکەی خۆمان - هەرێمی کوردستانی باشوور - کتومت وەک ئەو فیلمەیە، باسی هەر بار و دیاردەیەکی وەک ئەوانە بکەی: (گەندەڵیی و بە فیڕۆدانی سامانە سروشتییەکان و بودجەی میللەت، باڵادەستبوون و داگیرکردنی دەسەڵات و هەموو جومگە گرنگەکانی کۆمەڵ لە لایەن بنەماڵە و حیزب، پێشێلکردنی مافەکانی هەژاران و کرێکاران و چەوسانەوەی لەرادەبەدەریان، کوشتوبڕ و تەقینەوە و تیرۆر، سەرکوتی رۆژنامەنووسان و ئازادیی دەربڕین، زیندان و ئازار و ئەشکەنجەدان و توندوتیژیی، پیاوسالاریی و نێرسالاریی و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان، دەستوور و دادگای خراپ و ناسەروەریی یاسا و رێسایەکان، ژێرپێنانی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و سەربەخۆخوازیی، پێشێلکردنی مافەکانی منداڵان و پیر و پەککەوتە و کەئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان، بڵاوبوونەوەی پاشدامایی دینیی و فەرهەنگی دژەمرۆیی، باری خراپی پەنابەران، . . . هتد) ئەوە ئاماژە بە هەمان نموونەگەلی زۆربەی هەرە زۆری ئەو بار و دیاردانە دەکەن کە لە نێو میللەتان و وڵاتان تەنانەت لە نێو میللەت و وڵاتە وە ناو پێشڤەڕۆیەکانیش هەن!
فرە فرە دروستە و فرە راستیش دەکەن کە ئەو نموونانە لە نێو تێکڕای میللەتان و وڵاتاندا هەن، چونکە هەموو جیهان یەک سیستەمە ئەویش سیستەمی سەرمایەداریی چاوچنۆکە و لە لایەن کۆمپانیایە گەورە و گچکەکانی جیهان و لەسەر حیسابی (خوون و ئارەقە و ماندییبوون و چەوسانەوەی کرێکاران و چین و توێژە هەژار و رەنجدەرەکان) سەرپەرشتیی دەکرێ و لە رێگەی سیاسەتبازانیش بەڕێوەی دەبەن.
لێ چەند عەنتیکەیە ئەوە نەبیندرێ کە ئەو نموونانە لە نێو وڵاتانی وە ناو پێشڤەڕۆ بێجگە لەوەی قورسایی و کاریگەریی وەک ئەوەی لای خۆمانیان نییە. . تەنێ نموونەیەکن یان چەند نموونەیەکن، واتە ئەگەر قورسایی و کاریگەریی نموونەکان و چەندیێتییان لە وڵاتان (١٪) بی ئەوە لە لای خۆمان (١٠٠٪)ە، دەی هیچ نییە. . خۆ ئەوەی خۆمان تەنێ دوو خاڵ (٠٠)ی پترە. . ئەوەش لە ئەژماری کایە کۆمەڵاتییەکان هیچ بایەخ و کاریگەرییەکی نییە. . کەواتە هەر لۆ پیشەوە!!
گەمژەییەکی فرە مەزنە کە دەسەڵاتداران و دەربارەکانیان وا دەزانن دەتوانن میللەت لەخشتە ببەن و وایان لێ بکەن جوایەزییەکانی نێوان بارودۆخی وڵاتی خۆمان و وڵاتانی دیکە وە تایبەتییش وڵاتە وە ناو پێشڤەڕۆیەکان نەبینن! لێ لەو گەمژییەش فرە فرە مەزنتر ئەوەیە ئەوانەی بێ ماندییبوون لەسەر سفرەی ئێستا دەلەوەڕێن تەنانەت هێندەک لە بەرهەڵستکارە وە ناو چەپگەرییەکان و وە ناو مرۆییەکانیش کتومت وەک ئەوەی کرێکارەکی وڵاتە وە ناو پیشڤەرۆیەکان دەبێژی (بڕووخێ رژێم) کە بە پێی دەستکەوتەکان و ئەو پێشڤەچوونانەی ژیان و گوزارانی میللەت و وڵاتەکەی مافەکی رەوا بێ ئەولا و ئەولای خۆیەتی کە دەیەوێ رژێمەکەی بە رژێمەکی باشتر بگۆڕی. . ئەوانیش بە هەمان شێوە دەبێژن (بڕووخێ رژێم) لێ بە بێ ئەوەی لەبیریان بی کە هەر دوونێ بوو میللەتەکەیان تەنێ لەسەر ئەوەی دەیگوت دەمەوێ بە زمانی خۆم بئاخڤم. . لە ماوەی پێنج خولەک پێنج هەزار کەسیان لێ کیمیباران کرد و ١٨٢ هەزار کەسیان بە زیندیێتیی چاوان خرانە ژێر گڵ و. . . هتد و ئێستاکەشی لەگەڵدا بێ (٨٠٪)ی میللەتەکەیان لە هەمان بارودۆخ دایە.
هیچ گومانی تێدا نییە کە کەسی یەکسانییخواز ئەگەر کۆشش نەکا لۆ هەڵوەشانەوەی سنوورەکان و سڕینەوەی نیشتیمانەکان و تێکەڵکردنی نەتەوەکان لە یەک کۆمەڵگەی مرۆڤپەروەرانەی یەکسان و پڕ لە ئاشتی و ئاسوودەیی. . ئەوە کەسەکی فرە درۆزنە و فرە دووریشە لە یەکسانییخوازیی، لێ ئێمە نە نەتەوە نە نیشتیمانەکمان هەیە تا کۆشش بکەین سنوورەکانی بسڕینەوە. . تا ئێستاش هیچ میللەتەک - بە هۆی گوشاری دەسەڵاتدارانی - نەیتوانییە بێ و بڵێ: (دەی قەیدی ناکا با ئێوە هەر نەتەوە و نیشتیمانتان نەبی. . لێ وەرن ها بگرن ئەوە ئەو مافە مرۆییانەی ئێمە هەمانە با ئێوەش لێی بەهرەەند بن)!
نەبوونی قەوارەی نەتەوەیی و نیشتیمانی تا ئێستا بێجگە لەوەی بوویتە یەکەک لە هۆیە هەرە کاریگەرەکانی ئەوەی کە هەردەم بە کۆمەڵ لەنێو ببردرێین بوویتە هۆی ئەوەش کە لە هەردوو رووی ژیان و گوزەرانی سەردەمییانە و هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی لە بنی بنەوەی تێکڕای میللەتاندا بین و پرسەکەشمان وەدەست دەسەڵاتە چەوسێنەر و داگیرکەرەکانی ناوچەکە و جیهان ببیتە کارتەکی ئامادەوەدەست و ئاسان لۆ دروستکردنی شەڕ و کاوڵکاریی لە ناوچەکە و نانەوەی کێشە و گرفتی گەورە لە تێکڕای جیهان و سوودمەندبوونی دەسەڵاتە چەوسێنەرە زلهێزەکان.
ئێمەی کورد کە نەتەوە و نیشتیمانمان نییە لە هەر میللەتێکی دیکە سوودمەندتر دەبین ئەگەر هەر ئێستا میللەتان سنووری نەتەوە و نیشتیمانەکانی خۆیان هەڵبوەشێننەوە و هەموومان پێکەوە لە یەک کۆمەڵگەی مرۆیی یەکسان و بێ شەڕ بژین، لێ ئەوە بۆ ئێستا هێشتا هەر خەونی حوشترە، جا ئەگەر هەر دەست وە خۆماندا شۆڕ بکەینەوە و چاوەڕوانی کۆمەڵگەیەکی لەو بابەتە بین ئەوە رێک وەک ئەو کرێکارەمان لێ وەسەردێ کە هەژارترین گوزەرانی هەیە و کارگەیەکی دەستناکەوی تا کاری تێدا بکا و بە لانی کەم پێخۆری ژیانی رۆژانەی خۆی تێدا پەیدا بکا کەچی دەستی وە خۆیدا شۆڕ بکاتەوە و هەر خەون بەوەوە ببینی کە رۆژەک دادێ تێکڕای کارگەکانی سەرمایەداران لە بنوبۆتکەوە هەڵدەتەکێن ئیدی ئەویش وەک هەر مرۆڤەکی دیکە و هەموویان پێکەوە و هەر کەسەو بە پێی توانای خۆی کارەک دەکا و هەر کەسەو بە پێی کارەکەی خۆشی گوزەرانی خۆی دابین دەکا!
سەرەڕای هەموو ئەوانەش هێشتا هەر ئەوە راست نییە میللەت بەوە رازیی بیی کە وە ناوی تێکۆشانی نەتەوەیی و نیشتیمانیی شەمەندەفەری هەشتەمی (کاکە نێچیر و کاکە نەوە و ''کاکە هێرۆ!'' و ئیسلامییەکانی بن دونیایێ) هەرچی نەفت و سامانی سروشتیی ئەو نیشتیمانە هەیە هەڵبلووشێ و دووکەڵەکەی کونە کەپووی خەڵکی هەژار و بێ دەرەتان بگری و سووکانی شەمەندەفەرکەش لە دەستی (ئۆردوگانی عوسمانییەکان و رووحانیی سەفەوییەکان)دا بی و وە ئارەزووی خۆیان وەسەر پشتی ئەو میللەتە دابڕۆن و بیپلیشێننەوە.
dxunce@yahoo. co. uk
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
