دیموکراسیی هەمیشە سیستەمی کەمینەیەکی چەوسێنەرە! ... دارا خونچە

 دیموکراسیی بە پێی واتای وشەکە واتە دەسەڵاتی گەل، لێ لە رەفتاردا لەوەتەی پەیدابووە و بە درێژایی مێژووەکەی هەر دەسەڵاتی کەمینەیەکی فرە فرە کەمی نێو چینە مشەخۆر و کارنەکەر و بەرهەمنەهێنەرکانی گەل و نەوەکانی سەرۆک و مەرۆکەکان بووە و هەمیشەش وەک (زێروو) خەریکی مژینی خوونی چینە کارکەر و بەرهەمهێنەرەکان بوونە. چەند بەڵگەی زۆر ئاسان و بەردەستیش لەو بارەوە لە نێو سیستەم و حکومەتە دیموکراسییەکەی کوردستان ئەوانەن؛ سێ جومگەی هەر کاریگەری دەسەڵات لەبەردەستی باب و کوڕ و برازا (مەسعود و مەسرور و نێچیرڤان) دایە، سەرکەوتووترین پاڵێوراوی یەکێتی لەو رۆژانەی بەری: (دەربازی کوڕی کۆسرەت) بوو، نوێنەری کوردستان لە یەکەک لە کۆنفراسە ئابوورییە هەرە گەورەکانی جیهان (ئیدریسی ١٧ ساڵەی کوڕی نێچیروان) بوو، بابۆی بارزانی و هێرۆ و شاناز و قوبادی بنەماڵەی (تالەبانی - بلە) هەر یەکەیان فیرعونۆکەیەکن، . . . ئیدی بەرەو خوارێ پێدا بڕۆ بە دەیانی دیکەی لەو بابەتانە هەن! بەرپرسانی نێو حیزبەکانی دیکەش ئەگەر خراپتر نەبن هەر هەمان بابەتن چونکە ئەوانیش هەمان بنچینەیان هەیە و بە هەمان شێوەش دەروێشی دەسەڵاتی دیموکراسیین!

بە پێی رێکارە یاسایی و رێساییەکانی دیموکراسیی لە کوردستان لە هەڵبژاردنی (٢١\٩\٢٠١٣)ی پەرلەمانی کوردستاندا تەنێ (١٢ دوازدە) پالێوراو سەرکەوتن و بوونە ئەندامی پەرلەمان، واتە تەنێ (١٢ دوازدە) پالێوراو دەنگی پێویست (١٩٥٢٠ نۆزدە هەزار و پێنج سەت و بیست) دەنگیان وەدەستهینا.

 

بەو پێیە تەنێ ئەو (١٢ دوازدە) پالێوراوەی حیزبەکان براوە بوون و مافی ئەوەیان هەیە ببنە ئەندامی پەرلەمان*:

 

 

 

واتە لە کۆی (٢٨٠٣٠٠٠ دوو ملیۆن و هەشت سەت و سێ هەزار) دەنگدەر کە مافی دەنگدانیان هەیە تەنێ (٥١٩٩٩٣ پێنج سەت و نۆزدە هەزار و نۆ سەت و نۆهەت و سێ) کەس توانیان بە دەنگەکانیان (١٢ دوازدە**) پالێوراو هەڵبژێرن کە دەنگی تەواوی خۆیان وەدەستهینا واتە ژمارەی دەنگەکانی هەر یەکەکیان (١٩٥٢٠ نۆزدە هەزار و پێنج سەت و بیست) دەنگ و بە سەرەوە بوو، ئەوەش ئەوە دەگەیەنی کە پەرلەمان نوێنەری تەنێ (٦/١ واتە لە شەش بەش یەک بەش)ی خەڵکی سێ شارەکەی کوردستانە، چونکە ئەو (٩٩ نۆهەت و نۆ) پالێوراوەی دیکە هیچیان (١٩٥٢٠ نۆزدە هەزار و پێنج سەت و بیست) دەنگیان وەدەست نەهینا. . واتە خەڵک دەنگی پێ نەدان تا ببنە ئەندام پەرلەمان یان ببنە نوێنەری ئەوان بەڵکە حیزبەکان بە شێوەیەکی ناڕەوا و نایاسایی گەمە بە دەنگی خەڵک دەکەن و دەنگەکانیان دەدەن بە کۆمەڵە پالێوراوەک کە خەڵک دەنگی پێ نەدان و نایەنەوێ ببنە نوێنەریان. . کەچی سیستەمی دیموکراسیی هەر بە تۆبزیی دەیانکاتە ئەندامی پەرلەمانی ساختە و وەسەر خەڵکی کوردستانیان دەسەپەێنن، ئەوەش تەنێ یەک تاکە فرتوفێلە لەو هەموو فرتوفێلە زۆروزەبەندەی دیموکراسیی کە حیزبەکان لە خەڵکی دەکەن.

 

دیارە پێکهاتە و واتای دیموکراسیی هەر تەنێ لە پڕۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەلەمان و سەرۆک و بەرپرس و دامودەزگە کارگێڕیی و بەڕێوەبەرییەکان کورت ناکرێتەوە بەڵکە رەهەندگەلەکی فەلسەفیی و هزریی لە چۆنیەتیی بەڕیوەچوونی کار و هەڵسووڕانی کایەی کۆمەڵایەتیی و رامیاریی و ئابووریی و. . . هتدیێشی لەبەر کرایە. . وەلی سەرئەنجام گرنگترین و پڕ بایەخترین رۆڵ کە دیموکراسیی هەیەتی پێش هەر تشتەک نەخشەکێشانی چۆنیەتیی پێکهاتەی (سیستەم و دەسەڵات)ە و پاشانیش (رەخساندنی رێکاری یاسایی و سەپاندنی دەستوور و گونجاندنی دابونەریتی باو و ئاراستە دینیی و ئایدیۆلۆژییەکان)ە تا بتوانی بەزۆر خۆی بسەپێنی، لە پێناو ئەو ئامانجەش هەڵبژاردنی پەرلەمان گەورەترین بۆنەی دیمموکراسییە وەک ئەوەی لە کوردستان و تێکڕای جیهان دەیبینین.

 

لێ دیموکراسیی لە کوردستان لەبەرئەوەی (هەر لە سەرەتاوە لە ژێر پاڵەپەستۆی هێزی سەربازیی دامەزرایە و راستەوخۆ سەر بە هێزە داگیرکەرەکانی کوردستانە و وڵاتە زلهێزەکانیش بە پێی نەخشە ئابوورییەکانیان تەنێ وەک پاسەوان و بەڕێوەبەری پاراستنی بیرە نەفتەکان دەرفەتی پێ دەدەن و هاوکات ناوچەکەش وەک پێگەیەکی خۆیان و بازاڕی ساغکردنەوەی کەلوپەلەکانیان بەکاردەهینن) فرە پاشداماترە لە دیموکراسییەکەی وڵاتە بە ناو پێشڤەڕۆیەکان کە لەوێدا وەک دڕندەیەکی پیر و ماندیی ناتوانی رەفتاری هێندە دڕندانە لە بەرانبەر خەڵکی هۆشیاری ئەو وڵاتانە بنوێنی و ناچارە خۆی بە پرپرە و پوولەکەی رەنگاوڕەنگی وەک مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا و کۆمەڵگەی سڤیل و مافی تاک و کۆمەڵەک دەستەواژەی رووکەشی دیکەی لەو بابەتانە بڕازێنێتەوە!

__________________________________

* هەرچەندە ئەگەر بە پێوانە و پێوەری (نوێنەری خەڵک) دەرچوون یان دەنگ وەدەستهینانی ئەو (١٢ دوازدە) پالێوراوە هەڵبسەنگێنین ئەوە بە بێ گومان ئەوانیش مافی ئەوەیان نییە ببنە نوێنەری خەڵک. . چونکە تاکە هۆی بوونە نوێنەری خەڵک ئەوەیە کە کەسەکە خزمەتگوزارییەکی زۆری بە خەڵک کردبی و لەسەر ئەو بنچینەیە خەڵک دەنگی پێ بدا و بە نوێنەری بەرژەوەندییە رەوایەکانی خۆیانی بزانن، لێ ئەو (١٢ دوازدە) کەسە هیچیان ئەوەیان تێدا نییە بەڵکە حیزبەکان بە سامانی گەل و پارەی بودجە کە بژێوی ژیانی خەڵکە و لە لای حیزبەکان خڕبوویتەوە دەنگ دەکڕن تا ئەوان هەڵبژێرن، بەڵگەش لۆ راستیی ئەو قسەیە ئەوەیە کە ئەو کەسەی لەو هەڵبژاردنەی دواییدا لە هەمووان پتر دەنگی هینابوو گوتی: ''ئەگەر دەنگی حیزبەکەم نەبا ئەوە وەک خۆم (١٪ - لە سەتا یەک)ی ئەو دەنگانەم نەدەهینا''. . ئیدی ئەوانی دیکەش هەروەها و خراپتریش!!! لێ بە پێی دیموکراسیی هەر دەبی ئەوها بی. . واتە دەبی چەند سیاسەتبازەکی نێو حیزب و چەند نەوەیەکی سیاسەتبازەکان - ئەگەر هیچ خزمەتەکی خەڵکیشیان نەکردبی یان هەر دژی خەڵکیش بن - دەنگی پێویست لە دەنگی کۆیلەکانی نێو حیزبەکان و خەڵکی بەرژەوەندخوازی دەوروبەریان وەدەستبهینن و بچەنە نێو پەرلەمان و ''ئاوێ بینن و دەستتان بشۆن''!

** ئەو (١٢ دوازدە) پالێوراوە براوەیە هەر هەموویان پیاون. . واتە هیچ پالێوراوەکی ژن دەنگی پێویستی وەدەستنەهینا، ئەوەش بە بێ گومان لە نێو دیموکراسییەکی پیاوسالاریی وەک ئەوەی کوردستان زۆر ئاساساییە، دیارە بەلاواز پیشاندانی ژنان و گاڵتەکردن بە ماف و ئازادییەکانیشیان بە هۆی هەبوونی (کۆتای ژنان) لە پەرلەمان هەر لەو سیستەمە (دیموکراسیی - ئیسلامیی - نێرسالاریی)ەی کوردستان دەوەشێتەوە.

 

٦\٩\٢٠١٣

dxunce@yahoo. co. uk


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.