یادی (٢٢ ساڵەی رۆژنامەگەریی حیزبیی) لە یادی (١١٥ ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردی)! ... دارا خونچە
بیست و دووی نیسانی ٢٠١٣، بیست و دوو ساڵ وەسەر میدیای حیزبیی کورستان رەت دەبی، خەباتی نووسەران و رۆژنامەنووسانی ئازاد لە پێناو ئازادیی رۆژنامەگەریی وەک هەر خەباتەکی دیکەی خەڵکی کوردستان لە پێناو ئازادییەکان - کە لە بەهاری ١٩٩١ هەموویان پێکەوە بە شێوەی تەقینەوەکی سەراسەریی خۆیان نواند و رژێمی بەعسیی فاشیستیان راماڵی - لە لایەن حیزب و لایەنە خێڵەکیی و میلیشیاییەکانی کوردستانەوە پووچەڵ کرایەوە و مۆدێلی بەحیزبییبوونی میدیای کوردییان وەسەر خەڵکی کوردستان داسەپاند و بە هەزاران کەسیان لەسەر دەربڕینی وشەی ئازاد کارکەنار و نانبڕا و دەربەدەر و زیندان و فەلاقە و گوللەباران و تیرۆر کرد.
هەرچەندە هەر لە سەرەتاوە هێندەک دەستپێشخەریی لە پێناو دانانی بەردی بناغەی رۆژنامەگەریی ئازاد ئەنجام دران - کە ''رۆژنامەی ئەمڕۆ'' رۆڵی یەکەمی لەو دەستپێشخەرییە دیت و چەند ژمارەیەکی لە ساڵی ١٩٩٤ و لە هەولێر بە شێوەی ناحیزبیی و ئازادانە دەرکرد - بەڵام ئەو کۆششانە وەک ئەزموونەکی زۆر قورس هەر زوو لە نێو هەژموونی میدیای حیزبیی و لە لایەن حیزبە بە هێزەکانەوە بەوپەڕی توندییەوە دژایەتیی کران، پاشانیش سیاسەتبازان بە هاوکاریی (بە ناو رۆشنبیران)ی سەر بە دەسەڵات و حیزبەکان بۆ ئەوەی بە تەواویی ئەو ئەزموونە پەک بخەن. . جگە لەوەی لە ژێر زەبری پەراوێزخستن و نابڕین و ترس و تۆقاندن بەشەکی زۆریان لە نووسەران و رۆژنامەنووسان کڕی چەند بڵاوکراوەیەکی وەک گوڵان و هاوڵاتی و ئاوێنە و. . . هتدیێشیان بە ناوی میدیای ئازاد و ئەهلیی دەرکرد و تا رادەکی زۆر نووسەران و رۆژنامەنووسان و تەنانەت خوێنەرانیشیان پێ لەخشتە بردن. . ئیدی کە ئەو پیلانە دژ بە ئازادییەیان سەریگرت ئەوە سەردەمانەکە زۆر بە بێ شەرمانە و هەر بە ناوی میدیا ئازاد و سەربەخۆوە چەندین کەناڵی میدییایی حیزبییان (وەک خەندان و هەولێر و رووداو و سبەی و ئەڤڕۆ و ''زاگرۆس'' و ''کەی ئێن ئێن'' و ''سپێدە'' و ''ئێن ئاڕ تی'' و. . . هتد) دامەزراندییە کە سەرلەبەریان لە سەر بودجەی دزیاریی میللەت بەڕێوەدەچن و راستەوخۆش لە لایەن حیزب و لایەنەکانەوە سەرپەشتیی دەکرێن!
بیست و دووی نیسانی ٢٠١٣، (١١٥) ساڵ وەسەر یەکەمین رۆژنامەی کوردیدا تێدەپەڕی، رۆژنامەکانی کوردستان بە تێکڕای کەناڵە میدیاییەکانی دیکەشەوە لە باری هەنووکەیاندا هێندە حیزبیی و دوور لە راستیین بە هیچ جۆرەک جێگەی بڕوا نین لەکن خوێنەران تەنانەت سیاسەتبازە کۆلەوارەکانیش - کە هەر خۆیان خاوەن و هەڵسوڕێنەری سەرلەبەری کەناڵە میدیاییەکانن - کاتەک ناتوانن دان وە قسەیەکی راست دابنێن دەبێژن: ''ئەوە پڕوپاگەندەی میدیاییە''!!! لەبەرئەوە تا ئەو رۆژنامانە بەو جۆرەن. . زۆر باشترە لە یادی هەر ساڵەکی رۆژنامەگەریی کوردیدا ببێژین: (رۆژنامەگەریی کوردی کە بەو شێوەیە تەنیا لە بەرژەوەندیی تەسکی دەسەڵاتداران و حیزبەکان کار دەکەن؛ با بیگۆڕین و بیکەنە ''یادی رۆژنامەگەریی حیزبیی'')!
٢١\٤\٢٠١٣ - لەندەن
dxunce@yahoo. co. uk
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
