ئەمەریکا و ئەوروپا گەمژەترین و دڕندەترینیانن لە بەرانبەر دۆزی نەتەوەیی کوردان ! ...دارا ئەحمەد
ئەگەر ماف و ئازادییەکان هەر ئەوە بن لۆ هێندێک هەبن و لۆ هێندێک نەبن، ئەوە بەڵگەی ئەوەیە هێشتا مرۆڤ لە سەراسەری جیهان لە چاخی دڕندەییدا دەژی! ئەمن بڕوام بەوە هەیە کە سەرکردەی مەزن و ژێهاتیی لە هەر سەردەمەک و لە نێو هەر گەلەکی پاشداما یان پێشڤەڕۆ هەر مەزن و ژێهاتییە و دەتوانی مێژوویەکی پڕ سەروەریی و پڕ دەستکەوت تۆمار بکا.
گومانی تێدا نییە کە سەرکردە و سیاسەتمەدارانی ئێمەی کورد بە شێوەیەکی گشتیی و لەوپەڕی راستەوە تا ئەوپەڕی چەپ هەر لە دەسپێکی دامەزرانی دەوڵەتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانەوەڕا بگرە تا دەگاتە ئێستا زۆر زۆر نەشارەزا و بێ ئاست و بودەڵە و ئاڵوودە بە دین و خۆپەرست و خۆفرۆش و داگیرکەرپەرست و ترسنۆک و بنەماڵەیی و خێڵەکیی و ناوچەگەر بوونە، ئەگەر نا ئەوە ئێمەش وەک هەر میللەتکی دیکە لەمێژ بوو قۆناغی رزگاریی نەتەوەیی و نیشتیمانییمان تێدەپەڕاندبوو و ئێستا لە رێزی گەلان خەریکی چارەسەرکردنی کێشە جڤاکییەکانمان دەبووین و پێ بە پێی ئاستی پەرەسەندن و گەشانەوەی ژیانی سەردەم لە ژیان و گوزەرانەکی باشتر و باشتر بەهرەمەند دەبووین.
ئەوەتە لە سەردەمی دەسەڵاتداریی عوسمانییەکان و سەفەوییەکان زۆربەی هەرە زۆری سیاسەتمەادار و سەرکردەکانی کورد جگە لەوەی زۆر خێڵەکیی و کۆنەپەرستی دینیی بوونە هەر یەکەیان بە شێوەیەک لە شێوەکان بەکرێگیرا و خۆفرۆشی یەک لە هەردوو لایەکە یان دووسەرە بوونە و هەردەم لە شەڕی میللەتی خۆیان و میللەتانی دیکەشدا کوشتارگەی گەورە گەورەیان بەرپا کردییە و وەک هێزگەلەکی سەرکوتگەر و دڕندە لە خزمەتی پاراستن و بەهێزکردنی هەردوو دەسەڵاتە ستەمگەر و داگیرکەرەکەدا بوونە، لە سەدەی بەرییش کە کوردستان بە تەواویی بە سەر وڵاتە داگیرکەرەکانی دەوربەری دابەشکرا..بە هۆی ئەو فەرهەنگ و هەڵسوکەوتانەیان کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێیان دان هەردەم راپەڕین و بەرانگژبوونەوەکانیان لە دژی داگیرکەران هەر لە سەرەتادا یان بە نیوەچلیی کۆتاییان پێدەهات..سەرئەنجام یان ئەوەتە خۆیان دەدا دەست و لەسێدارە دەدران و دەکوژران یان ئەوەتە سازشیان دەکرد و خۆیان و میللەتەکەیان دەفرۆشت و پاشانیش لە پیلانەکدا دەکوژارن یان بە دەستبەسەریی تەمەنەکی پڕ لە ریسواییان تەواو دەکرد..هێندەکیشیان هەر زوو ئاشبەتاڵیان لێدەکرد و میللەتەکەی خۆیان جێدەهێشت و خۆیان قوتار دەکرد.
سەبارەت بەو دوو بە ناو سەرکردەیەی کوردستانی باشووریش - تاڵەبانی و بارزانی -، ئەگەر سەدامی دیکتاتۆر سەرکردەیەکی یەک قیچ لەبار و ئاسایی با و ئەمەریکا و ئەوروپا هێشتا کاریان پێ مابا..ئەوە دەبووایێ ئێستاکەش هەردووکیان خزمەتکاری (حوسێنی)یەکانی کەرەج و تاران بن و پیلانی ئایەتوڵایەکانی ئێران دژ بە میللەتەکەی خۆیان جێبەجێ بکەن یان دەبووایێ لە بندەستی دەزگە سیخوڕییەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا بە دابینکردنی ژیان و گوزەرانەکی سەرشۆڕانە لۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان سوپاسگوزار بن.
بەڵام پێویستە ئەوەش بڵێین کە دەسەڵاتدارە داگیرکەرەکانی کوردستان زۆر لە سەرکردە و سیاسەتمەدارەکانی کورد گەمژەتر بوونە و گەمژەترن..چونکە سەرەڕای ئەوەی باش دەیانزانی و دەیزانن کە رۆژەک هەر دادێ ئەو میللەتەش بە ماف و ئازادییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی خۆیان دەگەن کەچی هەر ملیان نەدا و تا بشتوانن واز لەو ستەمکارییە ناهینن و هەر مل نادەن..بەوەش جگە لەوەی بە ملیۆنان کەسیان لە کوردان و میللەتەکانی خۆیان لەنێوبردن و هێشتاش هەر بەڕێوەیە لەنێوببردرێن..ژیان و گوزەرانی کوردان میللەتەکانی خۆشیان لە پاشدامایی و کارەسات و پاشکۆیی وڵاتە زلهێزەکان راگرتییە و مێژوویەکی رەشیشان لۆ خۆیان تۆمار کردییە و تۆمار دەکەن، ئیدی لە ئایندەدا میللەتەکانی خۆشیان شەرم لە خۆیان دەکەنەوە کە ئەوانە لەسەردەمەکدا سەرکردە و سیاسەتمەداری ئەوان بوونە و خۆیان لێیان بێبەریی دەکەن، دەبی چ لەوە گەمژەییتر هەبی لەو سەردەمەی ئێستا هەر یەک لە داگیرکەرانی کوردستان کە دێنە سەر باسی ئەوەی دان بە هێندێک ماف و ئازادیی زۆر سادەی نەتەوەیی کوردان بنێن و بە ئاشتی پێکەوە بژین..لە پێشمەرجی هەر گفتوگۆ و رێکەوتنەکدا دەبێژن: (ئەوانەی لە دژمان یاخی بوونە دەبی وڵات بەجێبهێڵن و ئەوانەی لەگەڵیشمان دەکەونە گفتوگۆ دەبی بە بێ هیچ مەرجەک دان بە سەرەوریی و یەک پارچەیی نیشتیمان دابنێن و بیپارێزن)!!! هەڵبەتە ئەوانە هەر یەکەیان دەیانەوێ گفتۆگۆ و رێکەوتن لەگەڵ دوو سەرکردەی وەک تاڵەبانی و بارزانی بکەن کە ئەوەی یەکەمیان بەر لە دگیرکەران دەبێژێ (سەربەخۆیی کوردستان خەونی شاعیرانە) و ئەوەی دووەمیش دەیەوێ تەنیا میرنشینەکی بارزانی لە بابەتی میرنشینەکانی سۆران و بابان و لەو بابەتانە لۆ خۆی و بنەماڵە هەزرا بارزانییە چەکدارەکەی دابمەزرێنی!
دیارە کێشە هەرە سەرەکیی و مەزنەکەی میللەتی کورد ئەوەیە کە دەسەڵاتدارە ملهوڕەکانی ئەمەریکا وڵاتانی ئەوروپا زۆر زۆر لە دەسەڵاتدارە داگیرکەرەکانی کوردستانیش گەمژەتر و دڕندەترن..چونکە وەک ئاشکرایە بزووتنەوی نەتەوەیی لە نێو ئەو وڵاتانەی ئەوان سەریهەڵدایە و هەر خۆشیان دەستپێشخەر و دامەزرێنەری دەوڵەتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان بوونە..کەچی ئێستا جگە لەوەی چەندین نەتەوەی وەک سکۆتیی و ئیرلەندیی و وێلسیی و کەتەلۆنی و میللەتە رەسەنەکانی کەنەدا و ئەمەریکا و لەو بابەتەنە لە نێو وڵاتەکانی خۆیان دەچەوسێننەوە و مافە نەتەوەیی و نیشتیمانەکانیان پێشێل دەکەن..لەوسەری دونیاشەوە دێن بەوپەڕی تواناوە پشتگیریی لە دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان دەکەن و دۆزی کوردان وەک کارتەکی دووسەرە لۆ ملکەچکردنی دەسەڵاتە داگیرکرەکان لە لایەک و سەرکردە و سیاسەتمەدارە گەمژەکانی خۆمان لە لایەکی دیکە بەکاردەهینن، ئاخەر گەمژەیی و دڕندەیی لەوە پتر چیدیکە بی لە لایەک باس لە مافی مرۆڤ و مافەکانی گەلان دەکەن کەچی لە لایەکی دیکە نەک هەر مافی خۆبەڕێوەبردن و دەوڵەتداریی بە میللەتەکی پتر لە چل ملیۆن بە رەوا نابین و هەر بە گازی کوژەر و نووترین چەکی ئەوان سەرکوت دەکرێن بەڵکە بە پێی پیلانە سیاستبازییە جیهانگیرییە دژەمرۆییەکانیان لە کێشانی نەخشەی جیهان و دابەشکردنی وڵاتاندا دان بە ناوی ئەو خاکەش نانێن کە کوردان لەسەری دەژین و هەر بە پشتگیرییکردنی ئەوانیش لە دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان کوردان ناتوانن تەنانەت زمانەکەی خۆشیان بەکاربهینن کە سادەترین مافی هەر نەتەوەیەکە !!!
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
