جارێکیان :
١- لەگەڵ شەهید سەعدون عەرەب لە هەولێرەوە بەرەو ڕانیە دەچوین، من ئۆتۆمبیلەکەم لێدەخوڕی و لە زاڵگەی - هیزۆپ - زرتەبۆزێکی ئیستیخبارات هاتە پێش و لێمانی پرسی : من جماعة حجي عبد ( حجي عبد، ئامۆزای سەدام بو، وەرەقەی ڕێگەپێدانی ئەو لە بازاڕ بە پارە دەکڕدرا و زۆر کەس بە تاتبەتی قاچاغچییەکان سودیان لێ دەبینی )، منیش هاتمە وەڵام و بە پێکەنینەوە وتم : لا واللە احنە من جماعة حجي عزیز - مەبەستم هاوڕێ عەزیز مەحەمەد بو )، ئەویش زۆر بە جوانی بە ڕێی کردین و وتی : یا هلا بکم تفضلوا .
بێگومان هەر نەشیدەزانی حجي عزیز کێیە و چ کارەیە ؟ ! کە لە زاڵگە دەرچوین هاوڕێ سەعدون وتی : ئەو دینەت بسوتێنم ئەوە چیت وت ؟ ڕۆژێک دێ دایکمان بە گان دەدەی .
٢ - لەگەڵ شەهید سەعدون عەرەب لە سلێمانییەوە بەرەو هەولێر دەگەڕاینەوە، لە زاڵگەی دوکان ڕایان گرتین، هەرگیز نەمبینیبو داوای ناسنامە لە شۆفێریش بکرێ، ئەو جارەیان داوای ناسنامەیان لە هاوڕێ سەعدون و منی شۆفێریش کرد، کابرای زاڵگە بردیە ژورەکەی خۆیانەوە و ئێمەش هەر لە ناو ئۆتۆمبیلەکەدا چاوەڕێ بوین و تەگبیرمان لەو بارە نائاساییە دەکرد و بە هاوڕێ سەعدونم وت : وریا بە لە جامەکەی پێشەوە هەڵت نەدەمە دەرەوە، بڕیارمان دا ئەگەر بڵێن : انزلوا، یەکسەر بێی پێدا دەنێین و دەردەچین، غەشیمی من لەوەدا بو گێڕەکەم دابوە نمرە چوار، پێم وابو بەو گێڕە دەرچم ئیتر ئۆتۆمبیلەکە باڵ دەگرێ و دەفڕێ و دەرباز دەبین، نەمدەزانی هەستان بەو گێڕە ئەستەمە و لە زۆر حاڵەتدا ئۆتۆمبیلەکە خامۆش دەبێ، بەوەی باش بو کابرا کە گەڕایەوە بە داوای لێبوردنەوە ناسنامەکەی دایەوە پێمان و - تفضلوا - ی لێمان کرد و ئێمەش بە شێنەیی زاڵگەکەمان جێهێشت .
٣ - لەگەڵ ئەحمەد شاهین دا چوین بۆ سەردانی ماڵیان، باوکی دوای دانیشتن و بەخێر هێنانێکی زۆر هەر لە من ڕا دەما، لە دواییدا خۆی پێ نەگیرا و وتی : ئەحمەد کوڕم ئەم برادەرە کێیە ؟
ئەحمەد وتی : هاوڕێ فڵانە ( ناوێکی وت ئێستا لە سەر خەیاڵ نیم چ ناوێکی وت ) .
دوای کەمێکی دی و بە گومانەوە پرسیەوە : دەزانم فڵانە، ئاخر چ کارەیە ؟
ئەحمەد وتی : هاوڕێی خۆمانە .
دوای دەمێکی دی دوبارە پرسییەوە : دەزانم هاوڕێی خۆتانە بەس نابێ بزانم کێیە و کوڕی کێیە ؟
ئەحمەد وتی : حزب دەزانێ .
دوای کەمێکی دی باوکی وتی : ئەحمەد کوڕم دەزانم حزب دەزانێ، ئەی نابێ منیش بزانم کێیە ؟
ئەحمەد وتی : ئینجا تۆ لۆ بزانی ؟ چ پێویست دەکا بیزانی ؟
بابی وتی : کوڕم کو پێویست ناکا ؟ ئاخر ئەگەر داکتی گا، نابێ ئەمنیش داکی بگێمەوە .
هەمومان بە کۆرس قاقایەکی خۆشمان لێدا .
٤ - ئەم بەروارەم بیر ناچێتەوە چونکە بە بۆنەی ڕاوەستانی جەنگی عێراق - ئێران، ٨ / ٨ / ١٩٨٩ بو، لەگەڵ ئەحمەد شاهین لە بەغدا پێکەوە چوین بۆ - ساحة الاحتفالات - کە بەو بۆنەیەوە بەعسییەکان ئاهەنگیان دەگێڕا، ئێمەش هات بە سەرماندا و ڕومان لەوێ کرد تا بزانین چی دەگوزەرێ ؟ لەوێ بوین کاتێکمان زانی صدام هات بۆ ئەوێ، لە پێشوازی دیکتاتۆردا هەزاران عەگال بە ئاسماندا هەڵدەدران و هێشتا نەدەکەوتە زەوی ئەوەندەی تر هەڵدەدرانەوە، کارێکیان بۆ صدام کرد نەبێتەوە .
لە گەڕانەوەماندا ئەحمەد شاهین وتی : هیوا دەزانی ئێمە زۆر کەرین ؟
وتم : بۆ ؟
وتی : خۆ دیوتە ئەو خەڵکە چ لۆ ئەو سەگبابەی دەکەن ؟
وتم : خەڵک وەعی نیە .
وتی : دە گوی بخۆ پێت وایە بە دو قون هەڵپچڕاوی وەکی ئەمن و ئەتو دەڕوخێنرێ ؟
٤ - هەر لەو ڕۆژەدا و لە گەڕانەوەماندا چوین بۆ مەیخانە، دوای خواردنەوەیەکی زۆر گەنجێکی عەرەب هات بۆ لامان و بە ئەدەبەوە سڵاوی لێکردین و پرسی ئێوە کوردن ؟
وتمان : بەڵێ .
زۆری لێکردین بچینە سەر مێزەکەی ئەوان دانیشین و پێکەوە بخۆینەوە، وازی نەهێنا و دڵیمان نەشکاند، خۆمان کەمێک مەست و لەوێ مەستتر بوین .
ئەوەی لە خەیاڵما بێ ئەوان چوار کەس بون، سەر مێزەکە پڕ لە مەزە و مەی بو، لە دەمەتەقێکانماندا ئەمە گوزەرا :
وتیان : خەڵکی کوێن ؟
وتمان هەولێر .
یەکێکیان وتی : ( غەزوان ) ی پورزام لەوێ شەهید کرا .
پرسیمان : چۆن ؟
وتی : لە کۆلێژ سەرۆکی لیژنەی ئیتیحادی بو شیوعییە موخەڕیبەکان گرتیان و بردیان و ڕەمییان کرد .
ئێمەش : وێڕای هاوبەشی غەمی خۆمان بۆی قسەکەیمان پشتڕاست کردەوە و تێمان گەیاندن ئەو دەمە ئێمە ( فورسان - جاش ) بوین و زۆر هەوڵمان دا ڕزگاری بکەین بەڵام بێهودە بو، ئەوان کەوتبونە جنێو بە شیوعییەکان و ئێمەش بۆمان دەسەندنەوە، بەڵام ناوەناوە بە دەم جنێوەوە مەدح و پیاهەڵدانی هاوڕێیانیشمان تێهەڵکێش دەکرد و دەمانوت ئەو موخەڕیبانە زۆر ئازا بون، بەو ژمارە کەمەی خۆیانەوە ئێمە بە هێزی پڕ چەک و تەیارەشەوە دەرەقەتیان نەدەهاتین، ئەوانیش قسەکانمانیان دەسەلماند، گەنجەکە لە کاتی هەستاندا دامانگیرمان ببو دەبێ سەردانی پوری ( دایکی غەزوان ) بکەین، چونکە ئەو زۆر مەمنونە لە ڕۆڵی فورسانەکان و خۆشی دەوێن و هەمیشە باسی ( مەردایەتی ) یان دەکا .
٥ - لەگەڵ نەجات دا چوین بۆ یەکێک لە گەراجەکانی هەولێر تا ئۆتۆمبیلەکەم بشۆم، کرێکارەکان ناو ئۆتۆمبیلەکەیان پاک دەکردەوە، یەکێکیان هات بۆ لام و وتی : مامۆستا دەمانچەکەت لە دەشبوڵەکەیدایە ( دەمانجەیەکی میکاریۆفم پێ بو لە دەشبوڵی ئۆتۆمبیلەکە دامنابو )، پێم وت : با لەوێ بێ، وریای بە دەمانچەی حزبە .
ئەو بەسزمانانە نەیاندەزانی کام حزب دەڵێم، بە ڕەفیق حزبیمان تێگەییشتن، هێندە ئۆتۆمبیلەکەیان پاک دەشۆری خەریک بو بۆیاغەکەی لێ بکەنەوە .
٦ - کاتژمێر لە نێوان ١١ بۆ ١٢ ی شەو بو، مەستی بینینی هاوڕێیەک بوم، چوم بۆ گەڕەکی ڕوناکی و لە ماڵ مام فەتاح و نەمهێشت خۆشی بگٶڕێ و هەر بە پیجامەکەیەوە هاوڕێ نەجاتم لەگەڵ خۆمدا برد، زۆر تیژڕۆ ئۆتۆمبیلەکەم لێدەخوڕێ، لەسەر ڕێی هەولێر کەرکوک کۆمەڵێک چەتەوڵی چەکدار بە چەکەکانیانەوە هاتنە ناوەڕاستی شەقامەکە و لەبەر ڕوناکی لایتەکان دەرکەوتن و بە چەکەکانیان ئاماژەی وەستانیان بۆ کردم، منیش تا گەییشتمە لایان بە تۆبزی ئۆتۆمبیلەکەم گرتەوە و لە ئاستیاندا وەستام، یەکێکیان هاتە پێشێ و ئەوانی تریش بە دەورماندا دابەش بون، پرسی : مامۆستا لۆ هێندە پەلەی ؟
منیش بە دەم پێکەنینەوە وتم : قوربان جادە چۆڵە و خۆشم پەلەمە .
وتی : لۆ کێندەر دەچن وا پەلەی ؟
وتم : مار و مندار لە سەردانی مارە خزمانن لە نۆهەت و دو، تەلەفۆنیان لۆ کردم لە دویان بچم بیانهێنمەوە .
وتی : فەرمو بەس بڕەک لەسەرەخۆ بئاژۆ .
وتم بەسەر چاو .
لەو گفتوگۆیەی نێوانمان وا بزانم نەجات بورابۆوە، کە بەڕی کەوتین وتی : وەڵا حەرامە پیاو ڕەفاقەتیشت بکا .
چوین و هاوڕێکەمان بینی و گەڕاینەوە .
٧ - لە بەغدا بە پیادە لەگەڵ سرود بەرەو شوقەکەمان دەگەڕاینەوە، لە کاتی پەڕینەوەمان لە جادە ئەو پێش من پەڕییەوە و من دواکەوتم، کە پەڕیمەوە ئەو فرسەخێک لە پێش منەوە دەڕۆییشت، ئۆتۆمبێلێکی سوپەر مۆدێل ١٩٨٥ ی نپ و نوێ کە هی پیاوە دەسڕۆییوەکان بو بە تەنیشتمەوە ڕایگرت و سڵاوی لێم کرد و منیش سڵاوەکەیم سەندەوە و کەوتە پرسیاری سۆراغی بەنزینخانە، بە عەرەبییە شەق و شڕەکەی خۆم تێمگەیاند کە ئەو فەرعەی دواوەی کە جێی هێشت بەنزینخانەی لێیە، ئەو مەوزوعەکەی گۆڕی و پرسی : یبین انت مو من بغداد ؟
وتم : لا .
وتي : انت کردي ؟
وتم : نعم
وتی : من وین ؟
وتم : من سلیمانیە .
وتی : سلیمانیە حلوە .
وتم : کلش، بس مو مثل بغداد .
وتی : اي بغداد احلی، بس یبین انت جاي لبغداد للونسە .
وتم : لا مو شرط .
وتی : ترید تتونس ؟
وتم : اذا اکو، خیر من اللە .
وتی : تتونس ویاي ؟
بە سەرسوڕمانەوە وتم : ویا من ؟
وتی : ویاي، والله والله اریحک بشکل ماشایفها بحیاتک، حتی انطیک فلوس .
چمەز کابرا حیزە و حەجمانی نەماوە و واز ناهێنێ، بۆیە ناچار لەوە زیاتر نەوەستام و جێمهێشت .
سرود لەو وەستانەی من زۆر پەست ببو، هەزار و یەک حیسابی ئەمنیی دەکرد، بۆیە بە توڕەییەوە وتی : هاوڕێ گیان بۆچی لەگەڵ ئەم سەگبابانە دەوەستی، ئەمانە هەمویان موخابەراتن .
بە پێکەنینەوە پێم وت : ئێ کوڕە خۆ شۆڕش هەر چەکداری نیە، موخابەرات گاینیش هەر شۆڕشە .
٨ - لەگەڵ هاوڕێ سروددا لە بەغدا لە شوقەیەکدا بوین، جاری وا هەبو دەمویست وەکو هاوکار ئیشێکی لەگەڵدا بکەم نەیدەهێشت، دەستم دەبرد گسک بدەم و ناو ژورەکان بەاڵم، لیێ دەستاندم و دەیوت : داینێ تۆ نایزانی ئێستا ئەم ناوە هەموی دەکەی بە تەپ و تۆز، یان دەچوم قاپ بشۆرم، رێگەی نەدەدام و دەیوت : وازیان لێ بهێنە خۆم دەیانشۆم تۆ هەر بە چەورییەکەوە دەیانهێڵیتەوە، جاروباریش دەمویست پشویەکی پێ بدەم و دەموت : چێشت لێ دەنێم .
دەیوت : هەمو کەس نازانێ چێشت لێ بنێ، عەزیەت مەکێشە خۆم لێی دەنێم .
ڕۆژێکیان گەڕامەوە بۆ شوقەکە زۆرم برسی بو، سرود خەریکی چێشت لێنان بو، منیش یەکسەر چومە تەنیشتیەوە سەرقاپی مەنجەڵێکم هەڵدایەوە، توند دەستی گرتم و لەقاندی و وتی : بە پەلە داینێوە .
وتم : یا حافیز چی بوە ؟
وتی : قیمە غیزائیە ( قیمة الغذائیة ) ەکەی دەڕوا .
وتم : کوڕە من وا لە برسا دەمرم، گۆلکێکی وەکو من چوزانێ قیمە غیزائیە چیە ؟
٩ - چوم بۆ سەردانی ماڵی مام فەتاح کە ئەوانیش بە خێزانی ئیختیفا بون، دایە کافیەی هاوسەری مام فەتاح هەر کە بینیمی یەکسەر خەریک بو باوکەڕۆ دەست پێ بکا و وتی : کوڕە هیوا بە قوربان، ئاخر بۆ وا دەکەی، حزبی شیوعی کەسی تێدا نیە تۆ نەبێ ؟ هەمو کەتنەکان تۆ دەیکەی .
وتم : بۆ، ئاخر چی بوە با بزانم ؟ !
بەسەر بادانەوە وتی : ها، یەعنی نازانی ؟
وتم : چی بوە چی ؟
وتی : ئەو زابت ( ضابط ) ەت بۆ کوشت، ناترسی لە خۆت، ئەگەر بگیرێی کێ فریات دەکەوێ ؟ منیش هەرچەند پاکانەم کرد و پاساوم هێنایەوە بێسود بو، قەناعەتی نەدەکرد، لە دڵی خۆمدا وتم : یاخوا چاوت دەرچێ بەس ناوت دەرنەچێ .
١٠ - ماڵی مام ساڵحیش لێیان قەومابو، بە خاوخێزانەوە لە ماڵی مام فەتاح خۆیان شاردبۆوە، دایە فاتمی هاوسەری مام ساڵح خەریکی نوێژ دابەستن بو، لەو کاتەدا لە ڕادیۆوە گۆرانییەکی ( عبدالحلیم الحافظ - قارئة الفنجان ) کە من زۆر حەزم لێ بو پەخش دەکرا، بۆیە دەنگیم زیاد کرد، دایە فاتمیش لەسەر بەڕماڵەکەوە وتی : هیوا گیان کزی بکە با نوێژەکەم لێ تێکنەچێ، منیش هەر لە خۆمەوە ناوێکم وت : ئەمە شێخ فڵانە قوڕئان دەخوێنێ، من لەبەر تۆ زیادم کرد، لەسەر بەڕماڵەکە دەیان جار وتویەتی : خوایە تۆبە وامزانی گۆرانییە، پێش ئەوەی نوێژەکەی دابەستێتەوە وتی : هیوا گیان تۆزێ زیادی کە، دەنگی زۆر حەنینە .
١١ - بواری کچی مام ساڵح منداڵ بو، لەگەڵ خۆمدا بردم بۆ بازاڕ، توشی مەفرەزەی موشتەرەکە بوم لەسەر ترافیک لایتی چوار ڕێیانی عەینکاوە، خۆم شلوێ نەکرد، زو دەستم برد بۆ گیرفانم و جگەرەیەکم دەرهێنا و گرتمە دەستمەوە، کە لە مەفرەزەکە نزیک بومەوە سڵاوم لێکردن و وتم : زەحمەت نەبێ ئاگرتان پێیە ؟ یەکێکیان دەستی برد بۆ گیرفانی و جگەرەکەی بۆ داگیرساندم و منیش جگەرەم پێشکەشیان کرد وەریان نەگرت و سوپاسی یەکترمان کرد و جێمهێشتن، وتیان : یاخوا بەخێر بێی مامۆستا .
کەمێک دور کەوتینەوە بوار پێی وتم : کاکە، کاکە، صدام بزانێ ئەو جاشانە جگەرەیان بۆ پێشمەرگە داگیرساندوە هەر دەیانکوژێ .
١٢ - بە دیلی و بە برینداری کەوتمە بەردەستی ئیستیخبارات و دوای ئەوەی حوکم درام، دایکم بۆ زیندان هات بۆ لام، یەکەم مواجەهەم بو خەڵکێکی زۆر هاتبون، دایکم شەفاعەتی بۆم دەخواست و دەیوت : بەخوا ئەم کوڕە هیچی لە هیچدا نیە خوا بیانگرێ بە خۆڕایی گرتویانە، منیش بە پێکەنینەوە وتم : دایە عەیبە سومعەم لەکەدار مەکە، ئەو هەمو ساڵە خەباتەم بۆ دەدەیتە دەم با وە
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
