پەیامێک بۆ گلکۆی ( شێرکۆ بێکەس ) ی نەمر ... هیوا ڕه‌ش

لەو دیو سنوری عاگولەوە هاتون
بۆ ئەوەی لاوانمان ڕابهێنن
تا گڕ لە جوانی بەردەن 
جەستەی عەشق بسوتێنن 
بە شانی لماوی ودڵی ڕەشەوە
پەیامی سەدان ساڵەیان بۆ هێناوین
گلکۆکانمان دەشکێنن
وەکو سەگە ڕەشەکەی حەججاجی باوەپێڕەیان
دەیانەوێ تەرمی مردووەکانمان بشێوێنن
دەیانەوێ فریشتەکانی شیعر لە گٶڕ دەربهێنن
ئارامی لە وڵاتمان بتۆرێنن
دەیانەوێ عومەر ئاسا
ئەنفال و مەرگمان بەسەردا ببارێنن
ژنانمان بە تاڵان ببەن
پاکیزەکانمان لاقە بکەن
پیاوان لە چاڵ بخەن 
ترس لە دەرونی منداڵانمان بچێنن
دەیانەوێ گەلمان لە کۆیلایەتییەوە بپێچن 
ئازادی و سەربەستیمان بژاکێنن
خاکمان لە تورەکە نێن و
بە دەسودیاری بۆ ئاغاکانیان بنێرن 
بە سواری وشترەوە
بە هەگبەی دڕکەوە
بە پەیامی شیرەوە 
بە ریسالەی تیرەوە
بە ڕوی ڕەشی کەعبە ئاسایانەوە
لاوان دەگەوجێنن
بە دینامێتی ئەمریکی و
بە مۆبایلی فینلەندی و 
بە سەیارەی ئەڵمانی و
بە عەقڵی سەدان ساڵەی سعودییەوە
بە دڕندەیی دوڕگەی لم و بیابانەوە
مەرامیانە شادیمان هەڵوەرێنن
بە مۆدێلی ( عبوات لاصقە ) و ( حزام ناسف ) ەوە 
خوێنی خەڵکی بێتاوان 
ژن و منداڵ
کچ و کوڕ و کاڵ بڕژێنن
بە تەقینەوەی نامەردانە 
بە خۆکوژیی گەوجانە 
بۆ تەماعی حۆری گایین و غوڵامبازی 
بۆ مەستیی ( شرابا طهورا )
دەرونی منداڵان بشێوێنن 
پەردەی گوێچکەیان بدڕێنن
هەناسەیان بتاسێنن
باڵی پەپولە بوەرێنن
پەڕەی گوڵ بسوتێنن
بەهارمان بتۆرێنن
دڕندەن
خێون
دێون
کۆمەڵێک ڕیشدرێژی بوغزاوی
مێشک گەنیوی تەوراوی
شەڕواڵ کورتی چڵماوی
بێگانەپەرستی پیس و چڵکن
بەکرێگیراوی ناحەز و دوژمن
لە سعودیە و قەتەڕەوە دەیانبزوێنن
مەشقیان بۆ مەیسەر دەکەن
پارەیان بۆ دەڕژێنن
فێریان دەکەن 
چۆن خۆشەویستی و ماچ
سندم بکەن و وەکو مەسیح
چوار پەلیان بدەن لە خاچ
شەمشەمە کوێرەکان ڕاهاتون بە تاریکی
ڕقیانە لە ڕوناکی
بۆیە لە نیوەشەوا
لە شیرین خەوا
پەیکەری خۆشەویستی دەسوتێنن
گلکۆی شێرکۆ بێکەس دەشکێنن
لە پارکی ئازادی شاردا
ئازادی دەبەزێنن
تفو لە بیرتان
نەفرەت لە باوەڕتان
گو بە سەر و سیما و شێوەتان
کام شەریعەتی جەنگەڵ ڕێگە دەدا
مرۆڤ سەر ببڕن و
دەست و لاق بقرتێنن ؟ !
کام دڕندەی کێوی 
وەکو ئێوە تینو بە خوێنن ؟ !
هەزار هێندە مرۆڤکوژ بن
هەزار هێندە خوێنمژ بن
هەزار هێندە بە کەلتوری دینتان
کۆمەڵگا بلەوتێنن
ژەهری ڕق و کینە بپرژێنن
درەختی تیرۆر بچێنن
خۆتان و پەیامی نەگریستان 
لە خوێندا بگەوزێنن
جەستەتان هەلا هەلا بکەن و خۆتان بتۆپێنن
خۆتان بە خالید و قەعقاع بچوێنن
لە ناو بیری بۆگەندا خۆتان بخوسێنن
ناتوانن کوردستان بە عەرەبستان بشوبهێنن
ڕەوڕەوەی مێژو هێواش کەن 
یان بیوەستێنن
( طیر الابابیل ) ەکانی سەردەمی کۆنیشتان
دوبارە کۆبکەنەوە و بهێنن
لە باتی بەرد
ڕم و تیغمان بەسەردا ببارێنن
مەحاڵە بتوانن
داری ئازادیمان لە بن دەربهێنن
چۆن پێتان دەکرێ ؟
ئەسپی خۆشڕۆی ئازادیمان بگلێنن
خەیاڵتان خاوە
بڵقی سەر ئاوە
بە ترس و تیرۆر و تۆقاندنتان
حەدتان نیە بمانترسێنن
ئێمە ئەفسانەی ئەبرەهە نین
تا بە وەهمی پڕ درۆ بمانشکێنن
ئێوە شێرەبەفرینەن و هەرگیز ناتوانن
یەک تاڵەمو لە بەرمان بلەرزێنن
هەزار هێندە کوشتن و مەرگ تۆو بکەن
دۆزەخ هەڵبخەن
لە کوێ دەتوانن چەرخی زەمانە پەکخەن ؟
گەنجانی ئێمە
هەر گوڵ و ماچ و خۆشەویستی دەڕوێنن
چونکە ئێوە پێتان ناکرێ
شێرکۆزادەکان بتۆقێنن
ئەوان فێرن و ئاوها گۆشکراون 
بەهەشتی ڕاستەقینەی
ڕازاوە بە گوڵ
ڕەنگاوە بە ماچ و ڕاموسان
لە تابلۆی عەشقدا بنەخشێنن
ئێوە هەرچەند دڕندە بن
وەکو ئەهریمەن بن 
هەر دەبێ بە نەفرەت بن
کەی پیاوی ئەوەن ؟
کوا دەتوانن ؟
ڕەگی داری بەرخودانمان بڕزێنن
تازە بە ئێوە ناکرێ
زەردەخەنەی سەرەمەرگی 
شەهیدێک بتاسێنن


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر