لە یادی دوو ساڵەی دوا ماڵئاواییدا، نەوازشێک بۆ مامۆستا ئەحمەد شێخۆ ... هیوا ڕه‌ش

کەڵەپیاو زۆرن، وێنەی مامۆستا ئەحمەد دەگمەنن

لە کەوانەی داسی دەستی شەقار شەقاری جوتیاری ڕەنج دزراو، لە ڕوخساری پیرەمێردی لە ژێر باری ئیشا پشت کۆماو، لەگەڵ تنۆکی ئارەقەی کرێکاری جەکوش پڕچنگی دەست قڵیشاو، لە هەنسکی بەر گەروو گرتووی گریانی قەتیسی کەس و کار ئەنفال کراو، لە نرکەی شێرانەی پێشمەرگەی گورز وەشینی مەیدانی خەباتی نەپساو، لە گلێنەی چاوی پڕ چاوەڕوانیی جگەرگۆشەی باوک کوژراو، لە سینەی پڕ حەسرەتی دایکی کۆست کەوتووی جگەر سووتاو، لە جیلوەی ئەستێرەی ڕوناکی بەخشی شەوی ئەنگوستە چاو، لە بست بە بستی خاکی سوتماکی نیشتمانی داگیر کراو، مامۆستاکەم من تۆ دەبینم، تۆ لە ناخمای، تۆ لە هەناومای، تۆ لە سییەکانمای، تۆ لە دڵمای، تۆ سێبەری شۆڕشگێڕان و فریادڕەسی ساتە سەختەکانیان بووی، تۆ چاوساغ و ڕێ پیشاندەری تێکۆشەران بووی، تۆ تێکەڵ بە هەست و نەستی شیوعییەکان بووی، بۆ هەر کوێ دەڕۆییشتین، بە دەنگێکی چپەدوو شیعری وورەت پێماندا هەڵدەگووت، بٶ کوێ هەنگاومان دەنا، دەنگی تۆ وەکو ئاوازی سروودی نەمری بەر گوێمان دەکەوت، تۆ سایە و سێبەری قەڵغانیی بووی، سەنگەری ئێمەی پێشمەرگەی شاخ و شار بووی، تۆ بۆ ئێمە باب و برا و کەس و کار بووی .
باوکی هەژار، تۆ باوکی هەژاران بوویت و هەمیشە ئاوێتەی ئێش و ئازارەکانیان بووی، باوکی بەختیار، تۆ بەختیاریت کردبووە توێشەبەرەی غەمەکانت و بەسەرماندا دەتبەشاندەوە و لە بوێریدا دەست بڵاو بووی، رێزانێکی بلیمەتی ڕێبازی هاوڕێ لینین بووی، بۆیە ناوی ڕێزانت بۆ جگەرگۆشەکەت هەڵبژارد، تۆ لە زۆزان و بناری چیاکاندا وانەی یاخی بوونت لە ستەم پێ دەگوتینەوە و چۆکدادانت لە ژێر پێت دەخشاند، تیشکی خۆرت دەڕنی و لە ئاسۆدا تابلۆی ئاییندەیەکی گەشت دەنەخشاند ئەی ئەوە نیە زۆزانت لە زۆزان ناو ناوە ! بابی سازان، تۆ بەردەوام ساز و ئامادە بووی بۆ هەنگاوی نەترسانە بەرەو ڕێگەی سەختی خەباتی چینایەتی و قوربانیدان، سازانت بە باڵای جگەرگۆشەکەتا پۆشی، بۆیە هەمیشە وورە و ڕوناکیت بە ئێمەش دەبەخشی .
دڵم ناهێنێ یادی مەرگت بکەم، چونکە نەمر و نەمردوویت، خەڵکینە ئەگەر ئێوە بیرتان نایە، من ئێستا وا لەبەر چاومایە، کەڵبەی تیژ و خوێناویی عۆجەییەکان سوور ببوو بە خوێنی لەبەر ڕۆییشتووی ئەنفال و کیمیا باران، ئێمەش کۆمەڵە لاوێکی دەربەدەر، بێ مەئوا و بێ دەر، گوندێک بە پێوە نەما بوو خۆمانی تێدا حەشار بدەین، دۆستێکمان شک نەدەبرد متمانەی پێ بکەین، ئانەیەک لە بەڕکماندا نەبوو بۆ کڕینی لەتێک نانە ڕەق خەرجی بکەین، هیچمان دەست نەدەکەوت برسێتی پێ بشکێنین، بە شەکراوی ناو کوپە باغەکان ووزە و تینمان وەبەر خۆمان دەنا، شتێکی وامان گیر نەدەبوو قۆڕەی برسێتی سکی خۆمانی پێ بساکێنین .
دوژمن ببوو بە سەگی هار، ئێمەی پێشمەرگەی بێ ئاییندە و چارەنوس نادیار، سوپا و جاش و جاسوس تەنگیان پێ هەڵچنیبووین، کۆمەڵە لاوێک لە ستەم یاخی ببووین، بۆ فریادڕەسێکی چەشنی مامۆستا چاو لە ڕێ بووین . لەو دەمانەدا بوو، لەو ساتە وەختە سەخت و ئەستەم و دژوارەدا بوو، لەگەڵ مەرگدا ئامبازی یەک ببووین، کەس بڕوای بە کەس نەما بوو، من لەو ڕۆژانەدا کەسێکم ناسی، ئەو کەسە مامۆستا بوو، پشت و پەنا بوو، شیوعییەکی کەموێنە و بێهاوتا بوو، بۆ ئەوەی باش بزانن ئەو کەسە کێ یە ؟، ئەو کەڵەپیاوە، مامۆستا ئەحمەد شێخۆیە .
مامۆستا ئەحمەد لە وێنەی کەس نەبوو، هاوڕێیەکی دەگمەن بوو، لە مەیدانی خەباتی نەترسانەدا شۆڕەسوار بوو، لە تەنگانەدا قارەمان بوو، نەک ماڵی، سەر و گیانی لە ئۆغری حزبدا بوو، چۆن وەسفی بکەی وا بوو، ماڵی بە نهێنی بارەگا بوو، خۆشی شیوعییەکی نەترس و بوێر و بە وورە و ئازا بوو، گەشبین و شادی بەخش بوو، هێندە گەورە بوو، جەندێک ووشە ڕیز بکەین، دێڕ و پەرەگرافی لێ دروست بکەین، شیعر و پەخشانی بۆ بهۆنینەوە، کتێبی لەسەر چاپ بکەین، مەحاڵە هەقی مامۆستا بدەین، ناتوانین بە بەرزیی بەژنی زراڤی خۆی وەسفی بکەین، هەرچەندە کۆچی کردووە و لە ناومان نەماوە، بەڵام مامۆستا دەتگووت تایبەت بۆ ڕۆژگاری تەنگانە خوڵقاوە، بۆیە ئێستاش لە ناخماندا دەژی و جێمانی نەهێڵاوە .
نابێ و ناکرێ بیرمان بچێ، هەموو پیاوێکی مەزن، ژنێکی مەزن لە پشتیەوەیەتی، لە هەموو سەرفرازیەکان هاندەریەتی، مایەی سەروەری و سەرکەوتنیەتی، مامۆستاش، دایە ئایشەی هاوسەری پشتیوانی بوو، دەست لە ناو دەست هاوکاری بوو، ئەویش یارمەتیدەری ئەرکەکانی بوو، دەمێکە پێشینیان ووتوویانە : مەل بە باڵێ نافڕێ، چەپڵە بە دەستێ لێ نادرێ، دایە ئایشە بەردەوام، لەگەڵ هاوڕێ ئەحمەد شێخۆی مامۆستام، هەمیشە کۆک و تەیار بوو، دژی قەڵای ستەمی زۆردار بوو، ئێمە هەر هەموو، قەرزاری ئەوانین بێ سێ و دوو، گەورەترین شت کە من بۆیان بکەم بە خەڵات، شانازییە و تەنها شانازی شک دەبەم، لە بۆنەیەکی وا پیرۆزدا پێشکەشی خانەوادەی سەربەرزی مامۆستای بکەم .
دروود لە گیانی مامۆستا ئەحمەد
ستاییش بۆ بەرخودانی دایە ئایشە
سڵاو لە ڕۆڵە و نەوەکانیان


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.