خۆڵەمێشی خەونەکان، خەونی خۆڵەمێشی دەبینن ...((کۆمەڵکوژی پشتاشان ))، بە نمونە ...هیوا ڕەش
هەرچی دەستی دایە قەڵەم مەرج نیە بزانێ بنووسێ، ئەگەر زانیشی مەرج نیە بوێر و بە ویژدان بێ، لە پەیجی( خۆڵەمێشی خەونەکان ) دا بابەتێکم بەرچاو کەوت، بەر لە هەموو شتێک گومانم لە ناوی نووسەرەکە پەیدا کرد، لە کۆتایی ئەم نووسینەشمدا پێتان دەڵێم : بۆچی ؟
ڕەحمان غەریب، تاوانی ( پشتاشان ) ی وروژاندووە، ئەو تاوانەی لە ئاکامی کەڵەکە و توندبوونی کوشتنی یەکتری براکان بە فەرمانی سەرکردە بوودەڵەکان لە ساڵانی هەشتاکان ( ١٩٨٣ ) ئەنجام درا، لە وەڵام بە ڕەحمان غەریب، نووسەرێک نالۆژیکانە و نامرۆڤانە خۆی خستۆتە ناو گێژاوی بەڕەوایی کردنی تاوان کە ئەمە خۆی لە خۆیدا تاوانە .
لێرە بە دواوە هەر واژە و پرسیارێک لە نێو کەوانەدا بوو، با لای خوێنەر ڕوون بێ کە ئەو پرسیار و واژانە قسەی من نین، بەڵکو قسەی نووسەرەکەیە و من بەدواداچوونی بۆ دەکەم .
کاکەی نوسەری لە دادە پێچراو دەپرسێ : ( بۆچی شیوعی هەر بۆ دواوە دەچێت ؟ ) و ڕەحمان غەریب بە نمونە دەهێنێتەوە، منیش دەڵێم : خودی حزبی شیوعی بە نمونە بهێنایەتەوە زیندووتر دەبوو، چونکە ڕەحمان مشتێکە لە خەروارێک، لەگەڵ ئەوەشدا ووتم نەوەکو وەڵامی ئەو پرسیارە لە مامۆستاکانیەوە بە هەڵە وەربگرێتەوە بە پێوەستم زانی هەم بۆ زانین و هەمیش بۆ شآرەزایی ئەو، نەبادا جارێکی دیکە بیەوێ خۆت لە قەرەی پرسیارێک بدات کە وەڵامەکەی لای خۆی و هەڵسوڕێنەرانیەتی و پێنازانیت، پێ ی دەڵێم : ئەوا خاڵت بۆ دەخەمە سەر پیتی پرسیارە قیناوییەکانت، ئەگەر تەمەنت بوارت نادا، خۆ هەڵسوڕێنەرانت دەیانتوانی سەرەداوێکی کودەتای ٨ ی شوباتی بەعسییەکانت بۆ باس بکەن کە چۆن و بە چ شێوەیەکی نامەردانە کەوتنە وێزەی شیوعییەکان و دەیان هەزار شیوعی و هاووڵاتییان کوشت و زیندانی کرد و ئەشکەنجەیان دان و لە پێشەنگی هەموویانەوە هاوڕێ - سەلام عادل - ی دووەم سکرتێری شەهید و چەندان ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و کادیری باڵا لە سێدارە دران و شەهید کران، لە هەمان کات و هەمان ساڵدا لە لایەن هاوتاوان و هاوبیرانی شۆڤینیزمی عەرەبی، سەرکردە و هەڵسوڕێنەرانی تۆی خاوەن پرسیاری بێ وەڵام لە کوردستان و بە تایبەتی لە - ماوەت - چۆن وەربوون و بەربوونە وێزەی شیوعییەکان ! ئەدی قەد باسی تاوانی - کانی ماسی - یان بۆ نەکردووی کە باڵی مەکتەبی سیاسی بە هەردوو لەتەکەی ئێستایەوە لە ساڵی ١٩٦٤ - لە - کانی ماسی - چییان بەسەر شیوعییەکاندا هێنا، خۆ لەوانەیە ناوی - عیسا سوار - ی هاوسەنگەرانی دنەدەرانت ژەنەڤتبێ کە چۆن بەوپەڕی دڵڕەقی و بێبەزەییانە - ١٢ - کادیری باڵای بێ چەکی گەڕاوە لە خاکی سوریاوە بۆ کوردستان، لە بارەگای هێزەکەی خۆی بە بێ دادگایی کردن لە ساڵی ( ١٩٧٢ ) گوللە باران کرد، لەو دەمەدا خۆت ووتەنی سەرکردە و هەڵسووڕێنەرانی تۆش بۆ وەچە خستنەوە وەکو ( مریشک چەمابوونەوە بۆ پارتی )، ئەمانە و جگە لە شەهید کردنی دامەزرێنەر و یەکەم سکرتێری حزبی شیوعی هاوڕێ - فەهد -، کە ئێستاش سەرکردە تاوانبارەکانی عەرەب و کورد ووتەکەی - شیوعییەت لە مردن بەهێزتر ە و لە سێدارەش بڵندترە - لە گوێیاندا دەزرنگێتەوە و سڵی لێ دەکەنەوە کە خۆی و هاوڕێیانی - حازم و صارم - چۆن بێ منەتانە لە ساڵی ( ١٩٤٩ ) چوونە بەر پەتی سێدارە، قوربان ڕەنگە لەبەر نەزانیت پاساوی ئەوەت هەبێ کە ناخوێنیتەوە یان ئەو تاوانانەت نەبیستووە بۆیە خۆت دەگەمژێنی، بەڵام خۆ تاوانی - پشتاشان - هێندە بەسەر نەچووە تا خۆتی لێ گێل بکەیت، یان ئەوەتا جگە لەوەی گوێچکەت ئاخنیوە و سوێندت بۆ هەڵسوڕێنەرەکانت خواردووە کە تا مردن عەبدی تەڕیقەتی ئەوان بیت لە دژایەتی کردنی شیوعییەکان، پێ دەچێ لە هەمان کاتدا چاویشتیان بەستبێتەوە و ناتەوێ و ناهێڵن جوانییەکان ببینیت کە لێوان لێون لە بەرخودان و بەڕەنگاربوونەوەی شیوعییەکان ! یان پێت خۆشە شەمشەمەکوێرە ئاسا لە تاریکیدا چینەی مێش و مەگەز و پیسی بکەیت .
نامەوێ تاوانە قێزاونەکان هەڵبدەمەوە لە دەمەدەمی ئەنفالە بەدناوەکاندا کە پیاوە گرگنەکانی ئێوە چۆن سەودایان لەگەڵ بەعسییە ئەنفالچییەکان بە خوێنی شیوعییەکان دەم دەدا، ئەگەر بڕوا ناکەیت بڕۆ لاپەڕەی تاوانی سیخوڕچێتیی - سەڵاح شینە و هێمنەڕەش و ...- هەڵ بدەرەوە کە خوێنی دەیان شیوعییان کردە پێکی سەرمێزی عۆجەییەکان لەسەر خوانی بێشەرەفی ! لەمانەش گەڕێ، بەڵام کێ نازانێت کە سەرکردەکانی تۆ ئێستاشی لەگەڵدا بێ دەیان ئەنفالچی و بەعسییان لە ژێر باڵی خۆیاندا ناوە و لەسەریان کڕ کەوتوون !
زەمەنی پشتاشان .
لەو دەمەیدا کە لە بارەگای شیوعییەکان دروشمی - ئەی کرێکارانی جیهان یەکگرن - دەنوسرایەوە و پرۆڤە لەسەر سرودی ئەنتەرناسیونال دەکرا بۆ پێشوازی لە جەژنی کرێکاران، لە بارەگای شێخەکانی تۆدا مەجلیس گەرم بوو تا بەر لە چوونە ناو - مفاوەزات - چ دەست و دیارییەک ببەنەوە بۆ سەدام و عەلی کیمیاوی، پلانێک دادەڕێژرا بۆ کۆمەڵکوژی و بە دروشمی - پەرێزتان پاک بێت - بۆ پەلاماری پشتاشان تا لەسەر تەرمی شیوعییەکان فاسوڵیای گەرم ئەنفال بکرێ، من نامەوێ زیاد لەسەری بڕۆم چونکە خۆت وەکو دەست و پێوەندێک لە هەناسەی لووت لە بکەرانیەوە نزیکی و ئەوان ئەنجامدەر و شاهیدی حاڵی ئەو واقیعە پڕ شەرمەزارییەن، کە دەیان شیوعییان خڵتانی خوێن و بارەگاکەیان تاڵان و لە غەفڵەتدا چێشتە گەرمەکەیانیان ئەنفال کرد و بە قەد نزیکەی تاوانی دوجەیل قوربانی لێکەوتەوە کە سەدام حوسێن بە سۆنگەیەوە لە قەنارە درا، خەڵکێکی زۆری لە سەنگەر و بە دیلی تێدا شەهید کرا .
ئەگەر هەستی ئینسانیت تێدا بێت، دەتوانی ئەو وێنا دزێوە بهێنیتە بەر چاوی خۆت و لە ناخەوە لە خۆت بپرسی، ئەوانەی تەپڵی فاسوڵیا خواردن لەسەر تەرمی دەیان شەهیدی بێتاوانیان لێدەدا، لە کوێی ئاکاری مرۆڤانەدان ؟
ئەم کارەسات و پەلامارە دڕندانانەی دوژمنانی شیوعییەت وای کردووە شیوعییەکان بگەڕینەوە دواوە، لەمەیاندا - گەڕانە دواوە - جوانت پێکاوە، پێشی دڵخۆش بیت ئاساییە، بەڵام دڵتەنگ مەبە بەوەی کە لە ناو نەچوون .چونکە تا دز و پیاوکوژ و گەندەڵ و ستەمکار و جاسوسی بەینەلمیلەلی و دڕندەیی مرۆڤی ئێوە ئاسا بمێنێ، شیوعییەت لە هەناوی ستەملێکراواندا هەر دەمێنێ .
پاشکۆیەتی و کلکایەتی و سازشچێتی سەرکردایەتی خودی حزبی شیوعیش بەشێکە لە تاوانی سەرکردە و هەڵسووڕێنەرە تاوانبارەکانی تۆ، ئەگینا نە بەرەیان لەگەڵ بەعسدا نەدەکردەوە و نە دەبوونە کەوا سووری بەرەی - جوقد - جود و بەرەی کوردستانی - و لە دواییشدا سووک و ئاسان لوولەی چەکەکانیان خوار نەدەکردەوە بۆ سەرکردە دزەکانی ئێستای تۆ و ئەوانی دی، کە چارەنووس و ئاساییشی نەتەوەیی لە گیرفانیانەوە دەست پێدەکات و لەبەر دەرگای دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان کۆتایی دێ .
قوربان بۆچی نمەکگیرانە دێیت و - پشتاشانی - وەکو سوکایەتی بۆ ڕەحمان غەریب بەکار دەهێنیت و بە - ڕەحمان پشتاشآنی - ناوی دەبەیت، خۆ هیچ نەبێ لەو پشتاشانە - داستان - ێکتان بۆ ئاغا بەعسییەکانتان بە دیاری بردەوە بۆ سەر مێزی مفاوەزات، ئەگینا عەلی کیمیاوی لە نێوزەنگدا دەست لە ناو دەست هەڵپەڕکێ ی کوردی لەگەڵتاندا لەسەر تەرمی کوژراوانی پشتاشان لەگەڵ بکوژاندا ساز نەدەکرد .
بڕیاردەرانی سەرکردایەتی حزبی شیوعی بە بودجە و پاداشت چەور کراون بۆیە ناوێرن بقوقێنن و لەوانەیە پێشیان ناخۆش بێت ئێمە وەدەنگ بێین نەبادا - وەزعی ڕاهین - یان لێ تێک بچێت ! ئەگینا دەبوایە ئەم دۆسیەیەیەن بە گەرمی لە دادگادا ببزواندایە .
لە کۆتاییدا دەڵێم بۆیە بە گومانم، لە ناوی ئافرەتانەی نووسەرەکە چونکە هەست و سۆزی ئافرەتانە هێندە ناسکە قەد بڕوا ناکەم ئافرەتێک دەهٶڵکوتی خوێن ڕشتن بێت و لەو ڕێگەیەوە ماستاو سارد بکاتەوە !
پشتاشان هیچ نەبوو جگە لە شاییلۆغانێکی کۆنەپەرستانە .
تێبینی : گوایە پەیجی ناوبراو هێندە بە گرنگی زانیوە وەکو ئەوەی هەنگوینی لە کلۆرەدارا دۆزیبێتەوە لە پەیجی - ئازاری گەل - ەوە ئەو بابەتەی وەر گرتووە کە من ڕوونکردنەوەم لەسەری داوە .
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
