
ئەم ڕۆژانە، چەپ و ڕاست و شاهی و مەلایی فارس زۆرتر لە جاران باس لە ،،جودایی خوازیی،، حزبی کوردی دەکەن، کە گەرەکیانە ئێرانی ئەوان ،،تجزیە،، بکەن. ئەمەش تێگەیشتنی زاڵی حکوومەت و نوخبەی فارس بووە و هەیە. بە ساڵان بە تایبەت لە ناو چەپی فارس باس لەوە کراوە و دەکرێ کە مەسەلەی نەتەوەیی و نەتەوایەتی لە سەردەمی گلۆبالیسم بەرەو کەمڕەنگبوون چووە و دەچێ و فرەنەتەوەبوون و جیهانیبوون بە وتەی هامبرماس فەیلەسووفی ئاڵمان، جێگای نەتەوەیی بوون دەگرێتەوە. بۆ ئیسباتی ئەم بۆچوونە یەکیەتی ئورووپا وەک وێنە باس کراوە و باس دەکرێ.
نووسەری ئەم دێڕانە لە کتێبێکدا بە ناوی ( مرۆڤ و ناسنامە و ناسنامەی نەتەوەیی) کە جارێ لە لایەن وەشانخانەوە چاپکردنی ڕاگیراوە، ئەم بابەتەی تاوتۆ کردووە کە چۆن ناسیۆنالیسم لە هەموو ئورووپا، فەڕانسە، ئاڵمان، هولەند، ئوتریش، بلژیک، سپانیا، ئیتالیا، سکاندیناوی و شوێنی تر گەشەی ساندووە. هەڵوەشانەوەی یۆگسلاوی، چکۆسڵەواکی دوو وێنەی بەرچاو بوو. جگە لەوە یەکیەتی ئورووپا لە ناوخۆیدا تووشی قەیرانێکی بنەڕەتی بۆتەوە کە بابەتی سەرەکی گەڕاندنەوەی سەربەخۆیی سیاسی وڵاتانی ناو یەکیەتییە و ئەوەش وای کردووە یەکیەتی ئورووپا لە زۆر لایەنەوە نەتوانێ وەک ناوەندێکی ئورووپی یەکدەست هەڵوێست بگرێ و بەرنامەکانی پێش بخات.
ئەوەی ڕوونە، ئەوەیە کە لە وڵاتانی ئورووپا، ناسیۆنالیسمی نەتەوەیی وناوچەیی لە گەشەکردن-دایە و داوای سەربەخۆیی کردن، تەنیا ،،باسک و کاتەلان،، ناگرێتەوە. ژمارەی جودایی خوازنی ئورووپا بە سەت گرووپ و حزب و ناوچە مەزندە دەکرێ. هەرچەند ناسیۆنالیسم و سەربەخۆییخوازیی لە ئورووپا لە سەدەی ١٨ و ١٩ گەرم بوو، بەڵام ئەو نەتەوە و کۆمەڵگایانەی وەک خۆیان نەکەوتنە ناو پرۆسەیی سەربەخۆیی خوازیی سەدەکانی ڕابوردوو، ئێستا داوای سەربەخۆیی و بڕیاردانی مافی خۆیان دەکەن و لە لایەنی سیاسی جیاواز دەنوێنن.
بەناوبانگترین هێز و جوڵانەوەکان، کاتەلان(سپانیا) کە بە ساڵانە داوای جیابوونەوەی تەواو لە سپانیا دەکەن. جوڵانەوەی شۆتلاند(بریتانیا) وەک حزبی نەتەوەی شۆتلاند(SNP) کە بە تەمان دووهەمین ڕفڕاندۆمی خۆیان بۆ سەربەخۆیی بەڕێوە بەرن.
نەتەوەخوازانی فلامی Flandern بلژیک کە زمانیان هولەندییە و ژمارەیان دەگاتە نزیک حەوت ملیۆن، داوای جیابوونەوە لە بەشی فەڕانسە زمانی بلژیک دەکەن. باسکی سپانیا بەناوبانگن بۆ ئەوەی بە ساڵانە داوای سەربەخۆیی خۆیان لە سپانیا دەکەن. کرۆسیکا Korsika دوورگەیەکی نزیک ئیتالیایە، بەڵام لە ساڵی ١٧٦٨ ەوە بۆتە مڵکی فەڕانسە و داوای ئاتۆنۆمی زۆرتر هەتا سەربەخۆیی خۆیان لە فەڕانسە دەکەن.
ئەو شوێنانەی داوای سەربەخۆیی دەکەن وەک پادانیەن و باشووری تیرۆل لە ئیتالیا، دورگەی فێرۆر لە (دانمارک) و بایرن لە ئاڵمان خاوەنی دامودەزگای خۆیانن. حزبی بایرن Die Bayernpartei BP ساڵی ١٩٤٦ دوای کۆتایی شەڕی دووهەم دامەزراوە و داوای جیابوونەوە لە ئاڵمان دەکات. ئەم حزبە لە ساڵی ١٩٤٩ هەتا ساڵی ١٩٦٦ ئەندامی پارلەمانی ئاڵمان بووە و ئێستا ئەندامی پارلەمانی ئەیالەتی بایرن و ئەندامی بەرەی ئازاد لە ئورووپایە کە ٣٨ ئەندام، واتە حزب و گرووپ لە خۆ دەگرێ.
حزبی بایرن گەرەکیە ئەیالەتی بایرن لە ئاڵمان جیا کاتەوە، بەڵام ئەندامی فێدرالیسمی ئورووپا بمێنێ و ئابووریی و سیاسەتی خۆی و بایخەکانی نەتەوەیی خۆی ڕاگرێ و بیپارێزێ. ئەم حزبە خۆی لە حزبی سەرەکی بایرن کریست دێموکرات مەسیحی دوور ڕادەگرێ و ئەوان بە حزبی ناوەندگەرا پێناسە دەکات.
هۆی جیابوونەوەی ئەم خەڵکانە جگە لە مەسەلەیی نەتەوایەتی، فەرهەنگی، زمانی و ناسنامە، سیاسەتی ئابووریی حکوومەتی ناوەندیی بەرانبەر بە خۆیان و ناوچەکەیانە کە دواکەوتوتر لە شوێنی تر ڕاگیراوە.
جگە لەم جوڵانەوانە، پاش دەرچوونی بریتانیا لە ناو یەکیەتی ئورووپا ، هێزی ناسیۆنالیست لە زیادبووندایە و لە زۆربەی وڵاتانی ئورووپا لە ڕێگای هەڵبژاردن هێدی هێدی هەم لە ناو پارلەمانی ئورووپا و هەم پارلەمانی وڵاتان و ئەیالەتەکان پەرە دەستێنن و لە ساڵانی داهاتوو ڕەنگە لە زۆر وڵاتی وەک فەڕانسە، ئاڵمان، هولەند، ئوتریش و شوێنی تر زۆرینەی دەنگ پەیدا بکەن و دەسەڵاتی دەوڵەت و حکوومەت بگرنە دەست و بوونی یەکیەتی ئورووپا تووشی قەیرانی بنەڕەتی بکەن.
ئەم پرۆسەیە لە ڕۆژهەڵاتی ئورووپاش لە ئارادایە.
حزبی ساین فەین Sinn Féin باکووری ئیرلەند بە ساڵانە داوای یەکگرتنەوەی هەر دوو ئیرلەند دەکات، کارێک کە ئاڵمانییەکان بە یەکگرتنەوەی دوو ئاڵمان کردیان و کارێک کە کورد دەبوو لە سەدەی شازدە و سەدەی هەژدە و سەدەی بیست کردبایان و وەدوایان خستووە.
لە ئورووپا، مافی خەڵکان Volksrechte بە ڕەسمی ناسراوە، بەڵام لە قانوونی بنەڕەتی ئەو وڵاتانە باس لە جیابوونەوە وەک ماف نەکراوە و ئەو خەڵکانە ڕووبەڕووی حکوومەتی ناوەندی دەبنەوە ، هەر وەک چۆن ڕووبەڕوو بوونەتەوە.
ئەوەی ڕوونە ئەوەیە ئورووپای ساڵان و دەیەکانی داهاتوو، ئەگەر وڵامی ئەم پرسیارانەی ئێستا نەداتەوە، تووشی قەیران و شەڕ و کێشە دەبێ. ئایا کوردی پارچە پارچە کراو لە چوارجێوەی تئۆریی و سیاسەت و بەرنامە وستراتێژیی بە بوونی ئەو ئورووپایە کە مێژووی ٢٥٠ ساڵەی دێموکراسیان لە پشتە، پرسیاری تازەیان بۆ نایاتە پێش؟ ئایا دەوڵەتانی دیکتاتۆری ناوچە کە کوردستانیان داگیر کردووە، خەونی کورد لە دێموکراسی خۆیاندا، وەدی دەهێنن، هەتا کورد لە سایەی دێموکراسی ئەواندا، ببێتە خاوەنی مافی خۆی؟؟
برایم فەڕشی
١١/٣/٢٠٢٤