
خەزاڵ، خەزاڵە شۆڕی سابلاخییە
کەنیشکی شارەکەی هێمن و قازییە
ڕۆڵەی چوارچرا و کۆماری کوردییە
لە دەست عەجەمان ڕووی لە شارەزوور کردییە
سویندی بە نیشتمان و زێدی خۆی خواردییە
هەتا ڕزگار نەبێ نیشتمانی لە دەستی عەجەمان
خوورد و خوارکی لە خۆ حەرام کردییە
هەستا وەڕێ کەوت گوند بە گوند و شار بەشار
چۆم و کێو و شاخ و چیایی لە ژێر پێ خستیە
خۆی لە مەڵبەندی پیرەمێرد و حاجی کۆیە دیتییە
خۆی تێکەڵ کچ و کوڕانی ڕۆژهەڵاتێ کردییە
لاس و خەزاڵ، خەج و سیامەند، سەیدەوان، مەم و زین و زۆربەی بەیتی کورد، بە تراژێدی کۆتایی پێدێت، وەک ژیانی خەزاڵ و خەزاڵەکان. زۆربەی ڕابەرانی سیاسی کورد وەک شێخ سەعید و سەید ڕەزا، سمکۆ، قازی، قاسملو، شەرفەکەندی، شەفیعی و زۆریتر، ژیانیان بە تراژێدی کۆتایی هاتووە. کارەساتەکانی دەرسیم، هەڵەبجە، ئەنفال، قاڕنا و قەڵاتان، گێڕانەوەی ژیانی تراژیکی نەتەوەی کوردە.
کورد خۆی لە حاند ئەم تراژێدی و کارەساتانە بە شیعر و سرود و ڕۆڕۆ دەلاوێنتەوە و بە شەهید ناو هێنانی کوژراورکانی خۆی لە ناو فەرهەنگێ هێرشبەران و داگیرکەرانیدا، دەبینێتەوە. بە خوێندنەوەی شیعر و سرود حماسە و هەستی خۆی دەژێنێتەوە و بیر و هزر و بیرکردنەوە لە جێدا دەمێنێتەوە، بەم چەشنە ڕێگا بۆ دووبارەبوونەوەی کارەسات، ئاواڵە دەهێشترێتەوە.
هەر نەتەوەیەک بە دەرس وەرگرتن لە کارەسات و هەڵەکانی، ڕێگای نوێ دەگرێتەوە و ڕێگای کۆن دووبارە ناکاتەوە. ئەوەی تووشی هۆلۆکاست کرا، خۆی لە سەربەخۆیی خۆی و نیشتمان و خەڵکەکەیدا، دیتەوە. خاوەنی دەرسیم، هەڵەبجە، ئەنفال، قاڕنا و قەڵاتان و شەنگال، خۆیان لە ناو جەغزی داگیرکەرانی خاک و خەڵک و کیانی خۆیاندا، دیتۆتەوە.
مەرگی خەزاڵەکان تێگەیشتن و سیاسەت و هەڵسوکەوت و لە ناو جەغزەکان مانەوەمان، لە قاو دەدەن!
برایم فەڕشی
١٧/٤/٢٠٢٦