دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیگەرانی زۆرێک لە تورکەکانی لێدەکەوێتەوە. ئەو بارودۆخە نائاسایی و نادڵنیاییە سوودی بۆ سەرۆکی دەوڵەت هەیە، کە خۆی وەک سەرکردەیەکی بەهێز پیشان دەدات. ئایا ترس لە شەڕ بەسە بۆئەوەی ناوبراو لە دەسەڵاتەکەیدا بهێڵێتەوە ؟.
سەرەڕای ئاگربەست لە نێوان شەڕی ئێران و ئەمەریکا و ئیسرائیل دا ، دۆخی ناوچەکە هێشتا ئاڵۆزە. یەکێک لەو کەسانەی کە لە ئێستادا سوودمەندە لەو نائارامییە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیایە.
ئەو تەمەن 72 ساڵە لە ڕاپرسییەکاندا دەنگی زیاتر بەدەست دێنێت، چونکە زۆرێک لە تورکەکان زۆرترین متمانەیان پێی هەیە، بۆ ئەوەی تورکیا لە ئاگری ئەو شەڕە و لەو مەترسییە بە دوور بگرێت.
شەڕی ئێران بۆ زۆرێک لە تورکەکان کێشەیەکی لە پێشترە لە کێشەکانی تری قەیرانی ئابووری و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا و کەی، ئەردۆغان تەنانەت ئەم زەبروزەنگە بۆ بانگهێشتکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە و بەکاردەهێنێت؟. پارتی دەسەڵاتداریی ئاکەپە لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی ٢٠٢٤دا پێگەی خۆی وەک بەهێزترین هێزی سیاسی بەرامبەر بە پارتی ئۆپۆزسیۆنی جەهەپە لە دەستدا. لەو کاتەوە، ئەردۆغان لە ڕاپرسییەکاندا کەوتە دواوەی ڕکابەرەکەی و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵدا کەوتووە – تەنانەت دوای ئەوەی ئیمامئۆغڵو لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و لە ساڵی ٢٠٢٥ لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری لایەنگری حکومەتەوە لە زیندان توند کرا.
ئێستا شەڕی ئێران ئەردۆغانی هێنایەوە ناو پرس و باسەکان. لە ڕاپرسیی مانگانەی جەماوەریی کە لەلایەن ئینستیتیوتی میترۆپۆڵەوە ئەنجامدراوە، سەرۆک کۆمار بە بەراورد بە مانگی شوبات، هەشت خاڵ لەسەدا بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٤٦%، کە دوو خاڵ لەسەدا پێش ئیمامئۆغڵو کەوتۆتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەردۆغان هێشتا لە دواوەی چاو مەنسور یاڤاش، سەرۆکی شارەوانی جەهەپەی شاری ئەنقەرەیە کە بە لەسەدا ٥٤ دەنگ لە پێشەنگدایە.. بەڵام لەبەرامبەری پرسیاری: کێ دەتوانێت ڕێگریی بکات لە دەستدرێژکردنە سەر تورکیا بە باشترین شێوە، ئەوە ئەردۆغان زۆر لە پێشەوەیە بە ڕێژەی ٤٥% . ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی جەهەپە و سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن تەنها لەسەدا ٢٩ی دەنگی بەدەستهێناوە. زۆرینەیەکی زۆری دەنگدەران پشتگیری لە ڕێبازەکەی سەرۆک کۆمار دەکەن. بۆ نمونە سەرەڕای ئەوەی ئێران چوار مووشەکی گرتە سەر باشووری تورکیا، ئەردۆغان خۆی لە ڕەخنەگرتنی توند لە ئێران بەدوور گرت و وەک ناوبژیوانێک بۆ ئاگربەست مامەڵەی کرد و شانبەشانی پاکستان هەوڵی دا.
لە ڕاپرسییەکدا کە لەلایەن پەیمانگای A&G ئەنجامدراوە، لەسەدا ٨٦ی دانیشتووان پشتگیری لەم ڕێبازەی ئەردۆغان دەکەن. تەنانەت دەنگدەرانی ئۆپۆزسیۆن، بەپێی ڕاپرسییەکە، تا ڕادەیەکی زۆر پێیان وایە کە ئەردۆغان بە دروستی مامەڵە دەکات. عادل گور، بەرپرسی پەیمانگای ناوبراو بە ڕۆژنامەی "مللیەت"ی ڕاگەیاندووە، سەرۆکۆمار بە هەڵوێستی خۆی لە بارەی شەڕی ئێرانروە، دەنگدەرە بێهیوابووەکانی ئاکەپەی بەدەستهێناوە. هەروەها ڕەخنە توند و تیژەکانی ئەردۆغان لە ئیسرائیل لە نێو زۆرێک لە تورکەکانیشدا مایەی خۆشحاڵییە.
حەلیل قەرەڤێڵ، شارەزای تورکیا لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی ستۆکهۆڵم ISDP دەڵێت، ئەردۆغان "هێزی نەتەوەیی " تورکیا جۆش دەدات . کاراڤیل لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی تاگەسشپیگل وتی: بە پێچەوانەوە خەباتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بۆ ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی لە دواوەیە..
لە کاتی شەڕدا دەنگدەرانی تورکیا وەک دەوڵەتمەدارێکی متمانەپێکراو و بەهێز سەیری سەرۆک کۆمار دەکەن. لە چەند مانگی داهاتوودا ئەردۆغان دەرفەتی زیاتری بۆ ڕەخساوە تا وەک سەرکردەیەکی جیهانی خۆی بخاتە بەردەم دەنگدەران. لە مانگی تەمموزدا تورکیا میوانداری لوتکەی ناتۆ دەکات و لە پاییزدا ئەو وڵاتە میوانداری کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.
ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمان و سەرۆکایەتیدا کە پێویستە لە ماوەی دوو ساڵدا تردا ئەنجام بدرێت، چاوی بڕیوەتە سەر خولێکی دیکەی کورسی سەرۆکایەتی، لەبەرئەوەی دەستوور ڕێگریی دەکات کە دوای دوو خول خۆی کاندید بکاتەوە، بۆیە بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ دەربازبوون لەم ئاستەنگە.
ئەگەر پەرلەمان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات بە زۆرینەی سێ لەسەر پێنج، قەدەغەکردنی دەستووری کاندیدکردنی نوێ هەڵدەگیرێت. لە ئێستادا سەرۆک کۆمار زۆرینەی پێویستی لە پەرلەمان نییە. لێ ئەردۆغان هیچ پەلەیەکی نییە. تەنانەت ئەگەر لە دوای ئاگربەستەوە شەڕەکەی ئێرانەوە شەڕ بە یەکجاری و بە ڕاستی کۆتایی پێبێت، ئەودەم هەڵبژاردنێکی نوێی دەستبەجێ بەبێ بوژانەوەی ئابووری لە بەرژەوەندی سەرۆکدا نابێت.
بەپێی هەواڵی میدیاکان، ئاکەپە بە هیوای بووژانەوەی ئابوورییە تا نیوەی دووەمی ساڵی داهاتوو. تا ئەو کاتە پارتی دەسەڵاتدار بە نیازە ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ پێشخستنی وادەی هەڵبژاردندکانی پەرلەمان . ..
ئەودەم ئەردۆغان دەتوانێت تا ساڵی ٢٠٣٠ دەسەڵاتی لەدەستدا بمێنێتەوە و حوکم بکات.