هه‌ڵه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی په‌که‌که و که‌وتنه‌داوی حکومه‌ته‌که‌ی ئاکه‌په‌وه :
گه‌ر له‌سه‌ره‌تاشدا لامان ڕووننهبووبێت، که ده‌وڵه‌تی تورکیا و ئاکه‌په نیازی ئاشتییان له‌گه‌ل کوردانی باکوردا نه‌بووبێت و ئه‌وه‌ی که کردیان هه‌ر وه‌کو تاکتیکێك به‌کاریانهێنابێت بۆ به‌ڕێکردنی وه‌خت، ئیدی هۆیه‌کانی چاوه‌ڕوانکردنی وه‌خت چیبێت زۆربه‌یان لای ئێمه نه‌زانراوه.به‌ڵام له سه‌ره‌تای ساڵی ڕابوردووه ئه‌م ده‌سته ده‌رکه‌وتووه و که‌شفه که پرۆسه‌ی ئاشتی ته‌نها له‌و ڕێگایه‌وه سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت که ئۆجه‌لان و چه‌ند که‌سێکی که‌می په‌که‌که باوه‌ڕیان پێی هه‌یه که ڕاوه‌ستانی شه‌ڕی ماڵکاولانهی شاخ و شاره، هه‌تا ئه‌گه‌ر ئه‌م شهڕڕاگرتنه یهکلایهنانهش بێت و هه‌ر بۆ به‌ڕیکردنی وه‌ختیش بێت.
ئۆجه‌لان له‌م بواره‌دا که هه‌وڵێکی یه‌کجار زۆر و هه‌نگاوی گه‌وره گه‌وره‌ی ناوه، که له زۆر شوێنی دیکه‌دا باسمکردون، تا مانگی ته‌موزی ساڵی ڕابوردوو توانی تاکتیکه‌کانی ده‌وڵه‌ت و ئاکه‌په یه‌ک به یه‌ك پوچبکاتهوه، توانی کێشه‌ی کورد له کێشه‌یه‌کی داخراوی نێوخۆی تورکیاوه بکاته کێشه‌ی سه‌رمێزی وڵاتان و دهسهڵاتدارهکانییان، توانی بزوتنه‌وه‌ی په‌که‌که له بزوتنه‌وه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی چه‌کدارانه‌ی چهقبهستتوهوه بگوێزێته‌وه بۆ بزوتنه‌ویه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی زیندوی نموونه‌یی، بۆ بزوتنه‌وه‌ی دژه ده‌وڵه‌ت و دژه ده‌سه‌ڵات له هه‌ر شێوه و ناوهرۆكێکدا بێت، شۆڕشی سیاسی پارتیانه‌ی گۆڕی بۆ شؤڕشێكی کۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌موو بوارێک‌دا به‌مه‌ش توانی به ملوێنه‌ها خه‌ڵکی له سه‌رانسه‌ری ئه‌م دونیایه‌دا له کوڕان و کچانی گه‌نج بکاته هاوکار و کۆمه‌ککار به ڕۆژاوا و به باکور ...توانی گه‌لێکی دیکه له‌مانه بکات.
به‌ڵام مه‌خابن، هه‌موو ئه‌م هه‌وڵ و کۆششانه‌ی ئۆجه‌لان، گه‌ر ئه‌م بارودۆخه وابڕوات، به دڵنیاییه‌وه به زایه ده‌ڕوات و ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ساڵانی هه‌شتا و نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی پێشوو، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که هه‌نگاوی یه‌که‌میش ده‌بێت بۆ تێشکانی بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژاواش.
وه‌ستانی شه‌ڕ، گواستنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌که له شاخه‌وه بۆ شار و شارۆچکه و لادێکان کردنی به شۆشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی قۆڵی شه‌ڕخوازانه‌ی ده‌وڵه‌ت و ئاکه‌په‌ی له بندا بڕی و خستنییه ژێر فشارێکی ناوخۆی تورکیا و سه‌راپای ده‌ره‌وه و سیاسه‌تیی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی تورکیای خسته ژێر چاودێریه‌کی یه‌کجار ورده‌وه .
له کاتێکدا که ده‌وڵه‌ت و ئاکه‌په هه‌رگیز نێتی ئاشته‌واییان نه‌بووه و نییه و به‌ڵام که‌وتبوونه به‌رده‌م واقیعێکه‌وه که نه‌یانده‌توانی هه‌ر به‌و ئاسانییه بگه‌ڕینه‌وه بۆ شه‌ڕکردن.ده‌یانزانی ئه‌م ڕێگایه‌ی که په‌که‌که گرتویه‌تییه‌به‌ر تاکه ڕێگه‌ی سه‌رکه‌وتنتی ئه‌وانه و تێشکانی ئه‌مانه، ده‌زانن که ده‌روازه‌ی هاتنه‌ناوه‌وه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپای لێداده‌خرێت، ده‌که‌وێته به‌ر لۆمه و گازه‌نده‌یه‌کی زۆره‌وه، ئه‌مانه و سه‌رکه‌وتنی پارتی هه‌ده‌په و که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئاکه‌په له ده‌وڵه‌تدا...له‌به‌ر ئه‌مانه ئاکه‌په به یارمه‌تی ده‌زگه سیخوڕییه‌که‌ی ' میت ' تاکه چاره‌یه‌ك لای ئه‌وان گه‌ڕانبوو به دوای ڕیزێك تاکتیکدا که هه‌رچۆن هه‌یه په‌که‌که‌ی پێبخه‌نه داوه‌که‌وه و بزوتنه‌وه‌که‌ی ڕۆژاواشی پێلاواز بکه‌ن تاکو ڕۆژاواش ڕێڕه‌وی سازشکارییه‌کی وا بگرێته به‌ر که ببێته وانه‌یه‌ك بۆ هه‌موو چه‌پ و کۆمۆنیست و سۆشیالیت و ئازادیخوازانێك که به‌و ئاسانییه ئیدی پشتگیری هیچ بزوتنه‌وه‌یه‌ك نه‌که‌ن.
به‌داخه‌وه ده‌قاو ده‌ق په‌که‌که ئه‌وه‌ی کرد که ئاکه‌په ویستی که له کوشتنی دوو پۆلیسه‌وه ده‌ستیپێکرد و ( گه‌رچی په‌که‌که ئه‌و هه‌واڵه‌ی به‌درۆ خسته‌وه) بیانوی دایه ده‌ست ده‌وڵه‌ت نه‌ک له گرتنی ده‌یه‌ها که‌سدا و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پرۆسسه‌ی ئاشتی و کردنی هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه، هێڕشکارییهکانی بهندبکات، به‌ڵکو بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێکیش کوردستانی باشوریشی بۆمببارانکرد و چه‌نده‌ها گوند و چه‌نده‌ها خه‌ڵکانی سیڤڵ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له گه‌ریلاکانی په‌که‌که‌شدا، کوشت .
دوای عه‌مه‌لییه تیرۆرریستییهکهی داعش له ئه‌نقه‌ره و گیانله‌ده‌ستدانی زیاتر له 130 که‌س و به‌کارهێنانی سیاسه‌تی توندوتیژانه‌ی ده‌وڵه‌ت دژی شاره‌کانی کوردستان، په‌که‌که له‌بری گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی یاخود چالاکی دیکه، هاتن داوای جۆرێك به‌رخۆدانیان له خه‌ڵکی کرد و بانگه‌شه‌ی خۆبه‌ڕیوه‌به‌ری گهلیییان کرد .ئاخر له که‌شوهه‌وای جه‌نگ و له‌ژێر سێبه‌ری ده‌بابه و ته‌نك و ته‌قه‌دا چۆن خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی گه‌لی دروستده‌کرێت؟!! گه‌ر خۆبه‌ڕیوه‌به‌ری گه‌لی له حه‌قه‌تدا خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی گه‌لی بێت، ده‌بێت هه‌م خودی گه‌ل خۆی بڕیار بدات و دروستی بکات هه‌میش ده‌بێت له ئاووهه‌وایه‌کی ئاشتی و به‌گرتنه‌به‌ری پرۆسه‌ی دیمۆکراسی ڕاسته‌وخۆبێت نه‌ك به بڕیاری گه‌ریلا یا ده‌سته‌یه‌کی چه‌کدار و له که‌ش و هه‌وای شه‌ڕدا!! ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که کارێکی نادیمۆکراتیانهیه و کۆمه‌ڵێکی که‌م بڕیار بۆ سه‌رجه‌می هاووڵاتیان له‌و شوێنه‌دا ده‌ده‌ن، دیسانه‌وه بیانویه‌کی باشیشه بۆ ئاکه‌په بۆ کوشتن و بڕینی خه‌ڵکی و خولقاندنی بارودۆخێك که به ته‌نها له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وه بۆ چڕکردنه‌وه و گه‌وره‌کردنی شه‌ڕه‌که و دانی په‌یامێکی وا به‌تایبه‌ت له کاتێکیشدا که پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردان به‌ڕیوه ده‌چوو به خه‌ڵکانی تورکیا که زۆربه‌یان تورکن و چه‌نده‌ها پارتی ڕاستڕه و ڕایسستی تیادایه و بڵێت " بڕوانن په‌که‌که ده‌یه‌وێت که خاکی تورکیا به‌شبه‌ش بکات".
له‌مه‌ش خراپتر له ڕۆژانی 24/12 و 25/12/15 له شاره‌کانی وه‌کو نوسه‌یبین و بۆتان و جزیره " پارتی سیڤل" له لایه‌ن هه‌ندێك که‌سه‌وه ڕاگه‌ینرا هه‌ر ده‌موده‌ستیش هێزی یه‌کینه‌کانی پاراسنتنی شاریان له گه‌نجان ڕاگه‌یاند و وێنه‌ی هه‌ندێک له‌و گه‌نجانه به چه‌ک و نارنجۆکه‌وه که‌وته سه‌ر ڕوی ماڵپه‌ڕه کوردییه‌کان و فه‌یسبوك و به مژده‌یه‌کی خۆش و به‌رخۆدان، ڕاگه‌یه‌نرا، که له ڕاستیدا گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌یه و ده‌وڵه‌تی تورکیا به ملوێنه‌ها دۆلار ئه‌م هه‌له ده‌کرێت .
له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ده‌بینین که تاکه که‌سێك ده‌یه‌وێت فرمانێکی گه‌وره بۆ گه‌لێك، ده‌ربکات، بێ له‌بیرکردنه‌وه له ئاکامی بڕیاره‌که‌ی و نه‌گه‌ڕانه‌وه ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و که‌سانه‌شی که هه‌ڵیانبژاردووه.ڕۆژنیوزی 30/12/2015 په‌یامێکی گوڵتان کشانک بڵاهدهکاتهوه، ده‌ڵێت:
کشاناک رایگەیاندبوو:" ئەگەر دەوڵەت هاوسەرۆکی شارەوانیەکەمان ده‌ستبه‌سه‌ر
ده‌کات ئەوە منیش خۆبەرێوەبەری رادەگەیەنم"
له ئێستاشدا باس له‌وه ده‌کرێت که به‌رده‌وامی بدرێت به‌م جۆره به‌رخۆدانه و له ئایندهنیهکی نزیکیشدا گه‌ریلا بێته‌وه ناوشارو جه‌نگ بگوێزرێته‌وه بۆ قوڵایی شاره‌کانی تورکیا .سه‌باره‌ت به‌مه‌ش به گوێره‌ی ڕۆژنیوزی 02/01/2016 فه‌رمانداری بڕیارگه‌ی ناوه‌ندی پهژا ستار، ده‌لال ئامه‌د، له به‌رامبه‌ر هێرشه‌کانی ساڵی 2015 .ده‌ڵێت ...." ئه‌گه‌ر له ساڵی 2016 دا هێڕشه‌کان زیاتر بن، ئێمه ده‌ستتێوه‌ردان له شاره‌کان ده‌خه‌ینه ڕۆژه‌فه‌وه " ده‌لال ئه‌مه‌ی له چاوپێکه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئاژانسی فورات ساڵی نوێ له‌گه‌ڵ کورد و به‌تایبه‌تی ژنانی کورد، وت.
لای من گرتنه‌به‌ری ئه‌م تاکتیکانه زۆر مه‌ترسیدارن و ته‌نها که‌سێکیش بتوانێت ئه‌م تاکتیکانه پوچه‌ڵبکاته‌وه، ئۆجه‌لانه و ئه‌ویش ڕێگای پێ‌نادرێت که ببینریت و ئه‌مه‌ش به ئهنقسهسته و نه‌وه‌کو ئۆجه‌لان په‌یامێك بنێرێت بۆ ده‌ره‌وه و یارییه‌که‌ی ئاکه‌په کۆتایی پێبهێنێت و بزوتنه‌وه‌که‌ش بخاته‌وه سه‌ر ڕێگا ڕاسته‌که‌ی خۆی، پێشئه‌وه‌ی هه‌موو شتێکمان له ده‌ست بچێت.
درێژه‌ی هه‌یه
Zaherbaher.com
30/01/2016