
وتارێکی زۆر له خه‌ڵکانێکی جیا جیاوه، کورد که‌متر، به‌ڵام بێیانه زۆر زیاتر سه‌باره‌ت به لایه‌نه پرشنگدار و باشه‌کانی ئه‌زموونی ڕۆژاوا و سه‌رجه‌می ڕوداوه‌کانی نوسراوه.من خۆم یهكێکم له‌و که‌سانه‌ی که چه‌نده‌ها وتار و به ده‌یه‌ها دیمانه‌ی تهلهفزووێنی و ڕادوێی ئه‌نارکستانی فه‌ره‌نسی و یۆنانی و ئیتاڵی و شوینه‌کانی دیکه و له‌گه‌ڵ ڕۆژانامه و گۆڤاری بێیانه‌دا کردوه و له چه‌نده‌ها میتینگیش نه‌ك هه‌ر له بریتانیا به‌ڵکو له وڵاتانی دیکه‌ش که هه‌ندێکیان بۆ من گیراوه قسه‌م له‌سه‌ر به‌هاو نوێیه‌تی بزوتنه‌وه‌یه‌کی ئاوا که لانی که‌م 60 ساڵه دهرنهکهوتوهتهوه جگه له‌وه‌ی زاپێتێستا، ئه‌مه بێ له به‌شداری کردنم له ده‌یه‌ها کۆبونه‌وه و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی و خۆپیشاندان که بۆ هاوکاری ڕۆژاوا و قسه‌وباسی له‌سه‌ر کراوه .هاوکاتیش سه‌رکه‌وتوبووم له کردنی ئه‌زموونی ڕۆژاوا به خالێکی نێو ئه‌جه‌نده‌ی میتینگه گرنگه‌کانی ساڵی 2014 و 2015 ی ڕۆژی په‌رتوکی ئه‌نارکستان له له‌نده‌ن.هه‌ر ئه‌مه‌ش بوه هۆکارێک که له شاره‌کانی دیکه و هه‌ندێك وڵاتانی دیکه‌ش کرایه ئه‌جه‌نده‌ی ڕۆژی په‌رتوکی ئه‌نارکستان.
هه‌ڵبه‌ته قسه‌ی من به ته‌نها له‌سه‌ر ڕۆژاوا نییه به‌ڵکو به‌شی باکوری-شه که من هیوایه‌کی زۆرم پێوه گرێداوه و تا ئێستاش هه‌ر وایه، بۆ ئه‌مه‌ش دووجار چومه‌ته باکور و له‌سه‌ر چونهکانیشم ڕاپۆرتی دوور و درێژم نوسیوه.
ئه‌م درێژدادڕییه‌ی سه‌ره‌وه‌م بۆ باسکردنی خۆم و ههڵنانم و منهتکردنم به‌سه‌ر ئه‌و دوو بزوتنه‌وه‌یه‌دا، باکور و ڕۆژاوا نییه، ( ببورن گه‌ر ئه‌و ده‌نگه له خوێندنه‌وه‌یدا بداته‌وه) به‌ڵکو ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه که‌خوێنه‌ری ئه‌م وتاره بزانێت که من له هه‌ڵوێستی هاریکاریانه و کۆمه‌که‌وه، یا هه‌ڵوێستی کورد وته‌نی " دۆستم ئه‌وه‌یه ده‌مگرێنێت و دوژمنم ئه‌وه‌یه دهمخهنێنێت"، سه‌رنجه‌کانم ده‌خه‌مه پێشچاوی خوێنه‌ر.هاوکاتیش په‌یمانیش ده‌ده‌م تا نه‌بینم ئاڕاسته‌ی ئه‌و دوو بزوتنه‌وه‌یه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ده‌ڕوات که بانگه‌شه‌ی ده‌کات، ئاماده‌م به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ته‌نانه‌ت به ڕۆحی خۆشم خزمه‌ت به‌و بزوتنه‌وانه بکه‌م.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، گه‌ر خوێنه‌ریش به هه‌ڵوێستێکی دژ به‌و دوو بزوتنه‌وه‌یه‌ی، ده‌زانێت و هه‌ر شتێك ده‌ڵێت گه‌ردنی ئازا بێت و خۆشی له ژیاندا هه‌ر ئازاد بێت، چونکه من باوشم به‌و دوو بزوتنه‌وه‌یه‌دا له‌به‌ر کوردایه‌تیکردن و قه‌ومچێتی نه‌کردوه، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌ردوك بزوتنه‌وه، تا ڕاده‌یه‌ك ڕێڕهيوێکی ئهنارکستیانهیان گرتوه و به‌تاڵیش نیین له که‌مو کوڕی .
ئه‌وه‌ی که ماوه‌ته‌وه بیڵێم، پێشئه‌وه‌ی بچمه سه‌ر کرۆکی باسه‌که‌م، ئه‌وه‌یه که هه‌وڵده‌ده‌م به ویژدانه‌وه و به به‌ڵگه وه قسه بکه‌م مه‌به‌ستیشم به‌ئاگاهێنانه‌وه‌یه، تاکو فشارێك له ده‌ره‌وه له‌سه‌ر به‌رپرسان و داڕێژهنهرانی پلان، بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و که‌لێنانه‌ی که له بزوتنه‌وه‌کاندا به تایبه‌ت ڕۆژاوادا هه‌یه، دروستبێت.سه‌کۆی ئه‌نارکیستانی کوردستان، که من برادهێکیم، ساڵی پار و پێشتریش له ڕێگای چه‌ناڵه فه‌رمییه‌کانی بزوتنه‌وه‌که و ئۆرگانه‌کانییه‌وه و قسه‌کردن له‌گه‌ڵ به‌رپرساندا ڕه‌خنه‌کانی خۆی پێڕاگه‌یاندوون، نه‌ك جارێک به‌ڵکو دوو چاریش به‌ڵام، به‌داخه‌وه که ئه‌وان هه‌ر وه‌ڵامیشیان نه‌داینه‌وه چجای ئه‌وه‌ی که بڵێن هاوڕێیان ئه‌وه وایه یا وانییه.
که‌موکوڕییه‌کان بۆچی ؟
ئه‌وه‌ی که بزوتنه‌وه‌یه‌کی پاکژ و بێ که‌موکوڕی بوێت، یا له دونیای که‌تواریی نه‌گه‌یشتووه، یا هه‌ر ده‌یه‌وێت هه‌موو که‌س و بزوتنه‌وه‌که‌ش به‌ویست و ئاره‌زوی ئه‌و بڕوات.خودی ژیان ڕاستهڕێگایهکی بێ پێچ و په‌نا نییه، وه‌کو پێشتریش له وتارێکی دیکه‌مدا په‌نجه‌م بۆ ڕاکێشاوه، بزوتنه‌وه، بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵكه و خه‌ڵکیش پێکهاته‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵه و تاکه‌کانیش به ده‌یه‌ها داوه‌وه به خراپییه‌کان و پاشه‌ڕۆی ئه‌م سیسته‌مه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه.هه‌ر چۆن بته‌وێت و هه‌ر هه‌نگاوێک به‌کرده‌وه بگرینه‌به‌ر تاکو هه‌ندێك شت له ئێستادا ڕه‌تبکه‌ینه‌وه هه‌وڵه‌کان له سنورێکی دیاریکراو ده‌رناچێت، ئیدی له‌هه‌ر شێوه‌یه‌کدا بانگه‌شه‌ی پاکێتی خۆمان و کامڵی ئهنارکستێتی و سۆشیالیستی خۆمان بکه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ی که ژیانمان له نێو سیسته‌مه‌که‌دا سنورێکی دیاریکراوی بۆ نهخشاندوین، خۆڕزگارکردنمان لێی، کارێکی مه‌حاڵه، مه‌گه‌ر ژیانێکی دێوانه‌یی بێ هووده‌یی بژین.
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه‌ش به‌رانبه‌ر به ڕۆژاو و باکور و کۆمه‌ڵی کوردی و تاکی کورد، هه‌ر ڕاسته .ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که گه‌ر تۆزێك به ویژدانه‌وه له‌و بزوتنه‌وه‌یه ڕابمێنین و ئه‌مجا دادگایی بکه‌ین، ده‌بێت نه‌ک هه‌ر باره‌که‌ی/کۆڵه‌که‌ی به‌ڵکو سهربارهکانیشی، به‌تایبه‌ت له بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژاوادا ببیبین وه‌کو : بوونی له شه‌ڕدا به‌به‌رده‌وامی، مه‌ترسی شه‌ڕی ناوخۆ و هاتنه‌وه‌ی ئه‌سه‌د و ده‌وڵه‌تی فاشی تورکیا و ئابڵوقه‌دانی ئابوری و سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆه‌مه‌ڵایه‌تی و هه‌بوونی دوو پارتی سیاسی هیراشی که به‌ته‌واوی له پشتی ئه‌و بزوتنهوانهوهن تا ڕاده‌ی دانانی پلان و پرۆژه بۆیان ...گه‌لێکی دیکه .هه‌موو ئه‌مانه قورسیی دیکه ده‌خه‌نه سه‌ر شانی ئه‌و بزوتنه‌وانه، به‌تایبه‌ت ڕۆژاوا، هه‌ر ئه‌م هۆکاره‌ش وای لێده‌کات ئه‌گه‌ر بێ ئه‌و کێشانه‌ی سه‌ره‌وه گه‌ر یه‌ك که‌موکوڕی هه‌بێت، ئه‌م کێشانه‌ی دیکه سه‌نگ و ژماره‌ی گرفته‌کان بیگومان زیاد ده‌که‌ن.
ئه‌و که‌سانه‌ی که ڕه‌خنه له‌و بزوتنه‌وه‌یه ده‌گرن به دابڕینی له باره کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و سیاسییه‌که‌ی که بزوتن و پێشهوچونی بزوتنه‌وه‌که‌ی سنوردار کرده‌وه و له‌و زه‌مینه‌یه‌ی که بزوتنه‌وه‌ی "به‌هاری عه‌ره‌بی" تیادا ڕویدا و سه‌ره‌نجامه‌که‌ی، به بێ ڕه‌چاوکردنی ئه‌و بارودۆخانه‌ی سه‌ره‌وه، هه‌وڵه‌کانیان یه‌كلایه‌نه‌یه.هه‌روه‌ها حساب نه‌کردنی نه‌بوونی ئه‌و هاریکارییه پته‌وه‌ی که به بزوتنه‌وه‌ی که‌ته‌لۆنیا له ئیسپانیا و ئه‌وه‌ی زاپێتێستای 1994 و هه‌تا ئه‌وه‌ی وڵاتی نیکهراگوای ساڵانی هه‌شتاکانی چه‌رخی پێشوو، کرا، ڕه‌خنه‌کانیان زڕه و بێ به‌ره، ته‌نها ڕه‌خنه‌یه و هاریکاری و کۆمه‌کی له‌گه‌ڵدا نییه، ته‌نها سوکایه‌تی پێکردنێتی و داوه‌ریی تیادا نییه.
له بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژاوادا دوو هه‌ڵسه‌نگاندن گرنگه و ده‌بێت به هه‌ند وه‌ربگێرێن، ڕه‌نگه ئه‌و کاته حوکمێکی باشتری به‌سه‌ردا بده‌ین.یه‌که‌میان: ئایا کاره خراپه‌کانی زۆرتره له کاره باشه‌کانی یا پێچه‌وانه‌که‌ی ڕاسته؟ ئایه کێشی کاره خراپه‌کان له کاره باشه‌کانی سهنگتره یاخود پێچه‌وانه‌که‌ی؟.لای من کاره باشه‌کان که ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه ئه‌نجامیداون و ئه‌وانه‌ی که به‌دیهێناوه به به‌راورد له گه‌ڵ کاره خراپه‌کاندا و ئه‌و چالاکییانه‌ی که کراون له دیدی مندا، کاره باشه‌کان زۆر زیاترن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی کاره هه‌ڵه‌کان نه‌گه‌یشتونه‌ته قۆناغێک که ڕاستکردنه‌وه‌یان مه‌حاڵ بێت .دووهه‌م: ئاڕاسته‌ی ئه‌و بزتنه‌وه‌یه.لای من ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه هێشتا ڕاسته‌ڕێگای خۆی وننهکردووه و به‌و ئاقاره‌دا ده‌ڕوات که بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کات، لانیکه‌م تاکو ئێستا ئه‌مه وایه، داهاتوش په‌نجا په‌نجایه و به‌لابردنی ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی که له سه‌ره‌وه باسمکرد یا لابه‌لاکردنه‌وه ئه‌و کێشانه، ده‌توانرێت ڕێژه و هیوای سه‌رکه‌وتنی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه زیاتر بێت، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌رکی که‌سانی سۆشیالیست و ئازادیخوازان و چه‌پ و کۆمۆنیست و نقابییهکانه که کۆمه‌کی پێبکه‌ن تاکو سه‌رکه‌وتن مسۆگه‌ر بکات.
درێژه‌ی هه‌یه
Zaherbaher.com
30/01/2016