سەرمان ژێ كرا بەڵام سەرمان شۆڕ نەكرد، نامه‌یه‌ك بۆ بارزانی ... زوهری ئێدلبی

لە تەلەفزیۆنەكان دەتبینین و تۆ هەرگیز نامان بینیتەوە
یانزدە جار دێهات، رەز و باغ، خانوو و مالمان ئاوەدان كردەوە و لێمان سۆتێنران و ساڵانێكی زۆر و تەمەنێكَ لە دووری وڵات، ناخۆشترین ژیانمان بردە سەر. ئێستاش برینەكانی بەری دەستمان رەشە و شوێنی برینی دروونەوەی نۆك و گەنم و سێو چنین بە دیاری لێیان ماوە، چۆكمان دانەدا بۆ دۆژمن بۆ ئەوەی بە سەربلندی بژیت و بژین، نە توانیمان بخوێنین و نە توانیومان كاسبی بكەین. سەرمان ژێ كرا، بەڵام سەرمان شۆڕ نەكرد، نە زولم و ستەمان قبوول كرد و نەژێر دەستی، نە دلی كەسمان لێ‌ خۆش كردی و نە دلی تۆمان هێلا، تۆمان پاراست بۆ ئەمرۆ و تۆش شەونخۆنیت كرد هەر بۆ ئەمرۆ، دوێنێ‌ لە دەستت نەهات و ئێمەش بە سەرچاومان گوت و تێگەیشتین و بە بوون و نەبوونی هەر رازی بووین، دوێنێ‌ خەباتمان كرد و تێكۆشاین تەنها بۆ ئەمرۆ، بێ‌ پشۆدان و بێ‌ راوەستان، بێ‌ خەوتن و بێ‌ نان، بێ‌ ماندوو بوون و بێ‌ گلەیی، بێ‌ سەروبەری و بێ‌ بەرانبەری، تێكۆشاین بۆ ئەمرۆ كە هاتە دی، دوێنێ‌ لە گەڵمان بۆی و بۆ ئێمە بۆی، بۆ تۆ بۆین بە شانازیەوە، لە گەلت بۆین بە بێ‌ مەرج، بێ‌ منەتی و بە هەموو شێوەیەك، بە خۆشی و نا خۆشی، پەشیمان نین لە دوێنێ‌، لە ئاوارەیی و قۆڕ بە سەری، لە برسێتی و پێخواسێتی، پەشیمان نین لەوەی دوێنێ‌ كردوومانە بۆ ئەمرۆ، بەڵام ئەگەر پەشیمانمان نەكەنەوە!.
ئەرێ‌ گەلۆ بۆ ئەو خەڵكەی لە گەڵمان نەبوون، ئەمرۆ میواندارییان دەكەیت و تەوقەیان لە گەڵ دەكەیت؟! ئەی نازانی ئەوان كاتێك دەمانبینن پێمان دەلێن وەرن دەستەكانمان ماچ بكەن تەوقەمان لە گەڵ كردووە؟! ئاخر ئێمە پێمانخۆشە پێیەكانت و چاوەكانت و دەستە كوردانەكانت ماچ بكەن و بەس، بۆ ئەو ئیفتیخارەمان پێ نادەیت؟ ئەی كوا تامی نان و پیازی دوێنێ‌ لە گەڵ یەكترمان خوارد لە پێشمەرگایەتی، لە چۆلەكان و شاخەكان؟! ئاخر ئێستاش ئێمە بە یادی جاران هەر نان و پیاز دەخۆین، بەڵام خۆ تۆزی مۆنیكا و بلندی قەسری ئەوانەی لە گەڵمان نەبوون لێناگەرێن بۆنی پیازەكەمان بۆن بكەیت و نانە رەقەكەمان ببینیت. ! تۆزێ‌ وەرە خوارەوە با حالمان ببینی خۆ هیچ لە جاران باشتر نین. دیارە ئەو عەشق و سۆز و پەیمانەی دوێنێمان نەماوە، ئاخر ئێمە هێشتا لە سەر ئەو عەشق و سۆز و پەیمانی دوێنێین. لە پێناو تۆ و ئەمرۆدا چەند ساڵ هاورێیەتی گۆرگ و ورچ و مار و مشكمان كرد، چەند گوند و دەشت و چیا بە پێمان بڕین، چەند لە بن بەردەكان و ئەشكەوتەكان نووستین و چەند شەو خەومان زڕا و لێمان تۆڕا، چەندین جار لە شەوا پێمان لە سەر كۆرەمارەكان دادەنا هەر فشەمان پێدەهات، ئێستاش كە ئەو كۆرەمار و دووپشكەمان بە بیر دێنەوە گیانمان دەتەزێ‌، چەندین داری بچووك گەورە بوون و بەر و بوومیاندا، چەند گوند بوونە شار، هێشتا منداڵ بووین، پیر بووین نەمانزانی عەشقی كچێك چییە لە بەر عەشقی و تۆ و نیشتمان، چەند جەنازەی كەس و كارمان لە رێی ئاوارەیی و دەربەدەری بەجێماون و نازانین لە كوێن، ئەوانەی كە دوێنێش گڕیان لە جەستەی شەهید و مردووەكانمان بەردەدا لە سەرەوەی مەجلیسەكە دانیشتوون و لە بەر ئەوان دەنگمان ناتگاتێ‌، منداڵەكان لێمان دەپرسن بۆ ئێمە نەبۆینە دكتۆر و ئەندازیار و ماموستا و نەخوێندەوار ماین و ئەوانەی دوێنێ بە دوامانەوە بوون ئەمرۆ هەموو جۆمگەكانیان بە دەستەوەیە؟! كاتێك منداڵەكانمان لێمان دەپرسن بۆچی گوندەكانمان وێرانە و دەربەدەر و ئاوارەین چی وەڵامیان بدەینەوە؟! باشە كاتێك لێمان دەپرسن بۆچی ئاوارە بوون؟ بۆچی تەنها ئێوە ئەنفال كران؟ بۆچی ئێوە رۆیشتن و بۆ چی كوردایەتیتان كرد؟ چی وەلامیان بدەینەوە؟! ئاخر كاتێك دەلێین لە پێناو ئەمرۆ، دیسان لێمان دەپرسنەوە بۆچی لە پێناو ئەمرۆ مەگەر دوێنێ‌ چیتان كردووە بۆ ئەمرۆ؟ ئاخر لێمان دەپرسن بۆچی تەنها ئێوە ئەو كوردایەتیەتان كرد كە ببن بەچی؟ مەگەر بەس ئێوە كورد بوون؟، ئاخر كاتێك دەپرسن بۆ ئێوە كە كوردایەتیتان كردووە ئەوەندە دواكەوتوون چی وەلامیان بدەینەوە؟ ئاخر سبەی كە ئەم هەموو كوشتنە و مالوێرانیەمان بینی و ئەوەندە مندالەكانمان ئاوارە و دەربەدەر كرد، وەلامی خوا چی بدەینەوە؟ ئەی ئەوانیش مافی ژیانیان نەبوو وەكو ئەوانەی ئەمرۆ پێگەیشتوونە و دایك و باوكیان ماموستا و دكتۆر و ئەندازیارن و ئێمەش نازانین ناومان بنووسین؟، ئاخر ئەوانیش شەرم دەكەن بلێن باوكەكانمان نەخوێندەوارن. چەند جار پێكەوە لە زستانا سەهۆلمان دەشكاند و سەرمان دەشووشت و وامان دەزانی لە ساوناداین و لە گەرمای هاوین مەلە دەكەین، چونكە ئەمرۆ ئامانجمان بوو و ئیرادەمان هەبوو، چەند ئازارمان چێشت و چەند دوورە ولاتیمان كێشا، چەندمان لە ناو رووبارەكاندا خنكان و ئێستاش ئێسك و پرۆسیان دیار نییە؟ بە بیرتە جگەرە نەبوو بكێشین و پەڵكی دارە بەنمان دەكردە تووتن؟ بە بیرتە چای نەبوو بخۆینەوە، نانی رەقیش نەبوو بیخۆین، بەراستی ئەوان یاری بوون؟! ئاخر وەكو ئەفسانە دێتە پێش چاو. چەند بەفرمان بڕی و چەند لە بن بارانەكاندا پاسەوانیمان كرد، چەند خۆش بوو ئەو كاتەی پێكەوە لە ئەشكەوت و كاوڵەخانووەكاندا پێكەوە بۆ ئەمرۆ خەباتمان دەكرد، دەزانی ئەو كاتەی لە ناو كاوڵە خانوو و ئەشكەوتەكاندا بووین واماندەزانی لە قەسر و ڤێلای كەنار دەریاكانین، چونكە تۆ لە گەڵمان بووی. ئەو كات لە ئەسپ و ولاغ سوار دەبووین، چۆنكە لە گەلمان بووی بۆمان مۆنیكا و فرۆكە بوون، بەڵام ئەمرۆ نەك هەر سەیارەكی بێ‌ كەلكیشمان نیەسواری بین، بەلكو ئەو ئەسپ و رەشە ولاغیشمان لە دەست چوون. ئەو كاتەی لە گەڵمان بووی بە ساڵان ماڵ و مندالەكانمان نەدەبینی و هەر گوێشمان لێ‌ نەبوو، بەڵام كە ئەمرۆ لێمان دووری لە ماڵ منداڵەكانیشمان بێزار بووین، بیزار بووین لە پرسیارە حەقەكانیان. ئەمرۆ لەو ئازادی و نیعمەتەدا خۆزگەی دوێنێ‌ لە گەلت بوون دەخوازین و حەسرەتی بینینتین لە تەلەفزیۆنەكان.
ئێستا كە مەترسیمان لە سەرە، زۆر نەماوە بۆ لامان بگەرێیەوە، بەڵام بە داخەوە ئاگادار نی لە وانەی ئیتر هەرگیز نایان بینیتەوە، نەك هەر ئەوان ئیتر خەریكە ئێمەی دۆستە كۆنەكانیشت بەرەو نەمان دەچین و هەرگیزە و هەرگیز نامانبینیتەوە. خۆشەویستمان، ئەگەرچی ئێستا چاومان كز بووە و پشتمان چەماوە، دەستمان دەلەرزن و گۆچان ناگرن، ئەگەرچی پیری و نادادپەروەری بێچارە و لاوازی كردووین، بەڵام بە هەمان ئیرادەی شۆڕشەكانی ئەیلول و گۆلان و راپەرینی نەوەدویەك ئیردەمان ماوە و بڕنۆكانمان بای بەرگری كردن لە نیشتیمان و دەستكەوتەكانمان ماوە. بڕنۆ رەقەم حەڤدەكانمان دەتوانن بەرانبەر هێزی دیجلە و فۆرات و تۆافان و رەشەباكان بوەستنەوە. لە رابردوو و لە ئێستا و داهاتووشدا ئاواتمان هەر سەركەوتنتی جەنابتانە. چەند خۆشە كاتێك لە شاشەی تەلەفزیۆنەكان دەتبینین، بەڵام هەرگیز نامانبینیتەوە.
تۆ ئۆمێدی هەموو كوردی و هەموو كوردیش خەمی تۆیە.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

بابەتی زیاتری نووسەر