دروشم و درۆ ...ئەردەڵان ھەڵەبجەیی

ھەموو ھێزێکی سیاسی خاوەنی پەیڕەو پرۆگرامێکی تایبەتە وخاوەنی ڕوئیاو دنیا بینی خۆیەتی,وە بە پێی ئەو فەزایەی کاری تێدا دەکات ھەوڵی داوە ڕەچاوی لایەنە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگاکەی و بگرە دەوروبەرەکەشی بکات,لەو نێوەندەشدا و بۆ راکێشانی زیاتری جەماوەر لە خۆی ھەر ھێزێک چەند دروشمێکی بەرز کردۆتەوە و ریکلامی ئەوە دەکات کە زۆرینەی وزەو توانای ھێزەکەی بۆ ئەو دروشمانە وە خەرج دەدات.

لێ لە واقیعدا زۆرێک لە ھێزەکان لە زۆر گۆشەی ئەم پێکھاتە ھێلکەییەی بە زەوی ناسراوە مەودایەکی یەکجار فراوانیان لەگەڵ دروشمەکانیان ھەیە.

ئەم دۆخە لەناو ھێزە کوردیەکانیش بەدیدەکرێت و نمونەی بەرچاویشمان زۆرە,وەک ئەو ھێزەی دروشمی مافی چارەی خۆنوسینی بەرزکردبویەوە سکرتێرەکەی دەوڵەتی کوردی بە خەونی شاعیرانە ناو برد!

 

وە یان دادپەروەری کە دروشمی سەرەکی ھێزێکی دیکەیەو کەچی تا سەر ئێسک لەو ھێزە نا دادپەروەری بەدیدەکرێت و ئەوانەی سەرەوە تێرن و لە خوارەوەش ئەندامانی مانگیان لێ بۆتە ٦٠ رۆژ !

نمونەگەلی تر زۆرن و سەرجەم ھێزەکانیش دەگرێتەوە,لێ ھێنانەوەی ئەو نمونانە بە مەبەست و بۆ ئەوە ئاماژەم پێدان کە وەک ھاوڵاتیەک سەمەرەترین دژە دروشمی ئەو ھێزانەن تا ھەنوکە بیستبێتم و پەیم پێ بردبێت

کەواتە ئەگەر ھێزگەلێک پێچەوانةى دروشمەکانی رەفتار بکات دەتوانین جگە لە درۆ لە بری دروشم ناوی ببەین؟

ئەگەر ھێزێک پێچەوانەی دروشمەکانی بجوڵێتەوە ئاخۆ کەی وەخۆدا دێتەوەو خۆی راست دەکاتەوە؟

سەیرتر لەو پرسیارانە ئەوەیە بۆ کادرانی ناو ھێزە سیاسیەکان بۆ لە ھەنگاوی دژە دروشمی ھێزەکانیان بێدەنگن؟

ئاخۆ تا کەی درۆ دەبێتە بەدیلی دروشم و دروشمیش ئەبێتە ماکیاج بۆ روخساری حیزب؟

 

 

بابەتی زیاتری نووسەر