یادەوەریەکانی ڕۆژانی پێشمەرگایەتی.. گرتنی ووڵاتی کوێت لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە...جمال چاوشین

یادەوەریەکانی ڕۆژانی پێشمەرگایەتی.. گرتنی ووڵاتی کوێت لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە...جمال چاوشین

سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەشێوەیەکی زۆر باش خەریکی تەشکیلاتی تازەو گۆڕانکاری لە هێزی پێشمەرگەدا دەکرد، خەریکی ئامادە کردنی مەفرە پارتیزانەکان بوو دەورە لەسەر دەورە دەکرایەوە، کۆمەڵ کۆمەڵ پێشمەرگە بەشداری لەم دەورانەدا دەکرد، دەورەکان چەند مانگێکی دەخایاند لەم سەروبەندی گۆڕانکاری و دروستکردنی مەفرەزە پارتیزانەکان و خۆئامادەکردنی یەکێتیدا،  

بەبڕیارێکی داگیرکەرانەی سەدام حسەین لە ڕۆژی ٢/٨/١٩٩٠لەشکری عێراق لە ماوەی ٢٤سەعاتدا ووڵاتی کوێتیان داگر کرد* داگیر کردنی ووڵاتی کوێت لەلایەن عێراقەوە سەدام حسەین و ڕژێمەکەی خستە گەورەتین هەڵەوو گەورەتین سەرپێچی نێودەوڵەتی، کە چاوەڕوان نەدەکرا بەئاسانی لێی دەرباز بێت، بەڵام ئەم هەڵە گەورە کوشندەی حوکمەتی عێراق، ڕژێمەکەی کردیان، گەورەتین هەلبوو بۆ خەڵکی کوردستانو شۆڕشەکەی ڕەخساند*سەرئەنچام ئەم هەڵە گەورەیەی سەدام بوە هۆی ڕوخانی ڕژێمەکەی،

 بۆ داگیر کردنی دەوڵەی کوێتو درێژەدان بەداگیرکاریەکەی حوکمەتی عێراق ٧٠٪ لەشکرو سوپاکەی لەکوردستان کێشایەوەو بەرەو کوێتی برد بەشێکی کەمی هێشتەوە، بەم کارەشی بۆشایەکی سەربازی لەکوردستاندا دروستکرد، ئەوسوپا دڕندەیەی بەدەیان ساڵ بەرزایوو گردو دۆڵو شاخی کوردستانی داگیر کردبوو، ئێستا بۆ داگیرکردنی دەوڵەتێکی عەرەبی دەبات، کوردستان چۆڵدەکاتو لەچیاکان دێتەخوارەوە، کوردستان بەچێدێڵێ، ئای لەو هەلە مێژویە کەبۆ کورد ڕەخساوە،

لەم هەلومەرچەدا سەرکاردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەستی کرد بەناردنی مەفرەزە پارتیزانە ئامادەکراوەکان بۆ ناوچە جۆڵکراوەکانی کوردستان، تاببنە پردی پەیوەندی خەڵکی ئوردوگاو شارەکان و سەرکردایەتی، تاببنە داینەمۆی چۆشدانەوەی خەڵکە دیلکراوەکەی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە زوربەی زۆری ناوچەکان مەفرەزەی پارتیزانی شارەزای بۆ ڕەوانەکرا،

 لەڕؤژی ١٣/٨/١٩٩٠ سێ مەفرەزەی پارتیزان بەسەرپەرستی کاک سەرکەوتی کوببە لەژێر چاودێری سەرکردایەتی چونە ناوچەی شارباژێڕ لەدوروبەری شاخی لەرێ و گووندی دێگەلە جێگیر بوون تاڕاپەڕینەکە مانەوە*

   ****چۆن مەقەرمان بردە گوندی پاشبەرد****

لە دوای گرتنی کوێتەوە لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە ئومئدی ڕزگاری خەڵکی کوردستان لەئاسۆدا دەبینرا، دوای ئەم ڕوداوە سەرکردایەتی یەکێتی کەوتە چموچوڵوو کۆبونەوەو خۆئامادە کردن بۆ هەموو ئەگەرەکان، بەتالوێنی٧ بەهامان شێوە جەند کۆبونەوەیەکی کرد بەفەرماندەکانی بەتالووێن و هێزەکەی، ڕۆژی ٢٠/٨/١٩٩٠ کۆبونەوەی بەتالوێنمان هەبوو لە گووندی بلەکێ لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا وەکوو مەفرەزە پارتیزانەکانی تر، ئێمەش وەک بەتالوێن مەفرەزەی پارتیزان دروست بکەین و بنێردرێنە ناوچەی شارباژێڕ.بۆ ئەو مەبەستە شەهید زورار و کاک جمال ئەبوشۆربیان دەسنیشان کرد مەقەرێکی نەبینراو {مەخفی}ببەنە ناوچەی زاخێ وەکو مەفرەزەکانی سەرکردایەتی، رۆژی٢٤/٨/١٩٩٠ مەفرەزەکە بەسەرپەرشتی کاک جمال ئەبوشۆرب ڕۆشتنە خوارەوە لەناوچەی زاخێ چێگیر بوون هەتا ڕاپەڕین مانەوە، ئەم مەفرەزەی بەتالوێن ٢٠ڕۆژ جارێک بەدل دەکران، لە هامان کۆبونەوەدا منیشیان ڕاسپارد بۆ پاڵپشتیو بۆ ڕەوانە کردنی ئازوقە بۆ هەموو مەفرەزە پارتیزانەکان مەقەڕەکەمان ببەمە گووندی پاشبەرد لەدیووی گۆڵێ بۆ ئەوەی ئەم مەقەڕە بکەینە بنکەی سەرەکی خزمەت گوزاری، بنکەی فریاکەوتن، گەیاندنی خۆراک بۆ هەموو مەفرەزە پارتیزانەکانی ناوچەی شارباژێڕ .مامۆستا جمال پێی ووتم هەرجی زووە شەوێ بچۆ بۆ دیوی گۆڵی گووندی پاشبەرد، بەڕۆژ بگەڕێ شوێنێکی باش دەستنیشان بکە تا مەقەڕی کەرتەکەی لێدانێیت، ئێوارێیەك لەگەل چوار پێشمەرگە منو هێمنە ڕەش، دوو پێشمەرگەی تر بەسەیارەکەی بەتالوێن چوینە گوندی کەنەسورە لەوێشەوە شەو بەدزی سەیتەرەی پازدارەکانەوە چوینە گوندی پاشبەرد ڕۆژەکەی گەڕاین شوێنێکی پەناو باشمان دەستنیشان کرد شەوی دوای چۆن هاتبووین ئاوا گەڕاینەوە لەگەڵ مامۆستا جمال کاك ئازاد دەرەمیانەی شێخ کامیل شەهید زورار دانیشتین تەگبیری بردنی خێمەیەکوو ئەشیای مەقەڕەکەمان کرد ئەوان ووتیان هەموو ئەشیاکانتان بەسەیارە بۆ دەنێرینە گووندی کەنەسورە یان سارداو ئێوەش بەشەو بەوڵاخ دوور لەچاوی پازداران بیبەن بۆ گوندی پاشبەرد بەتالوێن بۆ ئەو مەبەستە چوار هێستری باشیان کڕی،

کەرتەکەی ئێمە ٢٨ پێشمەرگە دەبوین من فەرماندەی کەرت* شەماڵ علی باپیر*جێگر کەرت، جوتیار، و هێمنە ڕەش فەرماندەی مەفرەزە بوون، لە گەڵ شەماڵ ئیشوو کارەکانمان دابەش کرد، ئێمە ١٥پێشمەرگە خۆمان حازرکرد کیسەخەو بەتانی، ئاردوو برنج و هەموو پێویستی مەقەڕمان پێچایەوە بە چەند جارێک بەسەیارەکەی بەتالوێن بردمانە کەنەسورە* لە گوندی کەنەسورە لەپەنایەکدا ژوری ماڵێکمان بەکرێگرت ئەشیاکانمان لێدانا* ٢٩/٨/١٩٩٠شەوی یەکەم خۆموو ١٠ پێشمەرگە جوینە گوندی کەنەسورە جوار هێسترەکەی خۆمان برد جوار هێستری تر لەگەڵ دوو پیاو کەخاوەنیان بوون بەکرێمان گرتن، خاوەن هێسترەکان باش شارەزای ڕێگەکە بوون، بەشەوو هەشت باری باشمان بارکرد خۆمان کرد بەووڵاخار چەکەکانمان خستە ناوبارەکانەوە، دوای گرتنی کویت ئەو ڕێگەیە بەشەوو ووڵاخار هاتوجۆیان پێدا دەکرد لەسەر سنور پاسدارەکان شتێ پارەیان لە ووڵاخارەکان وەک شێرینی وەردەگرت ئیزنیان دەدان دەڕۆشتنە ئەودیوو، ئێمەش ئەوشەوە بۆدەرباز بوون یەک یەکوو دوو دوو خۆمان کردە خاوەنی بارێکو هێسترێک پارەی شیرنی خۆماندا و تێپەڕین چوینە دیوی باشوری کوردستان.بۆ ئەوەی خێرا شوێنی مەقەڕەکەمان کەشف نەبێت.کاتێ نزیک بوینەوە لە شوێنی مەقەڕەکە کەدەستنیشانمان کردبوو دوو ووڵاخارە مەدەنیەکەمان لە پەنایەکدا گلدایەوە حەرەسم بەدیارەوە دانان.خۆمان هێسترەکانی ئەوانیشما برد بارەکانمان لێداگرتنو هێسترەکانمان بۆگێڕانەوە، شەوی دوەم دوو پێشمەرگەمان ناردەوە بەهێسترەکانی خۆمان چوار باریتر ئازوقەوو ئەشیا بێنن لەگەڵ پێنچ پێشمەرگەی تردا کەچێمابوون ئەوانیش هاتن.زۆر بەباشی سەرکەوتووانە بە دوو شەوو خۆمانو هەموو ئەشیای مەقەڕەکەمان دوور لەچاوی ئێرانەوە بردە گووندی پاشبەرد، بە دوو سێ ڕۆژ جێگە خێمەیەکی زۆر باشمان چاک کرد بەبەرد نیوو مەتر دیوارمان دروست کرد بۆ ناو خێمەکە، خێمەکەمان هەڵدا زۆر رێکووپێک بەستمانەوەو قایمان کرد، شوێنی خێمەکەش لەنزیکی کانیو ئاوێك بە نەدیووی لەپاڵ بەبەرزاییەوە بوو، لە گۆڵێوە کەسەربازگەی عێراقی لێبوو دیار نەبوو*لە ڕەبیەکانی ئێرانیشەوە نەدەبینرا*

   ****گوندی پاشبەرد****

گوندی پاشبەرد لەسەروی ڕۆژ هەڵاتی شاری سلێمانیە، لە پشتی گوندی گۆڵێوە بوو سەر بە قەزای پێنجوینە دراوسی ئەم دێهاتانەیە، گۆڵی، سیاگوێزە* شەپاڵ* مێشەرۆ* بەرانبەر شاخی تالێرە، ٥کم لەڕەبیەکانی سەر سنوری دەوڵەتی ئێرانەوە دوور بوو، لەبەر ئەوەی نزیکی سنوری دەستکردی ئێران* عێرقە.لەساڵی١٩٧٨ بەناوی ٢٠کم پشتوێنەی ئەمنی بەر شاڵاوی ڕاگواستنی ڕژێمی بەعس کەوتبوو.* ئەوکاتەی ئێمە چوین هەموو ناوچەکە چۆڵ بوو، هەندێ شوێن سەربازگەی ڕژێمی عێراقی تێدا بوو، وەکوو سەربازگەی، گۆڵێ، مەخفەری گوندی سیاگوێز، بەدەوری چادەکەدا هەتا شارۆچکەی پێنچوێن ڕەبیەی ئاوەدانی تێدا بوو، پشتی گوندی شەپاڵ رەبیەی ئاوەدانی عێراقی لێبوو، بەشەو وڵاخار هاتوو چۆیان دەکرد بەکەمی،

**دوای داگیر کردنی ووڵاتی کوێت نەتەوە یەکگرتووەکان حەساریان خستە سەر عێراق **

بەزەختی ئەمەریکا نەتەوە یەکگرتووەکان لەتۆڵەی داگیرکردنی ووڵاتی کوێت گەمارۆییان خستە سەر عێراق، بەهۆی حەسارەوە کەمبونەوەی خۆراک گرانی قاتوو قڕی لە عێراق و کوردستاندا دروست بوو، بۆ کەم کردنەوەی کاریگەری حەسارەکە حوکمەتی عێراقی ڕێگەی بە تاجروو خەڵکە دەوڵەمندو پارەدارەکان دەدا وەرەقی هاتوچۆی بۆدەکردن، کە لە ئێرانەوە خواردنوو ئەشیا بهێنن، ، بۆ ئەم مەبەستە جەندین مەرز لەسەر سنوری ئێران کرانەوە، بۆ دابینکردنی خواردن خەڵکی پارەدار ڕویان لەم مەرزانە دەکرد، لە نزیکی ئێمەش لەگوندی گۆڵێ مەرزێکی بازرگانیان کردەوە پێش ئێمە کەمەکێ چموچوڵی ووڵاغاری هەبوو بەڵام زۆر کەم بوو کاتێ ئێمە مەقەڕمان لە پاشبەرد کردەوە ڕۆژ بەڕۆژ گوندی گۆڵێ گوندی پاشبەرد قەرەباڵغتر دەبوو بەئاشکرا بەرەی کوردستانی گومرگی دانا، ، مەفرەزەیەکی سەر بەبەرەی کوردستانی کە پێکهاتبوو لە پێشمەرگەی هەموو حیزبەکان، خاڵە نەجم وەندەرێنەی کە فەرماندەیەکی پارتیبوو سەرپەرشتی مەفرەزە تێکەڵەکەی بەرەی دەکرد، پارێزگاریان لە مەقەڕی گومرک دەکرد، چەندین خێمە لەوناوە بۆ بازرگانی هەڵدران، خانویەک بۆ چایخانەو خواردنگا دروستکرا، بوە مەرزێکی پڕداهات، بەسەدان کەس هاتوچۆیان دەکرد، بەشەوو بەووڵاغ هەموو چۆرە کاڵایەک دەهات، بەتایبەتی خواردەمەنی وەک ئارد.ڕۆن، شەکر، برنچ، هەموو چۆرە خواردەمەنیەک دەبرانە گوندی گۆڵێ لەوێشەوە بەئاشکرا بەسەیارە دەگوازرایەوە بۆ شاری سلێمانیو شارەکانی تر، شەوی واهەبوو ٤٠٠تا ٥٠٠ بار کاڵای ئێرانی دەهاتە پاشبەرد، گومرگ دەکران و لەوێشەوە بۆ گۆڵێ، مەفرەزەیەکی حیزبی شیوعی کاک{حمەڕەشی قرەداغی} بەرپرسیان بوو هاتن لە دەستە چەپێ ئێمەوە بنکەیەکیان دانا برادەرانی پارتی لەبن شاخەکەدا لەسەرووی ئێمەوە مەقەڕیان دانابوو، برادەرانی پارتی دەیانگوت پێش ئێوە هاتووین کاک شەریف سەعید ناسراو بە{شەریفە کەچەڵ} سەرپەرشتی بنکەکەی پارتی دەکرد، بەداخەوە کاک شەریف لە سالی ١٩٩٤ لە شەڕی ناوخۆ کوژرا، ئەم بنکەو بارەگایانەی لە گوندی پاشبەرد دانرابوون دور لەچاوی ئێرانەوە هاتبون * تەنها ١٠ کەسی برادەرانی پارتی لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوەو سوپای پێنچی پازدارانی سەر سنور بەئاشکرا لەبەر ناسیاوی کاک شەریف ڕێگە پێدراوبوون سوپا نەیان دەزانی ئێمە لەوێ هەین،

  ****بەچەی بارزانی یان بەچەی شەریف **** 

ڕۆژێ کاک شەریف بەمیوانی هاتەلامان چەند کاتێ پێکەوە دانیشتین قسەوباسمان زۆر کرد، کاک شەریف پیاوێکی قسەخۆش، لێزان بوو خەڵکی گوندی شەپاڵ بوو ناوچەکە زۆر شارەزا بوو، فەرماندەیەکی دڵسۆزی پارتی بوو، ووتی ئێوە بەقاچاخ هاتوون بەڕۆژ بەئاشکرا ناتوانن هاتوچۆ بکەن، بەڵام ئێمە بەئاشکراهاتوین پرسمان بە سوپای پێنچی پاسداران کردووە، ووتی زۆربەی دەرەچەدارەکانی سوپای ناوچەکە دەناسم ئەوەندەم هەدیە بۆ بردون دەمی هەمویانم چەور کردووە، چیان لێداوا بکەم چیم بوێت بۆم دەکەن، بە پایەگای سەر ڕێگەکەم ووتووە هەرکەسێک بەناوی منەوە هاتوو چۆبکات ڕێگەی لێمەگرن ئەوانیش ڕازی بوون، ئەگەر ئێوەش ئەتانەوێت تاک تاک بەڕۆژ بەئاشکرا هاتووچۆبکەن دەتوانن بەناوی ئێمەوە بڵێن بەچەی شەریفین* یان بڵێن* بەچەی بارزانین* ڕێگەتان لێناگرن، بەڵام بەکۆمەڵ ناهێڵن، سندوقێ فیشەکیشی بۆ هێنابووین، زۆر سوپاسمان کرد ووتمان ئێمە واهاتووینەتە ئێرە ئەو هاتوچۆ زۆرە نەکەین، هەرکارێکمان هەبوو بەشەو دەیکەین*

   ****گەیاندنی ٢٥ تەن خواردەمەنی****

ئیدارەی بەتالوێنی٧ لەشاری بانە یان بلەکێوە بەسەیارە ئەشیاو خواردەمەنیان دەناردە گووندی کەنەسورە ئێمەش هەموو شەوێک بە هێسترەکانی خۆمان چوار بار ئەشیاو خواردنمان دەهێنایە پاشبەرد، کردبومان بەسەرە ئەو پێشمەرگانەمان دەنارد کەلەبارو بارکردنیان دەزانی بەزۆری شەهید {مام واڵی}و{دلێرە بجکۆل ماوەتی} دەچون، بەم شێوەیە بەدوو مانگ .نزیکەی ٢٥ تەن خواردنمان گەیاندە گوندی پاشبەرد لەوێشەوە بۆ مەفرەزەکانی خوارەوە* مەفرەزاکانی شارباژێڕ خۆیان دوو هێستریان هەبوو خۆیان دەهاتن لای ئێمەوە بەشە ئازوقەی خۆیان دەبرد، مەفرەزەکانی کاک سەرکەوتی کوبە بەزۆری دوو پێشمەرگە دەهاتن بارە خواردنیان دەبرد، ئەوانیش {نەوزاد کریم، حەمە شوکێی} دوپێشمەرگەی تەباو ڕۆحسوکو ئازا و گورچوگۆڵ بوون، چارێکیان پرسیارم لە کاک نەوزاد کرد ووتم بۆ ئێوە بەزۆری دێن کاك نەوزاد ووتی برادەران هەمویان شارەزای ڕێگەکە نین یان لەبارکردن نازانن* خۆشمان حەزدەکەین بێن هەم جەوێک دەگۆڕین، کەدێنە لای ئێوە تێر برنچ و شلەی فاسۆلیاش دەخۆین لای خۆمان ڕۆژی واهەیە سێ ژەمە نانو چایە، هەموچارێکیش پێمان دەڵێن ئەگەر دەکرێت یەک نان زیاتر مەخۆن بۆئەوەی نانمان لێنەبڕێ، ئەم برادەرانە بەشەو بەناو ئەڵغامو ئەو هەموو سەربازگە و ڕەبیەی دوژمندا ئەو هەموو ڕێگەیە کە نزیکەی ٩سەعات ڕێگە دەهاتن خواردنیان بۆ برادەرەکانیان دەبرد، زۆر دڵخۆش بوون بەوەی کەژەمێ یان دووژەم تێر برنچوو شلەیەیان لای ئێمە دەستدەکەوتو دەخوارد، مەرزی گۆڵیو گوندی پاشبەرد ڕۆژ بەڕۆژ قەرەباڵخ دەبوو ڕۆژانە خەڵک بۆ سەردانوو هەواڵپرسینی شۆڕشو پێشمەرگە لەشاری سلێمانییەوە سەردانیان دەکردین، پێشمەرگەو خەڵکی ئاوارە لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ هەواڵپرسینی کەسوکاریان دەهاتن، ئێمەش هەمیشە دوو حەرەسمان هەبوو، پێشمەرگەکانم ڕاسپاردبو نابێ بەتەنیا دوربکەونەوە لەمەقەڕەکە، بۆ هەرشوێنێک دەچن سێکەس پێکەوە بچن، ئاگادارم کردن بەهیچ جۆرێک نابێ پێشمەرگە بچێت بۆ گۆڵێ کەمەرزەکەی لێیە چونکە گۆڵێو مەرزەکە لەژێر سەیتەرەی حوکمەتی عێراقدا بوو سەربازگەیەکی گەورە چاودێری دەکر* دوو پێشمەرگەم ڕاسپارد کە چاودێری ئەو کەسانە بکەن کەلە عێراقەوە دبنە میوانمان، ئاگاربن لەهەر ڕوداوێکی نەخوازراو.چونکە زانیاریمان هەبوو دەزگا ئەمنیەکانی بەعس خەڵکی خۆیان ناردبوە مەرزەکان بۆ زانیاری کۆکردنەوە و دەست وەشاندن لەپێشمەرگە، ئەوانەی دەهاتن بازرگانیان دەکرد خەڵکی باشو دڵسۆزیان تێدا بوو هەواڵو زانیاریان دەداینی، پیاوێکی سیتەکی بازرگانی دەکرد ناوەکەیم بیرنەماوە خزمی شەهید {عباس سیتەکی} بوو لەگۆڵی و پاشبەرد ئەشیای دەبرد، ڕۆژی پیم ووت فەردەیەک ئاردت بۆ دەکڕم بیبە بۆ دایکم ووتی باشە.ئەو بەڕێزە زۆر دڵسۆزانە فەردە ئاردەکەی گەیاندە دەستی دایکم، دایکم چوبوە تەمەنەوە لەترسی دەزگا ئەمنیەکانی بەعس لە ئۆردوگای باریکە لەپەنایەکدا ماڵێکی بەڕێز ژورێکیان پێدابوو بەتەنیا دەژیا، ، ، ،

ئێمە ١٥ پێشمەرگە لە واجبدا بووین بەڵام ڕۆژی واهەبوو ١٠پێشمەرگە دەبونە میوانمان چەند ڕۆژێك دەمانەوە تا ئیشو کارەکانیان تەواو دەکرد، ئێمە هاوکاریمان دەکردن، ڕۆژێك پێشمەرگەیەك هات بەمیوانیمان ناوی {بەختیار ژینۆ} بوو پرسیارم لێکرد چۆنە هاتووی بۆ ئێرە ووتی زانیومە ئێوە لێرەن بێتاقەت بووم لەژیانی شاری بانە هاتوم چەویک بگۆڕموو ماوەیەک لەگەڵ ئێوە دەمێنمەوە، داوت لێدەکەم وەکو پێشمەرگەکانی خۆتان واجباتیش بۆ من دەست نیشان بکەن، لێرەوەش هەواڵێکی کەسوکارەکەشم دەپرسم، چەند ڕۆژێک مایەوە، ڕۆژی ١٠/١٠/١٩٩٠ لە مەرزەکەی گۆڵێوە خەبەریان بۆ هێنام ووتیان ئەمشەو پێشمەرگەیەک ناوی بەختیارە دەزگا ئەمنیەکانی عێراق گرتویانە خستویانەتە سەیارەیەکی ئەمنەوە فرانویانە بەرەو شاری سلێمانی، هەواڵی گیرانی کاک بەختیارمان زۆر پێناخۆش بوو، دوای ئەم هەواڵە ئێمەش هەوڵماندا زیاتر پارێزگاری لە خۆمانو ناوچەکە بکەین،

  ****حوکمەتی عێراقی هێرشی بۆکردین ****

  ***بۆ نانو ماستێ خەریبوو بکوژرێین ***

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

وەکو لە پێشەوە باسم کردووە ناوچەکە بەتایبەتی گوندی پاشبەرد کەلەژێر دەسەڵاتو چاودێری پێشمەرگەدا بوو ڕۆژ بە ڕۆژ قەرەباڵغ دەبوو، خەڵکێکی زۆر لەباشو، لە خراپ، خەڵکی بازرگان، ووڵاغار، خەڵکی بێکار، خەڵکی ڕاسپێراو، لەهەموو ڕەنگەکان هاتوچۆیان دەکرد، لە هەردوو دیووی عێراق* ئێرانەوە، ڕۆژانە دەنگوباسی ئێمە دەگەیشتەوە بە دەزگا ئەمنیەکانی حوکمەتی عێراق، ، ئەم چەند ڕۆژە میوانی پێشمەرگەمان زۆر بوو، دوو سێ ڕۆژبوو مەفرەزەیەک لە پێشمەرگەکانی شەهید عەباس سیتەکی کە شێخ جمال سیتەکی کەریم سەبریان لەگەڵ بوو لامان مابونەوە لە ئەرکو پاسەوانیدا هاوکاریان دەکردین، کاک ئازاد وەندەرێنەی هاتبوو بۆلامان چەند ڕۆژێکە لامانە، هەندێ پێشمەرگەو برادەریتر بە ئیشوکار لامان بوون، خانوی چایخانەکە تەواو بوبوو ئامادەکرابوو بۆ خزمەت کردنی ڕێبوارەکان ٨/١١/١٩٩٠ بوو بەیانی تازە هەستابووم لەخەو خاوەنی چایخانەکە عبدوڵای ناوبوو زۆر کاسب بوو، نەفەرێکی ناردبوو بەدوامدا ووتبووی ماستێکی زۆر خۆشمان هێناوە وەرە خوارەوە لای ئێمە نانی بەیانی بخۆ، مەقەڕەکەی ئێمە بەبەرزایکەوە بوو لەسەروو چایخانەکەو خێمەکەی بنکەی گومرگەوە، ٥٠٠م دوربوو، بەڵام هەوراز و دارستانوو نزار بوو، ماست لە دێهاتەکانی ڕۆژهەڵات بەپارە دەست دەکەوت ئێمەش نەمان دەتوانی ماست بکرین دەتیشمان نەدەکەوەت، خواردنی بەیانیان لەمەقەڕەکەی ئێمە نانوچاو بەنیرە سوێرە حەیاتەکە بوو، دەموچاوم شتوو بێتاقم تفەنگەکەم هەڵگرتوو چومەخوارەوە بۆ چایخانەکە بۆ نانوماست خواردن، کەچومە چایخانەکە ئازاد و خاڵەنەچم هەندێ ڕێبواری تری لیبون، ووتیان چایخانەکە تەواو بووە، ئەمڕۆ مەڕ سەردەبڕێ کەبابو گۆشتیش دەفرۆشین، خاڵە نەجم ووتی سەیری ئەو قۆریو سەماوەرە تازەو چوانە بکە تازە بوین بە حوکمەت ئەو نانو چاو ماستو هێلکەو ڕۆنەی لێرە هەیە لەئەبوو سەنای سلێمانیش نیە، نانوماستێکیان بۆ هێنام خواردم، ماستێکی زۆر خۆشبوو، لەژوری چایخانەکە هاتینە دەرەوە، منو ئازادو خاڵە نەچم لەبەردەمی چایخانەکە وەستابووین تازە هەتاو کەوتبوو، کۆمەڵی نەفەر لە گۆڵێوە کە دوژمنی لێیە ڕیزیان بەستووە بەرەو لای ئێمەو چاخانەکە سەردەکەوتن،  ئەرێوەڵا ئەوانە مشتەری چایخانەکەی منن دیارە زانیویانە چایخانەکە کراوەتەوە خواردنی باشمان هەیە بۆیە بەم بەیانی زووە دێن بابچم خواردنیان بۆ حازر بکەم ئەمانە قسەی خاوەنی چایخانەکە بوو، ئێمەش هەر سەیرمان دەکردن هەتا دەهات زیاتر نزیک دەبونەوەو ژمارەیان زیاتر دەبوون، کاتێ تیشکی خۆرەکە لەچەکاکانی دان دەرکەوت چەکدارن پاسەوانی مەقەڕەکەی ئێمە هاواری کرد عەسکەرێ هێرشی کرد، لەپڕ دایان گرتینەوە بەدەستڕێژی گوولە منو ئازاد لێیان هاتینە دەست بوو بە شەڕێکی زۆر قورس من خێرا چووم لە ژێر خێمەکەی مەفرەزەکەی خاڵەنەجم ئاڕبیجیەکو چەند گولویەکم هێنا دوو گولەم پێوەنان لەهەموولایەکەوە بوو بەتەقە، بیکەیسیەکەی مەقەڕەکەی خۆمان بە بەرزایەکەوە بوو بەدەست شێخ جمال سیتەکیو هێمە ڕەشەوە بوو.کەوتە تەقەکردن لێیان لەشکری دوشمی شپرزە کرد، بەهیمەتو ئازایەتی هەمولایەک هێرشەکەمان شکاند،  جەند پێشمەرگەیەکی خۆمان هاتنە خوارەوە گەشتنە لام، لەگەڵ ئازاد و ئەوپێسمەرگانەی خۆمانو پێشمەرگەکانی خاڵە نەچم سەرەوخوار دوایان کەوتین دوو سەربازمان گرت دوو کڵاشینکۆفمان گرت، هێرشەکەیانمان تێکو پێک شکان دوو گولە ئاربیجیمان تەقان بەسەر مەرزەکەی گۆڵیو سەربازگەکەدا، حوکمەت کەوتە تۆپباران کردنی ناوچەکە هەموو پێشمەرگەکانمان کۆکردەوەو گەڕاینەوە بۆ بەرزای مەقەڕەکەی خۆمان،

  ****خۆمان ئامادەکرد بۆ درێژە کێشانی شەڕەکە ****

--------------------------------

حوکمەت لەتۆڵەی شکستەکەی کەوتە تۆپباران کردنی ناوچەکە مەقەڕی گومرگ چۆڵی کرد گوندی پاشبەردو چایخانەکەو خێمەکانی خوارەوە هەمووی چۆڵیان کرد کەسی لێنەما بەدەیان بارە ئەشیا لەناو خێمەکاندا بەچێمابوون، ئێمەش گەڕاینەوە مەقەڕەکەی خۆمان خۆمان ئامادە کرد بۆ ئەگەری درێژە کێشانی شەڕەکە.شوێنەکەی ئێمە زۆر قایمبوو دوو گردی بەرزمان بەدەستەوە بوو لەوەو پێش سەنگەری قایمان هەڵکەندبوو بەرزای دەستە چەپمان برادەرانی حیزبی شیوع پێوەبوو لەولاتر و لەپشتمانەوە برادەرانی پارتی لێبوو، دەستە ڕاستمان شاخێکی بەرز بوو رەبیەی سوپای ئێرانی پێوەبوو، ترسمان لەگرتنی لای دەستەڕاست نەبوو، چوینە ناوسەنگەرەکانەوەو دامەزراین نزیکی نیوەڕۆ کاک شەریف لەبرادەرانی پارتی جوابی بۆناردم بچمە سەرەوە بۆ لایان نەچوم پێم ووتن ئێرە بەچێناهێڵم، زۆری پێنەچوو کاک {عوسمانی قاڵەمنەوەر، کاک شەریف}، هاتن بۆلامان کاک عوسمان، سەرکردەیەکی پارتی بوو، ووتی ئێستا لەشاری بانەوە هاتوین، لەوانەیە دوبارە دوشمن هێرشتان بۆبکەنەوە، ووتی بابچین بۆ بلەکێ قسەلەگەڵ مامۆستا جمال بکەین هێزمان بۆ بنێرن، من ووتم ناکرێت ئێرە بەچێ بێلم، ئازاد وەندەرێنەی ووتی تۆ بچۆ لەگەڵیان من لێرەدەبم .من لەگەڵیان ڕۆشتم، کاک شەریف چێبە کورتەکەی لای پایەگای ئێرانیەکان رایگرتبو بەجێبەکە چوینە بلەکێ مامۆستا جمال و برادەران لەوێبوون ئەوانیش شەڕەکەیان بیستبوو تازە لەبانەوە گەیشتبونە مەقەڕی بلەکێ، باسی شەڕەکەمان بۆکردن ئەوانیش ووتیان شەوو هێزتان بۆدەنێرین هەندێ فیشەکی بیکەیسی، کڵاشینکۆف.گولە ئاڕبیجیم هێناو لەگەڵ برادەرانی پارتی گەڕامەوە بۆ پاشبەرد، دوژمن لە نەدیویەوە هاتبوە پێشەوە گردێکی گرتبوو تەقەی لە خێمەکان دەکرد نەیاندەهێشت کەس بچێتە ناوخێمەکانەوە ئەو هەموو بارە ئەشیائەش بەچێمابوو،

  ****هێرشی ئێمە بۆ گرتنەوەی گردە گیراوەکە**** 

-------------------------------------

کاتێ گەڕامەوە برادەران ووتیان دوشمن لەنەدیویەوە هاتون ئەو گردەی خوارەوەیان گرتووە، ئێمە مسەیتەر بووین بەسەر ئەو گردەی دوشمن گرتبووی، کۆمەڵی پێشمەرگەی ئازاو چوامێرمان لەگەڵ بوو بەباشی برادەرانم دامەزران بە {جوتیار، شێخ جمال، هێمن}م، ووت کاتێ ئێمە هێرشمان کرد بە بیکەیسیو ئاربیچی لەگردەکە بدەن وایانکرد، منو ئازادو ٨پێشمەرگە دوانیان برادەرانی پارتی بوون عەسرێکی درەنگ بەڕوناکی بەڕۆمانەو بەتەقە هێرشێکی خێرامان کردە سەر گردەکە لەماوەیەکی کەمدا گردەکەمان گرتەوە برادەرانی پارتییش زوو گەیشتنە لامان دوبارە دوشمنان شکانەوە لە هەمولایەکەوە کەوتنە دوای لەشکری شکاوی دوژمن، برادەرانی پارتی دوو سەربازیان بەدیل گرد، ئێمەش بیکەیسیەکو کڵاشینکۆفێکی ترمان گرد ئامرفەوچەکە بەبرینداری ڕایکردبوو گۆچانەکەی بەچێ هێشتبوو پێشمەرگەیەک دۆزیبویەوە هێنای پیشانی دیلەکەیاندا ووتیان گۆچانی ئامر فەوچەکەمانە، دیلەکان ووتیان فەرماندکەمان پێیان ووتین لەو بەرزایە ١٠تێکدەر {مخەریب}ی لێیە دەچین دەیانگرین یان دەیانکوژین چاوەڕوانی ئەم شەڕەی ئێوە نەبوین.

لەم شەڕەدا چوار دیل گیران دوو دیلیان لای ئێمە بوون تەسلیمی برادەرانی پارتیمان کردن دەسکەوتەکان ئێمە سێ کڵاشینکۆف یەک بیکەیسیمان دەست کەوت، برادەرانی پارتی دوو کڵاشینکۆیان دەست کەوت، نازانم بۆ برادەرانی حیزبی شیوعی، ، ، ،

   ****گواستنەوەی ئەشیا بەچێماوەکانی ناو خێمەکان ****

-----------------------------------------

دوای گرتنەوەی گردە گیراوەکەو شکاندنی دوشمن، دنیا تاریکی کردبوو.ئەو خەڵکانەی شتیان چێمابوو هاتن شتەکانیان دەگواستەوە ئێمەش هاوکاریەکی باشمان کردن چەند پێشمەرگەیەکم ڕاسپارد هاوکاری ئەوخەڵکە بکەن، خوارەوە شوێنی گومرگەکە ئەشیای هیچ لێنەما، تەنها کەڵەشێرێک نەبێت ئەویش کاتێ زانیمان شەو دەیخویند، ئێمەش گەڕاینەوە سەنگەرەکانی خۆمان، بەباشی دامەزراین، دەمەوبەیان شەوی مابوو چارێتر دوشمن هێرشی کردە سەر ئەو دوو بەرزایەی مەقەڕەکەی ئێمەی لێبون بەئازایەتی ئەو پێشمەرگانەی لەوێ بوون ئەمچارەش شکاندمانن گوێم لەدەنگی پێشمەرگەیەک بوو بەدەنگی بەرز بەدوژمنی دەگوت ئێمەش ووڵاتی کوێت نین بە٢٤سەعات مەقەرەکەمان داگیر بکەن، ٩/١١/١٩٩٠ڕۆشەکەی هەر شەڕبوو دوشمن دەیوست لەناو دەوەنەکانەوە دزە بکات ئێمەش لێمەندەدان دەگەڕانەوە، لەپردەکەی گۆڵیوە هاوەنو تۆپیان تێدەگرتین، بەڕێکەوت گولە هاوەنێک لەپاڵ خێمەکەی ئێمە کەوتەوە دابووی لەتەنەکە پەنیرە سوێرەکە وە خێمەکەشی هەلاهەلا کرد، ڕۆژی دووەم، دوو پێشمەرگەی خۆمان هەندێ فیشەکوو گولەیان بۆ هێناین، ووتیان مامۆستا جمال خۆیوو هێزێک هاتون پازدارەکان ناهێڵن بێنە ئەمدیوو بۆلای ئێوە، ووتیان ئێمەش بەدزییەوە هاتووین،

 شەوی دوەم چاریتر لەنیوەشەودا دوشمن هێرشی کردەوە بۆ دەستە چەپمان بۆ برادەرانی حیزبی شیوع و پارتی ئەمچارەش دوشمن شکا تەپڵی سەرکەوتنمان لێدا، بەڵام بەداخەوە پێشمەرگەیەکی حیزبی شیوعی شەید بوو دانەیەکیی تریان بریندار بوو.ناوەکانیان نازانم ڕۆژی سێیەم تۆپبارانوو ووردە تەقە هەبوو، کاک شەریف هاوەنێکی دانابوو چارچارە گولەیەکی دەگرتە دوشمن، ١٠/١١/١٩٩٠ ئەمڕۆ تۆپبارن و وردە تەقە هەبوو.پێشمەرگەیەکی پارتی بریندار بوو ناوی {حمەڕەشی} بوو

 ** ئێران ووتیان ئەگەر ناوچەکە چۆڵنەکەن ئێمەش لەدواوە لێتان دەدەین**

--------------------------------------

کاک شەریف لەبرادەرانی پارتی لەگەڵ کاک{حمە ڕەشی قەرەداخی} هاتن بۆلامان ووتیان پازدارەکان دەڵێن ناوچەکە چۆڵنەکەن ئێمەش لێتاندەدەین، ئێران دەڵێت پۆلیسی نێودەوڵەتی کەچاودێری ئاشتی عێراق*ئێران دەکەن ئەمڕۆ هاتوون بۆسەیری شەڕەکە گوتویانە ئەم شەڕە ئەگەر ڕانەگرن بەسەرپێچی ئاشتی نێودەوڵەتی دەزانین دنیای لێئاگادار دەکەینەوە، دەبێ ئەم شەو چۆڵی بکەن من ووتم هەتا مامۆستا جمال یان برادەرانی خۆمان ئاگادارمان نەکەنەوە ئێمە چۆڵی ناکەین کاک {حمەڕەشید قرەداخی} هەمان ڕای منی هەبوو ئەوانیش ووتیان چۆڵی ناکەین، کاک شەریف گەڕایەوە قسەکانی من گەیشتەوە بە پاسدارەکان پاسدارەکان مامۆستا جمالیان ئیزندا بوو مامۆستا جمال لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک هاتن بۆلامان، هەمان قسەکانی کاک شەریفی کرد ووتی ئێرە چۆڵدەکەین ئەمشەوو هەموو دەگەڕینەوە بۆ بلەکێ ئیتر ئێمەش وامان کرد هەرچی ئەشیایەك بەکەڵک مابوو بارمان کردوو گەڕاینەوە بۆ بلەکێ، لەشکری عێراقیش پاشەکشەی کرد، نەگەیشتە لای خێمەکەی ئێمە،

 مەرزی گۆڵێش نەماو داخرا، ، ، ،

 ناوی ئەو پێشمەرگانەی لەم واجبو شەڕەی پاشبەرد بەشدار بوون

جوتیار* هێمنە ڕەش* ئیسماعیل* دلێرە بجکۆل ماوەتی* شەهید مام والی*ئازد وەندەرێنەی*عوسمان باڵخەی* فەهمی کادر* سەروە* نامیق *

مەفرەزەکەی کاک عباس سیتەکی{شێخ جمال سیتەکی* کریم سەبری* مستەفا سەبری* ئەنوەر،

{هێرشە بچکۆل* سدیق}لە پێشمەرگە پارتیزانەکانی لای کاک سەرکەوتی کوبە

داوای لێبوردن دەکەم لە هاوڕێکانم 

 یەکەم/ ئەگەر هاوڕێیەکم بیر چوبێت، چونکە مێشکم هەر ئەوەندە هاوکاری کردوم،

دووەم / ئەم بەروارانەم لەچەند نامەیەکی زۆر کۆنو دڕاودو زەرد بووە بینیوە ژمارەکان بەکاڵی دیارن منیش توانیومە ئاوا ژمارەکان بناسمەوە ئەگەر هەڵەم کردبێ ببورن*

جمال چاوشین 

ڕۆتەردام

٢٠/٢/٢٠١٣

---------------------------------------


 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر