لوغزی نەخۆشیەکەی مام جەلال ... گۆران هەڵەبجەیی

ئێمەی مرۆڤ لەوە ڕۆژەی دێینە دوونیاوە تا ئەو ڕۆژەی کۆچی یەکجارەکی دەکەین، بەدەر لە دەسەڵاتی خۆمان، دووجاری کۆمەڵیک کێشە، ئاستەنگی، کارەسات، نەهامەتی، نەخۆشی دەبین، کە دەتوانین بڵێین بەشێکن لە ژیان.

نەخۆشی یەکێکە لەو دەردانەی مرۆڤ بەدەستیەوە دەناڵێنێت، بەداخەوە زۆرێک لە مرۆڤەکان بە نەخۆشی ژیانیان لەدست داوە و دەیدەن.

دەمێک کەسێک دووچاری نەخۆشی دەبێت یا چاک دەبێتەوە، یا بە هۆیەوە گیان لەدەست دەدات، یا بڕیک نەخۆشی هەن، نە ئەوەیە خاوەنەکەی چاك بێتەوە، نە ئەشە بە هۆیەوە گیان لەدەست بدات، بەڵکو هەتا لە ژیاندایە لەگەڵیدا دەژی و پێیەوە دەناڵێنێت[نەخۆشی درێژخایەن] بەتایبەتی نەخۆشی مێشک و دڵ.جا ئەمە شتێکی سرووشتیە، ئەوەی سرووشتی نیە شاردنەوەی نەخۆشەکەیە یا قسەنەکردنە لە باری تەندرووستی کەسە نەخۆشەکەوە.

ئەوە بۆ پتر لە [8] مانگ دەبێت مام جەلال نەخۆشەو لە یەکێک لە خەستەخانە ناودارەکانی بەرلین لە ئەڵمانیا خەوێنراوە.

لەو دەمەوە تا ئیستا جگە لە کەسە نزیکە نزیکەکانی خۆی نەبێت[بازنەی یەکەم] و دکتۆر نەجمەدین کەریم، کەسی دیکە هیچ دەربارەی تەندرووستی بەڕێز مام جەلال نازانێت و کەسیش بۆی نیە سەردانی بکات.

هەر لەو کاتەوە تا ئێستا بە پیی پێوست و بەرزبوونەوەی تەرمۆمەتری باس و خواستی مام جەلال لە نێوەندە سیاسیەکان و میدیاکاندا، ئەوانەی کۆدی چونە ژوورەوەی نێو ئەم باسە هەستیارەیان لایە، ئا لەو کاتانەدا و بەخیرایی وەک وەڵامدانەوەیک بۆ باسەکە و ڕێگە گرتن لە تەشەنەکردنی، هەواڵێک فڕی دەدەنە دەرەوە.

هێندەی لە یادم مابێت تائێستا کۆمەڵێک هەواڵیان لە بارەی تەندروستی مام جەلال و هەندێکیش لە زاری خودی خۆیەوە بلاو کردۆتەوە.

* مام جەلال باری تەندرووستی باشەو بەرو باشتریش دەروات و عیلاج وەردەگرێت.

* باری تەندروستی مام جەلال جێگیرەو دکتۆرەکان دەڵێن بەم زوانە چاک دەبێتەوە.

* دکتۆر نەجمەدین، لای بەڕیز مام جەلال بووم ئیستا حاڵەتی زۆر لەجاران باشترە.

* مام جەلال بەرەو چاکبوونەوەی تەواو دەروات و بە [5] زمان قسەدەکات.

 *مام جەلال بۆ نەورۆز دەگەرێتەوە

* مام جەلال توورەبووە لە بارودۆخی عیراق و هەندێک شتی دیکە.

* ئەو ریکەوتنەی لەگەڵ پارتیدا کردمان سەبارەت بە درێژکردنەوەی وادەی سەرۆکایەتی کاک مسعود، مام جەلال رازی بووە پێی.

*دووهەفتەی دیکە مام جەلال لەرێگەی فرۆکە خانەی سلیمانیەوە دەگەڕیتەوە کوردستان.

*مام جەلال سلاوی ناردوە بۆ خەڵکی کوردستان.

* بەم زوانە مام جەلال دەگەڕیتەوە سەرجێبەجێ کردنی ئەرکە ئیداری و حیزبیەکانی خۆی.

* کوردستانی نوێ نوێترین وێنەی مام جەلال لەگەڵ دکتۆرەکانیدا لە باخچەی خەستە خانەکە بلاو دەکاتەوە.[ بەبی کلیپ]

*کۆمەڵیک ئەندازیاری کورد کە لە ئەڵمانیان بەم زوانە چاویان بە مام جەلال دەکەوێت و خۆشحالی دەربڕیوە بۆ دیداریان.

ئەمانە مشتێکن لە خەروارێکی ئەو هەواڵانەی لە بارەی مام جەلالەوە لە ماوەی رابردوود بڵاو کرانەوە.

چەند پرسیارێک دێنە پێشەوە:

*گەر کەسێک باری تەندرووستی بەرو باشی دەڕوات ئیدی بۆ ڕێگە نادەن کەس بیبینێت؟

*بۆچی تائیستا گەر بۆ چەند چرکەیەکیش بێت دوو قسەی مام جەلال بلاو ناکەنەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە بەڵێ باری تەندرووستی بەرو باشی دەڕوات؟

* بۆچی تەنانەت بەرپرسانی خەستەخانەکەش زیاد لە پێویست نهێنی ئەم مەسەلەیە دەپارێزن؟

لەو کاتەوە تا ئیستا کۆمەڵێک کەسانی حیزبی و ئیداری هەوڵیان داوە بیبینن بەلام هەوڵەکانیان بە بنبەست گەشتوە و بە جۆرەها بەهانە ریگریان لێکراوە.

کاک مەسعود، وابزانم کاک نێچیر، زۆرێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکیەتی، جێگرکەی مام جەلال[خزعل خوزاعی]، سەرۆکی پەرلەمانی عیراقی ئوسامە نوجەیفی، موقتەدا سەدر، ئەندامانی لیستەکەی علاوی.ڕۆژنامە نووسان و کەناڵە تەلەفزیۆنە کوردیەکان، خزمە نزیکەکانی خۆی و زۆر کەسی دیکە.ئەمانە هەموو ویستوویانە مام جەلال ببینن بەلام وەک پێشتر ئاماژەم پیدا ڕێگە نادەن کەس ببینێت.

ئەمەش بۆ خۆی لوغزێکەو پیوستی بە کردنەوە هەیە، جا بۆ کردنەوەی ئەم لوغزە چەند بۆچوونێک هەیە لەوانە:

*لەسەر ئاستی یەکیەتی تا مام جەلال لە ژیاندابێت[تەنانەت بەم دۆخە تەندروستیەی ئیستاشیەوە] ڕیگە نادەن سکرتێری نوێ هەڵبژێرن، لەم حاڵەتەشدا هیرۆ خان دەتوانێت کۆنترۆڵی زۆرێک لە جومگەکانی حیزبەکە بکات، بە تایبەتی دارایی یەکیەتی کەچەند ملیار دۆلارێک دەبێت.

*بەردەوامی ئەم دۆخە تا رادەیەک ململانێکانی ناو یەکیەتی خەفەدەکات، کە بێگومان لە کاتی کۆچی دوایی مام جەلالدا قوڵتر دەبێتەوە.

* پیدەچێت هەندێک کەس لە نیو سەرکردایەتی یەکیەتیدا خۆیان بۆ پۆستە حیزبی یا ئیداریەکەی مام جەلال ئامادەکردبێت، جا لەم دۆخەدا ئەو شتە تەنها ئومێدە و هیچی دی، جا تا شاردنەوەی باری تەندروستی مام جەلال درێژ بکرێتەوە، ئەو ئومیدەش وردە وردە کاڵ دەبێتەوە.

*سەبارەت بە ئیدارەکاردنی ململانێکان لەگەل پارتیدا و مەسەلەی ڕیکەوتنە ئیستراتیجیەکەی نیوانیان، لە حاڵی حازردا وەک خۆی دەمێنیتەوەو گۆرانکاریەکی ئەوتۆی بەسەردا نایەت، کە ئەمەش لە بەرژەوەندی هەردوو لایە بە تایبەتی یەکیەتی، چونکە بە هەڵومەرجێکی پڕکێشەدا گوزەردەکات.

* لەسەر ئاستی عیراقیش گەر بە ناویش بێت لە پۆستەکەی خۆی وەک سەرۆک کۆمار دەمێنێتەوە.وێرای ئەوەی مووجەکەی بەردەوام دەبێت، هاوکات یەکیەتی ناخوازێت ئەو پۆستە لەدەستی کورد دەربچێت، وە دوور نیە هێرۆخان خۆی بۆ ئامادە نەکردبێت، ئەمەش لە حالەتێکدا گەر پۆستی سکرتێری یەکیەتی بە نسیب نەبوو.

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەو گۆڕانکاریە کووتووپرانە بوون لەم دوایەدا ڕویان دا.بۆ نمونە یەکێکی وەک دکتۆر نەجمەدین کە تاکە دکتۆری کوردە ئاگای لە رەوشی تەندرووستی مام جەلال هەیە، پێشتر بەردەوام لێدوانی دەداو خەڵکی کوردستانی لە ساغڵەمی مام جەلال دڵنیا دەکردەوە، ئیستا بەهیچ جۆرێک ئامادە نیە لێدوان لەو بارەوە بدات.

بەرپرسانی نەخۆشخانەکە بە دیسپلینێکی زیاد لە پێوست نهێنیەکان دەپاریزن و دەڵێن دەبێ لەباڵویزخانەی عیراقەوە فەرمانمان بۆ بێت ئەوجا ڕیگە بە لێدوان لەو بارەیەوە دەدەین.کە ئەمەش بۆ دەزگایەکی تەندرووستی ئەوروپی شتێکی نوێیە.

کاربەدەستانی خەستەخانەکە لە ئیستادا نکولی لە بوونی دەکەن لە نەخۆشخانەکەیاندا، یا دەڵێن هیچ نازانین لە بارەیەوە.کە ئەمەس دیسان شتێکی نوییە.

لە هەمووی گرنگتر هەواڵی گواستنەوەی کووتوپڕی مام جەلالە لە خەستەخانەکەوە بۆ شوێنێکی نادیار، کە دیسان تەنها کەسە نزیکەکانی دەزانن لە کوێیە.

وەک دەڵێن هەر لەم ماوەیەدا و پاش گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار، ئەو دۆسیەی پەیوەندی بە مام جەلالەوە هەیە لە خەستەخانەکەدا بزرکراوە.

پێدەچێت هۆکارەکانی ئەم ئیجرائاتانە گەشتنی میدیای کوردی بێت بۆ نەخۆشخانەکە.ئەوبوو بەر لەماوەیک پەیامنیری تەلەفزیۆنی ڕووداوی سەربە پارتی چووە بەردەمی نەخۆشخانەکەو قسەی لەگەڵ قاپیەوانی هەمان نەخۆشخانە کرد.بەلام هیچ زانیاریەکی پێ نەدرا.جا ترسەکە لەوەدایە لە ئایندەدا بەجۆرێک لە جۆرەکان کەسیکی سەر بەو دەزگایە یا سەر بە پاراستن دزە بکاتە نیو خەستەخانەکەو زانیاری ورد لە بارەی مام جەلالەوە کۆبکاتەوە کە ئەمەش مەحاڵ نیە.

بەدەر لە مانە من وای بۆ دەچم سەرکردایەتی پارتی تا رادەیەک ئاگایان لە ڕەوشی تەندرووستی مام جەلال هەیە.هەروەها سەرکردایەتی یەکیەتیش.بەلام پێدەچێت زۆر بەووردی هەمووشت نەزانن.جا گەر بپرسین کە هۆکار چیە باسی ناکەن، ئەوە دەگەریتەوە بۆ ڕیز گرتن لە خواستی خانەوادەکەی مام جەلال کە دەیانەوێت ئەو باسە بە نهێنی بمێنێتەوە.بەڵام وەک مەسیجێک بۆ یەکیەتی کە پێیان بڵین ئیمە وەک پارتی بێ ئاگا نین لەو مەسەلەیە دوو هەواڵیان بلاو کردەوە.یەکەم ئەو بابەتەی کە ڕیبوار کەریم وەلی لە رۆژنامەی ڕوداو نووسی، کە مام جەلال مردوە ئەمەش دیارە بە ئیعازی پارتی بووە، دووەم دزە پێکردنی ئەو هەواڵەی کە گوایە نێچیرڤان بەرزانی بە کۆمەڵێک کادیری پارتی گووتووە کە مام جەلال کۆچی دوایی کردوە، وە پاش ماوەیەک هەر خۆیان هەواڵەکەیان بەدرۆ خستەوە.

بەرای من نەک هەر پارتی ئیمڕۆ هاوڵاتیانی هەرێمیش باش دەزانن کە مامەلەکردن بەم شێوە گوماناویە ناشارستانیە بە تەندرووستی مام جەلالەوە، گوومانەکە قووڵتر دەکاتەوە و پێمان دەڵێت شتەکان بەو جۆرە نین کە بتوانن قەناعەت بە خەڵکی بهێنن.

لە کۆتایدا دەپرسم لەکوێی دونیادا رویداوە[گەر لای ئیمە نەبێت] ژیان و تەندرووستی کەسێک بۆ گەمەی سیاسی و بەرژەوەندی ئابووری بەکاربهێنرێت، وە ئەم گەمەیە تا کەی بەردەوام دەبێت؟

بێگومانم ڕۆژێک دێت شتەکان وەک چۆن ڕویانداوە ئاشکرا دەبن، جا ئەو دەمە چ پاساوێک وەردەگرین؟ با چاوەڕێ بین.

 

 

بابەتی زیاتری نووسەر