بێ ئیرادەکردنی وەزیرێک ...گۆران هەڵەبجەیی

ئاشکرایە ئیمڕۆ لە کوردستان لە ژێر سایەو سێبەری یەکەیتی و پارتیدا شوێنێک نەماوە هەناسەیەکی سەربەخۆی تێدابدرێت.حیزب لە سەرجەم کایەکانی کۆمەڵگەدا بڕیاردەرە.تەنانەت ئەندامانی پەڕلەمانیش بێ ئیرادە کراون و دوو مەکتەبە سیاسیەکە پێشتر بۆیان داڕشتوون لە کۆبوونەوەکاندا چۆن و کەی و لە چ مەسەلەیەکدا قسە بکەن یا دەست هەڵبڕن یا بێدەنگ بن.

وەزیرەکانی سەربە هەردوو حیزبەکەش سنووری دەسەلاتیان دیاری کراوە و بۆیان نیە تەجاوازی بکەن.

وەک زانراوە لە زۆرێک لە وەزارەتەکاندا کەسانێک هەن کە پلەی حیزبیان لە وەزیرەکە بەرزترە ئەمەش وای لێدەکات دەسەلاتی لە وەزیرەکە زیاتر بێت .یا خود کەسانێک سەربە پاراستن و زانیاری لە بری وەزیر کۆنترۆلی وەزارەت یا دەزگا حکومیەکان دەکەن.

جا گەر ئەمە حالی پەرلەمان ئەو وەزارەت و دامودەزگایانەبێت کە بەرپرسەکانیان پارتین یا یەکیەتین.ئەدی حاڵی وەزارەتێک یا دەزگایەک چۆن دەبی گەر سەربە خۆیان نەبێت و بە دەست لایەنیکی ترەوە بێت؟

دەمێک دەنگۆی ئەوە بڵاو بوویەوە کە پێدەجێت حیزبی شوعی وەزارەتێکی بەر کەوێت من وەک هاوڕێیەک پێم خۆش نەبوو حیزب بەشداری لە وەزارەتدا بکات، بە باشم زانی وەک معارز بمێنێتەوە ئەوەشم ڕاستە خۆ لە بۆنەیەکدا بە دکتۆر کاوە محمود وت .

دەمێک هاوری کاوە بووە وەزیری رۆشنبیری پیرۆزبایم کرد لێی، چونکە بەکەسێکی گونجاوم دەزانی بۆ ئەو پۆستە وە بە ئومید بووم لەو بوارەدا بتوانێت خزمەت بکات و بیسەلمێنیت کە شیاوی ئەو شوێنەیە، وە لەو بڕوایەدابووم سەرکەوتنی لەو پۆستەدا دەبووە دەسکەوتێک بۆ حیزب.

هاوکات ئەوەشم دەزانی کە رێگری زۆر دێتە پیشی، بەڵام هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووم دۆخی وەزارەتەکەی و بی ئیرادەیی خودی خۆی وەک وەزیرێک بگاتە ئەم ئاستە.

بەداخەوە لەو رۆژەی لەو پۆستەدایە، تائێستا زۆر کار کراون کە دەردەکەوێت کەسانێکی دەستڕۆشتوو دەسەلاتدارتر لە خودی وەزیر دەیکەن .ئەمەش دەبیسەلمێنێت کە وەزیر دەسەلاتتی تەواوی بە سەر وەزارەتەکەیدا نیە.

ئەوەش دەزانم کە هاوڕی هادی دەسەلاتی دەرکردن یا گواستنەوەی گچکەترین فەرمانبەری نیە، چونکە ئەوانە سەرجەمیان لەلایەن یەکیەتی یا پارتی یەوە دامەزراون و کەسانی حیزبین.هەروەها لە دامەزراندن یا پێدانی پۆستیشدا، لە ستافی وەزارەتەکەی کە ژمارەیان لە پەنجەی دەست تێناپەڕێت ناتوانێت کەسێک دابمەزرێنێت.

لەم ماوەیەدا مەسلەیەکی گرنگ هاتە ئاراوە کە زۆرێک لە میدیاو ڕۆشنبیرانی بەخۆوە خەریک کردوە.تەنانەت لە فەیسبوکیش بووەتە باسێکی گەرم،  هەم وەک بابەت و هەم وەک گاڵتە ئامیز باسی لیوە دەکرێت.ئەیوش خەڵاتکاردنی پتر لە 690 کەسە بەناوی داهێنەروە.

من هیچ قسەیەکم لەسەر مەسەلەی داهێنان نیە چونکە ئەوە بۆ خۆی مەهزەلەیە، تەنها هێندەدەڵێم، گەر هێندە داهێنەرمان هەبوایە ئیستا کوردستان دەبوو داهێنانی بە جیهان بفرۆشتایە.بۆیە قسەی من لەسەر کارەکەیە و ڕۆڵی وەزیر تێیدا.

وەک بڵاو کرایەوە لیژنەیەک بۆئەم مەبەستە لە سەندیکاکانی سەر بە دەسەلات یا روونتر بڵێم پارتی و یەکیەتی درووستکراوە [رۆژنامە نووسان، نووسەران، هونەرمەندان وە نوێنەرێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری]، کە هەر هەموویان کەسانی حیزبین، وە زۆرێک لەو ناوانەی لە لیستەکەدا ناویان هاتووە بەپلەی یەک سەربەپارتی و بەپلە دووش سەر بەیەکەیتین .ناوی خێزانی تیدایە بە قودرەتی قادر هەر هەموویان داهێنەر دەرچوون.ئەوەتا کەسێکی وەک ئاریان فەرج بەڕیوەبەری گشتی وەزارەتی ڕۆشنبیری تیدایە، کە هەر خۆشی بە پلە یەک لە پشت درووستکردنی ئەم لیستەوەیە، کەسێکی ناسراوەو ئاشکرایە سەربە چ دەزگایەکی حیزبیە.ئەم زاتە 8 ئەندامی خێزانەکەی خۆی ناونووس کردوە یاخود کەسێکی دۆڕاوی سیاسی وەک ئازا حەسیب قەرەداغی تیدایە کە جگە لەخۆی براکەی و هاوسەرەکەشی تیدایە.وێرای ئەمانە زۆرێکی تیدایە لە ژیانیدا دوودێری نەنووسیوە یا هیچ بەرهەمێکی نیە.

ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە لە پشتی ئەم لیستەوە لیستێکی نهێنی هەیە کە گوایە بەم 690کەسەوە هەموو لیستکە دەکاتە 1000 کەس .لیستە نهێنیەکە پڕە لە بەرپرسی گەورەی حیزبی و ئیداری کە تەنانەت وەزیریش ئاگای لێی نیە.وە بلاو نەکردنەوەی ناوەکانیان دەگەرێتەوە بۆ شاردنەوەی بەشێک لەو فەزاحەتە.

با ئیستا بزانین کێ لە پشت ئەم مەسەلەوەیە؟ ئەم کارە سەرەتا پێشنیاری دکتۆر فازل جاف بووە کە ڕاوێژکارە لە هەمان وەزارەت.پێدەچێت ئەو پێشنیارەی دکتۆر فازل مەبەستێکی پاکی لە پشت بووبێت کە هاندانی کەسە گەنجەکانە تا بتوانن لەسەرپێی خۆیان بوەستن، واتە سەرەتا ناوی سندوقی کۆمەک بووە .بەلام دیارە هیچ کایەیەک نیە حیزب خۆی تێنەخزێنێت و تێکی نەدات یا بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری نەهێنێت.بۆیە بیرۆکەکە بەلادابراو بەڕیوەبەری گشتی وەزارەت و چەند راوێژکارێکی حیزبی نێو وەزارەت مەسەلەکەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و حیزبەکانیان بەکار هێنا، ئاکامەکەشی ئەبوو لەبری کۆمەکی چەند کەسێکی مووستەهەق تژیان کرد لە کەسانی بێسەوادی حیزبی .

ئەی ڕۆڵی وەزیر لەمەدا چێ بووە؟

هەموو ئاماژەکان ئەوە دەسەلمێنن کە ئەم کارە لە پشتی وەزیرەوە کراوە، ئەو تەنها واژۆی لەسەر بووەو هیچی تر، تەنانەت بۆی نەبووە تێبینی لەسەر هیچ ناوێک بدات یا ناوێک ئیزافەبکات بۆلیستەکە.

هەروەک چۆن هیچ وەزارەت و دەزگایەکی میری نەماوە گەندەلی تیدانەکرێت، ئەمەش گەندەڵیەکی ئەم وەزارەتەیە و داهێنانێکی نوێیە بۆ بەهەدر بردنی سامانی میللەت لە لایەن پارتی و یەکیەتیەوە.

تێپەڕاندنی ئەم کارە بەسەر وەزیردا لە بێئیرادەکردنی وەزیر بەولاوە هیچ شتێکی دیکە نیە.هەرچی ئەو پاساوانەش کە بەرێزی لەبەرنامەی[ ڕۆژباش کوردستان] ی تەلەفزیۆنی نەورۆزدا لەوبارەوە هێنانیەوە، پاساوی لاوازن و جێی بروانین، چونکە مەسەلەکان ڕوون و ئاشکران.

جا گەر سەرۆکێک ، وەزیرێک، بەڕیوەبەری دەزگایەک دەسەلاتی بەسەر تەوای شوێنی کارەکەیدا نەبوو، کەسانی دیکە بێ هیچ نرخ و سەنگێک بۆ کەسی یەکەم، هەندێک کاریان کرد، ئیدی باشترین شت ئەوەیە ئەو کەسە رێز لە خۆی بگرێت و دەست لە کار بکێشێتەوە.خۆگەر ئەمەی بۆ نەکرا ، ئەوە ئەوپەڕی بێ دەسەلاتی خۆی نیشاندادا.چونکە لە ڕووی ئیداریەوە وەزیر بەرپرسی یەکەمە تیدا و دەبی بەفعلیش ئەو بەرپرسیاریەتیە هەڵگرێت و قسەی هەبێت.

بەدڵنیایەوە دەتوانم بڵێم ئەمە داوێک بووە لە لایەن دەستڕۆشتوانی پارتی و یەکیتەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیریدا، ئەویش بە مەبەستی ئیهانە کردنی وەزیر .

من نکولی لە توانای هەندێک ناو ناکەم کە لەلیستەکەدا ناوایان هاتووە، کەسانی بەڕیزن و لە بوارەکانینادا خزمەتیان کردووە و جێدەستیان دیارە، جا بۆ ڕاگرتنی ڕیز و پێگەی خۆیان نەدبوو قبوڵ بکەن ناویان لەگەڵ ناوی کەسانێکدا ئامێتە بکرێت کە فڕیان بەسەر هیچ بوارێکی مەعریفی و ئیبداعیەوە نیە.

هاوکات ئەوەش جێی خۆشحاڵیە هەندێک لەو بەریزانە ئەو خەلاتەیان ڕەتکردووەتەوە، چونکە بۆیان ڕوون بووەتەوە دانانی ناوەکانیان تەنها بۆ پۆشینی ناوە زۆروبۆرەکەبووە.

لە کۆتاید دەڵیم شەرمەزاریە بۆ وەزارەتێک رێگەبدات بەم جۆرە ئاشکراو ناشیرینە پارەی خەڵک بەهەدر بروات و بچێتە گیرفانی زۆرێک لە مشەخۆرو بێبەرهەمەکانەوە.

ئەوەی جێی سەرنجە پەیوەندیم بە برێک لە هاورییانی سەرکردەی حیزبی شوعیەوە کرد، لە نێوانیاندا کەسانێک کە لە ڕاگەیانددا کاردەکەن، هەر هەموویان دژی ئەم کارەبوون.تەنانەت هاوڕێیەکیان ناوی نا[ فەزاعەت]

جا گەر هاورێ کاوە دەیەوێت ئەو فەزاعەتە تێنەپەرێت، ئێستاش بوار ماوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی .خۆ گەر ئەوەی پێناکرێت، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا دەستلەکار کێشانەوە جوانترین و شیاوترین چارەسەرە، خۆ گەر ئەوە نەکات ئیدی قەبوڵکردنی ئەو کارە، وێرای ئەوەی نارەزاییەکان زیاتردەکات، هاوکات دەبێتە ناشیرین کردنی کەسایەتی خودی خۆی وەک شوعیەک، هەروەها سومعەی حیزیشی پێ لەکەدار دەبێت، چونکە ئەو لەو پۆستەدا نوێنەری حیزبە و حیزب دایناوە.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر