• واتساپ و فایبەر
  • 00964770768123
  • kurdistannet@hotmail.com Omar Faris Aziz
  • کوردستان نێت نێتی هەمووانە
Open menu
  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە

گۆران هەڵەبجەیی

تیرۆر لە ساییەی ئازادی درۆدا ... گۆران هەڵەبجەیی

گۆران هەڵەبجەیی 10 December 2013

دەمێک گوێم لە لێدوانی بەرپرسێکی لەمەرخۆمان دەبێت، کەدەڵیت[ ئەم ئازادیەی بە خوێنی شەهیدانمان بەدەستمان هێناوە، دەبێ بیپارێزین، یاخود کە دەڵێت ئازدی لە کوردستان بەرقەرارەو بۆ هەمووکەس فەراهەم کراوە، و ئەوە دوژمانن دەڵێن ئازدی نیە و دەیانەوێت لەباری بەرن]. من بەم قسانە گاڵتەم دێت. ئەمەی لە کوردستان دەگوزەرێت ئازادیەکی درۆیە، ئازدیەکی ساختەیە.

چونکە ئەو دمە دەتوانین باس لە ئازدی بکەین کە ڕۆژنامەنووس یا هەر تاکێکی کۆمەڵگا قسەی خۆی بکات و هەڕەشەی لێنەکرێت، لێی نەدرێت، دادگایی نەکرێت و تەرۆر نەکرێت. ئەمە چ ئازادیەکە لەسەر وتنی هەق، لەسەر دەرخستنی راستی، لەسەر ئاشکراکردنی گەندەڵی و دزی و بەهەدردانی سامانی میللەت بکورێیت؟.

ئازدی بۆئەوانەیە کە خۆیان ئازادی تەرۆر دەکەن. ئەمە چ ئازادیەکە چەکدارە بەدەمامکەکان کێیان بوێت بیکوژن یا بیفڕینن کەسیش نەزانێت کێن و سەربە چ لایەنێکن و لە کوێوە هاتوون. ئەمە ج ئازدیەکە [بی ئیم ڤی] ئازادانە بسوڕیتەوە بەئارەزووی خۆی تەقە بکات، خەڵک بکوژێت یا برینداری بکات و پاشانیش بکەر نەدۆزرێتەوە؟

تەرۆرکردنی کاوە گەرمیانی و پێشتریش سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامەحەمە، ئەوەمان پیدەڵێت کە ڕەخنە گرتن، هەڵدانەوەی لاپەرەکانی گەندەڵی، ناوهێنانی مافیاکان،  پاداشتەکەی سزای مەرگە.

هەموو لەو بڕوایەداین ئیمڕۆ لە کوردستان ژیانی کەس پارێزراو نیە. چەند هێزی چەکداری دیارو نادیار و لەژیر چەندین ناودا هەبن، ئەمانە ناتوانن ژیانی هاولاتیان بپارێزن. دەسەڵاتدارتان چەند دیعایەی ئامان و ئاسایش بکەن کەس بە پولیکی قەڵب لێیان ناکڕێت، چونکە واقیع واناڵێت.

من بێگومانم گەر دەسەلاتدارانی یەکەیتی [بۆیەدەڵێم یەکیەتی چونکە ئەوان لەودەڤەرە بالادەستن] بیانەوێت بکوژەکان بدۆزنەوە دەتوانن، دووریش نیە ئیستا سەرەداوێکیان لانەبێت، دەنا درووستکردنی لیژنەو لیژنەکاری هیچ بەرهەمێکی نابێت و لە دیزە بەدرەخۆنەکردنی دۆسیەکە بەولاوە هیچی تر نابێت.

نابێت تەرۆری کاوە گەرمیانی ڕۆژنامەنووسان بێدەنگ بکات، دەبێ لە جاران جەسوورتربن، دەبێ ڕاشکاوانەتر شتەکان باسبکەن، دەنا بێدەنگییان، کوردستان دەکاتە جەنگەلستان.

 


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

لوغزی نەخۆشیەکەی مام جەلال ... گۆران هەڵەبجەیی

گۆران هەڵەبجەیی 12 September 2013

ئێمەی مرۆڤ لەوە ڕۆژەی دێینە دوونیاوە تا ئەو ڕۆژەی کۆچی یەکجارەکی دەکەین، بەدەر لە دەسەڵاتی خۆمان، دووجاری کۆمەڵیک کێشە، ئاستەنگی، کارەسات، نەهامەتی، نەخۆشی دەبین، کە دەتوانین بڵێین بەشێکن لە ژیان.

نەخۆشی یەکێکە لەو دەردانەی مرۆڤ بەدەستیەوە دەناڵێنێت، بەداخەوە زۆرێک لە مرۆڤەکان بە نەخۆشی ژیانیان لەدست داوە و دەیدەن.

دەمێک کەسێک دووچاری نەخۆشی دەبێت یا چاک دەبێتەوە، یا بە هۆیەوە گیان لەدەست دەدات، یا بڕیک نەخۆشی هەن، نە ئەوەیە خاوەنەکەی چاك بێتەوە، نە ئەشە بە هۆیەوە گیان لەدەست بدات، بەڵکو هەتا لە ژیاندایە لەگەڵیدا دەژی و پێیەوە دەناڵێنێت[نەخۆشی درێژخایەن] بەتایبەتی نەخۆشی مێشک و دڵ.جا ئەمە شتێکی سرووشتیە، ئەوەی سرووشتی نیە شاردنەوەی نەخۆشەکەیە یا قسەنەکردنە لە باری تەندرووستی کەسە نەخۆشەکەوە.

ئەوە بۆ پتر لە [8] مانگ دەبێت مام جەلال نەخۆشەو لە یەکێک لە خەستەخانە ناودارەکانی بەرلین لە ئەڵمانیا خەوێنراوە.

لەو دەمەوە تا ئیستا جگە لە کەسە نزیکە نزیکەکانی خۆی نەبێت[بازنەی یەکەم] و دکتۆر نەجمەدین کەریم، کەسی دیکە هیچ دەربارەی تەندرووستی بەڕێز مام جەلال نازانێت و کەسیش بۆی نیە سەردانی بکات.

هەر لەو کاتەوە تا ئێستا بە پیی پێوست و بەرزبوونەوەی تەرمۆمەتری باس و خواستی مام جەلال لە نێوەندە سیاسیەکان و میدیاکاندا، ئەوانەی کۆدی چونە ژوورەوەی نێو ئەم باسە هەستیارەیان لایە، ئا لەو کاتانەدا و بەخیرایی وەک وەڵامدانەوەیک بۆ باسەکە و ڕێگە گرتن لە تەشەنەکردنی، هەواڵێک فڕی دەدەنە دەرەوە.

هێندەی لە یادم مابێت تائێستا کۆمەڵێک هەواڵیان لە بارەی تەندروستی مام جەلال و هەندێکیش لە زاری خودی خۆیەوە بلاو کردۆتەوە.

* مام جەلال باری تەندرووستی باشەو بەرو باشتریش دەروات و عیلاج وەردەگرێت.

* باری تەندروستی مام جەلال جێگیرەو دکتۆرەکان دەڵێن بەم زوانە چاک دەبێتەوە.

* دکتۆر نەجمەدین، لای بەڕیز مام جەلال بووم ئیستا حاڵەتی زۆر لەجاران باشترە.

* مام جەلال بەرەو چاکبوونەوەی تەواو دەروات و بە [5] زمان قسەدەکات.

 *مام جەلال بۆ نەورۆز دەگەرێتەوە

* مام جەلال توورەبووە لە بارودۆخی عیراق و هەندێک شتی دیکە.

* ئەو ریکەوتنەی لەگەڵ پارتیدا کردمان سەبارەت بە درێژکردنەوەی وادەی سەرۆکایەتی کاک مسعود، مام جەلال رازی بووە پێی.

*دووهەفتەی دیکە مام جەلال لەرێگەی فرۆکە خانەی سلیمانیەوە دەگەڕیتەوە کوردستان.

*مام جەلال سلاوی ناردوە بۆ خەڵکی کوردستان.

* بەم زوانە مام جەلال دەگەڕیتەوە سەرجێبەجێ کردنی ئەرکە ئیداری و حیزبیەکانی خۆی.

* کوردستانی نوێ نوێترین وێنەی مام جەلال لەگەڵ دکتۆرەکانیدا لە باخچەی خەستە خانەکە بلاو دەکاتەوە.[ بەبی کلیپ]

*کۆمەڵیک ئەندازیاری کورد کە لە ئەڵمانیان بەم زوانە چاویان بە مام جەلال دەکەوێت و خۆشحالی دەربڕیوە بۆ دیداریان.

ئەمانە مشتێکن لە خەروارێکی ئەو هەواڵانەی لە بارەی مام جەلالەوە لە ماوەی رابردوود بڵاو کرانەوە.

چەند پرسیارێک دێنە پێشەوە:

*گەر کەسێک باری تەندرووستی بەرو باشی دەڕوات ئیدی بۆ ڕێگە نادەن کەس بیبینێت؟

*بۆچی تائیستا گەر بۆ چەند چرکەیەکیش بێت دوو قسەی مام جەلال بلاو ناکەنەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە بەڵێ باری تەندرووستی بەرو باشی دەڕوات؟

* بۆچی تەنانەت بەرپرسانی خەستەخانەکەش زیاد لە پێویست نهێنی ئەم مەسەلەیە دەپارێزن؟

لەو کاتەوە تا ئیستا کۆمەڵێک کەسانی حیزبی و ئیداری هەوڵیان داوە بیبینن بەلام هەوڵەکانیان بە بنبەست گەشتوە و بە جۆرەها بەهانە ریگریان لێکراوە.

کاک مەسعود، وابزانم کاک نێچیر، زۆرێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکیەتی، جێگرکەی مام جەلال[خزعل خوزاعی]، سەرۆکی پەرلەمانی عیراقی ئوسامە نوجەیفی، موقتەدا سەدر، ئەندامانی لیستەکەی علاوی.ڕۆژنامە نووسان و کەناڵە تەلەفزیۆنە کوردیەکان، خزمە نزیکەکانی خۆی و زۆر کەسی دیکە.ئەمانە هەموو ویستوویانە مام جەلال ببینن بەلام وەک پێشتر ئاماژەم پیدا ڕێگە نادەن کەس ببینێت.

ئەمەش بۆ خۆی لوغزێکەو پیوستی بە کردنەوە هەیە، جا بۆ کردنەوەی ئەم لوغزە چەند بۆچوونێک هەیە لەوانە:

*لەسەر ئاستی یەکیەتی تا مام جەلال لە ژیاندابێت[تەنانەت بەم دۆخە تەندروستیەی ئیستاشیەوە] ڕیگە نادەن سکرتێری نوێ هەڵبژێرن، لەم حاڵەتەشدا هیرۆ خان دەتوانێت کۆنترۆڵی زۆرێک لە جومگەکانی حیزبەکە بکات، بە تایبەتی دارایی یەکیەتی کەچەند ملیار دۆلارێک دەبێت.

*بەردەوامی ئەم دۆخە تا رادەیەک ململانێکانی ناو یەکیەتی خەفەدەکات، کە بێگومان لە کاتی کۆچی دوایی مام جەلالدا قوڵتر دەبێتەوە.

* پیدەچێت هەندێک کەس لە نیو سەرکردایەتی یەکیەتیدا خۆیان بۆ پۆستە حیزبی یا ئیداریەکەی مام جەلال ئامادەکردبێت، جا لەم دۆخەدا ئەو شتە تەنها ئومێدە و هیچی دی، جا تا شاردنەوەی باری تەندروستی مام جەلال درێژ بکرێتەوە، ئەو ئومیدەش وردە وردە کاڵ دەبێتەوە.

*سەبارەت بە ئیدارەکاردنی ململانێکان لەگەل پارتیدا و مەسەلەی ڕیکەوتنە ئیستراتیجیەکەی نیوانیان، لە حاڵی حازردا وەک خۆی دەمێنیتەوەو گۆرانکاریەکی ئەوتۆی بەسەردا نایەت، کە ئەمەش لە بەرژەوەندی هەردوو لایە بە تایبەتی یەکیەتی، چونکە بە هەڵومەرجێکی پڕکێشەدا گوزەردەکات.

* لەسەر ئاستی عیراقیش گەر بە ناویش بێت لە پۆستەکەی خۆی وەک سەرۆک کۆمار دەمێنێتەوە.وێرای ئەوەی مووجەکەی بەردەوام دەبێت، هاوکات یەکیەتی ناخوازێت ئەو پۆستە لەدەستی کورد دەربچێت، وە دوور نیە هێرۆخان خۆی بۆ ئامادە نەکردبێت، ئەمەش لە حالەتێکدا گەر پۆستی سکرتێری یەکیەتی بە نسیب نەبوو.

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەو گۆڕانکاریە کووتووپرانە بوون لەم دوایەدا ڕویان دا.بۆ نمونە یەکێکی وەک دکتۆر نەجمەدین کە تاکە دکتۆری کوردە ئاگای لە رەوشی تەندرووستی مام جەلال هەیە، پێشتر بەردەوام لێدوانی دەداو خەڵکی کوردستانی لە ساغڵەمی مام جەلال دڵنیا دەکردەوە، ئیستا بەهیچ جۆرێک ئامادە نیە لێدوان لەو بارەوە بدات.

بەرپرسانی نەخۆشخانەکە بە دیسپلینێکی زیاد لە پێوست نهێنیەکان دەپاریزن و دەڵێن دەبێ لەباڵویزخانەی عیراقەوە فەرمانمان بۆ بێت ئەوجا ڕیگە بە لێدوان لەو بارەیەوە دەدەین.کە ئەمەش بۆ دەزگایەکی تەندرووستی ئەوروپی شتێکی نوێیە.

کاربەدەستانی خەستەخانەکە لە ئیستادا نکولی لە بوونی دەکەن لە نەخۆشخانەکەیاندا، یا دەڵێن هیچ نازانین لە بارەیەوە.کە ئەمەس دیسان شتێکی نوییە.

لە هەمووی گرنگتر هەواڵی گواستنەوەی کووتوپڕی مام جەلالە لە خەستەخانەکەوە بۆ شوێنێکی نادیار، کە دیسان تەنها کەسە نزیکەکانی دەزانن لە کوێیە.

وەک دەڵێن هەر لەم ماوەیەدا و پاش گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار، ئەو دۆسیەی پەیوەندی بە مام جەلالەوە هەیە لە خەستەخانەکەدا بزرکراوە.

پێدەچێت هۆکارەکانی ئەم ئیجرائاتانە گەشتنی میدیای کوردی بێت بۆ نەخۆشخانەکە.ئەوبوو بەر لەماوەیک پەیامنیری تەلەفزیۆنی ڕووداوی سەربە پارتی چووە بەردەمی نەخۆشخانەکەو قسەی لەگەڵ قاپیەوانی هەمان نەخۆشخانە کرد.بەلام هیچ زانیاریەکی پێ نەدرا.جا ترسەکە لەوەدایە لە ئایندەدا بەجۆرێک لە جۆرەکان کەسیکی سەر بەو دەزگایە یا سەر بە پاراستن دزە بکاتە نیو خەستەخانەکەو زانیاری ورد لە بارەی مام جەلالەوە کۆبکاتەوە کە ئەمەش مەحاڵ نیە.

بەدەر لە مانە من وای بۆ دەچم سەرکردایەتی پارتی تا رادەیەک ئاگایان لە ڕەوشی تەندرووستی مام جەلال هەیە.هەروەها سەرکردایەتی یەکیەتیش.بەلام پێدەچێت زۆر بەووردی هەمووشت نەزانن.جا گەر بپرسین کە هۆکار چیە باسی ناکەن، ئەوە دەگەریتەوە بۆ ڕیز گرتن لە خواستی خانەوادەکەی مام جەلال کە دەیانەوێت ئەو باسە بە نهێنی بمێنێتەوە.بەڵام وەک مەسیجێک بۆ یەکیەتی کە پێیان بڵین ئیمە وەک پارتی بێ ئاگا نین لەو مەسەلەیە دوو هەواڵیان بلاو کردەوە.یەکەم ئەو بابەتەی کە ڕیبوار کەریم وەلی لە رۆژنامەی ڕوداو نووسی، کە مام جەلال مردوە ئەمەش دیارە بە ئیعازی پارتی بووە، دووەم دزە پێکردنی ئەو هەواڵەی کە گوایە نێچیرڤان بەرزانی بە کۆمەڵێک کادیری پارتی گووتووە کە مام جەلال کۆچی دوایی کردوە، وە پاش ماوەیەک هەر خۆیان هەواڵەکەیان بەدرۆ خستەوە.

بەرای من نەک هەر پارتی ئیمڕۆ هاوڵاتیانی هەرێمیش باش دەزانن کە مامەلەکردن بەم شێوە گوماناویە ناشارستانیە بە تەندرووستی مام جەلالەوە، گوومانەکە قووڵتر دەکاتەوە و پێمان دەڵێت شتەکان بەو جۆرە نین کە بتوانن قەناعەت بە خەڵکی بهێنن.

لە کۆتایدا دەپرسم لەکوێی دونیادا رویداوە[گەر لای ئیمە نەبێت] ژیان و تەندرووستی کەسێک بۆ گەمەی سیاسی و بەرژەوەندی ئابووری بەکاربهێنرێت، وە ئەم گەمەیە تا کەی بەردەوام دەبێت؟

بێگومانم ڕۆژێک دێت شتەکان وەک چۆن ڕویانداوە ئاشکرا دەبن، جا ئەو دەمە چ پاساوێک وەردەگرین؟ با چاوەڕێ بین.

 

 

ئەو یاداشتەی جیهان خوێندیەوە . . . گۆران هەڵەبجەیی

گۆران هەڵەبجەیی 22 August 2013

لەسەروبەندی دەسەڵاتی نازیەکان لە ئەڵمانیا، جولەکەکان کەوتنە بەر هیرشی بێبەزەیی  هیتلەریەکان . سەرەتا بە دەرکردنیان لە کار، پاشان دەستگرتن بە سەر سەروت و سامانیانیاندا ئەوجا کۆکردنەوەیان لە گەتۆکاند، لە قۆناغی کۆتایشدا کوشتنیان بە گاز و بە سوتاندن لە فڕەنەکاندا لە کەمپەکانی مەرگدا. ئەم کردەوە دژە مرۆڤایەتیە جولەکەکانی سەرجەم ولاتانی ئەورپای ژیردەستی نازیەکانی گرتەوە . وەک چۆن سەدام ناوی ئەنفالی نابوو لە ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی کورد، هیتلەریش ناوی [چارەسەری کۆتایی] لەو ئۆپەراسیونە نابوو.

یەکێک لەو خێزانانەی کە لە شاری فرانکفۆرت لە ئەڵمانیا دەژیان، خێزانی   [فرانک ئۆتتە] بوو .    

دەمێک پلانەکەی هیتلەر کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بە ئومێدی قورتار بوون لە دەستی هیتلەر، ئەم خێزانەش وەک هەزارەها خێزانی دیکەی جولەکە لەسەرەتای سیەکانی سەدەی رابردوودا ئەڵمانیایان جێهێشت . ئەمان ڕویان لە هۆڵەندە کرد و لە ئەمستەردام سەقامگیر بوون، بەلام هەرگیز بە خەیاڵیاندا نەداهات هیتلەر لەوێش دەستی بگات پیان و لە نێویان بەرێت.

لەسەرتای جەنگی جیهانی دووەمدا سوپای هیتلەر زۆربەی ولاتانی ئەورپای داگیر کرد، لە نێویاندا هۆڵەندا.

 لەو ولاتانەش ڕەشبگیری جولەکەکانی دەست پێکردو هەموویانی نارد بۆ کەمپەکانی مەرگ بەتایبەتی ئەوەی پۆلۆنیا کە چەندین ملیۆن جولەکە بوونە کەرەستەی فڕن و ژوورە غازەکان کە لە مندالی شیرەخۆرەوە تا مرۆڤی زۆر بەتەمەنی تێدابوو.

دەمێک خێزانی[فرانک ئۆتتە] ئاگادار کرانەوە کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ گواستنەوەیان بۆ کەمپەکانی مەرگ، لێ ئەوان لە بری ئەوە  خۆیان بۆ ژیانێکی نوێ ئامادە کرد، ئەویش ژیانی خۆشاردنەوە بوو.

باش دەیانزانی ڕیگای یەکەم نەگەرانەوەیە بە زیندویەتی، بەلام ڕێژەی مانەوە لە ژیاندا لە هەڵبژاردنی ڕیگای دووەمدا گەر کەمیش بێت باشترە.

بۆ ئەم مەبەستە ئەم خێزانە لە ماڵەکەی خۆیان بەشەو بە نهێنی دەرباز بوون و چونە ئەو بینایەی کە نووسینگەو هاوکات گەنجینەی کۆمپانیاکەیان بوو، کۆمپانایای فرۆشتی کژوگیای سرووشتی.

 ئەم خێزانە لەوێ لە ڕێکەوتی6. 7. 1942 لە نهۆمی سەرەوە لە بەشی پشتەوە کە دۆڵابێکی کتێب ڕیگەی هاتووچۆیان بوو، دەستیان بە ژیانێکی نوێی پڕ مەترسی کرد.

چەند کەسێک یارمەتی ئەم خیزانەیان دەدا و خوردن و پێداویستەیکانی ژیان و هەوالێان بۆ دەهێنان، ئەوانیش بڕێک لە کارمەندەکانی کۆمپانیاکە بوون کە خۆیان خستبووە نێو مەترسیەکی گەورەوە . چونکە هەرکەس جولەکەی حەشار دایە سزاکەی کوشتن بوو.

ئەم خێزانە کچێکی تەمەن نیوان دوانزە بۆ سیانزە ساڵەیان هەبوو بە ناوی ئەننا، کە لەدایبووی12. 6. 1929 بوو، ئەم کیژۆڵەیە زۆر زرنگ و هۆشیار بوو، زۆر حەزی بە خوێندنەوە بوو، هەر لەو تەمەندا ئارەزووی نووسین لای چەکەرەی کردبوو. وەک لە یاداشنامەیەکدا ئاماژەی پیدابوو حەزی دەکرد لە ئایندەدا ببێتە ڕۆژنامەنووس.

بیهێننە بەرچاوی خۆتان خێزانێک لە پانتاییەکی چەند مەتریدا بەبێ بوونی هیچ کەرەستەیەکی کات بەسەربردن، دابران لە ژیان و خۆشیەکانی، لەهەمووی خراپتر بیرکردنەوەی بەردەوام لە ئاشکرابوون و ڕاپێچکردنیان بۆ مەرگ. ئا لەم دۆخەدا چ شتێک هەیە هێز بە مرۆڤ ببەخشێت و گیانی بەرنگاربوونەوەو ئومێدی پێ ببەخشێت؟ ئەننا وەڵامی ئەم پرسیارانەی لە خوێندنەوەو نووسینی بەسەرهاتی ڕۆژانەی ئەو بەندیخانە ناچاریەدا دۆزیەوە.

ئەننای کیژۆڵە ڕۆژانە لە دەفتەرە گچکەکەیدا زۆربەی ڕوداوەکانی ئەو خێزانە و خێزانیکی دیکەی جولەکە کە ببوونە هاوبەشیان لەو حەشارگایەدا یاداشت دەکرد. زۆر جار لە زهنی خۆیدا پالی بە دیوارەکانەوە دەناو لە بارەی خەڵکەکانی نیوشەقامەکان، کوچەو کۆڵان و قوتبخانەو هاوەڵەکانیەوە شتی یاداشت دەکرد. لاپەڕەکانی ئەو کیژۆڵەیە کامیرایەکی ڕاسگۆ و ڕاستەخۆبوون کە گوزارشتیان لە ژیانی پڕ چەرمەسەری ئەو کەسانە دەکرد. لە درزی پەنجەرەیەکی بچوکەوە درەختە مەزنەکەی بەردەم کلیساکەش پانتایەکی زۆری لە یاداشتنامەکەیدا داگیر کردبو، باسی هەڵسوکەوتی باڵندەکانی کردبوو کەچۆن بەسەر چڵەکانەوە دەنیشنەوە، چی دەکەن چۆن دەخوێنن چۆن شەڕە دەنوک دەکەن. بیننی دونیای دەرەوەی ئەننا تەنها لە ڕێگەی ئەو درختە مەزنەوە بوو کە دەبوو ڕۆژانە بەسەری بکاتەوەو لەبارەیوە بنووسێت.

سەرلە بەیانی رۆژی 4. 08. 1944 رۆژێکی شووم بۆ بۆ خێزانەکەی ئەننا، لەو رۆژەدا کاتژمیر هەشت پۆلیسی نهێنی نازیەکان[گستاپۆ] دیان بەسەر مالەکەیانداو هەمویان دەستبەسەر کردن.

ئەمەش دوای هەواڵگیریەک ڕوویدا کەتا ڕۆژی ئەمڕۆش ئەو هەواڵبەرە ئاشکرا نەبوو.

پاش ئەوەی ئەم خێزانە بۆ ماوەی دووساڵ و مانگێک لەو حەشارگایەدا مانەوە، بەرو ئەڵمانیا بەری کران، لەوی لە باژێڕی بێرگن لە کامپێکی مەرگدا نیشتە جێکران.

لەو کەمپە بەهۆی جۆرەها نەخۆشیەوە ڕۆژانە هەزارەهایان لی دەمرد.

دایکی ئەننا لە برساندا کۆچی دوایی کرد، زۆری نەبرد ئەنناو خوشکە گەورەکەی [مەرگۆت] بە نەخۆشی تیفۆید لە سەرتای مارسی 1945 دا گیانیان سپارد.

ئەو کەسانەی هاوکاری ئەو خێزانەیان کردبوو دوانیان خیرا ئازاد کران و دوانیشیان بۆ ماوەی مانگو نیویک بەند کران. هۆکاری نەکووشتنیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جەنگ بەرەو کۆتایی دەرۆشت و ئاکامەکەشی دیاربوو، بۆیە کاربەدەستانی هیتلەر وەک پێشوو دڵسۆزیان نەدەنوان، بەڵکو کەمێک نەرمیان دەردەخست، بەتایبەت بەرامبەر بە غەیرە جولەکە.

[میپ گیس] یەکێک لە هاوکارانی ئەو خیزانە پاش بەربوونی دیتەوە بۆ حەشارگاکەی خێزانەکە لەوێ، چاوی بە یاداشنامەکەی ئەننا دەکەوێت کەهەندێک لە پەڕەکانی لەسەر زەوی کەوتبوون، کۆیان دەکاتەوە و لەگەل هەندێک وێنەی خێزانی لای خۆی هەڵیان دەگرێت، بەو ئومیدەی کە جەنگ کۆتایی هات بیانداتەوە بە ئەننا، بەڵام ئەفسوس ئەننا نەگەڕایەو، لەو خێزانە تەنها باوکیان واتە[فرانک ئۆتە] گەرایەوە کەئەوش لە کەمپێکی دیکە بووە.

 لە هۆڵەندا [107000] جولەکە بران بۆ کەمپەکانی مەرگ لەو ژمارەیە تەنها[5000] یان گەرایەوە. هەر لە هۆڵەندا زۆر خیزانی دیکە وەک خێزانی ئەننا لە حەشارگەدا دەژیان کە ژمارەیان [30000] کەس دەبوو . لەو ژمارەیە هەندێکیان وەک خیزانی فرانک ئاشکرا بوون و زۆریشیان بەخت یاوەریان بوو، پاش کۆتایی جەنگ ژیانێکی نوێیان دەست پێکردەوە.

دەمێک باوکی ئەننا گەڕایەوە [میپ گیس] ئاداشنامەکەی تەسلیم کرد، کە بۆ ئەو زۆر سەرسوڕهێنەر بوو، بۆ یە بڕیاری دا بە چاپی بگەیەنێت، ئەوەبوو سڵی 1947 بۆ یەک جار بە زمانی هۆلەندی بەچاپ گەیەندرا. وە بۆساڵی 1952 بە ئینگلیزیش کەوتە بازارەوە. بەدوایدا وەرگێڕداریە سەر زۆرترین زمانی جیهانی. وێرای بەچاپ گەیاندن ئەم یاداشتنامەیە کرایە فلیم[کەمن بۆ خۆم فلیمەکەم دیوە]، شانۆگەریی، ئۆپەرا بالێت. ئەو یاداشنامەیە تائەمڕۆش جێی مشتمڕی نووسەران و کەسانی نیو بواری ئەدەبیە، زۆربەیان لەسەر ئەوە کۆکن کە بەشیوازێکی زۆر جوانی ئەدبی نووسراوە کە بووتە مایەی سەرسوڕمانی ئەو جۆرە کەسانە، ئەمەش توانا و بەهەرەی نووسین و داڕشتنی یاداشت لە چوارچێوەی ئەدەبیدا لای ئەو کیژۆڵەیە نیشان دەدات .

لەو دەمەوە واتە لەدوای کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە تا ئیستا بەردەوام ڕۆژانە گەشتیاران سەردانی ئەو حەشارگایە دەکەن، کە کراوەتە مۆزەخانە، لەوێدا هەندێک کەلوپولی بەجێماوی خێزانەکەی تیدایە.

دەلێن ساڵانە چەندین ملێۆن کەس سەردانی دەکات، وە بۆ گەشتن بەو ماڵە گەرەکە مرۆڤ بەلای کەمەوە کاتژمیرێک لە سەرەدا چاوەڕێ بکات،

سەرنج/

*شایانی ئاماژەیە ئەو درەختەی ئەننا لە بارەیەوە نووسیویەتی بەر لە چەند ساڵێک دوچاری نەخۆشیەک بوو کە دەبوو ببڕێتەوە، چونکە مەترسی کەوتنی لیدەکرا بەسەر یەکێک لە بیناکاندا، بەڵام نارەزاییەکی زۆر وای لە شارەوانی کرد واز لە بڕینەوەی ئەو درختە ببهێنن و چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە، ئەویش دانانی قاڵبێکی کۆنکرێت بە چواردەوریدا، کە بەمەش ترسی کەوتنی نەما.

*ئەم یاداشتنامەیە بریتیە لە نیشاندانی دڕندەیی نازیەکان، هاوکات هەوڵدانە بۆ مانەوە لە ژیاندا بەهەرشیوەیەک بێت.

وەک ئاگاداربم 10 کەس لە ئەنفال ڕزگاریان بووە، چیرۆکی زۆربەیانم خوێندەتەوە کە بەڕیز عارف قوربانی لەگەڵیاندا دواوە. هەر یەکێکیان چیرۆکێکی هێندە غەمناک و پر مەترسی، مرۆڤ لە کاتی خوێندنەوەیدا مچووڕکە بە گیاندا دێت. پرسیار ئەوەیە، ئایا ناکرێت وەزارەتی شەهیدان یا وەزارەتی ڕۆشنبیری،  هەمویان نا تەنها یەکێک لەو چیرۆکانە بکات بە فلیم، بەتایبەتی ئەوەی تەیموری 10 ساڵان، تا ببێتە دۆکۆمەنتێک لەسەر دڕندەیی ڕژێمی سەددام؟ بەلام مەخابن ئەوانەی دەتوانن بەو ئەرکە نەتەوەییە هەستن زۆر زۆر بێباک و کەمتەرخەمن لە ئاست ئەو کارانەدا.

بەڵگەشم بۆ قسەکەم ئەوەیە پاش تێثەڕبوونی ئەم گشت سالە بەسەر ئەنفالدا، گچکەترین هەنگاو لەو بارەوە نەنراوە.

 

 

 


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

[گەشتێک بۆ ولاتی هاوڕێیانم]، گوزارشتێکی ڕاستگۆیانە لە دۆستێکەوە ...گۆران هەڵەبجەیی

گۆران هەڵەبجەیی 09 August 2013

[چەند جوانە دەمێک مرۆڤە نامۆکان بەڕێکەوت دەبنە برادەرمان، چەند ئەستەمە دەمێک برادەرەکانمان لە ناکاو لێمان دەبنە نامۆ ]

ڕاستگۆترین و بەوەفاترین دۆست ئەو دۆستەیە کە هەستی ئینسانی دەیبزوێنێت، خۆی عەوداڵی دۆستایەتیە، هیچ بەرژەوەندیەکی لە دۆستایەتیەدا نیە، چاوەڕێی پاداشت ناکات، بەتەمای مەدالیا نیە.بەسەر فەرشی سووردا ناروات.

ئێمەی کورد خاوەنی دۆستی کەمین، ئەوانەش هەن بڕێکیان بەرژەوەندی دەیانکاتە دۆست و هەربۆیەش لەدەمی نەمانی بەرژەوەندیەکەیاندا دۆستایەتیەکەش دەبێتە دوژمانەیەتی، یا لە باشترین حاڵەتدا کاڵ دەبێتەوە.

 بڕێک لەو دۆستانەی لەسەردەمانێکدا بۆمان دەگریان، دەمێک دەهاتنە کوردستان بە جوانترین شیوە خزمەت دەکران، تەنانەت گیرفانیشیان گەرم دەکرا .بەڵام کە دەگەرانەوە لەو دۆستایەتیە و لە هەڵوێستیان پاش گەز دەبوونەوە، بگرە قسەی نابەجێشیان پیدەگووتین.

لەتەک ئەمانەشدا بڕێک دۆستمان هەن کە ڕێکەوت کردوونیەتە دۆستمان، بە نزیک بوونەوەی زیاتر لێمان، دۆستایەتیەکەیان پتەو تر بووە، هەست و سۆزیان بەرامبەرمان قووڵتر بووە، زیاتر خۆشیان ویستووین .بەداخەوە ئەو جۆرە دۆستانە دەگمەنن، بەڵام سەنگ و نرخی خۆیان هەیە و هەر ئەو جۆرە دۆستانەش بۆ ئێمە پێویستن.

یەکێک لەو دۆستە بە ئەمەکانە هونەرمەندی شیوەکاری دانمارکی ئەنێتا ئەسپاندەرە.ئەم مرۆڤە کەس داوای لێنەکرد ببێتە دۆستمان بەڵکو خۆی گەرا بەداوی دۆستایەتیدا، یا گونجاوتر بڵێم ڕێکەوت کردیە دۆستمان.سەرەتا لەڕێگەی چەند کوردێکی نیشتەجێی دانمارک، کوردی ناسی، بەتایبەت ڕۆمان و چیرۆک نووس کاک کاروان کاکە سوور و شانۆکار میدیای رەئوف بێگەرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی زیاتر خولیای ناسینی کورد بوو، بازنەی هاوڕیەتیەکەی فراوان بوو،  سنووری دانمارکی تێپەڕاند و لە ئەورپاو لە کوردستان کۆمەڵێک دۆستی نوێی بۆ پەیدا بوو، بەتایبەت لە نیو توێژی ڕووناکبیراندا، ئیستا هاوڕێکانی لە زیابووندایە بەتایبەتی لەسەر تۆڕی فەیسبووک.

لەم ڕووەوە کاروان کاکەسوور لەپێشەکی ئەم سەفەر نامەیەدا دەڵیت.ئەنێتا پێوستی بە من نیە بە خوێنەری بناسێنم، لە کاتێکدا ئەو ژنە هونەرمەندە لە هونەری ناسینی خەڵکدا توانایەکی دانسقەی هەیە.ئەو ئەمڕۆ لە من زیاتر خەڵکی کوردستان دەناسێت، تەنانەت بە پێی ئاگاداری خۆم یەک دوو منداڵی کورد، لەبەر خۆشەویستی ئەو هونەرمەندە ناوی [ئەنێتا] یان پی بەخشراوە.

 

بانگهێشت بۆ کوردستان

گەر بە هەڵەدا نەچووبم سالی 2009 لە کۆبنهاگن پێشەنگایەکی خۆی کردەوە، وەک بەندە بابەتێکم لەسەر ئەو پێشەنگایە نووسی، هەموو تابلۆکانی ئەو پێشەنگایە تایبەت بوون بە سرووشتی کوردستان .پێشتر ئەنێتا کوردستانی نەدیتبوو، تەنها خۆشەویستی بۆکوردستان پاڵنەر و ئیلهامهێنەر بوون بۆ تابلۆکانی، هەر بۆیە لە دوای ئەو پێشەنگایە کۆمەڵێک لە بەهرەمەندانی کورد بوونە دۆستی کە لەزۆربەی بوارە ئیبداعیەکاندا چالاکن .

زۆری نەبرد لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە لە سلیمانی بانگێشت کرا بۆ نمایشکردنی تابلۆکانی لە کوردستان .کاک کاروان کاکەسوور هاوسەفەری بوو، پاشان میدیای رەئوف بێگەردیش گەشتە لای .

زادی ئەو سەفەرەی کە پتر لە مانگێکی خایاند کردیە کتێبێک بەناوی[گەشتێک بۆ ولاتی هاوڕێیانم] .

ناواخنی کتێبەکە جگە لە وێنەکان 104 لاپەرەیە بە قەوارەی [ئەی 5 ] کتێبەکە کتێبێکی شیاکاری زانستی نیە سەبارەت بە کوردستان بەڵکو تەنها یاداشتێکی سەرپێیانەیە بۆ ئەو سەفەرەی.وەک لە پێشەکیەکەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمدا هاتووە [ئەم گەشتەی ژنە هونەرمەندی دانمارکی {ئەنێتا } بۆ کوردستان نووسینی سەفەر نامەیەکی پرۆفیشناڵ نیە کە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ژیانی هەمەلایەنەی خەڵکی ولاتێک نووسرابێت، ئەمە گەشتێکی ئاسایی و کەم خایەنی مرۆڤێکی هونەرمەندی ئەوروپاییە کە بە گیانێکی دۆستانەی پڕ لە سۆزی قووڵەوە بۆ گەلێک نووسراوە].واتە کتێبێکی سادەیە بەڵام پر مانا، دەربڕێنێکی پڕ هەستە، لەناخی مرۆڤێکی خاوەن شارستانیەوە هەڵقوولاوە.راستگۆیانە دیارەدە و رووداوەکانی یاداشت کردوە، .نەهاتووە لەبەر خاتری برادەرە کوردەکانی دیاردە ناشیرین و دزیوەکان پەردەپۆش بکات یا ئارایشتیان بکات، گەر وای بکرادایە لە دۆستایەتی دەردەچوو، دەچووە خانەی مجامەلەی بیتام و بێ ماناوە.هەرچی شتە جوانەکانیش هەن بێ ئەوەی زیادەڕۆییان تێدا بکات وەک خۆی گوزارشتی لێوە کردون .

ئەنفال

کتێبەکەی بە پرسیارێکی زۆر سەرنج ڕاکێش دەست پێکردووە، [بۆچی دەبێت ئەم کتێبەی من بە وشەی ئەنفال دەست پێبکات؟]

هەر لە وەلامدا خۆی دەڵیت هەر ئەو وشەیە بوو کورد و منی بە یەکتر ناساند، بۆیە ئەنفال دەبێتە ناونیشانی یەکەم بەشی کتێبەکەم.

پاشان ئەنێتا دێت باسی وشەی ئەنفال دەکات و شرۆفەی دەکات، هاوکات باسی کاریگەری ئەو وشەیە دەکات لە سەر تاکی کورد.ئەنێتا لەم بارەوە دەڵیت، گەرچی لەسەر بەکارهێنانی وشەی ئەنفال لەلایەن سەددامەوە بۆ پڕۆسێسێکی قەلاچۆکردن، لەوانەیە کوردەکان کۆک نەبن بەلام هەموویان لەوەدا هاوڕان کە سەددام لە دڕندەیدا وێنەی نەبووە.

لەهەمان باسدا سەبارەت بە ئەنفال و دەنگدانەوەی لای نەتەوەکانی تری ڕۆژهەلاتی ناوەراست دەڵیت، ئەوان بەگشتی سەددام حوسەین بە موسوڵمانێکی خواپەرست و بەرگریکار لە ئیسلام دەزانن.وە هیچ سۆزیکیان بۆ کورد نیەو هەق بەسەدامیش دەدەن لە مەسەلەی چەوساندنەوەی گەلی کورددا.دەڵی بەپێجەوانەوە کوردەکان ڕێز لە کەسانی تر دەگرن بە ئەندازەی زیاتر لە هاولاتیانی خۆیان .

بڕێک لە خەسڵەتەکان

هەر پەیوەست بەم بابەتەوە دەڵێت، ئەوەی من لە کوردەکانم بەدی کردووە، ئەوەیە ئەوان هەرگیز موسوڵمانی وشک نین، بەڵکو بەگشتی زۆر کراوەن، شێوازی پۆشینی جل و بەرگ، حەزکردن لە موزیک و بەشداریکردنی کوڕو کچیان لە ئاهەنگەکاندا، ئەو شتانەن کە بەئاشکرا دەڵین کورد بە دوای ژیان و جوانیدا دەگەرێت.

مەسەلەی قسەی خۆش و نوکتە خاڵێکی دیکەیە کە ئەنێتا لە میانەی تێکەڵاویدا لە گەل کوردەکاندا هەستی پێکردووە.ئەوەتا دەڵی گەر کەسێک ئەو هەموو نەهامەتیانەی لەبارەی کوردەوە زانیبێت، هەرگیز باوەڕ ناکات ئەوانە هێندە بەزەوقبن.نوکتەو گاڵتەو گەپ ئەو دوو خوسلەتەن کە کوردیان پی دەناسرێتەوە، لە گێرانەوەو بەسەرهاتی خۆش و نوکتەدا هەموویان ئەکتەری لێهاتوون.

لە شوێنێکی دیکەدا باسی ڕۆلی ژن دەکات لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا و دەڵیت، لە کۆبوونەوەکاندا ژنان ڕۆڵی بەرچاویان هەیە و جیاوازی نیوان مێ و نێرم نەدیوە، لە درێژەی ئەم باسەدا دەڵێت، خێزانە کوردەکانی نیشتە جێی دانمارک بایەخێکی زۆر دەدەن بە منداڵەکانیان هەموویان لە بوارەکانی موزیک سینەما شانۆ ئەدەب و وەرزشدا بەهرەمەندن.لەلایەکی دیکەوە سەبارەت بە تاوانی ژن کوشتن دەڵی، کۆمەڵگای کوردیش وەک کۆمەڵگاکانی دیکە ژنی تیدا دەکوژرێت، مندال وەک پێویست ڕێزی لی ناگیرێت بایەخ بە ژینگە نادریت، واتە کورد فریشتە نین.بەڵام ئەگەر بڕیارە ئەوانەی فریشتە نین، خاکیان لی زەوت بکرێت، زمانی دایکیان لی قەدەغەبکرێت، ئەنفال بکرێن، ئاوارە بکرێن، ئەوا کورد لە دوای هەموویانەوە دێت.

ئەنێتا خولیای ئەوەبووە کە پتر لە بارەی ئەو میللەتەوە بزانێت کە تازە ئاشنا بووە پێیان، دەلێ ویستوومە بزانم ئەو گەلە بۆچی لەلایەن دراوسێکانیەوە هێندەی زوڵم لێکراوە و لەبەرچی ولاتانی دونیاش تارادەیەکی زۆر چاویان لەو هەموو زوڵمە پۆشیوە.

دیارە بۆ وەرگرتنی زیاتر زانیاری، ئامێتە بوون کوورتترین ڕێگەیە، بۆیە لەم بارەوە دەڵی، من لە دانمارک هێندەی لە ئەنجامی تێکەڵبوونم لە گەڵ کورددا لە کەلتوور، شێوازی بیرکردنەوە، بەهاو نۆرمەکانی ئەوانەوە تێگەشتم، هێندە لە ڕێگای خوێندنەوەوە لێیان تێنەگەشتووم، بەردەوام بوونم لەو تێکەڵبوونە ئینسانیە بۆ تێگەشتنی زیاتر و ئاسودەیی زیاتر بووە.

 هەر زۆر جار برادەرە کوردەکانیش ئەو پرسیارەیان لی کردووە [ئایا تۆ کوردستانت دیوە؟] هەر ئەم پرسیارەش هاندەرێکی دیکە بووە کە ئەنێتا سەردانی کوردستان بکات.

دۆستایەتی

ئەنێتا زۆر بە سادەیی بەلام پڕ ماناو مەغزا تاریفی دۆستایەتی لای تاکی کورد دەکات و دەڵێ .هاوڕییەتی لای کورد ئەگەرچی زۆر بە خیرایی و چەند بڵیی بە ئاسانی دادەمەزرێت، بەڵام تا بڵێی مانایەکی گەورەشی هەیە، لەماوەیەکی کەمدا وات لێدەکەن تۆ وا هەست بکەیت تەمەنی خۆتت لەگەڵ ئەواندا بەسەر بردووە، باوەڕی تەواوت پیدەکەن، پشتت پێدەبەستن، هاوکات ئەو هەستەت لا دروست دەکەن، کە ئەوانیش لەوە دڵنیان کە تۆ پشتوپەنای ئەوانیت و ناپاکی لەو هاوڕییەتیە ناکەیت.

ئەم بۆچوونەی ئەنیتا دەشی بۆ چەند حالەتێک درووست بێت بە تایبەت بۆ مرۆڤ دۆستەکان کە دۆستایەتیان دلسۆزی و پاکی سەرچاوەکەیەتی، بەلام بۆ زۆر حاڵەت بەپێچەوانەیە، هەر ئەو خۆشباوەڕیەیە لەکن کورد کە زۆر جار پشتوپەناکانمان لە کاتی پێوست و نەهامەتیەکاندا پشتیان تیکردووین و دەرکەوتووە ئەوان دۆستامان نەبوون بەڵکو دۆستی بەرژەوەندیەکنیان بوون، وە مێژووی دورو و نزیکمان ئەمەی سەلماندوە.

ئەنێتا لە دانیشتنەکانیدا لەتەک بڕێ لە کوردەکانی دانمارک ئەوەی بۆ دەرکەوتوە کە کوبوونەوەی کوردەکان تام و چێژی تایبەتی هەیە.دەڵی کورد هەرگیز بێباک نین هەمیشە مێژووی خۆیان لە بیرە کە پرە لە کارەسات، بەلام هێزی خۆیان لە قسەی خۆش، پێکەنین، گۆرانی و هەڵپەڕکێ وەردەگرن.

کەسێکی بێگانەی وەک ئەنێتا دەرکی بەوە کردوە کە زۆرێک لە گەنجەکانمان بەهیوان ڕۆژێک بگەنە هەندەران و وڵاتی خۆیان جی بهێڵن، کە هەم بۆ من و هەم بۆ ئەنێتاش جێی پرسیارە، کە ئەو هۆکارانە چین پاڵ بەو گەنجانەوە دەنێن زێدی خۆیان جێ بهێلن؟ کێ بەر پرسە لەم لایەنە؟ چۆن دەکرێ ڕێگە لەو کۆچە بگیرێت کە تا ئیستاش بەردەوامە؟

کەماسیەکی دیکە کە ئەنێتا دەرکی پێکردوە، نەبوونی کتێبێک یا دەلیلێکی گەشتیاریە کە گەشتیاری بێگانە بتوانێت پشتی پێ ببەستێت،  ئەمەش ئەرکی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزارە، لەم بورەدا دەڵی، هەندێک کتێب لە بارەی کوردەوە هەن بەلام هیچ یەکێک لەو کتێبانە تایبەت نین بەسەفەر بەڵکو کتبی گشتین کە ڕۆژهەڵاتناس و رۆژنامەنووسەکان لە بارەی کوردەوە نووسیویانە،  لەگەڵ گرنگی ئەو کتێبانەدا بەڵام بەداخەوە نەیانتوانیوە سیمای کورد بە جیا نیشان بدەن و ئازارەکانیان بە ڕوونی دربخەن.

لەگەڵ نەبوونی ئەم جۆرە کتێبانە کە پێی دەوترێت [دەلیلی گەشتیاری] ئەنێتا دەڵیت، ئەوە نەبوونە کێشە بۆم چونکە لای من چێژ لەوەدایە مرۆڤ خۆی شتەکانی بەردەمی خۆی ببینێت نەک کەسێکی تر نیشانی بدات.

ئەنێتا بۆ یەکەم جار بەبی [ڤیلی] هاوسەری سەفەر دەکات، سەفەرەکەش بۆ کوردستانە، لێ ئەو هەست بە تەنیایی ناکات بەڵکو وا دەزانێت بۆ وڵاتی خۆی دەگەریتەوە، وەک خۆی دەڵێت،

گرنگە کەسانێک هەرگیز نەیاندیویت بەلام بە هاوڕێ و کەسوکاری خۆیانت دەزانن، وە هەموویان پێت دەڵین[تۆ هەر دەبی بێیتە مالی ئێمە، ئەنێتا، بەپەرۆشەوە چاوەڕێت دەکەین، ئەنێتا].

گرفتەکانی سەفەر

لە کاتی سەفەرەکەیدا ئەنێتا چ لەمسەر و چ لە گەرانەوەیدا زۆر زەحمەتی تووش هات، زۆر دواکەوت زۆر چاوەڕوانی کرد، ئەمانەش بە هۆی نارێک وپێکی و کەم تەرخەمی بازرگانە چاوچنۆکەکانەوە بووە، کە گەمە بە خەڵک دەکەن.دەڵی من زۆرم پێناخۆشە کە کورد لەو فرۆکەخانانە بەدەستی چەند بازرگانێکەوە فریو دەدرێت و زوڵمی لێدەکرێت، بی ئەوەی هیچ کەسێک، هیچ لایەنێکی فەرمی بەرگری لی بکات، کە زۆربەیان کۆمپانیای وەهمین.بۆ نمونە لە سەفەرەکەیدا بەرەو کوردستان پاش ئەوەی ڕۆژێک لە چاوەڕونیدا بوون و فرۆکە نەهات ناچار بووە لە باژێرێکی دیکەوە بفڕێت کە لەوێش بە بیانویەکی زۆر بێ مانا پتر لە نیو ڕۆژ دواکەوتوە، گوایە فڕۆکەوانەکە ماندووە و بۆ ئەوەی پلەی سەلامەتییان زیاتر بێت، پێویستی بە خەوە.

یا لە گەڕانەوەدا پیان وتوون فڕۆکەی گەورەترتان بۆ دابین دەکەین، بێ ئەوەی ئەوان فرۆکەی یەکەمیان دیبێت داخۆ گەوریە یا بچوکە، پاشان خۆ ئەوان فڕۆکە ناکڕن تا پەیوەندی بە قەبارەی فڕۆکەوە هەبێت.بەداخەوە ئەم جۆرە کردارانە تەنها لە کۆمەڵگە ڕۆژهەلاتی و دواکەوتووەکاندا بەدی دەکرێن و جۆرێکن لە هەڵخەلەتاندن.

ئەنێتا لەم ڕوەوە دەڵیت، هێنانی فرۆکەی گەورە بۆ پێکەنین نەبێت بۆ شتێکی کە باش نیە، یا دەڵیت ستافی ئەو کۆمپانیایە لە درۆکردنیشدا شارەزانین.

تابلۆی کەرکوک

دەمێک ئەنێتا و کاروان کاکەسور بەرەو هەولێر بەکەرکوکدا تێدەپەڕن، ئەنێتا ئەو تابلۆیەی دێتەوە یاد کە بۆ کەرکوک کێشاویەتی، بەناوی[کەرکوک لەسەردەمی گوڵ و کۆتردا] .سەبارەت بەو تابلۆیە کوردێکی زۆر دەستخۆشیان لێ کردوە، بەڵام بڕیک لە مرۆڤی دەروون نەخۆشی ڕاسیست هەرەشەیان لێکردووە کە دراوسێی کوردن.پێان وتوە تۆ کارێکی نامرۆڤانەت کردووە و دەتدەینە دادگا.لەمەدا ئەنێتا دەڵیت، سەیرە پێدەچێت ئەوانە حەز بکەن پێیان بووترێت دڕندە، بەڵام ڕازیی نین بە گول وکۆتریان بزانیت.ئەمەش تەنها بەهۆی ئەوەی ناوی کوردم هێناوە.ئەنێتا پێی سەیرە کە کەسانێک یا ڕژێمێک زمانی دایک قەدەغەدە دەکەن، منداڵ و پیری کورد دەکوژن نەدرێنە دادگا، بەڵام ئەوێک کە باسی تەبایی و دۆستایەتی نێو گەلانی کردووە، بدرێتە دادگا.

سەیر لەوەدایە ئەو تابلۆیە لە پاش پێشەنگاکەی کۆبنهاگن ون بوو، کە تا ئێستاش نازانێت چۆن ونبووە.

بەڵێن نەشکاندن.

ئەنێتا زۆر ئارەزووی دەکرد سەردانێکی باژێڕی کەرکوک بکات بەڵام بەهۆی ئەوەی بەڵێنی بە ڤیلی هاوسەری دابوو کە ناچێتە ناو شاری کەرکوک، بەڵێنکەی بردەسەر و نەیشکاند.ئەمەش جۆرێکە لە بەوەفایی و ڕێزگرتن و بەڵێن نەشکاندن.هاوسەرەکەی ئاگاداری بارودۆخی عیراق وکوردستانە، دەیزانی بەردەوام لە کەرکوک کاری تەرۆرستی ڕوودەدەن، بۆیە تکای لە ئەنێتا کردبوو کە نەچێتە ناو کەرکوک.

لە ڕێگە بۆ هەولیر، بۆ نانخواردن لە ڕێستورانتێک لادەدەن، ئەنێتا لەوێدا شتێکی سەیر بەدی دەکات ئەویش دانیشتنی کرێکارە کوردو عەرەبەکانە، دەبینێ، هەرکەسەیان بەجلی خۆیەوە، لە سەرمێزێک بۆ نان خواردن دانیشوون، بەلای ئەوەوە ئەمە جوانیەکە، کە شارێک خەڵکی جیاوازو ڕەنگاو ڕەنگ لەخۆ دەگرێت، بەمەرجێک ئەو کەسانە بە پلانی ڕەگەزپەرستی و بۆ دەرکردنی کەسانی خاوەن شارەکە نەهێنرابن، دەڵی بەداخەوە مێژووی ئەم شارە پڕیەتی لەم هێنان و دەرکردنە، هەر ئەمەشە گەورەترین گرفتی بۆ خەڵکی سڤیل درووست کردووە و ئەو هەموو توندوتیژیەی لێکەوتووەتەوە.

لەگەڵ بەهرەمەنداندا

ئەنێتا وەک هونەرمەندێکی شیوەکار، وەک کەسێک کە ڕێز لە هونەرو ئەدەب و سەرچەم کایە ئیبداعەکان بگرێت .ئارەزووی بووە زۆرترین ژمارەی بەهرەمەندان بناسێت، بیاندوێنێت، لە نزیکەوە لە کارەکانینان شارەزابێت .هەر بۆیەش لەو ماوە کەمەدا زۆرترین کەسی لەو بەهرەمەندانە دیوە، وەک خۆی دەڵی هەر لە یەکەم چرکەوە بوینەتە هاوەڕێ و بە ڕاشکاوانە بیرۆ بۆچونمان گۆڕیوەتەوە.سەردانی ماڵەکانیانی کردوە، لە پێشەنگاکانیاندا ئامادەبووە، چوتە گەلەریەکان، نمایشی شانۆ و شانۆکارانی دیوە، ، گۆرانی بێژ، نووسەر، شاعر، چیرۆکنووس، ڕۆژنامەنوسی و نووسەری دیوە، چوتە کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان، دیداری میدیایی هەبووە، لە شەقامی سەهۆڵەکە و باخچەی گشتی لەگەڵ بەهرەمەنداندا پیاسەی کردووە، لە چایخانەی شەعب لە گەلیان چای خواردوەتەوە .لەهەولێر لە پارکی شانەدەر و شوێنانی دیکە دیونی و لەگەڵیان دانیشتووە.لە کوێ بۆی ڕوخسابێت بەدیداریان شاد بووە، وەک خۆی دەڵێت خۆشترین ساتی لەگەڵیاندا بەسەر بردوە.

ئەمەش واتابەخشی ڕێزگرتنێکی مەزن، هەستێکی بەرز، نرخاندنێکی شیاوە لە هونەرمەدنێکەوە بۆ کەسانی خاوەن بەهرە لە کوردستان.

بێگومان ئەوانیش بە هەمان شیوە سۆزو هەستی خۆیان لەگەل ئەنێتادا گۆڕیوەتەوە و بەو بینین و گفتووگۆیانە خۆشحاڵبوون.

گەرانەکانی لە کوردستان

خانمە هونەرمەندی شیوەکار ئەنێتا سەردانی بڕیک لە باژێڕو دەڤەرکانی کوردستانی کردووە هەریەکەیان جوانیەکی تایبەتی خۆی هەیە لەکن ئەو، بەجوانی هەورامان سەرسام بووە، بە نالەباری وناڕیکوپێکی بواری هاتووچۆ لە ئەحمەد ئاوا نیگەران بووە، هەلەبجە غەمێکی گەورەی پیداوە، بەشێک لە ئازارەکانی کوردی لەویدا بەدی کردووە.

بەجوانی و دڵڕفێنی دەڤەری سۆران و چۆمان دلی کراوەتەوە، شەوێکی پر ئەفسوناوی لەو کەژ وکێوە لە نیو هاژەی ڕووبار و لەڕەی گەڵای درەختی دەم شنەبا و دەنگی ئاژەڵ و ترس لە خشۆکەکان، بەسەر بردووە کە ئەو شەوەخەوە یادگارێکی جوانی لەکن جێهێشتووە.

سەبارەت بە باژێری هەولێرو سلیمانی دەڵێت.دووشاری جیاوازن، بەلام هەر یەکەیان خۆشی و جوانیت بەشیوەی خۆی پێدەبەخشێت .هەولیر بە بێدەنگی و شەرمنی کە مرۆڤ واهەست دەکات ئەو شارە هی خۆیەتی و تێیدا لەدایک بووە، بەڵام سلیمانی بەئاشکراو بەڕووی خۆشەوە، هەموویان پێت دەلێن ئەم شارە هی تۆیە بە دڵێشەوە وات پیدەڵێن.زۆر زوو دەبنە هاوڕێت، بەرادەیەک کە لە خۆت بپرسیت تۆبڵێی من پێشتر ئەمانەم نەدیبێت؟

میهرەبانی خیزانە کوردەکان و پێشوازی گەرم و گووڕیان لە ئەنێتا هێندەی دیکە کوردی لا خۆشەیوست بووە، دەڵی لەو ماوە کەمەدا هیندە هۆگری ئەو خوشک و براو کەسانە بووم وام زانیوە عەیامێکە یەکتر دەناسین،  لەکاتی دابرانیشدا هەردوولا لە دلەوە گریاوین .

ناوچەی ئازادکراو

دەمێک سەردانی ناوچەی حاجی ئۆمەران دەکەن بڕیک لەبرادەرەکانی کە لەو سەردانەیدا یاوەری بوون، بۆیان گێڕاوتەوە کە لەدەمی شۆڕشی ئەیلولدا ئەم ناوچانە ئازاد بوون و هێزی پیشمەرگەو برێک لە خێزانەکانیان لێرە ژیاون، بەڵام هاوکات لە ژێر بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتدا بوون .ئەمە ئەو لوغزەیە کە ئەنێتا لێی تێناگات و بەلایەوە حاڵەتێکی سەیرە .چۆن دەبی دەڤەرێک پێی بووترێت ناوچەی ئازاد و بەلای خەڵکەکەوە ئازادبێت، لێ بەردەوام بە ناپالمیش بۆردوومان بکرێت و لە خەڵکەکەی بکوژرێت؟

بۆیە دەڵێت ئەوەی لە نزیکەوە کورد نەناسێتەوە هەرگیز لەوە تێناگات کە ئازادی لای کورد چ واتایەکی گەورەی هەیە.

ئەنێتا و کاروان دووجار چونەتە کن ڕەوەندە کوردەکان بەگەرمی پێشوازیان لێکراوە، خزمەت کراون ماستاوی ساردو چای گەرمیان پێداون حەزیان کردوە شەو لایان بمێننەوە.بێ ئەوەی لە زمانی ئەنێتا تێبگەن بە سیمایان خۆشحاڵیان نیشانداوە، بە بزە و سەیرکردنەکانیان پێیان وتووە چەند بە هاتنت خۆشحاڵین.

ئەنێتا لەو بارەوە دەڵێت، مرۆڤ کاتێک ئەوانە دەبینێت وا هەست دەکات دڵسۆزترین کەسی ئەم سرووشتەن ونایانەویت لە هیج بارودۆخێکدا ئەم خاک و خۆلە جێبهێڵن.چەندین جار لە لایەن ئیرانی دراوسێوە بۆردوومان کراون، ئاژەڵیان کوژراوە، کەچی هێشتا کۆڵ نادەن و خاکی خۆیان جێناهێڵن.بەدرێژایی مێژوو کوردەکان بەرگریەکی گەورەیان لە پێناوی مانەوەی خۆیاندا نواندووە.

ئەنێتا لە سلیمانی ئامادەی نمایشی شانۆگەریەکی میدیا رەئوف بێگەرد دەبێت کە ئەویش لە دانمارکەوە بۆ ئەو مەبەستە گەڕاوەتەوە.هونەری شانۆ لەسلیمانی مێژویەکی کۆنی هەیەو بەگشتی خەڵکەکە حەزی لێدەکەن.سەبارەت بەو نمایشە دەلێت، هەموو جوڵەو ئاماژەیەکی میدیا هی ئەوەن لە جارێک زیاتر سەرنجیان لێبدرێت.

ئەگەرجی ئەنێتا لە زمانی تیکستەکە تێنەگەشتوە، بەڵام بەچاکی دەیزانی زمانی جەستەی میدیا چی پێدەڵیت.زمانی جەستە گوزارشتێکی کورت و خیرایە بۆ گەیاندنێکی پەیامێک بەو کەسانەی لە زمانەکە تێناگەن و لایان نامۆیە،  لەڕیگای بزاوتی جەستەوە هێندە مانا درووست دەبێت کە تارادەیەکی باش کەسەکان لە ناوەڕکی کارەکە تێدەگەن .دیارە لە ژیانی رۆژانەشدا زۆر جار کەسەکان بێئەوەی قسەبکەن بە ئاماژەی بەشێک لە جەستە گوژارشت لە مەبەستەکانیان دەکەن و بە ڕوونی مەسجەکان دەگەن.

هەر پەیوەست بەم باسەوە دەمێک باسی هونەرمەند دیاری قەرەداغی دەکات دەڵیت، دیاری ئەو گۆرانیبێژەیە کە زۆر هونەرمەندانە زمانی جەستە تێکەڵی دەنگ و میلۆدی گۆرانیەکانی دەکات، ئەگەر هیچ لە زمانەکەش حاڵی نەبیت، ئەوە دیاری دەتوانێت بەهۆی ئەو جولە زیرەکانەی دەموچاو و بەشەکانی تری جەستەیەوە وات لیێ بکات لە مانی تێکستەکانی تێبگەیت.

هەڵەبجە

لە سەفەرکەیدا بۆ هەلەبجە کە مۆنۆمەنتەکەو مەزاری شەهیدانی بەسەر کردووەتەوە، ئەنێتا دەڵێت دەبوایە بچمە ئەو شارەی کە ناوی کوردستانی لەلا خۆشەویست کردم .ئەم ئافرەتە هەست بەرزە خۆی بە بەشدار دەزانێت لەو تاوانەدا، بەوەی وەک تاکێک نەیتوانیوە ڕێگە لە ڕوودانی بگرێت.ئەمە ئەو پەڕی ئینسانیەتی کەسێکی مرۆڤدۆست نیشان دەدات، لەمەڕ تاوانێکی گەورەی وەک هەڵبجە.ئەو دەڵێت، هەر تاوانێک دەکرێت مرۆڤ لە ناخی خۆیدا وا هەست دەکات پشکێکی لەو تاوانەدا هەیە، هەڵەبجە هێندە تاوانێکی گەورەیە کە مرۆڤ وادەزانێت خۆی کردوویەتی.

هەڵەبجە بەنسبەت ئەنێتاوە ڕێگایەکە بۆ گەشتن بە چیرۆکە گەورەکە، دەستپێکردنە بە چیرۆکێک کە هەرگیز ناگەیتە کۆتاییەکەی.

لە سیمای منداڵ و ژنە وشک هەڵاتووەکاندا پرسیارگەلێک بەدی دەکات کە ویستوویانە ڕووبەڕووی دونیا و مێژو و نەوەکانی بکەنەوە.ئەنێتا دەڵیت، لەوەش دڵنیا بوون کە لە هیج سەردەمێکدا وەڵامیان نادرێتەوە.تەنانەت ئاژەڵ و باڵندەکانێش لێرەو لەوێ ڕەق هەڵاتوون و ئەوانیش پرسیاری خۆیان هەیە.

ئەنێتا لێمان توورەیە

ئەنێتا هەروەک چۆن بە کارە جوان و سودبەخشەکانمان شاد و دڵخۆش بووە، هەرواش بە دواکەوتن و نەبوونی خزمەتگوزاری وکارە ناشیرین و ناشارستانیەکانیش نیگەرن بووە تا گەشتووەتە ڕادەی تووڕەیی، ئەوتا لە وەسفێکدا بۆ سەیرانگای ئەحمەد ئاوا دەڵێت، مرۆڤ کاتێک سەیری ئەم دەڤەرانە دەکات هێندە جوانن، ئاخی قول هەڵدەکیشێت، بەوەی نەک هەر بیریان نەکردوەتەوە بیانکەنە شوێنی گەشتوگوزار و سامانێکی گەورەی لی بەرهەم بهێنن، بەڵکو تەنانەت ڕێگاکانیشیان چاک نەکردوون.ئەمە یەکێک لەو ساتانە بوو کە من تێیدا توورە بووم و خەفەتم خوارد.گلەیم لە حکومەتەکە کرد کە وڵاتەکەی خۆی وەک پێویست ئاوەدان ناکاتەوە.

چۆن دەبێت هەڵەبجەو دەورەوبەری بەم شیوەیەبن؟ ئەبوایە کارێکیان بکردایە ئەو خەڵکە دوای ئەو کارەساتە گەورەیە هەست بە ئارامی بکات.

ئەنێتا هێندە بەپەرۆشە بۆ ولاتەکەمان، پتر لە خەڵکەکەی خەفەتی بەو خەم ساردیە گەورەیە خواردوە کە لەلایەن دەسەلاتداران و هەم لەلایەن هاولاتیانەوە سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەو خاوێن ڕاگرتنی وڵات هەیە.تەنانەت توورەیی و نیگەرانی خۆی گەیاندوە سەرۆکی پەرلەمانیش.بەلام کێ گرنگی بە پەرۆشی ئەو دەدات؟

ئەنێتا لە سەفەرنامەکەیدا بەشیکی تەرخان کردوە بۆ قسەکرەدن لەسەر هونەری کوردی و بەتایبەتیش نواندن و شانۆ، کە وەک پێشتریش ئاماژەم پیداوە، زیاتر تیشکی خستوەتە سەر ڕۆڵی ئافرەت لە بواری شانۆی کوردیدا، دەلێ ئافرەتی کورد بەردەام وە بەتایبەت لە حەفتاکانەوە حزووری هەبووە لەسەر شانۆ، چەند ژنێک دەکاتە نمونە کە ناسروان و میژویەکیان لە گەڵ هونەردا هەیە لەوانە، بەدیعەدارتاش و گەزیزە، کە هاوسەری هونەرمەندێکی گەورەی شیوەکارە، ئەویش ئیسماعیل خەیاتە.

دەمێک دەچن بۆناوچەی هەورومان، بە یاوەری گەزیزە خان دەبینێت خەڵک زۆر ڕێز لە گەزیزە دەگرن و دێنە لای و دەیدوێنن، بێگومان ئەو ڕێزەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی ئەو خانمە لە هونەری نواندندا.

سەردانی پەرلەمان

 ئەنێتا وەک خۆی دەڵێت کەسێکی سیاسی نیە بەلام بیریڤان سەرهەنگ کە کاتی خۆی لەدانمارک دەژیاو ئیستا ئەندام پەرلەمانە، تەکلیفی لێدەکات کە سەردانی پەرلەمان بکات، تا لە نزیکەوە ئاشنای کارەکانی پەرلەمان ببێت.

کاک ئەرسەلان بایز سەرۆکی پەرلەمان پێشوازی لێدەکات، بریک باسی پەرلەمان و یاساکان و چۆنیەتی بەڕیوەبردنی ئیشەکانی بۆدەکات، ئەویش خۆشحاڵی خۆی بە بوونی ئەو دامەزراوەیە دەردەبڕیت کە خەڵک هەڵی بژاردوون، هەروەها بە بوونی ئۆپۆزشیۆنیش لە پەرەلمان چاوەڕێی کاری باشتر دەکات.

لەلای سەرۆکی پەرلەمان وەک دۆستێکی خەمخۆر بریک گلەیی و ڕەخنە لە ئەدای پەرلەمان و حکومەت دەگرێت و دەڵێت، هیوادارم کاری زیاتر بۆ کورد بکەن، چونکە کورد شایانی زۆر لەوە زیاترە، لە کوردستان بایەخ بە پاک و خاوێنی نادرێت، سەوزایی کەمە، سیستەمی ترافیک باش نیە، لە هەندێک جادە تەنانەت شوێنی پەڕینەوە بۆ هاوڵاتیان بەرچاو ناکەوێت.

بیرۆکراسی و ڕۆتین لە دائیرەکانی میریدا

ئەوەی بەلای منەوە هەم جێی پێکەنین و هەم جێی داخە باسکردنی [ دایەرەی پەنابەریەتی و کۆچبەرانە] کە نغرۆی ڕۆتین و کاری بیرۆکراسی بووە.

بەر لە گەڕانەوە بۆ مۆرکردنی پاسپۆرتەکەی ئەنێتا ڕێگەی کەتووەتە ئەو شوێنە، کە بەم جۆرە وەسفی دەکات.دایەرەیەکی بیسەروبەرە و چەند شوێنێکت پی دەکەن، کە کەم و زۆر لەیەکتر دەچن، خەڵکانێکی یەکجار زۆر لەو شوێنە کۆبوونەتەوە، هۆکارەکەش ئەوەیە، نە ئیشوکارەکانیان بەڕیکو پێکی بەڕیوە دەچن وە نە ئەوانیش سەرەدەگرن، دەبێتە گەڕەلاوژەو مرۆڤ هەناسەی تەنگ دەبێت، هەندێک بە واستە دەچنە ژوورەوە و کاروو باریان بۆ تەواو دەکرێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ناڕەزایی ئەوانی تر.بە گشتی لەو شوێنە بیرۆکراتیزم بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێت و مرۆڤ لەڕووی دەروونیەوە زۆر شپرزە دەبێت.

ئەمە یەکێکە لەو شوێنە ناشیرین و ناڕێکانەی ئەنێتا لە پاڵ کۆمەڵێک شتی جوان و مۆدێرندا بینیویەتی.

پێشتر ئاماژەم بە چۆنیەتی سەفەری ئەنێتا کرد بۆ سلیمانی کە لە هەردوو سەردا پڕبووە لەچەرمەسەری و کێشمە کێش و دواکەوتن و دەستبڕین، وە بە بەهانەی هێنانی فڕۆکەی گەورە، دوو ڕۆژ سەفەرەکەیان دوادەکەوێت.دەبوو دوای نیوەڕۆ سەفەر بکەن بەلام هەر جارەی بە بیانوویەک چەند کاتژمێرێکیان خستوتە سەر چاوەڕوانی،  ئەم گەمە ناشیرینە تا رۆژی دوایی درێژەی کێشاوە .لەناو ئەو چاوەڕوانی و بێزاریەدا ئەو خەڵکەیان جێهێشتبوو، وەک ئەوەی ئەو خەڵکە هاولاتی خۆیان نەبن، ئەنێتا دەڵێت، تەنانەت خواردنیان بۆ ئەو خەڵکە بێزراو ماندو برسیە نەهێنا.

بەڵام دەمێک ئەنێتا ویستوویەتی وێنەیەکی ئەو واقعە بگرێت ئەفسەرێکی ناشارەزا و بێسەواد داوای لێدەکات وێنەکە بیسڕیتەوە.

گەر کاروان نەبوایە کە بەگژ ئەفسەرەکدا چوبوو، کامیراکەیان لە ئەنێتا دەسەند.لە کۆتایی ئەم دیمەنە ناشیریندا ئەنێتا دەڵێت.بەبی دودڵی دەڵێم گەر هەندێکی تر ئەم بارودۆخە درێژەی بکێشایە، شەڕی دەستەو یەخە لەنیوان خەڵک و پۆلیس ڕووی دەدا، ئەمە ئەو شتەبوو کە من هیوام دەخواست نەیبینم.

بەئاسمانەوە یادی سەفەر

کاتژمیر ن[9] ی بەیانی سواری ئەو فڕۆکەیە دەبن، کە دەبوو قەوارەکەی هێندەی سێ فرۆکەی ئاسایی بێت، لێ فڕۆکەیەکی تەواو ئاسایی بوو .

ئەنێتا دەڵی، بە ئاسمانەوە بیرم لە سەفەرەکەم دەکردەوە، کە سەرەڕای هەندێک شتی نەگەتیڤ، بەڵام پڕ لە خۆشی و ئاسوودەیی بوو.سەفەری ولاتانم زۆر کردووە، بەڵام سەفەری کوردستانم لەو سەفرە خۆشانەمە، کە هەرگیز بیرچوونەوەیان نیە، دەمگوت سوپاس بۆ ئەو ولاتەی منی بە هاوڕێی خۆی زانیوە و بانگهێشتی کردووم، سوپاس بۆ ئەو خەڵکەی لەسەر شەقامە گشتیەکان و پارکەکان بەڕووی خۆشەوە لێیان دەڕوانیم و سڵاویان لێدەکردم، لە بازارەکان شتومەکم لێدەکڕین و بەزۆر پارەم دەخستە ناو دەستیانەوە، چونکە پێیان خۆش بوو بەخۆرایی بمدەنێ، ئەوانەی دەهاتن دەستیان دەکردە ملم و وێنەیان لەگەل دەگرتم.

ئەنێتا نەک هەر لە فرۆکەکەدا بەڵکو دەمێک بە ماشێنێش لە فرۆکەخانەوە بەرەو باژێرەکەی خۆی دەگەڕێتەوە، هەر بیری لای کوردستانە، خەیاڵی بۆ لای هاوڕێکانی دەڕوات، قسەو پێکەنینەکانیان، پیاسەی سەرشەقامەکان و زۆر شتی تر.

لە کۆتایدا بە پێوستی دەزانم ئاماژە بە هەوڵ و تواناو ماندوبوونی کاک کاروان کاکەسور ڕۆمان و چیرۆکنووس بدەم کە یاوەری ئەنێتا بووە لەو سەفەرەدا.کاک کاروان ئەرکی بە کوردی کردنی ئەم سەفەرنامەی گرتوەتە ئەستۆ.من ناڵێم وەرگێران چونکە ئەمە وەرگێران نیە بەڵکو بە کوردی کردنە.بێگومان گەر پیت بەپیت وەری بگێڕایەتە سەر کوردی ئەم تام وچێژەی ئیستای نەدەبوو، چونکە جیاوازی زمان و کەلتوور وادەکەن دەربڕینەکان بەشیوازێکی دیکەبن.کاک کاروان بە سەلیقەی خۆی وەک ئەدیبێک و شارەزایەک لە زمانی کوردیدا، بەرگێکی کوردی کردوە بە بەر نووسینەکەی ئەنێتادا، بەجۆرێک دەمێک مرۆڤ دەیخوێنێتەوە واهەست دەکات خاوەنەکەی بە کوردی نووسیوەتی نەک بە دانمارکی.من چەند لاپەڕەیەکم لە کتێبەکەی ئەنێتا بەدانمارکی خوێندەوە بۆم دەرکەوت کاروان کرۆکی باسەکانی وەرگرتوەو بە کوردی دایڕشتونەتەوە، بێ ئەوەی کار بکاتە سەر مەبەست و باسەکان، بەڵکو دەتوانم بڵیم جوانتر و ساناتری کردووە.بۆیە من پڕ بەدل دەستخۆشی لێدەکەم.

 

 

  


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

سەرمایەداری کورد، فاروق مەلا مستەفا، من ئیستاش هەر خۆم بە چەپ دەزانم و شانازی بەچەپ بوونمەوە دەکەم ... گۆران هەلەبجەیی

گۆران هەڵەبجەیی 28 June 2013

کاک فاروقی مەلامستەفا سەرمایەدارێکی کوردە، چەقی زۆربەی کارە و پرۆژەکانی باژێڕی سلێمانیە، هەوڵیداوە ئیشەکانی لە ڕووی چلۆنایەتیەوە جیاوازبێت لە پرۆژەکانی سەرمایەدارەکانی دیکە. وەک کەسێکی دیارو خاوەن کەسایەتی لە دەڤەرەکدا زوومی میدیاکانی لەسەرە، ئیدی چ وەک رەخنە و دژایەتی یا وەک ستایش و دەستخۆشی. لەم دیمانیەدا کاک فاروق بەرسیڤی ئەو پرسانە دەداتەوە کە پەیوستن بە سەردەمی کاری سیاسی، سەرتای دەستپێکردنی بازرگانی و بەردەوام بوون لەو بوارەدا، هاوکات ئاست و چۆنیەتی ئەنجامدانی پرۆژەکان تا گەشتن بەم دۆخەی ئێستا .

پ/ بەڕێزت لە ڕابردوودا کەسێکی سیاسی بوویت و لەرێزی پارتێکی چەپی عیراقیدا کارت کردووە، ئەو گۆڕانکاریە کووتووپرە چی بوو کە لە ژیاندتا ڕوویداو لە کەسێکی سیاسیەوە بوویتە کەسێکی بازرگان؟

و/ من ئیستاش هەر خۆم بە کەسێکی چەپ دەزانم، ئەو ڕێکخراوەی کارم تێدا دەکرد حیزبی شیوعی عیراقی[ قیادە مەرکەزی] بوو. ئەو حیزبە بە فەرمی حەل نەکراوە، ئێمە قیادەکانی ئەو ڕێکخراوە پەیوەندی تووندووتۆڵمان لەگەڵ یەکتر ماوە، بیرورا دەگۆڕینەوە سەبارەت بە ڕووداوەکان، بەڵام شیوازی کارکردنمان گۆرانکاری بەسەردا هاتووە، ئەویش بە هۆی ئەو گۆرانکاریانەی بەسەر جیهان و ناوچەکەدا هاتوون. دەمێک شکستی شۆڕشی کورد لە 75 دا ڕوویدا ئیمەشی گرتەوە، شکەستەکە زۆر گەورە بوو، چونکە ئیمەش بەشێک بووین لە شۆڕش. بەڵام بیروباوەڕ هەردەمێنێت. لەسالی 2003 دا قیادە مەرکەزی رۆژنامەیەکی دەرکرد بە ناوی[الغد]ەوە. ئەو ڕۆژنامەیە. . . .

گۆران/ ببورە پێت دەبڕم بەر لەوەی باسی ئەو ڕۆژنامەیە بکەیت با زیاتر تیشک بخەینە سەر کاری بازرگانیت لە دوای نسکۆوە، چونکە وەک دەزانرێت بەڕیزت لە سالانی 80 کانەوە خەریکی کاری بازرگانیت ئەمە چۆن بوو. ؟

و/ڕاستە من دوای نسکۆی 75 گەڕامەوە بۆ ناو شار وە زۆرێک لەوانەی شاخ گەرانەوە سەر کارەکانیان، منیش لە بانقێکدا پلەی بەڕیوەبەرم هەبوو، بەلام نەگەرامەوە سەر کارەکەم بەڵکو دەستم کرد بە کاسپی کە لە فرۆشتنی چەو و لمەوە دەستم پێکرد. بەم شیوەیە بەردەوام بووم تا بە هاوکاری برادەرێکی خۆم کە ئەویش لە قیادە مەرکەزی بوو، وە ئێستاش برادەرێکی خۆشەویستمە، وەک چۆن من ئێستا هاوکاری خەڵک دەکەم ئەویش هاوکاری کردم، گارگەیەکی بلۆکی 14000 دینارم دانا. ئەمە ساڵی 76-77 بوو . پاشان لە بەغداد کەسارەیەکم بە 1000 دینار کڕی ئەو کەسارەیە پارەی باشی پەیدا کرد، مانگی نیوان 1000 -1500 دینارم دەست دەکەوت، جا ئەو مەبلەغەش لەو زەمانەدا شتێکی گەورە بوو. ئیدی بە تێپەڕ بوونی کات، کارەکانم گەشەی کرد.

خۆت دەزانیت هەر کارێک بۆ بەردەوام بوون جا لە بواری بازارگانیدا بێت یا لە هەر بوارێکی دیکەدا، زیرەکی تیدا بەکار بهێنرێت گەشە دەکات. لەو کاتەدا بەهۆی ئەو فشارو چەوساندنەوە گەورەی لە سەرمان بوو لە لایەن حیزبی بەعسەوە، هەروەها کاریگەریەکانی شکستییەکەی شۆرشی کورد لە 74 دا، ئەمانە وایان لە حیزبەکەمان کرد چالاکی سیاسیمان کەم بێتەوە، بەو هۆیەشەوە من زیاتر سەرقالی کاری بازارگانی بووم، بەلام وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ئێمە ئەو کادیرە کۆنانە پەیوەندی بەردەواممان لە گەڵ یەکتر هەیە. ئێمە وەک قیادە مەرکزی ئامانجی سەرەکیمان گرتنی دەسەلات بوو ئەویش لە دوو ڕێگەوە، ڕێگەی ڕاپەڕینی جەماوەری وەک ئەوەی 1967 وخەباتی چەکداری، کە چەقی ئەو جۆرە تێکۆشانەمان زەلکاوەکانی باشوور بوو، کە هاوڕی خالد ئەحمەد زەکی سەرکردایەتی دەکرد. بەلام لە دوای 2013 خەباتی چەکداری لە عیراقدا باوی نەماو و لە جیهانیشدا گۆرانکاری بەسەردا هات. هۆکاری ئەمەش هێرشی بەرەی ئیمپریالیزم و شکستی بلۆکی سۆشیالستی و گۆڕانکاری لە سیاسەتی چەپەکانی جیهاندا بوو، کە کۆمەڵێک شتی نوێ هاتە پێشەوە. ئەمانە هەمووی وایانکرد من زیاتر لەودەمەدا بچمە نێو دونیای کار کردنەوە و لە بازرگانیدا خۆم ببینمەوە.

پ/ پاش ئەم ڕوونکردنەوی بەڕێزت دەتوانم بڵێم کاک فاروق بە یەکجاری ماڵئاویی لە جیهانی سیاسەت کردووە یا تەنها دابران لە ژیانی حیزبایەتی ڕوویداوە؟

و/ من هەرگیز ماڵئاوایی لە سیاسەت ناکەم وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، تایستاش پەیوەنیم باشە لە گەڵ هاوڕیکانم

گۆران مەبەستم لایەنە ڕێخراویەکەیە .

و/ راستە ئەو ڕیکخراوە بوونی نەماوە، بەلام جۆرێک لە ڕێکخستنی شەخسی لە نیو ئەو هاورێ کۆنانەدا هەیە، هەندێک لەو هاوڕییانە بەنیازبوون ڕێکخراوێک درووست بکەن، خۆگەر ئەوە روویبدایە من پاڵپشتیانم دەکرد. مرۆڤ دەتوانێت سیاسی بێت و لە حیزبێکی سیاسیدا کار نەکات، من خۆم هەر بەچەپ دەزانم و شانازیشی بە چەپبوونمەوە دەکەم.

پ/ دەمێک دەستت بە کاری بازرگانی کرد بیرت لەوە نەدەکردەوە شکست بهێنیت، بەو پێیەی کە پێشتر ئەزموونت لەو بوارەدا نەبووەو تەنها بە سیاسەتەوە خەریک بوویت؟

و/ من نامەوێت مەدحی خۆم بکەم بەڵام لە ژیانمد لە هیچ شتێک نەترساوم، من دەمێک لە حیزبدا کارم دەکرد و لەو دۆخە سیاسیەی تیدا دەژیاین هەموو چرکەیەک ڕووبەرووی مەرگ و چەندین مەترسی دەبوومەوە . لەم منداڵێشدا هەر ترسم نەبووە و واخۆم دەبینی کە گیانێکی مجازەفەم تیدا هەیە . هەر ئەو مجازەفەیش منی بەرو رێکخراوێکی چەپی شۆڕشگێڕبرد کە بەردەوام لە ڕووبەڕووبوونەوەدا بووین لە گەڵ دەزگاکانی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقدا.

پ/ پەشیمان نیت لەوەی تەمەنێکی زۆرت بۆ سیاسەت تەرخان کردوە، یا ڕۆژێک بەخەیاڵتا نەهاتووە بڵێت خۆزگە ئەو تەمەنەی لە سیاسەتدا بەسەرم برد بۆ کاری بازرگانی بەکارم بهێنایە؟

و/ باشتێکت بۆ بگێڕمەوە، چەندڕۆژێک لەمەوبەر لە گەڵ چەند برادەرێکی کۆنی شوعیدا دانیشتبووین باسی هەندێک شتی رابردووم کرد، وتیان تۆ چۆن ئەمانەت لەبیر ماوە؟ ئەم ناوانە ئەم کۆبوونەوەیە ئەم جێگایانە ئەم مناقەشاتانە. لە وەڵامدا وتم من ئیستاس لە گەڵ ئەو بیرەوەریاندا دەژیم و جوانترین و سەربەزترین و نەبەردترین رۆژانی ژیانم بوون.

 ئیستا من دەستم کردووە بە نوسینی بیرەوەریەکانم، کە بێگومان ڕابردووی سیاسم بەشیکی گرنگی ئەو بیرەوەریانەم پێک دەهێنن، واتە من هەرگیز لە ڕابردووم پەشیام نیم و بەردەوام حزوریان هەیە لام. وە گەورەترین سەربەرزیم لە ژیاندا ئەو دەمەیە نەک ئیستا. بەنسبەت ئیستاشەوە خۆشحاڵم کە کارێک ئەنجام دەدەم سودی بۆ خەڵک و نیشتمانەکەم هەیە، . بەڕێزێکی وەک حەمەی مەلا کەریم لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لێیان پرسی بوو رات چیە بەرامبەر بە فاروقی مەلامستەفا کە لە ڕابردوودا شوعیەکی چالاک بووە و ئیستا سەرمایەدارێکی گەورەیە ؟ لەوەڵامدا وتبووی فاروق ئیستا خەریکی بازرگانیە و بەو رێگەوە خزمەتی نیشتمان و کوردستان دەکات.

پ/ لە وڵاتە پێشکەوتووەکاند باوە کە سەرمایەداران بەشێک لە سەرمایەکانیان تەرخان دەکەن بۆ کاری خێرخوازی وخزمەتگوزاری، وەک هاوکاری هەژاران، کردنەوەی پرۆژەی ڕۆشنبیری و فێرکاری و زۆر کاری دیکە. ئەمەش بەشێکە لە پرەنسیپەکانی سەرمایەدەرای کە لەتەک دەوڵەتدا لەسەری رێکدەکەون، بەمەش بەشداری لە بوژاندنەوە و پێشکەوتنی ژێرخانی ئابووری وەڵاتدا دەکەن. ئەم پرسیارەم بۆ یە کرد هەست دەکەم سەرمایەدارانی کورد زۆربەیان هێندەی خەمی پارە کۆکردنەوەیانە، هێندە لە خەمی ئەوەدانین کە ئاور لەو لایەنە بدەنەوە، کە من دەتوانم ناویان بنێم سەرمایەداری ڕەزیل و چرووک.

بەڕێت لەم مەسەلەیدا لە کوێیت وگەر بەشدارت هەیە لە چ بوارێکدا هاوکاریت کردووە؟

و/ کاک گۆرن ئەوە پرسیارێکی زۆر گرنگە، من زۆر حەزدەکەم ئەو پرسیارەم بە بەردەوامی لیبکرێت. سەرەتا گەر ئیشەکانی من بەراورد بکەیت لەگەل ئیشی دەولەمەندەکانی تر کە تەنها بازرگانن جیاوازی زۆر بەدی دەکەیت.

ئەوانە دیارە تەنها پارە کۆدەکەنەوە بەمەش ئامانجیان جیاوازە لەگەل کەسێکی تردا کە بەشدری بکات لە پرۆژە خیرخوازیەکاندا، ئەمەش ئەو مانایە دەدات کە ژیانی خەڵکی لا گرنگەو پەیوەندی لە گەل خەڵکانی دیکەدا بەخۆریکی دیکەیە و پەیوەندیەکۆمەڵایەتیەکان و ڕابردووی خۆی لە بەر چاو دەگرێت.

جا بەنسبەت منەوە گەر بە کوورتی ئاماژە بەو سوودانە بدەم کە لە پرۆژەکانمدا بەرهەم هاتوون زۆرن. بۆنمونە لە هەمووعیراقدا پتر لە 30000کەس بە هۆی منەوە کاردەکەن ئیتر ئەمە لە ئاسیا سێلدا بێت یا لە کارگە چیمەنتۆکاندا بێت یا لە پرۆژەکانی تردا بێت،  ئەمەش یانی گەیاندنی سوود بە30000خێزان . ئەم ژمارەیە مەزەنەیە، لەوانەیە زیاتر بیت یا کەمتر.

جۆری کارەکانیشم گرنگی خۆیان هەیە، بۆ نمونە دەمێک ئاسیا سێلم درووست کرد تەنها خۆم بووم، ئەو دەمە ئابڵوقەی ئابووری لەسەر عیراق و کوردستان هەبوو، ئێمە لە تورکیاوە بە قاچاخ زۆربەی ئامیرەکانمان هێنایە کوردستان بە تایبەتی سلیمانی، جا ئەمە واتە هاتنە ئارای مۆبایل لە ڕووی تەکنەلۆجیاوە گۆرانکاریەکی گەورە بوو لە ژیانی خەڵکدا کە لەو دەمەدا لە ئەوروپاش بەکارهێنانی هێشتا نوێ بوو. جا کەسێک لەم کارانە بزانیت دیارە گرنگی پی دەدات. هەروەها کارگەی چیمەنتۆی تاسلوجە کاتی خۆی بەردەوام پەکی دەکەوت و بەردەوامیش چاکیان دەکردەوە، بەلام هەر لەکار دەکەوت، چونکە کارگەکە زۆر کۆن بوو، لە سالی 1980 دا دروستکرابوو، لەو دەمەدا حکومەتی کوردیش پارەی نەبوو چاکی بکاتەوە، جا من لە موزادەیەکدا داوام کرد بە کرێ بیدەن پێم. ئەو دەمە حکومەتی دکتۆر بەرهەم لە ئارادابوو لە ئیدارەی سلیمانی وابزانم سالی 2004 یا 2005 بوو .

بەرپرسانی حکومەت لێیان پرسیم چی لیدەکەیت؟ لەوەلامدا وتم گەر پێم بدرێت لە گەل کۆمپانیایەکی مسریدا رێککەوتووم نوێی بکەینەوە و پاشان بە وزەیەکی بەرزتر لە ئێستا دەیبەین بەڕێوە.

پ/ بەڵام لەو دەمەدا دەنگۆی ئەوە هەبوو کە کۆمپانیایەکی میسری کڕیویەتی وابوو؟

و/ نا شەراکەت بوو ئەوان لە 60% منیش40% چونکە پارەکە هی ئەوان بوو کارکردنیش هی من بوو . لەو کاتەدا هێندە پارم نەبوو بەتەنها خۆم بیبەم بەڕیوە وکەل وپەلی نوێی بۆ بهێنم. ئاکامەکەی وا دەرجوو لە رۆژی 200 تەنەوە ئینتاجی گەشتە 6000-6500 تەن. تا ئیستاس کەمی نەکردووە . ئەمەش بوو هۆی بەکار خستنی چەند هەزار کەسیکی بێکار لەو کارگەیەدا. کە بڕێکیان پێشتر بەبێ کار مووجەیان وەردگرت، چونکە بەرهەم و کار کەم بوو. هەروەها بووە هۆی زۆر بوونی چیمەنتۆ نەک هەر لە کوردستان بەڵکو لە هەمووعێراقدا . پاشان من قەناعەتم بە میسریەکان کرد کە لە بازیانیش کارگەیەکی دیکە درووست بکەین چونکە ئەوەی تاسلوجە سەرکەوتووبوو. ئەوە بوو ئەوەی بازیانیشمان درووست کرد و کەوتە بەرهەم هێنان، بەمەش بوژاندنەوەیەکی بەرچاو لە رووی پیشەسازی و بەکارخستنی خەڵک روویدا .

جا گرنگی ئەم کارانە لەوەدایە لەو کاتەدا کەسانی تر نەیاندەوێرا خۆیان لە قەرەی ئەو جۆرە کارانە بدەن.

من چەند کارگەیەکی دیکەشم هەیە یەکێک لەوانە کارگەی درووستکردنی تاوەری کارەباو مۆبایل و بۆری. هەروەها چەند کارگەیەکی دیکە، کە هەندێکیان تا ئیستاش لە عێراقدا لەو ئاستەدا بوونیان نیە. لە لایەیەکی دیکەوە ئەم کارگانە خەڵکانێکی فێری ئیش و کارێکی نوێ کردووە. یانی ئیمە لەکوردستان تارادەیەک پێمان ناوەتە قۆناغی فیربوونی پیشەی نوێوە کە پێشتر لە کوردستاندا بوونیان نەبووە . بەداخەوە پێشتر لە بێکاریدا زۆرێک لە خەڵک دەبوون بە حیمایە یا ئاسایش یا پۆلیس یاسەرباز . جا ئەمەش وای کردووە کە کرێکاری بەتوانا و خاوەن پیشەی بەرز کەم بێت، وە ئیستا پێویستمان بەو جۆرە خاوەن پیشانە هەیە. هەر ئەمەشە وای کردووە کە هەزارەها کەسی بێگانە لێرە کار بکەن، چونکە خۆمان لەو جۆرە توانایانەمان نیە یا کەمە .

جگە لە مانە من خەریکی دروستکردنی کارگەیەکی شیکردنەوەی پزیشکیم [التحالیل الطبیە] کە بە ئومێدەم چەند مانگێکی دیکە بکەوێتە کار، کە هاوتەریبە لەگەڵ هێڵێکی کارگەی دەمان سازی لە بازیان.

وە خەستەخانەیەکی هاوچەرخ لە قۆناغی تەواو بووندایە بە ئامێری پێشکەوتوو،  گەر کۆتایی هات وادەکات بۆ چارەسەری پزیشکی کەس پێویستی بە سەفەری دەرەوە نەبێت .

دیارە برێک لە پزیشک وکادێرە پسپۆڕو بەتواناکانی ئەو خەستەخانەیە لە ئەورپاوە دەهێنم.

بەنیازم لە ئایندەشدا پرۆژەیەکی گەورە بکەمەوە سەبارەت بە پیروپەککەوتەکان کە هاوکات ناوەندێکی تەندرووستیش لەخۆ دەگرێت، جا ماوەتەوە سەر ئەوەی بۆ ئەو مەبەستە زەویەکەمان پی ببەخشن. گەر ئەمە سەر بگرێت خزمەتێکی گەورە دەبیت بۆ ئەو جۆرە کەسانە

سەبارەت بە هاوکاری خێزان و خوێنکارو ڕیکخراوەکانیش، بەردەوامم لەو بوارەدا، گرۆیی خەڵکانێکی زۆرم کردوە ودەیکەم، بەتایبەت خوێندکارە هەژارەکان تابنتوانن خوێندن تەواو بکەن. هاوکاریەکان زۆرن بوار نیە لێرەدا هەموویان باس بکەم.

پ/ هەندێک جار بڕێک لە میدیاکان بەوجۆرە ناوی بەریزت دەبەن کە تۆ تەنها واجیهەیەکیت بۆ یەکەیتی یا ئیدارەی گشتی، وەلامت چیە بۆ ئەمە؟

پ/ خەڵک ئازادە چی دەڵێت سەبارەت بە خۆم و کارەکانم، من کار تەنها بۆ خۆم دەکەم و واجیهەی هیچ کەس و لایەنێکیش نیم و پارەکشم بەرهەمی جووهد و ماندوو بوونی خۆمە . بەڵام هێندە دەلێم بەو بەڕیزانە با بە بەڵگەوە قسە بکەن نەک لە خۆرا قسە فڕیدەن، چونکە قسەکردن یا تۆمەتبارکردنی خەڵک ئاسانە بەلام بۆسەلماندنی بەڵگەو دۆکۆمەنتی پێویستە.

زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە

سوپاس بۆ تۆش


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

  1. بێ ئیرادەکردنی وەزیرێک ...گۆران هەڵەبجەیی
© kurdistan Net 2026

میوانی سەرخەت

We have 56 guests and no members online

  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە